دابەزینی ئاستی زانستیی قوتابیان و كێشەكانی بەردەم پرۆسەی خوێندن
October 10, 2011
راپۆرتەکان
فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی قوتابیان و خوێندكارانی كورستان كە نوێنەرایەتی 14 ڕێكخراوی مەدەنی دەكەن دەتوانن بەرگری لەمافەكانی قوتابیان بكەن؟
عیرفان عەزیز سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان سەبارەت بە ڕۆڵ و ئامانجی ڕێكخراوەكە پێیوایە: یەكێتی قوتابیان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بۆ بەرگریكردن بووە لە مافەكانی قوتابیان و هەوڵی جددی داوە بۆ ئەوەی بتوانن مافەكانی قوتابیان بەرجەستە بكەن، لەمبارەیەوە وتی: یەكێتی قوتابیان لە هەر قۆناغێكدا بەپێی ئەو سەردەم و بارودۆخەی هەبووە كاری كردووە تا ساڵی1991 بە بەردەوامی لە ریزی پێشمەرگە بوون و لەم ڕێگەیەدا دەیان شەهیدیان داوە، لە دوای ڕاپەڕین گۆڕانكاری لە كارو بەرنامەو هەوڵەكانی یەكێتی قوتابیان ڕوویدا و دواین هەوڵەكانمان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانست و خوێندن و فێركردن بووە، ئەمە بێجگە لە بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی و پاراستنی خاك كارمان كردووە، ئەمڕۆكە ژمارەی ئەندامانمان بەگشتی 224 هەزار قوتابییە، هەوڵمانداوە لەسەر دوو تەوەر بەجددی ئیش بكەین، یەكێكیان لەسەر مەسەلەی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستە لە هەموو قۆناخەكانی خوێندن، دووەم بەهێزكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی و ئینتمایە بۆ سەروەری و پاراستنی خاكی كوردستان، ئەوەی كە گرنگە و هەنگاومان بۆ ناوە توانیومانە پێوەندیەكانمان لەگەڵ زانكۆ و ڕێكخراوەكانی ئەمریكا و ئەوروپا دروست بكەین، ئەمڕۆ لەگەڵ دەیان ڕێكخراوی قوتابیان و زانكۆكانی ئەو وڵاتانە پێوەندی بەهێزمان هەیە، هەر بەهۆی ئەو پێوەندیانەیە بەدەیەها قوتابی بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕەوانەی زانكۆكانی ئەمریكا و ئەوروپا كراون و چەند مامۆستا و نوێنەری زانكۆكانی دەرەوەمان هێناوەتە كوردستان بۆ ئەوەی زانكۆكانی كوردستان و قوتابیانی زانكۆ سوودیان لێوەربگرن، هەروەها ئەگەر بێینە سەر هەوڵەكانمان لەبارەی بە هێزكردنی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری دەیان نموونەمان هەیە، هەر لەمانە لەسەر تۆپبارانەكانی سنوور و خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیا و كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵوێستمان هەیە و نەمانهێشت خوێندن لەم سنوور و ناوچانە داببڕێت و چەندین پێداویستی خوێندنمان بۆ قوتابیەكان دابینكردووە، هەروەها لەكاتی كارەساتە خوێناویەكان و تەقینەوە تیرۆریستیەكاندا بە دڵ و گیان و خوێن ئامادەبووین.
كێشەكانی قوتابیان و پرۆسەی خوێندن و فێركردن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەكات
سەبارەت بەكێشەی قوتابیان بە تایبەتی بۆ ئەمساڵ سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: كێشەیەكی یەكجار زۆر هەیە و خەریكە كێشەكان ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش زیاد بكات، ئەگەر لە قۆناخی بنەڕەتی دەست پێ بكەین چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا قوتابیانی قۆناخی 9 ئەوانەی كە دەرنەچووبوون كە زۆربەیان نمرەكانیان 48 و 49 بوو و ئەوانەش نزیكەی 1700 قوتابی دەبوون، داواكاری و یاداشنامەیەكیان دا بە ئێمە و ئێمەش بە نووسراو یاداشنامەكەمان بۆ وەزارەتی پەروەردە بەرزكردەوە، لە ئەنجامدا وەزارەتی پەروەردە بە دەنگ داواكارییەكەمان هاتوو دوو نمرەی كردە دیاری بۆ ئەو قوتابیانەی كە وانەیەكیان 48 بووە و بۆ ئەو قوتابیانەش كە دوو وانەیان 49 بوو، بەم بڕیارەش توانرا ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، هەروەها كێشەیەكی تر كە بەشێكی زۆر لە قوتابیانی قۆناخی 10 و 11 لە یەك وانە دەرنەچوونە و ساڵی پار بۆیەك وانە پەڕینەوە هەبوو ئەو قوتابیانەش دەیانەوێت بۆ ئەمساڵیش پەڕینەوە هەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش داواكاریمان بەرزكردۆتەوە، چونكە ئەو كێشەیە گەورەیە و لە سەرتاسەری كوردستان قوتابی لەمجۆرە هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەی سلێمانی، هەروەها چەندین كێشەی تریش هەیە كە پێویستە چارەسەر بكرێت، ئێمە ڕاوبۆچوونمان لەگەڵ قوتابیانە و من خۆم لە پێناو بەرژەوەندی قوتابیان ئامادەم یەكەم كەس بم بۆ خۆپیشاندان بچمە سەر شەقام و، بەڵێن دەدەین بە قوتابیان كە هاوكاری سەرەكی و ڕاستەوخۆیان بین.
ساڵی ڕابردوو 10 هەزار قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان وەرنەگیران
سەبارەت بەكێشەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەنگۆی ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی وەزارەتەكە هەبوو كە گوایە ئەو خۆپیشاندانانەی قوتابیان دەیكات مەرامی سیاسی لە پشتە، سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: لە وەزارەتی خوێندنی باڵا كێشەكان زۆرن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش كێشەكان لە زیادبوونە، بە حوكمی ئەوەی ساڵی ڕابردوو 10 هەزار قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان وەرنەگیران، بەڵام ئێمە وەكو یەكێتی قوتابیان جددی بووین لەوەی كە دەبێت ئەو قوتابیانەش لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەربگیرێن، بەڵام ڕای ئێمە بەهەند وەرنەگیرا لەم گرفتەدا و داخوازی قوتابیەكانیش پشتگوێخرا، هەر بۆیە وەكو ڕێكخراوەكانی قوتابیان خۆپیشاندانمانكرد و نكۆڵیش لە خۆپیشاندانەكانی خۆمان ناكەین، بەڵكو شانازی پێوە دەكەین، ئەگەر دووبارەش بێتەوە ئامادەین خۆپیشاندان بكەینەوە، هەروەها ئێمە لە پێناو قوتابیان كارو ئیشی خۆمان دەكەین.
تەنیا لەیەك ڕۆژدا 18 یاداشتنامەو داواكاری جیاجیای قوتابیانمان بەدەست گەیشتووە
سەبارەت بەوە كێشانەی كە قوتابیان هەیانە لەگەڵ وەزارەتە پێوەندارەكان و ڕۆژانە چەند قوتابی پێوەندیتان پێوە دەكەن بۆ ئەوەی كێشەكانیان وەكو ڕێكخراوێكی پیشەیی پێوەندار بۆیان چارەسەر بكەن و هەڵوێست وەربگرن، سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: ڕۆژانە بەردەوام داواكاری و ناڕەزایی قوتابیانمان پێ دەگات، هەر ئەمڕۆكە 18یاداشتنامە و داواكاری جیا جیای قوتابیانمان لەسەر كێشەكانیان بە دەست گەیشتووە، یەكێك لەو بابەت و كێشانەی لەم 18 یاداشتنامەیەدا هاتووە كە ژمارەیەكی زۆری قوتابی لە قۆناخی چوارەمی زانكۆ لە یەك وانە ماونەتەوە و لەسەر نەبوونی بەشی ناوخۆییە، لێرەدا هەندێ كێشەی بەرچاو و زەقەكانی قوتابیانی زانكۆ دەخەمەڕوو، ئەمساڵ 35 هەزار قوتابی لە قۆناخی 12 دەرچوون و خۆیان ئامادە كردووە بۆ پێشكەشكردنی زانكۆ و پەیمانگاكان و 7 هەزار قوتابیش ساڵی ڕابردوو وەرنەگیرابوون، لەم 35 هەزار قوتابیە حكومەت بڕیاریداوە 26 هەزاریان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی حكومی و 6 هەزاریش لە زانكۆكانی ئەهلی وەربگیرێن، واتە بەگشتی 32 هەزار قوتابی ئەمساڵ لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەردەگیرێن، كەواتە ئەمساڵیش 3 هەزار قوتابی وەرناگیرێن و 7هەزاری ساڵی ڕابردووش ماوە، واتە ئەمساڵ دەبێتە 10 هەزار قوتابی وەرناگیرێت، ئەمە جێگەی نیگەرانییە بە گوێرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستان. كێشەی وەزارەت لەوەدایە هەرچییەكی لەبارەی قوتابیان دەكەن پرس بە قوتابی و ڕێكخراوەكانی قوتابیان ناكەن، ئەگەر لەمبارەشەوە بیركردنەوەی سیاسیش هەبێت، ئەوە ئێمە فیدراسیۆنی قوتابیانمان هەیە، ئەوە دەتوانن لەگەڵ فیدراسیۆن دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر بەرنامە و كێشەو گرفتەكان بكەن و چارەسەری پێویست بدۆزنەوە، گەرچی وەزارەت نەك لەگەڵ فیدراسیۆن دانەنیشتووە، بەڵكو هیچ پرسێكیشیان پێ نەكردوون و تەقەبولی ڕاوبۆچوونەكانیشان ناكەن.
نەبوونی بەرنامەو پلانی زانستی
سەبارەت بەوەی بۆچی ماوەی دوو، سێ ساڵە ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرناگیرێن، سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بەرنامە و پلانێكی زانستی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، هاوكات ڕاوێژ بە قوتابیان و ڕێكخراوەكانی قوتابیان ناكرێت، بە یەك لایەنی و تاكڕەوەی كارەكان ئەنجام دەدەن لە كۆتاییدا ئەو كێشەو گرفت و پاشاگەردانییە دێتە پێشەوە و لەمەش زەرەرمەندی یەكەم هەر قوتابیە كە چەند ساڵی خوێندووە و دواڕۆژەكەی دیار و ڕوون نییە.
زانكۆ ئەهلیەكان كێشەیان لەگەڵ خوێندنی باڵا هەیە
سەبارەت بە كێشەی زانكۆ ئەهلیەكان كە قوتابیان زۆر لە دەستیان دەناڵێنن، سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: زانكۆ ئەهلیەكان بەتایبەتی زانكۆی دجلە و شاهانەی بەریتانی كێشە و گرفتیان لەگەڵ خودی وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە، قوتابی هیچ گوناهێكی نییە بخزێنرێتە ناو ململانێكانەوە، بەڵكو ناهەقیش لەم زانكۆیانە لە قوتابی كراوە، لە ڕێبەر نووسراوە قوتابی دەتوانێ بۆ زانكۆی شاهانەی بەریتانیش پڕ بكاتەوە و قوتابیش لە سەر ئەم ڕێبەرە فۆڕمی پڕكردۆتەوە و پارەی خۆشی داوە، لە پاشان دەوام دەستی پێكردووە ئینجا وەزارەت لە مانگی 11نووسراوێكی بۆ شاهانە ناردووە كە دەبێت ناوت بگۆڕیت و ئیعتراف بەو ناوە ناكەین، بێگومان لەو كاتەشدا زانكۆی ناوبراو ناوی نەگۆڕی، لە ئەنجامدا قوتابیان بوونە قوربانی ئەم كێشە و ململانێیە و خۆشیان شاهێدی ئەمە دەدەن، دوای ئەوەی هەوڵێكی جددیماندا تازە بە تازە بەشێك لە مافی قوتابی گەڕاوەتەوە كە قوتابی بتوانێ بچێتە زانكۆیەكانی تری ئەهلی.
مەسەلەی سیاسی و حزبی خزاوەتە ناو زانكۆ
سەبارەت بە بوونی دەست تێوەردانی حزبی لە ناو زانكۆكان و چی بكرێت بۆ ئەوەی هیچ حزب و لایەنێك دەست لەكاروباری قوتابیان وەرنەدات، سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: دەستێوەردانی حزبی لە ناو زانكۆ و پەیمانگاكان هەیە، مامۆستا هەیە لە ناو پۆلەكاندا لە كاتی وانە گوتنەوە ئەوەندەی ڕەخنە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵات دەكات ئەوەندە باسی بابەت و وانەكەی ناكات، لەمبارەوە بە دەیان نموونە لە هەموو زانكۆكانی كوردستان هەیە، بەم شێوازە هەوڵدراوە مەسەلە حزبی و سیاسییەكان بخەنە ناو زانكۆ و هزر و ژیانی قوتابیان، ئەم بارودۆخە پەروەردەشی گرتۆتەوە، ئەمەش كار و دیاردەیەكی زۆر مەترسیدارە بۆ دواڕۆژی نەوەكانمان كە لە بابەت و واقیعە ڕاستەقینەكە دوور دەكەونەوە و ئاستی زانست و تەكنۆلۆژیا و خوێندن و پەروەردە زۆر دادەبەزێت، بۆیە لێرەدا داواكارم وەكو یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە حكومەت بەتایبەتی لە ڕێزدار جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان كە زۆر بە جددی ئیش لەسەر ئەوە بكەن كە دەستی سیاسی لەناو زانكۆ و پەیمانگاكان و قۆناخەكانی پەروەردە دوور بخەنەوە.
ئەمساڵ 600 قوتابی بێ بەش دەبن لە بەشی ناوخۆی
وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕیكخراوەكانی قوتابیان لەسەر بەرگریكردن لە قوتابیان لەسەر كێشەكانیان تۆمەتباریان دەكەن، لەمبارەوە سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: ئێمە تەنیا بەرگری لە ماف و هەقی قوتابیان دەكەین، ئێمە لەپێناو بەرژەوەندی ئەوان دروست بووین، هەر بۆیە قوتابیان یەكێتی قوتابیانی كوردستان بە ماڵی خۆیان دەزانن و لە بچووكترین و گەورەترین كێشە و گرفت هانا بۆ ئێمە دێنن، لەو كاتەدا پێویستە زۆر بە پەلە كاریان بۆ بكەین و هەڵوێست وەربگرین. قەت نابێت بەو هەموو ئیمكانیات و بوودجە زۆرەی كە حكومەت هەیەتی، ئینجا بڕیار دراوە ئەمساڵ بەشی ناوخۆیی بۆ قوتابیانی كۆلیژەكانی ئێواران نەبێت كە بەمەش تەنیا لە زانكۆی سەلاحەدین 600 قوتابی بێبەش دەبن لە بەشی ناوخۆیی.
مافی خۆمانە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا نوێنەرمان هەبێت
سەبارەت بەوەی لە دانانی بەرنامەو پلانەكانی هەردوو وەزارەت وەكو ڕێكخراوێكی بەرفراوانی قوتابیان تا چەند پرس بەم ڕێكخراوەو تەواوی فیدراسیۆنەكە دەكرێت؛ سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: ئێمە نوێنەرمان لە زانكۆكان هەیە، بەڵام ئەوەی بڕیاری لێ دەردەچێت وەزارەتی خوێندنی باڵایە، ئێمە لە وەزارەت نوێنەرمان نییە و بە هەقیش بێت دەبێت ئێمە لەوێش نوێنەرمان هەبێت، چونكە ئێمە لە هەڵبژادنەكان لە ساڵی 2003، 2004 لە هەولێر و دهۆك براوە بووینە و زۆرترین قوتابی دەنگی پێداوین.
كەمپی زانكۆی سەلاحەدین
بۆتە شەمەندەفەرەكەی سلێمانی
سەبارەت بە كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: زانكۆی سەڵاحەدین یەكێكە لە كۆنترین زانكۆكانی هەرێمی كوردستان تا ئێستا بینایەی كۆلیژەكانی بەپێی پێویست نییە، هەروەها كێشەی وەرنەگرتنی قوتابیان بەتەواوی زیاتر بۆ نەبوونی شوێن و بینایە دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ساڵە شوێن و دیزاین و ئامادەباشی هەیە بۆ دروستكردنی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین، كەچی هەر دوا دەكەوێت، هەموو ساڵێكیش دەڵێن بودجەی بۆ تەرخانكراوە، كەچی لە واقیعدا دەبینین هیچ هەنگاوێك لەمبارەوە نەنراوە و من گومانم لەوە نییە تاوەكو ئەم كەمپە بۆ زانكۆی سەڵاحەدین دروست نەكرێ ئەوە كێشەی وەرگرتنی قوتابیمان هەر دەمینێت.
ژمارەیەكی زۆر زەمالەی خوێندن
لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپی وەرگیراوە
سەبارەت بە بەرنامەی تواناسازی، سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: بەرنامەی تواناسازی یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی بەرنامەی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، ئەم بەرنامەش یەكێكە لەو كار و ئیشە باش و گرنگانەی كە ڕەوتی زانست و كادیری بەتوانا بۆ زانكۆكان لەبواری جیاجیادا ئامادە دەكات، كە بڕیارە بەپێی بەرنامەكە ساڵانە هەزار قوتابی بچنە دەرەوە و خۆشبەختانە دوو ساڵە حكومەتی هەرێم ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەكات، ئێمەش لەمبارەوە لەدوای كۆنگرەی 13 پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بەجددی كار لە سەر ئەم بەرنامە و پڕۆژەیە دەكەین، ئێمە وەكو یەكێتی قوتابیانی كوردستان تائێستا توانیومانە ژمارەیەكی زۆر زەمالەی خوێندن لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپی وەربگرین، هەر بۆ نموونە تەنیا بۆ ئەمریكا 190 قوتابیمان ناردووە و 50 قوتابیشمان بۆ پۆلۆنیا ناردووە و بۆ چەندین وڵاتی تریش لە بەرنامەماندایە.
داوامانكردووە دەرماڵەی قوتابیانی
زیاد بكرێت
سەبارەت بە زیادكردنی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان و هاوكاریكردنی ناوچە دابڕێنراوەكان، سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان وتی: ساڵی ڕابردوو پەڕاوگە و هەندێ پێداویستی تری قوتابیانمان بۆ4000 قوتابی ناوچە دابڕێنراوەكان دابینكرد، هەروەها ئەمساڵ دەڤەری قەزای شێخانمان بەسەركردەوە ئەو قوتابیانەی هەژاربوون پەڕاوگە و جانتامان بۆیان دابینكرد و لە ناوچەكانی چیای قەندیل و ئەو سنوورانەی كە تۆپبارانیان لەسەر بوو تا ئێستا پەڕاوگە و هەندێ پێداویستی ترمان بۆ 170 قوتابی دابینكردوە و چەند بەرنامەیەكی ترمان لەبەردەستە بۆ قوتابیانی كەمدەرامەت و نموونەییەكان كە مانگانە هاوكاریان بكەین. هەروها ئێمە لە وەرگرتنی قوتابیانی كوڕ و كچانی شەهید و ئەنفالكراوەكان بە هاوكاری وەزارەتی شەهیدان، هاوكاری و ئاسانكاریمان بۆیان كردووە و لەڕووی داراییش بەهەمان شێوە و ئەمانە زۆر لەمەش شایستەترن. هەروەها بۆ زیادكردنی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان هەوڵی باش دراوە و نووسراومان بۆ پەرلەمان كردووە كە دەرماڵەی قوتابیان زیاد بكرێت لەمبارەشەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان یاداشتنامەكەی پەسندكردووە.
هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە گرفتارن بە دەست كۆمەڵێك گۆڕانكاری كە لە سیستەمەكەوە كراوە
هەر سەبارەت بەو كێشەو گرفتانەی كە ساڵانە دێتە بەردەمی قوتابیان بەتایبەت لە زانكۆ و پەیمانگاكان، بورهان موزەفەر سكرتێری ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان وتی: دیارە كێشەكانی قوتابیان زۆرە و كێشەكانیش هەموو ساڵێك دووبارە دەبنەوە، گرفتەكان لەهەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە هەیە، ئەم دوو وەزارەتە گرفتارن بەدەست كۆمەڵێك گۆڕانكاری كە لە سیستەمەكەوە كراوە، بەشێكی پەیوەستە بەوەی كە زەمینەسازی نەكراوە بۆ ئەو گۆڕانكاریانەی كراوە یا، هەر بۆیەش گۆڕانكارییەكان ئامانجی خۆیان ناپێكن، من لەگەڵ ئەوەم كە گۆڕانكاری لە سیستەمی خوێندن بكرێت، بەڵام بە شێوەیەك كە تەریب و گونجاو بێت لەگەڵ ئەو گۆڕنكاریانەی كە لە جیهان كراوە، بە مەرجێك زەمینەسازی بكرێت بۆ ئەو گۆڕانكاریانە، بۆ نموونە لەگەڵ سیستەمی نوێ دەبێت كەشوهەوای ناو پۆلەكان لەبارو شیاو بێت بۆ قوتابی، بەڵام كە تەماشا دەكەین ئەمە وانییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پلان بۆ گۆڕانكارییەكان لە سیستەمی خوێندن وەكو پێویست دانەنراوەو تاكڕەوانە كار كراوەو ڕاو پێشنیارو داواكاری نوێنەری 14 ڕێكخراوی قوتابیان وەرنەگیراوە.
قبوڵی تایبەت لە زانكۆكان كۆمەڵێك مامۆستای هێناوەتە پێشەوە
سەبارەت بەو كێشەو گرفتانەی ڕووبەرووی قوتابیان بۆتەوە سكرتێری ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان وتی: دەتوانین كێشەكان لەمانە چڕ بكەینەوە: نەبوونی شوێنی گونجاو كە قوتابی بتوانێ تێیدا بحەسێتەوە لە هەردوو (وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە)، هەر بۆ نموونە كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین كە چەند ساڵە بڕیارە دروست بكرێت تا ئێستا نەكراوە و كەمپی سلێمانی و كۆیەش تەواو نەكراون، ئەم كەمپانەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر چەند بوارێك هەیە كە ئەمڕۆ گرفتن، گرفتەكانیش وەكو وەرنەگیرانی ڕێژەی تەواوی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان و نەبوونی پۆل و هۆڵی شیاو بۆ وانە وتنەوە و نەبوونی هۆڵەكانی تاقیگە و ڕاهێنان و سیمینار و كۆنگرە زانستی و پەروەردەییەكان... تاد، زانكۆ و كۆلێژە ئەهلییەكان بە شاهێدی وەزیری خوێندنی باڵا لەلایەنی كوالێتی و پڕۆگرام و ماوەی خوێندن و.. تاد هیچ كەموكوڕیان نییە، گەرچی لەسەر هەندێ شتی سەرەتایی و نەبوونی هەندێ مەرجی خوێندنی باڵا كێشەیان دروست دەبێت كە تەنیا قوتابی لەم نێوانەدا زیانمەند دەبێت، هەروەها یەكێك لە كێشەكان دەست تێوەردانی حزبیە لەناو زانكۆ و پەیمانگا و قۆناخەكانی خوێندنی پەروەردەش، تا ئێستاش لەدانانی بەڕێوەبەر و سەرپەرشیار و ڕاگر ئەوەندەی ڕەچاوی حزبایەتی دەكرێت ئەوەندە ڕەچاوی پسپۆڕایەتی و شارەزایی و لێهاتوویی ناكرێت، هەروەها قبوڵی تایبەت لە زانكۆكان كۆمەڵێك مامۆستای هێناوەتە پێشەوە كە ناتوانن خزمەت بە بواری زانست و پێشكەوتن و ناوەندەكانی خوێندن بكەن، لەبەر ئەوەی هەقی ئەوەیان نەبووە بگەنە ئەو ئاست و پلەیە، كەمی میلاكات بە تایبەتی وانە زانستیەكان كاریگەری خراپی لەسەر پرۆسەی خوێندن و پەروەردە هەیە بۆ نموونە دەبینین لەهەندێ قوتابخانە یەك مامۆستای بیركاری نییە، گەرچی لە هەمان قوتابخانە 6 مامۆستای كۆمەڵایەتی هەیە، لە زانكۆش بەهەمان شێوەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلان لە زانكۆكان و وەزارەتی خوێندنی باڵا. هەروەها كاركردن بە پلانی پێشوەختەو نەبوونی تێڕوانینێكی دیارو ئاشكرا لە زانكۆ یەكێكە لەكێشەكانی تر كە پێوەندی بە داهاتووی وڵاتەكەمان هەیە.
پەروەردە و خوێندنی باڵا لەگەڵ بازاڕی كار ناگونجێن
سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن و پرۆگرامەكان سكرتێری ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان وتی: پرۆسەی خوێندن لە پەروەردە و خوێندنی باڵا بە ئاڕاستەی بازاڕی كار نین و ناگونجێن، زانكۆ هەڕەمەكی قوتابی وەردەگرێت و پێی دەگەیەنێ و دەری دەچووێنێ، بەبێ ئەوەی بزانێت بازاڕ چەندی پێویستە و چ دەرچووەكی پێویستە و لە زانكۆ و پەیمانگاكان گرنگی بە توانا و گەشەپێدانی مرۆیی نەدراوە.
چارەسەری گرفتەكانی پرۆسەی خوێندن بەنجكردنە
سەبارەت بە ناڕەزایەتییەكانی قوتابیانیش سكرتێری ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان وتی: قوتابیان گلەیی و گازاندە و ناڕەزاییەكی زۆریان هەیە، ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوو بەتایبەتی پاش ئەوەی قوتابیانی پۆلی 12 نمرەكانیان وەردەگرنەوە ناڕەزاییەكانی قوتابیان زۆر زیاد بكات بەپێی ئەوەی كە ڕۆژانە لەلایەن قوتابیانەوە یاداشتنامەمان بۆ دێت و لەگەڵیان كۆدەبینەوە، ئێمە ئەو یاداشتنامە و داواكاریانەی قوتابیان دەگەینینە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لەساڵی تازەش گرفتەكان وەكو خۆی دێتەوە پێش، كەواتە چارەسەری گرفتەكانی پرۆسەی خوێندن وەكو تەخدیرێك وایە دەدرێت بە نەخۆشێك لە پاش چەند كاتژمێرێك كە توانا و كاریگەری دەرمانەكە نەما ئازارەكە زۆر زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە بۆ هەموو گرفت و كێشەكان بە بەرنامەو پلان و گفتوگۆكردن لەگەڵ قوتابیان و ڕێكخراوەكانی قوتابیان چارەسەری بنەڕەتی بدۆزنەوە و لەم كارەش چەند ورد و بە پەلە بن هێشتا كەمە.
وەزیری خوێندنی باڵا ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی قوتابیان پەراوێز دەكات
سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی زانكۆ تاچەند لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا دانیشتوون، سكرتێری ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان وتی: پێویستە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوام بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان دابنیشین و گفتوگۆ ئەنجام بدەین، وەكو فیدراسێون نێوانمان لەگەڵ وەزارەت باش و تەبا نەبوو تاوەكو بەپێی پێویست هاوكاری یەكتر بكەین، بەشێك لە هۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئێمە كە بە تەشەنوجەوە مامەڵەمان كردووە و بەشێكیش وەزارەتی خوێندنی باڵا و شەخسی وەزیر بووە، وەكو فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی قوتابیان جارێك لەگەڵ وەزیری خوێندی باڵا كۆبووینەوە تەنیا نیو كاتژمێری بۆ تەرخانكردین، لەم ماوەیەش ئێمە 15 خولەك قسەمان كرد و خۆشی وەزیر 15 خولەكەكەی تری قسەی كرد، هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ناكۆكیەك دروستبوو لەو كاتەوە تا ئێستا ئەوە دوو ساڵە نەمانتوانیوە جارێكی تر كۆببینەوە، پێویستە وەزارەتیش ڕێگە خۆش بكات بۆئەوەی لەگەڵ یەكتر كۆببینەوە، بەڵام دیارە وەزیری خوێندنی باڵا دەیەوێت ڕۆڵی ڕێكخراوەكان لە ناوەندەكانی خوێندندا پەراوێز بكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە گوایە ڕێكخراوەكانی قوتابیان لەناو زانكۆدا حزبایەتی دەكەن، لەمەشدا بەشێك لە قسەكانی وەزیر ڕاستە و هەندێ ڕێكخراو كاری حزبی دەكەن،بۆیە من پێموایە لە هەر كاتێك هاندان هەبێت لەلایەن هەر ڕێكخراوێك بۆ ئەوەی هانی قوتابیان بدات بۆ بەرژەوەندی حزبی ئەوە دەست تێوەردانی حزبیە، ئەوەش بە هیچ جۆرێك قابیلی قبوڵكردن نییە، چونكە دیارە لەو كاتەشدا زەرەرمەندی یەكەم و سەرەكی هەر قوتابی دەبێت. بۆیە من لێرەدا دەڵێم دژی دەست تێوەردانی حزبیم چ دەسەڵات بیكات چ ئۆپۆزسیۆن بیكات، بەڵام من وەكو ڕێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی هەقی خۆمە ئەگەر بزانم كۆمەڵێك قوتابی مافیان زەوتكراوە لەو كاتەدا مافی خۆمە داوا لە قوتابیان بكەم بێنە سەر شەقام، بەڵام دەبێت ئەو خۆپیشاندانانەش دوور بێت لە توندوتیژی. هەروەها لەو كاتەی یەكێتی قوتابیان فیدراسێونیان لابووە ڕێكخراوێكی چاڵاك بووە و توانیویەتی چەندین جار سەردانی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و وەزیرەكان بكەین، بەڵام پاش ئەوەی بارودۆخێك هاتە ئاراوە كارەكان سست بووە، فیدراسێون ڕاوەستاوە و بەتەواوەتی پەكیكەوتووە و كۆبوونەوە نەكراوە، بەڵام بە پێویستی دەزانم ئەو فیدراسێونە جارێكی تر ئەكتیڤ بكرێتەوە و كۆببنەوە.
پرۆسەی چاكسازی جەنابی سەرۆك پێویستە هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا بگرێتەوە
لە كۆتاییدا سكرتێری ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان وتی: ئەگەر دەمانەوێت وڵات پێش بكەوێت، پێویستە لەمبوارانەوە لە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە دەست بە چاكسازی بكرێت، ئەگەر ئەم بوارانە پێش بكەوێت ئەوە تەواوی بوارەكانی تر پێش دەكەوێت، چونكە نەوەیەكی زانستی و بیر كراوەو سەردەمیانە پێشكەش بە وڵات و كۆمەڵگەكە دەكەیت، ئەمەش دەبێت بە پلان و تێڕوانینێكی ڕوون ئامادەكرابێت بەپێی پێویستی وەزارەت و دەزگاكانی حكومەت، نەك هەڕمەكی خەڵك و كادیر ئامادە بكرێت وڵاتەكەمان سوودیان لێوەرنەگرێت.
هەروەها داواكارین لە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە چاكسازیەكەی كە ماوەیەكە دەستی پێكردووە لە بوارە جیاجیاكاندا و بە پێویستی دەزانین هەر دوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە بخرێتە ناو ئەم پرۆسە گرنگە و چاكسازی لە هەموو لایەنەكانی ئەم دوو وەزارەتە بكرێت.
نەگونجاندنی ژینگەی پەروەردەیی و خوێندن
وایكردووە پرۆگرامەكان نەچێتە بواری پراكتیكیەوە
هەر سەبارەت بە هۆكاری كەوتنەوەی ئەو هەموو كێشەو گرفتە جەلال زۆراب سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری یەكێتی گشتی قوتابیانی كوردستان وتی: نەبوونی پلانێكی ستراتیژیی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ كەوتنەوەی دەیان كێشەو گرفت، بەتایبەتی لەبواری وەرگرتنی قوتابیان كە ئەم سیناریۆیە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە كە بۆتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆری قوتابیان لە ناوەندەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان وەرنەگیرێن، لەلایەكی ترەوە ناشەفافییەت و ناروونی لە پرۆگرامەكانی خوێندن هەیە، ڕاستە وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردە چەندین پرۆگرامی نوێی زانستیان هێناوە، بەڵام بوونی دەیان كێشەی تری پێوەندار بە نەبوونی شوێن و پێداویستی و نەگونجاندنی ژینگەی پەروەردەیی و هەمووی كۆمەڵە فاكتەرێكن كە وایانكردووە لە ڕووی پراكتیكییەوە پرۆگرامەكە یاخوود بەشێكی سەرەكی ئەو پرۆگرامە نەچێتە بواری پراكتیكیەوە، تەنانەت زۆرترین قوتابی لێی سوودمەند نەبووە، كاتێكیش باس لە بواری تواناسازی دەكرێت كە ژمارەیەك قوتابی چووە دەرەوە بۆ خوێندن، بەڵام ئەمە ئەوە نییە كە زانكۆ ببێتە زانكۆیەكی ئەكادیمی زانستی و ناوەندێكی بەرهەمهێنان، ئەم هەوڵانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا نەیتوانیوە دوو كێشەی سەرەكی بەردەم قوتابی چارەسەر بكات، ئەویش (وەرگرتنی سەرجەم قوتابیانە لە زانكۆو پەیمانگاكان و دۆزینەوەی هەلی كارە دوای دەرچوونی ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان)، كە دەرهاویشتەی ئەم دوو كێشەیەو شوێنەوارە مەترسیەكانی بۆ سەر باری دەروونی و كۆمەڵایەتی قوتابی دیارو لەبەرچاوەو بگرە لە دواڕۆژدا مەترسی بۆسەر بواری ئابووری و تەنانەت سیاسیش دەبێت.
تا ئێستا وەزارەتە پێوەندارەكان بەتایبەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا وەڵامی دەیان داواكاری و پێشنیاری ئێمەی نەداوەتەوە
سەبارەت بەچۆنیەتی بەرزكردنەوەی كێشەو گرفتەكانی قوتابیان و تاچەند وەزارەتە پێوەندارەكان گوێبیستی داواكاری و پێشنیارەكانی نوێنەرانی قوتابیان دەبن و وەڵامی پێویستیان دەدەنەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری یەكێتی گشتی قوتابیانی كوردستان وتی: ڕۆژانە دەیان كێشەو گرفتی بواری خوێندن لەلایەن قوتابیانەوە ڕووبەرووی ئێمە دەكرێتەوە كە تا دێت چوارچێوەی ناڕەزایەتیەكان ڕووی لە زیادبوونە، بۆ نموونە چوارچێوەی ناڕەزایەتیەكان لەلایەن قوتابیانەوە بەرامبەر بە زانكۆ ئەهلییەكان ڕووی لە زیادبوون كردووە، ئەم زانكۆیانە مۆڵەتیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە وەرگرتووە كەچی زۆرجار بەشی ناوخۆیان نییەو یا بەپێی پێویست نییەو ناگونجێت بۆ مانەوەی قوتابی، لەلایەكی ترەوە زانكۆ ئەهلییەكان نەیانتوانیوە لە ئاست كوالێتی و مەرجەكانی وەزارەت بن بۆ نموونە تاقیگەو پێداویستیەكانی خوێندن و زانكۆییان تێدا نییە، لەم هەولێرە زانكۆ هەیە بەشەكانی زانستی تێدایە كەچی پێداویستی و تاقیگاكان و بگرە مامۆستاكانیشی وەكو پێویست نییە، هەموو ئەم كێشانە ڕووبەرووی قوتابیان دەبێتەوەو ئەوانیش ئاراستەی ئێمەی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پێوەندار بە توێژی قوتابیانی دەكەنەوەو ئێمەش پێویستە هەڵوێستی لەسەر وەربگرین و ڕووبەرووی زانكۆ و هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای بكەینەوە، بەداخیشەوە تا ئێستا وەزارەتە پێوەندارەكان بەتایبەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا وەڵامی دەیان داواكاری و پێشنیاری ئێمەی نەداوەتەوە، ئەمەش وایكردووە زۆربەی هەرە زۆری كێشەو گرفتی قوتابیان بەهەڵواسراوەیی بمێنێتەوەو چارەسەر نەكرێت، ئەمە جگە لەوەی بۆتە هۆی دابەزینی ئاستی زانستی و مەعریفی لە زانكۆكان.
بەمشێوەیە دەیان كێشەو گرفتی جۆراوجۆر ڕووبەرووی قوتابی بۆتەوە «حاڵەتێكی ناسروشتی دروستكردووە» ئەوانیش داوا لە ڕێكخراوەكانی قوتابیان دەكەن كە لە ڕێگەی داكۆكیكردن لەسەر مافەكانیان و چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانە بێنە دەنگ و ئاراستەی زانكۆو بەرپرسانی خوێندنی باڵای بكەن، بەڵام بەداخەوە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاو ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم واقیعەیان پشتگوێخستووەو بەدەنگ داواكاری نوێنەرانی قوتابیانەوە كە ڕێكخراوەكانی قوتابیانە نەهاتوون، ئەم حاڵەتەش بۆ وەزارەتی پەروەردەش بوونی هەیە بە جیاوازییەكەوە ئەمیان گوێت لێدەگرێ و هەست دەكرێت هەنگاوێك هەیە بۆ گوێگرتن لە كێشەكان و گۆڕینەوەی ڕاو پێشنیار، من جیاوازی بەهیچ شێوەیەك ناكەم كە وەزارەتی خوێندنی باڵا سەر بە یەكێتییەو وەزارەتی پەروەردە سەر بە پارتییە من ڕاستیەكان دەڵێم من خۆم چەند جارێك لە نزیكەوە لەگەڵ وەزیری پەروەردە دانیشتووم و ڕەخنەی جددیشم لێگرتووەو گوێبستی ڕەخنەو پێشنیارەكانم بووەو بەسنگێكی فراوانەوە وەریگرتووەو بەڵێنی داوە بەدواداچوونی بۆ بكات. ئەو كێشەیەی ئێستا ڕووبەرووی پەروەردە بۆتەوە جیاوازە ئەم زیاتر نەبوونی بینایەو ژینگەیەكە بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی خوێندن لەنێوان مامۆستاو قوتابی كە لێكحاڵی نەبوون هەیە بەتایبەت لە قۆناغی 10 و 11 و 12 كە كاریگەری دروست دەكات لەسەری.
سەرجەم ڕێكخراوەكانی قوتابیان و بە فیدراسیۆنی قوتابیانیشەوە كە شوێنی كۆكردنەوەی ڕێكخراوەكانە لە كابینەی شەشەوە كاتێك چووین بۆ بینینی وەزیری خوێندنی باڵا ماوەی تەنیا 15 خولەكی بۆ دانابووین بۆ قسەكردن لەسەر ئەو هەموو كێشەو گرفتە و پێی وتین من مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕێكخراوانە ناكەم، چونكە ڕێكخراوی حزبین، ئەمە لەكاتێكدا خۆشی لەلایەن حزبێكی سیاسییەوە لە كوردستاندا دانراوە. ئێستاكە كاتی ئەوە هاتووە وەزارەتە پێوەندارەكان و بەرپرسانی ئەو وەزارەتانە بەخۆیاندا بچنەوەو بزانن كە قوتابی مافی خۆیەتی خاوەنی ڕێكخراوێكی مەدەنی بێت و ئەو مافەشی لەسەر ئەو ڕێكخراوە هەیە داكۆكی لە مافەكانی بكات، ئێمە وەكو فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی قوتابیان سێ ڕۆژ لەسەر یەك لەگەڵ سەرۆكی هەرێم دانیشتین و كێشەكانمان گەیاندە بەڕێزی، بەڵام لەولاوە وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی دەكات و كۆمەڵێك هەنگاو و كاری نیشان دەدات و پێی دەڵێت ئەمە گۆڕانكارییە بەڵام ئێمە بە جەنابی سەرۆكی هەرێممان ڕاگەیاند ئەمە گۆڕانكاری نییە، بەڵكو گۆڕانكاری ئەوەیە لە سیستەم و پرۆگرامەكاندا ڕەنگ بداتەوەو كاریگەری لەسەر ڕەوشی خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و لایەنی مەعریفی هەبێت و گەنج بەرەو داهێنان ببات، لەم ڕوانگەیەوە داواكارم لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەردوو بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا چاكسازی بنەڕەتی دروست بكات و لە ڕێگەی لیژنەیەكی پسپۆرەوە كۆنفرانسێكی زانستی سازبكرێت و ڕاسپاردەكانیش بكرێنە خاڵ و لە ڕووی پراكتیكییەوە كاری جددی بۆ بكرێت و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش بەتایبەتی ڕێكخراوەكانی قوتابیان چاودێری جێبەجێكردنی ئەو بەڵێن و خاڵ و بڕگانە بن كە لەبواری چاكسازییەوە لە سیستەم و پرۆگرامی خوێندن و چارەسەركردنی كێشەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا دادەنرێن.