ئەنترۆپۆلۆژیای ترس (٤-٤) ترس وەک رەفتارێکی کۆمەڵایەتی

ئەنترۆپۆلۆژیای ترس  (٤-٤) ترس وەک رەفتارێکی کۆمەڵایەتی

نووسه‌ر :ئەحمەدل خوتابی

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

لە ئاکامی دووبارە بوونەوەی سووڕی پەتا و برسێتی، ئیدی ترسێک لە لای خەڵک گەڵاڵە بوو، سەبارەت بە دووبارە بوونەوەی کارەسات،
لە ئاکامی دووبارە بوونەوەی سووڕی پەتا و برسێتی، ئیدی ترسێک لە لای خەڵک گەڵاڵە بوو، سەبارەت بە دووبارە بوونەوەی کارەسات، کە وابەستەیە بەم جۆرە دیاردانەی سروشتەوە، کە کاریگەریی قوولی دەروونی جێ دەھێڵن، ئەمیش خۆی لە ترسدا دەنوێنێ، لە پاڵ کاریگەریی ئابووری و جڤاکیانەیان. ھەروەھا خەڵک متمانەی بەرانبەر بە ھەر شتێکی ئاییندە لە دەست دا، بەوەی پتر ھەڵگری کارەساتن نەک شادی. ئەم ترسەش لە ئاییندە، دەکرێ لە رەفتاری رۆژانەی تاکدا بیخوێنینەوە، بەوەی ناتوانێ چێژ لە چرکەیەکی خۆشی و شادی ببینێ، کە تێیدا دەژی، بەڵکوو لە دڵەڕاوکێدا دەبێت، بەوەی ئەو خۆشییەش سەرەتای کارەساتێکە کە ھەردەم چاوەڕوانی دەبێت.

گەڕانەوە بۆ مێژووی جڤاکیانەی کۆمەڵگاکان، تا رادەیەکی زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لە رەفتار و رواڵەتەکان، بەوەی زادەی ھەلومەرجی دیاری کراون، ئەو مێژووە لە نێو یادگەی تاکەکاندا دەنیشێتەوە و دەچەسپێت، کە بە شێوەیەکی نائاگایانە دەی ھێننەوە بەرھەم، بە بێ ئەوەی ھەست بەو مەترسییەی بکەن بۆ سەر ژیانی رۆژانەی خۆیان.


ترس وەک رەفتارێکی کۆمەڵایەتی


رژێمەیلی دیکتاتۆر، بە درێژایی مێژوو کولتوورێکی تێر و پڕی ترسیان ھێناوەتە بەرھەم و دووبارە زیندوویان کردووەتەوە، ئەو کولتووری ترسەش تەژییە بە رواڵەتی کۆمەڵایەتی و کولتووری، کە لە نێو ھۆشیاریی تاک و جڤاکدا ریشەی داکوتاوە، ئەویش لە ئاکامی ئەو ئەزموونانەی لە کۆیادگەی تاکدا چەسپیون، وای لێ کردن کۆھۆشیارییەک بھێننەوە بەرھەم، کە زادەی ئەو کولتووری ترسەیە. ئەمەش بوو بە بەربەستێک لە بەردەم ئەگەری بزواندنی کۆمەڵ بە ئاراستەی رزگار بوون لەم کۆترسە (کۆفۆبیایە)، کە لە بن باریدا دەناڵێنێ، ھەستیش بەو ئەشکە ناکات، کە کۆت و بەندی دەکات و بیری سڕ دەکات.


رەنگە ئەو گوشار و سەرکوتەی رووبەڕووی تاک دەبێتەوە، ئەو بکات بە گیانەوەرێک کە لە ھەموو شتێک بترسێ، بۆ ئەوەی مانەوەی خۆی لە ژیان مسۆگەر بکات. ھەروەھا دەکرێ ببێتە کاردانەوەیەکی خۆڕسک یان رێکخراو، وەک ئەوەی لە شۆڕشەکانی عەرەبدا رووی دا، کە ئەو شۆڕشانە لە بن باری ئەو ترسەدا بەرپا بوون، کە جوولەی جڤاکەیلی عەرەبی ئیفلیج کرد بوو، وای لێ کرد بوون نەوێرن یاخی ببن، بە رادەی رووبەڕوو بوونەوە و ھەڵسانە سەر پێ و قوربانی دان، لە پێناو مسۆگەر کردنی سەربەرزی و ئازادی و دادی کۆمەڵایەتی، بەوەی کە ئەمانە بنەمای ژیانی مرۆیین لە ئاست و رەھەندی گەردوونیدا.


ئەزموون و شۆڕشەکەی توونس، نموونەیەکە بۆ ئەو رۆڵەی ھەلومەرجی ماددی و ژیان لە شکاندنی دیواری کۆترسدا دەی گێڕێت، ئەو دیوارەی تاک لە بنیدا دەناڵێنێ. راپەڕینی ئەو وڵاتە زادەی ھۆشیارییەکی سیاسی نەبوو، کە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتی و جڤاکیدا بێت. بەڵکوو کاردانەوەیەک بوو ھەمبەر بەو گوشار و ترسەی تاک لە سایەی رژێمێکی سەرکوتکەر و دیکتاتۆردا، لە ژێردا دەژیا، ئەو رژێمە تەنیا بە زەوت کردنی ئازادی بەسی لێ نەکرد بوو، بەڵکوو ئەوەی تێپەڕاند بەرەو زەوت کردنی ھەلومەرجی ژیانی سەرفرازانە. بە تەبیعەتی حاڵ، ئەمەش بەرەو رۆڵی نەبوونی و برسێتیمان دەبات، لە رووی بەرپا کردنی پەشێوی و نائارامی و گۆڕینی ترۆپکی دەسەڵات.
دەبینین، وەک ئەوەی مێژووی ناوەند و نوێ ئاماژەی پێ دەکەن، برسێتی چۆن بەشدار بوو لە رووخانی دەوڵەتان و دروست بوونی دەوڵەتانی دی. (موەحیدوون)، لە ئاکامی ئەو برسێتییەی مەغریبی گرتەوە، گەیشتنە دەسەڵات، بە ھەمان شێوە سەبارەت بە (عەلەوییەکان)، بەوەی بەردەوام بوونی برسێتی و پەتا رێی بۆ لاواز بوونی (دەوڵەتی سەعدی) کردەوە، کە ئیدی لە توانایدا نەما پێداویستەکانی ژیان دابین بکات. ئەمەش دەمانخاتە بەردەم ئەو رۆڵەی کە رەنگە فاکتەرەکانی سروشت لە گەڵاڵە بوونی ھۆشیایی تاکدا دەی بینن، کە لە بنەڕەتیشدا لە کولتووری ترسدا خۆی دەنوێنێ. ترسێک لە نادیار، بەوەی سروشت پەنھانێک بوو، دەبوو ھەمەجۆر شێوەی پەستان و لێ نزیک بوونەوەی بۆ بئافرێندرێ، بۆ تێپەڕاندنی حاڵەتی ئەو ترسان و خۆ بەدەستی (ئەو: سروشت)ـەوە دانە، ئەمەشە کە لە نێو کۆمەڵگاکانی عەرەبدا دەی بینین، بەوەی دیاردەی بڵاو بوونەوەی پیاوانی چاک و خاس، ھەیە.


لە نێو جڤاکەیلی عەرەب وا تەماشای ئازادی دەکرێت، بەوەی زادەی ترس و ناچارییە (La contrainte). ئەگەر ئەو بێ بەشییەی تاکەکان نەبووایە، کە ھەموو لایەنێکی ژیانی ماددیی ئەوانی گرتەوە (لە ئاکامی زەوت کردنی ماف و بە تاڵان بردنی دەرامەت و داھات)، ھەروەھا لایەنی واتاییانەی ئەوانیش (تەنگ پێ ھەڵچنین، سەرکوت کردن، پەراوێز کردن، دوور خستنەوە، پەردە پۆش کردن و شێواندنی راستییەکان..)، ئەمەش تاکی ناچار کرد گیان بەخت بکات، لە پێناو ئەوەی لە کۆمەڵێکدا بژی کە ئارامی و ئاسایشی تێدا بەرقەرار بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، دەوڵەتان ھەوڵیان دا، شێوەی تازە لە سانسۆری کۆمەڵایەتی بە سەر تاکدا بسەپێنن، لە رووی جوولە و ھەڵسوکەوتیدا، بەوەی خۆمان لە ئاست پێشبینییەکەی (ئۆرویل: J. Orwell)دا بینییەوە (چاودێرییەکی تەواو و سەراپاگیر لە رێی گەشە پێدانی تەکنیکی نوێ، کە بە سایەی ئەوەوە پشت بە کۆنترۆڵ کردنی جەستە و مەرخەس کردنی ببەستێت).


ترس وەک بنیاتێکی کولتووری، نایەتە بەرھەم تەنیا لە ھەلومەرجی بابەتیدا نەبێت، کە ھەست کردن بە ئارامی و ئاسایش لە بەین دەبات، ئیدی ئەو ھەلومەرجە بە ھەر شێوەیەک بێت، واش لە تاک دەکات کە پتر وابەستەی رابردووو بن، پتر لەوەی ھەوڵی تێپەڕاندنی ئەو ھەلومەرجە بدەن. ئەم پەیوەست بوونە بە رابردوو، ترس لە ناخیان قوولتر دەکات و بەھێزی دەکات، کە وا دەکات ئەستەم بێت بتوانن تێیپەڕێنن، یان لە کۆڵ خۆیانی بکەنەوە.
Top