لە فایدە 500 خانوو تاپۆیان نییەو كێشەی كوژاندنەوەی زەویش هەیە

لە فایدە 500 خانوو تاپۆیان نییەو كێشەی كوژاندنەوەی زەویش هەیە
لەدوای ئەوەی دهۆك بوو بە پارێزگاو سێمیل كرا بە قەزا؛ فایدەش لە ساڵی 1978بوو بە یەكێك لە ناحیەكانی سەر بە قەزای سێمیل، لەپاشان بۆ ماوەی 10ساڵ سەنتەری ناحیەی فایدەو چەند گوندێكی مەسیحی سنوورەكە كە ڕووبەری زەوییەكانیان 25هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیەو لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە كرا بە سەربازگە. ئەم ناحیەیە نزیكەی 40گوندی مەسیحی و ئێزیدی و موسڵمان لە خۆدەگرێت و چوار گوندیش هەر لە كۆنەوە عەرەبن، بەڵام لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا جگە لە چوار گوندە عەرەبەكە هەر هەموو سنوورەكە تەعریب كراو دانیشتووانەكەشی بۆ كۆمەڵگا زۆرەملێیەكان ڕاگوازران. لە دوای ساڵی 1991بەشێكی ئەو سنوورە هەر لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسیدا مایەوە، تا پرۆسەی ڕووخانی رژێمی بەعس.

ئێستا ژمارەی دانیشتووانی فایدەو سنوورەكە بەگشتی 65هەزارو986كەسە، دانیشتووانی سنوورەكە بەتایبەتی گوندەكان بەكاری كشتوكاڵییەوە خەریكن. ناحیەی فایدە كەوتۆتە سەر ڕێگایەكی سەرەكی ستراتیژی ئەویش بە ڕێگای موسڵ – دیاربەكرە نلسراوەو ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر لۆری و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پێدا تێپەڕدەبێت، هەرچەندە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی پارێزگای دهۆكەوە كارو پڕۆژە بۆ ناحیەی فایدەو سنوورەكە كراوە، بەڵام لە بوارە خزمەتگوزارییەكان كەموكوڕی و كێشە و گرفتێكی زۆر بەدی دەكرێت.
تیمی(گۆڤاری گوڵان) سەردانی ناحیەی فایدەی كردو لە نزیكەوە چەند هاووڵاتییەكمان دواند كە گلەییان لە بواری خزمەتگوزارییەكانی ئاو و ئاوەڕۆو شارەوانی و پەروەردەو تەندروستی هەبوو، ئەو گلەیی و داواكارییانەی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی ترمان لە(قادر یاسین) بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە كرد، لەم ڕاپۆرتەدا پوختەی وەڵامەكان دەخەینەڕوو.

فایدە كەوتۆتە ناو ماستەرپلانی دهۆك
سەبارەت بە ماستەرپلانی فایدە كە یەكێكە لەو كارانەی كە بۆ هەموو شارو شارۆچكەیەك لەكاتی گەورەبوون و گەشەكردن و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان پێویستێتی، بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە وتی: سەنتەری ناحیەی فایدە 18كیلۆمەتر لە شاری دهۆكەوە دوورەو شارەكە بەرەو سەنتەری ناحیەی فایدە گەورەو درێژبۆتەوە هەر بۆیە سەنتەری ناحیەی فایدە ئێستاكە لە ناو ماستەرپلانی شاری دهۆكدایەو لە دۆمیزەوە سەیری بكەین دەبینین كارو پڕۆژەی باش لەسەر بنەمای ماستەرپلانەكە ئەنجام دراوە.

بەڵام حكومەتی عیراقی ئەوسا فایدەی لە ساڵی 1994 خستۆتە سەر ئیدارەی موسڵ و تا ئێستاكەش هەر لە لایەن ئیدارەی موسڵەوە بەپێی ئەو كات مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەكەن و لەڕووی تەرخانكردنی بودجەشەوە هەر حیسابی بەپێی ژمارەی دانیشتووانی كۆنی سنوورەكە بۆ دەكەن كە خرابووە سەر قەزای تلكێف، واتە بەپێی بیتاقەی ئازووقەی پێش ئازادی عیراق كە ئەو كات ژمارەی دانیشتووانەكەی 11هەزار كەس بووە، بۆیە ئەو بودجەیەی كە لەماوەی ساڵێك بۆ فایدە تەرخان دەكرێت لە لایەن ئیدارەی موسڵەوە ناتوانرێت قوتابخانەیەكی شەش پۆلیشی پێ دروست بكەین، هەروەها تا ئێستا كێشەی كوژاندنەوەی زەویمان هەیەو هەرچەندە شارەوانی و پارێزگای دهۆك زۆر كارو هەوڵی بۆ داوین تا چارەسەری ئەو كێشەیە بكات، هەروەها تەنیا لە ناو سەنتەری ناحیەدا زیاتر لە 500خانوو تاپۆیان نییە و كێشەی زەویوزاری ئەو گوندانەشمان ماوە كە عەرەب تێیدا نیشتەجێن، چونكە ئەو زەویانەش هی مەلاكەكانی مەسیحیەكانەو لەلایان عەرەبەوە بەكاردەهێنرێت، هاوكات گوندەكانی گرێپانێ كە ئێزیدین ئەوانە هەر بە ماستەرپلانەكەش رازی نین و لەسەر بڕی قەرەبووەكەش كێشەیان هەیەو دەڵێن لە 3% كەمەو دەبێت زیاتر بێت.


گوندەكانی سنوورەكە كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە
سەبارەت بە گرفتی ئاوی خواردنەوە بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە وتی: كێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەیە، بەتایبەتی لەناو هەندێك لە گوندەكان كە هەرچەندە بیریان بۆ هەڵدەكەنین ئاوەكەی بۆنی ناخۆشەو نەوتییەو ناتوانرێت بۆ خواردنەوە بەكاربهێنرێت، بۆیە لە گوندی دیكەی نزیك خۆیان بیریان بۆ لێدەدەین و لەپاشان بە بۆری ئاوەكەیان بۆ ڕایدەكێشین، هەروەها لەسەنتەری ناحیەكەش لە ساڵانی تر كێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەبووە بەتایبەتی لە دوو سێ گەڕەك، بەڵام ئەو كێشانەمان چارەسەركردووەو ئێستاكە هەر هەموو سەنتەری ناحیە ئاوی باشەو لە هەر كاتێكیش هەست بكرێت لە گەڕەكێك بەتایبەتی گەڕەكە تازەكان گرفتی كەمئاوی ڕوودەدات ئەوە دەمودەست لە ڕێگای بیری ئاوی خواردنەوەوە بۆیان چارەسەر دەكەین، هەروەها لە پرۆژەی ئاوی دهۆك بۆریەك بۆ فایدە ڕاكێشراوە، لەلایەكی ترەوە چونكە فایدە لە ناو ماستەرپلانی دهۆكدایە ئیدارەی پارێزگای دهۆك زۆر بە وردی بەدواداچوونی لەسەر ئەو شوێنە هەیە، ئەگەر سەیری ناوچەی دۆمیز بكەین دەبینین لەسەر شێوازێكی زۆر جوان و پێشكەوتوو كاری بۆ دەكرێت و چەندین باڵەخانەی بۆ ئیدارەكانی شاری دهۆكی تێدا دروستكراوە.

شارەوانی فایدە پلە دووە
سەبارەت بەشارەوانی بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە وتی: فایدە سەرۆكایەتی شارەوانی هەیەو چەندین كاری باشیان كردووەو زۆر كارو پێداویستیش ماوە جێبەجێی بكەن و كێشەی شارەوانی ئێمە ئەوەیە پلە دووە، ئەو پلەیەش بودجەی كەمەو توانای كارو ئیشەكانیشی بە پێی پارەكەی دیاریكراوە، بۆیە ناتوانێت بەسەر هەموو كارو ئەو ئیشانەدا زاڵ بێت كە ناحیەكە پێویستیەتی، پێویستە شارەوانی فایدە بكرێتە پلە یەك و بەپێی ئەو كاولكاریەی بەسەری هاتووە بودجەكەی بۆ زیاد بكرێت، یا بەپێی ئەو بەرفراوانییەی كە ئێستاكە ڕووی تێكردووەو دەبێت بە بەشێك لە شاری دهۆك. هەروەها گفتوگۆیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك هەبوو بۆ ئەوەی فایدە بە سەنتەری شارەوانی دهۆكەوە ببەسترێتەوە، لێرەدا دووبارە داواكارین كە ناحیەی فایدە بە سەنتەری شارەوانی دهۆك ببەسترێتەوە.

هەروەها بواری پاككردنەوەو خۆ رزگاركردن لە زبڵ وخاشاك لەناو سەنتەری ناحیەكە ماوەی ساڵێك پێش ئێستا زۆر خراپ و بێ سەروبەر بوو، داوامان لە پارێزگای دهۆك كرد تاوەكو كۆكردنەوەو فڕێدانی زبڵوخاشاكی سەنتەری ناحیەی فایدە بدرێت بە كەرتی تایبەت و كۆمپانیا و لە پاشان ڕەزامەندی لەسەر ئەو داواكاریەمان دراوو ئێستاكە پاككردنەوەو خۆرزگاركردنی زبڵوخاشاكەكەی بە كۆمپانیادراوە.
بەڵام لە بارەی قیڕتاوو كۆنكرێت كردنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو گەڕەكەكان سەنتەری ناحیەكە ڕێژەیەكی زۆر دەتوانم بڵێم لە 80%ی كۆڵان و شەقامەكانی ناو گەڕەكەكان قیڕتاو و كۆنكرێت كراون، بەڵام ئەو گەڕەكانەی دەكەوێت دۆمیز لەبەر ئەوەی پێشتر سەربازگا بووەو ماوەی چەند ساڵێكە دەست بە ئاوەدانكردنەوەی كراوە بەشی زۆری قیڕتاو و كۆنكرێت نەكراوەو لەم شوێنانەش خەڵكی ئاوارەی زۆر تێدایە كە لە شاری موسڵەوە هاتن كە ژمارەیان نزیكەی 1500 خێزان دەبن و ئەو ئاوارانەش لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بوونەتە بارگرانی لەسەر یەكەی ئیدارەی ناحیەكەمان بە تایبەتی لە بواری ئاو و پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی تری شارەوانی دا. بەڵام شارەوانی دهۆك ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بودجەی باشیان بۆ تەرخانكردووە بۆ ئەوەی گەڕەكەكان بەشێوەیەكی سەردەمیانە دەركەون و كێشە خزمەتگوزارییەكانیان بۆ چارەسەر بكەن، هەر ئێستا چەندین پڕۆژەی شەقام و كۆڵان لە ژێر جێبەجێكردندایە.

نەبوونی ئاوەڕۆ یەكێكە لە كێشەكانی فایدە
سەبارەت بە ئاوەڕۆ كە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی هەموو شارو شارۆچكەیەك بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە وتی: هەڵكەوتەی ناحیەی فایدە بە بەشی لای دۆمیزیشەوە گەورەترین كێشەیە بۆ ڕۆیشتی ئاوی باران و ئاوەڕۆ، هەر بۆیە لە لایەنی ئاوەڕۆوە گرفتمان زۆرە، بۆیە پێویستە پڕۆژەیەكی گەورەو ستراتیژی ئاوەڕۆ بۆ سەنتەری ناحیەو بەشی دۆمیز كە سەربازگە بووە دروست بكەن، هەر لەبەر نەبوونی ئاوەڕۆشە كە زۆربەی گەڕەك و شوێن و كۆڵانەكان قیڕتاو كۆنكرێت ناكرێت. هەر كاتێكیش ئاوەڕۆ بۆ ناحیەی فایدە بكرێت دەبێت سندوقی و تیرە گەورە بێت، ئەمەش بودجەو تێچووی زۆر دەوێت.

بنكەی تەندروستی تایپ(C )ە پێویستیان بە نەخۆشخانەیەكی100تەختی هەیە
سەبارەت بەكەرتی تەندروستی بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە وتی: لە ڕاستیدا ئێمە كێشەی زۆر و بەرچاومان لە كەرتی تەندروستی هەیە، چونكە هەر دوو بنكەی تەندروستی ناو سەنتەری ناحیەی فایدەو دۆمیز سەرەتایی و تایپ (C)ن و سەر بە قەزای تلكێف و ئیدارەی موسڵەو لە شاریا بنكەیەكی تری تەندروستی هەیە سەر بە دهۆكەو ئەو بنكەیەش هەر سەرەتایی و بچووكە بەپێی پێویستی و سەردانی نەخۆش نییەو ئاستی خزمەتكردنی هەر سێ بنكە نزمە و بەپێی ژمارەی دانیشتووانەكە نییە و خەڵكی بە تایبەتی نەخۆش زۆر گلەیی و گازندەیان هەیەو پزیشكی پسپۆڕو ئافرەتان و نەشتەرگەریمان نییەو داودەرمان كەمەو زۆربەی پشكنینەكانیان نییە، بۆیە چەندین جار داوامان لە لایەن پێوەندار لە حكومەتی هەرێم و پارێزگای دهۆك كردووە كە نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخی سەد قەرەوێڵەییمان بۆ دروست بكەن، لەبەر ئەوەی قەرەباڵغییەكی زۆر لەسەر ناحیەی فایدە هەیە.


كێشەی بینایەی قوتابخانەیان هەیە
سەبارەت بە بواری پەروەردەو كێشەی بینایەو میلاكات بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە وتی: ئێمە لەناحیەی فایدەو سنوورەكەی كێشەی پەروەردەمان هەیەو لەسنوورەكەدا دوو پەروەردەمان هەیە، یەكێكیان لەسەر قەزای تلكێفە كە خوێندنی عەرەبییەو دووەمیان سەر بە دهۆكە كە خوێندنی كوردییە، بۆ خوێندنی عەرەبی 10 قوتابخانەمان هەیە، بەڵام ئەو قوتابخانانە هەرچەندە عەرەبین، لەلایەن ئیدارەی قەزای تلكێف و موسڵەوە هاوكاری ناكرێن و ئەركی زیاتریان لەسەر دهۆكەو كێشەمان لەكەمی بینایەی قوتابخانەدا هەیە بە تایبەتی لە سەربازگە كە دەكاتە دۆمیز و ئەمساڵ دوو قوتابخانەی بۆ دەرچوو بوو، گەرچی تا ئێستا دەست بە جێبەجێكردنیان نەكراوە، هاوكات كێشەیەكی ترمان هەیە ئەو قوتابیانەی كە خوێندنی عەرەبی تەواو دەكەن لە زانكۆكانی دهۆك و كوردستان وەرناگیرێن هەرچەندە زۆربەشیان كوردن. بەڵام سروشتی ناوچەكە وای كردووە بە عەرەبی بخوێنن و كاریگەری تەعریبیش لەسەر ناوچەكە هەر ماوەو دیارە.


شوێنی كارگەكان نەگونجاو خراپە
سەبارەت بەو كارگانەی لە نزیك سەنتەری ناحیەكە هەیەو تا چەند هۆكاری پیسبوونی ژینگەن و بۆ لەم شوێنە دانراون بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە وتی: ئەو كارگانەی لەو شوێنە دانراون هەڵەیەكی گەورەیە لەبەر ئەوەی سیمای سەنتەری ناحیەكەی ناشیرین كردووەو هۆكارێكی سەرەكی پیسبوونی ژینگەی ناحیەو سنوورەكەن و لە ساڵی 2003 تازە عیراق ئازادكرابوو ئیدارە لێرە زۆر بەهێز نەبوو بۆیە ئەو خاوەن كارگانە ئەو دەرفەتەیان قۆزتۆتەوەو ئەو كەسانەی كە واسیتەیان هەبووە توانیویانە ئەو كارگانە بەكاتیی لێرە دابمەزرێنن و وەكو یاساو ڕێنمایی دەتوانین كە گرێبەستیان تەواو بێت بۆیان تازە نەكرێتەوە، بەڵام لەلایەكی تر كەسێك ماوەی چەند ساڵە كارگەی لێرەداناوە ناكرێت لە كارو ئیشی بكەین و ئەگەر زەویی و شوێنیشیان بۆ دابین بكەین هەر داوای قەرەبووش دەكەن. لەلایەكی ترەوە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار زۆر بەكەمی سوودیان لێ وەرگیراوە، لەبەر ئەوەی زۆربەیان كارگەی بلۆكن ئەو كارگانەش كرێكارو كارمەندی كەم دەوێت لەو كاتەشدا خاوەن كار كەس و نزیكی خۆیان كار پێ دەكەن. هەروەها ئەو خاوەن كارگانە هیچ هاوكاری كارو پرۆژەیەكی بچوكیشیان بۆ ناحیەو سنوورەكە ئەنجام نەداوە.


سایلۆی فایدە سەر بە بەغدایە
سەبارەت بە كەرتی كشتوكاڵی و پڕۆژە و هاوكاری وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ جوتیارانی ئەو سنوورەو برەودان بەو كەرتەو كێشەو گرفتەكانی سایلۆكەی فایدە بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە وتی: ساڵی ڕابردوو داهات زۆربوو و سنووری تەلكێف و ئەلقوشیش داوایان لە ئیدارەی دهۆك كرد كە بەرهەمی گەنم و جۆی خۆیان بێنە سایلۆی فایدە، لەبەر ئەوەی سایلۆكانی سنووری موسڵ مەترسی لەسەرە ناتوانن ئەو برا مەسیحی و ئێزیدیانە هاتوچۆی بۆ بكەن و لە لایەكی ترەوە سنووری فایدە وەكو ناوچە دابڕێنراوەكان سەیر دەكرێت لە لایەن حكومەتی عیراق و ئیدارەی موسڵ و ئەو سایلۆیەش تا ئێستا لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە بەغدایە لەبەر ئەم هۆكارانە بارگرانی و قەرەباڵغییەكی زۆر كەوتە سەر سایلوی فایدە و سایلۆكەش توانایی ئەو بڕە زۆرەی داهاتەكەی نەبوو هەر بۆیە لە حەوشەی سایلۆیەكە بە شێوەی كاتی ئەو گەنمە وەرگیراوەو بۆ پاراستنیشی بە شێوەیەكی گونجاو زانستی داپۆشراوەو پارێزگاری لێ دەكرێت، لە بواری كشتوكاڵی كار بۆ سنوورەكە بە پێی پێویست نەكراوەو هیچ پڕۆژەیەكی ئاودێریش لە سنوورەكەدا نییە. بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان كارگەیەكی خاوێن كردنەوەی دانەوێڵەی بەتایبەتی بۆ گەنم لە سنووری ناحیەی فایدە دامەزراندوە كە سوودێكی زۆری بۆ جووتیارانی سنوورەكە هەیە.


بۆ دۆزینەوەی هەلی كار پشت بە شاری دهۆك دەبەستن
سەبارەت بە دۆزینەوەی هەلی كار بەتایبەتی بۆ لاوان بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە وتی: سنووری فایدە زیاتر كشتوكاڵییە هەر بۆیە هەندێك كەس لە كاری كشتوكاڵی كار دەكەن، بەڵام ئێمە زیاتر بۆ كاركردن و دۆزینەوەی هەلی كار پشت بەشاری دهۆك دەبەستین بە تایبەتی ئەو كەس و خێزانانەی ئاوارەن كە لە شاری موسڵ و شارەكانی تری عیراق هاتوونەتە فایدە بۆ كاركردن ڕوو لە شاری دهۆك دەكەن، ژمارەیەكی زۆر خەڵكی سەنتەری ناحیەو سنوورەكەش هەر لە دهۆك خەریكی كارو پیشەن.
Top