ڕەشید تاهیر بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری بۆ گوڵان: بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا فرتوفێڵی تێدا كراوە

ڕەشید تاهیر بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری بۆ گوڵان: بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا فرتوفێڵی تێدا كراوە
-لەمساڵدا 11 هەزارو 595 پلەمان داناوە بۆ دامەزراندن
-60 ملیار دۆلار لەبانكی ناوەندی كەڵەكە بووەو نایانەوێت كوردستانیەكان لێی سودمەند بن

پرسە دارایی و ئابوورییەكان بەو تەوەرە جددیانە دادەنرێت كە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ژیانی ئابووری و بژێوی هاووڵاتیانەوە هەیە، بەتایبەتی مەسەلەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە لە بەشە داهات و بودجەی گشتی عیراقی فیدراڵ دیاری دەكرێت و لە سەرچاوەكەیەوە ناشەفافیەتی تێدایەو بەبەردەوامی ئەو بەشە بودجەیەی هەرێمی كوردستان كەم دەكرێتەوە. لەلایەكی ترەوە بودجەی هەرێمی كوردستان و بوارەكانی موچەو بەرنامە داراییەكانی ئەمساڵی وەزارەتی دارایی و ئابووری قسەو باسێكی زۆر هەڵدەگرێت.
بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە وردەكارییەكان، چەند پرسیارێكمان لە ڕەشید تاهیر بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری كرد كە لەم ڕاپۆرتەدا تیشكی خستەسەر.


لە بودجەی عێراق و پێترۆ دۆلارو پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكان ئاگادار نین
سەبارەت بەبودجەی ئەمساڵی عێراق و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان رەشید تاهیر بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری وتی: ساڵ لە دوای ساڵ هەڵسوكەوتی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەنی بودجەوە خراپترە، حكومەتی عێراقی لەبواری بودجەو دارایی هەر وەكو پارێزگاكانی ئەنبارو نەینەواو بەسرە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئێمە دەكەن، هەموو ساڵێك لە مانگی 7و8 دا هەموو وەزارەتەكان و ئێمەش بۆ ساڵی داهاتوو خەمڵاندن و داواكاری خۆمان و پێویستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ئاسایی و وەبەرهێنان و میلاكات دەخەینەڕوو، بەڵام ڕۆژێك لە ڕۆژان لە لایەن وەزارەتی دارایی عیراقی فیدراڵ بانگهێشتی ئێمە نەكراوە، بۆ ئەوەی لەسەر بودجەو خەمڵاندن و پێداویستییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەبین و گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین، تاوەكو بزانین بودجەكە چەندەو چۆنە؟ هەروەها پاش تەواوبوونی بودجەكە وەرەقەیەكی لەناودا هەیە بەناوی (طریقە احتساب حصە اقلیم كوردستان)لەمەشدا ئاگاداری ئێمە ناكەنەوەو هەندێك جار لە پرۆسەی حیساباتەكەشدا گۆڕانكاری و فرتوفێڵ لە بودجەی ئێمەدا دەكەن.
ئامادەكردنی بودجە لیژنەی پێویستەو بە مافی خۆمانی دەزانین لە لیژنەی ئامادەكردن و دانانی بودجەدا نوێنەرمان هەبێت، بەڵام ئەوان قبوڵ ناكەن نوێنەرمان لەو لیژنەیەدا هەبێت، هاوكات ئەو كوردانەی كە نوێنەری دارایین لە بەغدا هیچ ڕۆڵێكیان نییە، داهاتی ساڵانەی عیراق لە95%ی داهاتی پیترۆلەو خەمڵاندنی ڕۆیشتنی پیترۆلەكەیان لە هەموو عیراق كردووە، بەوەی گوایە ڕۆژانە (2ملیۆن و600 هەزار بەرمیل) پیترۆل دەڕواتە دەرەوەو لەم ژمارەیەشدا 175هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستانە كە حیساب كراوەو نرخی هەر بەرمیلێك نەوتیان بە 85 دۆلار داناوەو نرخی دۆلارێكیان بە 1170 دینار داناوە، بەڵام ئێمە لەو وردەكارییانەیان ئاگادارنین، بۆ نموونە بۆ ئەو بڕە نەوتە خاوەی كە ڕۆژانە دەڕوات 2ملیۆن و 700 یا500 هەزار بەرمیل نەبوو یا نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاویان خەمڵاندووە بە 85 دۆلار لەكاتێكدا 100 دۆلارو زیاتریشە، واتە شەفافیەت لە دانان و خەمڵاندنی بودجەو بڕی پێترۆلی ڕۆیشتوو نرخەكەیدا نییە. ئەم ساڵ 5 بودجە بە دەستی ئێمە گەیشتووە واتە5بودجە لە وەزارەتی دارایی عیراقی ئامادەكراوەو دوا بودجە كە ئامادەكراوە و بەرزببۆوە بۆ132ترلیۆن دینار، بەڵام ئەو بودجەیەی كە ڕەوانەی پەرلەمانی عیراق كراوەو گفتۆگۆی لەسەر دەكرێت (117) ترلیۆن دینارەو بەشی ئێمە لە 132 ترلیۆن دینار كە بۆمان هاتبوو 14 ترلیۆن و 200ملیار دینار بووە، بەڵام پاشان كە حكومەتی عیراقی گۆڕانكاری لە بودجەكەیدا كردو بەشی ئێمە بووە 12ترلیۆن و 600 ملیار دینار، واتە بەشە بودجەی هەرێمیان كەم كردەوە، هەر چەندە ڕاستە بودجەی گشتی عیراق كەم كراوەتەوە، بەڵام كە دەڵین بەشە بودجە هەرێمی كوردستان لە 17%یە لێرەدا تەماشا بكەین بەشە بودجەكەی هەرێم لە17%نییە، چونكە لەكاتێكدا بودجەی عیراق 117 ترلیۆن دینار بێت، ئەوە بەشە بودجەی ئێمە زیاتر لە 20ترلیۆن دینار دەبێت. ئەوان لە حكومەتی عیراقی فیدڕال دێن بڕێكی زۆر بە ناوی سیادی و حاكیمە و گەشەپێدانی پارێزگاكان و پترۆدۆلار كەم دەكەنەوەو بەم ڕێگایانەوە بەشە بودجەی ئێمەش كەم دەكەنەوە بە ڕێژەی لە(6،4%)ی لە 17%ی دەبڕن و كەمی دەكەنەوە لەو كاتەدا بەشە بودجەی ئێمە ڕێژەكەی دەبێتە(10،6%)، زۆرجار گفتوگۆمان كردووە كە پێویستە بۆ بڕینی پارەی سیادی زەوابتێك هەبێت بۆ نموونە بڵێن ساڵانە بۆ سیادی و كارەكانی تر لە 5%ە، نەك بە ئارەزووی خۆیان زیادوو كەمی پێ بكەن، یا بڕگەیەكی تر بكەنە سیادی، هەروەها لە پترۆدۆلار هەر بەرمیلێك بەرهەم بێت یەك دۆلار بۆ ئەو شوێن و پارێزگایەیە كە نەوتەكەی لێ بەرهەم هاتووە، بەڵام لەم خشتەیەدا پترۆدۆلاری هەموو عیراق یەك ترلیۆن و 676ملیار دینارە و لەبەشی ئێمەدا هاتوون لە 17%یان هێناوەتە خوارەوە و دواتر 42ملیاریان پێداوین، ئەگەر بەڕاستی پتڕۆدۆلارەكە حیساب بكرێت بە پێی لە17% ئەوە بەشی ئێمە دەكاتە 285ملیار كەواتە 243ملیاریان لە ئێمە كەم كردۆتەوە و زیانیان بە ئێمە گەیاندووە، لەلایەكی ترەوە پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەموو عیراق ساڵانە زیاد دەكات تەنیا هی كوردستان وەكو خۆیەتی و بەپێی ئەو ڕێژەی بۆ پارێزگاكانی ئێمەیان داناوە، ئەگەر تەماشای ژمارەی دانیشتووانی هەموو عیراق بكەین 33ملیۆن و 259هەزارو 741كەسە و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان 4ملیۆن و 189هەزارو 702كەسە و ئەو ڕێژەی لە گەشەپێدانی پارێزگاكان كە بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە بە حیسابی ئێمە 700هەزار كەسیان لە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان لە دانانی ڕێژەی بودجەكەماندا هەژمارنەكراوە، ئەوەش دیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەر بەپێی بیتاقەی ئازووقەی كۆن مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن، بۆیە لەكاتێكدا ئێمە لە گفتوگۆكردنی بودجە لە بەغدا ئامادەبووینایە بەهیچ جۆرێك ئەو كەموكوڕیانەمان قبوڵ نەدەكردو نەمان دەهێشت ئەوە تێپەڕبێت. هەروەها هەر موازەنەیەك یاسایەكی لەگەڵە كە لەمەش 40تا 42ماددەی داناوەو لە ساڵی 2007ەوە بودجەی پێشمەرگە لە ناو بودجەی وەزارەتی بەرگری عیراقی فیدڕال جێگیركراوە، بەڵام تا ئێستا یەك دیناریشیان بەناوی وەزارەتی پێشمەرگە نەداوەتە هەرێمی كوردستان كە بەیاسا لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگری عیراق دانراوە و لە ساڵی 2007 تا ئێستاكە ئەو ڕێژەی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ناو بودجەی وەزارەتی بەرگری حیساب بكەین دەكاتە6ترلیۆن و 131 ملیار دینار و ئەو ساڵیش كە بودجە داخیڵ دەكەن یاساكە وادادەنێن كە لە بەرژەوەندی میللەتی كوردو كوردستان نەبێت.
ئێستاش چارەسەركردنی كێشەكانمان لەبارەی بودجەكە بۆ ئەمساڵ زەحمەتە، چونكە بودجەكە چۆتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن، بەڵام ئێمە تێبینی بیروبۆچوونەكانی خۆمان بە ئەندام پەرلەمانەكانی هاوپەیمانی كوردستانیمان داوە تاوەكو چاوڕوونییان لەسەر بودجەكەو كێشەو گرفت و تێبینیەكانی كوردستان هەبێت و بەمەبەستی چارەسەركردن گفتوگۆی لەسەر بكەن.
بەڵام دیسان لەوێ كارەكان ئاسان نییە لەبەر ئەوەی 60دەنگ بەرامبەر320دەنگ زۆر قورس و زەحمەتە بتوانن هیچ كارێك بكەن. بەڵام ئەگەر ئێمە ئامادەببواینایە یا بریكاری وەزیری دارایی كە كوردە ئەو تواناو دەسەڵاتانەی هەبووایەو قبوڵی ئەو بودجەیەی نەكردبوایە و بیگوتایە با ڕاوبۆچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەكە وەربگرم لەپاشان ڕەوانەی پەرلەمانی بكەن.


بودجەی هەرێمی كوردستان نزیكەی 15ترلیۆن دینارە
سەبارەت بەوەی كە دەنگۆی ئەوە هەیە بودجەی هەرێمی كوردستان دوادەكەوێت و ئەو بودجەیە چەندی بۆ بەگەڕخستنەو چەندی بۆ وەبەرهێنانە، بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری وتی: بودجەی ئێمە ئێستاكە لە قۆناخی كۆتایدایەو ئێمە چاوەڕوانی بەغدا دەكەین نەوەكو گۆڕانكاری لەسەر بودجەكە بكەن. بودجەی هەرێمی كوردستان لە98%ی لە بودجەی عیراقەو ئەو بەشەی كە لە عیراق پێمان دەدەن 12ترلیۆن و 600ملیار دینارەو هەندێك داهاتی ناوخۆیشمان هەیە كە خستومانەتە سەر بودجەكە، بەگشتی بودجەی هەرێمی كوردستان نزیكەی 15ترلیۆنەو لەو بودجەیەدا لە 30% ی بۆ وەبەرهێنانە و لە 70%ی بۆ بەگەڕخستنە، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر ئابووری كوردستان هەیە، بە پێی یاسا لە هەموو وڵاتێك دەبێت تێكڕای بودجەی بەگەڕخستن كە بۆ موچەی فەرمانبەران دەڕوات نابێت لە25%زیاتر بێت، هەر كاتێك لە 32% تێپەڕێت هێڵی سوورە گەرچی ئەو بودجەیەی ئێمە كە لە بەگەڕخەستن دەڕوات چەند هێڵی سووری بڕیوە. هەر ئەمەشە وایكردووە زۆرجار بودجەی وەزارەتەكان كەمبكرێتەوە، چونكە ئەو بودجەیەی كە بۆ ئێمە لە بەغدا دانراوە 12ترلیۆن و 600ملیار دینارەو وەزارەتەكانیش دێن داواكاری پێویستی خۆیان لە كارو پڕۆژەكان پێشكەش دەكەن و لە پاش ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین و حیسابی پارەی خۆمان دەكەین دەبینین كۆی پارەی پڕۆژەی پێشكەشكراوو پارەی داواكراوی وەزارەتەكان دەگاتە 15ترلیۆن و ئەمەش زۆر لە پارەی خۆمان زیاترەو ناتوانین پارەی موچەو خانەنشینی و بەگەڕخستنیش كەم بكەینەوە بۆیە مەجبورین پارەی وەزارەتەكان كەم بكەینەوە.


مووچەی فەرمانبەران و بەهای پێترۆل
سەبارەت بەوەی دەنگۆی ئەوە هەیە موچەی فەرمانبەران زیاد دەبێت بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری وتی: پێویستە ئەو لیژنانەی كە لە بەغدا بڕیاری زیادكردنی موچە دەدەن و كاری لەسەر دەكەن كەسانی پسپۆڕو شارەزابن و رەچاوی هەموو توێژەكانی كۆمەڵگا بكەن، نەك مووچەی یەكێك زیاد بكەن و یەكێكی تر كەم بێت، واتە دەبێت دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەناو ئەو پڕۆسەی زیادكردنەی موچەیە هەبێت،بەڵام هەرچەندە ئێمە ئاگاداری وردەكارییەكانی ئەمجۆرە بڕیارانە نین و نوێنەرمان لە بەغدا نییە، بەڵام پێویستە هەر بڕیارو یاسایەك لە پەرلەمانی عیراقی دەردەچێت و پەسەند دەكرێت ئەوە ئێمەش پابەندی دەبین و جێبەجێی دەكەین و هەندێك جار كە دەرماڵەیەكیش دەردەچێت دەبێت ئێمەش پابەندی بین، بۆ نموونە ئێستا ئێمە لە ساڵی 2012داین و بڕ و بەشە بودجەی ئێمە دیاریكراوە لە كاتێكدا كە دەرماڵەیەك دەردەچێت كە بە فەرمانبەرانی بدەین ئەوە دەبێت ئێمە لەهەمان ئەو بودجەیەی بۆمان دانراوە ئەو دەرماڵەیەش بدەین، گەرچی پێویستە لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری پێدانی دەرماڵەكە هەر بەپێی ئەو دەرماڵەیە حكومەتی عیراقی پارە بە ئێمە بدات بە هەمان شێوەی بودجەكە كە 17%ە، لەكاتی هەر گۆڕانكارییەكی موچە یا دەرماڵەدا. ئەوان یەك دینار بۆ ئێمە زیاد ناكەن هەر بۆیە لە كاتی زیادكردنی موچە یا پێدانی دەرماڵە كێشەمان بۆ دروست دەبێت، ئێستا مووچەی هێزی ناوخۆو پێشمەرگەو زێرەڤانی و ئاسایش زیادیكرد و مووچەكەشیان زۆر بووە، بەراورد بە مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی زۆر زیاترە. لە لایەكی ترەوە دەڵێن ئەگەری زیادبوونی مووچەی فەرمانبەران بەگشتی هەیە. بەڵام منیش وەكو ئێوە لە ڕاگەیاندنەكانەوە زانیومە، ئەگەر هاتوو ئەو بڕە نەوتەی كە رۆژانە دەڕوات 2ملیۆن و 600 هەزار بەرمیلە زیاد بكات یا نرخی یەك بەرمیل كە خەمڵاندویانە بە 85 دۆلار و زیاد بكات پاش 6 مانگی یەكەم لەو ساڵەدا ئەو كات بڕیاری ئەوە دەدرێت مووچە زیاد بكرێت. ئەمەش هەر وتەی بەغدایەو لە ڕاگەیاندنەكانەوە زانیومە، بە فەرمی هیچ شتێك نییە.


دامەزراندن لەمساڵدا
سەبارەت بە دامەزراندن لە ساڵی 2012 بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری وتی: دامەزراندن بەشێوەی ساڵی رابردوو نییە، بەڵكو لەساڵی 2012 دا 11 هەزارو 595 پلەمان داناوە بۆ دامەزراندن، ئەم كەمبوونەوەیەش لە ڕێژەی دامەزراندن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت كەمتر پێویستیان بە دامەزراندن هەیە، لەلایەكی ترەوە ئێمە هەوڵ دەدەین كەرتی تایبەت بۆ كارپێكردنی لاوان و خاوەن بڕوانامەكان كاراتر بكەین .


دامەزراندنی كارمەند بەگرێبەست
سەبارەت بەوەی سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو كارمەندو فەرمانبەرانەمان هەیە خەڵكی تر بەگرێبەست لە وەزارەت و دامودەزگاكانی تر حكومەت دادەمەزرێن بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری وتی: گرێبەست بەپێی یاساو ڕێنمایی دیاریكراو دەكرێت ئەوەش بۆ ئەوەی ئەگەر كارمەندێك یا پسپۆڕییەكت پێویست بێت و لە لای خۆت نەتبێت و بە دامەزراندنیش دەستت نەكەوێت ئەوە گرێبەست لەو كاتە لەگەڵ ئەو كەسە یا ئەو پسپۆراتییە دەبەسترێت، ئەوەش بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە شەش یا ساڵێكە، هەر كاتێك ماوەی گرێبەستەكەی تەواو دەبێت ئەوە ئیش لەگەڵ ئەو كەسە نامێنێت و نابێت سەرەڕای ئەو هەموو كارمەندەی خۆمان بچین كارمەند بە گرێبەست بێنین.


كارمەندو ئامێری زۆرمان هەیە كەچی هەموو پرۆژەیەك دەدرێتە كەرتی تایبەت
سەبارەت بەوە كە هەندێ وەزارەت ئەندازیارو ئالییەت و كارگەیەكی زۆریان هەیە كەچی زۆربەی پڕۆژەكانیان لە لایەن كەرتی تایبەت و كۆمپانیای لاوازو كەم ئەزموونەكان جێبەجێ دەكرێت بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری وتی: ناكرێت هەموو كارو پڕۆژەكان بدرێت بە كەرتی تایبەت لەكاتێكدا خۆمان ئەو هەموو ئامێرو كارگەو كارمەندو ئەندازیارانەمان هەیە، هەركاتێك لەتوانای بەڕێوەبەرایەتیەكانماندا نەبوو كارو پرۆژە بكەن ئەوكات دەدرێتە كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان.


پێدانی 100 مووچە بۆ فەرمانبەران هەر قسەیە
سەبارەت بەو 100 مووچەیەی كە باس دەكرێت بدرێتە فەرمانبەران لەلایەن بانكی رافیدەین و رەشیدی عێراقی بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری وتی:دوو ساڵە بەرپرسانی حكومەتی فیدرالی عێراق باس لەوە دەكەن كە گوایە ئامادەن بێنە كوردستان و لقەكانی بانكی رافیدەین و رەشید لە كوردستان بكەنەوەو پارە بەقەرز بدەنە فەرمانبەران، لەو كاتەی كە وەزیری دارایی عێراق هاتە هەولێر راستەوخۆ ئێمە ئامادەباشی خۆمان پیشاندا گەربێتوو ئەو بانكانە لەهەرێمی كوردستان بكەنەوە، ئەوا ئێمە هاوكاریی پێویستیان دەكەین و ئەو باڵەخانانەی بۆ بانكەكان دەیگرن با لەسەر حیسابی ئێمە بێت و كەفالەتی فەرمانبەرانی خۆشمان دەكەین بۆ گێڕانەوەی قەرزەكە، چونكە ئەوان بڕە پارەیەكی زۆریان لەژێر دەستدایەو دەیانەوێت بیبەنە دەرەوەی عیراق وەبەرهێنانی پێ بكەن، بۆیە ئێمە بە باشمانزانی بیهێنینە كوردستان یا بەلایەنی كەم لە5%ی ئەو بڕە پارەیە بە قەرز بە ئێمەی بدەن و من بۆ ئەو پارەیەش هەوڵمداوەو داوامكردووەو نووسراویشم كردووە ئەگەر لە 5% لەو پارەی لە ژێر دەستی ئەو دوو بانكەدایە بە قەرز بە ئێمەی بدەن لە ڕێگای هەردوو بانكی خۆیان كە لقیان لە كوردستان بكەنەوە بۆ ئەوەی چەندین كارو ئیش و پڕۆژە هەیە بەو پارەیە ئەنجامی بدەین، بەڵام ئەوانە تەنیا قسەیە دەیكەن و نایەن و كەیفیان بە میللەتی كوردو هەرێمی كوردستان نایەت و چاویان بە هەرێمی كوردستان هەڵنایەت. ئەوان بەس بۆ ڕاگەیاندن دەڵێن 100 مووچە دەدەین و لە هەقیقەتە بەرامبەر ئێمە وانییە و منیش حەز دەكەم 100مووچە بە فەرمانبەرانی خۆمان بدەم، بەڵام ئەوان لە بانكی ناوەندی لە بەغدا 60ملیار دۆلاریان لەبەر دەستیاندایە كەچی نایەنەوێت خەڵكی هەرێمی كوردستان سوود لەو بڕە پارە زۆرە وەربگرێت.


پێشینەی خانووبەرەو هاوسەرگیری و قەرزی كشتوكاڵی
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی كە تاكو ئێستاكە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە پێشینەی خانوبەرەو هاوسەرگیری و قەرزی كشتوكاڵی لێی سوودمەندبوون، بریكاری وەزیری دارایی و ئابووری وتی: پێشینەی خانووبەرە تا 31/12/2011لە هەر دوو پارێزگای هەولێرو دهۆكەوە بۆ سەنتەری شارو دەرەوەی شار بۆ هەموو توێژەكانی ئەو شارانە 957ملیار دینار دراوە و60هەزارو500كەس لێی سوودمەندبوون و لە بانكی كشتوكاڵی لە سنووری پارێزگای هەولێرو دهۆك 75ملیاردینار بە جوتیاران دراوە و ئەوانەی لێی سوودمەندبوون 3هەزارو 133كەسە و لەبواری پێشینەی هاوسەرگیری تا ئێستاكە 87هەزارو906 كەس سوودمەندبوون و ئەو پێشینانەش لە ساڵی تازەشدا هەر بەردەوامن.
Top