گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو

گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

ڕەنگە ئەوە کارێکی ئاسایی بێت، یادی سەدساڵەی لەدایکبوونی یان کۆچی دواییی نووسەرێک بکرێتەوە، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە، یادی سەدساڵەی بڵاوبوونەوەی کتێبێک بکرێتەوە، ئاخر کتێبی وەها گرنگ کە شۆڕشیان لە بواری نووسیندا هەڵگیرساندبێت و شیاوی ئەوەبن، دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەیاندا لەسەر ئاستی دونیا یادیان بکرێتەوە، دەگمەنن. (گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو)ی مارسێل پروست (١٨٧١ _ ١٩٢٢) یەکێکە لەو کتێبە دەگمەنانەی لە کۆتایی ١٩١٣دا، بەرگی یەکەمی بڵاو کرایەوە و لە کۆتایی ٢٠١٣دا یادی سەدساڵەی بڵاوبوونەوەی بەرز ڕاگیرا.

مارسێل پروست کە لە ڕوانگەی( گراهام گرین)ەوە، ڕۆماننووسی هەرەگەورەی سەدەی بیستەمە، لە ١٩٠٩دا دەستی بە نووسینی گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو کرد و بە چوار ساڵ، لە نووسینی بەرگی یەکەمی بووەوە. ڕۆمانی گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو، کە بە حەوت بەرگ لە نێوان ساڵانی ١٩١٣ و ١٩٢٧دا بڵاو دەکرێتەوە، کە یەکێکە لە شانازییەکانی گەلی فەرەنسا، بریتییە لە زیاتر لە چوار هەزار ڕووپەل، زیاتر لە میلیۆن و نیوێک وشە و سەدان کارەکتەر. ئەوە چییە وای کردووە، ئەو ڕۆمانە قەبە و ئاڵۆزە، هێندە بەناوبانگ بێت؟ وەڵام تەنیا لای شێوازی نووسینی مارسێل پروستە. جێی داخە، مەرگ مەودای (پروست)ی نەدا، دوا سێ بەرگی ڕۆمانەکەی (پاکنووس) بکات، (ڕۆبێرت)ی برای ئەو کارەی کرد.


کە بەرگی دووەمی گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو بڵاو دەبێتەوە، مارسێل پروست، خەڵاتی ئەدەبیی (گۆنکور)ی لەسەر وەردەگرێت، خەڵاتێک کە پێشتر ئەلفۆنس دی شاتوبریان وەری گرتبوو، دواتریش ئەندریە ماڵرۆ و سیمون دی بۆڤوار وەریانگرت. ئیلیاس بدێوی پێنج بەرگی یەکەمی گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو، بۆ عەرەبی وەردەگێڕێت، کە ئەو کۆچی دوایی دەکات، (جەمال شحەییەد) دوو بەرگەکەی دیکەی بۆ هەمان زمان تەرجەمە دەکات. دوو دوا بەرگی گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو، لە ١٩٧٨ و ١٩٨٢دا بە سوێدی بڵاو دەبنەوە.

لە ڕاستی لام نەداوە ئەگەر بڵێم، هیچ ڕۆمانێک هێندەی گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو، بایەخی بە زەمەن نەداوە، ڕستەی یەکەمی بەرگی یەکەمی ڕۆمانەکە، بە وشەی زەمەن دەست پێ دەکات، دوا ڕستەی بەرگی حەوتەمیشی بە وشەی زەمەن کۆتایی دێت. بە درێژایی ڕۆمانە حەوت بەرگییەکە، ١٦٣٧ جار وشەی زەمەن هاتووە، بەڵام هەمیشە زەمەنێک کە مامەڵە لەگەڵ ئینساندا دەکات، نەک زەمەنێکی میکانیکی، نەک زەمەنی چرکەی سەعات. لە ڕوانگەی پروستەوە، (زەمەن سەروەری ئینسان و گەردوونیشە.) پروست کە پێشەنگی نووسینی ڕۆمانی نوێیە، ڕستەی ئالۆز و درێژی وای هەیە، نزیکەی ڕووپەلێک دەبێت و خوێنەر هەناسەی سوار دەبێت هەتا دەگاتە کردارەکەی. ئەو وشە و دەربڕینانەی زۆرترین جار بەکاری هێناون، بریتین لە: (ڕۆژ، ژن، پێم وایە، دەمەوێ، ژیان، زەمەن، چرکەسات، ئینسان، هاوڕێ، خۆشەویستی و دایک.)


مارسێل پروست با بە فلوبێر و دیکنزیش سەرسام بووبێت، بەڵام گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو، بە شێوازێکی ترادیشیۆناڵ نەنووسراوە، بە شێوازێک نووسراوە، پێش وی تاقی نەکراوەتەوە، شێوازێک بە وشەی ئاسان، ڕستەی گران بەرهەم دەهێنێت، شێوازێک پشتی بە ڕستەی درێژخایەنی ئاڵۆز و وردەکاریی چڕ قایمە، بە جۆرێک خوێندنەوەی کارێکی گرانە و لە توانای هەموو خوێنەرێکدا نییە، بەڵام هێجگار هێندەی (ئولیسێس)ی جیمس جۆیس سەخت نییە. پروست بەو ڕۆمانەی، دیواری ئەو گوتەیەی: (جوانی زادەی بە ئاسانی نووسینە،) لە بناغەوە هەڵتەکاند. شێوازی گێڕانەوە لای پروست هەر زەخرەفە نییە و هیچی تر، بەڵکوو وێنەگرتنی دونیایەکی جیاوازە، لە گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە و قایلکردنی خوێنەرە بەوەی، ژیان بێجگە لە بیرەوەری هیچی دیکە نییە. وەک چۆن ماسی لە دەست دەخزێت، پروست ئاوا هەستی بە خزان و لەدەستدانی زەمەن کردووە، بۆیە هاتووە لەڕێی گێڕانەوەوە، چرکەساتە هەڵاتووەکانی ڕاو کردووە، لێ نەگەڕاوە ئێستا بەرەو داهاتوو مل بنێت، بەڵکوو ڕابردووی وەک حاڵی حازر پیشان داوە.

زۆربەی کارەکتەرەکانی ڕۆمانی گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو، کەسانی ڕاستەقینەن، کەسانێکن ئەرستۆکرات و سەر بە چینی ناوەند، لەوانەی پروست خۆی ناسیونی و لەگەڵیاندا ژیاوە. هەندێک لە کارەکتەرەکانی پروست، وەک نموونەیان لێ هاتووە، لەوانە: مادام ڤێردورین کە ئافرەتێکی بۆرژووای درۆزنی دووڕووە و خەو بەوەوە دەبینێت بگاتە ئاستی ژنێکی ئەرستۆکرات، یان شارڵ کە پیاوێکی ئەرستۆکراتی کەپووبڵند و تەمومژاوییە. چونکە خوێنەران دەیانزانی پروست قارەمانەکان لە واقیعەوە دەهێنێت، هەوڵیان دەدا، کارەکتەرەکان بناسنەوە، ئەمەیش ئەوی نیگەران دەکرد، ئاخر دەیویست کارەکتەرەکانی تەنیا لە دونیای ڕۆمانەکەیدا بژین. پروست لە بواری نیشاندانی دوو هەستی دژ بە یەکدا و ڕۆچوون بە ناخی کارەکتەرەکانیدا، مامۆستا بوو، وەک نموونە، کاتێک باسی هەستی عاشقێک دەکات کە هاوزەمان بەسوێترین ئازار بۆ لە دەستدانی خۆشەویستەکەی دەچێژێت و شکۆمەندیشی ڕێی پێ نادات، بەو هیوایەی بۆ لای بگەڕێتەوە، بچێت لێی بپاڕێتەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو، بریتییە لە من، ئاخر گێرانەوە لە هەموو ڕۆمانە حەوت بەرگییەکدا بە کەسی یەکەمی بگۆ، بە منە. دوو من هەیە، یەکێکیان گێڕەرەوەیە و ئەوی تریان خودی نووسەرە. کە لە بەرگی پێنجەمدا گێڕەرەوە ناوی مارسێلە، بەڵگەیەک نییە بۆ ئەوەی، گێڕەرەوە هەر خودی مارسێل پروستی نووسەرە. با هەندێک لایەنی هاوبەش لە نێوان گێڕەرەوە و نووسەریشدا هەبن، بەڵام بە گشتی کارەکە ناکەوێتە خانەی ئەدەبی بیۆگرافیاوە. چونکە (گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو،) گەڕانیشە لەدووی خودێکی بزر، منێکی لەتوپەت و بوونێکی هەڵوەریو، ئەوە بۆیە هەن پێیان وایە، ڕۆمانەکە ژیاننامەی خودی نووسەر خۆیەتی، هەر لە سەردەمی منداڵییەوە تا ساڵانی لاوی.

پروست کە لە دایکەوە جوو بوو، یەکێک بوو لەو نووسەرانەی بە گەرمی داکۆکیی لە ئالفرێد دریفوس کرد کە تەنیا لەبەر ئەوەی جوولەکە بوو، تاوانی ناپاکیی وەپاڵ درا. لە گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوودا، سێ کارەکتەری جوو هەن، هەر سێکیان نالەبارن، یەکەمیان پیسکەیە، دووەمیان کەپووبڵند و سێیەمیان لەگەڵ کۆمەڵدا ناگونجێت. هەرچەندە بە هۆی ئەو سێ کارەکتەرەوە، تۆمەتی دژایەتیکردنی جوولەکەی وەپاڵ درا، بەڵام نازیستەکانی ئەڵمانیا لە ١٩٣٣دا شاکارەکەی ژیانی ئەویشیان سووتاند کە تێیدا باس لە گۆڕانکارییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمی فەرەنسا و باس لە پاشەکشێی ئەرستۆکراتەکان و گەشەسەندنی چینی ناوەند دەکات.

لە گەلێک گۆشەنیگاوە دەتوانین سەرنجی گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو بدەین، ئاخر بۆ نموونە، بایەخی بە فەلسەفە، مێژووی فیکر، کۆمەڵ، سیاسەت و سێکسواڵیتی داوە. ڕەنگە ڕۆمانێکی دیکە نەبێت، هێندەی ئەو شاکارەی پروست، جێی بایەخی فەیلەسووفان بووبێت، ئاخر وەک نموونە، ڕۆلاند بارت، ئەدورنۆ، سارتەر و جیل دولوز لەبارەیەوە قسەیان هەبووە و بەرهەمەکەیش کاریگەرییەتیی فەیلەسووفانی لەسەر بووە، ئیدی هەر لە (پلاتۆن)ەنەوە تا سپینۆزا و شۆپنهاوەر و فرۆید. هەرچەندە ڕۆمانەکە گەلێک پرسیاری فەلسەفییانەی ورووژاندووە، وەلێ پروست خۆی بە فەیلەسووف نەزانیوە. واڵتەر بینیامین لەبارەی پروستەوە دەڵێت: (هەموو توانای هونەریی خۆی بۆ ئەوە بەگەڕ خستبوو، ڕووپۆشێک بچنێت، سیمای گرنگترین ئەو نهێنییەی چینی ناوەندی کە پێوەندیی بە ئابوورییەوە هەبوو، پێ بشارێتەوە.)

پروست ئاوڕی لە هاوڕەگەزخوازییش داوەتەوە و وایشی بۆ چووە، خۆشەویستی جۆرێکە لە نەخۆشی یان وەهم. لای ئەو ژیان هیچ نییە، غەیری زەمەنی بەسەرچوو لەگەڵ کۆمەڵە وەهمێکی تەم ئاسا کە هەر زوو یەک لە دوای یەک بزر دەبن، بەڵام ئینسان دەتوانێت بە هۆی (یادگە) و هونەرەوە، هەم زەمەنی لەکیسچووی دەست بکەوێتەوە، هەم وەهمیش بگۆڕیت بە جوانیی هەمیشەیی. لە دوا بەرگی ڕۆمانەکەیدا، پروست دەنووسێت: (ژیانی ڕاستەقینە، ژیان پڕ بە مانای بەرینی خۆی، ئەوەیە کە لە ئەدەبدا چڕ دەبێتەوە.) یادگە لای پروست کە ڕەنگە هیچ نووسەرێک هێندەی وی بایەخی پێ نەدابێت، هەر کەندووی یادەوەرییەکان نییە، بەڵکوو هەوێنی بەردەوامبوون و گۆڕانکاریشە.

مارسێل پروست هەر لە قۆناغی هەرزەکاریدا، گۆڤارێک بە ناوی (مێز)ەوە بڵاو دەکاتەوە، دواتر بە خۆیدا ڕادەپەرموێت، ڕەخنە لە سانت بیف و ئارنست ڕینان بگرێت و سەرکەوتوویش دەبێت. بۆ نموونە کە سانت بیف گوتوویەتی: (شارەزابوون لە ژیاننامەی نووسەر، کلیلە بۆ لێکدانەوەی بەرهەمەکانی،) پروست ئەو تێزەی پێ دروست نەبووە و پێی وابووە: (هونەرمەند بە تەنیا دەژی و ئەو بەهایانەی دەیانخوڵقێنێت لە خودی خۆیەوە سەر هەڵدەدەن.) ڕۆڵاند بارت لەو ڕووەوە، لایەنی پروستی گرتووە. لە کن پروست: (نووسین سەفەرێکە نە سەرەتای هەیە، نە کۆتایی، نووسین خۆدۆزینەوە، خۆسەلماندن و سەرچڵییەکە کە خۆی لە گەڕان بە دوای بەختەوەریدا نمایش دەکات، بەختەوەرییەک کە نووسەر نە لە خێزاندا دەیبینێتەوە، نە لە خۆشەویستیدا.) ئەندرێ جید کە لە سەرەتادا دژی ڕۆمانەکە دەبێت و دواتر پاشگەز دەبێتەوە، گوتوویەتی: (گەڕان لە دووی زەمەنی بەسەرچوو، تێکەڵەیەکی سەیرە لە ڕۆمان و ژیاننامە، دەبوو ئالبێرتاین، ناوی ئالبێرت بووایە.) ئەمەیش ئاماژەیەکی زەقە بۆ ئەوەی گومانی ئەوەی هەبووە، پروست هاوڕەگەزخواز بووبێت، ئاخر یەکەمیان ناوی مێیە و دووەمیان هی نێر. ڤێرجینیا ۆڵف دەنووسێت: (ئەوەندە بە گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو سەرسامم، وا هەست دەکەم، بەبەر چاومەوە، موعجیزەیەک ڕوو دەدات.)

پروست پڕ بە پێستی مانای وشەکە، ئینسان بوو، بۆیە ئینسانی چاک ناسیبوو، زەحمەتە هەستێکی یان هەڵوێستێکی ئینسانی فەرامۆش کردبێت. پروست بە هەق ئەدیبێکی یونیڤێرساڵ بوو، دەیتوانی باسی هەر کەسێک بخوازێت، بکات، ئیدی بە هەر هۆیەکەوە بێت، ئەوە بۆیە هەر یەکێک لە ئێمە، سەر بە هەر تەمەن، هەر ژینگەیەک و هەر نیشتمانێک بین، وێنەیەکی ڕوونی خۆمان لە گەڕان لە دووی زەمەنی بەسەرچوودا دەبینینەوە. پروست دەرکی بە بچووکترین جیاوازییەکانی نێوان هەستی ئینسانەکان و وردترین ئەو گۆڕانکارییانە دەکرد کە بەسەر دەروونیاندا دەهات و دەیتوانی بە هونەری زاڵی، دیلیان بکات.

بە هۆی گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوووە، کە تێکستێکی زیندووە و بەسەر چەندان لێکدانەوەدا کراوەیە، کە لە پشێویدا، ڕێکۆپێکیی بەرهەم هێناوە، کە بەشداریی لە پەرەپێدانی دێمۆکراسیدا کردووە، کە وەک قەوارە گەورەترین ڕۆمانی دونیایە، بە فۆرمی نوێی دەربڕین ئاشنا دەبین، شارەزای شێوازی تازەی ژیان دەبین، فێری سیستەمی جیاوازی بیرکردنەوە و چۆنییەتیی هەڵسەنگاندن دەبین. فێر دەبین چۆن خۆمان لە جێی کەسانی دیکە، با هیچی هاوبەشیش لە نێوانماندا نەبێت، دابنێین. فێر دەبین چۆن لەناو ژینگەی جیاوازدا بژین و چۆن لەگەڵ کولتووری بە ئێمە نامۆدا هەڵبکەین و تەنانەت فێر دەبین، چۆن بڕیاری دروست بدەین. گەڕان لەدووی زەمەنی بەسەرچوو، هەم توانای بیرکردنەوەمان چالاکتر و هەم کەسایەتیمان دەوڵەمەندتر دەکات، گەشەیش بە هاوسۆزیمان لەگەڵ دۆست و نەناسدا دەدات.


٣/١/٢٠١٤

(١) مایا الحاج، مارسیل بروست یصنع من التعقید جمالا ومن العدم حیاة، الحیاة ٣٠ دیسمبر ٢٠١٣ بیروت.
(٢) جمال شحید، مارسیل بروست في ترجمتە العربیة، الحیاة ٣٠ دیسمبر ٢٠١٣ بیروت.
(٣) أبو بکر العیادي، الأبعاد الفلسفیة في البحث عن الزمن الضائع لمارسیل بروست ٣/١/ ٢٠١٣ العرب أونلاین.
(4) Ivo Holmqvist, En livskraftig hundraåring, På spaning efter den tid som flyt, 9 maj 2013 Tidningen
kulturen.
(5) Stephen Breyer , intervjuad av Ioanna Kohler, Översatt från franska av Antony Shugaar 7 November 2013 La Revue des Deux Mondes, Paris
Top