دوزخورماتوو.. یەكە ئیدارییەكانی دوزخورماتوو داوا دەكەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەزگاكانی ئاسایشی هەرێم بە فەرمی رۆڵیان لە پاراستنی ناوچەكەدا هەبێت
December 6, 2011
راپۆرتەکان
وەكو تیمی(گۆڤاری گوڵان)سەردانی قەزای دوزخورماتوومان كردو لەنزیكەوە چەند هاووڵاتییەكمان دواند، یەكێك لە هاووڵاتییەكان گلەیی لە ئاوی خواردنەوە هەبوو وتی: ئاوی خواردنەوەمان تامی ناخۆشەو سوێرەو بەناچاری نەبێت بەكەڵكی خواردنەوە نایەت، هاووڵاتییەكی تر گلەیی لە خوێندنی كوردی سنوورەكە هەبوو كە قوتابخانەو مامۆستایان كەمە، بە گشتی گلەییەكی زۆر لەسەر كەموكوڕییەكانی بواری تەندروستی و كۆكردنەوەو فڕێدانی زبڵوخاشاك و نەبوونی پڕۆژەی ئاوەڕۆ هەبوو، ئەو گلەیی و داواكارییانەی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی ترمان ئاڕاستەی (شەلال عەبدل ئەحمەد) قایمقامی قەزای دوزخورماتوو كرد، كە لە دوو تویێ ئەم ڕاپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە.
شەلال عەبدل ئەحمەد قایمقامی قەزای دوزخورماتوو بۆ(گوڵان): ئەو بودجەیەی لەلایەن پارێزگای سەڵاحەدینەوە بۆمان تەرخان دەكرێت، زۆر كەمە و بەشی تاكە یەك پڕۆژەش ناكات
چەند ماڵە فەڵەستینیەكیش هاتوونەتە دوزخورماتوو
سەبارەت بەوەی كە عەرەبی هاوردە هاتوونەتە قەزای دوزو سنوورەكەو ئێستاكە كوردی رەسەنی ئەو شارۆچكەیە بەرەو شارەكانی تری هەرێم و شوێنی تر كۆچ دەكەن، قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: ئەم شارۆچكەیە تەنیا عەرەبی هاوردەی بۆ نەهاتووە، بەڵكو چەند خێزان و ماڵێكی فەڵەستینیشی بۆ هاتووە، لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق بارودۆخی ئەمنی ئەم ناوچەیە زۆر تۆكمەو بەهێز نەبووە، هەر بۆیە ژمارەیەكی زۆر لە عەرەبی پارێزگای دیالەو بەغداو شوێنانی تر كە نزیكەی دە هەزار ماڵ دەبن، هاتوونەتە شارۆچكەی دوزو لە ڕاستیشدا ئەوانە بوونەتە هۆكاری كێشەو گرفت بۆ ئێمە چ لە ڕووی ئەمنییەوە چ لە ڕووی كارو پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانەوە بارێكی قورسن، هەروەها لەبەر خراپی بارودۆخی ئەمنی شارۆچكەكەو بەردەوامی كردەوەی تیرۆرستی لەلایەن گرووپە تیرۆرستییەكانەوە خەڵكی ڕەسەنی شارۆچكەكە بەتایبەتی كوردەكان رۆژانە چەند ماڵێك بۆ شاری كەركوك و شوێنانی تری ناو هەرێمی كوردستان كۆچ دەكەن و لەم ماوەیەدا ئەم كۆچكردنە زیادیكردووە، لەبەر ئەوەی تیرۆرستان خەڵكی سیڤیڵ و كوردەكانی قەزاكە دەكەنە ئامانج و تیرۆریان دەكەن.
پێویستە شارۆچكەكەمان بخرێتەوە سەر پارێزگای كەركووك
سەبارەت بەوەی كە جێبەجێ نەكردنی مادەی 140 هۆ كارێكە بۆ هاتنی عەرەبی هاوردە یا هۆكاری تر لە پشت ئەوەدایە قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: نەخێر هۆكاری هاتنی ئەو عەرەبە هاوردانە بۆ جێبەجێ نەكردنی مادەی 140 ناگەڕێتەوە، بەڵكو عەرەب و توركمانی شارۆچكەكە زۆر ناڕازین لەو فشارو مامەڵانەی كە حكومەتی ناوەندی دەرهەق بەو شارۆچكەیەی دەكات و بە تێكڕای دانیشتووانی شارۆچكەو سنوورەكە حەز دەكەن زیاتر پێوەندی و مامەڵەكانیان لە هەموو ڕوویەكەوە(ئابووری و كۆمەڵایەتی و كارگێڕی) لەگەڵ پارێزگای كەركوك بێت نەك پارێزگای سەڵاحەدین، چونكە خەڵكەكە باوەڕێكی واقیع بینانەی هەیە كە كەركوك لە سەڵاحەدین باشترە، تا ڕادەیەكی وا كە حزبە توركمانەكانی ئەو شارۆچكەیەو هەندێكی عەرەبیش پێیان باشە دوزخورماتوو بۆ سەر پارێزگای كەركوك بگوازرێتەوە لەوەی ئێستاكە كە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە یا سەر بە هەرێم بوونی سەڵاحەدین بن.
لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا
بارودۆخی ئاسایشی ناوچەكەمان تێكچووە
سەبارەت بوون بە هەرێمی پارێزگای سەڵاحەدین و چەند كاریگەری لەسەر قەزای دوزخورماتووهەیە بەتایبەتی لەگەڵ ئەو باسكردنی هەرێمی سەڵاحەدینەدا كردەوەی تیرۆریستی لە سنوورەكە زیادی كردووەو قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: كێشەكانی ئێمە تەنیا ئەوە نییە بڵێین بە هەرێم بوونی پارێزگاری سەڵاحەدین وایكردووە كردەوەی تیرۆرستی لە دوزو سنوورەكەی زیادی كردووە، ئێمە وەكو كورد نەك وەكو ئیدارەی دوز پێمان باشە هەر پارێزگایەك یا چەند پارێزگایەك لە عێراقدا ببن بە هەرێم و جێبەجێكردنی ئەمە یەكێكە لە بڕگەكانی دەستووری عێراق و ئێمە بە هەرێم بوونی سەڵاحەدینمان پێ باشە، بەڵام مەترسییەكمان لەم بەهەرێم بوونە هەیە كە تا ئێستاكە ئایندەی قەزای دوزخورماتوومان لە بە هەرێم بوونی سەڵاحەدین لێوە دیار نییە، بەتایبەتی لەو كاتەدا كە چووینە ناو ئەو هەرێمەوەو دواتر نەتوانین بگەڕێینەوە سەر پارێزگای كەركوك، هۆكاری ئەو كردەوە تیرۆرستیانەی كە بەم دواییە لە قەزای دوز ڕوویداوە كە بەداخێكی زۆرەوە چەند كەسێكی سیڤیڵ بوونەتە ئامانجی ئەو كردەوە قێزەونانە، بەتایبەتی شەهیدبوونی ئەو دوو ئاسایشەی لەو ڕۆژانەدا كە دوو كەسی زۆر دڵسۆزو لەخۆبوردووبوون بۆ پاراستنی ئاسایشی قەزاكە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە 16هەزار سەرباز لە هێزەكانی ئەمەریكا هەبوون و ڕۆژانە بە دەوریە لە قەزای دوزو سنوورەكە دەسووڕانەوە و پارێزگارییان لە ناوچەكە دەكرد، بەڵام ئێستا ئەو هێزە پاشەكشەیان لە سنوورەكە كردووەو پاراستنی سنوورەكەیان لە ئەستۆدا نەماوەو فەوجی 4ی سەر بە لیوای 16ی فیرقەی4 سوپای عێراق هەبوو و ژمارەیەكی باشی سەربازی كورد لەو فەوجەدا هەبوون و ماوەیەكە بە بڕیارێكی وەزارەتی بەرگری ئەو فەوجەی پاشەكشەی پێ كراوە بۆ دەوروبەر و ناو پارێزگای سەڵاحەدین، بە كشانەوەی ئەو دوو هێزە بۆشایی و كەلێنێكی گەورە لە ڕووی ئەمنی لە قەزای دوزو سنوورەكە دروست بووە، بەمەش دەرفەتێكی باش بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستانە هاتە پێش و توانییان چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی قێزەوەن ئەنجام بدەن، لەلایەكی ترەوە وەكو حكومەتی هەرێم فەوجێكی فریاكەوتن و دوو دەزگای ئاسایشی لە شارۆچكەی دوزخورماتوودا هەیە، بەڵام لەمبارەوە كێشەمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندو پارێزگای سەڵاحەدین هەیە، كە ئەویش ئەوەیە كە ئەو فەوج و دوو دەزگای ئاسایشە ناتوانن بە فەرمی لە دوزخورماتوو ڕۆڵی خۆیان ببینن، چەند جارێك هەوڵمداوە كە ڕەزامەندی وەربگرم بۆ ئەوەی ئەو فەوج و دوو دەزگای ئاسایشە بە فەرمی رۆڵی خۆیان لە دوزخورماتوو ببینن، بەڵام هەوڵەكانمان بێ سوود و بێ ئەنجام بووە، پاش ئەو كردەوە تیرۆرستانەی لەم چەند ڕۆژەی دوایی لە شارۆچكەكە ڕوویداوە داوام لە پارێزگاری سەڵاحەدین كردووە كە كۆنگرەیەكی ئەمنی بۆ پاراستنی باری ئەمنی دوزخورماتوو ببەسترێت و هەموو دەزگاكانی ئەمنی پارێزگاری ئەمنی سەڵاحەدین و دوزخورماتوو تێیدا بەشداربن و بۆ بەستنی ئەم كۆنگرەیەش ڕۆژی 5/12/2011 دیاریكراوە، لەم كۆنگرەیەدا داوا دەكەم كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەزگاكانی ئاسایشی هەرێم بە فەرمی ڕۆڵیان لە پاراستنی شارۆچكەی دوزخورماتوو و سنوورەكەیدا هەبێت، چونكە ئێستاكە ژمارەیەكی زۆر لە گرووپە تیرۆرستیەكانی وەكو( ئەنسارو ئیسلام و ئەنسارو سوننە و گرووپی نەقشبەندی و قاعیدە و پاشماوەی بەعسییەكان) كردەوەی جۆراوجۆری تیرۆریستی لە سەنتەری قەزاو سنوورەكە ئەنجام دەدەن، لەلایەكی ترەوە پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوەش بكەین كە هەموو لایەن و حزبە كوردستانییەكان بەیەكەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی و كوردستانییەتی شارەكە كار دەكەن و پێوەندی نێوانیان زۆر باشەو زۆر بەكەمی بیر لە كاری حزبایەتی تەسك دەكرێتەوە. هاوكات ئێستاكە زۆربەی ئەو حزبە عەرەبی و توركمانەكانی لەو شارۆچكەو سنوورە هەیە بە تایبەتی ئەوانەی دڵسۆزو خەمخۆری میللەتن ئەوە هەوڵدەدەن و پێیان باشە لەگەڵ حزبە كوردیەكان و هەر هەموو لایەكمان بۆ بەرژەوەندی ناوچەكەو هاووڵاتیانی سنوورەكە بەیەكەوە كار بكەین، چونكە ئێستاكە بە بەردەوامی زانیاریمان لە لایەن هێزو دەزگا ئەمنییەكانی خۆمان و كەركوكیشەوە پێ دەگات كە گرووپە تیرۆریستەكان و پاشماوەو كۆنە بەعسییەكان لە دەوروبەری دوزو لە چیاكانی حەمرین و لە چەند ڕێگاو لای ترەوە هەوڵدەدەن لە پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاوە هێڕش بكەنە سەر شارۆچكەكەو و كردەوەی تیرۆریستی گەورەی تێدا ئەنجام بدەن، شارۆچكەی دوز كەوتۆتە شوێنێكەوە كە كۆنترۆڵكردنی زۆر ئاسان نییە، چونكە هاوسنوورە لەگەڵ عەرەب و توركمان و كەركوك و چەند پێكهاتەیەكی تێدایەو شارۆچكەكە 8 حزبی كوردی و 7حزبی توركمانی و 6حزبی عەرەبی و پاشماوەو كۆنە بەعسی و خەڵكانی سوننەو شیعەشی تێدایە، بۆیە وەكو باسم كرد ئێستا زۆربەی حزبەكان گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی كە بەیەكەوە كار بكەن.
بودجەی 7 ساڵ كۆبكەینەوە بەشی یەك پرۆژەی ئاوەڕۆ دەكات
سەبارەت بە پێوەندیان لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین چۆنەو لە چ ئاستێكەو ئەو بودجەیەی بۆ دوز تەرخان دەكرێت چەندەو بەشی كارو پڕۆژەكانیان دەكات یان نا قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: ئێمە لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین لەسەر خودی پارێزگا پێوەندیەكانمان باشە، ئەوەش سیاسەت و پلانەكە وای نەكردووە، بەڵكو پێوەندییە كەسایەتییەكان فەرزی كردووە كە پێوەندییەكانمان باش بێت، بەڵام بودجەكەی لەلایەن پارێزگای سەڵاحەدینەوە بۆمان تەرخان دەكرێت زۆر كەمەو بەشی تاكە یەك پڕۆژەش ناكات، هەر بۆ نموونە داوامان كردووە كە پڕۆژەی ئاوەڕۆی سەرتاسەری شارۆچكەكە دروست بكەین كە بڕی 103ملیار دیناری تێدەچێت، بەڵام ئەوان ئەمساڵ لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان كەمتر لە15ملیار دیناریان بۆ تەرخانكردوین، ئەگەر بودجەی 7 ساڵ بەیەكەوە كۆبكەینەوە ئینجا بەشی پرۆژەی ئاوەڕۆ دەكات، یا تەنیا بەشی نەخۆشخانەیەك یا قوتابخانەیەك دەكات.
پۆستە ئیدارییەكان
بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشكراوە
سەبارەت بەشێوە و جۆری پێكهاتەی ئەنجومەنی شارەوانی قەزاكە، قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: ئەو ئەنجومەنە لە كاتی خۆیدا بەپێی بڕیارو فەرمانی دەسەڵاتی هێزی هاوپەیمانەكان پێكهاتووە كە لە هەر نەتەوەیەك لە كورد و عەرەب و توركمان 7 ئەندامیان لەو ئەنجومەنە هەبێت و قایمقام كوردبێت و سەرۆكی ئەنجومەنەكە عەرەب و بەرپرسی پۆلیسی شارەكە توركمان بێت، بەڵام ئەو كەسەی كە دانرابوو بكرێتە بەرپرسی پۆلیس كەسێكی شارەزاو باش و پاك نەبوو بۆیە دانەنراو عەرەبێكی سوننە كرا بە بەرپرسی پۆلیس و لە دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی ناو قەزاكەدا لە نێوان هەر سێ پێكهاتەكە بەشێوەیەكی باش و دادپەروەرانە دابەشكراوە.
ماستەرپلانی شارۆچكەكەمان نییە
وەكو دەزانین كە ماستەرپلان بۆ هەموو شارو شارۆچكەیەك زۆر پێویستەو نەخشە ڕیگای سەركەوتنی پڕۆژەكان و بەرفراوانبوونە، لەمبارەوە قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: تا ئێستاكە ئێمە ماستەرپلانی شارۆچكەكەمان نییە، بەڵكو چەند ساڵە لەسەر نەخشەیەكی سادەو ساكار كار دەكەین، بەڵام ماوەیەكە كۆمپانیایەكی ئیتاڵی بەناوی(SGI)ی خەریكە بەكاركردن بۆ دروستكردنی ماستەرپلانی شارۆچكەی دوز، یەكێك لەو كێشە گەورانەی كە لە ڕژێمی بەعسەوە بۆ ناوچەكەو خەڵكەكە تا ئێستا ماوەتەوە كێشەی زەویوزارە بەتایبەتی ئەو زەوییە كشتوكاڵیانەی كە كاتی خۆی بە گرێبەست درابوونە بەعسی و پیاوەكانی خۆیان و ئەو گرێبەستانە تا ئێستاش كاریان پێ دەكرێت و هەڵنەوەشاندراینەوە و زەوییەكان بۆ خاوەن و خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە نەگەڕاوەتەوە، هەروەها ئەو كێشانەی زەوی تەنیا كاریگەری لەسەر دابەشكردنی زەوی بەسەر هاووڵاتیان نییە، بەڵكو كاریگەری و بەربەستێكی گەورەیە لەبەردەم جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەوە و دەستەی موڵكداری لە دوزخورماتوو هەیە كە بۆتە كۆسپ و گرفت و كێشەشمان بۆ دروست دەكات و بە تایبەتی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا، هەروەها زۆر كێشەی تری زەویوزار لە قەزای دوز هەیە، لەوانە بە دەیان هەزار دۆنم زەوی خەڵكی ڕەسەنی ئەو شارۆچكەیەو سنوورە لەبەر دەستی هەندێ عەرەبە كە لە كاتی ڕژێمی بەعس لێی سوودمەندبووینە و تا ئێستاش كێشەی ئەو زەوییانە یەكلانەكراینەوەو هەر لەژێر دەستی عەرەبەكانە، لەلایەكی ترەوە لە سەنتەری شارۆچكەكە ژمارەیەكی زۆر خانووی زێدەڕۆیی هەیە كە كاریگەری خراپیان لەسەر جوانی و دیزاینی شارۆچكەكەو ئەنجامدانی پڕۆژەكان هەیە، ئەو زێدەڕۆیانەش زیاتر لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق دەستی پێكردووە، بەڵام لەسەرەتای زێدەڕۆیەكانەوە هەوڵمانداوە پێشی لێ بگرین و بنەبڕی بكەین، هەر بۆیە لەساڵی 2010 تا ئێستا زێدەڕۆیی كەمی كردووەو دابەزیوە بۆ لە3%.
گرفتی زۆرمان لە خوێندنی كوردی هەیە
سەبارەت بە بواری پەروەردە بە تایبەتی خوێندنی كوردی لە قەزای دوزخورماتوو لە چ ئاستێكەو كێشەو گرفتەكان لەو لایەنەوە چییە؟ قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: من لێرەدا تەنیا باسی خوێندنی كوردی دەكەم كە كێشەو گرفتی زۆرە، بینایەی قوتابخانەو مامۆستاو پەرتوكمان كەمەو پۆلەكانی خوێندن زۆر قەرەباڵغەو كاریگەری خراپی لەسەر ئاستی تێگەیشتنی قوتابیان دروستكردووە بۆ چارەسەری ئەو بوارەش بەردەوام سەردانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پەروەردەو لایەنی پێوەندارمان كردووە، بەڵام تا ئێستا چارەسەری كێشەو گرفتەكان نەكراوەو لەدوا سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شاری كەلار ئەو كێشەو گرفتانەی بواری خوێندنی كوردیم بە نووسراوو دیكۆمێنت بە بەڕێزیان گەیاندووە، هەروەها لە ڕێگای ئەو گۆڤارە ئازیزەوە بانگەوازی ئێمە بگەیەننە حكومەت و لایەنی پێوەندار كە بەهانای كێشەو چارەسەری خوێندنی كوردییەوە بێن لە سنووری قەزای دوزخورماتوو. لەلایەكی تر مامۆستایانی خوێندنی كوردی چەندین كێشەو گرفتیان بۆ دروست دەكرێت كە دەبێتە هۆی بێزاربوون و ماندووبوونێكی زۆر و زەحمەتی بۆیان.
كێشەو گرفتمان لەبواری تەندروستی هەیە
سەبارەت بە كەرتی تەندروستی و كێشەو پێداویستییەكانیان قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: لە بواری تەندروستی بەتایبەتی لە ڕووی نەخۆشخانەوە كێشەو گرفتمان هەبوو، بەڵام ئێستاكە نەخۆشخانەیەكی 100قەرەوێڵەی بۆ سەنتەری قەزای دوزخورماتوو لە ژێر ئەنجامدانە كە بڕی 42ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە و لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو دەبێت، بەڵام هەر كێشەو كەموكوڕیی و گرفت لە بواری تەندروستی هەیە بەتایبەتی لە كەمی پزیشكی پسپۆڕ و نەشتەرگەری و داودەرمان، لەلایەكی تر سیستەمی تەندروستی تا ئێستا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە و پێش نەكەوتووە و دەتوانین بڵێین سەقەتە.
ئەو كوردانەی گەڕاونەتەوە هیچی وایان بۆ نەكراوە
سەبارەت بەو خێزانە كوردانەی گەڕاونەتەوە بۆ ناو شارۆچكەی دوزخورماتوو و سنوورەكەی بەپێی مادەی 140 چییان بۆ كراوە قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: ئەو كوردانەی گەڕاونەتەوە تا ئێستا شتێكی وایان بۆ نەكراوە، تەنیا ئەو قەرەبووەیە كە بەپێی مادەی 140ی دەستوورە و سوودمەندەكانیش تەنیا كوردی نەگرتۆتەوە، بەڵكو توركمانیشی گرتۆتەوەو سوودمەندبوونەكەش تەنیا لەو بڕگەیەیەو هیچی تریان تا ئێستا بۆ نەكراوە، بەڵام چەند ڕۆژێك پێش ئێستا بریاڕدرا كە هەزار پارچە زەوی بەسەر خەڵكی دابەش بكەین و هەندێ لەم پارچە زەویانە دەدەین بە ئاوارە گەڕاوەكان و زیندانیانی سیاسی قەزای دوزخورماتوو.
بەشێوەیەكی زۆر كۆن و تەقلیدی
زبڵ و خاشاك كۆدەكەینەوەو فڕێی دەدەین
سەبارەت بە كۆكردنەوەو فڕێدانی زبڵوخاشاك لە سەنتەری قەزاكە قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: ئەو سیستەمەی لەم كارە خزمەتگوزارییە بەكاردێت زۆر كۆن و تەقلیدییە و ئەو ئامێرو ئۆتۆمبێلانەی بۆ ئەو كارە بەكاردەهێنرێن كەم و كۆنن و ژمارەی كرێكارەكان بەپێی پێویست نییەو ئەوانەی بە گرێبەستیش كار دەكەن مووچەكانیان كەمە و كارەكەشیان قورس و مەترسیدارە. هەروەها ئەو زبڵوخاشاكە هۆكارێكی سەرەكی پیسبوونی ژینگەی قەزای دوزخورماتووە، بۆیە پێویستە حكومەتی ناوەندی و پارێزگای سەڵاحەدین هەوڵدەن كارو سیستەمی هاوچەرخ لەمبوارە بەكاربێنن.
ئاوی خواردنەوەكەمان سوێرە و بەناچاری بەكاری دەهێنین
سەبارەت بە ئاوی خواردنەوە كە گلەیەكی زۆری لەسەرە لە لایەن هاووڵاتیانی شارۆچكەكەوە قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: ئەو قسەو گلەییانەی خەڵك كە سەبارەت بە ئاوی خواردنەوە دەیكەن هەر هەمووی ڕاستەو ئاوی خواردنەوەكەمان سوێرەو بەناچاری بەكاری دەهێنین و لــــــەبەر كـــــەمی بودجە تا ئێستا نەتوانراوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین و تۆڕی دابەشكردنی ئاوەكەش لە زۆربەی گەڕەك و شوێنەكان كۆنن و پێویست بە تازەكردنەوەو نۆژەنكردنەوە هەیە، زۆرجار و كات تووشی كەمئاوی و بێئاوی دەبینەوەو ئەمساڵ ئەگەری كەوتنەوەی مەترسی گەورەی بێئاوی دەكرێت بەتایبەتی ئەگەر وشكەساڵی بێت و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەمان لەسەر ئەو پڕۆژەی ئاودێرییەیە كە دەكەوێتە سەر ڕێگای كەركوك و ئەو پڕۆژەیە دەستكاریكردنی زۆر ئاسان نییە بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتەكانی ئاوی خواردنەوەكە بكەین و ئاوی خواردنەوەكەش لەڕووی تەندروستییەوە بە هیچ جۆرێك شیاوی بەكارهێنان و خواردنەوە نییە.
لەكارەباو ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ كێشەو گرفتی زۆرمان هەیە
لە كۆتایدا قایمقامی قەزای دوزخورماتوو وتی: ئێمە لە هەموو بوارەكانی تری خزمەتگوزاری وەكو ( كارەبا و ڕێگاوبان و شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەری دوز و ء ئاوەڕۆ و . . . ) كەموكوڕی و كێشەو گرفتی زۆرمان هەیە، بۆیە بە پێویستی دەزانین گرووپی كوردو كوردستانی لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق ڕۆڵ و فشاری خۆیان بخەنەسەریان و كاریگەرییان لەسەر دروست بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بەپێی پێویست و كاولكاری سنوورەكە ئاوەڕمان لێ بدەنەوە و بودجەیەكی باش و تایبەت تەرخان بكەن بۆ چارەسەری گرفتە خزمەتگوزارییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەكانی سنوورەكە بۆ ئەوەی هاووڵاتیانمان بتوانن درێژە بە ژیان و گوزەران و كاری ڕۆژانەیان بدەن و رۆڵ و فشاریان دیار بێت لەسەر دامەزراندن تاوەكو خەڵكی سنوورەكە سوودمەند بێت نەك دامەزراندن و پڕكردنەوەی میلاكات بە ئارەزووی كەسانێك و لە بەرژەوەندی حكومەتی عێراق بێت و خەڵكی دەرەوەی سنوورەكە دامەزرێنن و بە زۆریش بەسەر ئێمەیان بیسەپێنن، چونكە تا ئێستا حكومەتی عێراقی لە هەموو بابەت و كارە گرنگەكان پرس بە ئێمەو ئیدارەی قەزاكە ناكات كە ئەمەش ئایندەیەكی خراپ و ناڕۆشن بۆ ئێمەو بۆ قەزاكە دروست دەكات .
داوا لە جەنابی سەرۆكی كوردستان دەكەین لەنزیكەوە گوێبیستی داواكارییەكانی دوز بێت
هاوكات سەبارەت بەحكومەتی هەرێمی كوردستانیش قایمقامی دوزخورماتوو وتی: تا ئێستا زۆر بەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری ئەو قەزاو ناوچەیەی كردووە و ئەركە لەسەریان كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری جیاجیا لەم سنوورە ئەنجام بدەن و حیسابی ئەوە نەكەن ئێمە لەسەر شاری سەڵاحەدینین، بەڵكو دەبێت وەكو هەموو قەزاو ناحیەو سنوورەكانی تری كوردستان و زیاتریش تەماشای دوزخورماتوو بكەن.
داواكارین لە جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بەنووسراوی فەرمیش داوامانكردووە كە دیدارو دەرفەتێكمان بۆ بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی لە نزیكەوە هەندێ كێشەو گرفتی بەردەوام و هەمیشەیمان هەیە كە جەنابیانی لێ ئاگادار بكەینەوە بۆ ئەوەی كلیل و ڕێگای چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەمان بۆ بدۆزێتەوەو چارەسەری بنەڕەتییان بكات، چونكە ئێمە دەزانین ئێستا هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكان پێشكەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە دیوە، ئەمەش دیارە بە كارو ئیشكردن و بەدواداچوونی حەكیمانەی جەنابی و دەسەڵاتی سیاسی كوردو كوردستانەو ئێمەش وەكو خاك و سنوورو خەڵك و تێكۆشان و خۆبەختكردن بەشێكی دانەبڕاوین لە نەخشەی كوردستان و ئاوات و ئومێدی هەموو كوردێكی ئەم دنیایەیەو مێژوو شایەدە بۆ كوردو كوردستانییەتی سنوورەكە و تەعریب و تەرحیل و شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و خاپووركردنی گوندو سنوورەكە لە لایەن بەعسی گۆڕ بەگۆڕچوو بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە لەسەر كوردستانییەتی قەزای دوزخورماتوو و سنوورەكەی.