ئەگەر بە زوویی ئاوەڕۆكان پاكنەكرێنەوە مەزەندەی روودانی لافاو دەكرێت

ئەگەر بە زوویی ئاوەڕۆكان پاكنەكرێنەوە مەزەندەی روودانی لافاو دەكرێت
سروود عەبدولمەجید بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی هەولێر بۆ(گوڵان): هەولێر ئاوەڕۆی ئاوی قورس و وێستگەی پاڵاوتنی نییە

سەبارەت بە گرفتی نەبوونی ئاوەڕۆی قورس لە هەولێرو ئەگەرەكانی كەوتنەوەی مەترسی لافاوو پیسبوونی ژینگەو خراپ بوونی باری تەندروستی هاووڵاتیان و چۆنیەتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ئاوەڕۆو زۆر مەسەلەی پێوەنداری گرنگی تریش، وەك گۆڤاری گوڵان سەردانی بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی پارێزگای هەولێرمان كردو راستەوخۆ وەڵامی پرسیارەكانی داینەوەو پوختەی وەڵامەكانی لەم راپۆرتەدا بڵاودەكەینەوە.
ڕێژەی كۆبوونەوەی ئاو لە ناو شار زیاتر بووە
سەرەتا سەبارەت بە ئەگەرەكانی كەوتنەوەی لافاو لەشاری هەولێر سروود عەبدولمەجید بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی پارێزگای هەولێر وتی: ئەو سیستەم و تۆڕی ئاوەڕۆیانەی لەناو شاری هەولێر هەیە تەنیا بۆ ئاوەشۆڕكردنی ئاوی بارانە، واتا بۆ ئاوی قورس نییەو بۆ ئاوی قورسیش دەست نادات، تا ئێستاش لە هەولێر ئاوەڕۆی ئاوی قورس دروست نەكراوە، هەر بۆیە كێشەكە لێرەدا سەرهەڵدەدات، چونكە جگە لەئاوی باران بەناچاری لەزۆربەی گەڕەك و ناو شاری هەولێر ئاوی گەرماوو چێشتخانەی ماڵەكان و لە هەندێ گەڕەك و شوێنیش ئاوی قورسیش دێتەوە ناو تۆڕی ئاوەڕۆكەی باران، هەرچەندە لە ساڵی 2000 كە بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆیەكان بۆ یەكەمجار لە شاری هەولێر دامەزراو ساڵانە بە سەدان كیلۆمەتر ئاوەڕۆی باران لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر دروستكراوەو، بەپێی تۆبۆگرافیای هەولێر ئاوەڕۆیەكان درێژكراوەتەوە بەرەو خوارووی شاری هەولێرو بە كەندی هەولێردا دەڕوات و لەوێشەوە بەرەو توڕەق و خوار توڕەق دەچێت، ئەگەر هاتوو ئەو پڕۆژە ئاوەڕۆیانەی لە ساڵانی 2000 تا ئێستا ئەنجام نەدرابوایە، ئەوە ئەو كێشانەی ئێستا ڕووبەڕووی هاووڵاتیان دەبێتەوە زۆر گەورەترو زیاترو مەترسیدارتر دەبوون، چونكە شاری هەولێر لەم چەند ساڵەدا گەورەبوون و بەرفراوانیەكی زۆری بەخۆوە دیوە، ئەمەش وا دەكات ڕێژەی كۆبوونەوەی ئاو لە ناو شار زیاتر بێت و هەندێ ساڵیش ڕێژەی باران بارین زۆر زیاترە، هەندێ بارانیش هەیە زۆر بەخوڕەو لەماوەیەكی زۆر كورتدا ڕێژەیەكی زیاد لە چاوەڕوانكراو باران دەبارێت و سەرتاپای شەقام و كۆڵانەكان دادەپۆشێت، ئەم بارانە بەخوڕانە لە هەر وڵاتێكی دنیا بێت، ئەوە دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی ئاوێكی زۆر لەسەر شەقام و كۆڵانەكانی ناو شار، چونكە ئاوەڕۆكان لەو كاتانەدا پێویستیان بە كاتە بۆ ئاوەشۆركردنەكە، لێرەدا ئەگەری لافاو دێتە پێشەوە بەتایبەتی لەبەر ئەوەی زبڵوخاشاك كونی ئاوەڕۆیەكانی گرتووەو ئاوەكە ناڕوات، ئەمەش یەكێكە لەو كێشانەی ساڵانە ڕووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە، بەڵام لەوكاتانەدا دەبێت ئێمە چی بكەین و چیمان پێ دەكرێت بۆ ئەوەی وابكەین ئاو لە شەقامەكان كۆنەبێتەوە، ئەویش بە لابردنی بەربەستەكان و پیسی و زبڵ و پاشماوەكانە كە پێشتر لەكاتی باران نەبارین لە وەرزەكانی تر دەچنە ناو ئاوەڕۆكان، ئەوەش لە ئەنجامی ئەوەیە كە هاووڵاتیان زبڵوخاشاكی ڕۆژانەی ماڵەكانیان یا ئەو پاشماوانەی لە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی خانووبەرەكانیان بەكاریدەهێنن كۆناكەنەوە و فڕێیدەدەنە ناو كۆڵان و سەرشەقامەكان، هاوكات ئەو كۆمپانیانەی گەڕەك و ناو شاری هەولێر لە زبڵوخاشاك پاك دەكەنەوە بەپێی پێویست بە كارو ئەركەكانیان هەڵناستن، لەو كاتەدا نەك تەنیا كونی ئاوەڕۆیەكان، بەڵكو لە هەندێ كۆڵان و شەقام و شوێن ئەو كونانەی ئاوی لێ دەچێتە ناو ئاوەڕۆیەكان سەر قەپاخەكانیان نەماوەو كونەكانیش بە تەواوی پڕبۆتەوەو لە هەندێ جێگای لە ناو ئاوەڕۆیەكانیش بەربەست دروست دەبێت و ڕێگا لە ڕۆیشتنی ئاوەكە بە تەواوی دەگرێت، لە ئەنجامدا لە چەند خولەكێكدا ڕێژەیی ئاو لە شەقام و كۆڵانەكان زیاد دەكات و لە هەندێ گەڕەك و شەقام دەبێتە هۆی لافاو، بۆ ئەوەی تووشی ئەم حاڵەتە نەبین، ساڵانە ئێمە لە پێش وەرزی باران بارین دەست دەكەین بە كارو پڕۆسەی پاككردنەوەی كون و ناوەوەی ئاوەڕۆیەكان و لابردنی بەربەستەكانی ناو ئاوەڕۆیەكان كە لە ئەنجامی فڕێدانی زبڵوخاشاك دروست بوون، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا دەبێت هاووڵاتیان هاوكارمان بن، پێویستە ئەوەش بزانین كە پڕۆسەی فڕێدانی زبڵوخاشاك و پڕۆسەی ئاوشۆركردنی ئاوەڕۆیەكان هەردوو یەكن، چونكە بە كۆبوونەوەی زبڵوخاشاك لەسەر شەقام و كۆڵانەكان بە یەك ڕێژنەی باران هەموو ئەو پاشماوانە دەچنە ناو ئاوەڕۆیەكان و لە پێش چاوانە كە ڕۆژانە زبڵوخاشاك فڕێ دەدرێتە سەر شەقام و كۆڵانەكان و لە پاشان دەچێتە ناو ئاوەڕۆیەكان، هەرچەندە تیمەكانمان لەگەڵ كەمی كارمەند و كرێكارو ئامێرەكان هەڵدەستن بە پاككردنەوەی كون و سەری ئاوەڕۆیەكان و تێكشكاندنی ئەو بەربەستانەی كە لە ناو ئاوەڕۆیەكان دروستبووە. هەروەها هۆكارێكی تر كە كاریگەری لەسەر ئێمەو كارە خزمەتگوزاریەكانی تریش هەیە، ئەو گەورەبوونە زۆرەی شاری هەولێرە كە كارە خزمەتگوزارییەكان ناتوانێ بەهاوتەریبی لەگەڵی بڕوات، هەروەها تۆڕی ئاوەڕۆی ئاوشۆری هەولێر لە هەر شوێن و گەڕەكێك بە شێوەی جیاجیا كراوەو بە پێی تۆبۆگرافیای شوێن و گەڕەك و شەقامەكان دروست كراوە و ئاو لە هەموو ئاوەڕۆیەكەوە بە تاودان دەڕوات، پەمپ لە هیچ شوێنێك بەكارناهێنرێت تەنیا لە ئەندرپاسەكان نەبێت، ئەمەش سیفەتێكی باشە لە سیستەمی ئاوەڕۆدا و ناتوانرێت لە ئاوەڕۆی باران لوولە یان سندوقی تیرە گەورە لە هەموو شوێنێك دابنرێت، چونكە بەدرێژ بوونەوەی ئاوەڕۆ تیرەكان زیاتر دەبن، ئەوەش دەگاتە ئاستێكی نەشیاو و بودجەو خەرجی و ئیمكانیاتی زۆری دەوێت و ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت. هەر بۆیە ئاوەڕۆیەكانی هەولێر لە سەرەوە بە یەك مەتری و كەمتر دەستی پێكردووە لەسەر 60 مەتری زیادی كردووە تا لەكۆتایی شار گەورەبووەو بۆتە لوولەیی تیرە گەورە یا سندوقی سێ مەتر بە سێ مەترو نیویی، بەڵام كێشەمان لەگەڵ هەندێ لە ئاوەڕۆ كۆنەكان هەیە كە پێویستیان بە گۆڕین و فراوانكردن و نۆژەنكردنەوە هەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم قۆناغەی ئێستای شاری هەولێر بگونجێت.
پرۆژەی ماستەرپلانی ئاوەڕۆی ئاوی قورس لە هەولێر
سەبارەت بە جێبەجێ نەكردنی ماستەرپلانی ئاوەڕۆی هەولێریش كە ئەویش وەكو كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر و شەمەندەفەرەكەی سلێمانی لێهاتووە، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی پارێزگای هەولێر وتی: چەند ساڵێك پێش ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستا بە واژووكردنی كۆنتراكتێك لەگەڵ كۆمپانیای ڤۆیسینگی ئەڵمانی بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی ئاوەڕۆی ئاوی قورس، كە ئەو دیزاینەش بەپێی بەرفراوان بوونی شاری هەولێرە تا ساڵی 2035 كێشەی ئاوەڕۆ چارەسەر دەكات، كۆمپانیای ناوبراو هەستاوە بە دروستكردنی ماستەرپلانەكەو دانانی گشت وردەكارییە هونەرییەكانی كە پێویستن بۆجێبەجێكردنی پڕۆژەی تۆڕی ئاوەڕۆی ئاوی قورس و وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی قورس، ئەم ماستەرپلانە بە هەموو وردەكاری و پێداویستیەكانی تەواوبووەو لەژێردەستە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكە، بەڵام پرسیار لێرە ئەوەیە بۆ پڕۆژەكە ئەنجام نادرێت؟ ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە پڕۆژەكە بودجەیەكی زۆری دەوێت، بەپێی خەمڵاندنی ڕاوێژكارە ئەڵمانیەكان كە كاریان لە ماستەرپلانەكە كردووە زیاتر لە 700ملیۆن دۆلاری پێویستە، ئەم پڕۆژەیەش بە چوار قۆناغ ئەنجام دەدرێت، چونكە ناتوانرێت پڕۆژەكە بەیەك قۆناغ دەست پێ بكات، لەبەر ئەوەی قەرەباڵغی و جەنجاڵیەكی زۆر لە ناو شار دروست دەبێت، هەر قۆناغێكیش بۆ خزمەتكردنی 600هەزار كەسە، درێژی هەموو پڕۆژەی ئاوەڕۆیەكە 2190كیلۆمەترەو تیرەی 30سانتیمەتر دەست پێ دەكات تا دەگاتە دوو مەترو40سانتیمەترو لە كەرەستەی GRP، HDPEكە ئەو دوو مادەیە تایبەتمەندن بۆ دروستكردنی ئاوەڕۆی ئاوی قورس، ئەو پڕۆژەیە زۆر پێویست و گرنگە بۆ پایتەختی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، بەڵام وەكو وتمان كێشەی دابینكردنی بودجەكەی هەیە، لە كابینەی پێنجەمەوە تا ئێستا لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ بەدەستهێنان و تەرخانكردنی بودجەكەی و هەوڵدراوە لە ڕێگای وەبەرهێنان یا قەرزی درێژخایان یا حكومەتی هەرێمەوە ئەو بڕە پارە زۆرە دەستكەوێت، بەڵام تا ئێستا بێ سوود بووە، چونكە چەندین سێكتەر و پڕۆژەی تر كە پێویستی سەرەكی بوون كارو ئیش و ئەولەویەتیان لە لایەن وەزارەتە پێوەندارەكان و حكومەتەوە پێدراوە، هەرچەندە هەوڵەكان بۆ دابینكردنی بودجەی ئەو پڕۆژەیە لە چەندین لایەنەوە هەر بەردەوامە. هەر بۆیە ناتوانین بەروارو كاتی دەستپێكردنی پڕۆژەكە دیار بكەین، بە تەواوبوون پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئاوی قورس و وێستگەی پاڵاوتنی ئاوە قورسەكە شاری هەولێر رزگاری دەبێت لە بیری ئاوی قورسی ماڵان، كە هۆكارێكی سەرەكی و ترسناكە بۆ پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی، چونكە ئاوی قورسی هەموو ماڵەكان و گەڕەكەكان دێتەوە سەر ئاوەڕۆیەكە.
هەر سەبارەت بەم پرۆژە گرنگە كە تا چەند حكومەت بایەخ بە جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی وا ستراتیژیی داوە، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی هەولێر وتی: سەرۆكی حكومەت ئاگاداری پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئاوی قورسی پایتەختی هەرێمی كوردستانە و لە كابینەی پێنجەمەوە تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە كاتی ئیمزاكردنی پڕۆژەی ماستەرپلانەكە لەگەڵ كۆمپانیای ڤۆیسینگی ئەڵمانی ئەوە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش لە ئەولەویەتی كارەكانی حكومەت و لایەنە پێوەندارەكان بووە، بۆیە دەزانین و زۆر باش ئاگادارن لە كاتێكدا كە كۆمپانیا یا وەبەرهێنێك بۆ گفتوگۆكردن و جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە پێویست و گرنگە دێنە لامان دەڵێن لەوبارەوە سەرۆكی حكومەتیشمان بینیوەو گفتگۆمان لەسەری كردووە.
پاككردنەوەی زێرابەكان بەتیم و ئامێری كەم
پاككردنەوەی ئاوەڕۆیەكان بەتایبەتی پێش هاتنی وەرزی بارانبارین هۆكارێكی سەرەكییە بۆ كەمبوونەوەی مەترسی لافاو بەڵام كەمی ئامێرو كرێكار ڕێگرن لە جێبەجێكردنی ئەم ئەركە لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی پارێزگای هەولێر وتی: ئەو ئاوەڕۆیەی تا ئێستا لە هەولێر دروستكراوە تایبەتە بە ئاوەشۆری باران، بەڵام ئەو ئاوەڕۆیە ئێستاكە دوو كار دەكات، چونكە جگە لە ئاوی باران ئەوە ڕۆژانەو بەدرێژایی ساڵ ئاوی ماڵان و ئاوی قورسیش بە ڕێژەیەكی زۆر دەچێتە ناو ئاوەڕۆیەكەوەو بەپێی ئەو ڕێژە ئاوەی كە ڕۆژانە لە هەولێر بەكاردەهێنرێت، بۆ بەڵگەی ئەوەش ئەگەر لەوەرزەكانی باران نەبارین تەماشای كەندی هەولێرو كۆتایی ئاوەڕۆكە بكەین دەبینین ئاستی ئاوی ئاوەڕۆكە چەند بەرزو زۆرە، بۆیە لە هەموو وەرزەكان هەرچەندە تیم و ئامێرەكانمان كەم و پێشكەوتوو نییە، بەڵام كاری پاككردنەوە بۆ ئاوەڕۆیەكان ئەنجام دەدەین، گەرچی كارو ئیشی پاككردنەوەمان لەسەرەتاو لە ناو وەرزی زستان و باران بارین چڕتر و زیاترە و لەبەر ئەوەی كرێكارو ئامێرمان كەمە، بۆیە هەندێ جار یا لەكاتی باران بارین كاری پاككردنەوە دەكەین، هاووڵاتیان وا دەزانن تەنیا لە وەرزی زستان هەڵدەستین بە پاككردنەوەی كون و بەربەست و ناو ئاوەڕۆیەكان، گەرچی هاووڵاتیان پابەند نابن بە ڕێنمایەكانی پاراستنی پاكوخاوێنی كوچەو كۆڵان و شەقامەكانەوە، بۆ نموونە هەندێ كون یا حەچەمبەری ئاوەڕۆیەكان پاك دەكەینەوە پاش دوو ڕۆژ دەبینین بەهۆی فڕێدانی زبڵوخاشاك وەكو خۆی گیراوەو پڕبووینەوە و دەبێت دووبارە كاری پاككردنەوەی بۆ بكەین، چونكە بە تاوە بارانێك ئەو شوێن و شەقامە پڕ دەبێت لە ئاو، لەلایەكی ترەوە كاركردن و پاككردنەوەی گەڕەكە كۆن و ئاوەڕۆیە كۆنەكان زۆر گران و زەحمەتە، هەر بۆیە لە پلاندایە ئاوەڕۆ كۆنەكان بگۆڕین و نۆژەنیان بكەینەوە و هەندێ شوێن و گەڕەكیش بەپێی ماستەرپلانی شاری هەولێر گۆڕانكاری بەسەر دادێت و لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییەدا ئەو شوێن و گەڕەكانە پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئاوشۆری بارانی هاوچەرخیان بۆ دروست دەكرێت، هەروەها لەچەندین شوێنی ترەوە لەناو شاری هەولێر پڕۆژەی ئاوەڕۆمان پێویستە، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجە ناتوانرێت هەر هەمووی بەیەك جار ئەنجام بدرێن، لەگەڵ شارەوانی هەماهەنگیمان هەیە لە كاتی دروستكردنی هەر شەقام و كۆڵانێك پڕۆژەی ئاوەڕۆش لەو شوێنانە ئەنجام دەدەین، تاوەكو تووشی هەڵكەندنی شەقامەكان نەبینەوەو بودجەش بەهەدەرنەدەین، هەرچەندە هەندێ جار تووشی هەڵكەندنی شەقامەكان دەبینەوە، ئەویش لەوكاتانە كە بودجەكەمان دوادەكەوێت، هەر بۆیەش هەندێ كارو پڕۆژەمان دەكەوێتە وەرزی زستان.
كارێكی زۆر بەبودجەیەكی كەم
هەروەها سەبارەت بە بودجەو پارەی بەردەست بۆ رووبەرووبوونەوەی حاڵەتی لەناكاو و كاری ڕۆژانەو چاككردنەوەی بەپەلەی هەندێك ئاوەڕۆ بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی پارێزگای هەولێر وتی: ئێمە مانگانە بودجەی پێشینەی بەگەڕخستنمان هەیە، بەڵام ئەو پێشینەیە بەپێی ئێستای هەولێرو قەزاو ناحیەكانیش كە كارو ئیشەكانیان لەسەر ئێمەیە زۆر كەمە، بۆیە پێویستە بۆ زیاتر كاراكردنی و ئیشەكانمان و بەدەنگەوەچوونی هاووڵاتیان بودجەی بەگەڕخستنەكەمان زیاد بكەن، هاوكات لە هەندێ پڕۆژەی ئاوەڕۆدا پارێزگاری هەولێر بودجەمان بۆ دابین دەكات.
نەخشەی ئاوەڕۆی ئاوی باران بەتەواوی نییە
كەموكوڕی و نەبوونی تەواوی نەخشەی ئاوەڕۆی هەولێر گرفتێكی تری بەڕێوەچوونی كاروباری ئاوەڕۆكانە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی پارێزگای هەولێر وتی: ماستەرپلانی ئاوەڕۆی ئاوی قورسی شاری هەولێر لە 100% بە هەموو وردەكاری و ئیشە هونەرییەكانیەوە تەواوكراوەو ئامادەیە و جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش سەرتاپای شار دەگرێتەوە، بەڵام نەخشەی ئاوەڕۆی ئاوی بارانمان بەتەواوی نییە، واتە بۆ هەموو شارەكە دروست نەكراوەو هەستیارو وردەكاری تێدا نییەو ئەمەش یەكێكە لە كێشەكانمان لە كاتی ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئاوی باران كە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
شەقامی 120 مەتری و ژێر پردەكان
سەبارەت بە شەقامی 120 مەتری كە گڵێكی زۆر هەڵدراوەتەوەو كەندەكانی گرتووەو مەترسی لافاوی لێدەكرێت و هەروەها هەموو ساڵێك ژێر پردەكان لەكاتی كەوتنەوەی بارانێكی بەخوڕ دەگیرێت بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی پارێزگای هەولێر وتی: دیزاینی ئەو شەقامە 120مەتریە لەلایەن كۆرییەكانەوە كرابوو و ئێمە تێیدا بەشدار نەبووین، بەڵام پاشان هاتە لای ئێمە و ئێستاكە كۆمپانیایەكی توركی كاری لەسەر دەكات و پێش دەستكردن بە ئەنجامدانی پڕۆژەكە ئێمە ڕاوسەرنجی خۆمان لەسەر دەربڕی و توانیمان هەندێ گۆڕانكاری گرنگ و پێویستی تێدا ئەنجام بدەین، تاوەكو مەترسی لافاو كەمتر بكەینەوە، چونكە لەو شوێنەی ئەم شەقامەی لێ دروست دەكرێت ئەوە ئاوەڕۆی ئاوشۆری نییەو هیچ دەروازەو ڕێگا و ڕێڕوێكیش بۆ ئاوشۆركرنی نییە، بۆیە لەو شوێنانەی وەكو گەڕەكی بەهار كە مەترسی لافاوی لێ دەكرێت ئەوە پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئاوی بارانمان وەكو كاری زیاد لە پڕۆژەكە زیادكردووە و ئێستاش بۆ ڕۆیشتنی ئاو كەناڵی دروستكراوەو نابێت ئەو گڵەی لەسەر یەكتر كۆكراوەتەوە كەناڵەكانی ئاو ڕۆیشتنەكە بگرێت، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی لافاو لەو شوێن وگەڕەكانەی كە نزیكن لە پڕۆژەی پردەكان و شەقامە 120 مەتریەكە. هەروەها پڕۆژەیەكی تری ئاوەڕۆمان بۆ دەرچووە و ئەویش درێژكردنەوەی ئاوەڕۆی شەقامی بەردەمی نەخۆشخانەی سەردەمە بۆ شەقامی 100مەتری و بەردەمی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی نوێ و لەوێوەشەوە تا دەگاتە ئاوەڕۆی ژێر شەقامە 120 مەتریەكە و لینكیشمان بۆ بەجێهێشتووە تاوەكو بە 60 مەتری تازە دابڕوات و درێژ دەكرێتەوە تا دەگاتە ئاوەڕۆی شەقامی سەرەكی كوران – مەخمور. هەروەها سەبارەت بەژێر پردەكان و ئەو حاڵەتانەی كە هەندێ جار لە وەرزی باران بارین لە ژێر ئەندرپاسەكان ڕوو دەدات، زۆربەی لە ئەنجامی باران بارینی بەخوڕە كە بە كاتێكی كەم ڕێژەیەكی چاوەڕوان نەكراو باران دەبارێت، هەروەها ئەو پردانە ژوورێكیان هەیە بۆ پەمپەكان و هەر یەكەش لەم پەمپانە لە ئاستێكە بۆ فڕێدانی ئاو بۆ ئاوەڕۆیەكانی لە سەرەوە هەیە و لەو كاتەی ئاوی باران بارینەكە لە ئاستی خۆی زیاتر بێت ئەوە زبڵوخاشاكی سەر شەقام و دەورووبەرەكەی دەچێتە ناو ژووری پەمپەكان و پەمپەكان رادەوەستن و كار ناكەن و ناتوانن ئاو فڕێ بدەنە ئاوەڕۆیەكانی سەرەوە ئەوەش دەبێتە كێشە گەورە و ژێر پردەكان پڕ دەبێت لە ئاو و ڕێگای هاتوچۆ لە ژێر پردەكە نامێنێت. بۆ باشتركردنی ئەندرپاسەكان لەم حاڵەتانە ئەمساڵ كارمان كردووە لەمانە پەمپێك و پایپمان بۆ بەرزە پردی شەهید ئەكرەم مەنتك گۆڕیوە و كۆنتڕۆڵ پەنەڵەكانمان بردۆتە سەرەوە تاوەكو لە كاتی گرفت و ئەو حاڵەتانە بتوانین لەسەرەوە بە ئاسانی كارەكان بكەین و لەو كاتەدا پێویست ناكات بچینە ژێر پردەكەو ناو ژووری پەمپەكان، هەروەها هەوڵمانداوە لە دوورەوە سیستەمی پەمپەكان مۆنیتەر بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ كۆمپانیایەك ڕێككەوتووین كە بە SMS لەگەڵ ئەندازیارەكانی خۆمان كار بكەن .
ئاوەڕۆكان لەپرۆژەكانی نیشتەجێبوون
سەبارەت بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و گوندەكانی نیشتەجێبوون كە تا چ رادەیەك پڕۆژەی ئاوەڕۆیان بۆ كراوە، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی پارێزگای هەولێر وتی: ئەو جۆرە پڕۆژانە كێشەی گەورەی بۆ ئێمە دروستكردووە، ئەمەش بۆیە وایە لە پێش ئێستا و لە چەند ساڵی ڕابردوو كە دەستەی وەبەرهێنان زەوی بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنانەكان دابین دەكردن و پێی دەدان بە هیچ جۆرێك ئاگاداری ئێمەیان نەدەكردەوەو پرسیشیان پێمان نەكردووە، بەڵام كە لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەهاتن بەتایبەتی پڕۆژەی خانوو شوقەی نیشتەجێبوون، ئەوە دەمانبینی بۆ ئاوەڕۆ كەندێكی سروشتی دابەشكردووە و لادانی ئاویش لەم كەندە سروشتیانە زۆر زۆر زەحمەتە یا ناكرێت یا بكرێتیش پارەیەكی زۆری دەوێت یا بە قووڵیەكی زۆر دەتوانرێت ئاوەكەی لێ دوور بكەیتەوە و ئەمەش خۆی كێشەیەو مەترس لافاوی لێ دەكرێت و نموونەشمان لەم بارەوە زۆرە، بەڵام ماوەیەكە بەتایبەتی كە ئەو كێشانەمان لەو پڕۆژانە دیت داوامانكرد پێش ئەوەی زەوی بەوەبەرهێن بدرێت، ئەوە دەبێت و پێویستە ڕاوبۆچوونی هەموو لایەنە پێوەندارەكان وەربگیرێت نەك ڕای ئێمە بەتەنیا، ئێستاكە لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوو ئاوەڕۆكان هەماهەنگی لەگەڵ وەبەرهێنەكان لە هەر پڕۆژەیەك بێت دەكرێت و ئێستاكە لەم پڕۆژانە تۆڕی ئاوەڕۆی باران بارین دێتە لای ئێمە و سەرنج و كارو تێبینی خۆمانی لەسەر دەردەبڕین و لە پاشان دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت و ئێمەش ئەگەر بەپێی مەرج و ڕێنمایەكان و ستاندار نەبێت پڕۆژەی ئاوەڕۆیەكەیان پەسند ناكەین، هەروەها هەر لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوو ئاوەڕۆكان داوا لە وەبەرهێنەكان دەكرێت كە وێستگەی پاڵاوتن بە پێی قەبارە و كاری پڕۆژەكەیان دابمەزرێنن و بۆ سەوزای ناو پڕۆژەكە سوود لەم وێستگەیە وەربگرن و لەم كاتەشدا دەتوانن ئاوە قورسەكەیان نەخەنە سەر ئاوەڕۆی ئاوی باران بارین، بەڵكو وێستگەی كۆنتاكی بچوك بۆ ئاوی قورس دابنێن، ئێستاكە ئەم كارانەش كراوەتە مەرج لەسەر پڕۆژەی وەبەرهێنان و دەبێت وەبەرهێنەكان پابەندی بن.
هێڕشی زیندەوەرە قڕتێنەرەكان
سەبارەت بەو زیندەوەرو قڕتێنەرانەی كە لە ناو ئاوەڕۆكان دروست دەبن، جاری وا هەیە هێڕش دەبەن بۆ ناو ماڵەكان بەتایبەتی لە هاویناندا، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی هەولێر پێی وابوو هۆكاری سەرەكی ئەم كێشەو گرفتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هەندێ خەڵك ئاوی قورسی ماڵەكانیان دەخەنەوە سەر ئاوەڕۆی ئاوی بارانەوەو وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی قورسیشمان نییە و لە ئەنجامدا ئاوەڕۆكەی ئاوی باران دەگیرێت و ئەم ئاوەڕۆیانەش لەبەر ئەوەی لە كۆنكرێت دروستكراوە ئەوە بەرگری ئاوی قورس ناگرێت و دادەخوڕێت و لە چەندین شوێنیش دادەكەوێت و دەبێتە هۆی دروست بوونی قڕتێنەرەكان و لە پاشان چەندین جۆرە زیندەوەری زیانبەخشی لێ دروست دەبێت كە زەرەرو زیانی تەندروستیان بۆ مرۆڤ هەیەو دەبنە هۆكاری نەخۆشی ترسناك. هەروەها لەو ماڵانەی كە ئاوی قورسیان خستۆتەوە سەر ئاوەڕكانی ئاوی باران كە كاتێك ئاوەڕۆكان دەگیرێت ئەوە ئاوەقورسەكە بۆ ناوماڵەكانیان دەگەڕێتەوەو بۆنی ناخۆش و قرتێنەرەكانیش بێزاریان دەكەن، ئەگەر بە خێراترین كات چارەسەری ئەو حاڵەتە نەكەن بۆی هەیە تووشی نەخۆشی بن، بۆ لە ناوبردنی ئەو قرتێنەرو زیندەوەرانە وەزارەتی تەندروستی نووسراویان بۆ كردین كە چۆن قرتێنەرەكان قەڵاچۆ بكەین و ئێمە لە وەڵامدا پێمان ڕاگەیاندن كە شارەزایی و ئەو دەرمان و بەشەمان نییە كەبتوانین بەو كارە هەستین و داوامان كرد كە ئەوان(وەزارەتی تەندروستی)هاوكاریمان بكەن و بەو كارە هەستن و بەخۆشحاڵیەوە ئێستا وەزارەتی تەندروستی بەو كارو ئیشە هەستاوو ماوەیەكە دەستیان پێ كردووە، لەلایەكی تر بۆی هەیە ئەو دەرمانەی لە ئەنجامی قەڵاچۆكردنی قرتێنەرەكان بەكاردێت زەرەروو زیانی بۆ مرۆڤ هەبێت بەتایبەتی لە كاتێك كە خەڵك هەیە ئاوی ئەو ئاوەڕۆیانە بەكاردەهێنێت بۆ ئاودانی شیناییەكانیان، بۆیە لێرەدا تەئكید دەكەمەوە لە كاتێكدا ئاوەڕۆی ئاوی قورس دروست بكرێت ئەوە ئەو پارەیەی بۆ نەخۆشیەكان خەرج دەكرێت بۆ وەزارەتی تەندروستی دەگەڕێتەوە، لە لایەكی ترەوە بۆ ئەوەی ئاوەڕۆكان بە تایبەتی ئاوەڕۆی ئاوی قورس نەچێتەوە سەر زێ و هاووڵاتیانی گوێرو سنوورەكە لە نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە بپارێزین بڕیارە وێستگەیەكی پاڵاوتنی ئاوەڕۆی ئاوە قورسەكە 10 كیلۆ مەتر دوور لە ڕێگای موسڵ لە نێوان گوندی عەرەب كەند و سووێری دابنرێت.
پڕۆژە هەیە بە كۆمپانیایەك دراوە ئەو شارەزایەی تێدا نەبووە
لەكۆتاییدا سەبارەت بەدەركەوتنی كەموكوڕی لەهەندێك ئاوەڕۆ لەناو شاری هەولێر و لاوازی هەندێك لەو بەڵێندەرو كۆمپانیانەی ئەمجۆرە پرۆژانە ئەنجام دەدەن بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی پارێزگای هەولێر وتی: لە سیستەمی پێدانی پڕۆژە بە بەڵێندەر ئەوە دەرخستە لەلای ئێمەوە دەكرێت و لە پاشان دەنێرینە لیژنەی تەندەرینگ لە پارێزگای هەولێر، لەوێش پاش چەندین ڕێوشوێن و مەرج و ڕێنمایی تەندرەكان دەكرێتەوەو دەدرێت بەو كەسانەی كەمترین نرخ و باشترین كەرەستەو ئامێری هەبێت و هەندێ جار مەرج نییە كەمترین نرخیش ڕەچاو بكرێت، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كە بە باشترین شێوەو ئەندازە و سەردەمیانە كار و پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت، بەڵام هەندێ پڕۆژە كە بە كۆمپانیایەك دراوە ئەو شارەزایەی لە كاری ئاوەڕۆ نەبووە، بۆیە تێیدا سەركەوتوو نەبووە یان كێشەو گرفتی لەكاركردن بۆ هاتووەتە پێش و ئێمەش لەو كاتەدا پڕۆژەكەمان لێوەرگرتۆتەوەو بەپێی گرێبەست و ڕێنماییەكان ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ كراوەو كۆمپانیاش هەیە خرابێتە لیستی ڕەشەوەو جارێكیتر كارو پڕۆژەی پێنادرێت. هەر بۆیەش توانیومانە كارو پڕۆژەكانمان كۆنتڕۆڵ بكەین و لە ئیشەكاندا سەركەوتوو بین.
Top