چه‌می رێزان.. یه‌ك بنكه‌ی ته‌ندروستی هه‌یه و، گونده‌كانیش كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌یان هه‌یه
January 14, 2012
راپۆرتەکان
چه‌می رێزان سه‌ر به‌ناحیه‌ی پیره‌مه‌گروونه له‌پارێزگای سلێمانی و به ناوچه‌یه‌كی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و گه‌شتیاریی گرنگ داده‌نرێت كه‌چه‌ندین ئه‌شكه‌وتی گرنگ و شوێنه‌واری كۆنی تێدایه، ئه‌م ناوچه‌یه گونده‌كانی (دولكان و كله‌باش و عیسا به‌گی و زه‌رزی و كانی هه‌نجیر و عه‌واڵان و قۆچبڵاخ) له‌خۆ ده‌گرێت، پێشتر ژماره‌ی خێزانه‌كانی هه‌ر گوندێك 50 خێزان بوو، به‌لاَم ئێستاكه ژماره‌ی دانیشتووانی گونده‌كان كه‌مبۆته‌وه به‌راده‌یه‌ك سه‌رجه‌م دانیشتووانی گونده‌كان بۆ 70-80 خێزان كه‌مبۆته‌وه ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و شالاَوی وێرانكردن و ئه‌نفال و هێرشی كیمیاییه ده‌گه‌رِێته‌وه كه له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو رژێمی به‌عس ده‌رهه‌ق به‌دانیشتووانی گونده‌كانی چه‌می رِێزان ئه‌نجامی دا ، به‌هۆی ئه‌و رۆڵه‌ی كه دانیشتووانی ئه‌م ناوچه‌یه بینیویانه له‌بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان.
رِووبه‌ری ئه‌م سنووره كه چه‌ند هه‌زار دۆنمێك ده‌بێت به ته‌واوی ئاوه‌دان نه‌كراوه‌ته‌وه و دانیشتووانه‌كه‌ی گله‌یی و رِه‌خنه‌یه‌كی زۆریان هه‌یه به تایبه‌تی له‌باره‌ی نه‌بوونی پرِۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان و فه‌رامۆشكردنی ئاستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری .
تیمی گۆڤاری (گوڵان) چه‌می رِێزان و گونده‌كانی سنووره‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌و چه‌ند هاووڵاتییه‌كی ئه‌و سنووره‌ی دواند، كه چه‌ندین داواكاریان هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی ئاودێری و كشتوكاڵی و ئاوی خواردنه‌وه و رِێگاوبان ، هاوكات باسیان له نه‌بوونی بنكه‌ی ته‌ندروستی و قوتابخانه له گونده‌كان و سنووره‌كه كرد، ئه‌م گله‌یی و داواكاریانه‌ی هاوولاَتیان و چه‌ند پرسیاری تریشمان ئارِاسته‌ی (عه‌دنان كاكه‌رِه‌ش)به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون كرد، كه لێره‌دا له وه‌ڵامی پرسیاره‌كاندا ئه‌م رِاپۆرته ده‌خه‌ینه‌رِوو.
ناوچه‌یه‌كی شوێنه‌وارو گه‌شتوگوزاریی
له سنووری چه‌می رِێزان چه‌ندین ئه‌شكه‌وت و شوێنه‌وارێكی گرنگی مێژوویی لێیه‌و شوێنێكی گه‌شت و گوزاری به‌ناوبانگه، به‌ڵام له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه گرنگی پێ نه‌دراوه‌و بووه‌ته هۆی كۆچكردنی گوندنشینه‌كان؛ له‌مباره‌یه‌وه به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون وتی: هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیای چه‌می رِێزان وا هه‌ڵكه‌وتووه كه كشتوكاڵی سروشتی تێدا بێت ، بۆیه هه‌ر له‌سه‌رده‌مه كۆنه‌كانه‌وه مرۆڤ په‌نای بۆ ئه‌م ناوچه‌یه بردووه‌و تێیدا ژیاوه، بوونی چه‌ندین شوێنه‌واری گرنگیش به‌ڵگه‌یه‌كن بۆ گرنگی ئه‌م ناوچه‌یه، گرنگترین ئه‌شكه‌وت و شوێنه‌واره‌كانیشی بریتین له( ئه‌شكه‌وته‌كانی زه‌رزیی و قزقاپان و كورِوكچ و قه‌لاَی جولندی)، كه پێ ده‌چێت قه‌لاَی جولندی سه‌ربازگه‌یه‌كی سه‌رده‌می ئه‌خمینیه‌كان بێت و تا سه‌رده‌می ساسانیه‌كانیش هه‌ر سه‌ربازگه بووه، هه‌روه‌ها ئه‌شكه‌وتی قزقاپان كه مرۆڤی كۆنی تێدا ژیاوه‌و چه‌ندین دینگه‌و ستوونی ده‌ستكردی تێدایه كه به نه‌خشی كۆنی یۆنانی و رِۆمانی نه‌خشێنراوه و بنمیچی ئه‌شكه‌وته‌كه به شێوه‌یه‌كی وا دارِێژكراوه‌و نه‌خشێنراوه كه ئه‌مه‌ش ته‌نیا له ناو میلله‌تی كورد هه‌بووه، هه‌ر له‌ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌ش دا چه‌ند په‌یكه‌رێكی داتاشراو هه‌یه كه ئاماژه به‌خوداوه‌ندی ئه‌هریمه‌ن و عه‌شتار ده‌كات، هه‌روه‌ها گۆرِێكیش له ناوه‌رِاستی ئه‌و ئه‌شكه‌وته هه‌یه كه به‌پێی هه‌ندێك لێكۆڵینه‌وه‌ی شوێنه‌وارناسی وا ده‌رده‌خه‌ن گۆرِی(كه‌ی خه‌سره‌و)بێت، شوێنه‌واره‌كانی ئه‌و چه‌مه زۆر كۆن و گرنگه بۆ ئێمه‌چ له رِووی گه‌شتوگوزاری چ له لایه‌نی مێژووییه‌وه، به‌ڵام تا ئێستاكه كار‌و پرِۆژه‌یه‌كی وا بۆ ئه‌و شوێنه‌وارانه نه‌كراوه كه شایانی باسكردن بێت، ده‌توانین بڵێین له لایه‌نی پێوه‌نداره‌وه فه‌رامۆش كراوه. هاوكات له لایه‌نی گه‌شتوگوزاری وه‌زاره‌ت و لایه‌نی پێوه‌ندار هیچ پرِۆژه‌یه‌كیان له‌و شوێنه‌دا نه‌كردووه، ته‌نیا له نزیك باڤله‌كه‌وه شوێنێكی حه‌وانه‌وه‌و گه‌شتوگوزاری تێدا ئه‌نجامدراوه كه ساڵانه له زۆر شار‌و شوێنه‌وه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان و عێراقه‌وه خه‌ڵك رِووی تێده‌كات، به‌ڵام به پێی پێویست ئه‌گه‌ر بێتوو كار‌و پرِۆژه‌ی گه‌شتوگوزاری بۆ ئه‌و شوێن و سنووره بكرێت ئه‌وه له ماوه‌ی دوو سێ ساڵ پێشكه‌وتن و بووژاندنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌و به‌رچاو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، چونكه تۆبۆگرافیای سنووره‌كه‌و جوانی شاخ و چیا‌و دۆڵ و چه‌مه‌كه زۆر سه‌رنج رِاكێشه و وا ده‌كات مرۆڤ ئاسووده بێت و رِۆژ و كاتی تێدا بباته سه‌ر، به‌ڵام به‌داخه‌وه گرنگی به‌م شوێنه نه‌دراوه‌و هه‌ر بۆیه خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ش به‌ده‌گمه‌ن بۆ گونده‌كانیان گه‌رِاونه‌ته‌وه. چونكه ده‌سكه‌وتنی بژێوی ژیان ئێستا تێیدا زۆر قورس و زه‌حمه‌ته، سه‌ره‌رِای نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان.
هیچ پرۆژه‌یه‌كی ئاودێری بۆ نه‌كراوه
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه سنوورێكی كشتوكاڵی ئاژه‌ڵدارییه‌و كه‌موكورِییه‌كی زۆر له‌م دوو بواره‌دا هه‌یه به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون وتی: سنووری چه‌می رِێزان رِه‌زوباخی سروشتی لێیه‌و یه‌كێك له‌و میوانه‌ی كه‌زۆر باش و به‌ناوبانگه هه‌ناره، له چه‌می رِێزان كاری مه‌ره‌زه‌و جۆری تری كشتوكاڵی ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رِابردوو له‌به‌ر كه‌م شاره‌زایی گه‌شتیاران له‌وه‌رزی سه‌یراندا چه‌مه‌كه ئاگری تێبه‌ربوو و دار‌و دره‌خت و رِه‌زی چه‌مه‌كه به‌ته‌واوی سووتاوه، هه‌روه‌ها له كاتی ئه‌نفاله‌كاندا ئه‌و چه‌مه به هه‌موو دار‌و دره‌خته‌كانیه‌وه له لایه‌ن به‌عسه‌وه سووتێنران، ئێستاكه چرِی چه‌مه‌كه زۆر كه‌م بۆته‌وه، ئه‌وه‌ش زیانێكی گه‌وره‌بوو بۆ خه‌ڵكی سنووره‌كه، چونكه رِه‌زی هه‌نارو ترێ و گوێزی زۆری هه‌بووه و به‌شی زۆری له ناوچووه. له‌سنووری چه‌می رێزان ته‌نیا له‌ناو ئه‌و به‌شه‌ی سه‌یرانگه‌كه‌وه پرۆژه‌ی ئاودێری هه‌یه، جگه له‌مه له‌هه‌موو سنووره‌كه‌دا هیچ پرۆژه‌یه‌كی ئاودێری بۆ نه‌كراوه، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان هیچ كار‌و پرۆژه‌یه‌كیان له‌سنووره‌كه جێبه‌جێ نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌ماكانی كه‌رتی كشتوكاڵ له‌و سنووره ببوژێته‌وه. هه‌روه‌ها له‌سنووره‌كه‌دا چه‌ندین شوێن هه‌یه كه ده‌ست ده‌دات بۆ دروستكردنی به‌نداو، هه‌ر بۆیه ئێستاكه برِیاره له دوو شوێن به‌نداو دروست بكرێت، شوێنه‌كانیش بریتین له دوواوان كه ئێستا له قۆناغی جێبه‌جێكردندایه، هه‌روه‌ها به‌نداوه‌كه‌ی تر كه‌ڵه‌باش گه‌وره‌تره‌و ده‌كه‌وێته خواركه‌ڵه‌باشه‌وه له‌سه‌روو گوندی زه‌رزییه‌وه، به‌لاَم ئه‌م به‌نداوه نه‌كه‌وتۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه زۆربه‌ی دانیشتووانی گونده‌كان سه‌رقاڵی به‌خێوكردنی مه‌رِومالاَتن به‌لاَم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گرنگی به بنكه‌ی به‌یته‌رییه‌و پرِۆژه‌كانی تری ئاژه‌ڵداری نه‌دراوه، بۆیه دامه‌زراندنی بنكه‌یه‌كی به‌یته‌ری له‌م ناوچه‌یه پێویسته.
كێشه‌ی رِێگاوبان هه‌یه
سه‌باره‌ت به‌رِێگاوبان به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون وتی: له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌می رِێزان ناوچه‌یه‌كی شاخاویی و سه‌خته بۆیه كێشه‌ی رِێگاوبانی ئه‌و سنووره هه‌یه، چونكه رِاكێشانی هه‌ر رِێگایه‌ك پێویستمان به دارِمانی شاخ و ته‌قینه‌وه‌ی تاشه‌به‌رده‌كان هه‌یه، به‌تایبه‌تی راكێشانی رِێگا بۆ گوندی كه‌ڵه‌شێرو چه‌ند گوندێكی تر ئه‌مه‌ش كارێكی قورسه‌و تێچوونێكی زۆری ده‌وێت، كێشه‌مان له رِێگاكانی چوون بۆ ئه‌شكه‌وته‌كان و شوێنه‌واره‌كانیش هه‌یه كه له‌قه‌دپاڵی چیاكانن و شوێنه‌كانیان زۆر سه‌خت و به‌رزه. هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه وایكردووه گه‌شتیاران ئاشنا نه‌بن به‌م شوێنه‌وارو ئه‌شكه‌وته گرنگانه، له‌لایه‌كی تره‌وه سنووری چه‌می رێزان به‌گشتی سوودیان له‌و رِێگایه وه‌رگرتووه كه له‌رِێگای سه‌ره‌كی پیره‌مه‌گرون - دوكان بۆ كۆتایی سه‌یرانگه‌كه ده‌چێت .
پرۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه له‌سه‌رجه‌م گونده‌كان پێویسته
پرۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی له‌كۆنه‌وه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان هه‌بووه، چه‌می رێزان گه‌رچی ناوچه‌یه‌كی ئاویی و گه‌شتوگوزارییه و سه‌رچاوه‌ی كانی و كارێزی زۆره به‌لاَم گونده‌كانیان گرفت و كێشه‌ی دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌یان هه‌یه، له‌مباره‌یه‌وه به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون وتی: هه‌موو گونده‌كانی چه‌می رێزان پرۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌یان هه‌یه، به‌لاَم به‌هۆی كه‌مبارینی باران و وشكه‌ساڵی و كۆنی پرۆژه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و گوندانه‌ی سنووری چه‌می رێزان تووشی گرفتی كه‌مئاوی هاتوون ، بۆیه پێویسته پرۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌كه‌یان بۆ تازه بكرێته‌وه، هه‌روه‌ها تۆرِی دابه‌شكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ش بگه‌یه‌نرێته ماڵه‌كانی ناو گونده‌كان، هه‌ر نه‌بوونی پرۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌یه وایكردووه گونده‌كانی ئه‌و سنووره به‌پێی پێویست ئاوه‌دان نه‌كرێنه‌وه‌و بگره به‌به‌رده‌وام دیارده‌ی كۆچكردن هه‌بێت.
له2012 چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له‌به‌رنامه‌دایه
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له ساڵی تازه‌دا چ به‌رنامه‌و پرِۆژه‌یه‌ك بۆ سنووری چه‌می رِێزان له پلانی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگای سلێمانی هه‌یه به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون وتی: برِیاره له ساڵی 2012 بۆ چه‌می رِێزان چه‌ند پرِۆژه‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێت له‌وانه چاككردن و قیرتاوكردنی تۆرِی رِێگاوبانی گونده‌كان و پرِۆژه‌ی ئاویخواردنه‌وه‌ی گونده‌كان، بۆ ئه‌و پرِۆژانه‌ش به مه‌به‌ستی ده‌رخسته‌و دانانی پلان بۆ پرِۆژه‌كان به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی رِێگاوبان و ئاوی ده‌ورووبه‌ری پارێزگای سلێمانی سه‌ردانی ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون و سنووری چه‌می رِێزانیان كرد، به‌ڵام وه‌كو ئاماژه‌م پێدا كاری رِێگاوبان له‌م سنووره له‌به‌ر شاخ و سه‌ختی زۆر زه‌حمه‌ته به تایبه‌تی دروستكردنی رِێگاوبان بۆ هه‌ندێ له گونده‌كانی ناوچه‌كه، گونده‌كانی ئه‌و سنووره هه‌ندێكیان ته‌نیا دوو سێ ماڵن هه‌ربۆیه زۆر له‌پرۆژه‌كانی رِێگاوبان له‌م ناوچه‌یه دواخراوه، چونكه شوێنی تر له ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون هه‌یه كه قه‌ره‌باڵغتره‌و زۆر پێویست تره كه پرِۆژه‌یان بۆ بكرێت هه‌ر وه‌كو هه‌ندێ گه‌رِه‌ك ناو سه‌نته‌ری ناحیه‌كه كه تا ئێستا كۆڵان و شه‌قامه‌كانیان قیرِتاو و كۆنكرێت نه‌كراون.
له‌لایه‌كی تره‌وه تا ئێستا هیچ وه‌به‌رهێنێك نه‌هاتوونه‌ته لای ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی پرِۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان له‌و سنووره ئه‌نجام بدات، ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنێكیش بیه‌وێت پرِۆژه‌یه‌ك بكات نایه‌نه لای ئێمه‌وه رِاسته‌وخۆ بۆ لای ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان یا پارێزگای سلێمانی ده‌چن و له‌كاتی دابینكردنی زه‌ویش بۆ وه‌به‌رهێن پێویست به‌وه ده‌كات قسه له‌گه‌ڵ جوتیارانی سنووره‌كه‌بكرێت و رِازیشیان بكه‌ین به تایبه‌تی سنووری چه‌می رێزان كه زه‌وییه‌كانی موڵكی خه‌ڵكی گونده‌كان و جوتیاره‌كانه‌و زه‌وی ئه‌و سنووره تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری دانراوه، ئێمه زۆر به پێویستی ده‌زانین له‌بواری گه‌شتیاری وه‌به‌رهێنه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت رِوو له‌م ناوچه‌یه بكات و پرۆژه‌ی گه‌شتیاری جۆراوجۆر ئه‌نجام بده‌ن.
كه‌موكورِی په‌روه‌رده
سه‌باره‌ت به بواری په‌روه‌رده و بوونی چه‌ندین كه‌موكورتی به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون وتی: له‌هه‌موو ئه‌و گوندانه‌ی كه له‌سنووری چه‌می رێزانن یه‌ك بینایه‌ی قوتابخانه دروست نه‌كراوه، ته‌نانه‌ت له‌و گونده‌ی كه قوتابخانه‌شی هه‌یه كێشه‌ی بینایه‌و كورسی و میلاكات و پێداویستی زۆر هه‌یه، پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رِێگای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه مشورێكی ئه‌و گوندانه بخوات كه قوتابخانه‌ی نییه چونكه خوێندن مافێكی سه‌ره‌تایی هه‌موو كه‌سێكه به‌تایبه‌تی مندالاَن، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی قوتابیان له گوندێكدا زۆر كه‌م بێت به‌لاَم پێویسته قوتابخانه‌یان به‌شێوه‌یه‌ی هاوچه‌رخ بۆ بكرێت نه‌ك ئه‌وجۆره‌ی بینایه‌ی قوتابخانانه‌ی كه ئێستا له زۆربه‌ی گونده‌كان هه‌یه‌و له ئاستێكی زۆر نزم و خراپدایه.
بنكه‌ی ته‌ندروستی نییه
سه‌باره‌ت به‌بواری ته‌ندروستی و كێشه‌و گرفته‌كانی ته‌ندروستی له‌چه‌می رێزان به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون وتی: به‌گشتی له‌م سنووره‌دا گرنگی به‌بواری ته‌ندروستی نه‌دراوه، راسته ئێستاكه ژماره‌ی ماڵه‌كان له گونده‌كان دیاریكراو‌و كه‌مه به‌لاَم رِۆژانه پێویستیان به‌پشكنین و چاره‌سه‌ركردنی پزیشكی ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سنوورێكی شاخاوی و سه‌خت و سارده، گه‌رچی ئه‌و سنووره ئێستاكه ژماره‌ی دانیشتووانی كه‌مه به‌لاَم به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی بۆی دانراوه كه سنوورێكی گه‌شتوگوزارییه پێویست به‌وه ده‌كات بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی پێشكه‌وتوو به‌هه‌موو پێداویستیه‌كانی بۆ دامه‌زرێت ئه‌وه‌ش داواكاری ئێمه‌و خه‌ڵكی سنووره‌كه‌شه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌كاتی هه‌ر رووداو‌و كاره‌ساتێك خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه روو له ناحیه‌ی پیره‌مه‌گرون و قه‌زای دوكان یا شاری سلێمانی ده‌كه‌ن و كات و خه‌رجیه‌كی زۆری ده‌وێت .
برِیاری شۆرِكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاَتی ئیداری جێبه‌جێ نه‌كراوه
له‌كۆتایی دا به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پیره‌مه‌گروون وتی: گه‌رچی له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه رێنماییه‌ك بۆ شۆرِكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاَته‌كان دابه‌زیوه به‌تایبه‌تی ده‌سه‌لاَتی ئیداریی و له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌لاَته‌ش ده‌ستنیشانكراوه مانگانه توانای خه‌رجكردنی 5 ملیۆن دینارمان هه‌بێت به‌لاَم ئه‌و برِیاره تا ئێستا كارا نه‌كراوه و جێبه‌جێ نه‌بووه ، هه‌ربۆیه ئێستا ئێمه ناتوانین ئه‌و برِه پاره‌یه‌ی دیاریكراوه خه‌رجی بكه‌ین، به‌لاَم ئێمه ده‌توانین له‌رِێگای بودجه‌كانی په‌ره‌پێدانی پارێزگا‌و وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه سالاَنه پرۆژه بۆ سنووره‌كانمان داوا بكه‌ین و بیخه‌ینه به‌رنامه‌وه تا جێبه‌جێ بكرێت. سه‌باره‌ت به‌دامه‌زراندنیش كه هه‌نگاو نراوه به‌لاَم بێ كه‌موكورِی نه‌بووه، چونكه دامه‌زراندنه‌كان به‌پێی پێداویستی ئێمه نه‌هاتۆته‌وه.