هەڵەبجە بۆ ئەوەی ببێتە سیمبولی ئازادی و دەستەخوشكی شارەكانی جیهان پێویستە وەكو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت
August 14, 2011
راپۆرتەکان
هەڵەبجە مێژووەكەی بۆ دوو سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لەمێژووی هاوچەرخی گەلەكەماندا داستانێكی پڕ لەسەروەریی و قوربانیدانی لەبزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستاندا تۆماركردووەو دەكرێت پێی بووترێت (سیمبولی ئازادی)، ئەم شارە سیمبولە بۆ مێژووی نەتەوەییمان، بەهاوشێوەی هێرۆشیماو هۆلۆكۆست و فۆرمۆسا تاوانی بەرامبەر ئەنجامدراوە، هەربۆیە پێویستە تەنیا كوردایەتی لەم شارە بكرێت، هەڵەبجە بەدرێژایی حوكمڕانە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق رووبەڕووی تاوان و هێرشێكی زۆر دڕندانە بۆتەوە، لەساڵانی 1963 و 1974 و 1983 و 1987 تۆبپاران و كۆمەڵكوژی بەرامبەر ئەنجام دراوە، لە 16/3/1988 لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەم شارە بەچەكی كیمیایی لەڕێگەی فڕۆكەی جەنگی و تۆبپارانەوە هێڕشی كراوەتە سەروو زیاتر لە 5 هەزار كەسی لێ شەهیدكراوەو 10 هەزار كەسی تریشی بریندار بوون، هەرچی دانیشتووانەكەی تریشی هەبوو كۆچیان بەرەو ئێران و شارەكانی كوردستان كرد.
هەڵەبجە لەساڵی 1889 بەفەرمی كراوەتە قەزاو هەرسێ ناحیەی سیروان و بیارەو خورماڵ و نزیكەی 140 گوند لەخۆ دەگرێت، كەبەشی هەرە زۆری ئەو گوندانە ئاوەدان نەكراونەتەوە، دەڤەرێكی بەرفراوانەو 92 هەزار كەس لە دانیشتووانی ئەم قەزایەیە كە لەنێوخۆی قەزاكە 60 هەزار كەسی تێدا نیشتەجێیە. لەهێرشی چەكی كیمیابارانەكەوە تا ساڵی1991 هەڵەبجە شارێكی وێران و موحەرەمە بووەو ناوچەكە ژێرخانەكەی هەر لەكارەباوە تا دەگاتە ڕێگاوبان و پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوەو خزمەتگوزاری تر تێكدرابوون و بێسەروبەربوون، بەڵام لەدوای راپەڕین توانرا تاڕاددەیەك ئەم شارە بەرەو ئاوەدانكردنەوە ببرێتەوە. گەرچی بەپێی پێویست ئاوڕی لێنەدرایەوەو پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ نەكرا، هەر بۆیە كاتێك سەردانی دەڤەرەكەمان كرد تێبینی ئەوەمان كرد لەبوارەكانی خزمەتگوزاری پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە، لەچەند گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دانیشتووانی ئەم شارە هاووڵاتیانی سەنتەری قەزاكە گلەیی و گازندەیەكی زۆریان هەبوو، بەتایبەتی لەوەی گەڕەك هەیە كۆڵانەكانی قیرتاو و كۆنكرێت نەكراوەو كێشەی ئاوی خواردنەوەشیان هەبوو، لەبواری پەروەردەشدا هێشتا دوو دەوام و سێ دەوامی لەقوتابخانەكانی ئەم شارەدا هەیە، نەبوونی پزیشكی پسپۆریش كەموكورتیەكی تری كەرتی تەندروستییە، هەروەها ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لەشەقام و دروستكردنی یاریگاو پرۆژەی راكێشانی ئاو ماوەیەكی زۆرە بڕیاری بۆ دەرچووە تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە. لەمەش مەترسیدارتر ئەو ماستەرپلانەی كە كراوە بۆ هەڵەبجە بەپێی زانیاری و پرسی لایەنە پێوەندارەكان نەبووەو قایمقامی هەڵەبجە هیچ ئاگاداری پرۆژەی ماستەپلانەكە نییە، واتا شارەكە بەشێوەیەكی خێراو بەپێی نەخشەیەكی دوور لەئاگاداری لایەنە پێوەندارەكان فراوان دەبێت، لەسەردانێكی تیمی (گۆڤاری گوڵان) بۆ شاری هەڵەبجە ئەو كەموكوڕی و گلەییەی خەڵكەكەمان ئاڕاستەی (گۆران ئەدهەم) قایمقامی قەزای هەڵەبجەی شەهید كرد. كە لە دووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە.
ئیدارەو داراییەكی سەربەخۆ
كاتێك سەردانی هەڵەبجە دەكەیت ئاوەدانی پێوە دەبینیت، بەڵام هێشتا ئەو هەڵەبجەیە نابینیت كە لەئاست ئەو مێژوو قوربانیدانەدا بایەخی پێدرابێت و ببێتە سیمبولی نەتەوەیی و ئازادی و دەستە خوشكی شارە بەناوبانگەكانی جیهان، سەبارەت بەوەی هەڵەبجە ژمارەی دانیشتووان و گەڕەكەكانی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو زۆر زیادیكردووە و داواكاری و پێداویستی خزمەتگوزاری خەڵكەكەش بەهەمان شێوە زیادیكردووە، گۆران ئەدهەم قایمقامی هەڵەبجەی شەهید وتی: هەر كارو پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری بۆ شارەكەو دانیشتووانەكەی بكرێت ناتوانرێت قەرەبووی ئەو شەهیدو قوربانییە بكرێتەوە كە لەم شارە كەوتووە، حكومەتی عێراق نەك تەنیا شارەكەو سنوورەكەی وێرانكرد، بەڵكو ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانەكەشی جینۆساید كردو بەبەردەوام لەساڵانی 1963 وە رۆڵەكانی ئەم شارە قەتڵوعام دەكرێن و ئەم حاڵەتەش بەردەوام بوو تا لە 16/3ی ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەم شارە بەچەكی كیمیایی لەڕێگەی فڕۆكەی جەنگی و تۆبپارانەوە هێرشی كرایە سەروو لەرۆژێكدا 15 هەزار كەسی مەدەنی لێ شەهیدو بریندار كرا، تاكو ئەمڕۆش ژمارەیەك لە بریندارەكانی بەهۆی برینەكانیانەوە شەهید دەبن. لەدوای ساڵی 1991 توانرا تاراددەیەك ئەم شارە ئاوەدانبكرێتەوەو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاوڕ لەم شارە دراوەتەوە و بەجددیش لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كاری بۆ كراوە، هەروەها لەبودجەی جۆراوجۆر وەكو بودجەی سیادی و پەرەپێدان و پێترۆڵ دۆلار كارو پرۆژە بەبەردەوامی ئەنجام دەدرێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم شارە ببێتە سیمبولی نەتەوەیی و ئازادی بۆ كوردستان، ئەوا مافێكی رەوای هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكانە و ئومێد دەخوازین شاری هەڵەبجە بەو ئاراستەیەوە هەنگاوی بۆ بنرێت، هەرچەندە وەكو ئاگادارن ئێستا بڕیار دراوە بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆو بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت، واتا دوای ئەوەی هەڵەبجە بووە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، ئەوا پێویستە وەكو پارێزگا یا بەهاوشێوەی سنووری گەرمیان مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە زیاتر گرنگی بەم شارە بدرێت كە هەنگاو و بنەمایەكی گرنگ و كاریگەرە بۆ بەرەو پێشەوەبردن و زیاتر ئاوەدانكردنەوەی شاری هەڵەبجەو سنوورەكەی.
زیانە ژینگەیی و بۆماوەییەكانی چەكی كیمیایی
سەبارەت بەوەی هیچ توێژینەوەیەكی زانستی و پزیشكی لەسەر زیانە ژینگەیی و بۆماوەییەكان لەسەر شاری هەڵەبجەو ناوچەكە كراوە، قایمقامی هەڵەبجە وتی: چەند لێكۆڵینەوەیەكی جیاواز لەلایەن چەند كەسێكی پسپۆر و تایبەتمەند ئەنجامدراوە یەكێك لەو لێكۆڵینەوەو توێژینەوانە لەلایەن دكتۆر دلاوەر عەلائەدین ئەنجام دراوە كەباس لەزیانە ژینگەییەكان دەكات كە تا ئاستێكی زۆر دڵخۆشكەرە بۆ نەوەكانی داهاتوو كە كاریگەری كیمیابارانەكەیان لەسەر نابێت، هەروەها توێژینەوەی تریش هەیە كە لەلایەن چەند زانایەكەوە ئەنجامدراوە لەم لێكۆڵینەوانەش دەركەوتووە كاریگەری كیمیبارانەكە لەسەر ئەو كەسانە هەیە كە بریندار بوون و بەر كیمیاییەكە كەوتوون نەك لەسەر نەوەكانی داهاتوو سەرەڕای ئەمانەش هەندێك حاڵەتی بۆماوەیی هەیە لەو كەسانەی برینداری كیمیابارانەكەن كە منداڵیان بووە نەخۆشیان لەگەڵدایە چەند حاڵەتێكی منداڵ لەباربوونیش لەچەند كەسێكی بەركەوتووانی كیمیابارانەكە روویداوە.
زێدەڕۆیی ڕێگرە لەبەردەم ئەنجامدانی پرۆژەكان
سەبارەت بەكۆڵان و شەقامی هەندێك گەڕەكی ناو سەنتەری قەزاكە كە بۆ ماوەیەكی زۆرە تەندەری بۆ دەرچووەو پرۆژەكان لەسەرخۆ و بەسستی بەڕێوەدەچن و پرۆژەكان دواكەوتوون و وەكو پرۆژەی شەقامی گەڕەكی كانی عاشقان و چەند گەڕەكێكی تر كە وایكردووە خەڵكی گلەیی بكەن، قایمقامی هەڵەبجەی شەهید وتی: هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی زۆر پرۆژە بەتایبەتی پرۆژەی گەڕەكی كانی عاشقان بۆ كۆمەڵێك كێشە دەگەڕێتەوە لەوانە هەبوونی خانووی زێدەڕۆیی، ئەو زێدەڕۆییانە وایانكردووە كۆڵانەكان بێسەرووبەر بكەن یا هەندێكی بێتە سەر رووبەری زەوی شەقام و كۆڵانەكان و نەتوانرێت بەپێی پێویست كۆڵانەكان بەرین و گەورە بكرێت. هەربۆیە ئێستاكە لەهەوڵی ئەوەداین بەزووترین كات گرفتی زێدەڕۆیی گەڕەكی كانی عاشقان و هەموو گەڕەكەكانی تر بەپێی رێنمایی و بەپێی پێویست و بەسوود و قازانجی خەڵكەكە چارەسەری بكەین، تاوەكو بتوانرێت نەك تەنیا پرۆژەی كۆنكرێت و قیرتاوكردنی كۆڵانەكانیان بۆ بكرێت، بەڵكو پرۆژەی دیكەش كە زۆر پێویستە بۆیان ئەنجام بدرێت. ناكرێت لەگەڕەك و كۆڵانێكدا زێدەڕۆیی هەبێت و بەستاندەر و رێكوپێكی بتوانین پرۆژە ئەنجام بدەین، بڕیارە لەماوەیەكی زۆر نزیك لەم پرۆژانەدا دەست بەكاركردن بكرێتەوە، هەروەها یەكێك لەكێشەكانی تری ئەم پرۆژانە ئەوەیە هەندێك خانوو لەم گەڕەكانە هەیە زۆر كۆنە و تاپۆیان نییەو بەپێی نەخشەش نەكراوە واتا بەشێوەیەك لەشێوەكان بۆتە زێدەڕۆیی لەسەر كۆڵان و گەڕەكەكان، هەربۆیە گەر ئەم گرفتانە چارەسەر نەكرێت ناتوانرێت بەپێی پێویست پرۆژەكان جێبەجێ بكرێن.
زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی شارەوانی و دەوڵەت بەردەوامە
زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی شارەوانی و دەوڵەت و كێشەی تاپۆ یەكێكە لەو گرفتانەی لەهەڵەبجەش بەهاوشێوەی شارۆچكەكانی تر بوونی هەیە، لەمبارەیەوە قایمقامی هەڵەبجە وتی: یەكێك لە كێشە سەرەكیەكانی هەڵەبجە گرفتی تاپۆ بوو، بەبڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ماوەیەك پێش ئێستا دەرچوو كە هەموو خانوو و كەلاوەو زەوییەكانی شاری هەڵەبجە لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكرێت، هەروەها بڕیارێكی تایبەتیمان بۆ دەرچوو كە ئەو خانوو كەلاوەو زەوییانەی رووبەرەكانیان لە 200 مەتر دووجا و زیاترە تاپۆش نەبن پێشینەی خانووبەرەیان پێ دەدرێت، ئەم بڕیارەش كۆمەڵێك كێشەو گرفتی بۆ چارەسەر كردووین. لە هەڵەبجە بەهەزارەها زێدەڕۆیی هەیەو هەوڵمانداوە سنوورێك بۆ ئەم دیاردەیە دابنێین كەچی لێرەو لەوێ هەر زێدەڕۆیی دەكرێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتیانی هەڵەبجە بۆ بنبڕكردنی ئەم دیاردە ناشارستانییە هاوكارمان بن، تاوەكو بەهەمووان سیمای شارەكەمان جوانتر و شارستانی تر بكەین.
هیچ ئاگاداری پرۆژەی ماستەپلانی هەڵەبجە نین
سەبارەت بەوەی ماستەر پلان نەخشە ڕێگاو نیشاندەرە بۆ گەورەبوون و فراوانبوونی شار بەشێوازێكی شارستانی، بۆ گەورە بوونی هەموو شاروشارۆچكەیەك زۆر گرنگ و پێویستە، بەڵام هەڵەبجە بەشێوەیەكی خێراو بەربڵاو بە ماستەرپلانێك فراوان دەبێت، كە زۆربەی یەكە ئیدارییەكانی شارەكە ئاگاداری نین، قایمقامی هەڵەبجە وتی: تا ئێستا بۆ هەڵەبجە ماستەرپلانێكی دیاریكراومان نییە، گەرچی چەند ساڵێك پێش ئێستا ماستەرپلانێك بۆ هەڵەبجە كراوە، بەڵام بەشێوەیەكی عەمەلی تا ئێستا ئەو ماستەرپلانە نەهاتۆتە دەست ئێمە، تا وەكو لەكارو ئیش و پرۆژەكاندا رەچاوی ماستەرپلانەكە بكەین. ئەو ماستەرپلانەی كە كراوە بەپێی زانیاری و پرسی لایەنە پێوەندارەكانی هەڵەبجە نەبووەو هیچ ئاگاداری پرۆژەی ماستەپلانی هەڵەبجە نین و نازانین چەند سەركەوتوو بووەو گومانم لەوە هەیە كە كرابێت، چونكە بەپێی ئەو زانیاریانەی من هەمە و پێوەندیشم بەنەخشەدانانی سلێمانی كردووە لەمبارەیەوە ئەوانیش زانیاری تەواویان لەسەر ئەو ماستەرپلانەی هەڵەبجە نییە.
رۆژانە بەتەنكەر ئاو دابەش دەكرێت
ئاو لە ریزبەندی پێشەوەی پێداویستیەكانی هاووڵاتیان دادەنرێت، لەگەڵ ئەم گرنگییەی ئاو كەچی پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە كە ماوەی چەند ساڵێكە بڕیارە ئەنجام بدرێت، بەڵام لەرووی كردارەكییەوە هەنگاوی بۆ نەنراوەو هەروەكو خۆیەتی و دواكەوتووە، هاوكات گرفتی كەمئاوی لە قەزاو ناحیەكانیش هەیە، قایمقامی هەڵەبجەی شەهید وتی: هۆكاری كەمئاوی بۆ بەرزی پلەكانی گەرمای ئەمساڵ دەگەڕێتەوە كە خەڵك ئاستی پێداویستیەكانیان بۆ ئاو بەرز بۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەچەندین شێوە ئاو بەفیڕۆ دەدرێت، دەبێت ئەوەش بزانین كە سەرچاوەی ئاوی سەرەكی هەڵەبجەی شەهید ئاوی ئەحمەدئاوایە كە لەساڵی 1994 پرۆژەیەك ئەنجامدراوە، ئەو پرۆژەیە بۆ ئەو كاتە زۆر باش و سەركەوتوو بوو، بەڵام لەماوەی ئەو 15 ساڵەی رابردوو شارەكە ئاوەدانكرایەوەو فراوانبوونێكی زۆری بەخۆوە بینیوە، هەر بۆیە ئاوی پرۆژەی ئەحمەدئاوا ئێستاكە بەشی هەموو دانیشتوانی هەڵەبجە ناكات، هاوكات لەسنووری قەزای هەڵەبجە نزیكەی 40 بیری ئاوی خواردنەوەش هەیە، بەڵام ئەم بیرانە ساڵانە ئاویان كەمتر دەبێتەوەو لە وەرزی هاوین زیاتر تووشی گرفت دەبن و بیر هەیە وشكی كردووەو بیریش هەیە ترومپایەكەی لەكار كەوتووە، زۆربەی جاریش كارەبا لەسەر بیرەكان دەبڕێت، سەڕەرای هەموو ئەمانە نەبوونی پێوەریش لەسەر ئاوی ماڵان هۆكارێكی ترە لەبەفیڕۆچوونی ئەم سامانە گرنگەو كە زۆرجار نەبوونی پێوەر بۆ دابەشكردنی ئاو بەسەر ماڵاندا جۆرێك لە نادادپەروەریشی لێدەكەوێتەوە، هەموو ئەمانە وادەكات دیاردەی كەمئاوی لەگەڕەك و شارەكە سەرهەڵبدات. بۆ چارەسەری گرفتی كەمئاوی فەرمانگەی ئاو لەهەڵەبجە رۆژانە بەتەنكەر ئاو بەسەر ماڵان دابەش دەكات، داوامان لە پارێزگاری سلێمانی كردووە بۆ ئەوەی چەند شوفێرێكمان بەگرێبەست بۆ دابمەزرێنن تاوەكو بەدوو شەفت ئاو بەسەر ماڵەكان دابەش بكەین. ئەمەش چارەسەرێكی كاتییە، ئەوەی ئەمڕۆ بۆ هەڵەبجە گرنگ بێت و چارەسەرێكی گرنگە ئەنجامدانی پرۆژەیەكی ئاوی ستراتیژییە، كە ئێستاكە لەلایەن حكومەتی ژاپۆنەوە بۆ هەڵەبجە دابین كراوەو چۆتە قۆناغی تەندەراتەوە.
لە2012 پرۆژەی ئاو
دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە
سەبارەت بەهۆكاری دواكەوتنی پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە قایمقامی هەڵەبجە هۆكارەكەی بۆ ئەو گەڕاندەوە كە ئەو جۆرە پرۆژانەی بەقەرزی وڵاتی ژاپۆن دەكرێت و لە هەرشوێنێك بێت زۆر بەوردی كار لەسەر هەنگاوەكانی و دیزاینەكەی و شێوەی پرۆژەكە دەكرێت، تا بەخاڵ و هەنگاو و كارەكانی بەتەواوەتی نەڕوات، دەست بەئەنجامدانی پرۆژەكە ناكەن. پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجەش لەم جۆرە پرۆژانەیە و نەخشەو دیزاینەكەی تەواو بووەو لەسەرەتای ساڵی 2012 دەچێتە بواری جێبەجێكردن، بڕی بودجەكەشی نزیكەی 120 ملیۆن دۆلارەو سەرچاوەی پرۆژەكەش ئاوی زێی سیروانە، لەگەڵ پرۆژەكەشدا تۆڕی دابەشكردنی ماڵانیش بەتایبەتی ئەوانەی پێویستن دەگۆڕدرێت بەتۆڕێكی تازەو سەردەمیانە.
ڕێگای نێوان (سەیدسادق – هەڵەبجە)
سەبارەت بەپرۆژەی جووت سایدی شاری هەڵەبجەو زۆر شوێنی تری ناوچەی هەورامان، قایمقامی هەڵەبجەی شەهید وتی: چەند پرۆژەی ڕێگای سەرەكی لەژێر ئەنجامدانە وەكو پرۆژەی ڕێگای سەرەكی كە هەڵەبجە بەهەورامان دەبەستێتەوەو لە قۆناغی قیرتاوكردندایە، بەڵام كێشەی ئێمە لە ڕێگا سەرەكییەكانمان ڕێگای نێوان (سەیدسادق – هەڵەبجە)یە ئەم ڕێگایە درا بەبەڵێندەرو كەچی دوای ماوەیەك پرۆژەكە راگیرا لەبەر ئەوەی شێوەی ڕێگاكەو شوێنی پرۆژەی ڕێگاكە گۆڕدرا تاوەكو قەرەباڵغی بەناو سەیدسادقدا نەچێت، بەڵكو لەسەرای سوبحان ئاغاوە راست لەدەرەوەی سەیدسادق ڕێگاكە بێتە هەڵەبجەوە بەمەش ڕێگاكە 3 كیلۆمەتر كورتتر دەبێتەوە، ئێستا ئەم پرۆژەیە لە دیزاینەو پشكنینی خۆڵی ڕێگاكە دەكرێت و لەئاییندەیەكی نزیكدا دەدرێت بە بەڵێندەر.
بەشێوەیەكی تەقلیدی
زبڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە
سەبارەت بەوەی تاچەند كێشەی زبڵ و خاشاك لەشاری هەڵەبجە هەیەو بەچی ڕێگەیەك چارەسەری زبڵ و خاشاك دەكرێت، قایمقامی هەڵەبجەی شەهید وتی: سیستەمی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك هەر بەشێوەی كۆن و تەقلیدەو رۆژانەش ئەم كارە لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە ئەنجام دەدرێت و تا ئێستا وەكو زۆر شار و قەزاكانی تری كوردستان نەدراوەتە كۆمپانیایەك بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی سلێمانی كردووە كە كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك پێویستە بدرێتە كەرتی تایبەت و كۆمپانیایەك ئەم كارە ئەنجامبدات، ئەوانیش پێیان راگەیاندووین لەسەرەتای ساڵی 2012 هەوڵ دەدرێت پاككردنەوەی هەموو زبڵ و خاشاكی قەزاو ناحیەكان بدرێتە كۆمپانیای كەرتی تایبەت، هەروەها بۆ ریسایكلین لەساڵی رابردوو هەوڵ هەبوو كە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە لە دەوروبەری هەڵەبجە كارگەیەك دابنێت، لەزۆر بواردا سوود لە زبڵ و خاشاكەكە وەربگیرێت، داوایەكمان بەرزكردۆتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی سلێمانی و تا ئێستا وەڵامیان نەبووە، چونكە ئەم كارگەیە 70 ملیۆن دۆلار زیاتری دەوێت، گەرچی هەوڵ دراوە زبڵ و خاشاك لەدەرەوەی هەڵەبجە فڕێبدرێت و شوێنێكی بۆ دیاریكراوە، بەڵام زۆرجار زبڵ و خاشاكەكە دەسوتێنراو زیانی ژینگەیی لێدەكەوتەوەو خەڵكی بێزار دەكرد، بۆیە ئێستاكە بەشێوەیەكی زانستی زبڵو خاشاكەكە ورد دەكرێت و ژێر خاك دەكرێت.
قوتابخانەكان دوو دەوامی و سێ دەوامی تێدا دەكرێت
سەبارەت بەبواری پەروەردەو گرفتی كەمی مامۆستای پسپۆر، قایمقامی قەزای هەڵەبجە وتی: كێشەی بواری پەروەردە هەیە بەتایبەتی بەهۆی زۆری قوتابی و قەرەباڵغییەوە سێ دەوامی و دوو دەوامیمان هەیەو پێویستە قوتابخانەی تر بۆ هەڵەبجە دروست بكرێت، لەلایەكی ترەوە كەمی میلاكاتی پسپۆرایەتی مامۆستامان هەیە بەتایبەتی لە وانە زانستیەكان، هەروەها بڕیارە خوێندنگای پەروەردەی تایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە هەندێك كێشەو تایبەتمەندییان لەخوێندن هەیە بكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە بینایەكی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە لە هەڵەبجە دروست بكرێت.
پزیشكی پسپۆر لەشارەكە زۆر كەمە
سەبارەت بەكەرتی تەندروستیش قایمقامی هەڵەبجە وتی: بنكەو نەخۆشخانەكانمان پێویستیان بە ئامێرو كارمەندو پزیشك هەیە بۆ نموونە نەخۆشخانەی كیمیاباران كە نزیكەی 400 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە كە پێویستە پێداویستی بریندارانی كیمیابارنی بۆ تەرخان بكرێت و 5.800 ملیۆن دۆلاری تەنیا بۆ دابینكردنی ئامێرە پزیشكییەكانە، هەروەها نەخۆشخانەی لەدایكبوونمان هەیە كە 50 قەرەوێڵەییە كە ئەمەش لەسەر پارەو بودجەی وڵاتی ژاپۆن دروستكراوەو نەخۆشخانەیەكی زۆر شیاو و سەركەوتووە، بەڵام ماوەیەك پێش ئێستا گرفتی پزیشكی ئافرەتمان هەبوو، كە لەم دواییەدا چەند پزیشكی ئافرەتمان بۆ هات، بەشێوەیەكی گشتی پزیشكی پسپۆر لەشارەكە زۆر كەمە، گەرچی لە وەزارەتی تەندروستی هەرێم داوامان كردووە بۆ دابینكردنی پزیشك وەكو هەموو لایەكیش دەزانین دابینكردنی پزیشك بۆتە گرفتێك و پێویستە دەرچووی پسپۆرایەتی جۆراوجۆر هەبێت ئەو كات بۆمانی رەوانە بكەن.
سایلۆیەك بۆ هەڵەبجە پێویستە
سنووری هەڵەبجە ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، بۆیە بۆ گرنگیدان بە بەرهەمی كشتوكاڵی بەتایبەتی بەرهەمی دانەوێڵە پێویستیان بە سایلۆ هەیە، لەمبارەیەوە قایمقامی هەڵەبجە وتی: پێویستیمان بە سایلۆیەك بۆ ناوچەی هەڵەبجە هەیە بۆ ساڵی 2012 داوامانكردووە دروستكردنی سایلۆیەك بخرێتە بواری پلاندانانەوە. هەروەها سەبارەت بە بواری وەبەرهێنان تەنیا پرۆژەی گۆران ستی هەیە كە ئەمەش پرۆژەی دروستكردنی خانووی نیشتەجێبوونە بۆ هاووڵاتیان لە ڕێگەی قیستەوە.
گەڕاوی خورماڵ بۆ گەشتیاری تەندروستی زۆر گرنگە
سەبارەت بەبواری گەشتوگوزاریش ئێستاكە بۆ ئەحمەدئاوا 3 كۆمپانیا كاری تێدا دەكات بۆ هەرسێ كۆمپانیا بڕی 13 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تەرخانكراون و پرۆژەكانیش بریتین لەجوانكاری ئەحمەدئاواو ڕێگاوبان و چەند بوارێكی تری خزمەتگوزاری بۆ گەڕاوی خورماڵیش لەلایەن چەند كەسێكەوە پێشنیار پێشكەش كرابوو بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران سەردانی كردین و گفتوگۆ لەسەر پێشنیار و پرۆژە بۆ گەڕاوی خورماڵ كراوە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی بۆ پرۆژەی گەڕاوی خورماڵ نەهاتۆتەوە. ئەنجامدانی پرۆژەیەكی گەشتیاری لە گەڕاوی خورماڵدا كەرتی گەشتوگوزاری تەندروستی لەم ناوچەیەدا دەبووژێنێتەوە، هاوكات چەند شوێنێكی تر هەیە لە ناوچەكە كە زۆر لەبارە بۆ گەشتیاری، ئێستاكە بەرنامەو كاریان بۆ دەكرێت تا لە ماوەیەكی نزیكدا بكرێنە شوێنی گەشتوگوزاری.