دووبز لەسەر دەریایەك نەوت و ئاوە و بێ خزمەتگوزاریە.. كورد لەبەر كەمی خزمەتگوزاری لە ناوچەكە كۆچ دەكەن
December 26, 2011
راپۆرتەکان
-كەرتی 7روبیزەو 8ی گوبەیبە بۆتە مۆڵگەی تیرۆرستان
-بەشێك لە ئاوەڕۆی قەزاكە دەڕژێتەوە ناو زێیەكەو پیسی دەكات
-قوتابخانە هەیە لەژێر ڕەشماڵ دایە و دوو دەوام و سێ دەوامیش هەیە
-كەرتی تەندروستی لەم ناوچەیەدا لەبارودۆخێكی زۆر خراپ دایە
هادی غەزایی قایمقامی قەزای دووبز بۆ(گوڵان): خەریكە خوێندنی كوردی لە دووبز وەكو قاڵبە بەفر دەتوێتەوەو نامێنێت
دووبز لە ساڵی 1959 لەبەرچەند هۆكارێكی گرنگ و ستراتیژی كرا بەناحیەو سنوورەكەی 235هەزار دۆنم زەوی بوو، لە ساڵی 1976 ئەم ناحیەیە بوو بە قەزاو ناحیەكانی پردێ و سەرگەڕان و ژمارەیەكی زۆر گوند لەخۆدەگرێت و ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە 46هەزار كەس دەبێت، قەزای دووبز لە هەموو سەردەم و ڕژێمەكانی عێراقدا دەروازەی تەعریب و تەرحیل بووەو دووبزو سنوورەكەی بەسێ قۆناغی تەرحیل و تەعریبدا گوزەری كردووە، ئەویش لە ساڵەكانی( 1963 و 1974 و 1980)، لە هەر سێ قۆناغدا هەموو گوندەكانی خاپوركراون و خەڵكەكەشی بەشی زۆریان لە پیاوەكان لە بەندیخانەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زیندانی كراون و خەڵكەكەی تریش دەربەدەركراون و عەرەبی هاوردەیان هێناوەتە سەر ماڵ و موڵك و گوندەكانیان، هەر بۆ نموونە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان كە كوردەكان دەربەدەركران لە پاشان 7گوندی گەورە یا كۆمەڵگایان بۆ عەرەبەكانی عێراق لەو سنوورە دروستكردوو و بە تەواوی سنوورەكەیان تەعریب كرد.
قەزای دووبز لە بواری خزمەتگوزارییەوە بەدرێژای مێژوو بەتایبەتی لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی ڕژێمی بەعس پشتگوێخراوەو كەموكوڕی زۆری هەبووە، هەروەها لە دوای ساڵی 1991یش و ئازادی عێراق كارو پڕۆژەیەكی وای بۆ نەكراوە كە شایانی سنوورەكەو ئاستی كاولكارییەكەی بێت، هەر بۆیە لێرەولەوێ هاووڵاتیانی سنوورەكە گلەیی لە كەموكوڕی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەكەن و داوای ئاوڕلێدانەوەی جددی دەكەن، بەتایبەتی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە خۆیان بەناوچەیەكی كوردستانی دادەنێن. وەكو تیمی( گۆڤاری گوڵان) سەردانی قەزای دووبز و سنوورەكەمان كردو لە نزیكەوە چەند هاووڵاتییەكمان دواند كە گلەییان لە بواری پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و ئەمنی هەبوو، لە لایەكی ترەوە گەنجەكانیش گلەییەكی زۆریان لە حكومەتی هەرێم هەبوو كە هاوكاری و پاڵپشتی نەكردون لە بوارەكانی وەرزش و سەنتەری ڕۆشبیری و لاوان و لە دامەزراندن و وەرگرتنیان لەزانكۆكانی كوردستان، ئەو گلەیی و داواكاریانەی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی ترمان لە(هادی غەزایی) قایمقامی قەزای دووبز كرد، كە پوختەی وەڵامەكان لەم ڕاپۆرتەدا بڵاودەكەینەوە.
لەسەر دەریایەك نەوت و ئاون
بەڵام سوودی بۆیان نییە
سەبارەت بەوەی ناوچەكە بەچی بەناوبانگەو لەو كانزاو بەرهەمانەی لە سنوورەكە هەیە تا چەند سوودمەندبوون قایمقامی قەزای دووبز وتی: ناوچەی دووبز ناوچەیەكی ئابووری زۆر گرنگەو بەرهەمهێنە، سنووری قەزای دووبز لەسەر دەریایەكی نەوتییە نزیكەی423بیرە نەوت لە قەزای دووبز هەیەو تا ئێستاكە هیچ سوودێكمان لەو دەریا نەوتە وەرنەگرتووەو دەتوانم بڵێم لەمبارەوە غەدرێكی زۆر گەورە لەم ناوچەیە كراوە لەم ڕێژە زۆرەی نەوت كە ڕۆژانە تەنیا لە ناحیەی سەرگەڕان (320) هەزار بەرمیل نەوت بە بۆری بۆ بەندەری جیهانی توركی دەڕوات، بەڵام لەم هەموو خێروبێرە لە بودجەی ساڵانە تەنیا 18خولەك نەوت بۆ ناوچەكەیە، هەروەها دووبز گەورەترین بەنداوی و پڕۆژەی ئاودێری هەیەو توانای ئاودێری ئەم پڕۆژەیە بۆ ناوچەی دووبز كارو ئیشی لەسەر نەكراوە تا خەڵكی سنوورەكە بەتایبەتی جوتیاران سوودی لێ وەربگرن و ئەو ئاوەش بە فیڕۆ دەڕوات دەچێتە ناوچەی حەویجەو حەمرین و دوزخورماتوو، هەروەها سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبامان هەیە، یەكێك لە وێستگەكان لە ساڵی 1996 لەسەر بڕیاری 986 دەستكرا بە دروستكردنی كە لە 23%ی كارەكانی تەواوكراوەو پێداویستیەكانی ئەو وێستگەیەش هەر هەمووی گەیشتووەو ئامادەیە، بەڵام لە ساڵی 2003تا ئێستاكە كە 9ساڵە كاركردن لەسەر ئەو پڕۆژەیە ڕاگیراوەو لەلایەن حكومەتی ناوەندی پشتگوێی خراوەو هۆكارەكەش سیاسیەو دیارە ئێمە لەمبارەشەوە گەماڕۆمان لەسەرە، هەرچەندە ئەو وێستگانەش بۆ ئێمە سوودیان نییە بەتایبەتی لە لایەنی هەلی كارەوە، بۆیە هەموو پڕۆژەكانی قەزاكە بەتایبەتی نەوت و كارەباو بەنداوەكە بۆ ئێمە بۆتە نەگبەتی و ماڵ وێرانی، نەك خۆشی و نیعمەت، لەبەر ئەوەی لە دوای ساڵی 1974ەوە لە كۆمپانیای نەوت و كارەبا و بەنداوەكەدا ئەو كارمەندو كرێكارو فەرمانبەرانەی هەبوون لە لایەن ڕژێمی عێراقییەوە بۆ كوردستان و خوارووی عێراق گوازرانەوە، سەرەڕای ئەوەی هۆكاری سەرەكینە بۆ پیسبوونی ژینگە و بار قورسیان لەسەر بوارەكانی خزمەتگوزاری قەزاكەدا هەیە.
گەورەترین كێشەی زەویو زار هەیە
سەبارەت بەوەی كە ئێستاكە قەزای دووبز بەرەو فرەوانبوون دەچێت و بۆ ئەو مەبەست و سەركەوتنی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان ماستەرپلان زۆر پێویست و گرنگە قایمقامی قەزای دووبز وتی: قەزای دووبز ماستەرپلانی نییەو هیچ نەخشەو پلانێكیشمان نییە، هەر بۆیە خەڵك بەپێی تێڕوانینی خۆیان خانوویان بۆ خۆیان دروستكردووە و هەر لەبەر نەبوونی نەخشە و ماستەرپلانە ئێمە ناتوانین مۆڵەتی خانووبەرە دروستكردن بە خەڵك بدەین، لە لایەكی ترەوە لە دوای ساڵی 2003 چاوەڕوان بووین كە چەند پارچە زەوییەك بۆ كوردەكانی ناو سەنتەری قەزای دووبز بەتایبەتی بۆ ئاوارەكان دابین بكرێت و بەسەریان دابەش بكرێت، بەڵام ئەو ئومێدو داواكاری و كارەش تا ئێستا پیادەنەكراوە، هەر بۆیە ئێمە بە بڕیارێكی تاكڕەوانە بوارماندا كە كوردە ئاوارەو دەركراوەكانی دووبز بۆ خۆیان خانوو دروست بكەن، ئەم هۆكارانەش وایكردووە ژمارەیەكی زۆر زێدەڕۆیی لە قەزای دووبز هەبێت و تا ئێستاش زێدەڕۆیی هەر بەردەوامە، هەروەها قەزای دووبز لە ڕووی نەخشەوە بەرتەسك كرابۆوە بە تایبەتی بە هۆی ئەو سەربازگانەی لە چوار دەووری سەنتەری شارۆچكەكە هەبوو بۆ نموونە سەربازگای كوشتار كە شارۆچكەكەی گەمارۆ دابوو و ڕووبەرێكی زۆری زەوی خەڵكیان داگیر كردبوو، بەڵام لە ساڵی 2004 و 2005بە بڕیارێك زەوی ئەو سەربازگەیەمان بۆ خاوەنی بنەڕەتی خۆی گەڕاندەووە، هەروەها شوورەیەكی بەرفراوان لە دەوری وێستگەی كارەباكەی دووبز و ئەو ماڵانە كرابوو كە فەرمانبەرو كارمەندی وێستگەكەبوون و هەر هەموو ماڵەكانیش بەعسی بوون، ئەم شوورەیەش زیاتر سەنتەری قەزاكەی بەرتەسك كردبۆوە بۆیە بڕیارماندا بە شۆفڵ شوورەكە تێكبدرێت و لە پاشان هاووڵاتیان بە ئازادی خۆیان لەم شوێنە خانوو بۆخۆیان دروست بكەن، بە شێوەیەكی گشتی كێشەیەكی زۆری زەوی و زار لە قەزای دووبز و سنوورەكەی هەیە، چونكە لە كاتی خۆی ڕژێمی عێراق بە دوو بڕیار كە بڕیاری ژمارە 369ی ساڵی 1975و بڕیاری ژمارە 949ی ساڵی 1979 هەموو زەوی وزاری ئەو ناوچەیەی داگیركردوو و هەندێكی بە ناوی عەرەبان كرد و هەندێكیشی خستە سەر وەقائعی عێراقییەوە و بەم دوو بڕیارە و چەند یاسایەكی تر كۆتكراوین، هەر بۆیە زۆر هەوڵمانداو داوامان لە پەرلەمانی عێراق كرد كە ئەو دوو بڕیارە ئیلغا بكەنەوە، بەڵام بێ سوودبوو و تائێستا هەر وەكو خۆیەتی و هیچ زەویەك لە ڕووی یاساییەوە بۆ خاوەنەكانیان نەگەڕێنراینەوە و تا ئێستاش هەندێ گوندمان هەیە وەكو گوندەكانی مەرعی و قوتان و قوشقایەو میسرۆن لە لایەن عەرەبەوە داگیر كراون كە ڕووبەری زەوی ئەو گوندانە نزیكەی 3200دۆنم زەویە.
ئێمە پێش دەرچوونی ماددەی 58 و ماددەی 140ی دەستوور، خۆمان بۆ ناوچەی دووبز چەندین كارو بڕیارمان جێبەجێ كرد، لەوانە گەڕانەوەی زۆر لەو گوندانەی كە تەعریب كرابوون و لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە داگیركرابوون، تارادەیەكی باش ژمارەیەك لە ئاوارەكان و دەركراوە كوردەكان گەڕانەوە شوێنی خۆیان، گەرچی لەڕووی یاساییەوە ئەو زەوییانە هەر بەناوی عەرەبەكانەو نەگەڕایەوە سەر ناوی خاوەنە راستەقینەكانی. هەروەها رەخنەمان زۆر لەو كارمەند و كەسانە هەیە كە لە ماددەی 140 كار دەكەن، چونكە تا ئێستا یەك كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئێمە ئەنجام نەداوەو رۆژێك لە رۆژانیش ئەو لیژنەی ماددەی 140 سەردانێكی مەیدانی ئەم ناوچەیەیان نەكردووەو لە بارودۆخی خەڵكەكەو كێشەكانیان نەكۆڵیوەتەوە. خەڵكی ئێمەو زۆر لایەنی تریش زۆر بەخراپ لە ماددەی 140 تێگەیشتوون وا دەزانن تەنیا 10 ملیۆن دینارەكەیە، هەروەها نووسینگەی دەستەی داواكاری كێشەی موڵكایەتی لە قەزای دووبز هەیە كە زیاتر لە 16 هەزار داواكاری لەم لیژنەیە تۆمار كراوە، بەڵام یەك داواكارییان جێبەجێ نەكردووە، وەك ئەوە وایە ((یاری بە ریشمان دەكەن))، یەكێك لەو كێشانەی تر كە لەسەر زەوی و زارو موڵك لەسەنتەری قەزای دووبز هەیە 273 خانووی كوردەكانە كە لەساڵی 1974 ەوە داگیركراوە، گەرچی ئێستا خاوەنەكانیان چوونەتەوە ناو خانووەكانی خۆیان، بەڵام هەر بەناوی عەرەبە هاوردەكانە كە ئەو خانووانەیان داگیركرد بوو.
هەروەها لە ناحیەی سەرگەڕان ڕووبەری 198 هەزار دۆنم زەوی كە بەناوی عەرەبی هاوردە كراوەو ئێستا عەرەبەكان لەوێ نەماون، بەڵام ئەو زەویانەش هێشتا هەر بەناوی ئەو عەرەبانەیەو كێشەكە بێ چارەسەر ماوەتەوە. گەربێتوو ئەم بارودۆخە بەوشێوەیە فەرامۆش بكرێت و ئەندام پەرلەمانەكانی كورد لە بەغدا شەڕ بۆ جێبەجێكردنی ئەم ماددە دەستوورییە نەكەن یا تاكڕەوانە هەوڵنەدرێت قەزاكە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان ئەوا هەرێمی كوردستان دووبز لە دەست دەدات و بارودۆخەكە زۆر خراپ دەبێت و كوردەكان لەناوچەكە لەبەركەمی خزمەتگوزاری كۆچ دەكەن.
كەرتی7ی روبیزەو 8ی گوبەیبە ئوتێلی تیرۆرستانە
لە سنووری دووبز كێشەیەكی زۆر گەورەمان هەیە بەتایبەتی لەو ناوچەیەی كە دەكەوێتە نزیك سنووری قەزای حەویجەیە، تەنانەت هەندێك گوندمان هەیە تا ئێستا من وەك قایمقام نەمدیوەو ناتوانم سەردانیشی بكەم و پۆلیسی بۆ بنێرم، چونكە شوێنی تیرۆرستانەو بووەتە هۆتێلی تیرۆرستان لەبنەڕەتدا ئەو گوندانە سەر بەقەزای حەویجەن و ئەو گوندانەش هەر دوو كەرتی (7روبیزەو 8ی گوبەیبە) كە سنوورێكی زۆر گەورەیە و خۆی لە 11 گوند دەبینێتەوەو نازانم بۆچی ناگەڕێتەوە سەر ئیدارەی حەویجە، چونكە ئێمە لەم دوو كەرتەدا پۆلیس و ئاسایشمان بۆ دابین ناكرێت، زۆربەی تیرۆرستانی ئەم ناوچەیە لەوێوە دێن و كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. من ڕەخنەیەكی زۆرم لە دامودەزگاكانی ئاسایش و پۆلیسی كەركوك هەیە كە هەماهەنگی و هاوكارییان لەنێوانیاندا نییە یا زۆر كەمە، ئێمە سوپاو ئاسایش و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانمان هەیە گەربێتوو هاوكاری و هەماهەنگییان لە نێواندا هەبێت ئەوا دەتوانن لایەنی ئەمنی ناوچەكە زۆر بە باشی كۆنترۆڵ بكەن. لە لایەكی ترەوە داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەنی پۆلیس و ئاسایشەوە ژمارەیەك كارمەند و پۆلیسمان بۆ دابمەزرێنن، چونكە بەغدا ئەو ناوچەیەی ئێمەی پشتگوێی خستووە و خەڵكمان بۆ دانامەزرێنێت.
پرۆژە خزمەتگوزارییەكان
وەكو ڕۆیشتنی كیسەڵ وایە
سەبارەت بە پرۆژەكانی خزمەتگوزاری شارەوانی لە قەزای دووبزو سنوورەكەدا بەتایبەتی لەبارەی ئاوەڕۆو كۆكردنەوەو فڕێدانی زبڵ و خاشاك قایمقامی قەزای دووبز وتی : ئەو پرۆژانەی لەلایەن شارەوانییەوە بۆ قەزای دووبز دەخرێتە بەرنامەو پلان جێگای ڕەزامەندی هاووڵاتیانە، بەڵام لەبەر كەمی بودجەكەمان كارو ئیشەكانی شارەوانی لەبوارەكانی خزمەتگوزاری زۆر بەسیستی دەڕوات لە شێوەی ڕۆیشتنی كیسەڵ دایە، گەرچی لەدوای 2003 لەلایەن ئیدارەی هەولێرەوە لە سەنتەری قەزای دووبزو سنوورەكەی چەند پرۆژەو كارێك ئەنجامدراوە لەوانە دروستكردنی گۆڕەبانی تاتانی وەرزشی و دروستكردنی پارك و كردنەوەی بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و گەیاندنی تۆڕی كارەبا لەچەند گوندێكی قەزاكە. هەروەها لەلایەنی ئاوەڕۆوە گەورەترین گرفتمان لەسەنتەری قەزاكە هەیە و ئەمەش لە لایەك بۆ كەمتەرخەمی ڕژێمی كۆنی عێراق دەگەڕێتەوە، لە لایەكی ترەوە ئێمە نەخشەی بنەڕەتی شارۆچكەكەمان گەورەو فرەوان كرد بۆیە گرفتەكە زیاتر دەركەوت و ئێستاكە ڕێژەی ئاوەڕۆ لە ناو سەنتەری قەزای دووبز كەمە و گرفتێكی بەرچاوەو پێویستی بە كارو پڕۆژەو چارەسەركردن هەیە، چونكە ئێستاكە بەشێك لە ئاوەڕۆی قەزاكە دەڕژێتەوە ناو زێیەكەو پیسی دەكات، بەڵام ماوەیەكە لەلایەن چەند ئەندازیارێكەوە سەرقاڵی داڕشتنی ماستەرپلانێكی ئاوەڕۆین، هەروەها كۆكردنەوەو فڕێدانی زبڵ و خاشاك لە سنوورەكە بەشێوەیەكی باش نییەو سیستەمەكەشی زۆر كۆن و تەقلیدییەو ئەم لایەنەش پێویستی بە كاری جددی هەیەو پێویستە لایەنی پێوەندار بیر لە سیستەمێكی تازەو هاوچەرخ بكاتەوە .
پردەكەی دووبز
مەترسی ڕووخانی لێ دەكرێت
سەبارەت بە خراپی ڕێگاوبانەكان بەتایبەتی ڕێگای گوندەكان و پردەكەی ناو شارۆچكەكە قایمقامی قەزای دووبز وتی: ئەو ڕێگایەی لە ڕێگای سەرەكی نێوان هەولێرو كەركوك بۆ دووبز دێت یەك سایدە، بەڵام سێ ساڵ لەمەوپێش ئەو شەقامە قیرتاوكرایەوە، هەر چەندە پێویستە بكرێتە دوو ساید، بەڵام لەم قۆناغەدا لەبری ئەوەی ئەم ڕێگایە بكرێتە دووساید كۆمەڵێك كێشەو گرفتی تری ڕێگاوبانمان هەیەو پێویستی بە ڕێگا چارەی خێرا هەیە، یەكێك لەوكێشە گەورەو ترسناكانە ئەو پردە كۆنەی ناو سەنتەری قەزاكەیە كە مێژووەكەی زۆر كۆنەو بەكەڵكی هاتوچۆكردن نەماوەو ناتوانرێت ئۆتۆمبێلی زۆر بەسەریدا بڕوات و ترسی ڕووخاندنی لێدەكرێت كە لەگەڵ خۆی كارەساتێك بۆ هاووڵاتیان دروست بكات، چونكە زیاتر لە 7 بۆری غازی شیرین و نەوت و گازو ئاو بەسەر ئەم پردە دەڕوات، هەربۆیە لەمسەرو ئەوسەری پردەكە پاسەوانمان بۆ داناوەو بەنۆرە ئۆتۆمبێل بەڕێ دەكرێت، لەمبارەیەوە هەوڵی زۆرمانداوە و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان و پردی كەركوكدا كە دەرئەنجام بڕیاردراوە كە پردێكی نوێ لە تەنیشت ئەم پردە بەتێچوونی 8ملیارو 384 ملیۆن دینار لەبودجەی پێترۆ دۆلار دروست بكرێت و كۆمپانیای 77 لەماوەی یەك ساڵدا جێبەجێی دەكات، هەروەها لە ناو سەنتەری قەزا چەندین گەڕەك و شوێنمان هەیە كە كۆڵان و شەقامەكانی پێویستی بە قیرتاوكردن و كۆنكرێت كردن هەیە، ئەمە جگە لەوەی چەندین گوندمان هەیە پێویستە لەساڵی 2012 ڕێگای سەرەكی گوندەكان و ئەو ڕێگایانەی بۆ قوتابخانەو بنكەی تەندروستییەكان دەچێت قیرتاو بكرێن، و لەمبارەوە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ جارێكی تر دەستی هاوكاری و یارمەتیمان بۆ درێژ بكات و ئەو ڕێگای گوندانەمان بۆ قیرتاو بكات.
چەندین قوتابخانە داخراون
سەبارەت بەكەرتی پەروەردەش قایمقامی قەزای دووبز وتی: لەدوای ساڵی 2003ەوە لەسەنتەری قەزاو گوندەكانی سنوورەكە چەندین قوتابخانەی خوێندنی كوردیمان كردەوە لەو لایەنەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری كردین بەتایبەتی لە دابینكردنی مامۆستادا بەڕێگای تەنسیب، بەڵام بەداخەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركووك پاش ئەوەی چەندین هەوڵمان لەگەڵ داون، ددان بە خوێندنی كوردی لەسنوورەكە ناهێنن لەلایەكی ترەوە ئەو كەسانەی ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی كوردی دانراون زیاتر سەرقاڵی كاری حزبین و لەئاست خواست و داواكارییەكانی ئێمەدا نین، هەروەها ڕێگایان نەدا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خوێندنی كوردی لەسنووری قەزای دووبز كە سنوورێكی فراوانە بكرێتەوە ئەوەش ناڕەزایەتی لێكەوتۆتەوە . هەروەها داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كرد كە بەڕێوەبەرایەتیەكی پەروەردە لەسنوورەكەمان بكەنەوە، بەڵام ئەوانیش وەڵامیان نەبوو. ئێمە لەسنوورەكەدا لەلایەنی پەروەردەوە كەموكوڕی زۆرمان هەیە لە چەندین لایەنی پەروەردەوە خراپین و ئەو لایەنانەش ئەوانەن وەكو كەمی بینایەو بێ میلاكی و نەبوونی پرۆگرام و نەبوونی مامۆستای پسپۆر، هەروەها لەچەندین گوندی سنوورەكەمان تا ئێستا قوتابخانە هەیە لەژێر ڕەشماڵ دایە و دوو دەوام و سێ دەوامیشمان هەیە، لەهەندێك گوندیش لەبەر نەبوونی مامۆستا قوتابخانە داخراون و قوتابخانەی چەند گوندێكیش كراون بەیەك. لەلایەكی ترەوە زۆر لەو مامۆستایانەی كە تەنسیب دەكرێن لە قوتابخانەكانی سنوورەكەمان دواتر بە واسیتە دەگوازرێنەوە.
گەر كار بەو شێوەیە لەكەرتی پەروەردە بڕوات ئەوا دڵنیاتان دەكەمەوە لە هاوینی ئەمساڵ پەروەردەی خوێندنی كوردی لە دووبز وەكو قاڵبە سەهۆڵ دەتوێتەوەو نامێنێت.
كەرتی تەندروستی لەژێر سفر دایە
سەبارەت بەكەرتی تەندروستی قایمقامی قەزای دووبز رایگەیاند كە لەسنوورەكەماندا بواری تەندروستی لەژێر سفردایە و كەموكوڕی زۆرمان هەیە، لەقەزاكەماندا لایەنی تەندروستی سەر بەبەغدایە و بنكەیەكی كۆنمان هەیەو دكتۆری پسپۆڕی و ئافرەتانمان نییەو ئامێری پشكنین و پزیشكیمان هەیە، گەرچی كارمەند نییە كاری لەسەر بكات، تەنانەت یەك ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنمان هەیە، گەرچی زۆر كات بەنزینی بۆ دابین ناكرێت كە دووبز كانگا و دەریای نەوت و بەنزینە و زۆرجار نەخۆش یا بریندارێك تا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەكانی كەركووك و هەولێر گیانی لەدەست دەدات، من پێم سەیرە دووبز قەزایەكی وا كۆنە كەچی بنكەیەكی خراپی تەندروستی بەم شێوەیەی هەیە لەكاتێكدا سنوورێكی بەرفراوانەو چەندین ناحیە لە خۆ دەگرێت، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین كە نەخۆشخانەیەكی بەرفراوانی چەند قەرەوێڵەیی لە قەزای دووبز دروست بكرێت، تەنانەت زەویمان بۆ نەخۆشخانە دابین كردووە، بەڵام بۆماوەی 8 ساڵە ئەو پرۆژە گرنگە نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، كەموكورتییەكەش بۆ كەركوك و لەوێوە بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە، بۆیە لێرەدا داواكارم لە دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك كە خۆی دكتۆرە سەردانێكی مەیدانی بنكەی تەندروستی قەزای دووبز بكات و بەچاوی خۆی لە نزیكەوە كێشەو گرفتەكان ببینێت و بزانێت چی كێشەیەكی گەورەو جەرگبڕ لەم بنكەیە هەیە، تەنانەت لەبەر نەبوونی پزیشك و دەرمان ناتوانرێت چارەسەرە سەرەتاییەكانیش بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێت.
ماوەی هەشت ساڵە یەك كارمەند
بۆ قەزاكە دانەمەزراوە
لەكۆتایی دا قایمقامی قەزای دووبز وتی: ماوەی 8 ساڵە یەك كارمەندو كرێكارو مامۆستاو فەرمانبەرمان بۆ دانەمەزراوە تەنیا لەو ماوەیەدا یەك كەسمان بۆ دامەزرا كە برایەكی عەرەب بوو، سوپاسی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر دەكەم كە بۆ ناو یەكەی ئیداری قەزاكە چەند كارمەندێكی بۆ دامەزراندووین. هەروەها پێویستە ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەمان دادەنرێت زیاد بكرێت چونكە زۆر كەمەو بەشی هەموو پێداویستیەكان ناكات، بۆ نموونە لە ناحیەی سەرگەڕان كە 42 گوندی هەیەو هەر هەمووی وێران و كاولكراون تەنیا گۆڕەستانەكانیان ماون، هەر بۆیە پێویستی بە پرۆژەی خزمەتگوزاری زۆر هەیە، بۆیە لەم لایەنانەوە ئەگەر خەڵك گلەیی بكات و قسەمان پێ بڵێن مافی خۆیانەو منیش لەم مانگەدا ئەگەربێتوو داواكارییەكان جێبەجێ نەكرێت و لەلایەن هەردوو ئیدارەی هەرێم و كەركوكەوە ئاوڕێك لەم سنوورە نەدەنەوە دەست لەكاركێشانەوەی خۆم ڕادەگەیەنم.