بوونی ماددییانەی زەمان و گرفتەکەی (١-٢)

بوونی ماددییانەی زەمان و گرفتەکەی (١-٢)

نووسه‌ر :جەواد بشارە

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

رۆژێ لە رۆژان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئینشتاین گوتی: زەمان تەنیا وەھمێکە و ھەستەکانی ئێمە پێی راھاتووە. زۆر زانای دیکەش کەوتنە دووی ئەو، وێڕای ئەوەی کە ئەم تێزەیان ھەرس نەکرد، چەمکێکی سادەی زەمانیان قبووڵ کرد، کە لەوەش زیاتر نییە کە دەڵێن: تیرێکە یان ئاراستەیەکە لە رابردووەوە بەرەو ئاییندە، بە تێپەڕ بوونی بە ئێستادا. سەرەنجام ئەو (واتە زەمان) تەنیا وەھمێکە، کە بەرەنجامی وەرسووڕان و ئاڵوگۆڕ و جوولەیە، دنیاشی تەنیوەتەوە. ئەو وێنەیەکی دیکەی ناباوی شوێنە، زەمانی رەھا بەو جۆرەی لە لای خەڵک بڵاو بووەتەوە، ھەر نییە.
دوای تێپەڕ بوونی یەک سەدە، زانایەکی ئەمریکی دێت (لی سمۆلن) و دەڵێ: زەمان ھەیە و وەھم نییە. (لی سمۆلن) خاوەنی تیۆریی (چەندە قورسایی) یان (کوانتیزم)ـە، بە دوایین کتێبی خۆی (لەدایک بوونەوەی زەمان) لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣دا ، ناوەندی زانستیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا راچڵەکاند، چونکە ئەم بەراوردە نوێیەی زەمان وا دەکات، فیزیا لە چەق بەستن رزگاری بێت، ئەو چەق بەستنەی بەم دواییە تێی کەوت، ھەروەھا رێش خۆش بکات بۆ گەڵاڵە کردنی تیۆریی (چەندە قورسایی) یان (کوانتیزم)، کە بە گوتەی سمۆلن بریتییە لە ھەنگاوی یەکەم بۆ گەیشتن بە تیۆریی سەراپاگیر و یەکانگیر و یەکگرتووی تێکڕای تیۆرییەکانی فیزیا.
زەمان، ئێستا و جارانیش، ھەر لەگەڵ ئەوەی لە سەر دەستی (ئینشتاین)دا تاج و تەختی رووخێندرا، بوو بە گرفتی فیزیاناسان، تا ئەو کاتەی لە لایەن (لی سمۆلن)ـەوە تاجی نرایەوە سەر. ئیدی فیزیا لە بەکار ھێنانی بڕ و بەھاگەلی بیرکارانەی خۆی بەردەوام بوو، وێڕای ئەوەی نەیتوانی ماھیەتی خۆی بە وردی و زانستیانە و لێبڕاوانە دیاری بکات. زەمان ھەیە، دەشتوانێ مێژووی رووداوان دیاری بکات، ھەروەھا ماوە و کاتیش دیاری بکات. دیسان ھەقیقەتی ئەوەی دوو رووداو لە یەک کاتدا دەقەومن، واتە جۆرێک لە بەدوای یەکدا ھاتن یان ریزبەندییەک بۆ رووداوەکانی مێژوو دادەنێت، ئەوانەی لە تەمەنی (بوونی گەردوون)دا روو دەدەن. خاڵی ھەرە گرنگ لەم تێزە نوێیەدا ئەوەیە، خودی زەمان رێمان لێ دەگرێت بەرەو رابردوو یان ئاییندە گەشت بکەین، ئەمەش رێ لە ھەر تاکە کەسێک دەگرێت، ئەگەر بۆی رەخسا بەرەو رابردوو بگەڕێتەوە. کێ باپیری خۆی کوشتووە و رێی لە لەدایک بوونی دایکی گرتووە؟ سەرەنجام رێی لە لەدایک بوونی خۆی گرتووە؟ کەچی ئەو، بۆ خۆی و وەک کە دەیبینین ھەیە، چونکە ئەو بۆ خۆی کاری کوشتنی باپیری دەگرێتە ئەستۆ، ئەمەش سەمەرەیەکە بۆ خۆی!
کەچی تیۆریی رێژەیی، چ نا لە رووی تیۆرییەوە، رێ لەوە ناگرێت گەشتی نێو زەمان بکەیت و بەرەو رابردوو بگەڕێیتەوە یان بەرەو ئاییندە بچیت. زەمان بە پێی ئەو چەمکە نوێیە پرەنسیپی ھۆکارەتی دەپارێزێت، کە لە پێشدا ھاتنی ھۆ بەر لە ئەنجام، ھەروەھا لە پێشدا ھاتنی ھۆ بەر لە بەرھۆ دەکاتە کارێکی حەتمی. ئەوەش ھەمان ئەو چەمکەیە کە ئیسحاق نیووتن باوەڕی پێ کرد و گوتی: "زەمان بەردەوامییەکە، بە شێوەیەکی رێک ئەنداز و رەھا لە رابردووەوە بەرەو ئاییندە دەڕوات، ھەر خۆشی لە ھەر شوێنێکی گەردووندا ھەیە. ھەرچی زەمانی ھەستەکی یان حەدەسییە، ئەو زەمانەیە کە ئێمە ھەموومان لە نێوانی خۆماندا تێیدا ھاوبەشین و لەگەڵ ژیانی رۆژانەی ئێمەشدا دەگونجێت."
لە روانگەی (گالیلۆ)وە بۆ نموونە، زەمان پەیوەندییەکە لە نێوانی دوو شتدا، نەک ئەوەی شتێک بێت کە سەربەخۆ ھەبێت، ئەمەش واتە شوێن و کات (زەمان) لە نێو یەکدان، نەک ئەوەی دوو جەوھەری لە یەکدی جودا بن.
(ئالیکسی دو سان ئۆرس)ی زانا لە تاقیگەی زانستەکانی فەلسەفە و مێژوو لە زانکۆی پاریس دیدرۆ، دژ بەو بۆچوونەیە، کە ئاستی خوار ئەتۆمی لە فیزیای گەردیلەی رەچاو کردووە، بەوەی دەڵێ: لە راستیدا زەمان و شوێن دوو ماھیەت یان دوو جەوھەری لە یەک جودان، ئەوان وەک سەکۆ یان مەیدانی زۆرانبازی یان ناوەرۆک وان، یان وردتر بڵێین: ئەوان دەفری بێ لێوارن، شتان لە نێویاندا جێی خۆیان دەگرن، رووداوەکانیش تێیاندا بە دوای یەکدا دێن. ئەو تەنە ماددییەی لە نێویدایە، ھیچ شتێک لە سیفەت و خەسڵەتەکانی شوێن و زەمان ناگۆڕێت، وەک چۆن کاتێک کەل و پەلی نێو ژوورێک دەگوازینەوە، ھیچ شتێک لە قەبارەی ژوورەکە یان گۆشەکانی ناگۆڕێت، دواجار ئەگەر زەمان و شوێن لە نێو یەکدا بوونایە، ئەوا ھیچ ناوەرۆکێک نەدەبوو، بەڵکوو تەنیا شتان و تەنی ماددی دەبوون. وەھمی زەمان و شوێنیش کە پێمان دراوە، زادەی ئەو پەیوەندییەی نێوانی ئەو شتانە یان ئەو تەنە ماددییانەیە.
ئیدی بەم جۆرە، ئەگەر ئێمە یان یەکێکی دی، مێزێکمان لە دووریی دوو مەتری سۆباکەوە گواستەوە، ئەوا فەزای نێوانیان بە جێگیری نامێنێتەوە، بە ھۆی ئەوەی ناوەرۆکێک یان گریمانە دەفرێک نییە، خۆ ئەگەر کەل و پەلەکە ببەینە دەرێ، ئەوا چ شتێک نامێنێت، نە شوێن و نە زەمان، چونکە بە بێ رووداو و پەیوەندیی نێوانی شتان، واتە بێ جوولە، زەمان ون دەبێ، چونکە ناتوانین بەروار بۆ رووداوێک دابنێین، تەنیا مەگەر بە بەراورد کردنی (ئەو رووداوە) بە یەکی دی، یان لە رێی پەیوەندیی ئەو بە رووداوێکی دیکەوە. ئەمە بوو کە ئینشتاین لە وەسفەکەی بۆ زەمان لە تیۆریی گشتیی رێژەییدا، پوختەکەی بە دەستەوە دا. دابەش کردنی قەبارەکان بێ پسانەوە شوێنکات (شوێن و کات) دەگۆڕێت. زەمان و شوێن راست نین تەنیا لۆکاڵانە یان لە خۆجێدا نەبێت، ئەویش بە پێی شوێنی شتان و پەیوەندیی نێوان ئەو جوولەیەی دەیکەن. ھەڵبەت ھەموو شتێک لە گەردووندا دەجوولێت، ئەو تازە کردنەوە شۆڕشگێڕییەی ئینشتاین پێشکەشی کرد، ون بوونی زەمانە. ھەڵبەت بەردەوام بوونی ھەست کردنمان بە وەھمی زمان لە ئاکامی نەزانینمانە بە وردەکاریی جیھان و درک کردن بە رازەکانی، وەک ئینشتاین و زانایانی پاش ئەو دەڵێن.
(لی سمۆلن) لەم سەلمێندراوەی کە یەک سەدە زەمان بەردەوام بوو، یاخی دەبێت، چونکە ئەو دەیەوێ فیزیا لەو تەڵەزگەیەی تێی کەوتووە دەربکات، چونکە ئەو باوەڕی وایە رێژەییەکەی ئینشتاین ئاستی خوارووی گەردیلەی رەچاو نەکردووە، کە بە وردیی فیزیای کوانتی ناسراوە. خۆ ئەگەر زانایان لە دەیان ساڵی داھاتوودا ئارەزوویان کرد تیۆرییەک لەبارەی (قورسە کوانتی)یەوە دابڕێژن، ئەوا ھەر دەبێ ئەو بەربەستە تیۆرییانەی ئینشتاین تێک بشکێنن، بە ئامانجی ئەوەی رێژەیی گشتی و فیزیای کوانتی پێکەوە کۆ بکەنەوە و بیانکەن بە یەک. جا بۆیە (لی سمۆلن) پێی وایە سەرکەوتن لە گەیشتن بەو تیۆرییە فیزیاییە نوێیە پێویستی بە گەڕانەوەی زەمانە، نەمازە لە بواری گەردووناسی (کۆزمۆلۆژیا)دا، کە لە زانستەکانی دیکەی فیزیای جیا دەکاتەوە، چونکە یەکێک لە سیماکانی گەردوونناسی ئەوەیە، گەردوون بە سەراپاگیرانە و ھەمەکی خۆیەوە پەسن بدرێت، کەچی ئێمە فیزیایەکی بە سەردا پیادە دەکەین، کە بۆ تەنیا بەشێکی فەزا دەست دەدات، بایەخیش بە بەشێکی دیاری کراوی شوێنکاتیش دەدەین، کە تێیدا سروشت لە کۆمەڵە گەردیلەیەک پێک دێت، کە خاوەن خەسڵەتی جودا لە زەمانن.
ئەمەش لە فیزیای باوی ئەمڕۆدا ئێمەی بەرەو رێیەکی بێدەر برد، خۆ ھەر دەبێ دووبارە زەمان لەدایک ببێتەوە، چونکە یاساکانی فیزیا ھەر لەو رۆژەوە کە گەردوونی تێدا لەدایک بووە تا دەگاتە ئەمڕۆ، نەیانتوانی بە جێگیر و نەگۆڕ بمێننەوە. ئیدی بەم جۆرە (لی سمۆلن) لەگەڵ ئەوەدا کۆکە، کە گەورە زانایانێک لە ساڵانی بەرایی سەدەی بیستەمدا پێی گەیشتن، ئەو زانایانەش لە نموونەی (پاول دیراک) و (نیلس بور) لەگەڵ ئینشتایندا ناکۆک بوون، بەڵام ھەندێک لە زانایان ھاوچەرخ ھەن کە دوودڵن و گومان لە راستیی ئەو تێزە و شیانی دەکەن، دەشپرسن: چ زەمانێک ھەڵبژێرین؟ ئایا ئەوەی کە بە نزیکی خۆردا تێپەڕ دەبێت، یان ئەوەی بە تەک کونە رەشێکدا تێپەڕ دەبێت؟
بە گوتەی ئینشتاین، لە رووی زانستییەوە، زەمان ھەر چەندی لە کونی رەش نزیک ببێتەوە، دەکشێ و کورژ دەبێت و سست دەبێت، یان ھەر چەندی ئەو شتەی بەوەوە گرێ دراوە خێراتر بوو، بەوەی کاتێک خێرایی شتەکە دەگاتە رادەی خێرایی رووناکی، خێرایی ئەو شتە دەگاتە سفر (پەیوەندییەکی پێچەوانەیان لە نێواندایە). جا بۆیە زەحمەتە واز لە خەسڵەتی رێژەییانە و خۆجێییانەی زمان بھێندرێت و دووبارە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە، وەک ئەوەی ئینشتاین دیاریی کردووە و فیزیای ھاوچەرخی لە سەر رۆنراوە.
گریک (یۆنانیانی دێرین) پێیان وا بوو، واشیان لێ دەڕوانی کە زەمانێکی بێ کۆتایی یەک رەھەند ھەیە، کە جودایە لە ھەر رواڵەتێک کە بتوانێ پێوانەی بکات. واتە بە لای ئەوانەوە زەمانێک نییە بەرەو دوا بگەڕێتەوە، ئەوەی پێی دەگوترێت زڤڕینی زەمان، زەمانێکی تەریب نییە. ئەوپەڕی وەسفێک کە پێشکەشیان کرد ئەوەیە، کە زەمان خاوەن بنیاتێکی بیرکارانەیە وەک مەودا سەبارەت بە شوێن. مەبەستیش لەو بنیاتە ماوەی زەمانە یان مەودا.
ئەم تێزە تا سەدان ساڵ و تا سەرەتای سەدەی بیستەم باڵادەست بوو. لە ساڵی ١٩٢٢دا ئینشتاین بە سەردان ھاتە پاریس و چاوی بە میری ئەوسای فەیلەسووفان کە (ھینری برگسۆن)ـە کەوت، کە ئەو لە بارەی تێپەڕ بوون و شەپۆل دانی زەمانەوە سەرقاڵ بوو، واتە زەمان وەک دەرھاویشتەیەکی کاتیی ھۆش، ئەمەش شێوازە رازاوەکەی تێگەیشتنی گشتیی زەمانە بەوەی کە ماوەیە. پاش ئەو گفتوگۆیانەی نێوان زانا و فەیلەسووفەکە، ھەر یەکەیان بە ھەڵوێستی خۆیەوە پەیوەست بوو، زەمانیش لە نێوانی ھەردووکیاندا بە زیندانی مایەوە، لە نێوان زەمانی فەلەسەفی و زەمانی زانستیدا. زەمان وەک ئەوەی فەیلەسووف درکی پێ دەکات، زەمانیش وەک ئەوەی زانایەکی فیزیا درکی پێ دەکات. ھەڵبەت رۆژنامەگەری لەوەی لە نێوانیان رووی دا لە ھیچ شتێک حاڵی نەبوو، تەنیا رستەیەکی شێواوی لەو دیالۆگەی نێوانی ھەردوو پیاوەکە ھێنا و لە سەر زمانی ئینشتاین گێڕایەوە، رستەکەش ئەمەیە: "زەمان نییە". لە کاتێکدا ئەوەی ئینشتاین بە دروستی گوتی ئەوەیە: "سەبارەت بە ئێمەی لە ناخەوە فیزیاناسین، ئەوا دابڕین و لە یەکدی جیا کردنەوەی رابردوو و ئێستا و داھاتوو تەنیا بەھایەکی وەھمیانەی ھەیە، ئیدی ھەرچەندی دابڕینەکە توندیش بێت."
زەمان نە سەرەتا و نە کۆتایی و نە جوولەی ھەیە. ئەو نە کەسێکە و نە کەینوونەی ھەیە. ئێمە نایبینین، بەڵکوو کاریگەرییەکانی دەبینین. ئەو نە رەھەندە و نە دەرھاویشتەی ھەیە. ئەگەر رەھەند بووایە، ئەوا بە شێوەیەکی نەریتی دەکرا پێوانە بکرێت، ئەویش بە پەیوەندیی خۆی بە دیاردەکانەوە، وەک دیاردەی جوولەی ھەسارەکان کە زادەی کاریگەرییەکانی زەمانە، یان راستتر شوێنکاتە، بەڵام خودی زەمان ناچێتە بەر باری ھیچ بەراوردێکەوە یان ھیچ دەستاودەستێک کە لە ھەر جۆرێک بێت.
(ماویەتی...)
Top