سێمێل لەناو ماستەرپلانی دهۆكە...سێمێل پێویستی بەنەخۆشخانە و قوتابخانە هەیە

سێمێل لەناو ماستەرپلانی دهۆكە...سێمێل پێویستی بەنەخۆشخانە و قوتابخانە هەیە
سێمێل لەساڵی 1978 بۆتە قەزا، ناحیەكانی فایدە و باتێل و 157 گوند و (15) كۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت، رووبەری سنووری قەزای سێمێل هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشەیەو بەناوچەیەكی كشتوكاڵی دادەنرێت، ژمارەی دانیشتوانەكەی (164) هەزار كەسە، ساڵانە داهاتێكی زۆری گەنم و جۆی لێ بەرهەم دێت. لەساڵانی 1979 – 1980 سنووری قەزای سێمێل بەگشتی لەلایەن رژێمی بەعس كەوتە بەر شاڵاوی تەعریب، عەرەبی خوارو و ناوەڕاستی عێراق گوازرانەوە بۆ ئەو سنوورە و كوردەكانیش راگوازرانەوە بۆ كۆمەڵگە زۆرە ملێیەكان و شوێنی تر، لەپاشان قەزای سێمێل و ناحیەكان و سنوورەكە لەگشت خزمەتگوزارییەكان بێبەش كرا، لەدوای راپەڕین بەهۆی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان عەرەبە هاوردەكانی قەزای سێمێل چوونەوە شوێنی خۆیان و دانیشتووانی ڕەسەنی بەڕەچەڵك سێمێل كە كوردی رەسەنن هاتنەوە سەر موڵك و ماڵ و شوێنی خۆیان، بەڵام نەتوانرا بەپێی پێویست ئاوڕ لەم قەزایە بدرێتەوەو كار و پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بكرێت، بۆیە لێرەو لەوێ خەڵكی قەزای سێمێل و سنوورەكە گلەیی و گازاندە لەنەبوونی ژێرخانی خزمەتگوزارییەكان دەكەن. لەسەردانێكمان بۆ قەزای سێمێل چەند هاووڵاتییەكمان دواند و پرسیارمان لەبارەی كار و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لێ كردن، بەگشتی ئەو هاووڵاتیانە گلەیی و گازاندە و رەخنەیان هەبوو، بەتایبەتی لەبواری كەمی ئاوی خواردنەوەو خراپی كۆكردنەوەی زبڵو خاشاك و قیرتاونەكردنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو زۆربەی گەڕەكەكانیان و بواری پەروەردە و كەمی مامۆستا و... تاد.
رەخنە و گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی ترمان ئاڕاستەی (ئیسماعیل مستەفا) قایمقامی قەزای سێمێل كرد، ئەویش بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی.



ئیسماعیل مستەفا قایمقامی قەزای سێمێل بۆ (گوڵان):
كێشەی گەورەمان پاككردنەوەی زبڵوخاشاك و
كەمی ئاوەڕۆیە
2400 خێزان بۆ سێمێل كۆچیان كردووە
سەبارەت بەهەبوونی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە لەقەزای سێمێل كە هۆكارێكە بۆ بار قورسیی لەسەر یەكە ئیدارییەكان بەتایبەتی لەبوارەكانی خزمەتگوزاریدا، قایمقامی قەزای سێمێل وتی: سێ جۆرە ئاوارە لەقەزای سێمێل هەیە، یەكێك لەو ئاوارانە ئەوانەن كە لەدوای 2003 و لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق روویان لەسنووری قەزای سێمێل كرد بەتایبەتی برایانی مەسیحی كە ڕووبەڕووی توندوتیژی و تیرۆر بوونەوە، لەقەزای سێمێل (2400) خێزانی ئاوارەی شارەكانی عێراق و كوردی باكوور و رۆژئاوا هەیە واتە بەهەرسێ جۆرە ئاوارەكانەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لەئاوارە لەقەزای سێمێل و سنوورەكەی هەیە، كە ئەمانەش هەر هەموویان پێویستیان بەخزمەتگوزاری هەیە بەتایبەتی خزمەتگوزاریە سەرەكییەكانی ژیان كە دەبێ بەبێ جیاوازی وەكو خەڵكی خۆمان بۆیان دابین بكرێت، وەكو: ئاو و كارەبا و خوێندن و بواری تەندروستی و شوێنی نیشتەجێبوون، ئەمەش بارێكی زۆر قورس و زەحمەتی خستە سەر شانی ئێمە. لەسەردەمی كابینەی (5) دا بەفەرمانی نووسینگەی جەنابی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كابینەی (5)- (88) خانوو لەدۆمیز بۆ ئاوارەكان دروستكرا، لەپاشان تا ئێستا لەلایەن دەزگا پێوەندار و پارێزگای دهۆكەوە زۆر هاریكاری ئاوارەكانی سێمێل كراوە.
ماستەرپلان و كێشەی كوژاندنەوەی زەوی
سەبارەت بەماستەرپلان كە نەخشە رێگەیە بۆ فراوانبوون و گەشەكردنی هەموو شار و شارۆچكەیەك، ئایا قەزای سێمێل ماستەرپلانی هەیە، لەمبارەوە كێشە و گرفتەكانی چییە بەتایبەتی لەكوژاندنەوەی زەوی و دیاردەی زێدەڕۆیی، قایمقامی قەزای سێمێل وتی: لەكاتێك كە ماستەرپلان بۆ دهۆك دانرا، قەزای سێمێل بەشێك بوو لەم ماستەرپلانە، چونكە سنووری نێوان دهۆك و سێمێل تەنیا(13) كیلۆمەترە، ئەو ماوەیەش پارك و سەوزایی و كەمپی زانكۆ و شوێنی خزمەتگوزاری بەپێی ماستەرپلانەكە لێ دروست كرا، لەلایەكی تروە بەپێی دابەشكردنی ماستەرپلانەكە و بوونی شوێن و ڕووبەری زۆر لەزەوی، لەقەزای سێمێل زۆر كار و پرۆژە و كارگەی گرنگی لێ دانرا، ئێمە وەكو قەزای سێمێل زۆر سوودمان لەماستەرپلانەكە وەرگرتووە، چونكە دابەشبوونی شوێنەكان و دەستنیشانكردنی پێكهاتەكان و شوێنی خزمەتگوزارییەكان بەشێوەیەكی ورد و زانستی و ئەندازەیی دیاریكراوە، بۆیە لەكاتی دەستنیشانكردنی شوێن و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری كەمترین كێشە و گرفت دێتە پێش دەزگا پێوەندارەكان، كێشەی كوژاندنەوەی زەوی هەیە بەتایبەتی لەكاتی قەرەبووكردنەوەدا زیاتر كێشە سەر هەڵدەدات لەنێوان خاوەن موڵك و جووتیار، ئەمەش بڕیارە لەسەر ڕێنمایی دیاریكراو چارەسەربكرێت، هەر بۆ نموونە لەكاتێ پرۆژەی ستراتیژی ئاوی خواردنەوەی شاری دهۆك كە بەدوو قۆناغ دەستی پێكرد كە هەردوو قۆناغ لەسنووری سێمێل بوو لەو كاتەی كە دەبووایە زەوییەكان كاری كوژاندنەوەی بۆ بكرێت لەسەر قەرەبوو كردنەوە كە كێشە دروست دەبوو یا خاوەن زەوییەكان بەبڕی قەرەبووكردنەوەكە ڕازی نەدەبوون. سەبارەت بەدیاردەی زێدەڕۆییش بەخۆشحاڵییەوە قەزای سێمێل تاكە شوێن و ناوچەیە لەهەرێمی كوردستان كە تاكە یەك زێدەڕۆییش لەسەنتەری قەزا نەكراوە..
زبڵوخاشاك و كارگەی ریسایكلین
سەبارەت بەپاككردنەوەی زبڵوخاشاك و دامەزراندنی كارگەی ریسایكلین بۆ خۆ رزگاركردن لەزبلۆخاشاك، قایمقامی قەزای سێمێل وتی: پێشتر یەكێك لەكێشەكانی ئێمە پاككردنەوەی ناو سەنتەری قەزا و سنوورەكەبوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپی و كۆنی سیستەمەكە و كەمی كرێكار و ئامێر و ئۆتۆمبێل، لەگەڵ بەرفراوانبوونی سەنتەری قەزاكەش ئەم كێشەیە زیاتر گەورە و زەقبۆوە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەك ئیمزا كرد بۆ پاككردنەوەی سەنتەری قەزای سێمێل و دۆمیز و تەناهی و... تاد لەزبلۆخاشاك، هەروەها سنووری قەزای سێمێل بەرفراوانە كە دوو ناحیە و (15) كۆمەڵگەشی هەیە، پێویستە بۆ ئەم شوێنانەش سیستەمێكی سەركەوتوو بۆ پاككردنەوەیان پیادە بكرێت، نەك وەكو ئێستا كە بەچەند كرێكارێك و ئۆتۆمبێلێك هەفتەی یەك جار كۆمەڵگەكان پاك دەكەنەوە كە بەمجۆرە ناتوانرێ پاك و خاوێنی شوێنەكان بپارێزرێت و ئەمە نابێـتە پاككردنەوە، هەر بۆیە لەناحیە و كۆمەڵگەكان تا ئێستاش كێشەی گەورەمان پاككردنەوەیە، هەروەها پاك و خاوێنی ناو قەزاكە پێویستە زیاتر كاری بۆ بكرێت، هەروەها شوێنێك دەستنیشانكراوە لەسنووری قەزای سێمێل بۆ جیاكردنەوە و خۆڕزگاركردن لەزبلۆخاشاكی سنوورەكە، ئێستا بۆ قەزای سێمێل و چەند شوێنی تر كارگەیەكی ریسایكلین دانراوە و زۆر بەرێكوپێكی كارەكانی خۆی ئەنجام دەدات بەدامەزراندنی ئەم كارگەیەش لەكێشەی خۆڕزگاركردنی زبڵوخاشاك رزگارمان بووە.
ئاوی خواردنەوە و گرفتی بەردەوام
سەبارەت بەكێشەی ئاوی خواردنەوە كە هەندێ گەڕەكی سەنتەری قەزاكە تا ئێستا ڕووبەڕووی ئەم گرفتە دەبنەوە، قایمقامی قەزای سێمێل وتی: ماوەی دوو ساڵ پێش ئێستا گەورەترین كێشە و گرفتی قەزای سێمێل، نەبوون یا كەمی ئاوی خواردنەوە بوو. ئەم كێشەیە هەموو سنووری قەزاكەی گرتبۆوە، بەڵام لەپاش ئەوەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی ئاوی دهۆك دەستی پێكرد، كە ئەم پرۆژەیەش لەسنووری قەزای سێمێل بوو، بۆیە وەكو تاقیكردنەوەیەك لەم پرۆژەیەدا ئاو درا بەسێمێل، دیاربوو كە ئەم پرۆژەیە توانای دابینكردنی ئاوی تا ڕاددەیەك بۆ سەنتەری سێمێل هەبوو، بەڵام كێشەی سەرەكی ئێمە پرۆژەی ئاو نەبوو، بەڵكو خراپی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بوو، لەبەر ئەوەی تۆڕەكە كۆن و خراپ ببوو لەزۆر شوێنەوە بۆڕیەكان شكابوون، بۆیە خەڵكەكە تووشی كەم ئاوی دەبوون، بەڵام لەپاشان بەقۆناغ دەستكرا بەگۆڕینی تۆڕی ئاوەكە و لەماوەی(45) رۆژی تریش تۆڕی دابەشكردن لەسەری زاری و مسرێكی دەگۆڕێت، لەو كاتەدا تا ڕاددەیەكی باش گرفتی كەمئاوی لەقەزای سێمێل چارەسەر دەبێت.
ئاوەڕۆ گرفتێكی بەرچاوە
سەبارەت بەئاوەڕۆ و ئەو گرفتانەی لەمبارەوە دێتە پێش، قایمقامی قەزای سێمێل وتی: پرۆژەی ئاوەڕۆ لەشوێنێكی وەكو قەزای سێمێل كە دەشتێكی تەخت و فراوانە كار و بودجەی زۆر پێویستە، لەمبارەیەوە ساڵانە داواكاری دەخەینە بەردەستی لایەنی پێوەندار، هەر چەندە لەساڵانی رابردوو لەهەندێ شوێن و گەڕەك پرۆژەی ئاوەڕۆ ئەنجامدراوە، بەڵام لەمبارەوە هێشتا كار و ئیش و پرۆژەمان زۆر دەوێت بۆ ئەوەی بەتەواوی لەلایەنی تەندروستی بتوانین خەڵك و نەوەكانمان بپارێزین، چونكە ئاوی پیس هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی ترسناكە، بۆیە دەبێـت پرۆژەی ئاوەڕۆ ئەنجام بدرێت تا ئاوی پیس بچێتە دەرەوەی سەنتەری قەزای سێمێل، چونكە ئێستا بەهۆی بەرفراوانبوونی قەزاكە كۆتایی ئاوەڕۆی شارۆچكەكە كەوتۆتە ناو ماڵ و گەڕەكان، بۆیە بڕیارە لەسەر بودجەی ئەمساڵ پرۆژەیەكی ئاوەڕۆ بەدرێژایی چەند كیلۆمەترێك لەم شوێنە ئەنجام بدرێت تاوەكو كۆتایی ئاوەڕۆكە بچێـتە دەرەوەی سنووری شارەوانی قەزاكە.
چەند گەڕەكێك كۆڵانەكانی كۆنكرێت نەكراوە
سەبارەت بەقیرتاو و كۆنكرێتكردنی شەقام كۆڵانەكانی ناو سەنتەری قەزاكە و گەڕەكەكان و تۆڕی رێگاوبانی گوندەكان و كۆمەڵگەكان، قایمقامی قەزای سێمێل وتی: زۆربەی شەقام و رێگاكانی سنووری قەزای سێمێل كۆنن و هەندێ شەقامی سەنتەری قەزا هەیە لەساڵانی(1970) و (1980) دروستكراون، تا ئێستاكەش ئەم شەقامانە نۆژەن نەكراونەتەوە، زۆرجار لەلایەنی پێوەندار داوامانكردووە ئەم شەقامانە نۆژەن و چاك بكرێنەوە، بەڵام بەدەنگمانەوە نەهاتوون، هاوكات داوامانكردووە كە هەندێ گەڕەك بەتایبەتی گەڕەكە تازەكان پێویستە كۆڵانەكانیان بۆ قیرتاو یان كۆنكرێت بكرێت، چونكە لەوەرزی زستان لەئەنجامی باران و قوڕولیتە تووشی زەحمەتی دەبن بەتایبەتی قوتابییەكان لەكاتی هاتوچۆكردنیان بۆ قوتابخانە، هاوكات دەروازەی شارۆچكەكە و شەقامە سەرەكییەكەی كە دێتە ناو قەزای سێمێل پێویستی بەپاككردنەوە و چاككردنەوە هەیە كە بەشێوازێكی وا بێت كە شارۆچكە روحی بەبەردا بێتەوە و دەركەوێت، نەك وەكو ئێستاكە بێت.
هاوكات رێگای كۆمەڵگە و گوندەكان زۆر خراپ و بێسەروبەربووە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە تاڕادەیەك گرنگی بەم رێگایانەش دراوە، گەرچی هێشتا زۆریان ماوە وەكو رێگایەكی سەردەمیانە بكەوێتە خزمەتی خەڵك و هاووڵاتیانی سنوورەكە، بەرنامە و پلانیش هەیە ئەو گوندانەی كە رێگایان بۆ نەچووە و نەكراوە، بخرێتە لیست و لەداهاتووێكی نزیكدا كاریان بۆ بكرێت.
زۆری قوتابی و كەمی مامۆستای پسپۆر
سەبارەت بەبواری پەروەردە و گرفتی میلاكات و كەمی مامۆستای پسپۆرایەتی، قایمقامی قەزای سێمێل وتی: ئەو كێشە و گرفتەی لەبواری خوێندن هەیە، بریتییە لەزۆری و قەرەباڵغی قوتابی لەپۆلەكاندا، لەزۆربەی قوتابخانەكانی ناو سەنتەری شارۆچكەدا زیاتر لە(40 تا 50) قوتابی لەیەك پۆلدا دادەنیشن و دەخوێنن، ئەمەش زەحمەتی و ناخۆشییەكی زۆرە بۆ مامۆستایان و بۆ قوتابیان، لەلایەكی تر كێشەی كەمی مامۆستای پسپۆرمان هەیە بەتایبەتی بۆ وانەكانی فیزیا و كیمیا و بیركاری و ئینگلیزی و.. تاد.
هەمان ئەو كێشە و گرفتانە لەناحیە و كۆمەڵگەكانیش هەبوو، بەڵام لەماوەی دوو ساڵی رابردوو تا ئاستێكی باش لەم بوارەدا كاركراوە و قوتابخانە دروستكراون، هەر بۆ نموونە دوو قوتابخانە بۆ خانكێ و دوو قوتابخانە بۆ مسیركی و دوو لەتەناهیێ و سێ قوتابخانەش لەسەنتەری قەزا دروستكراون، هەروەها تا ئێستا لەقوتابخانەكان دوو دەوامی ماوە و بۆ هەندێ كۆمەڵگە و گوندیش داواكاریمان ئەوەیە قوتابخانەی ئامادەییان بۆ بكرێتەوە.
گرفتی بواری تەندروستی
سەبارەت بەبواری تەندروستی و كێشە و گرفتەكانی، قایمقامی قەزای سێمێل وتی: لەسەنتەری قەزای سێمێل و هەموو سنوورەكە كەموكوڕی و گرفتی بواری تەندروستیمان هەیە و كێشە و گرفتەكانیش بەرچاوە و كاریگەری لەسەر خەڵكەكە هەیە، ئەم كەموكوڕیەش لەئەنجامی ئەوەیە كە سنوورەكەمان زۆر نزیك بۆتەوە لەشاری دهۆك و ئێمە بووینە قوربانی ئەو نزیك بوونەوەیەمان لە پارێزگای دهۆك، لەسەنتەری قەزادا دوو بنكەی تەندروستی هەیە گەرچی ئێمە وەكو قەزایەك پێویستیمان بە نەخۆشخانەیەكی قەرەویڵەیی بەرفراوان هەیە هەموو پێكهاتە و ئامێرێكی پزیشكی لەخۆ بگرێت و پزیشكی نەشتەرگەری و ئافرەتان و پسپۆریەتی تێدا كاربكەن، هەر بۆیە ئەمساڵ بەجددی ئەو كارەمان خستۆتە بەر گفتوگۆو پەرلەمانتارانی دەڤەرەكەش گفتوگۆ و داوایان لەمبارەوە خستۆتە روو، نابێ چیتر لەم بوارەدا ئێمە قوربانی شوێنی تر بكرێین بەبیانووی ئەوەی لەشاری دهۆك نزیكین، بینایەی بنكەی تەندروستی گوڵان گونجاو و ئامادەیە كە بكرێتە نەخۆشخانەیەكی گەورە و قەرەویڵەیی، لەبەر ئەوەی ئەو بینایە هەموو پێكهاتە و ئامێرێكی پزیشكی و تەندروستی تێدایە تەنیا كادیر و پزیشكی دەوێت بۆی دابین بكرێت..
هیچ جۆرە بودجەیەكمان لەبەردەست نییە
سەبارەت بەدابەزاندنی دەسەڵات كە تا چەند كاریان پێكردووە، قایمقامی قەزای سێمێل وتی: بۆ باشتر كاركردن و زیاتر خزمەتكردن پێویستە دەسەڵاتی لامەركەزی هەبێت، لەكاتێكدا ئەو دەسەڵاتە نەبێت بۆ هەموو لایەك گرفت و بەربەست دروست دەبێت، بەپێی ئەو بڕیارەی كە باس دەكرێت، كە دەسەڵاتەكە بەمجۆرە نییە كە بتوانرێت زیاتر و باشتر كار بكرێت، چونكە دەسەڵاتی داراییمان نییە و هیچ جۆرە بودجەیەكمان لەبەردەست نییە، جگە لەو بڕە بودجەیەی كە بۆ خەرجی یەكە ئیداریەكە دانراوە.
پێویستبوونی سایلۆیەك
سەبارەت بەوەی كە ناوچەیەكی كشتوكاڵیە، ئایا كارگەی خۆراكی لەم سنوورە دانراوە و پێویستیان بەسایلۆیەك نییە، قایمقامی قەزای سێمێل وتی: لەگەڵ ماستەرپلان شوێنی كارگەی خۆراكی لەسنووری قەزای سێمێل دانراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ كارگە و كار و پرۆژەیەك لەم بوارەدا ئەنجام نەدراوە و ئێمە عەلوەیەكمان هەیە بۆ فرۆشتن و خستنەڕووی سەوزە و میوە، بەڵام ئەمەش كۆن بووە، پێوستە عەلوەیەكی تازە و بەرفراوان و هاوچەرخ دروست بكرێت، هەروەها ئێمە سایلۆیەكمان لەسنووری ناحیەی فایدە هەیە كە ناتوانرێ هەموو داهاتی گەنم و جۆی سنووری قەزای سێمێل وەربگیرێت، بۆیە لەساڵانی رابردوو بڕێكی زۆر گەنم لەسەر زەوی دانراوە تێكەڵ بەخۆڵ بوو، لەبەر ئەوە پێویستە سایلۆیەكمان بۆ دروست بكرێت.
Top