كارو پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی بەردەڕەش بەپێی خواســتی خەڵكــەكــە نییە و پێویستی بەئاوڕلــێدانەوە هەیە

كارو پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی بەردەڕەش بەپێی خواســتی خەڵكــەكــە نییە و پێویستی بەئاوڕلــێدانەوە هەیە
هاووڵاتیان: خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و تەندروستی و ئاوەڕۆ پشتگوێ خراون

قایمقامی بەردەڕەش: باوەڕ ناكەم هیچ شوێنێك لە ڕووی كەمی خزمەتگوزاری وەكو بەردەڕەش فەرامۆش كرابێت


بەردەڕەش لەساڵی 1890 كراوەتە ناحیەو لە 2007 لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بە قەزا و ناحیەكانی ( كەڵەك و دارەتوو رۆڤیا و 105 گوند لەخۆدەگرێت، كە تەنها 2 گوندی ئاوەدان نەكراونەتەوە و 25گوندی سنووری ناحیەی كەڵەكیش بەپێی ماددەی 140مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت). ژمارەی دانیشتوانی ئەم قەزایە زیاتر لە 126 هەزار كەسە، بەردەڕەش ڕووبەرێكی یەكجار فراوانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری هەیە، هەر بۆیە لە(75%)ی خەڵكی ناوچەكە بەكاری كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەوە خەریكن، ئەمە لەكاتێكدا وەزارەتی كشتوكاڵ بەوتەی خەڵكەكە زۆر كەمتەرخەمەو هیچ پرۆژەیەكی كشتوكاڵی و ئاودێری لەو سنوورەدا ئەنجام نەداوە . ئەم قەزایە لەبەر ئەوەی ماوەیەكی زۆر لەسەر شاری موسڵ بووە و بەپێی پێویست گرنگی پێ نەدراوە، ئێستاكەش بەهۆی هاتنی ئاوارەیەكی زۆرەوە كە لەپارێزگای موسڵەوە روویان لەناو سەنتەری بەردەڕەش كردووە تا دێت ژمارەی دانیشتوانی بەردەڕەش روو لە زیادبوون دەكات، ئەمە لەكاتێكدا ئەو ئاوارانە ناتوانن فۆرمی ئازووقەیان بخەنە سەر قەزاكە. لەماوەی 5 ساڵی ڕابردووشدا سنووری شارەوانی سەنتەری قەزاكە زۆر فراوان بووە لەبەرامبەردا كارو خزمەتگوزارییەكان بەسستی بەڕێوەدەچن، بۆیە هاووڵاتییان گلەیی و گازندەیان لە نەبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان هەیە، وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان گەیشتینە (سەنتەری قەزای بەردەڕەش) تاوەكو لەنزیكەوە گوێ لە داواكاری و خواستەكانی هاوڵاتییانی بەردەڕەش بگرین، بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەك لە ناوچەو گەڕەكەكانی بەردەڕەشمان بەسەركردەوەو چەند هاوڵاتییەكمان دواند لە گەڕەكەكانی (ئازادی و كەمئەندامان و مەعروف و پۆتیناوەو وەلیداوەو شێوەڕەش و شەهیدان و شۆڕش و خێڵەكیەكان)، خەڵكی لەو گەڕەكانە گلەیی و رەخنەیەكی زۆریان هەبوو بەتایبەت لەبواری كەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.
تەنها لە11%ی كۆڵان و شەقامەكان قیڕتاو و كۆنكرێت كراوە
كەموكورتی یەكجار زۆر لەكەرتی تەندروستی هەیە
كێشەیەكی زۆری زەوی كشتوكاڵی و زێدەڕۆیی هەیە
خراپی خزمەتگوزارییەكان و خەمی خەڵك
لە گەڕەكی وەلیداوە هاووڵاتی ڕەمەزان شەریف باسی لەبێسەروبەری كۆڵان و شەقامەكان و نەبوونی ئاوەڕۆ كرد لەمبارەیەوە وتی: (لە نەبوونی خزمەتگوزارییەكان بەتایبەتی لە پشتگوێخستنی قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانمان بێزاربووین، گەڕەكەكەمان لەرووی خزمەتگوزارییەوە زۆر فەرامۆشكراوەو لە وەرزی زستاندا زۆربەی كۆڵانەكان قوڕو لیتەن و بەزەحمەت هاتوچۆی تێدا دەكرێت..)، ئەم هاوڵاتییە گرفتی كەمی ئاویخواردنەوەشی هەبوو بەوەی ڕۆژانە تەنها 1-2 كاتژمێر ئاوی ماڵەكانیان دێتەوە و كە لەگەڵ بوونی كێشەی كارەباو شكاندنی موەلیدەی گەڕەك گرفتی بێئاوییەكە زیاتر دەبێت.
قیرتاونەكردنی شەقام و كۆڵانەكانی بەردەڕەش لەگرفتە سەرەكیەكانی هاوڵاتییانە هەر لەمبارەیەوە لە گەڕەكی پۆتیناوە كۆمەڵێك ئافرەت بەسەر ئۆتۆمبێلێكی پیكاب ڕاوەستابوون سەوزەو میوەیان دەكڕی و لێمان پرسین كەموكوڕی خزمەتگوزارییەكانتان لەم گەڕەكە چییە، خاوەنی پیكابەكە لەبری ئەو خاتوونانە كە ناوی شیمال حوسێن بوو وتی: ئەو گەڕەكەو چەندین گەڕەكی تر كە لەیەكتر نزیكن وەكو (ئازادی و مەعروف و كەمئەندامان و 730 و پۆتیناوە) هیچ كارو پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ نەكراوە بە تایبەتی قیڕتاوو كۆنكرێت كردنی كۆڵان و شەقامەكان. لەلایەكی ترەوە ژمارەیەك لەهاووڵاتییانی ئەو گەڕەكە نەبوونی ئاوەڕۆیان بەیەكێك لە گەورەترین گرفتەكان دانا، چونكە نەبوونی ئەم خزمەتگوزارییە وایكردووە ببێتە هۆكاری تووشبوون و بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی، غوربەت عەبدوڵڵا لە گەڕەكی شێوەڕەش سەبارەت بەم گرفتە وتی: لەبەر نەبوونی ئاوەڕۆ ئەو گەڕەكە سەرتاپای قوڕو لیتەو بێسەروبەرییە، ئەوەی خەڵكی ئەم گەڕەكەو زۆربەی گەڕەكەكانی تری بێزاركردووە بە تایبەتی لە هاویندا بۆنی ناخۆشی ئاوی پیس و ئاوەڕۆیە، چونكە ئەو گەڕەكانە هیچیان كارو پڕۆژەی ئاوەڕۆیان بۆ ئەنجام نەدراوە، هەندێ كۆڵانیشی هەیە لەبەر تاسەو كەندو كۆسپ و جڵكاو ناتوانی لێی دەربچیت. هەروەها سیروان حەمەد هاووڵاتییەكی تری ئەو شارە لەسەر كەموكوڕییەكان هاتە دوان و وتی: لەلایەنی خزمەتگوزارییەكانەوە زۆر بێسەروبەرین و نازانین هانا بۆ كوێ ببەین، چونكە تا ئێستا كەس خەمی لەو شارۆچكەیە نەخواردووە، هەروەها وەكو گەنجێكیش گلەیی و گازندەمان زۆرە لەبەر ئەوەی لە كاتی پشوو و بۆ مومارەسەكردنی ژیان و ئاسوودەیی هیچ پارك و كافتریاو سەنتەرو شوێنێك شك نابەین ڕووی تێ بكەین. كۆكردنەوەی زبڵو خاشاك و فڕێدان و چارەسەركردنی گرفتێكی تری بەردەڕەشە حەسەن عەبدولقادر كرێكارێكی پاككردنەوەی زبڵوخاشاكە وتی: كەمی و دواكەوتنی مووچەی كرێكارانی ئەو كۆمپانیایەی كە بەردەڕەش پاك دەكاتەوە یەكێكە لەگرفتەكانمان، چونكە كارەكەمان قورسەو زۆربەی جاریش زۆر كەس هەیە بە ئارەزووی خۆیان زبڵوپاشماوەی ماڵەكانیان فڕێدەدەنە ناو كۆڵان و سەر شۆستەو شەقامەكان، هەروەها لەبازاڕی شارۆچكەكە هاووڵاتییەك بە ناوی حاجی سەعد وتی: بەردەڕەش شارۆچكەیەكی كۆنە لە كاتی خۆی و ئێستاش بەشێوەیەكی گشتی لە ڕووی بوارە خزمەتگوزارییەكان هیچ گرنگییەكی پێ نەدراوە و دەتوانم بڵێم لەبیركراوە یا فەرامۆشكراوە، نەبوونی شەقام و ئاوەڕۆ وایكردووە هەركاتێك لە وەرزی زستان و باران بارین لە چەندین شەقام و ناو كۆڵان و گەڕەكەكان ئاو پەنگ دەخواتەوە و شارەكە پیس و ناشرین و بێسەروبەر كردووە. هاوڵاتی ڕازیە سدیقیش پێی وابوو: پەردەڕەش لەگوندێكی گەورە دەچێت و بێ خزمەتگوزاری هەر گەورە دەبێت، بۆیە پێویستە مشورێكی بەپەلەی بخورێت و ئاوڕێكی جیدی لەم شارە بدرێتەوە.
هەر سەبارەت بەكەموكورتیەكان بەتایبەتی لە هەردوو بواری پەروەردەو تەندروستیەوە حوسێن مەحمود وتی: كەموكوڕییەكی زۆر لە هەردوو بواری پەروەردەو تەندروستی لە سەنتەری بەردەڕەش و قەزاكە هەیە هەر بۆیە قوتابخانەكانی سەنتەری قەزا زۆربەی دوو یا سێ دەوامین و نزیكەی 40 قوتابی بەیەكەوە لە یەك پۆلدان، كێشەی نەبوونی میلاكات بە تایبەتی مامۆستای وانە زانستییەكانیان هەیە. لەرووی تەندروستیشەوە بارودۆخەكەمان زۆر خراپە و پزیشك و ئامێرەكانی پشكنینمان نییە و ئەگەر هەبێتیش دەڵێن كەس نییە كاری لەسەر بكات، هەروەها پزیشكی ئافرەتان و لە دایكبوونیشمان نییە بۆیە لە كاتی لەدایكبوون و پشكنین و چارەسەر بۆ ئافرەتانمان دەبێت ڕوو لە هەولێر یا دهۆك بكەین.
گرفتی ئەو خێزانانەی لەموسڵەوە ئاوارەی ئەم شارە بوون و پسوولەی ئازوقەیان سەر بەو پارێزگایەیە یەكێك لەو گرفتانەی رووبەرووی ژمارەیەك خێزان بووەتەوە بەتایبەتی كە باس لە ئاوارەبوون و نیشتەجێبوونی 3200 خێزان دەكرێت، سەبارەت بەم گرفتە هاوڵاتی كەریم برایم لە گەڕەكی پۆتیناوە وتی: ئێمەو ئەو خێزانانەی كە لە شاری موسڵەوە هاتووین كێشەی سووتەمەنیمان هەیە و ئەمساڵ تەنیا یەك بەرمیل نەوتمان وەرگرتووە، تەنانەت بەهۆی ئەم گرفتەوە كە پسوولەی ئازووقەمان لەسەر موسڵە چەندین كێشەی ترمان بۆ دروست بووە. لەلایەكی ترەوە بارودۆخی گوندەكانیش لەرووی خزمەتگوزارییەوە لەئاستێكی باشدا نییە، لەمبارەیەوە رزگار نازم وتی: ئاستی خزمەتگوزاری گوندەكانی ناحیەكانی سنوورەكە بە تایبەتی ڕۆڤیا و دارەتوو لە ڕووی خزمەتگوزارییەكانەوە زۆر خراپە بە تایبەتی ڕێگای نێوان بەردەڕەش و دارەتوو و گوندەكانی سنووری ناحیەی دارەتوو وەكو گوندی زمزمۆك و دووكەندانی گەورەو بچووك، ئەم هاوڵاتییە زیاتریش وتی : ڕێگاوبانی گوندەكان بەشێوەیەك خراپن لەهەندێك گوند زۆر بە زەحمەتی دەتوانین هاتوچۆی پێدا بكەین.
ئەگەر سەیری ناو گەڕەك و كۆڵانەكان بكەین دەبینین زۆر بواری خزمەتگوزاری فەرامۆش كراوە و لەلایەن هاوڵاتیانیشەوە گلەیی و ناڕەزایی لێكەوتۆتەوە، بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە سەردانی قایمقامیەتی قەزاكەمان كردوو چەند پرسیارێكمان ئاراستەی سەردار شێخ یەحیا قایمقامی نوێی بەردەڕەش كرد كە ماوەیەكی كەمە دەستبەكاربووە، پوختەی وەڵامەكانی لێرەدا بڵاودەكەینەوە.
3200خێزانی ئاوارە بێ خزمەتگوزارین
سەرەتا قایمقامی قەزای بەردەڕەش وتی: لە ناو سەنتەری شارۆچكەی بەردەڕەش و سنوورەكەی زیاتر لە 3200 خێزانی ئاوارەی موسڵ هەیە و نەتوانراوە بەپێی پێویست هاوكاری و خزمەت بكرێن و ساڵانە بڕێكی كەم سووتەمەنییان پێ دەدرێت، كە ئەمە یەكێكە لە گرفتە پێش چاوەكان بە تایبەتی لەم وەرزەدا، هەروەها لە لایەنی شوێنی نیشتەجێبوونەوە نەتوانراوە خزمەت بكرێن، بەڵكو هەر ئەو خێزانانە لەسەر تواناو ئیمكانیاتی خۆیان خانوویان كڕیووە یا لە خانووی كرێ دانیشتوون، هەروەها ژمارەیەكی بەرچاویش خەڵك لە سنووری قەزای بەردەڕەش بەپێی ماددەی 140مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، كە ئەمانەش چەندین كێشەیان هەیە، لەلایەكی تر هەردوو جۆرە خەڵكەكە چ ئەوانەی ئاوارەی موسڵن چ ئەوانەی لەسەر ماددەی 140ن پسوولەی خۆراكیان لەسەر قەزای بەردەڕەش نییە هەر بۆیە لە دیاریكردنی بودجە بۆ قەزاكە ئەوانە حیساب ناكرێن لە لایەكی تریش پێویستیان بە كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی هەیە، بۆیە لێرەدا دەڵێم ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە قەزای بەردەڕەش و سنوورەكەی لە تەرخانكردنی بڕی بودجەدا غەدرێكی زۆر و گەورەی لێكراوە، چونكە ئەو كارو پڕۆژانەی لە سنووری قەزای بەردەڕەش پێشكەش كراوە زۆر كەمە و داواكاری و پێداویستی خەڵكیش زۆر لەمە زیاترە، بۆیە ئێستاكە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە كەموكوڕی و گرفتی یەكجار زۆر لە سنووری قەزاكە هەیە، هەر چەندە دەزانین بوونی بەردەڕەش بە قەزا و دوو ناحیەی تازە (دارەتوو و ڕۆڤیا) و بوونی 25فەرمانگە دیاری و دەستكەوتێكی گەورەبوو بۆ خەڵكەكە، بەڵام ئەوانەش هەر هەمووی كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەوێت، ئەو بودجەیەشی كە بۆ قەزاكە تەرخان دەكرێت زۆر كەمە و گلەیی و گازندەی خەڵكیش لە ئاستێكی یەكجار زۆرە. هەروەها ژمارەیەك گوندمان هەیە كە نزیكەی 25 گوندە لەسنووری ماددەی 140 ە بەتایبەت هەندێك گوندی سەر بەناحیەی كەڵەك كە تەنها هاریكاری و پرۆژەكانیان راستەوخۆ لە ڕێگای جەنابی پارێزگاری دهۆكەوە بۆیان ئەنجامدراوە، ئەمەش بێ جیاوازی لەنێوان گوندەكان كە دانیشتووانی لەكوردو عەرەب پێكهاتوون و چەند پرۆژەیەكی ڕێگاوبان و راكێشانی كارەبایان بۆ جێبەجێ كراوە، ئەمە لەكاتێكدا بودجەیان سەر بە پارێزگای نەینەوایە، ئومێدمان زۆرە لە كابینەی حەوتەمی حكومەتدا بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی بودجەیەكی تایبەت بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان و بەردەڕەش دابین بكات تاوەكو لەو ڕێگایەوە بتوانین خزمەت بگەیەنینە هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە.
نەبوونی ماستەرپلان و كێشەی زەوی
سەبارەت بەماستەرپلان و كێشەو گرفتەكانی وەكو كوژاندنەوەو زێدەڕۆیی قایمقامی قەزای بەردەڕەش وتی: بەبەردەوام سەنتەری قەزاكە و ناحیەكانی فراوان دەبن ئەمە لەكاتێكدا ماستەرپلانمان نییە، گەرچی لە پارێزگای دهۆك ئیش لەسەر ئەوە دەكەن كە ماستەرپلان بۆ بەردەڕەش دروست بكەن، لەگەڵ ئەمەش دا ئێستا 6شارەوانی لە سنووری قەزای بەردەڕەش هەیە كە نەخشەی بنەڕەتییان لەژێر دەستدایە و كارو ئیش و پڕۆژەكان بەوە پێیە ئەنجام دەدەن. سەرەڕای ئەوەش لە سنووری قەزای بەردەڕەش كێشەیەكی زۆری زەوی هەیە، چونكە هەندێك لە زەوییەكان بەتایبەتی ئەوانەی موڵكن خاوەنەكانیان لە دەرەوەی سنووری قەزاكە یا لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، بەڵام لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە هەوڵ و كۆشش هەیە بۆ ئەوەی خاوەنی ئەو زەوییانە بێن بەپێی یاسا زەوییەكانیان بفرۆشن بۆ ئەوەی ئەو خەڵكەی لە سنوورەكە نیشتەجێن سوودمەندبن و كاری لەسەر بكەن، لەگەڵ ئەمەش دا لە كاتی كوژاندنەوەی زەویدا ئەگەر خاوەن زەوی ئامادە نەبێت ئەوە كێشەمان بۆ دروست دەبێت، لەلایەكی تر ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی گرێبەستن لە كاتی بەر سنووری شارەوانی دەكەون لەو كاتەشدا بە تایبەتی لە كاتی قەرەبووكردنەوەی خاوەنەكانی كێشەو گرفتمان بۆ دێتە پێش. هاوكات لە ناو سەنتەری قەزای بەردەڕەش كێشەی زێدەڕۆیی یەكجار زۆرە و ناحیەكانی دارەتوو و ڕۆڤیا كەپێشتر گوند بوون لەوێش هەمان كێشە هەیە، بۆ تاپۆكردنی ئەو زێدەڕۆیانە بەسەر خاوەنەكانیان چەندین جار داواكاریمان پێشكەش بەلایەنی پەیوەندار كردووە تاوەكو بتوانین نەخشەو پلانێكیان بۆ دابڕێژین و خزمەتگوزارییەكانیان پێشكەش بكەین، چونكە بەداخەوە وەزارەتی شارەوانی قبوڵ ناكات ئەو گەڕەك و شوێنانەی لەناو سنووری شارەوانی نەبێت، تەنانەت ئەگەر زێدەڕۆیی تێدا بێت كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناكرێت، ئەمەش كێشەیە و وەكو واقیعیش ڕووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی خەڵكەكە داوای كارو پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری دەكات، ئەمەو كێشەیەكی تری زۆر گەورەو مەترسیدار هەیە ئەویش ئەوەیە كە هێڵێكی كارەبای133كەی ڤی بە ناو گەڕەكی 730دا دەڕوات و پێویستە هێڵەكە بگوازرێتەوە، چونكە ناتوانین ئەو ژمارە زۆرەی خانووانەی لەژێر ئەو هێڵەدایە بڕووخێنین و قەرەبوویان بكەینەوە. لێرەدا داواكارین وەزارەتی كارەبا ئەو هێڵەمان بۆ بگوازنەوە، تاوەكو بتوانین كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو گەڕەكە ئەنجام بدەین.
كۆڵان و شەقامەكان قیرتاوو كۆنكرێت نین
سەبارەت بە پڕۆژەی قیڕتاو و كۆنكریت كردنی كۆڵان و شەقامەكان كە زۆربەی خەڵكی لە ناو سەنتەری قەزاكە گلەیی و گازندەیان هەیە؛ قایمقامی قەزای بەردەڕەش وتی: لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش وەكو سنووری شارەوانی كەمتر لە11%ی كۆڵان و شەقامی گەڕەك و ناو شارۆچكەكە قیڕتاو و كۆنكرێت كراوە و لە ناحیەكانی رۆڤیاو دارەتووش ڕێژەكە بۆ لە5% ە كەم دەكات، ئەوەش ڕێژەیەكی زۆر نزمە و نەك لە ئاستی قەزا و ناحیەكاندا نییە، بەڵكو لە ئاستی شارەدێی و كۆمەڵگایەكیشدا نییە، لەمبارەوە ئێمەش زۆر لە خەڵكەكە زیاتر گلەیی دەكەین و داواكاری و گلەییەكانیش ڕووبەڕووی وەزارەتی شارەوانی دەكەینەوە، ئەمە كەمتەرخەمی و فەرامۆشكردنێكە كە بەپلەی یەكەم وەزارەتی شارەوانی و پلاندانان لێی بەرپرسیارن و لەپاشان ئێمە وەكو قایمقامیەت و لایەنی تری پەیوەندار، دەبێت گلەیی و گازندەو داواكاری خەڵكەكە بەهەند وەربگرین و بەخێراترین ماوە بەرنامەو پلانی بۆ دابنێین و لێرەدا داواكارم وەزارەتی پلاندانان لە بودجەی 2012دا پلانی خۆی تۆكمەتر بكات و چاوبخشێنێتەوە بەم شوێنانەی هاوشێوەی قەزای بەردەڕەشن، كە پێداویستییەكی یەكجار زۆریان بە پڕۆژەی خزمەتگوزارییە بە تایبەتی پڕۆژەی قیڕتاو و كۆنكرێت كردنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو گەڕەك و شارۆچكەكە، باوەڕ ناكەم هیچ شوێنێك لە ڕووی كەمی خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان وەكو قەزای بەردەڕەش خراپ بێت.
وەزارەتەكان كەمترین بودجەیان بۆ قەزای بەردەڕەش تەرخان كردووە
سەبارەت بەو بودجەی لەبەردەست هەیە كە دەتوانن لەم ڕێگایەوە هەندێك لە كەموكوڕی خزمەتگوزارییەكان پێ چارەسەر بكەن قایمقامی قەزای بەردەڕەش وتی: ئەو بودجەیەی كە لەبەردەستایەو تەنیا ئومێدی ئێمەیە ئەویش تەنیا بودجەی گەشەپێدانی پارێزگای دهۆكە و لە بودجەی 2011بۆ 2012ئەو بڕەی بۆمان دابینكرابوو بەپێی ژمارەی دانیشتوان لەبەشی خۆمان زیاتر بوو ئەمەش بە هەوڵ و توانای پارێزگاری دهۆك بوو، بەڵام لێرەدا لە وەزیرو وەزارەتەكانی هەرێم دەپرسم بۆچی بودجەی وەزارەتەكان بۆ قەزای بەردەڕەش نایەت؟
نەبوونی ئاوەڕۆ
سەبارەت بە گرفت و كەمی ئاوەڕۆ و كاریگەری لەسەر شارۆچكەكە قایمقامی قەزای بەردەڕەش وتی: منیش هاوڕام لەگەڵ هاوڵاتیانی قەزاكە بەوەی سەنتەری قەزای بەردەڕەش گوندێكی گەورەیە و سیما و ڕووخساری شارەوانی پێوە دیار نییە، چونكە بە شێوازێكی زۆر خێراو بەرفراوان ڕووی لە گەشەكردن كردووە كە ئێمەش ناتوانین كۆنتڕۆڵی بكەین، ئەگەر بێتوو بودجەیەكی تایبەت بۆ قەزای بەردەڕەش تەرخان نەكرێت، ئەم گرفتانە هەر دەمێنێ، یەكێكیش لەو كەموكوڕیانە نەبوونی ئاوەڕۆیە كە كاریگەری خراپی لەسەر پیسبوونی شارۆچكەكە هەیە.
فڕێدانی زبڵوخاشاك
سەبارەت بە كۆكردنەوەو فڕێدانی زبڵوخاشاك و دامەزراندنی كارگەی ڕیسایكلین لە سنوورەكەدا قایمقامی قەزای بەردەڕەش وتی: ئێستاكە پاككردنەوەو فڕێدانی زبڵوخاشاكی قەزای بەردەڕەش دراوە بە كۆمپانیایەك و ڕۆژانە بە ئیشوكارەكانی هەڵدەستێت و من وەكو قایمقام لە ئیشوكارەكانی ئەو كۆمپانیایە ڕازیم، بەڵام لە شارەوانی ڕازی نیم، ئەوەش گوناهی شارەوانیەكەمان نییە، چونكە تواناو ئیمكانیاتیان نییە و گوناهەكە بۆ وەزارەتی شارەوانی دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی ئامێرەكان كەم و كۆنن، هەروەها شارەوانی بودجەو سلفەیەكی باشیان لەبەردەستدا نییە تاوەكو بتوانی هەندێ كار هەیە بەخێرایی ڕایپەڕێنێت، هاوكات شارەوانی قەزاكەمان فەرمانبەر و كارمەندو كرێكاری كەمە و ژمارەی كارمەندو كرێكارەكانیان لە ئاستی قەزادا نییەو ئەو كرێكارانە كە لە كۆمپانیاكەش كار دەكەن موچەكەیان زۆر باش نییە و لەگەڵ پێداویستی و گرانی بازاڕ ناگونجێت، بۆیە لێرەدا دووبارەی دەكەمەوە ئایا وەزارەتەكان وەكو قەزا یا ناحیە سەیری بەردەڕەش دەكەن، ئەگەر وەكو قەزا سەیری بەردەڕەش بكرێت ئەوە دەبێت بەجیددی و بە بودجەیەكی باش بێن ئەو هەموو كەموكوڕی خزمەتگوزاریانە چارەسەر بكەن.
ڕێگای نێوان دارەتوو سەنتەری قەزا
سەبارەت بە كەموكوڕی خزمەتگوزاری لە گوندەكان و خراپی تۆڕی ڕێگاوبانی نێوان گوندەكان قایمقامی قەزای بەردەڕەش وتی: گوندەكانی سنووری قەزاكە لە ڕووی ئاو و كارەباوە تا ڕادەیەك باشن، بەڵام زەقترین كێشەو خزمەتگوزاری كە لە سنوورەكەدا زۆر خراپ و بێسەروبەرە تۆڕی ڕیگاوبانی سنوورەكەیە بە تایبەتی لە نێوان گوندەكان و نێوان ناحیەی دارەتوو و سەنتەری قەزاكە كە ژمارەیەك گوندی گەورەی لەسەرە ئەو ڕێگایە نەك قیڕتاو نەكراوە بەڵكو زۆر بەرزی و نزمی تێدایە و تەنیا چەوڕێژكراوە بە شێوەیەكی زۆر سەرەتایی بۆیە بەردەوام چاككردنی پێویستە، بەشێوەیەكی تر ڕێگای نێوان گوندەكان و سەنتەری قەزاكە لە ئاستێكی زۆر نزم و خراپدایە، هەر بۆیە خەڵكی ئەو گوندانە زۆر گلەیی دەكەن و بیزاربوون، بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە راكێشانی ڕێگاوبانەكان بۆ ئەو گوندانەی سنوورمان كە كەمترین گوند لە 100 خێزانی تێدا نیشتەجێیە، گوندمان هەیە 1000 ماڵ لەخۆدەگرێت كەچی لەخزمەتگوزاری بێبەشن. شارۆجگەی بەنێنان كە شارەوانی لێیە كەچی هیچ ڕێگایەكی نییە لەسەنتەری قەزاكەوە بچێتە ئەو شارۆجگەیە.
سێ دەوامی لەقوتابخانەكان
لەبەردەڕەش تا دێت ژمارەی قوتابیان روو لەزیادبوون دەكات بەڵام هەروەكو هاوڵاتییان گلەییان هەبوو كە كەرتی پەروەردە لەسنوورەكەیان پشتگوێ خراوە قایمقامی قەزاكەش هەمان بۆچوونی هەبوو لەمبارەیەوە وتی : گەرچی وەزارەتی پەروەردە ئاوڕێكی لەم ناوچەیە داوەتەوە ئەوەتا لەسەنتەری رۆڤیا قوتابخانەیەكی18 پۆلی لەژێر جێبەجێكردندایە، بەڵام گرفتەكانی پەروەردە هەر چارەسەر نەبووە، بۆ نموونە سەنتەری ناحیەی كەڵەك كە زیاتر لە 7500 كەسی تێدا نیشتەجێیە كەچی قوتابخانەیەكی 18 پۆلییان نییە، هەر لەبەر ئەم كێشانە تا ئێستا سێ دەوامی لەقوتابخانەكانی ئەم سنوورە ماوە و لەرووی مامۆستاشەوە كێشەمان هەیە بەتایبەتی دوای ئەوەی خەڵكانێكمان لە دهۆكەوە بۆ دامەزرا لەكاتێكدا لەرووی جوگرافیاوە قەزاكەمان لەسەنتەری ئەو پارێزگایە دوورە، بۆیە خەڵكی بێ رەزامەندی دێنە بەردەڕەش و بەبەردەوام مۆڵەت وەردەگرن و گلەییان هەیە، چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بەدامەزرانی خەڵكی بەردەڕەشە یا بەدروستكردنی خانووی نیشتەجێبوونە كە وادەكات مامۆستاكان هانبدرێن و لێرە خزمەت بكەن.
كەموكورتی زۆر لەكەرتی تەندروستی هەیە
سەبارەت بەكەموكوڕیەكانی كەرتی تەندروستیش قایمقامی بەردەڕەش وتی : لەسەردانێكی مەیدانیدا بۆ بنكە تەندروستیەكان ئەو راستیەم بۆ دەركەوت كە كەموكورتی یەكجار زۆر لەكەرتی تەندروستی هەیە تەنانەت جگە لە2 دكتۆری ددان دكتۆر لەسنووری بەردەڕەش نییە، لەقەزایەكی وا گەورەدا چۆن دەبێت پزیشكێكی ئافرەتانمان بۆ دانەمەزرێنن، ئافرەتێكی دووگیان كاتێك پێویستی بە پزیشكە دەبێت لەماڵەوە مامان هاوكاری بكات، لەلایەكی ترەوە ئامێری سۆنارمان هەیە كەچی كەس نییە بەكاریبهێنێت، وەزارەتی تەندروستی بیری نەكردۆتەوە لەسنووری ناوچەیەك كە 120 هەزار كەسی لێ نیشتەجێیە یەك دكتۆری سۆنەرمان بۆ دابنێت، لەبواری دەرمانیش كێشەی دەرمانمان هەیەو بڕەكەی كەمە تەنانەت دەرمانەكانمان لەرووی ماوەی كاتی بەسەرچوونەوە تەنیا مانگێكی ماوەو لەرووی كوالێتیشەوە بەپێی وتەی كادیرە تەندروستیەكان كوالێتی باشیان نییە، هەروەها نەخۆشخانەیەكی مۆدێرن و پێشكەوتوومان نییە و بڕیاری بۆ دەرچوو بەڵام لەبەر ئەو گوژمە كەمەی بۆی دانرابوو هیچ بەڵێندەرێك ئامادەنەبوو ئەو پرۆژەیە ئەنجام بدات.
سایلۆ لەبەردەڕەش نییەو كەرتی كشتوكاڵ فەرامۆشكراوە
بەردەرەش بەناوچەیەكی كشتوكاڵی دادەنرێت ئەمە لەكاتێكدا كەمترین پرۆژەی كشتوكاڵی تێیدا ئەنجامدراوە سەبارەت بەكەموكوڕیەكان و داواكاری خەڵكی ناوچەكە قایمقامی بەردەڕەش وتی: بەحوكمی ئەوەی 399 هەزار دۆنم لە سنووری بەردەڕەش هەیە كە بەكەڵكی چاندن دێت و خەڵكێكی زۆر چاوی لەوەزارەتی كشتوكاڵە تاوەكو پرۆژەو خزمەتگوزاری لەبواری كشتوكاڵەوە بۆ دابین بكات، ئێستا گلەیی خەڵكی لەبواری گرانی سوتەمەنی و سلفەی كشتوكاڵی و كێشەی زەوی و زار زۆرە، پێویستە وەزارەتی پلاندانان بەرنامەی جیدی بۆ ئەو ناوچانەی كشتوكاڵین دابنێت و پاڵپشتیان زیاتر بكات، نەك بارودۆخەكە وەكو ئێستا بێت كە یەك سایلۆ لەسنووری قەزاكەمان نییە، نەبوونی سایلۆش بۆ كەمتەرخەمی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەگەڕێتەوە كە بەڵێنیانداوە سایلۆیەكمان بۆ دابمەزرێنن كەچی تا ئێستا ئەنجام نەدراوە، جێی داخیشە هیچ كارگەیەك لەناوچەكەمان نییە. سەبارەت بە پرۆژەكانی ئاودێری بەهەمانشێوە هیچ پرۆژەیەكی ئاودێریش لەسنوورەكەمان ئەنجام نەدراوە. بۆیە من دەڵێم وەزارەتی كشتوكاڵ كەمتەرخەمە لەم رووەوە، لەبواری ئاژەڵداریش بەهەمانشێوە لەسنوورەكەمان تەنیا یەك بنكەی بەیتەرەمان هەیە لەناحیەكانیش هیچ بنكەیەكی بەیتەرییە نییە، بنكەی كشتوكاڵ لە ناحیەی رۆڤیا كە فەرمانی دەرچووبوو بەڵام لەبەر نەبوونی ئۆتۆمبێلێك ئەو بنكەیە نەكرایەوە.
خەڵكی بەردەڕەش ئومێدیان بەكابینەی نوێ زۆرە
لەكۆتایی قسەكانیدا قایمقامی بەردەڕەش وتی: بەردەڕەش شوێنێكی گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی گەشتیاری، بەداخەوە ئێستا پرۆژەكانی گەشتوگوزار لەناوچەكەماندا بوونی نییە، ئەمە لەكاتێكدا جگە لەشوێنە گەشتیارییەكان خاوەنی چەندین گردی شوێنەواریشین كە تا ئێستا تەنها پاسەوانی بۆ دانەنراوە، لەوانە گردی رۆڤیاو گوندی گردەپان و چەندین شوێنەواری تر كە دەكرا سوودی لێوەربگیرێت بۆ گەشتیاری، لەلایەكی ترەوە بەردەڕەش خاوەنی زێیەكی گەورەیە بەڵام غەسالەكانی چقڵ و لم تێكیانداوە چونكە كەرتی گەشتیاری خۆی نەكردۆتە خاوەنی. سەبارەت بەداواكاری گەنجان قایمقامی بەردەڕەش پشتگیری داواكارییەكانی كردن و گلەیی و رەخنەی لە وەزارەتی رۆشنبیری كرد بەوەی وەكو لەسنوورەكەیاندا چالاكییان كەمە و ئەو سەنتەرەی كە هەشە بودجەو كارمەندیان كەمەو ئیدامەی بیناكەیان ناتوانرێت بكرێت، ئەمە جگە لەوەی یاریگای وەرزشی لەناوچەكەو لەگوندەكان زۆر كەمە. لەگەڵ ئەم هەموو كەموكوڕیانەش خەڵكی بەردەڕەش ئومێدمان بەكابینەی حەوتەم زۆرە و داواكارییان هەیە بەوەی سەرۆكی نوێی حكومەت جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی سەردانێكی مەیدانی بۆ ناوچەكە بكات و لەنزیكەوە گوێبستی گلەیی و داواكارییەكانی خەڵكی بێت و بودجەیەكی تایبەت بە قەزاكە دابین بكات چونكە بەردەڕەش قەزایەكی نوێیەو كەموكوڕی زۆرەو پێویستی بە چارەسەركردنی خێرا هەیە.
Top