لە قەزای دوكان.. بەناوی پڕۆژەی گـــەشتیاری زەوی وەرگیراوە بەڵام بەشێكی كــراونەتە كــۆشك و ڤێللای شەخسیی
October 17, 2011
راپۆرتەکان
تیمی( گۆڤاری گوڵان) قەزای دوكان و سنوورەكەی بەسەركردەوەو چەند هاووڵاتییەكی دواند، یەكێك لە هاووڵاتییەكان وتی قەزای دوكان هیچی بۆ نەكراوە و گرفتمان لە بینایەی قوتابخانەكان هەیە، هاووڵاتییەكی تر گرفت و كێشەكانی بواری تەندروستی خستەڕوو، هەروەها خەڵكانی تر گلەییان لەوە دەكرد كە ئاوەڕۆی قەزاكە دەڕژێتە ناو زێی دوكان و چەندین ڕەخنەو داواكاری تر لەلایەن هاووڵاتیانی ئەم سنوورەوە خرایەڕوو، ئەم گلەیی و داواكارییانەو چەند پرسیارێكی تریشمان لە (ئاسۆ بەكر) قایمقامی قەزای دوكان كرد، ئەویش ڕاوبۆچوونی خۆی بە ڕاشكاوانە بۆ گۆڤاری گوڵان بەم شێوەیە دەربڕی.
ئاسۆ بەكر قایمقامی قەزای دوكان بۆ(گوڵان): ئاوەڕۆی دوكان دەڕژێتە ناو زێیەكەوە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانیش لەسەر ئەم زێیەیە
كۆمپانیایەكی لوبنانی ماستەرپلانی دوكان دروست دەكات
هەر شارە و شوێنێك ماستەر پلانێكی ورد و زانستی و ئەندازەیی هەبێت، ئەوە ئەو شارە لە ئەنجامدان و دیاریكردنی شوێنی پڕۆژەخزمەتگوزارییەكان و بەرفراوانكردنی شارەكەدا سەركەوتنێكی باش و گەورەو بەرچاو بەدەست دەهێنێت، لەمبارەوە قایمقامی قەزای دوكان وتی: قەزای دوكان بە درێژی حوكمی حكومەتی عێراقی، زوڵم و غەدری لێكراوە، هەر لەم لایەنەشەوە پشتگوێ خراوە تاوەكو بە شێوەیەكی باش و ئەندازەیی گەشە نەكات، واتە قەزاكە ماستەر پلانی نییە، بەڵام نەخشەی بنەڕەتی هەیەو هەموو لایەنە پێوەندارەكانی ئەم شارۆچكەیە لەسەر ئەو نەخشەیە دەڕۆین و تا ڕادەیەكی باش سوودمان لێوەرگرتووە، گەرچی دەزانین نەخشەی بنەڕەتی وەكو ماستەر پلان كاری پێ ناكرێت، بۆیە هەوڵدراوە ماستەر پلانێك بۆ دوكان دروست بكرێت، لەمبارەشەوە ماوەیەكە كۆمپانیایەكی لوبنانی تایبەتمەند بەم بوارە هاتوونە و خەریكن و كار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەكەن و ماستەر پلانەكە بواری گەشتیاریش دەگرێتەوە، لە سەنتەری قەزای دوكان 985 خانووی زێدەڕۆیی هەیە، ئەوانەی زێدەڕۆیشیان كردووە، زیاتر خەڵكی هەژار وكەمدەرامەتن و بەپێی بڕیاری 241 هەموو خانووە زێدەڕۆییەكان بەسەر خەڵكەكەدا تاپۆ دەكرێت و هەندێ خانوو و گەڕەكی تر وەكو گەڕەكی سەناعە و یوغسلاڤ و شۆڕش خانووەكانیان بەسەر تاپۆ دەكرێت و ئێستا كارو مامەڵەكان ئیجرائاتی یاساییان لەسەر دەكرێت. بەم كارانەش كۆمەڵێك كێشەمان چارەسەر دەبێت و لە پاشان دەتوانین هەندێ پڕۆژە هەیە وەكو ئاوەڕۆ و كۆنكریت و قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانی ناو گەڕەكەكانیان بۆ جێبەجی بكەین.
نەخۆشخانەكەمان پێویستی بەپزیشكی پسپۆر هەیە
چەند ساڵێك پێش ئێستا بڕیاردرا نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی دوكان دروست بكرێت، ماوەی 4 ساڵە نەخۆشخانەكە لە ژێر جێبەجێكردندایە، بەڵام تا ئێستاكە تەواو نەبووەو نەكەوتۆتە بواری خزمەتی هاووڵاتیانەوە، لەو ڕوەوە قایمقامی قەزای دوكان وتی: لەبەر بەرفراوانبوون و قەرەباڵغی قەزای دوكان پێویستیمان بە نەخۆشخانەیەكی گەورە و هاوچەرخ هەیە، پاش هەوڵ و كارێكی زۆر بڕیاردرا بە دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لە سەنتەری قەزاكەدا، ڕاستە ئەو پڕۆژەیە دواكەوتووەو هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەسەرەتادا كۆمپانیایەكی توركی كاری لەسەر پڕۆژەكە دەكرد، بەڵام پاش ماوەیەك ئەو كۆمپانیایە پڕۆژەكەی بەجێهیشت و كاركردن لە پڕۆژەكەدا بۆماوەیەك ڕاوەستێنرا، پاشان لەسەر بڕیاری حكومەتی هەرێم كاركردن لەسەر ئەم پڕۆژەیە درا بە وەزارەتی پێوەندار، وەزارەتی تەندروستیش بە جێبەجێكردنی راستەوخۆ لە پرۆژەكەدا دەستی بەكاركردن كرد و بڕی سێ ملیۆن و نیو دۆلاری بۆ تەرخانكردو ئێستاكە نەخۆشانەكە تەواو بووە، بەڵام دابینكردنی كەلوپەل و ئامێرەكانی پزیشكی ماوەو چاوەڕوانی ئەوەین لە 15 ڕۆژی داهاتوودا ئەمانەش ئامادە بكرێت، سەرەڕای ئەمانەش كێشەیەكی سەرەكی لەم نەخۆشخانەیە هەیە ئەویش نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ و كارمەندی پزیشكییە، بۆیە لێرەدا داواكارین لە وەزارەتی تەندروستی بە پێی توانا ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكات.
گەشتیاران پابەندی ڕێنماییەكانی پاك و خاوێنی نابن
سەبارەت بە كۆكردنەوەی و خۆ رزگار كردن لە زبڵوخاشاك كە ئەم كارە لە هەموو شارو شارۆچكەكان كێشەو گرفتی هەیە، قایمقامی قەزای دوكان وتی: سەنتەری شارۆچكەكە لەلایەن شارەوانییەوە كاری پاككردنەوەو خۆ ڕزگاركردن لە زبڵوخاشاكەكەی بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەم كارەش كرێكارو خەرجی ماندووبوونێكی زۆری دەوێت، چونكە سیستەمەكە كۆنەو هەموو كرێكارو كەسێكیش لەم كارەدا ئیش ناكەن، لەبەر ئەوەی ماندووبوونی زۆرەو پارەو ڕۆژانەكەشی كەمە، بۆیە پێویستە پاككردنەوەو خۆ رزگاركردن لە زبڵوخاشاكی شارۆچكەكەمان بدرێت بە كۆمپانیای تایبەتمەندو كەرتی تایبەت، ئەو كاتە كاری پاككردنەوەكە باشتر بەڕێوە دەچێت، هەروەها بۆ خۆ رزگاركردن لە زبڵەكەش پێویستە هەمان كۆمپانیا یا كۆمپانیایەكی تر كارگەی ڕیسایكلین دابنێت، بەم كارەش ژینگەكە زیاتر پارێزراو دەبێت و مەترسی ئەوەشی نابێت كە بەهۆی ئەو زبڵوخاشاكەوە جۆرەها نەخۆشی بڵاوببێتەوە، بەڵام سەبارەت بە شوێنە گەشتیارییەكانی ناو دوكان كێشەو گرفتمان زۆرە، چونكە ئم شوێنانە دەبێت لە لایەن گەشتوگوزارەوە پاك بكرێتەوەو ئەوانیش بەكارەكە هەڵناستن، هاووڵاتیانیش هەرچەند كیسی زبڵوخاشاكیان بە سەر دابەش دەكەین و ڕێنمایشیان دەكەین، بەڵام پایەندی ڕێنماییەكان نابن، هەر لە شوێنی خۆیان و لە ژێر كەپرەكان و دەوروبەری خۆیان زبڵوخاشاكەكە پەرشووبڵاو دەكەنەوە، بەمەش ئەركێكی زۆر بۆ شارەوانی دروست دەبێت، چونكە چارە نییەو هەر دەبێت شارەوانی كاری پاككردنەوەكەو خۆرزگاركردنەكەی ئەم زبڵوخاشاكەش بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش لەكات و وەرزی گەشتیاریدا زۆر قورس و زەحمەتتر دەبێت، هەروەها كێشەیەكی زۆر گەورەو مەترسیدار لەناو سەنتەری قەزاكەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ئاوەڕۆی هەموو شارۆچكەكە (ئاوەڕۆی گەڕەكەكان و دوكان و بازاڕ و چێشتخانەكان) دەچێتەوە ناو ئاوی زێیەكە، ئەمە گلەیی و گازاندەیەكی زۆری لەسەر هەبوو، خەڵكەكەش هەقی خۆیان بوو، لەبەر ئەوەی هەرلەسەر ئەم زێیەوە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە دانراوە و مەترسی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی هەبوو، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری وەزارەتی شارەوانی توانرا شوێنی هەڵێنجرانی ئاویخواردنەوەكە لە خوارەوە بگوازینەوە بۆ سەرەوەی شارۆچكەكە، گەرچی ئێستاش ئاوەڕۆی دوكان هەر دەچێتەوە سەر زێیەكەو ئاویخواردنەوەی شاری سلێمانیش لەم زێیەوە دابین دەكرێت، بۆیە پێویستە چارەسەرێكی بنەڕەتی ئاوەڕۆی قەزای دوكان بكرێت و ڕێڕەوی ئاوەڕۆكە بگوازرێتەوە، ئەمەش بە هەر نرخ و ماندووبوونێك بێت، گرنگ ئەوەیە دەبێت ماستەر پلانێكی وردو زانستی و ئەندازەیی بۆ ئاوەڕۆی دوكان دابنرێت و بە زووترین كات ئەم كێشەو گرفتە مەترسیدارە چارەسەر بكرێت، ئەمەش كاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە كە بە جدی كاری لەسەر بكات. هەر بۆ ئەو مەبەستە لە ڕێگای حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی بڕیار دراوە كە لەملاو ئەملای زێیەكەوە ئاوەڕۆی بۆ دروست بكرێت و لە كۆتایی ئاوەڕۆیەكەش دوو وێستگەی چارەسەر كردن و پاككردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆكە دابنرێت.
گرفتێكی زۆر لە ڕێگای دوكان بۆ چوارقوڕنە هەیە
سەبارەت بە ڕێگاوبانی دەرەوەو ناوخۆی دوكان كە بۆچی تا ئێستا ڕێگایەكی وەكو دوكان ــ چوارقوڕنە كە كێشە و گرفتێكی زۆری هەیە چارەسەر نەكراوە، قایمقامی قەزای دوكان وتی: گرفتێكی زۆرمان لە ڕێگای دوكان بۆ چوارقوڕنە هەیە، بەڵام لە بودجەی 2011 بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە بڕی 39 ملیار دینار تەرخانكراوە و خودی پارێزگاری سلێمانی لەم ڕووەوە بەدواداچوونی پرۆژەكەی هەیە، پڕۆژەكە بە دوو قۆناغ دەست پێ دەكات، قۆناغی یەكەم لە چوارقوڕنەوە دەست پێ دەكات و ڕێگاكە دەبێتە دوو ساید، ئەمەش ئاسانكارییەكی زۆر بۆ خەڵك بە تایبەتی بۆ ئەوانەی كە كارو كاسبی دەكەن و ڕۆژانە لەم نێوانەدا هاتوچۆ دەكەن. هەروەها چەند پڕۆژەیەكی گرنگ لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و پەرەپێدانی پارێزگا لە ناحیەی پیرەمەگروون لە ژێر ئەنجامداندایە، لەم پڕۆژانەش پڕۆژەی شۆستە و قیرتاوو كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەری ناحیەكەو گەڕەكەكانە. لە لایەكی ترەوە شەقام و كۆڵانەكانی ناو گەڕەكەكان و سەنتەری قەزای دوكان پێویستیان بە كۆنكریت و قیڕتاوكردن هەیە، بەڵام تا بە تەواوی كێشەی ئاوو ئاوەڕۆ چارەسەر نەكەین ناتوانین كۆڵان و شەقامەكان كۆنكرێت و قیڕتاو بكەین، لە تۆڕی ڕێگاوبانی گوندەكانی سنوورەكە كێشە و گرفت هەیە و پێویستی بە بەرنامەو پلانێكی تێروتەسەل هەیە كە ساڵانە كارو پڕۆژەیان بۆ ئەنجام بدرێت، هەر لەبەر خراپی ڕێگاوبانەكانە گوندەكانی بناری كۆسرەت ئاوەدان نەكراونەتەوە.
كەمی بینایەی قوتابخانە و میلاكات كێشەیەكی بەرچاوە
سەبارەت بە كەرتی پەروەردە لە ڕووی بینایەو میلاكات كێشەو گرفت لە چ ئاستێكە و تا چ ڕادەیەك سیستەمی تازەی پەروەردە لەم سنوورە سەركەوتوو بووە قایمقامی قەزای دوكان وتی: گرفتی پەروەردە لە قەزای دوكان خۆی لە دوو بوار دەبینێتەوە، یەكێكیان كەمی بینایەی قوتابخانەیەو دووەمیان كەمی میلاكاتە بەتایبەتی نەبوونی مامۆستای وانە زانستیەكان كاریگەری خراپی لەسەر ڕەوشی پەروەردەو خوێندن هەیە، ئەم دوو لایەنەش سەرەكیترین و گرنگترین بوارن لە پێشخستن و دواكەوتنی پرۆسەكە، كەمی بینایەش هۆكارێكە بۆ دوو دەوامی و قەرەباڵغی لە پۆلەكان، ئەمەش دروست نییەو لەگەڵ سیستەمی تازەی پەروەردەی هەرێمی كوردستان ناگونجێت، لەلایەكی ترەوە پێویستە ئەوە بووترێت كە زۆربەی گوندەكانی سنوورەكە بە تایبەتی ئەوانەی ئاوەدانكراونەتەوە قوتابخانەیان هەیە، بەڵام ناهاوسەنگیەك لەمبارەیەوە هەیە، بۆ نموونە گوند هەیە لەم قۆناغەدا كەمتر پێویستی بە قوتابخانە هەیە، كەچی بۆی دروستكراوە، لە لایەكی تریش ناو قەزاو ناحیەو هەندێ لە گوندەكانیش پێویستیان بە قوتابخانەیەو بۆیان نەكراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بێ پلانی حكومەت و وەزارەتی پێوەندار. بەڵام ئێستاكە و بۆ ساڵانی داهاتووش هەماهەنگیمان لەگەڵ پەروەردە كردووە پڕۆژە بینایەی قوتابخانە لەسەر بنەمای پێویستی و ڕێژە و ژمارەی قوتابی لە شوێنەكاندا جێبەجێ بكرێت.
كڕینی ئامێرێك گرنگترە لەوەی ئۆتۆمبێلێك بۆ بەرپرسێك بكڕدرێت
سەبارەت بە ئامێرەكان و ئۆتۆمبێلەكانی خزمەتگوزاری قایمقامی قەزای دوكان وتی: شارەوانی حەفارەیەك و چوار گەڵابە و چوار تانكەری ئاو و ئۆتۆمبێلێكی گسكی كارەبایی هەیەو چەند ئامێرێكی تری بۆ پاككردنەوەو خۆرزگاركردن لە زبڵوخاشاك هەیەو بەرگری شارستانی یەك ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوەی هەیە، فەرمانگەی كارەبا سەلەیەكی هەیە، بەڵام زۆر باش و شیاو نییە، بۆیە پێویستە سەلەیەكی هاوچەرخ بۆ قەزاكەمان دابین بكرێت، دەبێت ئەوە بزانین كڕینی ئامێرێك بۆ شارەوانی یا سەلەیەك بۆ كارەبا زۆر باشترو گرنگترە لەوەی ئۆتۆمبێلێك بۆ بەرپرسێك بكڕدرێت.
تیمی غەواسمان هەیە بەڵام گەشتیاران پابەندی رێنماییەكان نابن
هەر سەبارەت بە پێداویستی بۆ رزگاركردنی هاووڵاتیان لە حاڵەتی كەوتنە ناو زێیەكە یا بەهانا هاتنیان لە حاڵەتی خنكاندا قایمقامی قەزای دوكان وتی: بۆ رزگاركردنی خەڵك لە حاڵەتی كەوتنە ناو زێیەكەوە یا حاڵەتی خنكاندن، تیمێكی غەواسمان هەیە، زۆربەی حاڵەتەكانی خنكان دەگەڕێنمەوە بۆ هاووڵاتیان خۆیان كە پابەندی ڕێنماییەكانی لایەنە پێوەندارەكان نابن و هەیە مەلەوانی نازانێت و دەچێت مەلەوانی دەكات، لە لایەكی ترەوە خەڵكانێك هەن دەڵێن بۆچی ئاوی بەنداوەكە بەردەدرێتەوە، ئەمەش هەنجەتێكی لاوازە، چونكە بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكە بۆ سێ بوار پێویست و گرنگە، بوارەكانیش ئەمانەن، یەكەم: بۆ ئاودێری و كشتوكاڵی، دووەم: بۆ بەرهەمهێنانی كارەبایە كە شەوانە سێ تۆڕبین كار دەكەن، سێیەم: بۆ پڕۆژەی ئاویخواردنەوەی شاری سلێمانی، بۆ هەر سێ لایەنەكەش دەبێت لە بەنداوەكەوە ئاو بەربدەینەوە، لەهەر وەرزێكیشدا ڕێژەو ئاستی بەردانەوەی ئاوەكە دەگۆڕێت، چونكە بە پێی پێویستی و ئاستی كارەكان و داواكاری خەڵكەكەیە.
دابەزاندنی دەسەڵات، ڕێنمایی دارایی بۆ دەرنەچووە
سەبارەت بە دابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی و نەبوونی بودجە بۆ ڕاپەڕاندنی هەندێ كارو پڕۆژە، قایمقامی قەزای دوكان وتی: دەرچوونی ئەو بڕیارەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كە دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی دابەزێتە خوارەوە كارێكی زۆر باشبوو و لە جێگای خۆیەتی و دەسەڵاتەكە لە لایەنی داراییەوە دەڵێت قایمقام لە دەسەڵاتیدایە 10 ملیۆن دینار و بەڕێوەبەری ناحیەش 5 ملیۆن دینار بۆ پێداویستی و پڕۆژەیەك خەرج بكەن، بەڵام تا ئێستا بە كردارو بەفیعلی ئەم دەسەڵاتە پیادە نەكراوەو كارمان پێ نەكردووە، بۆ ئەم دەسەڵاتە نەچۆتە ناو كارو پڕۆسەی ئیدارییەوە، چونكە تا ئێستا رێنمایی دارایی بۆ ئەمە دەرنەچووە، لێرەدا داواكارین ئەم دەسەڵاتانە بچێتە بواری كاركردنەوە، لەبەر ئەوەی بە دابەزاندنی دەسەڵات بۆ خوارەوەو بۆ یەكە ئیدارییەكان، دەتوانرێت چەندین كارو ئیش و پڕۆژەی بچووك و مامناوەندی بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان جێبەجێ بكرێت و كارەكانیش خێراتر تەواو دەبێت، هەروەها دەتوانرێت هەندێ كێشەو گرفت و داواكاری و ڕووداوە لە ناكاوەكان چارەسەر بكەین.
جووتیارانی سنوورەكە
هەموو كاتێك لە دڵەڕاوكێدان
سەبارەت بە پڕۆژەی كشتوكاڵی لە سنوورەكە و ئاستی هاوكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان بۆ جووتیارانی دەڤەرەكە قایمقامی قەزای دوكان وتی: گوندەكانی سنوورەكە بە كاری باخ و بێستان و كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەوە خەریكن، هەروەها سێ جۆرە پڕۆژەی تر لە سنوورەكەدا هەیە كە ئەمانەن، پڕۆژەی كێڵگەی بەخێوكردنی پەلەوەر بەتایبەتی مریشك و پڕۆژەی حەوزی ماسی و پڕۆژەی سەوزەو میوە لە خانووی پلاستیكیدا، حكومەتی هەرێم لە ڕێگای وەزارەتی كشتوكاڵەوە هاوكاری باش و بەردەوامی جووتیارو ئەو كەسانە دەكات كە پڕۆژەی خانووی پلاستیكیان هەیە یا دەیانەوێت بیكەن، بەڵام كێشەیەك لە بواری كشتوكاڵییەوە هەیە بۆ جووتیارەكان چونكە زەوییەكانیان موڵك نییەو بە گرێبەستی ساڵانە كاری لەسەر دەكەن، هەموو كاتێك لە دڵەڕاوكێدان، ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان كار لەسەر زەوییەكانیان بكەن، بەڵام ئەگەر بێت و زەوییەكان بەسەرجووتیارەكان تاپۆ بكرێت، ئەو كات جووتیارەكان زەوییەكانیان بە ماڵی خۆیان دەزانن و خزمەتی بەردەوامی دەكەن و دەتوانن جۆرەها پڕۆژەی لەسەر بكەن و لەم بارەیەوە بڕیارێك هەبوو، لەپەرلەمانیش دەرچوو بوو، ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بكرێت ئەوە جووتیارەكان هیچ گرفتێكیان نامێنێت.
تا مافی جووتیاران نەدرێت، پڕۆژەی گەشتیاری بناری كۆسرەت جێبەجێ ناكرێت
سەبارەت بە پڕۆژەی گەشتیاری بناری كۆسرەت و هۆكاری دواكەوتنی ئەو پڕۆژەیە و چەندین كێشەی تر بەتایبەتی كێشەی زەویوزار، پڕۆژەی گەشتیاری بە پێی پێویست ئەنجام نەدراوە، لە لایەكی ترەوە هەندێ كەس بەناوی پڕۆژەی گەشتوگوزارەوە چەندین پارچە زەوییان كردۆتە خانوو ڤێللای نیشتەجێبوون قایمقامی قەزای دوكان لەم بارەیەوە وتی: پڕۆژەی گەشتیاری بناری كۆسرەت پڕۆژەیەكی گەورەوجوانەو بەپێی دیزاینەكەی لە چەندین پێكهاتەی گەشتوگوزاری پێكهاتووە، هۆكاری دواكەوتنەكەی یا نەچوونی ئەم پڕۆژەیە بۆ قۆناغی جێبەجێكردن، دەگەڕێتەوە بۆ كێشەی زەویو زار لە نێوان جووتیاران و حكومەت و خاوەن موڵكەكان و حكومەت، جووتیارەكانی هەندێ لە گوندەكان، بەتایبەتی سێ گوندی ئەو سنوورە ڕازی نابن زەوییەكانیان بكرێتە پڕۆژەی گەشتیاری، هەروەها وەكو پێشتریش ئاماژەم پێدا، ڕێگاوبانی ئەم سنوورە كە پێكهاتووە لە 24 گوند زۆر خراپ و بێ سەروبەرەو پێویستی بە چاككردن هەیە، بەڵام ماوەیەكە لەلایەن لایەنی پێوەندارو پارێزگای سلێمانییەوە ڕێگاكەی بناری كۆسرەت چەوڕێژكراوەو بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا قیرتاو بكرێت، پێویستە ئەوە بزانین تا وەزارەتی شارەوانی كێشەكانی جووتیاران چارەسەر نەكات و جووتیاران مافی خۆیان وەرنەگرن ناتوانرێت هیچ كارو پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە بناری كۆسرەت ئەنجام بدرێت. سەرەڕای ئەمانە لەناو دوكان كێشەیەكی تر هەیە لە بواری زەوی گەشتیاری، شوێنێكمان هەیە گوندی سارتكی پێ دەڵێن، زەوی ئەم گوندە بە ناوی گەشتوگوزاركراوەو جووتیارەكانی ئەم گوندەش چەندین ساڵە نەوە لە دوای نەوە ئەو زەوییانەیان لە ژێر دەستبووەو كاروكاسبی خۆیان لەسەر كردووە، لەبەر ئەمە جووتیارەكان هەقی خۆیانە ئەگەر زەویەكانیان بكرێتە پڕۆژەی گەشتیاری قەرەبوو بكرێنەوە بە پارە یا بە پارچە زەوی نیشتەجێبوون و من قسەم لەگەڵ جووتیارەكان كردووەو ئامادەباشییان هەیە بە مەرجێك مافیان نەخورێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لە لایەنی پێوەندارەوە لیژنەیەكی باڵا دابنرێت بۆ بە دواداچوون لەسەر زەوییەكان و گفتوگۆ كردن لەگەڵ جووتیارەكان، بەمەش دەتوانرێت كێشەكە چارەسەر بكرێت. چونكە ئێستاكە نە لە لایەن حكومەت دەتوانرێت پڕۆژەی گەشتوگوزاری لەسەر ئەم زەوییانە ئەنجام بدرێت نە ئێمەش ڕێگا دەدەین جووتیارەكان ئەو زەوییانە دابچێنن و كاری لەسەر بكەن. لەلایەكی تر ئەو زەوییانەی لە سەنتەری قەزای دوكان هەیە بەگشتی لە جۆری گەشتیارین، بەڵام موڵكی گەشتیاری نیین و نابێت بكرێنە خانووی نیشتەجێبوونیش، ڕووبەری زەویەكانیش جیاجیان، زەوی وا هەیە 500 مەتر دووجایە و زەوی هەیە 800 و 1000 مەتر دووجایەو پارچە زەویش هەیە لە هەزار مەتر دووجا زیاترە، خەڵكانێ هەن ئەو زەوییانەیان كڕیوەتەوەو بەناوی پڕۆژەی گەشتیاری ڕەزەمەندییان وەرگرتووە كە كاری لەسەر بكەن، بەڵام ئەو خەڵكەی زەوییەكانیان كڕیووە كردوویانەتە خانوو و شوێنی پشوودانی خۆیان و ئەوەی بەلاشیانەوە بڕوات و بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە ئەسڵی كارو پڕۆژەكە بكات ئەوە قاچی دەشكێنن. ئێستا لە بەشی خوارووی دوكان خانووی دكتۆرەكان هەیە، ئەو زەوییانە لە كاتی خۆیدا دراوە بە دكتۆرەكان بە ناوی پڕۆژەی گەشتیاری، بەڵام ئەوان هەستاون لە جیاتی پڕۆژەی گەشتوگوزاری خانوو ڤێللایان لەسەر زەوییەكان دروستكردووەو بەردەمەكەیان و زێیەكەشیان داگیركردووەو كردوویانەتە باخچەو شوێنی پشوودانی خۆیان، ئەمەش بێگومان دوور لە یاساو ڕێنماییەكانە و كێشەیەكی زۆر زەق و قورسە لەسەر لایەنی پێوەندار، ئێستا لیژنەیەكی باڵا هاتووە بە فەرمانی داواكاری گشتی بۆی هەیە ئەو زەوییانە و خانووەكان لە دكتۆرەكان وەربگیرێتەوەو قەرەبوو بكرێنەوە. هاوكات چەندین گرفتی ترمان لەمجۆرە هەیە، پێویستە زۆر بەخێرایی چارەسەر بكرێن. چارەسەرەكەش بەمجۆرە دەكرێت، لەسەرەتادا بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار ئەم زەوییانە بكات بە موڵكی خۆی، لە پاشان لە ڕێگای بەڵێندەر یا كەرتی تایبەت یا لە ڕێگای وەزارەت و لایەنی پێوەندار پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر زەوییەكان ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی ئێستاكە لە بواری گەشتوگوزاری زۆر كەموكوڕی هەیە، ئەگەر ئێستا میوانێكم بێت بمەوێت بچینە كافتریایەك دەبینین هیچ شوێنێكمان لەناو دوكان نییە بۆ میوانداری، ئەمەش خۆی لە خۆیدا گرفتە. ئەمە لە لای گەشتیاران زۆر سەیرو غەریبە لە شوێنێكی گەشتیاری بەناوبانگ كافتریا نەبێت. هاوكات هەندێ شوێنیش هەیە هەموو كەس ناتوانێت سەردانی بكات، چونكە نرخی زۆر بەرزە و خەڵكی ئاسایی ناتوانێ چایەك لەم شوێنانە بخواتەوە. هەروەها شوێنە گەشتیارییەكانی ناو دوكان بەتایبەتی كەپرەكان، مەرجی گەشیارییان نییەو پێویستە ئەو كەپرانە بە شێوەیەكی شیاو و هاوچەرخ دروست بكرێن و نرخەكانیشیان بەرزەو بەتایبەتی لە كاتی قەرەباڵغی گەشتیاران دەڕووتێننەوە.
گرنگی بە شوێنەوارەكان نەدراوە
سەبارەت بە شوێنەوارو نەبوونی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەو كنەو پشكنین لە سنوورەكەدا قایمقامی قەزای دوكان وتی: لە سنووری قەزای دوكان شوێنەواری گرنگ هەیە، هەر وەكو قەڵای سارتكە كە قەڵایەك و شوێنەوارێكی دێرینی پاشای كۆرەیە و شوێنێكی گەشتیاریشە، بەڵام تا ئێستا كنەو پشكنینی بۆ نەكراوەو چەندین جار هەوڵدراوە كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ بكرێت، بەڵام بێ ئەنجام بووە، دواجار لەم ماوانەدا نوێنەری پارێزگای سلێمانی هاتبوو بۆ ئیش و كارو بەدواداچوونی ئەم شوێنەوارەو بڕیارە لە ڕێگای پارێزگاوە نۆژەن بكرێتەوە. هەروەها شوێنەواری ترمان هەیە وەكو ئەشكەوتی قزقاپان لە سنووری ناحیەی پیرەمەگروون كە تا ئێستاكە هیچی بۆ نەكراوە، ئەم شوێنەوارانە جگە لە لایەنی مێژوویی گرنگی خۆیان هەیەو لەلایەنی گەشتوگوزاریش زۆر گرنگن و سەرچاوەیەكی باشی داهاتی گەشتیارین.