بازیان.. خانووەكانی تەیناڵ تاپۆیان نییە
October 22, 2011
راپۆرتەکان
وەك تیمی (گۆڤاری گوڵان) ناحیەی بازیان و سنوورەكەیمان بەسەر كردەوە، سەرەتا قیرتاونەكردنی شەقام و كۆڵانەكانی سەرنجی ڕاكێشاین،دواتر چەند هاووڵاتییەكمان دواند، یەكێك لەهاووڵاتییەكان وتی كەموكوڕیمان لە بوارەكانی پەروەردەو تەندروستی هەیە بە تایبەتی لە كەمی قوتابخانەو مامۆستاو نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ و پزیشكی ئافرەتان، هەروەها ئافرەتێك گلەیی لە دوكەڵی كارگەكان هەبوو، گلەیی و داواكاری و ڕەخنەكانی خەڵكەكەو چەند پرسیارێكی ترمان لە(ئامانج محەمەد) بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان كرد، لەدووتوێی ئەم ڕاپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە.
• لە بەردەقارەمان زەوی گەشتیاریی بەناوی خەڵكی ئاساییەوە كراوەو خانوو و ڤێللای شەخسییان لەسەر دروست كردووە.
• ناوچەی سەوزایی یەكجار كەمەو زۆربەی گەڕەكەكان باخچەیان نییە.
• وێستگەی كارەبای ناحیەكە، پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە.
• ڕەوشی خوێندن و پەروەردە لە گوندەكانی سنوورەكە زۆر خراپە.
• فەرمانگەو یەكە ئیدارییەكانی ناحیەكەمان زۆربەیان بینایەیان نییە.
ئامانج محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان بۆ( گوڵان ): لە فراوانكردنی بازیاندا كار لەسەر نەخشەیەكی بنەڕەتی كۆن دەكەین لەبەرخراپی بینایە قوتابخانەی گوندێكمان داخست چەند مەرجێكمان بەسەر كارگەكانی چیمەنتۆدا سەپاندووە
كاتێك دەگەیتە شارۆچكەی بازیان، ژمارەیەكی زۆر لە كارگەو كارخانە سەرنجت رادەكێشێت، ئەمەش نیشانەیەكە بۆ بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی لەم ناوچەیەدا و هۆكارێكیشە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار، بەڵام لەلایەكی ترەوە هۆكارێكە بۆ پیسبوونی ژینگەو كەوتنەوەی دوكەڵ و تەپوتۆز كە ئەوەش بۆتە جێی نیگەرانی دانیشتووانی بازیان و سنوورەكە، سەبارەت بەم گرفتە بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: بوونی چەند كارگەیەك لە سنوورەكە بەتایبەتی هەردوو كارگەی چیمەنتۆی ماس و یەكگرتووی چیمەنتۆی هاوبەشی گوندی هەیاسیە، هۆكارێكی باشن بۆ دۆزینەوەی هەلی كار لە سنوورەكەو خەڵكێكی باش كار لەم كارگانەدا دەكەن، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم دوو كارگەیە، ئێمە وەكو یەكەی ئیدارەی سنوورەكە گفتوگۆمان لەگەڵ ئیدارەی ئەم دوو كارگەیە ئەنجامداوەو چەند مەرجێكمان بۆیان داناوەو ئەوەی لەمەولاش كارگە دابنێت، دەبێت هەمان مەرج ڕەچاو بكات، مەرجەكانیش ئەمانەن.
یەكەم- هیچ كارمەند و كەسێك لەم كارگانە دانامەزرێن، ئەگەر لە ڕێگای ناحیەوە نەبێت، كارگەكان داوا دەكەن ئەوەندە كرێكارەو كارمەندەمان پێویستەو ئێمەش ڕایدەگەیەنین و ئاگارداری خەڵكی سنوورەكە دەكەینەوە.
دووەم- كارگەكانی ئەم سنوورە بە تایبەتی هەردوو كارگەكەی چیمەنتۆ تا خەڵكی سنووری ناحیەی بازیان هەبێت، ئەوە خەڵكێكی تر دانامەزرێنن، بەڵام پسپۆڕایەتییەك لە سنوورەكە نەبێت ئەوە خەڵكانی تر لە دەرەوەی سنووری بازیان لەهەر شوێنێك بێت دەتوانن داواكاری و سیڤی خۆیان پێشكەش بكەن.
سێیەم- بۆ پاراستنی ژینگەش چەند مەرج و ڕێنماییەكمان هەیە.
گرنگی بە باخچەو ڕواندنی درەخت نەدراوە
هەر سەبارەت بەپیسبوون ژینگەو گرنگی نەدان بەڕواندنی درەخت و دروستكردنی باخچە بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: هەموو كارگەیەك هەرچەندە فلتەری هەبێت و هاوچەرخ بێت، بەڵام بەپێی خەسڵەت و شێوازو جۆری كارەكانی خۆی ژینگەی دەوروبەر پیس دەكات، بۆیە لە بارەی پاراستنی ژینگەوە، لەگەڵ هەردوو كارگەی چیمەنتۆ رێككەوتوین كە پابەندبن و هەوڵی جددی بدەن بۆ پاراستنی سنوورەكەو ساڵانە لەسەر بودجەی خۆیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەكە ئەنجام بدەن، لەم ڕوانگەیەوە كارگەی یەكگرتووی چیمەنتۆی هاوبەش كە لە گوندی هەیاسیەیە ئەمساڵ لە تەیناڵ یاریگایەكی تاتان دروست دەكەن، كارگەی چیمەنتۆی ماسیش هەر ئەمساڵ دوو پڕۆژە ئەنجام دەدات كە یەكێكیان فراوانكردن و نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی سەنتەری ناحیەكەیەو پڕۆژەكەی تر فراوانكردنی بینایەی قوتابخانەی بنەڕەتی بازیانە، هەروەها ئەو كارگانەو چەند كارگەیەكی تر لە پڕۆژەكانی ساڵی داهاتوویاندا هەڵدەستن بە سەوزكردنی ڕووبەرێكی بەرفراوان لە چەند شوێنێكی سنوورەكە كە ئەم سەوزكردنە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ پاراستنی ژینگەی سنوورەكە، هەروەها لە كاتی دامەزراندنی ئەو كارگانەی چیمەنتۆ كێشەی زەویو زار لە نێوان كۆمپانیاكان و جووتیارانی گوندەكان هەبوو، بەڵام كۆمپانیاو خاوەنی كارگەكان جووتیارەكانیان بە پارەیەكی باش قەرەبوو كردنەوە، تەنیا كارگەكەی چیمەنتۆی گوندی هەیاسیە نزیكەی 7 ملیون دۆلار قەرەبووی بە جووتیارەكان داوە.
سووتانی نەوتەكە
خەڵكی مافی خۆیەتی گلەیی بكات
سەبارەت بە دوكەڵی سوتانی نەوت كە لەكاتی تێستكردن بیرە نەوتەكان دەكەوێتەوە ئەوە بۆتە جێی گلەیی لەلای هاووڵاتیان؛ بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: ماوەیەكە دوو كۆمپانیا لە سنوورەكە بە دوای نەوتی خاو دەگەڕێن و دوو بیرە نەوتیان لە سنوورەكە دۆزیوەتەوە كە چۆتە قۆناغی پاككردنەوەو تاقیكردنەوەوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا هەفتانە جارێك یا دووجار یا مانگی جارێك یا دوو سێ مانگ جارێك ئەو نەوتەی دەری دەهێنن بۆ تێستكردن دەسووتێنرێت، لە ئەنجامی ئەمەش دوكەڵ ئاسمانی سنوورەكە دادەپۆشێت، خەڵك مافی خۆیەتی لەمبارەوە گلەیی بكات، بەڵام لەقۆناغی دەرهێنانی نەوتەكەدا ناتوانین پێش لەم كارو تاقیكردنەوانە بگرین، چونكە ئەمە پێویستی كارەكەیە بێ ئەو سووتاندنەش كار و ئیشەكانیان ناكرێت و ناتوانرێتیش ئەو تێستانە بگوازرێتەوە یا بۆ كاتی تر دوا بخرێت.
ماستەرپلانمان نییە بۆ فراوانكردنی شارۆچكەكە
سەبارەت بەوەی كە ماستەرپلان بۆ گەشەكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و گەورەبوون و بەرفراوانبوونی هەموو شارو شوێنێك پێویستە، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: ناحیەی بازیان ماستەرپلانی بۆ كار و پڕۆژەو بەرفراوانكردنی شارۆچكەكە نییەو ئێستا ڕەچاوی ئەو نەخشە بنەڕەتیە دەكەین كە چەندین ساڵە هەیە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین و داواكارم لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە ماستەرپلانی ناحیەكەمان بۆ بخەنە ناو پلانەكانیان و وەكو پڕۆژەیەكی گرنگ و سەرەكی تەماشای بكەن و پەلە لە جێبەجێكردنی بكرێت، لە لایەكی ترەوە نەك تەنیا سەنتەری ناحیەكە، بەڵكو شارەوانیەكانی تری سنوورەكەش پێویستیان بە ماستەرپلان هەیە، هەروەها لە تەیناڵ خانووەكانیان تاپۆی نییە و كووژاندنەوەی زەویشیان بۆ نەكراوەو لە هەندێ شوێنی ناحیەی بازیان و سنوورەكەش كوژاندنەوەی زەوی كراوە، بەڵام ناتوانرێت كارو پڕۆژە لەسەر ئەم زەویانە ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی خاوەنی زەوییەكان قەرەبوو نەكراونەتەوە.
لە لایەكی ترەوە لە سنووری ناحیەكەمان نەتوانراوە كێشەی كرێچیایەتی بنبڕ بكرێت، بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانەوكێشەیە تاكە ڕێگا ئەوەیە دەستەی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت لە سنوورەكە یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكەن. هەر كۆمپانیایەك بۆ ئەو مەبەستە داوای هاوكاری و پاڵپشتی بكەن، ئێمە وەكو یەكەی ئیدارەی سنوورەكە ئامادەین پشتگیرییان لێ بكەین.
كۆڵان و شەقامەكان
قیرتاوو كۆنكریت نەكراون
سەبارەت بە قیرتاوو كۆنكریت نەكردنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو گەڕەكەكان و سەنتەری ناحیەكە كە لە وەرزی زستان و باران باریندا كێشەو گرفتی زۆر بۆ دانیشتووانی گەڕەكەكان دروست دەكات؛ بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: كۆڵان و شەقامەكانی گەڕەكەكانی سەنتەری ناحیەكە كە خۆی لە شەش گەڕەك دەبینێتەوە قیڕتاوو كۆنكرێت و شۆستەیان بۆ نەكراوە و ئەمەش نەك لە وەرزی زستان، بەڵكو هەموو كاتێك لەهاتوچۆكردن كێشەو گرفت بۆ خەڵكەكە دروست دەكات و هۆكارێكە بۆ بێزاربوونی دانیشتووانی ناحیەكە، بۆیە بڕیارە ئەمساڵ لەسەر بودجەی پەرەپێدان دوو ملیار دینار بۆ ناحیەی بازیان و سنوورەكەی دانراوە و لەم بودجەیەش بڕی 972ملیون دینار تەرخانكراوە بۆ قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی كۆڵان و شەقامەكانی ناو گەڕەكەكانی سەنتەری ناحیەكەو بڕێك لە بودجەی پتڕۆ دۆلاریش تەرخان كراوە بۆ كێشەو گرفتی خزمەتگوزارییەكان و قیرتاوو كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵانەكانی سنووری ناحیەی بازیان.
هەروەها لە تۆڕی ڕێگاوبانی گوندەكانیش كێشەو گرفت هەیەو پێویست بەوە دەكات بخرێتە كارو بەرنامەی وەزارەتە پێوەندارەكان و چارەسەری بكەن.
پێویستە پردی پەڕینەوە لەسەر ڕێگای سەرەكی( سلێمانی- كەركوك) دابنرێت
ڕێگای نێوان كەركوك – سلێمانی بەجێگایەكی سەرەكی و قەڵەباڵخ دادەنرێت، بەڵام زۆر لەشارۆچكەكانی بازیان كەوتوونەتە سەر ئەم ڕێگایە بەتایبەتی هەردوو بەشی تەیناڵ، بۆیە چەندین كارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمبێل روویداوە لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: پەڕینەوەی خەڵك بەتایبەتی خەڵكی سنوورەكە لە ڕێگا سەرەكییەكەی نێوان (كەركوك – سلێمانی) زۆر زەحمەت و ناخۆشەو ڕۆژانە چەندین كارەساتی جەرگبڕی لێ ڕوودەدات،، ئەوەش بە دروستكردنی دوو یان سێ پردی پەڕینەوە لە سنوورەكەدا چارەسەر دەبێت، واباشترە پردێكیان لە نێوان هەردوو بەشی شارۆچكەی تەیناڵ دا بێت.
زبڵوخاشاك بەشێوەیەكی كۆن و تەقلیدی كۆدەكرێتەوە
سەبارەت بە كۆكردنەوەو خۆ رزگاركردن لە زبڵوخاشاك لە سەنتەری ناحیەكەو سنوورەكەدا بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: شارەوانییەكانی سنوورەكە بە كاری كۆكردنەوەو خۆرزگاركردنی زبڵوخاشاك هەڵدەستن و ئەو سیستەمەی بەكاری دەهێنن زۆر كۆن و تەقلیدیە و پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە، لە لایەكی ترەوە كار و سیستەمەكە لاوازی و سیستی پێوە دیارە، چونكە شارەوانییەكان ئامێرو كرێكاریان كەمە، بۆ سیستەمێكی باش و چارەسەرێكی گونجاو پێویست بەوە دەكات كاری پاككردنەوەی ناحیە و سنوورەكە بدرێت بە كەرتی تایبەت و بۆ خۆ رزگاركردنیش لە زبڵوخاشاكەكە پێویستە لە لایەن حكومەت و وەزارەتی شارەوانی نەك تەنیا بۆ بازیان بەڵكو بۆ هەموو شارو شارۆچكە و شوێنێك كارگەی ڕیسایكلین دابنێن یا لە ڕێگای كۆمپانیاوە ئەم پڕۆژەیە ئەنجام بدرێت، چونكە بەم كارە دەتوانرێت پارێزگاری لە ژینگەی هەرێمی كوردستان بكرێت و سەرەڕای ئەمەش تا ئێستاكەش لە ناو شارۆچكەكانی سنوورەكە خەڵك خەریكی ئاژەڵداریە، بێگومان جگە لەوەی هۆكارێكە بۆ پیسبوونی ناحیەكە و شارۆچكەكان، هاوكات دیاردەیەكی قێزەوەنە لە ناو شارۆچكەكە و هۆكارێكی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و تووشبوون بە چەندین نەخۆشییە، بۆیە شارەوانی هەوڵیداوە ئەم دیاردەیە چارەسەر بكات و بە خێوكردنی مەڕوماڵات لە ناو شارۆچكەكانی سنوورەكە بە تایبەتی لە سەنتەری ناحیەكە دوور بخاتەوەو بچێتە دەرەوەی شارۆچكەكان. بۆ باشتركردن و پاراستنی ژینگەی سنوورەكەو ناو سەنتەری ناحیە و گەڕەكەكان پێویستە ڕووبەری سەوزایی زیاد بكرێت و ژماریەك باخچە و پارك دروست بكرێت، لەبەر ئەوەی ئێستا زۆربەی گەڕەكەكان باخچەیان نییە و ناوچەی سەوزایش یەكجار كەمەو بە پێی ڕێنمایی و مەرجەكانی شارەوانی نییە و ڕەچاوی بنەما و ڕێژە و ستانداری ڕاستەقینەی جیهانی نەكراوە، بۆیە ئەمەش كاریگەری لەسەر لایەنی دەروونی و جەستەیی هەموو دانیشتووانەكە هەیە، بەتایبەتی منداڵان و بەساڵاچووان.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە ڕاشكاوانە بڵێم: زۆر پێویستە وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی ناحیەی بازیان و سنوورەكەی بكەن و بەچاوی خۆیان كێشەو كەموكوڕیەكانی بواری شارەوانی ببینن و بەرنامەو پلانێكی بۆ دابڕێژن و لە ساڵانی داهاتوودا دەست بە چارەسەری ئەو كەموكوڕیانە بكەن.
كێشەی وێستگەو دابەشكردنی كارەبای گوندەكانمان هەیە
سەبارەت بەبواری كارەبا كە لە ناحیەی بازیان كێشەی وێستگەو تۆڕی دابەشكردنی كارەبای گوندەكان و ڕووناكی ناو سەنتەری ناحیەكەو سەلەی كارەبا هەیە بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان لەمبارەیەوە وتی: كێشەمان لە وێستگەكەی ناو بازیان هەیە كە ساڵی 1980 دروستكراوە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هەرچەندە دوو، سێ جاری تر نۆژەنكراوەتەوە، بەڵام بۆ باشتركردنی كارەبای بازیان بڕیارە هێڵی 132 كەی ڤی لە چەمچەماڵەوە بە هەر دوولای ڕێگای سەرەكی چەمچەماڵ- سلێمانی بۆمان بێت، گەرچی لەمبارەوە كێشە لەسەر زەوی ئەو جووتیارانە هەیە كە تاوەرەكانی لێ دادەنرێت، پاش چارەسەركردنی ئەم گرفتە دەست دەكرێت بە پڕۆژەی 132 كەی ڤی، هەروەها كێشەمان لە تۆڕی كارەبای گوندەكان هەیە كە لە ساڵی 1990 دروستكراوەو پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هاوكات سەنتەری ناحیەكە و شارۆچكەكانی سنوورەكە پێویستیان بە پڕۆژەی ڕووناككردنەوەیە، هەروەها كەموكوڕیمان لە كەمی ئامێر و كارمەند و كرێكاری كارەبا هەیە بە تایبەتی سنوورەكە زۆر پێویستی بە سەلەیەكی كارەبایە.
كێشەی میلاكاتی مامۆستامان هەیە
سەبارەت بەوەی كە بازیان و سنوورەكە كەموكوڕی زۆرە لە بواری پەروەردەدا بەتایبەتی لە كەمی بینایەی قوتابخانەو میلاكات و گوندەكانیش لە بینایەی خشت و قوڕدان یا لە خانووی كرێدان بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: بینایەی قوتابخانەمان زۆر كەمە، هەر بۆیە زۆربەی دەوامەكانی ناحیەكەو شارۆچكەكان دوو دەوامی و سێ دەوامین و پۆلەكانی خوێندن لەگەڵ سیستەمی تازەی پەروەردەی هەرێم ناگونجێت، چونكە پۆلەكان زۆر قەرەباڵغن و كەموكوڕیەكی زۆریش لە میلاكاتی مامۆستادا هەیە بەتایبەتی وانە زانستییەكان و لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا یەك بینایەی قوتابخانە بۆ بازیان دروستكراوە، هەروەها ڕەوشی خوێندن و پەروەردە لە گوندەكانی سنوورەكە زۆر خراپن، لەبەر ئەوەی بینایەی قوتابخانەكان لە خشت و قوڕ دروستكراوە یا لە خانووی كرێدان و ئەمساڵ لەبەر خراپی بینایە قوتابخانەی گوندێكمان داخست، چونكە دەترساین بەسەر قوتابی و مامۆستایاندا بڕووخێت، شارۆچكە هەیە وەكو تەیناڵ لە سنوورەكە تا ئێستا قوتابخانەی ئامادەی و دواناوەندی نییەو قوتابیانیان بە پێیان دەچن بۆ شارۆچكەی تر، هەر لەبەر ئەمەشە ئەوە ماوەی 7ساڵە بەبەردەوامی قوتابیانی تەیناڵ خۆپیشاندان دەكەن و دێنە سەر شەقام، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەو بەدواداچوونی مەیدانیی داواكارم لەوەزیری پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی ناحیەی بازیان و سنوورەكەی بكەن، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بزانن و ببینن كێشەو گرفتەكانی ئەو ناحیەو سنوورە چییە، هەروەها بەشی ئەندازەی وەزارەت تەفعیل بكەن بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوو بینایەی (18 و 27)پۆلی بۆ خزمەتی پەروەردەی سنوورەكە دروست بكەن.
نەخۆشخانەی بازیان كۆنەو بچووكە
سەبارەت بەوەی كە ناحیەی بازیان كەموكوڕی زۆرە لە بواری تەندروستی و تا ئێستاكە نەخۆشخانەیەكی كۆنی هەیە و پزیشكی ئافرەت و پسپۆڕو نەشتەرگەری لێ نییەو حكومەت لەمبوارەدا ئاوڕیان لێ ناداتەوە بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: نەخۆشخانەی بازیان كۆنەو بچووكە و توانای چارەسەر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ژمارەی دانیشتووانەی نییە كە ئێستا لەبازیان هەیە، هەروەها پزیشكی ئافرەت و پسپۆڕو نەشتەرگەریمان لە نەخۆشخانەكە نییە، بۆیە لەزۆر حاڵەتدا نەخۆشەكان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی دەكرێن و چەندینجار داواكراوە كە نەخۆشخانەیەكی گەورە لە تایپی A یا 50 قەرەوێڵەیی بۆ ناحیەی بازیان دروست بكرێت، بەڵام تائێستا وەزارەتی تەندروستی وەڵامی نەداوینەوە، هەروەها پێویستمان بە سەنتەری فریاگوزاری هەیە لەسەر ڕێگا سەرەكییەكە، چونكە ڕۆژانە لەسەر ئەم ڕێگایە ڕووداوی هاتوچۆی دڵتەزێن ڕوودەدات، هەروەها لەهەموو گوندەكانی سنوورەكەدا یەكەی تەندروستی نییە، تەنیا لەو گوندانە هەیە كە قەرەباڵغەو سیستەمی ئەو یەكانەش كۆنن و تەنیا لەحاڵەتی سەرەتایی و فریاگوزاری سوودی لێ وەردەگرن، لێرەدا داوا دەكەم لە وەزیری تەندروستی سەردانی بازیان بكات و چی بۆ هەڵەبجەو هەورامان و دەربەندیخان كردووە ئاواش كارو پڕۆژە بۆ ناحیەی بازیان و سنوورەكەی بكات.
بەڕێوەبەرایەتیەكانی گەشتوگوزارو شوێنەوار كەمتەرخەمن
سەبارەت بە گەشتوگوزارو شوێنەوار لەناوچەكەدا بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: گەشتوگوزارو شوێنەوار لەلایەنی ئابوورییەوە كاریگەریەكی زۆرو ڕاستەوخۆی لەسەر زیادكردن و بەرەوپێشەوەبردنی بودجەو داهات هەیەو لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە ئەوە هۆكارێكە بۆ دروستبوونی پێوەندی كۆمەڵایەتی لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكان و پردێكە بۆ لێك تێگەیشتن و نزیكبوونەوەی وڵاتان بە تایبەتی لەلایەنی كەلتورو مێژوو، بەڵام دەبێت بەجددی و بەردەوام كارو پڕۆژە لەم بوارانە ئەنجام بدرێت، لە بواری گەشتوگوزاری لە دوای ساڵی 1991ەوە لەلایەن حكومەتی كوردستان و لایەنی پێوەندار هەوڵدرا ئەو بوارانە پێش بكەوێت و كاریشیان بەپێی توانا بۆ كردووە، بەڵام ئەو كارو پڕۆژانە زۆر كەمەو لە ئاستی ئەو دوو بوارە گرنگە نییە، واتە حكومەتی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی گەشتوگوزار كەمترخەمن و هەوڵیان نەداوە بەپێی پێویستی و داواكاری ئەم دوو بوارەوە كارو پڕۆژە ئەنجام بدەن، هەر بۆیە گەشتوگوزار لە كوردستان لە قۆناغێكی سادەو سەرەتاییدایەو گەشتیاران گلەیی زۆریان هەیەو لە بواری شوێنەواریش كەمترین كاریان كردووە، لە لایەكی ترەوە لە سەر شوێن و زەوی گەشتیاری كێشە زۆرە، لە سنووری ناحیەی بازیان و لە بەردەقارەمان كە شوێنەوارێكی مێژووی لێیە بە شێوەیەكی زۆر سادە نۆژەنكراوەتەوەو زەوی گەشتیاری لە بەردەقارەمان بەناوی خەڵكی ئاساییەوە كراوەو ئەوانیش باخ و خانوو و ڤێللای شەخسییان لەسەر دروست كردووە، ئەگەر لایەنی پێوەندار ئەو زەوییانە لەو خەڵكانە وەربگرێتەوە ئەوە كارێكی زۆر زەحمەت و ئیجرائاتی وەرگرتنەوە زۆر گران و قورس لەسەریان دەوەستێتەوە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم كە لایەنی پێوەندیدار پێداچوونەوە لە بواری گەشتیاری بكاتەوەو لە ڕێگای داواكاری گشتییەوە سكاڵا لەبارەی ئەو زەوییە گەشتیارانەی بەردەقارەمان بۆ وەرگرتنەوەو چارەسەركردنیان تۆمار بكەن، ئێمەش وەكو یەكەی ئیداری و ڕاپەڕاندنی كارەكان ئامادەین هاوكاریان بكەین، لە لایەنی گەشتیاری، بە تەئكید لە بارەی گەشتوگوزارو شوێنەوارەوە لە سنووری بازیان هیچ كارو پڕۆژە ئەنجام نەدراوە.
پڕۆژەی ئاودێری لە سنوورەكە نییە
كەرتی كشتوكاڵ یەكێكە لەو بوارانەی لە هەموو هەرێمی كوردستان گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە و خەڵك و جووتیارو حكومەت لە هەوڵی ئەوەدان ساڵ لە دوای ساڵ پێش بكەوێت، بەڵام لە لایەن جووتیاران لە هەموو شوێنێك گلەیی و گازندە زۆرە لەسەر كەمی پڕۆژەو هاوكاری لایەنی پێوەندیدار بۆ جووتیاران، لەمبارەوە بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: وەزارەتی كشتوكاڵ لەم سنوورەدا بە پێی پێویست كاری نەكردووەو پڕۆژەی ئاودێری لە سنوورەكەدا نییەو تاكە یەك بەنداویش دروست نەكراوە، كە ئەمە هۆكارو پڕۆژەیەكی زۆر باش و گەورەیە بۆ گرنگیدان بەبواری كشتوكاڵ، بەڵام لەبواری پڕۆژەی خانووی پلاستیكییەوە هاوكاریەكی باشی جووتیاران كراوە، گەرچی ئەم پڕۆژەیەش سوودی زۆری بۆ جووتیاران نییە، چونكە لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومەكان لە هەموو سنوورەكان بەروبوومی بیانی دێتە بازاڕەكان و بەروبوومی خۆشمان ڕەواجی كەم دەبێتەوە و نرخەكەشی زۆر دادەبەزێت، بەمەش جووتیارەكان قازانج ناكەن و بە پێی ماندووبوون و خەرجیەكان دەستكەوتیان نابێت، بۆیە پێویستە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆمان لەسنوورەكان ڕێگا لە بەرهەم و میوەو سەوزەی دەرەوە بگیرێت، بۆ گرنگیدان و بەرەوپێشەوەچوونی كەرتی كشتوكاڵی پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ساڵانە كۆنفرانسی زانستی بە بەشداری شارەزاو پسپۆڕانی جیهانی لە بواری كشتوكاڵی ببەستێت و هەنگاو و كاری پراكتیكی بنێت و خول و سیمینار بۆ جووتیارو خاوەن پڕۆژەكان بكاتەوە.
دەسەڵاتی داراییمان نییە
سەبارەت بە دابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی و كێشە و گرفتەكان لەم لایەنانەوە بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: هەق نییە ئەم بڕیارەی دابەزاندنی دەسەڵات كە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە بەم شێوە بێت و ئاوا فەرامۆش بكرێت، چونكە دابەزاندنی دەسەڵاتەكە وەكو بڕیار و نووسراو دەرچووە، بەڵام تا ئێستا كاری پێ نەكراوە و جێبەجێ نەكراوە، هۆكارەكەش بۆ نەبوونی دەسەڵاتی دارایی و ڕێنمایەكانی دارایی دەگەڕێتەوە، هەروەها هیچ بودجەیەك لەبەردەستی ئێمە نییە بۆ ئەنجامدانی كارو پڕۆژەیەك، ئەگەر بێتوو ئەم كارو پڕۆژیە بچوكیش بێت، لە لایەكی تر بڕیاربوو ئەو بودجەی بۆ خەرجی ناو یەكە ئیداریەكە پێمان دەدەن ئەوە پێشینەیەكی بەردەوام بێت كە ئێمە بتوانین مانگانە بە پێی كارو پێویستی دوو تا سێ جار داوای بكەین، بەڵام ئەوەشیان جێبەجێ نەكرد و دەسەڵاتەكەیان لەم لایەنەشەوە تەسك كردەوە كە دەتوانین تەنیا بودجەكە لە چەند بوار و لایەنێك خەرجی بكەین، ئەمەش تەنیا بۆ خەرجكردنی ناو یەكە ئیداریەكەمانە.
زۆر كەم گرنگی دراوە بەگەنجان
لە كۆتایدا بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی: لە بواری گەنجان و وەرزش زۆر كەم گرنگی دراوە بە سنووری بازیان و تیپێكی دوو گۆلی لە ناحیەی بازیان هەیە لەبەر نەبوونی ئیمكانیات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو دواوە دەچێت و یاریگایەكمان هەیە لەبەر هەمان هۆ ناتوانرێت خزمەت بكرێت و سەنتەری ڕۆشنبیری و كتێبخانەمان لە سەنتەری ناحیەكە هەیە، بەڵام چالاكی ئەو سەنتەرەش زۆر كەمە بە هۆی كەمی بودجە و ئیمكانیات، هەروەها فەرمانگە و یەكە ئیدارییەكانی ناحیەكەمان زۆربەی بینایەی نییە و هەندێكی لە خانووی كرێدان و هەندێكیشیان لە بینایەی بچوك و خراپدان. بۆیە پێویستە حكومەت و لایەنی بەرپرسی ئەم كارو بوارانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان هەوڵی جددی بدەن..