ئایین و لێبوردەیی، ژان ژاک رۆسۆ-(١٣- کۆتایی)

ئایین و لێبوردەیی، ژان ژاک رۆسۆ-(١٣- کۆتایی)

نووسه‌ر :زوقان قەرقووت (کردوویە بە عەرەبی

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

بۆ ئەوەی کۆمەڵ ئارام بێت و گونجان و سازانی تێدا بەرقەرار بێت، ئەوا دەبێ ھەموو ھاووڵاتیان تێکڕا کریستیانی باش بن. ھەڵبەت ئەگەر
بۆ ئەوەی کۆمەڵ ئارام بێت و گونجان و سازانی تێدا بەرقەرار بێت، ئەوا دەبێ ھەموو ھاووڵاتیان تێکڕا کریستیانی باش بن. ھەڵبەت ئەگەر لە بەدبەختی، کەسێکی تەماحکار، یەک فێڵبازی وەک (ئەتیلینا) یان (کرامویل) بۆ نموونە ھەبێت، ئەوا پیاوێکی لەم جۆرە، بێ گومان لە نێو ھاووڵاتیانی لە خوا ترسی خۆیدا، بازاڕێکی بە ھەڕمێنی دەبێت. نیاز پاکیی کریستیان، بە ئاسان بوار بە بەدنیەتی دەرھەق بە دراوسێ نادات. ھەر کە یەکێک بە فرت و فێڵ رێی خۆ سەپاندن دەدۆزێتەوە، دەست بە سەر سووکە دەسەڵاتێکی گشتیدا دەگرێت، ئیدی دەبێتە پیاوێکی رێزدار، (لە روانگەی کریستیانەوە) ئەوا خودا دەیەوێ رێزی لێ بگیرێت. خۆ ئەگەر متمانە پێ دراو بەدخوویی کرد، ئیدی ئەو دەبێتە ئەو گۆپاڵەی کە خوداوەند رۆڵەکانی خۆی پێ سزا دەدات.
کەسی کریستیان ویژدانی بە دەرکردنی داگیرکەر و ستەمکاران، بە تەواوی ئاسوودە نابێت، ئیدی ھەر دەبێ ئاسوودەیی گشتی نیگەران بکرێت و توند و تیژی بەکار بێت، ھەروەھا خوێن بڕژێ. ھەموو ئەمانە لەگەڵ بەستەزمانیی کریستیان ناگونجێ. بە ھەر حاڵ چی تێدایە ئەگەر مرۆڤ ئازاد بێت یان بەندەیەک بێت لە دۆڵی کڵۆڵیدا؟ شتی جەوھەری، چوونە بەھەشتە، خۆ بە دەستەوەدانیش ھۆکارێکی دیکەیە لەو پێناوەدا.
ئەگەر شەڕێکی دەرەکیش قەوما، ئەوا ھاووڵاتیان بێ گرفت روو لە مەیدانی شەڕ دەکەن، ھیچ کامیان بیر لە ھەڵاتن ناکاتەوە. ئەوان ئەرکی خۆیان رادەپەڕێنن، بەڵام بە بێ ئەوەی سەرگەرمی سەرکەوتن بن. ئەوان دەزانن چۆن بمرن، پتر لەوەی بزانن چۆن سەردەکەون. کەی گرنگە کە ئاخۆ ئەوان سەرکەوتوون یان بەزیون؟ ئایا میھری خوداوەند پتر لەوان، ئەوەی پێویستە نایزانێ؟ دەبا بزانین ئاخۆ دوژمنێک کە شانازی بە خۆیەوە دەکات، سەرشێت و سەرگەرمیشە، چ سوودێک لەم داڵانیزمەی (داڵانیزم رەوتێکی فەلسەفەی گریکە، پەیڕەوکەرانی چێژ لە ئازار و ناڕەحەتی دەبینین- وەرگێڕ) ئەوان دەبینێ؟ دەبا بەرانبەر بەوان، ئەو گەلە نەبەردانە دابنێین، کە گیانفیدای شکۆ و نیشتیمانن.
با ئەوە بھێنینە بەر زەین و خەیاڵی خۆمان، کاتێک ئەم کۆمارە کریستیانە رووبەڕووی سپارتە یان رۆما دەبێتەوە، ئەوا کریستیانی خواناس دەبەزن و دەھاڕدرێن و تەفر و توونا دەبن، بەر لەوەی فریای یەکتر ناسین بکەون، لە باری سەرکەوتنی ئەوانیشدا، ئەوا پیاوەتییەکە، بۆ فشە پێ کردنی دوژمنەکەیان دەگەڕێتەوە. بە بڕوای من، ئەوە پەندێکی جوان بوو کە سەربازانی فابیۆس پێشکەشیان کرد، ئەوان سوێندی مەرگ و ژیانیان نەخواردووە، بەڵکوو سوێندیان خوارد کە سەرکەوتوو بگەڕێنەوە، سوێندی خۆشیان بردە سەر. کریستیانەکان ھەرگیز ناتوانن شتێکی لەم جۆرە بکەن، ئەوان پێیان وا بوو، کە خودا تاقییان دەکاتەوە.
ھەڵبەت سەھووم کە دەڵێم، کۆماری کریستیان، ھەر پەیڤێک لەم دوو پەیڤە ئەوی دیکەیان رەت دەکاتەوە. کریستیانەتی تەنیا بانگ بۆ کۆیلایەتی و ملکەچی دەکات. رۆحی (ئەم ئایینە) تا ئەو پەڕەکەی بۆ ملھوڕی و دیکتاتۆریەت گونجاوە، ھەرچەندە ھەمیشە نایخاتە گەڕ، بەڵام کریستیانی راستەقینە وا راھاتوون کۆیلە بن، ئەوان درک بەم شتەش دەکەن، بەڵام بە دەگمەن پێی نیگەران دەبن. ئەم ژیانە کورتە، لە روانگەی ئەوانەوە کەم بەھایە.
لە سەردەمی ئیمپراتۆرانی خوانەناسدا، سەربازانی کریستیان ئازا بوون، پێم وایە ھەموو نووسەرانی کریستیان ئەوە دووپات دەکەنەوە، ئەوەیان پێشبڕکێ بووە لە سەری شەرەف و دلێری ھەمبەر بە سوپای خوانەناسان. ھەڵبەت لەو کاتەوە کە ئیمپراتۆرەکان دەبنە کریستیان، ئیدی ئەو پێشبڕکێیە خامۆش دەبێت. کاتێک خاچ ھەڵۆی دەرکرد، ئیدی ھەموو قارەمانیەتیی رۆم ون بوو.
بەڵام با بگەڕێینەوە سەر راستەڕ و خواستی سیاسی وەلاوە بنێین، ئا لەم خاڵە گرنگەشەوە بنەماکان دیاری بکەین. ئەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی پێشکەش بە خاوەن سەروەریی دەکات، لە رووی دەسەڵاتی بە سەر رەعیەوە، وەک پێشتر گوتم، ھەرگیز سنووری سوودی گشتی تێپەڕ ناکات. رەعیە لە سەری نییە لە بارەی رای خۆی روون کردنەوە بە خاوەن سەروەری بدات، تەنیا بە ئەندازەی ئەوە نەبێت، کە ئەو رایەی ئەوان بە جڤاکەوە پەیوەست بێت.
ئیدی بۆیە بە لای دەوڵەتەوە گرنگە، کە ھەموو ھاووڵاتییەک لە سەر ئایینێک بێت، کە ئەرکی خۆی لە لا خۆشەویست بکات، ھەڵبەت بیر و باوەڕی ئەو ئایینەش، نە بە لای دەوڵەت و نە بە لای بەرپرسانییەوە گرنگ نییە، تەنیا بەو ئەندازەیە نەبێت، کە پەیوەندیی بە رەوشت و ئەرکی سەر شانی پەیڕەوکەرانی ئەو ئایینە ھەمبەر بە ئەوانی دیکەوە نەبێت. سەرباری ئەوە، ھەر کەسێک دەتوانێ پەیڕەوی ئەو رایە بکات کە لێی خۆش دێت، بە بێ ئەوەی خاوەن شکۆ و خاوەن سەروەری مافی ئەوەی ھەبێت کە بیزانێت. لەبەر ئەوەی لەو دنیا (لە ئاخیرەت) ھیچ پسپۆرییەکی نییە، ئیدی چارەنووسی رەعیە لە ژیانی داھاتوو ھەر چییەک بێت، ئەوەیان ئەو ھەقی بە سەرییەوە نییە، بە مەرجێک لەم دنیایەدا ھاووڵاتیی باش بن.
دەبێ باوەڕی مەدەنی ورد بێت، ھەروەھا سادە و بە ژمارە کەم و دیاری کراو بێت، بە بێ راڤە و لێکدانەوەش بێت. باوەڕ ھێنان بە ھەبوونی خودایەکی توانا، زیرەک، بەخشندە، مشوورگێڕ، ھەروەھا بە ژیانێکی دی، بە بەختەوەریی چاکان و سزادانی خراپەکاران و بە پیرۆزیی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و بە یاسا، ئەمانە ھەموو باوەڕی ئەرێنین. سەبارەت بە باوەڕی نەرێنی، ئەوا من لە یەک دانەدا چڕی دەکەمەوە، ئەویش نالێبوردەیی، ئەویش دەچێتە ریزی ئەو سرووتانەی کە دوورمان خستوونەتەوە.
ئێستا، ئیدی تەنیا ئایینێکی نەتەوەیی نەما و ناکرێ مابێت، کەواتە دەبێ ھەمبەر بە ھەموو ئایینەکان لێبوردە بین، کە ئەوانیش لەگەڵ ھی دیکەدا لێبوردەن، بە ئەندازەی ئەوەی باوەڕی ئەوان شتێکی دژ بە ئەرکی ھاووڵاتی نەگرێتە خۆ. ھەڵبەت ھەر کەسێک زاتی ئەوە بکات بڵێت: لە دەرەوەی کڵیسەدا ئاشتی و ئارامی نییە، دەبێ لە دەوڵەت دەربکرێت، ئەوا ئەگەر بە لای کەمەوە، دەوڵەت بۆ خۆی کڵیسە نەبوو، میریش نەبووبوو بە پاپا. باوەڕێکی لەم جۆرە باش نییە، تەنیا لە نێو حکوومەتێکی ئایینیدا نەبێت، بەڵام لە ھەر سیستەم و حوکمڕانییەکی دی، ئەوا زیان بەخش دەبێت.
Top