ئەنترۆپۆلۆژیای ترس (٣-٤) ترس و کۆھەست

ئەنترۆپۆلۆژیای ترس (٣-٤) ترس و کۆھەست

نووسه‌ر :ئەحمەدل خوتابی

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

دابەش کردنی فەزا یان بواری (ژیان)، یەکێ تایبەت بە نێر، ئەوی دیکەش تایبەت بە مێ (ژن و کچ)، ئەمی دووەمیان لە بن چاودێریی نێر (پیاو)دا. ئەگەر (مێ) ھەوڵیش بدەن ئەو سنوورە تێپەڕێنن، کە بۆیان کێشراوە، بە توند و تیژیی ماددی یان ھێمایی یان بە ھەردووکیان، رووبەڕوویان دەبنەوە.
خۆ ئەگەر پێداگریش بکەن و درێژە بە داوا کردنی ئەم مافە بکەن، ئەوا رووبەڕووی ترس و تۆقاندن و ئابڵووقە و تەنگ پێ ھەڵچنین دەبنەوە (بزووتنە و رەوتەیلی ئیسلامی، نموونەیەکی بەرچاون لە رووی جیا کردنەوەی توند و زبر لە بوار و فەزایەکدا، لە رێی ناچار کردنی ئافرەت، کە لە شوێنی گشتیدا تێکەڵ بە جڤاک نەبێت، ئەگەر نا ئەوا پێی دەگوترێ بەد رەوشت و ھاندەری فیتنە و ئاشووب).
ئەو ئاکامەی لە واقیعێکی لەم جۆرە دەکەوێتەوە، بریتییە لە دروست کردنی نموونەیەکی کۆمەڵایەتی، کە بە پشتا کەوتووە، لە ھەموو کاردانەوەیەکیش دەترسێت، بە چەشنێک ئەو ترسە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی دەگوازرێتەوە، تاکیش بە گوێرەی ئەو (کولتووری ترسە) پەروەردە دەکرێت، تا ئەو سیستەم یان رەوشت یان بەھایانە، تونە نەکرێن.
ئەم سیستەمی بەھا و پێوەرەی کە داندراوە و لە نێو کۆمەڵدا چەسپێندراوە، چونکە ئەرکێکی ئایدیۆلۆژی بەجێ دەگەیەنێت، ئەویش بریتییە لە زاڵ بوونی ھۆشیارییەکی چەواشە و شێواو لە بارەی واقیعی ژیانی تاکەوە، بەوەی خزمەت بە گرووپی باڵادەستی کۆمەڵ دەکات. ئەو بەھایانەش تەنیا لە رێی دەزگای خێزانەوە بەکار دەھێندرێن و دووبارە بەرھەم دەھێندرێنەوە، بەوەی خێزان تا رادەیەکی زۆر نەریتپارێزە، تەرزە کولتووری خۆی ناگۆڕێ، تەنیا ئەو کاتە نەبێ، کە ئەو بەھایانە ببنە ھەڕەشە بۆ سەر بەردەوام بوونی خێزان. جا ئەو کاتە دەگەینە ئاستی سازش کردن تا رادەیەک وەلاوە نانی ئەو بەھایانە (بوار دان بە کچ کار بکات و درەنگیش بێتەوە ماڵێ، ئەگەر ھەر خۆی تەنیا نان پەیداکەری سەرەکیی خێزان بوو).


ئاستی دووەم، کە دەوڵەت بۆ بەرھەم ھێنانی کولتووری ترس و بەرھەم ھێنانەوەی، پشتی پێ دەبەستێت، دەزگای قوتابخانەیە. ئەو یەکێکە لە گرنگترین ئەو دەزگایانەی کە لە رێی ئەوەوە، ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت بڵاو دەکرێتەوە، ئەویش لە رێی زانیاری دان بە تاک و کار کردن لە ھۆش و گۆشی، لە رێی پرۆگرامی فێرکردنەوە، کە بە ئاراستەی گشتاندنی ھۆشیارییەکی دیاری کراوە لە نێو گرووپی فێرخوازاندا. مەبەست لەو (مێگەل) ھۆشیارییە دوور خستنەوەی پرسیارگەلێکە، کە ناڕەحەتی و نیگەرانی و پەستییان بە دوادا دێت، ئەو پرسیارانەش خراونەتە خانەی قەدەغە و تابۆوە، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ کوشتنی بەھای بیرکردنەوە و رەخنە گرتن و پرسیار کردن و دیالۆگ و مشتومڕ.


لە بەرانبەردا، قوتابخانە بە پرۆگرام و میتۆدی خوێندنەکەی، کار بۆ گشتاندنی بەھای گوێڕایەڵی و ملکەچی دەکات، ھەموو ئەگەرێکی پێگەیاندنی تاکی ئازاد لە وەھم و ترس، دوور دەخاتەوە. لەبەر ئەوەی، ئازاد کردنی تاک لەو وەھم و ترسە، ھەر زوو ئەو سیستەمە چەسپاوەی کۆمەڵایەتی بە بەھاکانییەوە، رادەماڵێ. ھەر بۆیە چاودێریی قوتابخانە دەکرێت، بەوەی کە ئامرازێکی ئایدیۆلۆژییە لە دەستی گرووپی دەسەڵاتداردا، چونکە لە رێی ئەوەوە، دووبارە ھەمان پەیوەندییەکانی باوی بەرھەم ھێنانی نێو کۆمەڵ، دەھێندرێنەوە بەرھەم، کە قۆرخ و چەوساندنەوەیان تێدایە. قوتابخانە ھۆشیارییەکی چەواشە و شێواو لە بارەی واقیعی کۆمەڵایەتییانە، بە قوتابی دەڵێتەوە. ئامانجی ئەم پرۆسەیەی (پەروەردە)ش ئەوەیە، کە تاک بکاتە کەسێکی ملکەچ و پاشکۆ و جێبەجێکەر، سەبارەت بە ھەموو بڕیارێکی کە دەدرێت، بە بێ پرسینەوە یان رەخنە گرتن. خۆ ئەگەر ھەوڵی پرسینەوە و رەخنە بدات، ئەوا رووبەڕووی چەوساندنەوە و تەنگ پێ ھەڵچنین دەبێتەوە، تەنانەت لەناو بردنیش، بۆ ئەوەی ببێتە پەند بۆ ھەر کەسێک بیەوێ رەفتارێکی ھاوشێوەی ئەو بکات. رژێمەیلی دیکتاتۆری وڵاتانی عەرەب، نموونەیەکن بۆ ئەم شتە.


ھەموو جڤاکێک دەزگای ئاسایش و ھەواڵگری و سەربازی دێنێتە بەرھەم، بۆ بەردەوام چاودێری کردنی تاکەکان، بۆ ئەوەی ھەر کاتێک ویستیان بیر لە ئەگەرێک بۆ رزگار بوون لە دەسەڵات و کۆنترۆڵی دەوڵەت بکەنەوە، ترس و تۆقاندنیان بخرێتە بەر. ئەم کۆترسە لە رێی چەندین میکانیزم و دەزگای پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییەوە، دەگوترێنەوە. ھەڵبەت سەرباری خێزان و قوتابخانە، ئەو رۆڵەشمان لە بەر چاوە، کە دەزگاکانی راگەیاندن دەی گێڕن، چونکە میدیا یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئامرازانەی کە لە دەستی دەوڵەتدان بۆ گەڵاڵە کردنی رای گشتی. ھەڵبەت (شەڕی دژە تیرۆر) نموونەیەکە بۆ دروست کردن و بەرھەم ھێنانی کولتووری ترس، کە دەوڵەتانی مەزن لە رێی میدیاوە بڵاوی دەکەنەوە، لە پێناو تۆقاندنی تاک و دەزگا و دەوڵەتان، کە رەنگە بیر لە رەخنە گرتن و بەرھەڵستی کردنی سیستەمی نیولیبرالیزم بکەنەوە، کە بەندە بە جیھانگیریی قۆرخ کردنەوە.


یاسای (بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر)، کە لە پاش ھێرشەکەی ١١ی سیپتەمبەرەوە لە زۆربەی وڵاتاندا بڕیار درا، بوو بە مایەی نانەوەی ترسێکی گشتی، کە ھەموو تاکێک ھەڕەشەی ئەوەی لە سەرە، ببێتە تۆمەتبار بە تیرۆر یان دنەدانی، ئەگەر تەنیا ویستی ھەڵوێست و کاردانەوەیەکی ھەمبەر بە سیاسەتی دەوڵەت ھەبێت، ئەویش لە پێناو ترساندنی خەڵک، کە لە بواری سیاسەت نزیک نەبنەوە. ئامانجی ئەوەش بەرھەم ھێنانی کولتووری ترس و تۆقین و گشتاندنیەتی.
ترس وەک بنیاتێکی کولتوور، زادەی ئەم ئان و ساتە نییە، بەڵکوو ئەو لە کۆھەستی زۆربەی جڤاکەکاندا، رەگ و ریشەی ھەیە. ھەر کۆمەڵ و جڤاکێک، ترس و نیگەرانیی خۆی ھەیە، ھاوکات خواست و ئاواتی خۆشی ھەیە. ئەگەر بمانەوێ بکەوینە ھەڵکۆڵین لە نێو کۆترسی جڤاکانی عەرەب، ئەوا بەشی ھەرە زۆری ئەو ترسە وابەستە بە ھەلومەرجی جڤاکی و سیاسیی ئەوانەوەیە، کە بە درێژایی مێژووی خۆیان بەو ترسە ئاشنا بوون.


لەم چوارچێوەیەدا، دەکرێ جڤاکی مەغریب (مەراکش) وەک نموونە وەربگرین، بەوەی پەشێویی سیاسی لە سەدەکانی ناوەڕاست و نوێدا، لەم وڵاتەدا وابەستە بوو بە کارەساتی سروشتیی وەک برسێتی و پەتا. دەبینین کە بە دوای یەکدا ھاتنی دەوڵەتان و دەست گرتن بە سەر دەسەڵاتدا، زۆربەی جار زادەی ئەم کارەساتانە بووە، پتر لەوەی زادەی فاکتەری دی بوو بن. نەھاتی و پەتا، بەشدار دەبن لە گۆڕینی بنیاتی مۆرفۆلۆژیانەی دانیشتووان، بە ھەمان شێوەی کە بنیاتی سیاسیانەی وڵاتەکەش دەگۆڕێ. کتێبەکانی مێژوو باسی ئەوەیان کردووە، کە چۆن برسێتی و پەتا ھۆی راستەوخۆی پەشێویی سیاسی و یاخی بوونی چەندین ھۆز بووە لە دەسەڵاتی ناوەند.


ھەر لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژە بە چەندین توێژینەوەی ئەکادیمی دەکەین، کە باسی ئەو بابەتەیان کردووە. ئەوان ھەوڵیان داوە رایەڵی نێوان رەفتار و ھەڵسوکەوتی تاک و نێوان ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، کە ئەوان زادەی ئەو ھەلومەرجەن، بدۆزنەوە. توێژەری مەغریبی (محەمەدل ئەمینل بەززاز) لە تێزەکەی (مێژووی پەتا و برسێتی لە مەغریب)دا، ئەوەی باس کردووە، کە چۆن نەھاتی و پەتا جۆرە کۆترسێکیان گەڵاڵە کردووە، کە بووە بە بنیاتێکی زەین، لە ھەست کردن بە بێ ئومێدی و رەشبینی کە تووشی تاکەکان بووەتەوە، ئنجا خۆی بەرجەستە کردووە. ئەمەش وای لێ کردوون تەرزە بیرکردنەوەیەکی نغرۆی نێو خورافە و پڕ و پووچ بەرھەم بھێنن، لە رێی جۆری لێکدانەوەی ئەو دیاردانەوە، بەوەی زادەی تووڕە بوونی خوداوەندن، ئەمەش بواری دا، کە ھەندێک رواڵەتی ئایینی، وەک تەکیە و مەرقەد و جادووگەری، پەیدا ببن.


بەر لەم توێژینەوەیەش، توێژینەوەیەکی ھاوشێوەی ئەو ھەبوو، کە تایبەت بوو بە ھەردوو سەدەی ١٦ و ١٧، بە ناونیشانی (برسێتی و پەتا لە مەغریب). ئەم توێژینەوەیە روونی دەکاتەوە، چۆن فاکتەرەکانی سروشت و کاریگەرییان، بەشدار بوون لە بەرجەستە بوونەکانی زەینیانەی جڤاکەیلی مرۆیی، وەک چۆن بنیاتی دیموگرافیانەی کۆمەڵیشیان گۆڕیوە. توێژینەوەکە بەوە گەیشت، کە کارەساتی سروشت رۆڵی کارای ھەیە لە رێڕەوی گەشە کردنی جڤاکەکاندا، کە ئەمیش لە لای خۆیەوە، لە تەرزی رەفتار و بیرکردنەوەی تاکەکاندا رەنگ دەداتەوە.


ئەم وەرچەرخانە بوو بە بنیاتێکی ھزری وابەستە بە ترس، نەمازە ئەگەر بزانین کە سووڕەکانی پەتا و برسێتی لە ھەردوو سەدەی ١٨ و ١٩دا، بۆ نموونە، بە تێکڕایی ھەر سێزدە ساڵ جارێک، برسێتی یان پەتایەک یان ھەردووکیان، ھاتوون و بەرۆکی خەڵکیان گرتووە. ئەمەش وای کرد، ترس ببێتە ھەستی زاڵ بە سەر دەروونی تاکەکانەوە، چونکە نەھاتی وا لە تاک دەکات، نەتوانێ مەرجەکانی ژیان دابین بکات، تەنانەت ناتوانێ ژیانیش درێژە پێ بدات.
Top