عەلی سندی بۆ گوڵان: لە2012 بەچوار شێواز پڕۆژە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان دابین دەكەین

عەلی سندی بۆ گوڵان: لە2012 بەچوار شێواز پڕۆژە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان دابین دەكەین
عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەم دیمانەی گۆڤاری گوڵان دا باس لەدوا وردەكارییەكانی پرۆژە یاسای بودجەی 2012 ی هەرێمی كوردستان دەكات كە سەرەڕای كەمكردنەوەی بڕەكەی بەڵام پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری ئاوو كارەبا لەڕیزبەندی پێشەوەی ئەو پڕۆژانە دانراوە كە بڕیارە لەساڵی نوێ دا بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە. وەزیری پلاندانان لەم دیمانەیەدا وەڵامی چەندین پرسی تری پێوەنداری بە پلانی ستراتیژی پەرەپێدان و پڕۆسەی سەرژمێری و ڕاهێنانی فەرمانبەران و بەرنامەو كاری داهاتووی وەزارەتەكەیانی دایەوە؛ كە لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بەڕێزیان بڵاودەكەینەوە..


* وەكو كەسێكی شارەزاو پێوەندار بە داڕشتنی بودجەوە دەكرێت بزانین دوا وردەكارییەكانی بودجەی ساڵی 2012 ی هەرێمی كوردستان بەكوێ گەیشتووە، ئایا بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان چۆنە؟
- پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٢ هێشتا لە پەرلەمانی عێراق دەرنەچووە، وەک هەموو ساڵێک ئەم کارە لە بەغدا دواکەوتووە و ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر ئێمە بۆ پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای بودجەكە. لەگەڵ وەزارەتی دارایی زوو هەموو ئامادەکارییەکمان کرد بۆ پێشکەشکردنی بودجەیەکی تۆکمە، کە ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیرانەو لەوێش کاری زیاتری لەسەر دەکەین. بەڵام تا ژمارەی پەسەندکراو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە نەگاتە ئێمە ناکرێت ئەم پرۆژە یاسایە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، بڕی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان کەمکراوەتەوە لە زیاتر لە ١٥ ترلیۆنەوە بۆ ١٢.٦ تریلۆن کە ٣.٩ ترلیۆن لەمە بۆ پرۆژەکان دانراوەو لەمەش ٠.٨٢ ترلیۆن بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دانراوە،٣ ترلیۆن و ٨٠ ملیار بۆ وەبەرهێنانی وەزارەتەکان.

* ئایا ئەو بودجەیە دەتوانێت كۆی پرۆژانە تەمویل بكات كە خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان داخوازی دەكەن، یا لەئاست داواكاری وەزارەتەكانی هەرێم دایە ؟
- بەهۆی ئەو هەلومەرجە مێژووییەی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕییەوە و ئەو وێرانکارییەی کە ناوچە جیاوازەکان تووشی هاتوون، ژمارە و گوژمەی ئەو پرۆژانەی خەڵکی ناوچە جیاوازەکان و وەزارەتەکان پێشکەشیان دەکەن زۆر زیاترە لەو بڕە پارەیەی کە هەیە، واتا خواستی خەڵک زیاترە لەوەی دەکرێت بودجە دابینی بکات. بەڵام سەرباری ئەوەش ئێمە هەوڵمانداوە زۆرترین پرۆژە جێبەجێ بکەینەوە و بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر ناوچەکاندا دابەشیان بکەین. سەبارەت بە دابەشکردنی پرۆژەکان بەسەر وەزارەتەکاندا، ئەمە بەپێی ئەولەویەتەکانی پێداویستی رۆژانەی خەڵک و کۆمەڵگا دەکرێت، هەندێک وەزارەت ژمارەی پرۆژەکانی زۆرە لەبەرئەوەی راستەوخۆ خزمەتگوزاری گرنگ پێشکەش دەکات بە هاووڵاتیان بۆ نمونە پرۆژەکانی ئاو و کارەبا.

* لەهەڵبژاردنی پرۆژەو ریزبەندی بودجە رەچاوی چی دەكرێت، ئایا ئەمساڵ ئەولەوییەت دراوە بەچی بەتایبەتی كە هەموو ساڵێك پلان دادەنرێت كەچی لە 10%ی پێداویستی وەزارەتەكان دابین دەكرێت ؟
- وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێدا، بڕیاردان لەسەر پرۆژەکان بەپێی پێداویستی خەڵک دەبێت. لەبەرئەوە هەندێک وەزارەتی خزمەتگوزاری پرۆژەی زیاتریان بۆ تەرخان دەکرێت وەک لە هەندێکی تر. کاری ئێمە راگرتنی هاوسەنگییە لەنێوان خواستی خەڵک و وەزارەتەکان و ئەو برە پارەیەی لەبەردەستدایە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان. هەموو ساڵێک هەمان پرسیار لە ئێمە دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێمە بەدرێژایی چەند ساڵێک توانیمان زۆربەی پرۆژە ستراتیژییەکانی ژێرخان دابین بکەین، ئەوکاتە ژمارەی پرۆژەکان کەمدەبنەوە دەتوانین زۆربەی ئەو پرۆژانەی جێبەجێ بکەین کە پێشکەشمان دەکرێت.

* چۆن هاوسەنگی لەنێوان ناوچە جیاوازەكانی كوردستان لەدابەشكردنی پرۆژەكان دەكرێت؟
- هەموو ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان پێداویستی هەمەجۆریان هەیە بۆ خزمەتگوزاری و پرۆژەکانی پەرەپێدان، ئەو میکانیزمەی ئێمە پەیڕەوی دەکەین لەبەرچاوگرتنی پرۆژە ستراتیژییەکانی وەک ئاو و کارەبایە پاشان ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکان و گرنگیی پرۆژەکان لەبەرچاودەگرین، هەروەها هەندێک خاڵی تر لەبەرچاودەگیرێن کە پەرلەمانی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١١دا پەسەندی کرد، وەک گرنگیدانی زیاتر بە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە زیانلێکەوتوەکانی هەرێمی کوردستان.

* پێت وا نییە پێویستە بۆ ساڵی داهاتوو بودجەیەكی زیاتر بۆ هاووڵاتیانی كوردو پڕۆژەكان لە ناوچە دابڕێنراوەكان تەرخان بكرێت لەم ڕووەوە چی كراوە ؟
- سەبارەت بە ناوچە دابڕێنراوەكان، کێشەکە لەوەدایە کە ئەم ناوچانە لە حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە وەک هەموو ناوچەکانی تری عێراق بودجەیان بۆ تەرخانکراوە بەڵام بۆ نموونە ناوچەی شنگار لەچوارچێوەی پارێزگای نەینەوادا بودجەی بۆ تەرخانکراوە بەڵام پارێزگای نەینەوا پرۆژەکانی ئەم ناوچانە تەمویل ناکات، لەبەر هۆکاری ناکۆکی سیاسی و سیاسەتی پەراوێزخستن. لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی ٢٠١١ بە چوار شێواز پرۆژە بۆ ئەم ناوچانە دابینکراوە لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، یەکەم لەناو پرۆژەکانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم بەپێی توانا پرۆژەیان بۆ جێبەجێکراوە، دووەم لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و سێیەم لە بڕی پارەی تەواوکاری پەرەپێدانی پارێزگاکان پرۆژەیان بۆ تەرخانکراوە، چوارەم بڕی ٧٠ ملیار دینار لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری لەسەردرا کە بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە پرۆژەیان بۆ تەرخان بکرێت. بەڵام پێداویستی ئەو ناوچانە زۆر لەوە زیاترە، ساڵی ٢٠١٢ هەوڵ دەدەین بەپێی توانا بەهەمان شێوە بەردەوام دەبین.

* ئایا پێت وایە لە پەرلەمانی كوردستان دوور لە حزبایەتی و ململانێ سیاسیەكانی نێوان پارتە سیاسیەكان بەتایبەتی لەنێوان پارتە فەرمانڕەواكان و ئۆپۆزسیۆن گفتوگۆیەكی زانستی و رێكوپێك بۆ ڕێكخستنی بودجەو چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی بەڕێوەدەچێت واتا ڕەخنەو بۆچوونەكان دوور بێت لە موزایەدەی سیاسی و حزبایەتییەوە؟
- پەرلەمانە سەرکەوتووەکانی جیهان لەڕێگای کەڵەکردنی ئەزموون و زانیارییەوە پێشدەکەون، پەرلەمانی ئێمەش ساڵ بە ساڵ ئەزموونی زیاتر کەڵەکە دەکات و ئەدای باشتر دەبێت. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە بەرژەوەندی گشتی بخرێتە پێش هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە، ئەوجا ئەگەر بەرژەوەندی گشتی رێگەیدا هیچ کێشەیەک نییە ئەگەر ململانێی حیزبی بەشێوەیەکی زانستیانە بکرێت. گفتوگۆکانی پەرلەمان رەنگدانەوەی ئەو کۆمەڵە توانا و شارەزاییە جیاوازەن کە لە پەرلەمان کۆبۆتەوە. هەروەها دوو ساڵە بارودۆخێکی تایبەت لە پەرلەمان دروست بووە بەهۆی هەبوونی ئۆپۆزسیۆنەوە، کە ئەمەش ئاساییە و گفتوگۆکان زیاتر دەکات. لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر بودجە وەزیری پلاندانان و وەزیری دارایی و ئابوری وەک یەک تیم لەگەڵ پەرلەمان کاردەکەن و وەڵامی هەموو پرسەکان دەدەنەوە.

* ئایا پلانی ئابووری كە ماوەیەكە وەزارەتی پلاندانان سەرقاڵێتی بەكوێ گەیشت؟
- ئێمە کاروبارەکانمان لەچوارچێوەی چەند پلانێکدا رێکخستووە، کە هەندێکیان نێودەوڵەتین وەک چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (UNDAF) و ئامانجەکانی پەرەپێدانی هەزارە (MDG goals) کە هەرێمی کوردستان پەسەندی کردووە و پێوەی پابەندە، هەندێکی تر عێراقین و هەرێمی کوردستان پەسەندی کردووە، وەک ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاری کە هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی زیاتری بەدەستهێناوە بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری عێراق. جگە لەمانە وەزارەتەکان پلانی خۆیان هەیە وەک وەزارەتی کارەبا کە پلانێکی سێ ساڵەیان هەیە و وەزارەتی کشتوکاڵ پلانێکی دە ساڵەیان هەیە و وەزارەتی ئاوەدانکراوە و نیشتەجێکردن پلانی رێگاوبانەکانیان هەیە کە پێنج ساڵەیە، ئێمەش هاوکاری و هەماهەنگی پێویستیان لەگەڵ دەکەین.
ئێمە پلانی پەرەپێدانی ستراتیژی بۆ ساڵانی (٢٠١٢ – ٢٠١٦)مان لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١١ تەواوکردوە و پێشکەشی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم و هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان کردوە، بۆ ئەوەی بە را و سەرنجەکانیان دەوڵەمەنتری بکەن. پاش ئەمە چاکسازی پێویستی تێدا دەکرێت و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ پەسەندکردن و پاشان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت. جێگەی ئاماژەیە کە ئەم پلانە نابێتە بەدیلی ئەو پلانانەی کە هەن، بەڵام هەوڵ دەدەین ببێتە چوارچێوەیەک بۆ هەموو پلانەکانی تر و ساڵانە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.

* پرۆسەی سەرژمێری چی بەسەر هاتووە ئایا بۆچی ئەم پرۆسەیە دوادەخرێت، سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێری كوردستانیش بۆچی ئەنجام نادرێت؟
- پرۆسەی سەرژمێری کراوەتە بابەتێکی سیاسی لەکاتێکدا کە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی تەکنیکییەو پێویستە سیاسەتمەداران تەنیا بڕیاری جێبەجێکردنی بدەن، بەڵام هەلومەرجی عێراق بۆتە هۆی دواخستنی ئەم پرۆسەیە. ئێمە هەمیشە پێداگیریمان لە جێبەجێکردنی کردووە، چونکە خزمەت بە پرۆسەی پلاندانان و پەرەپێدان دەکات، بەڵام هەندێک لایەنی عێراقی خوێندنەوەی نادروست بۆ ئەم پرۆسەیە دەکەن و بوونەتە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانیدا. ئێستا دیار نییە کەی ئەم پرۆسەیە لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئێمە هەمیشە دوپاتی دەکەینەوە کە بەڕێوەبردنی وڵات و ئاوەدانکردنەوەو پەرەپێدان پێویستی بە ئامار و داتا هەیە و ئەمانەش پێویستیان بە سەرژمێری گشتی هەیە. سەبارەت بە ئەنجامدانی سەرژمێری لە کوردستان رێگری یاسایی هەیە، چونکە بەپێی یاسای ژمارە (٤٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی عێراقی سەبارەت بە سەرژمێری گشتی دانیشتووان، هەروەها بەپێی دەستوری عێراقی بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێری یەکێکە لە دەسەڵاتە حەسرییەکانی حکومەتی فیدراڵ، ئێمە هەمیشە پابەندبووین بە دەستورەوە و دەمانەوێت سەرژمێڕی لە سەرانسەری عێراق ئەنجام بدرێت، چونکە وێنەکە تەواو نابێت ئەگەر سەرژمێری تەنیا لە کوردستان ئەنجام بدرێت.

* پێوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چی ئاژانس و رێكخراوێكدا هەیە بێت وایە توانیبێتمان سوود لەو رێكخراوانە وەربگرین؟
- بەپێی یاسای وەزارەتی پلاندانان، یاسای ژمارەی ٧ی ساڵی ٢٠٠٦، یەکێک لە ئەرکەکانی وەزارەتی پلاندانان هاوکاری و هەماهەنگی کردنە لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان لەبواری پەرەپێداندا. ئێمە هاوکاری و هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ هەموو ئاژانسە نێودەوڵەتییەکاندا وەک (USAID)، بانکی جیهانی و (KOICA) و (JICA) هەروەها لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریمان لەبواری گرنگدا هەیە. چەندین پرۆژەی گرنگمان بەهاوبەشی ئەنجامداوە و کۆبوونەوەی وەرزی لایەنە کۆمەکبەخشەکان ئەنجام دەدەین کە هەموو ئەم ئاژانسانە بەشداری تێدا دەکەن و بانگهێشتی کونسوڵی وڵاتان دەکەین، بەپێی بابەت بانگهێشتی وەزیری پەیوەندیداریش دەکەین. مەبەستی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە وەرزیانە ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕایە و دروستکردنی هەماهەنگی زیاترە لەنێوان ئێمە و هاوکارە نێودەوڵەتییەکانماندا، تا ئێستا ٨ کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە لە ٢ ساڵی رابردودا.
لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستمانکردوە بە پرۆژەیەکی تایبەت بە ناونیشانی (Cost-sharing) کە تەمویلکردنی هاوبەشە لەنێوان ئێمە و هاوکارە نێودەوڵەتییەکان، هەندێک پرۆژەمان جێبەجێ کردوە و هەندێکیش لە ساڵی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێن، کە بەهاوبەشی تەمویل دەکرێن لەنێوان ئێمە و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش ئەزموونێکی تازەیە و سوودی زۆری دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان لەچەند روویەکەوە: یەکەم دڵنیایی دەکەین لە باش بەڕێوەچوونی پرۆژەکان، دووەم گواستنەوەی شارەزایی و فێربوونە لەو ئاژانسانەوە کە ئەزموونی کەڵەکەبووی چەندین ساڵەیان هەیە. بە دانپیانانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی تر، وەزارەتی پلاندانان سەرکەوتووانە بواری هاوکاری نێودەوڵەتی بەرێوەدەبات، ئەمەش هاندەرێکی ترە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی کاری زیاتر بکەین بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان.

* تاچەند توانیومانە لەرووی پەرەپێدانی مرۆییەوە پەرە بە سەرمایەی مەعریفی بدرێت، بەتایبەتی كە ئێوە خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیەكی گشتین بەو ناوەوە؟
- بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانان چەندین کاری گرنگی کردوە لەبواری پەرەپێدانی توانای فەرمانبەرانی حکومەتدا. ئەمساڵ رێبەرێکمان دەرکرد بۆ راهێنانی فەرمانبەرە تازە دامەزراوەکان. هەموو فەرمانبەرێکی تازە دامەزراو رەوانەی لای ئێمە دەکرێت بۆ راهێنان. هاوکات چەندین خولی پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی تواناکان بۆ هەموو ئاستەکان دەکەینەوە و ساڵانە چەندین فەرمانبەر لەناوەوەی هەرێم راهێنانی تایبەتمەند وەردەگرن. هاوکات هاوکارە نێودەوڵەتییەکان راهێنانی تایبەتمەند لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم پێشکەش دەکەن بە فەرمانبەرانی حکومەت، ساڵانە کۆیکای کۆری و جایکای ژاپۆنی چەندین خولی راهێنانی گرنگ دەکەنەوە بۆ فەرمانبەران کە زۆربەیان لە دەرەوەی وڵاتن و لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە بەرێوەدەبرێن. سەرەڕای ئەمەش لە دوو ساڵی رابردوودا چەندین فەرمانبەر سوودمەندبوون لە پرۆژەی تواناسازییە، کە پاش چەند ساڵێک کاریگەریی ئەمە دەبینین.
جگە لەمانەش لەبواری دڵنیایی جۆری (Quality Assurance)دا قوتابخانەی نیشتیمانی بەریتانی بۆ حکومەت (tNational School of Governmen British) لەڕێگای وەزارەتمانەوە هاوکاری وەزارەت و فەرمانگەو پارێزگاکان دەکات بۆ دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و پێشکەشکردنی راهێنان بە کارمەندەکانیان، دوای دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکان، ئێستا ئەم رێکخراوە راهێنان لەسەرکار بە کارمەندەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتیانە دەکات بۆ دڵنیاییکردن لەئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی هاووڵاتیان دەکرێن.
دەتوانین بڵێین کە بواری ڕاهێنانی فەرمانبەران بە بەراورد بە چەند ساڵێک پێش ئێستا نەک تەنیا رێکخستنی زیاتری بۆ کراوە لەڕووی دامەزراوەییەوە، بەڵکو لەڕووی کوالیتییەوە زۆر باشتر بووە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە پرۆسەکە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و پێویستی بە پەرەپێدانی بەردەوام هەیە، ئێستا بناغەی کارەکان دانراون و لە ساڵانی داهاتوودا بەشێوەیەکی رێکخراوتر راهێنان بە هەموو فەرمانبەران دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی فەرمانبەران و باشترکردنی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بە هاووڵاتیان.
Top