سروشت و هەقیقەت لە فەلسەفەی سپینۆزا(3)

سروشت و هەقیقەت لە فەلسەفەی سپینۆزا(3)

نووسه‌ر :ئەحمەد ئەلعەلمی

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

هیوادارم، هەموو ئەو بیرۆكانە، لەو وانانەی دادێ راڤە بن و روون بن. ئەوەی ئەمڕۆ بە لامەوە گرنگە، تەنیا ئەوەیە كە خستنە رووە نوێیەكەی سپینۆزا لەبارەی گرفتی هەقیقەتەوە، روون بكەمەوە، دروست بە گوێرەی ئەو گۆڕانەی كە بیرۆكەی سروشت لە فەلسەفەكەی ئەودا پێیدا تێپەڕ بوو.
بە گوێرەی ئەوەی گوتم، پێشتر لەوە حاڵی بوون، هەقیقەت بەوە نایەتە دی، كە ئاراستە بە شت بكرێت، واتە بە سروشت، یان بۆ شوێن، كە رەنگە لە دەرەوەی ئەودا بێت، دەشبێ لە دەرەوەڕا لێی بڕوانیت. بەم شێوەیە تێدەگەین، كە چۆن حەدەسی یەكەم، كە حەدەسێكی عەقڵانی و ئاساییە، توانای ئەوەی بە سپینۆزا دا، كە هەندێك بابەتی دیكارت هەڵبژێرێت و هەندێكی دیكەی رەت بكاتەوە، لایەنانی ئاڵۆزی فەلسەفەكەشی بە درۆ بهێنێتەوە. لە ئاست ئەم دوو ئاراستە دیكارتیانەدا، دەكرێ بڵێین، سپینۆزا یەكیان رەت دەكاتەوە و ئەوی دیكەشیان دەسەلمێنێت، ئیدی هەر تەنیا یەك لایەنی رێبازەكەی بە خۆوە گرت، لایەنێك كە لێرە بە دواوە بە پەسندی دەزانێت. هەڵبەت خۆ ئەوە نەهاتە دی، ئەمە دووبارە دەكەمەوە، تەنیا بە خەمێكی لۆژیكی، بەڵكوو بەر لە هەر شتێك لەبەر ئەوە هاتە دی، چونكە بیرۆكەی گشتی و یەكەم لە لای ئەوە لەبارەی سروشتەوە، بەو ئاراستەیە پاڵی پێوە دەنێت.
بە راستی، سپینۆزا تێگەی دیكارتی بۆ بیرۆكەی: بەرجەستە بوون، هەروەها بیرۆكەی تابلۆش رەت دەكاتەوە. چی دی ئەو بیرۆكەیەی لە لای خۆی نەهێشتەوە، تەنیا بە گوڕ و تینی ئەو لە گەڵاڵە بوونی ناوخۆی نەبێت. خەسڵەتی نەرێنیانەی تێگەیشتنیش رەت دەكاتەوە، ئیدی چ شتێكی دی لە لای خۆی ناهێڵێتەوە بێ لە ئاراستەی بیركارانە نەبێت، بەوەی كە ئەو تیۆرییەیە كە تێگەیشتن بە شێوەیەكی ئازاد و كارایانە بیرۆكەی خۆی گەڵاڵە دەكات، زەق دەكاتەوە. لە پێناو هەڵسەنگاندنی بیرۆكە، ئەو حەواڵە كردنە رەت دەكاتەوە كە تەماشای شتێك بكرێت رەنگە لە دەرەوەی بیرۆكەدا بێت، ئیدی بێ لە پێوەرێكی ناوخۆ، چی دی لە لای خۆی ناهێڵێتەوە. وەك ئەوەی پاش كەمێكی دی دەی بینین، بە گوتەی سپینۆزا، هەق نیشانەی خۆیەتی(*)، هەڵبەت هەموو ئەمانە زادەی ئاراستەی سروشتیانەی ئەون.
كەواتە، وەك بەشی سێیەمی ئەم وانەیە، هەر تەنیا ورد بوونەوە لەم خاڵانەمان لە بەردەمدا دەمێنێتەوە: ئاماژە بەو چەشنایەتییە بكەین كە بە سایەی ئەوەوە تیۆریی سپینۆزا بووە زادەی راستی (هەق) و گۆڕانی ریشەیی، كە بە سەر بیرۆكەی سروشتیدا هێنا.
تیۆرییەكەی سپینۆزا لەبارەی هەقیقەتەوە سێ خەسڵەت هەس:
یەكەمین خەسڵەت:
هەقیقەت لە نێو بیرۆكەی هەقیەتدایە. بیرۆكە بە گوێرەی نیشانەیەكی ساغ هەناوكارانەوە دەبێتە هەقیقەت. زەینیش بە هەقیقەت دەگات، بە بێ ئەوەی هەرگیز ئاراستە بە شتێكی دەرەوەی خۆی بكات، ئەو تەنیا بە گەشەدان بە هێزی خۆی و تواناگەلی رەسەنی خۆی، پێی دەگات. كەواتە بیر هیچ ملكەچییەكی بۆ شت نییە، ئیدی لە پرۆسەی زانین (مەعریفە)شدا چ ورووژانێك نییە، چ گەڕانێكش بە دوای سازانی دەرەكییەوە نییە.
روونە كە ئەو یەكەمینە خاسیەتەی هەقیقەت لە لای سپینۆزادا، بە كاریگەریی بیركاری راڤە دەكرێت، كۆبەكۆش، وەك بەر لە كەمێك قسەم بۆ لەبارەوە كردن، بە واتایەك لە واتاكان زادەی ئاراستەی بیركارانەیە، ئەم خەسڵەتەش هیچ واتایەكی نییە تەنیا بە سایەی ئەو ئاراستەیەوە نەبێت.
ئێوە زۆر چاك وێنای ئەوە دەكەن كە ئەگەر ئەو زانستەی سپینۆزا لێی روانی بیركاری نەبووایە، بەڵكوو زانستەكانی سروشت بوونایە، ئەوا بە شێوەیەكی جودا وێنای هەقیقەتی دەكرد. ئەوەش بوو كە ئەرستۆ دەیكرد، بەڵكوو ئەوە بوو كە دیكارتیش دەیكرد، كە پتر لە سپینۆزا سەرقاڵی زانستەكانی سروشتە. بە كردەنیش، تەنیا بیركارییە كە بەو جۆرە كاری تێدا ناكرێت كە ئاخۆ ئەو بابەتانەی قسەیان لەبارەوە دەكەین لە سروشتدا هەن یان نا؟ كە هەقیقەتی ئەو شتانەی دەیان سەلمێنین ناخرێنە بەر ئەزموونی ئەو شتانەی كە هەن، یان ئەوەی سەرنج بدەینە ئەوانەی هەن.
هەروەها، وەك كە ئێستا بۆتانی روون دەكەمەوە، روونە كە سپینۆزا نەیتوانی ئەم بۆچوونە بیركارانەیەی هەقیقەت بە سەر هەموو هەقیقەتەكاندا بسەپێنێت، تەنیا بە ناوی ئەو وێنایەوە نەبێت كە لەبارەی سروشتەوە هەیەتی. چونكە هەر لە دێرزەمانەوە وا زاندراوە، كە زانستەیلی بیركاری بەم شێوەیە كار دەكەن. دیكارتیش، لە میانی قسە كردنی لەبارەی زانستەیلی بیركارییەوە، لە (یەكەمین رامان)دا هەر لە پێشڕا قسەمان لەبارەی ئەو زانستانەوە بۆ دەكات، كە بە لایانەوە گرنگ نییە، كە ئاخۆ ئەو شتانەی قسەیان لەبارەوە دەكەین لە سروشتدا هەن یان نا؟ لێرەدا كارەكە پەیوەستە بە زانستەیلی بیركاری، وەك كە لە هەموو زەمانێكدا و لە لای هەمووانەوە، وێنا كراوە. سپینۆزاش ناچار نەبوو شتێك دابهێنێت: ئەو چ شتێكی لە سەر نەبوو بێ لەوەی ئەو بیرۆكەیەی كە كەلپووری فەلسەفە پێشكەشی كرد، ئەویش بەكاری بهێنێت.
دواجار، ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە، هەرگیز دۆزینەوەی بنەچەی ئەو بیرۆكەیە نییە كە پەیوەندیی بە هەقیقەتێك لە نێو زەیندا نییە، بەڵكوو ئاشكرا كردنی ئەوەی ئاخۆ چۆن سپینۆزا رووی كردە ئەو باوەڕەی، كە ئەم پێناسە بیركارانەیە بۆ هەقیقەت دەكرێ بە سەر هەموو واقیعێكدا پیادە بكرێت. هەڵبەت ئەو نەیتوانی ئەوە بكات، تەنیا بە ناوی ئەو وێنایەوە نەبێت كە یەكەم جار لەبارەی سروشتەوە گەڵاڵەی كرد.
ئەو كارەی كە ئەم یەكەمین خەسڵەتەی هەقیقەت لە لای سپینۆزا دەخەمڵێنێ (دادەمەزرێنێ)، بە كردەنی تیۆریی سەربەخۆیی ریشەییانەی ئەو سیفەتانەیە، كە هەر یەكەیان بێ كۆتایی و بە توخمی خۆشیان بەسیان لێ كردووە. نابێ لێرەشدا پێمان وا بێت كە میتافیزیكی سپینۆزا ئەویش لە لای خۆیەوە زادەی وێنا كردنی بیركارانەیە. وەك پێشتریش پێم گوتن، ئەو بە پێچەوانەی ئەوە، لە روانینێكی بەرایی ئاساییانەوە دروست دەبێت، لە (تۆیۆلۆژیا)یەكەوە كە سیفەتێك لە سیفەتەكان ناكرێ بە هەقیقەت سیفەتێكی خوداوەندانە بێت، تەنیا مەگەر گوزارشت لە خودا بكات، ناشتوانێ گوزارشت لە خودا بكات، تەنیا ئەو كاتە نەبێت، كە لە پلەیەكی خوارووی ئەوەوە نەبێت، تەنیا مەگەر شیاوی ئەوە نەبێت، سەرەنجام تەنیا مەگەر بۆ خۆی كە ئەو سەربەخۆییە و ئەو بێ كۆتاییەی نەبێت، كە دوو خەسڵەتی خوداوەندن.
دووەمین سیمای تیۆریی سپینۆزا:
ئەوەیە كە هەقیقەت بۆ خۆی مۆركی خۆیەتی، هەر خۆی نیشانەی بە خۆی داوە. كارەكە پەیوەستە بە گوتە بە ناوبانگەكە (verum index sui..): ئەوەی بیرۆكەییەكی راستگۆیانەی هەیە، وەك چل و سییەمین پرسی بەشی دووەم لە ئیتیكا دەڵێن، لە هەمان كاتدا دەزانێت كە بیرۆكەیەكی راستی هەیە، ناشتوانێ گومان لەوە بكات."
بە كردەنی، شتێك نییە لە نێوانی بیرۆكەی راست و بیرۆكەی چەوتدا، بە گوێرەی بۆچوونی باو، كە هەر جیاوازییەكی ناوخۆی هەبێت، لە هەر جیاوازییەك لە خەسڵەتدا، دواجار ناتوانین، هەر تەنیا بە لێكۆڵینەوە لە بیرۆكەیەك، بزانین كە ئاخۆ راستە یان چەوت؟ بۆ ئەوەی بزانین بیرۆكەیەك راستە یان چەوت، دەبێ بۆ شتەكەی بگێڕینەوە. بیرۆكە چەوتە یان راستە، هەڵبەت بە گوێرەی كە ئاخۆ سازە یان ناساز لەگەڵ بابەتی دەرەكیانەیدا، بە چەشنێك هەمیشە هەقیقەت بەرهەمی بەراوردە.
لەبارەی ئەم شێوانەوە، سپینۆزا هەڵوێستێكی بە تەواوەتی توندڕەوانە دەگرێتە بەر. ئەمەتان لە دوو نموونەدا بۆ روون دەكەمەوە. ئەگەر بڵێم: "دڵگەش بە شەقامەكەدا تێپەڕ بوو، دڵگەش لە گۆڕەپانەكەدایە"، دەكرێ ئەمە راست یان چەوت بێت، ئەویش بە پێی ئەوەی كە دڵگەش بە شەقەماكەدا تێپەڕ بوو بێت، یان بە كردەنی لە شەقامەكەدا بێت، یان نە لە شەقامەكەدایە و نە لە گۆڕەپانەكەشدا. ئەگەر بڵێم: "ئەو برادەرەم كە ناوی فڵانە ها لە گۆڕەپانەكەدا"، ئایا قسەكەم راست دەبێت، ئایا پووچەڵ دەبێت؟ بۆ زانینی ئەمە، دەبێ بچمە گۆڕەپانەكەوە. ئەگەر برادەرەكەم لەوێ بوو، ئەوا قسەكەم راستە، خۆ ئەگەر لەوێ نەبوو، ئەوە قسەكەم پووچە.
ناكرێ بۆ سەلماندنی ئەوەی دەڵێت "دڵگەش لە گۆڕەپانەكەدایە" پێی وا بێت هەقیقەتی گوتووە، ئەوا بە گوتەی سپینۆزا و بە پێی پێناسەكەی بۆ هەقیقەت، بە كردەنی، وێكچوونێكی دەرەكی لە نێوان بیرۆكە و شتدا، لە لایەكەوە، ناكرێ هەقیقەت دیاری بكات. ئەوەی مرۆڤ بە رێكەوت راستی (هەق) بدۆزێتەوە، واتە ئەو لە نێو پووچی (ناهەق)دایە. بە گوێرەی ئەوەی كە ئاخۆ دڵگەش لە گۆڕەپانەكەدایە یان نا؟ شتان بە تەواوەتی چون یەك دەبن، ئیدی ئەوە هیچ بەهایەكی نییە. لە لایەكی دیكەوە، گەڕان لە نێو سەلماندن وەك كە هەیە، راستی بە دەستەوە نادات، ناشكرێ كە نیشانەكەی بە دەستەوە بدات. من دەڵێم: "دڵگەش لە نێو گۆڕەپانی زانكۆی سۆربۆندایە". چۆن چۆنی دەتانەوێ كە لێكۆڵینەوە لە خودی ئەو پرسە وام لێ دەكات، كە بزانم ئاخۆ راستە یان نا ناڕاست؟ لێرەدا هیچ شتێك نییە كە گەواهی بۆ هەقیقەتی ئەو بدات.
ئەو نموونانەی پێشوو، ناچنە نێو ئەوەی كە سپینۆزا بە هەقیقەت ناویان دەبات. كارەكە لێرەدا پەیوەست نییە بە هەقیقەتەوە. ئەم جۆرە پرسانە هیچ هەناوە نیشانەیەك ناگرنە خۆ، هەروەها هیچ گەواهییەكی ناوخۆش. ئیدی ئەم جۆرە پرسانە هەقیقەت نین. بیرۆكەی هەقیقی، ئەو بیرۆكەیەیە كە خۆبەخۆ لە بەردەمی عەقڵدا پاساوی خۆی دەداتەوە، چونكە تەنیا بەرهەمی عەقڵە.
ئێستاش دێینە سەر نموونەی دووەم، ئەویش ئەم جارە، نموونەیەكە پەیوەندیی بە بیرۆكەی هەقیقییەوە هەیە. جا بەم جۆرە ئەگەر ساغ بووەوە، كە شێوەی گۆ ئەو شێوەیەیە كە لە ئاكامی خولانەوەی نیوە بازنەیەك بە دەوری تەوەری خۆیدا لە شوێنی خۆیدا دروست دەبێت، ئیدی لێرەدا من دەزانم، كە لە بەردەم بیرۆكەیەكی راستەقینەدام. بۆم نییە بپرسم، بۆ ئەوەی ئەمە بزانم، ئاخۆ شتان لە شێوەی گۆ لە سروشتدا هەن یان نا؟ هەروەها بۆشم نییە بپرسم كە ئاخۆ شتانی گۆ ئاسا كە لە سروشتدا هەن، با گریمانە بكەین كە هەن، ئەوان بە كردەنی بەو شێوەیە دروست بوون. ئاساییە ئەوان بەو شێوەیە دروست نەبوون، جا بۆ ئەوەی تۆپی بلیارد دروست بكەین، ناچم نیوە بازنەیەك بە دەوری تەوەرەكەیدا بخولێنمەوە. هەڵبەت ئەوەی لە سروشتدا بە سەر شتاندا دێت، كارێكە پەیوەندیی بە منەوە نییە. كاتێك شێوەیەكی گۆ یان سێگۆشە یان بازنە دیاری دەكەم، بۆ من هێندە بەسە بە وێنای ئەوە بكەم، كە بە شێوەیەكی عەقڵی دەیكێشم، وەك شتێك كە لە ئیمكاندایە بۆ ئەوەی بیرۆكەكەی راست بێت. سپینۆزا، لەوەدا لە بیرۆكەی پێكهاتەیەكی بیركارانەوە بەرەو بیرۆكەی پێكهاتەیەكی تەكنیكی دەچێت، دەڵێ: ئەگەر وەستایەك ئامێرێكی دروست كرد و ئەو ئامێرە لەباریدا بوو كار بكات، ئەوا ئەو بیرۆكەیە بیرۆكەیەكی راستە، تەنانەت ئەگەر ئامێرەكە هێشتا دروستیش نەكرا بێت. جا خۆ ئەگەر بڵێم: "دڵشاد لە شەقامدایە"، ئەوا ئەو بیرۆكەیە شایانی ناوی راستی (هەقیقەت)ی نییە، تەنانەت ئەگەر بە كردەنیش دڵشاد لە شەقامدا بێت. سەبارەت بەم خاڵە، ئەمەیە جیاوازیی نێوان هەق و ناهەق.
هەڵبەت، سپینۆزا، سەبارەت بەم خاڵی دووەمە و سەبارەت بە خاڵی دووەمیش، هەڵوێستی خۆی لە بیركارییەوە هەڵدەهێنجێ، ئاراستە بە بینایەكی بیركارانە دەكات كە یاوەری چەمكی زەروورەتی خۆبەخۆیەتی. وێنا كردنی هەق (راستی) بەوەی كە "گەواهی لە سەر خۆی دەدات"، ئەوا وێنا كردنی بەدیهیەتی عەقڵانیەتە. هەڵبەت ئێمە پاشتر حاڵی دەبین كە ئەم بەدیهیەتە لە لای سپینۆزادا، لێرەشدا، لە كۆتایی شرۆڤەكەدا، ئاراستە بە تێگەیشتنی خوداوەندانەمان دەكات. بەمە هەموو بیرۆكەیەك لە خوداوەنددا جووتە (پێكەوە بەندە) بە بیرۆكەی بیرۆكەوە، دەشبێ، لە كۆتایی شرۆڤەكەدا بڵێین: ئەگەر راستی (هەق) نیشانەیە بۆ خۆی، ئەوا لەبەر ئەوەیە كە خودا بیر لە ئێمە دەكاتەوە. بە چەشنێك كە تیۆریی راستی، دووبارە هەر سەبارەت بەم خاڵە، تەنیا لە سەر تیۆرییەكی میتافیزیكانە نەبێت، نایەت بنیات نان.
دواجار دەبێ تێبینی بكەین، هێندەی پەیوەندیی بە خاڵی سێیەمەوە هەبێت، كە سپینۆزا، بەوەی لە نێو پێناسەكەیدا بۆ راستی (هەقیقەت) ناوێكی ناوخۆ دەخاتە جێی ناوێكی دەرەكییەوە، هەرگیز پشتی لە خەسڵەتی كلاسیكیانەی بیرۆكەی راستی نەكرد، كە دەبێ لەگەڵ بابەتەكەیدا كۆك بێت. ئەو راستی بە گوێرەی گونجانی لەگەڵ بابەتەكەیدا، دیاری ناكات، بەڵام ئەو لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە، كە راستی لەگەڵ بابەتی خۆیدا كۆكە. فەلسەفەی سپینۆزا فەلسەفەیەكی ئایدیالیستانە: نموونەییانە نییە. سپینۆزا پێی وایە شتانێك لە دەرەوەی زەیندا هەن. هەر لەوێشدا، ئەگەر هزر توانیی پشت بە خۆی ببەستێت، بە بێ ئاراستە كردن بە شتێك، بتوانێ راستگۆ بێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە چونكە جووت بوونێك لە نێوان، وەك سپینۆزا دەڵێ، سیستەمی هزر و سیستەمی واقیعدا هەیە. بە جۆرێك كە بە گوێرەی سیستەمێكی زەرووری، كە بیرۆكە دەهێنێتە بەرهەم، ئیدی هزری دووبارە سیستەمی شتان و یاوەرییان دەهێنێتە بەرهەم، یان وردتر، لە پێناو بەكار هێنانی هەمان شێوازی كە سپینۆزا بەكاری دەهێنێت، سیستەمی شتان و یاوەرییان تەنیا هەمان یەك سیستەمە، ئەوان تەنیا هەمان تاكە شتن: ئەوان دەروونن: نەفسن(1)، ئەمە بە گوتەی سپینۆزا.
لەبارەی ئەم خاڵی سێیەمەوە، دەكرێ بنەچەی هزری سپینۆزا لە زانستەیلی بیركاریدا بدۆزینەوە، هەروەها لەو ئەندازە شیكارییە بە ناوبانگەش، كە ئەوكات جێ بایەخێكی زۆر بوو، مادام كە دۆزینەوەی تازە بوو، بواریش دەدات بە گوێرەی یاساكانی زەین بیر لە یاساكانی شوێن بكەینەوە.
حۆ ئەگەر ورد ببینەوە، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت، كە كارەكە هەر پەیوەست نییە بەوەی پێشتر گوترا. بە كردەنی، كارەكە سەبارەت بە سپینۆزا هەر پەیوەست نییە بە هێنانە دیی گونجان، وەك ئەوەی لە ئەندازەی شیكاریدا دەیبینین، لە نێوان شوێنێك كە بیری لێ كرایەوە و شوێنێك كە بە خەیاڵە، هێندەی كە پەیوەستە بە سەلماندنی جووت بوونی نێوان سیستەمی هزر و سیستەمی شوێنی واقیعی، واتە شوێن لە خۆیدا. تەنانەت ئەو سیستەمەی تایبەتە بە سیفەتەكانی دی، مادام، وەك پێشتر پێم گوتن، كە شوێن تەنیا پەسنێكە لە پەسنەكانی خوداوەند، بە گوتەی سپینۆزاش، پەسنەكانی لە رووی ژمارەوە بێ كۆتان.
وەك لێرەدا لەم شێوانەدا روون دەبێتەوە، تیۆریی سپینۆزا واتای خۆی بەدەست ناهێنێت، تەنیا لەبەر رۆشنایی تیۆریی سروشتەوە نەبێت، واتە سروشتێك كە لەگەڵ جەوهەردا یەك دەگرێت، كە پەسنێك لە پەسنانیش بە شێوەی تایبەتی خۆی گوزارشتی لێ دەكات. لەبەر ئەوەی سروشت دەگمەنە، لەبەر ئەوەی رەوشی مەودا و بیرۆكەی ئەو رەوشە، هەمان تاكە شتن كە بە دوو جۆری جودا گوزارشتیان لێ دەكرێت، ئەوا رێڕەوە باڵاكە، كە بە گوێرەی ئەو شتانە لە یەكدی دەكەونەوە (لە یەكدییەوە دروست دەبن)، هەروەها رێڕەوی لۆژیك، كە بە گوێرەی ئەو، بیرۆكەكان لە یەكدی دەكەونەوە (لە یەكدییەوە دروست دەبن)، ئەوا هەمان رێڕەون، دواجار تەنیا یەك سیستەم هەیە.
بەم جۆرە دەبینن كە تیۆریی سپینۆزا لەبارەی راستی (هەقیقەت)ـەوە، كە دەیسەلمێنێت راستی خەسڵەتی بڕیاری ئازادانەیە، كە تەنیا وابەستەی زەینە، تەنیا بە بڕیارێكی بەدیهییەوە، بڕیارێكی تایبەت بە زەینێكی هۆشیار و ئاگادار بەو راستییەی دەیسەلمێنێت، دواجار كە وابەستەی شتێك نییە بێ لە بڕیاری جووت لەگەڵ واقیعدا، ئەو تیۆرییەكە بە هەموو بابەتگەلی بنچینەییەوە، وەك چۆن كە بەر لە كەمێك بۆم روون كردنەوە، ئاراستە بە دوو چاوگە بنەچە دەكات. ئەو لە لایەكەوە ئاراستە بە وێنای بیركارانە دەكات، لە لایەكی دیكەشەوە، ئاراستە بە تیۆرییەك لەبارەی سروشتەوە دەكات، كە وا دیارە ئەو بەر لە هەبوونی خودی ئەو وێنا بیركانەیە، هەبوو بێت.
Top