فەلسەفە وئایدیۆلۆژیا (دیالیکتیکی پەیوەندی)

فەلسەفە وئایدیۆلۆژیا (دیالیکتیکی پەیوەندی)

نووسه‌ر :عمادەدین ئیبراھیم عەبدولڕەزاق(*)

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیا، پەیوەندییەک ئاڵۆز و تێک ھەڵکێشە، لە ھەمان کاتدا پەیوەندییەکی گرنگە، ناکرێ چاوپۆشیی لێ بکەین یان فەرامۆشی بکەین.
ئەو پرسیارەی زۆر بە گوڕ و تین دەکرێت، ئاخۆ خەسڵەتی پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیا چییە؟ ئایا پەیوەندییەکی ناتەبا و بەریەک کەوتنە، یان پەیوەندییەکی تەبا و گونجانە؟
وڵامەکە بە دروستی: پەیوەندییەکی تێک ھەڵکێش و تێک پەڕینە، کە ناکرێ پشتی تێ بکرێت. ھەندێ فەیلەسووف پێیان وایە، کاتێک ئایدیۆلۆژیا دێتە نێو فەلسەفەوە، ئەوا دەی شێوێنێ و تێکی دەدات، ھەندێکیش باوەڕیان بە پێچەوانەی ئەوە ھەیە.
دەستەواژەیەکی بە ناوبانگی (دینیس دیدیروا) ھەیە، جۆری ئەو پەیوەندییە روون دەکاتەوە. دەستەواژەکەش دەڵێ (رووی نەداوە فەیلەسووفێک پیاوێکی ئایینی (ئایدیۆلۆجیستی) کوشت بێت، بەڵام پیاوانی ئایدیۆلۆجیستی ئایینی گەلێ فەیلەسووفیان کوشتووە).
جا بە گوێرەی ئەوە، ئایدیۆلۆژیا بیرۆکەیەکی کوشندەیە، یان لە کۆتاییدا دەبێتە مایەی کوشتن، کەچی فەلسەفە بیرۆکەیەکی سەلامەتە، لە کۆتاییشدا دۆست و یارە. ھەڵبەت لە راستیدا، ئەو دەستەواژەیە بە تەواوی ورد نییە، چونکە ھەندێ فەلسەفە گۆڕان و بوون بە ئایدیۆلۆژیای کوشندە.
پێویستە ئاماژە بە تێبینییەکی گرنگ بکەین، ئەگەر فەلسەفە ئەستەم و سەخت بێت، بە ئاسانیش خۆی بە دەستەوە نادات، کە ببێتە ئایدیۆلۆژیا، بەڵام ئەو لە زانست خێراتر دەگۆڕێت بەرەو ئایدیۆلۆژیا. فەلسەفە زانینە، زانینیش بە تیۆرییەکی زانستی یان چەند تیۆرییەک بەزەفت نییە و لە بن کۆنترۆڵدا نییە، بەڵکوو زانین ملکەچی گوتار و سیستەمی دابەش بوون و بەکار بردنیەتی لە نێو کۆمەڵدا.
دەبێ ئەوەش بڵێین، فەلسەفە بیرکردنەوەیە لە ھزرین (بیرکردنەوەیە لە نێو بیرکردنەوەدا)، ھەر بۆیە رەخنە بەشێکە لەو، بۆ ئەو و بۆ ئەوانی دیکەشە. پاشان ئەو بە تەبیعەت، ھەرچەندی بئادلەژێ (واتە ببێتە ئایدیۆلۆژیا)ش، ئەوا لە بنەڕەتدا ئایدیۆلۆژ بوونی خۆی رەت دەکاتەوە. ھەرچەندی لە چەمک و تێگەش دوور بکەوێتەوە، ئنجا لە بەکار ھێنانی چەمک و تێگە و بەگەڕ خستنیان نزیک بکەوێتەوە، ئەو دەئادلەژێ.
لێرەدا سەرنج بە لای راستییەکی گرنگدا دەبەین، ئەگەر تەماشای میتافیزیک بکەین، کە سەراپای فەلسەفە تا سەردەمی نوێ و تا پەیدا بوونی (ھایدگەر، ھۆسرڵ و فۆکۆ) پێوەی پێگیر بوو، ئەوا بەو جۆرە بڕیار لە بارەی فەلسەفەوە دەدەین، کە تەنیا تەرزێکە لە ئایدیۆلۆژیا، ئەوەی ئەو فەیلەسووفانە کردوویانە تەنیا پووچەڵ کردنەوەی ئایدیۆلۆژیای فەلسەفەیە بە ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە.
ھەوڵی فەلسەفەی ئەوروپی بۆ خۆ رزگار کردن لە میتافیزیکی کۆن (ئایدیۆلۆژیا) لە سەر ئاستی کرداری فەلسەفاندن، بەو ئاکامە گەیشت، کە ئەوروپا نەی توانی خۆی لە ئاسۆی فەلسەفە وەرچەرخانی فەلسەفە بەرەو ئایدیۆلۆژیایەکی بەرجەستە بپارێزێ، کە تێیدا مارکسیزم گۆڕا بە زەبەلاحترین ئایدیۆلۆژیا، کە ئەوی دی رەت دەکاتەوە، شکۆی مرۆڤیش پێشێل دەکات.
(مۆنرۆ) پەیوەندیی نێوان ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفە بە پەیوەندیی ئاسانکاری کردن لە زانست دەچوێنێ. کاتێک لە رێی ئاسانکارییەوە زانست دەبینێ، بە زۆری نازانێ، ئەگەر ئاسانکاری لە بنەچەدا قەرزداری زانست بێت. لە شوێنێکی دیکەشدا دەنووسێ (لە نێو فەلسەفەدا ئایدیۆلۆژیا گەڵاڵە بوو).
ھەرچی (میشێل سیر)ە، پێی وایە ئەگەر ھەیە گوتەی فەلسەفە لەوەی دەی نووسێت، ئایدیۆلۆژیا بێت، دەکرێ گوتەی فەلسەفیانەش ئایدیۆلۆژیا بێت. گەورەترین ترس کە دژ بە بەتاڵ کردنەوەی فەلسەفە لە ئایدیۆلۆژیا، ئەوەیە کە کردەی بەتاڵ کردنەوەکە دەبێتە مایەی بڵاو بوونەوەی فەلسەفەی نەبوونایەتی و پەشێوخوازی.
ئیدی لێرەوەیە، کە پێمان وایە پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیا، پەیوەندییەکی تێک ھەڵکێش و ئاوێتەیە، ناتوانین لە یەکیان جیا بکەینەوە یان تێیان بپەڕێنین. ئەو پەیوەندییە ئەوەندە گرنگە، کە ناکرێ پشت گوێی بخەین.
(*)ئەکادیمییەکی میسرییە، بابەتەکەش بەزمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی (ئیلاف: ایلاف)دا لە ٢٧/٣/٢٠١٦دا بڵاو بووەتەوە.
Top