تەنیا 4 گوندی قادركەرەم تـۆڕی كارەبای بۆ چـووەو زۆربەی گوندەكانیش قوتابخانەی نییە

تەنیا 4 گوندی قادركەرەم تـۆڕی كارەبای بۆ چـووەو زۆربەی گوندەكانیش قوتابخانەی نییە
یەكێك لەكێشەكانی ناحیەكە نەبوونی ئاوەڕۆیە

ئارام مەعروف بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم بۆ(گوڵان): پردەكەی ناو ناحیەكەمان زۆر كۆنەو بەكەڵكی هاتوچۆ نەماوە و لە10تەن زیاتر هەڵناگرێت


قادركەرەم لەساڵی 1866گوند بووەو لەساڵی 1924 بۆ جاری یەكەم كراوەتە ناحیەو لەپاشان لەبەر پێویستی سنوورەكە لەساڵی 1927كراوەتە قەزا، بەڵام لەدوای 4ساڵ قەزای قادركەرەم لەساڵی 1931 كراوەتەوە بەناحیە و 53 گوند لەخۆدەگرێت كە 48 گوندی ئاوەدانكراوەتەوە و ژمارەی دانیشتوانی سنوورەكەی نزیكەی 3 هەزار كەسە، لەشاڵاوی پرۆسەی ئەنفال زیاتر لە 16هەزار كەس لەو ناحیەیەدا ئەنفالكراون و هەر هەموو گوندەكان و سەنتەری ناحیەكەش وێران و خاپووركرا، ئەو خەڵكەی لەسنوورەكەش ماوە بۆ شوێنی تر ڕاگوازراینەوە، قادركەرەم بەتایبەتی سنووری گوندی كۆڕمۆر بەكانزای نەوت و غاز دەوڵەمەندە، هەروەها خەڵكی ناوچەكە زۆربەیان بەكاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری خەریكن و ئێستاكە زیاتر لە50 هەزار سەر مەڕوبزن و ئاژەڵی تر لەو سنوورە بەخێودەكرێت، ئەم ناحیەیە تا ئێستا بەپێی پێویست كارو پڕۆژەی بۆ نەكراوە.
وەكو تیمی (گۆڤاری گوڵان) سەردانی ناحیەی قادركەرەممان كرد و چەند هاووڵاتییەكمان لەنزیكەوە دواند كە بەگشتی لەهەموو بوارەكانی خزمەتگوزاری لەسەنتەری ناحیەو سنوورەكەیان گلەیی زۆریان هەبوو و باسی ئەوەشیانكرد سەرەڕای دەوڵەمەندی سنوورەكە لەنەوت و غاز خەڵكی سنوورەكە هەژارو كەمدەرامەتن، ئەو گلەیی و گازندانەی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی ترمان لە(ئارام مەعروف) بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم كرد.
ماستەرپلانی نییە
سەبارەت بەوەی ناحیەی قادركەرەم بۆ بەرفرەوانكردن و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان پێویستیان بەماستەرپلان هەیە، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی: ناحیەی قادركەرەم ماستەرپلانی نییە، كە ئەمەش یەكێكە لەو پێویستییانەی كە لەگەورەبوون و بەرفرەوانكردنی شارۆچكەكە پشتی پێ دەبەسترێت، بەڵام ئەو پڕۆژە و خانوو گەڕەكانەی لەسەنتەری ناحیەكە دروستكراون بەشێوەیەكی وایە كاریگەری خراپ و نا ئەندازەیی لەسەر نەخشەی بنەڕەتی دروست ناكات، لەكاتی فرەوانكردنی سنووری ناحیەكە لەبەر نەكوژاندنەوەی زەوی كێشەمان دێتە پێش، لێرەدا داواكارین لەلایەنە پێوەندارەكان ئەو كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن و هەر لەبەر ئەو كێشەیەشە لەكاتی دابینكردنی زەوی بۆ پڕۆژەیەك دەبێت لێكۆڵینەوە لەسەر زەوییەكان بكەین بۆ ئەوەی بزانین بەناوی كێیەو چۆن دەتوانین تەرخانی بكەین بۆ پڕۆژەكە، ئەگەر خاوەن زەوییەكان هاوكارمان نەبن، ناتوانین سنووری شارەوانی بەرفرەوان بكەین و هیچ پڕۆژەیەكیش ئەنجام بدەین، لەبەر ئەوەی زەوییەكانی سەنتەری قادركەرەم تا ئێستا بەناوی خەڵكەكەیەو تەسویەو كوژاندنەوەیان بۆ نەكراوە.
سەبارەت بەوەی سنووری قادركەرەم كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییە و تا ئێستاش لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی، چییان بۆ كراوە و پێویستیان بەچ پڕۆژەیەك هەیە، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی: قادر كەرەم ناوچەیەكی بەرفرەوان و زۆری كشتوكاڵی هەیە، بەڵام ئەگەر سەیری خاكەكەی بكەیت دەبینی چەند وشك و بێ ئاوە و لەدوای ساڵی 1991 تا ئێستاكە لەم سنوورەدا لەلایەن حكومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ گرنگی بەبواری كشتوكاڵی نەدراوە و لەماوەی چەند ساڵی ڕابردووش وشكەساڵی و كەم بارانبارین كاریگەریەكی زۆری لەسەر ناوچەكە دروستكردووە و خەڵكی گوند و سنوورەكە نەیانتوانیوە زەویەكانیان تۆ بكەن یا ئەوەی تۆشی كردووە سوودمەند نەبووەو بەرهەمی دەست نەكوتووە، چونكە خەڵكەكە بۆ كاری كشتوكاڵی تەنیا پشت بەباران بارین دەبەستن و حكومەتی هەرێمیش پڕۆژەی ئاودێری بۆ ئەو سنوورە ئەنجام نەداوە، هەر چەندە بڕیارە لەگوندی بنەكەیە كە لەسنووری قادركەرەمە بەنداوێك دروست بكرێت و بۆ ئەو پڕۆژەیەش كەشفی شوێنەكە كراوە و بەئومێدین ئەو بەنداوە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، هاوكات لەبواری ئاژەڵداریدا ئەو سنوورە ئێستاكە ژمارەی ئاژەڵەكانی(مەڕو بزن و گاو و گۆلك و...تاد) زیاتر لە50هەزار سەر دەبێت، بەڵام ئەو لایەنەش فەرامۆشكراوە و لەلایەن حكومەتەوە هاوكاری و پاڵپشتی لەجووتیار و خاوەن ئاژەڵەكان نەكراوە، هاوكات بۆ پاراستن و كوتانی ئاژەڵەكانیش پێویستیمان بەبنكەیەكی ڤێتێنەری هەیە و ئەمساڵ لەهەڵمەتی كوتانی ئاژەڵەكاندا بنكەو پزیشكی ڤێتێنەری ناحیەی قەرەهەنجیر هاوكاری زۆر باشی سنووری ناحیەی قادركەرەمیان كرد، بۆیە داواكارین لەلایەنی بەرپرس بنكەیەكی بەیتەری لەناحیەكەمان بكەنەوە.
بەتەنكەر ئاوی خواردنەوە دابەش دەكرێت
سەبارەت بەپڕۆژەی ئاوی خواردنەوەو كێشەو گرفتەكانی ئەم بوارە، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی: یەكێك لەو كێشە گەورەو بەرچاوانەی كە لەسنوورەكەمان هەیە كێشەی ئاوی خواردنەوەیە، چونكە لەكاتێك بیری ئاوی خواردنەوە لێدەدەین تا چەند مەترێك ناگاتە ئاو و زیاتریش قوڵی دەكەین یا دەگاتە نەوت یا ئاوەكە بۆنی نەوتی لێدێت، لەو كاتەشدا ئاوەكە بەكەڵكی خواردنەوە نایەت، بەڵام ئێستا ئێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەو دابینكردنی ئاو بۆ هاووڵاتیان لەسەنتەری ناحیەو گوندەكان بەتانكەر ئاو بەسەر ماڵەكان دابەش دەكەین، لەلایەكی تر ئێستاكە بۆ سەنتەری ناحیەكە لەگوندی كۆڕمۆر پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە دەستی پێكردووە. سەبارەت بەئاوەڕۆش كە یەكێك لەكێشە بەرچاوەكانی ناحیەكە نەبوونی ئاوەڕۆیە لەهەموو گەڕەك و كۆڵانەكانیش تاكە یەك مەتریش ئاوەڕۆی نییە، ئەمەش مەترسی لەسەر پیسبوونی ژینگەكەو تەندروستی خەڵكەكە هەیە، بۆیە بەپێویستی دەزانین لایەنی بەرپرس لەم لایەنەوە ئاوڕێكی جددی لەناحیەی قادركەرەم بدەنەوە و پڕۆژەی ئاوەڕۆمان بۆ بخەنە بەرنامەوە.
فڕێدانی زبڵوخاشاك بەشێوەیەكی تەقلیدیە
سەبارەت بەكۆكردنەوە و فڕێدانی زبڵوخاشاك لەناو سەنتەری ناحیەكەدا بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی: بۆ كۆكردنەوە و فڕێدانی زبڵوخاشاك سێ ئۆتۆمبێلی كەپسمان هەیە و شارەوانی هەڵدەستێت بەپاككردنەوەو فڕێدانی زبڵوخاشاكەكە، بەڵام ئەو سیستەمەی كە تا ئێستا لەلای ئێمە بەكاردێت زۆر كۆن و تەقلیدییە و بەپێویستی دەزانین ئەو كارە بدرێت بەكۆمپانیا و بۆ خۆڕزگاركردنیش لەزبڵوخاشاكەكە كارگەیەكی ڕیسایكلین لەسنوورەكەمان دابمەزرێت.
كۆمپانیای دانا غاز
سەبارەت بەكۆمپانیای دانا غاز كە لەسنوورەكە كاردەكات تا چەند سوودیان لێ وەرگرتووە، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی: لەسنووری ناحیەی قادركەرەم لەگوندی كۆڕمۆر كۆمپانیای دانا غاز ماوەی چەند ساڵێكە كار دەكات، ئەم كۆمپانیایە یەكێكە لەكۆمپانیا زەبەلاحەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو كۆمپانیایە لەسنوورەكەی ئێمەدا جگە لەچەند هاوكاریەك و كاری بچووكدا هیچی بۆ ئێمە ئەنجام نەداوە و ئەو كارانەی بۆ سنوورەكەشی كردووە ئەوانەن. یەكەم: لەوێستگەی كارەبای كۆمپانیاكەدا كارەبای بەسەنتەری ناحیەكە داوە، دووەم: دوو سێ تانكەری بۆ دابینكردووین كە لەڕێگای ئەو تانكەرانەوە ئاو بەسەر گوندەكانی سنوورەكەمان دابەش دەكەین، سێیەم سووتەمەنی بۆ موەلیدەی گوندەكان دابینكردووە، بەڵام لەڕووی دامەزراندن و هەلی كار بۆ خەڵكی سنوورەكە هیچ سوودیان نەبووە و لەدامەزراندنیش پرس بەئێمە ناكەن. لەلایەكی تر ئێمە بۆ لایەنی ئەمنی سنوورەكە داوای ئاماری ئامێرو كرێكارو فەرمانبەرەكانمان لێكردوون، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداینەوە و دیارە ئەوەشیان فەرامۆشكردووە و نایانەوێت لەگەڵ ئێمە وەكو یەكەی ئیدارەی سنوورەكە هاوكارو هەماهەنگ بن، لەلایەكی تریش ئەو زەویانەی كاری لەسەر دەكەن بڕیاربوو هەر دۆنمێك زەوی بەملیۆنێك دینار قەرەبوو بكرێتەوە، گەرچی تا ئێستاكە ئەو بڕیارەیان جێبەجێ نەكردووە و لەم لایەنەوە غەدرێكی زۆر لەجووتیارەكان كراوە، هەروەها دەبووایە ئەو سنوورە بەهۆی ئەو كۆمپانیایەوە ببوژێتەوە و سەرچاوەیەكی بەهێزو سەرەكی ژیانی خەڵكەكە بایە، چونكە داهاتی ڕۆژانەی ئەو كۆمپانیایە یەكجار زۆرە، گەرچی تەنیا دوكەڵ و پیسی و غازی ژەهراوی بەسەر خەڵكی سنوورەكە دادەڕوات، هەر بۆیە خەڵكی سەنتەری ناحیەو سنوورەكە و ئێمەش گلەیی زۆرمان لەكۆمپانیای دانا غاز هەیە.
هیچ كۆڵان و شەقامێكی قیڕتاو و كۆنكرێت نەكراوە
ئەگەر سەیری ناو سەنتەری ناحیەكە بكەیت دەبینیت كۆڵان و شەقامەكانی ناڕێكوپێكە، ڕێگا سەرەكییەكەی لەبانی مەقامەوە دێت بۆ شارۆچكەكە پێچ و پەنا و بەرزی و نزمییەكی زۆری تێدایە و بەهۆی هاتوچۆكردنی تانكەرەكانی نەوت و غازیش قەرەباڵغەو هۆكارێكە بۆ ڕووداوی هاتوچۆ، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی: كۆڵان و شەقامەكانی ناو سەنتەری ناحیەكە بەشی زۆریان بەتایبەتی ناحیە كۆنەكە زۆر ناڕێكە و تا ئێستاش هیچ كۆڵان و شەقامێكی قیڕتاو و كۆنكرێت نەكراوە، ئەگەر سەیری بكەیت هەر لەگوندێكی وێرانكراو دەچێت، هەروەها ئەو بەشەی ناحیەكە كە تازە دروستكراوە بەشی زۆری لەكۆڵان و شەقامەكانی كۆنكرێت و قیڕتاوكراون، بەڵام ئێمە لەسەنتەری ناحیەكە كێشەیەكی گەورەترمان لەمبارەوە هەیە، ئەویش پردەكەی ناو ناحیەكەمانە كە زۆر كۆنەو بەكەڵكی هاتوچۆ نەماوە و لە10تەن زیاتر هەڵناگرێت، بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەو پردەمان بەشێوەیەكی تازە بۆ نۆژەن بكەنەوە، هاوكات پردێكی ترمان هەیە كە تانكەرەكانی غازو نەوتی بەسەر تێپەڕدەبێت تا ئێستاكە زیاتر لە6جار كە ئاوی ڕۆخانە زیادیكردووە لەگەڵ خۆی ڕایماڵیووە و بردوویەتی، بۆیە داواكارین ئەو پردەش بەشێوەیەكی سەردەمیانە دروست بكرێت، چونكە لەكاتی ڕووخانی ئەو پردەش دووبارە كێشە لەسنوورەكە دروست دەبێت و هاتوچۆكردنی تانكەرەكان زەحمەت دەبێت و هەندێك جار هاتوچۆی تانكەرەكان دەوەستێت. سەبارەت بەو ڕێگا سەرەكییەی لەبانی مەقامەوە بۆ قادركەرەم دێت، زۆر پێچ و پەنا و بەرزی ونزمی تێدایە و لەهەندێ شوێندا بەهیچ شێوەیەك تا نزیك نەبیتەوە ئۆتۆمبێلی بەرامبەر نابینیت، هەر ئەوەش وایكردووە ڕووداو و كارەساتی هاتوچۆی لێ بكەوێتەوە، بۆیە بەپێویستی دەزانین بۆمان بكرێتە دوو ساید.
بواری كارەبا كەموكوڕی زۆری هەیە
سەبارەت بەڕەوشی كارەبا و كێشەو گرفتەكانی، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی: سەنتەری ناحیەكە كارەبای لەلایەن وێستگەی كۆمپانیای دانا غازەوە بۆ دابینكراوە و كارەبامان لەناو سەنتەری ناحیەكەدا بەردەوامە، بەڵام لەهەر هەموو گوندەكانی سنوورەكە تەنیا 4گوند تۆڕی كارەبای بۆ چووە و هەموو گوندەكانی ترمان تا ماوەیەك پێش ئێستا بێ كارەبا بوون، بەڵام ئێستاكە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كارەباوە 20موەلیدەیان بۆ دابینكردین و لەسەر گوندەكانمان دابەشكردووە و سووتەمەنی و چاككردنی ئەو موەلیدانەش لەسەر كۆمپانیای دانا غازە، سەرەڕای ئەوانەش لەكاتێك شۆرتێك یا چاككردنێك لەتۆڕی كارەبای ناو سەنتەری ناحیەكە ڕوودەدات تووشی ماندوبوون و زەحمەتیەكی زۆر دەبین، لەبەر ئەوەی سەلەی كارەبامان نییە، بۆیە بەپێویستی دەزانین سەلەیەكی كارەبامان بۆ دابین بكرێت.
ڕەوشی پەروەردە لەگوندەكان زۆر خراپە
سەبارەت بەكێشەو گرفتی بواری پەروەردە بەتایبەتی لەڕووی بینایەو میلاكات، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی: لەسەنتەری ناحیە قوتابخانەیەكی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەیە، بەڵام لەڕووی میلاكاتەوە كەموكوڕیمان لەمامۆستای وانە زانستییەكان هەیە و پێویستیشە بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەچوونی سیستەمی تازەی خوێندن بینایەی 18پۆلی بۆ ناحیەكە دروست بكەن، هاوكات لەزۆربەی گوندەكان قوتابخانەمان نییە و هەندێ گوند بۆیە قوتابخانەی بۆ نەكراوە، چونكە قوتابیان نییە یا دوو سێ قوتابیان هەیە و ئەو گوندانەی قوتابخانەیان هەیە گوندەكانی(قەیتول و عەلی مستەفا و شێخ حەمید و كۆڕمۆر و دارەتوو و ئاوباریك)ـە و لەم گوندانەش وەكو گوندی عەلی مستەفا كە خاوەنی 70شەهیدن تا ئێستا بینایەی قوتابخانەیان بۆ نەكراوەو لەخانووی كرێدان و قوتابخانە هەیە زیاتر لە25قوتابیان هەیە و تەنیا یەك مامۆستایان هەیەو قوتابیەكانیش بڕوانامەیان بۆ نەكراوە. كە ئەمە لەهیچ یاسا و ڕێسایەك قبوڵ نییە و نەبووە بەشێوەیەكی گشتی ڕەوشی خوێندن و پەروەردە لەگوندەكانی سنووری قادركەرەم زۆر خراپە و پێویستی بەئاوڕلێدانەوەی جددی و بەپەلە هەیە.
خراپی بواری تەندروستی
سەبارەت بەبواری تەندروستی و كێشەو گرفت و كەموكوڕیەكانی، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی: لەبواری تەندروستیش وەكو هەموو بوارەكانی تر كەموكوڕی و كێشەمان زۆرە، ئەو بنكە تەندروسییەی لەناو سەنتەری شارۆچكەكە هەیە، بچووكەو لەتایپی (c)ـە گەرچی ئێمە پێویستیمان بەبنكەیەكی تەندروستی گەورە هەیە لەتایپی (A)، هەروەها بنكە تەندروستییەكە نەك پزیشكی پسپۆر و ئافرەتان، بەڵكو هیچ جۆرە پزیشكێكی نییە و لەلایەن یاریدەدەری پزیشكییەوە بەڕێوەدەبردرێت و كارمەندی پزیشكی پێویستمان بۆ پشكنین و چارەسەری و دەواودەرمانی كەمە.
دەسەڵاتی ئیداری و دارایی
سەبارەت بەبڕیاری دابەزاندی دەسەڵاتی ئیداری بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی: دابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداری بەبێ دەسەڵاتی دارایی و بودجە هیچ كاریگەری نییە و ئێمە هیچ بودجەو پارەیەكمان لەدەست نییە كە بتوانین لەكارو پڕۆژەدا خەرجی بكەین، هەندێ كارو ئیشی بچووك یا داواكاری و هاوكاری هەیە دێتە پێشمان ناتوانین جێبەجێی بكەین، لەبەر ئەوەی بودجەو دەسەڵاتی داراییمان نییە تا لەلای خۆمان كارەكان ڕاپەڕێنین.
لەكۆتاییدا بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم وتی ئێمە لەناحیەكەمان بۆ بنكەو فەرمانگەكانمان پێویستیمان بەبینایەك هەیە بۆ كۆمەڵگەی ئیداری ناحیەكە، چونكە ئێستاكە فەرمانگەی نفوس و كشتوكاڵ و شارەوانی لەبینایەكی زۆر بچووكدان و پۆستەو گەیاندنمان شوێنی نییە، هەروەها لەلایەنی گەشتوگوزارییەوە پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە سنوورەكەی قادركەرەم شوێنێكی گونجاوە بۆ گەشتوگوزار، بەڵام لەم ڕووەشەوە تا ئێستا وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار هیچ كارو پڕۆژەیەكی بۆ ئەنجام نەداوە. لەلایەكی تر لەسنوورەكەی ئێمەدا تا ئێستا دەستەی وەبەرهێنان هیچ كارو پڕۆژەیەكی نەكردووە، گەرچی پێویست بوو بۆ ئەو ناوچە هەژارنشین و خاپوورە دەستی وەبەرهێنانی بۆ ڕابكێشرابووایە، چونكە دەزانین هەموو كارو ئیشەكان تەنیا بەحكومەت ناكرێت و دەبێت كەرتی تایبەتیش ڕۆلی خۆی تێدا بگێڕێت.
Top