ترس وەک فۆبیای دەستەجەمعی ئەنترۆپۆلۆژیای ترس (٢-٤)

ترس وەک فۆبیای دەستەجەمعی  ئەنترۆپۆلۆژیای ترس (٢-٤)

نووسه‌ر :ئەحمەدل خوتابی

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

ترسان لە بۆچوونێکی دەروونی، کە خەسڵەتی ورووژانی ھەیە، گوزارشت لە ھەستێک دەکات، وەک ھەر ھەستێکی دیکەی لە چەشنی شادی، بەختەوەری، تووڕەیی و ئەڤین. ئەوەی ترس، وەک دەرھاویشتەیەکی دەروونی، لە ھەست و ورووژانەکانی دی جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ھەستێکە کەمتر پەیوەندیی بە ھەڵوێستی کۆمەڵایەتییەوە ھەیە. ئەو دەزڤڕێتەوە سەر رەوش و ھەڵوێستی وا، کە ھەڕەشە و مەترسی و تۆقین دەگرێتەوە..، ھەروەھا لە ھەمان کاتدا دەبێ ترس وەک تۆقین و حاڵەتێکی نەخۆشی، لە ترسی باو، کە وابەستەیە بە خۆپاراستن لەوەی بکەویتە نێو ترسێکەوە کە ھەڕەشە لە مرۆڤ بکات، لە یەکدی جیا بکەینەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، دەبێ لە مەرجەکانی بەرھەم ھێنانی کولتووری ترس بکۆڵینەوە، بەوەی کولتوورێکە ترس دێنێتە بەرھەم، بە ھەمەجۆر شێوەیەش دەی ھێنێتەوە بەرھەم. ئەو کولتوورەی لە نێو کۆمەڵدا باوە و ھەوڵ دەدات وا لە تاک بکات، کە ئەگەری ھەر ھەست کردنێک بە ئاسایشی لێ زەوت بکات، تاک وا پەروەردە دەکات لە سادەترین شت بترسێت. بەم شێوەیە ھەوڵ دەدات ھەلومەرجێک بھێنێتە ئاراوە، کە سانسۆری وردی بە سەر تاکەوە ھەبێت، ئەمیش تۆقین (فۆبیا)یەکی دەستەجەمعیی لێ دەکەوێتەوە، کە وا دەکات پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکی وا بێت کە بە ترس دەورە درا بێت، لە سەر ترسیش رۆنرا بێت.
کەواتە، کاتێک ترس رەھەندی بایۆلۆژیی خۆی تێپەڕ دەکات، دەبێتە بنیاتێکی دەروونیانەی تاک و دیاردەیەکی گشتیی کۆمەڵایەتی و دەستەجەمعی، لەم حاڵەتەدا دەبێتە حاڵەتێکی نەخۆشی، وا پێویست دەکات پەیدۆزی ھۆ و پاڵنەرەکانی بکەین، پاشان ئەو ئاکامانەی لێی دەکەونەوە. ترس زادەی واقیعێکی کۆمەڵایەتی و ھەلومەرجێکی جڤاکییە، کە تیرۆر تێیدا باڵادەستە، ئیدی دەبێتە رەفتارێکی رۆژانە و تەرزێکی کولتووری، تاک درک بە مەترسییەکە و توانای لێ رزگار بوونی ناکات.
لە ترسی تاکەوە بۆ فۆبیای دەستەجەمعی
ناکرێ باسی کولتووری ترس بکەین، مەگەر وەک کردارێکی کولتووری کە زادەی ھەلومەرجێکی بابەتییە، ئەمیش وابەستەیە بە سیستەمێکی دیاری کراوی کۆمەڵایەتیی سیاسی، کار بۆ دروست کردنی کەش و ھەلومەرجێک دەکات، کە بۆ گەشە کردنی ئامادەیی، بۆ قبووڵ کردنی ترس لە لای تاک، ئنجا ئاوێتە بوونی بە بنیاتی ھزر و رەفتاری. ئەو ئامانجی ئەوەیە کە ویستی تاک ئیفلیج بکات، ئنجا وەک مرۆڤێکی نەرێنی دای بڕێژێتەوە، کە بە تەون و تۆڕێکی مەکە و حەرام، دەوری گیراوە.
لە سایەی ھەبوونی ھەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی کە ترس تێیدا باڵادەستە، ئەمیش بریتییە لە ھەبوونی کەشێک کە وابەستەیە بە ملکەچی و خۆ بەدەستەوەدان، ئیدی زۆر ئاساییە رەفتاری تاکەکان رەنگدانەوەی ھۆشیاریی کۆمەڵایەتییان دەبێت، کە تێکەڵ بە ترس بووە، ھەوڵیش دەدەن ئەو رەفتارانە پاساو بدەنەوە، بە بێ ئەوەی راڤەیان بکەن، بەوەی کە رەفتارگەلێکن زادەی ھەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیی دەورە دراو بە ترسە. دەزگاکانی کۆمەڵ بە شێوازی جیاجیا کار بۆ بەرھەم ھێنانەوەی دەکەن، بەوەی ئەم ترسە رۆڵ و ئەرکی دیاری کراوی سیاسی دەگێڕێ، کار بۆ مانەوەی حاڵەتی ترس لە لای تاک دەکات، بە ئامانجی ئەوەی کۆنترۆڵی بکات، ئنجا ھەڕەشە کردن لێی، چ کاتێک ویستی رەوش و ھەلومەرجی کۆمەڵایەتیانەی خۆی، کە کردەی ترسی ھێناوەتە بەرھەم، تێپەڕێنێ.
لەم حاڵەتەدا، واتە نەبوونی ھۆشیاری سەبارەت بە چاوگ و فاکتەرەیلی ئەم جۆرە رەفتارانە، لە ئاکامی ئەو رۆڵە چەواشەکار و ئایدیۆلۆژیانەی دەزگاکانی کۆمەڵ، ھەر لە خێزان و قوتابخانە و کڵیسە و مزگەوت و دەزگاکانی میدیاوە دەیگێڕن.. جا رەوشەکە گەلێ ئاڵۆزتر دەبێت، بەوەی زەحمەت دەبێ تاک لەو حاڵەتە جڤاکییەی تێیدا دەژیت، رزگار بکرێت، چونکە ھەمیشە ھەوڵ دەدەن پاساو بۆ واقیعی ئەو ترسە بھێننەوە، کە لە لایەن کەرەستەی ئایدیۆلۆژییەوە بە سەریدا دەسەپێندرێ، کاتێک دەڵێن ھەر بیر کردنەوەیەک سەبارەت بە تێپەڕاندنی رەوش و لێ ھەڵگەڕانەوەی، کارەساتی ئەوتۆی لێ دەکەوێتەوە، کە ھەڕەشە لە بوون و ژیانیان دەکات. ئاسایش و ئارامی و ژیانیان دەخرێتە بەر ئەگەر پەشێوییەکی بێ ئامانەوە. ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێش: کولتووری ترس چۆن گەڵاڵە دەبێت؟ ئایا رێیەک ھەیە بۆ تێپەڕاندنی؟
دەزگاکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە بەرھەم ھێنان و دووبارە بەرھەم ھێنانەوەی ترس، لە نێو کۆمەڵدا رۆڵێکی دیاری کراو دەگێڕن. خێزان، بە حوکمی بنیاتەکەی، بەوەی بە پێی نموونەی باوکسالاری (پاتریارکی) دامەزراوە، کە کولتووری نێرایەتی باڵادەست دەکات، بەوەی پەرژین و سنووری نێوان دنیای گەوران و دنیای بچووکان، نێوان دنیای نێر و دنیای مێ، زۆر بەھێزە.
دنیای منداڵان (بچووکان) بە ریزە بیرۆکە و بۆچوون و وێنای ھەڵە، لە خورافە و ئەفسانە و چیرۆکی خەیاڵی، دەورە دراوە. ئەمانە وەک راستی لە زەینی ئەوان دەچەسپێ، کە ئیدی توانا و بڕستی رەخنە و بیر کردنەوەیان لێ دەبڕێ، دنیای (مێ)ش بە شوورەیەکی قایمی نەکەی و حەرام پەرژین کراوە، ئیدی توانای جمین و جوولەیان لێ دەبڕێ، ترس پەی بە دەروون و ھەست و نەستیان دەبات.
Top