سروشت و هەقیقەت لە فەلسەفەی سپینۆزا (1)

سروشت و هەقیقەت لە فەلسەفەی سپینۆزا (1)

نووسه‌ر :ئەحمەد ئەلعەلمی

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

وانەی یەكەم
رەهەندی سروشتیانەی سپینۆزا و بیركاری
پەراوێزە پێشەكی:
وانەكەی (فیردینان ئەلكیێ)، بەو شێوەیەی لە زانكۆی سۆربۆن پێشكەشی كرد، لێرەدا دەیخەینە روو. دانەر بۆ خۆی بەم لاپەڕانەدا چووەتەوە. ئەو شتانەی تێیدا دووبارەش بوون، هەروەها ئەو شتانەی كە دەبێ لە شێوازی گوتارداندا فەرامۆش بكرێن، ئەو لای نەبردوون. ئەو لەم بارەیەوە داوای لێبوردن دەكات. هەڵبەت ئەم جۆرە راست كردنەوانە رەنگە ئەم وانەیە بكاتە كتێبێك بۆ خۆی، بەڵام ئەو توێژنەوانەی پاشتر دێن، نابنە بەش لە كتێبێكدا، ئەمانە وانەی كردەنی بوون و خرانە روو، ئەركی ئێمەشە رێز لە خەسڵەتی زارەكییانەیان بگرین.
لە لای (سپینۆزا) پەیڤگەلی وەك سروشت و جەوهەر و خودا، وشەگەلێكی هاوواتان. ئەوانە واتای ئەو راستییە دەگمەنە دەگەیەنن كە هەموو شتانی كە هەن، چ شتێك نین بێ لە دۆخی جۆراوجۆری ئەو (واتە ئەو راستییە) نەبێ. هەرچی هەقیقەتە، ئەوا هەردەم وەك ماهیەتێكی بیركارانە وێنا دەكرێت. ئاخۆ پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وێنایە چییە؟ ئەدی كارلێكی نێوانیان چۆن بەشدار بوو لە گەڵاڵە بوونی تیۆریی سپینۆزا لەبارەی هەقیقەتەوە؟ ئەمەیە یەكەمین پرسیار كە دەمانەوێ بیخەینە روو، كە دەبێتە وانەی ئەم ئێوارەیەمان.
لە سەردەمی سپینۆزادا، وەرچەرخانێك بە سەر چەمكی هەقیقەتدا نەهات بوو، هەر لەوكاتەوە كە بینی بووی. ئەو تیۆرییانەی وا هەقیقەت دیاری دەكەن، كە تەنیا پەیوەندییەكی سەلماندنە لەگەڵ یاساكانی زەین و خواستەكانی خود، هێشتا نەهاتوونەتە كایەوە. پەیڤی هەقیقەت، یەكەم، ئاماژە بە خودی واقیعی دەكات، واتە ئەو ئاماژە بە واقیع دەكات. سكولارانیش (سكولاران: كۆی سكولارە) هەر بەم واتایە قسەیان لەبارەی هەقیەتی شت (veritas rei )ـەوە دەكرد. دواتر دیكارتیش هەمان دەستەواژە بەكار دەهێنێت. ئێوە دەزانن كە دیكارت بە زۆری قسە لەبارەی هەقیقەتی شتانەوە دەكات. بۆسوی (Bossuet) لە كتێبەكەیدا لەبارەی لۆژیكەوە نووسیویەتی دەڵێ: "هەق ئەوەیە كە هەیە، پووچ (ناهەق)یش ئەوەیە كە لە بنڕا نییە". دواتر هەق، واتە ئەوەی كە واقیعییە. هەر بەم واتایە، بۆ نموونە قسە لەبارەی خەسڵەتی هەقیقیانەی مرۆڤەوە دەكرێت. خەسڵەتی هەقیقیانەی مرۆڤ، ئەو خەسڵەتەیە كە مرۆڤ بە واقیعی هەیەتی.
خۆ ئەگەر وردتر، هەروەها بە شێوەیەكی تۆكمەتر قسان بكەین، مادام كە واتای پەیڤی هەقیقەت بۆ نیشانەدان بە پەیڤی واقیع بەكار دێت، ئەوا دەڵێین پەیڤی هەقیقەت ئاماژە بەو كارە دەكات كە لە زەینی ئێمەدا، لەگەڵ ئەوەی كە هەیە، جووتە. ئەو هەقیقەتی مەعریفەیە، ئەوەی كە سكولاران ناویان نا بوو هەقیقەتی زەین (veritas intellectus)، بەرانبەر بە هەقیەتی شت (veritas rei).
وێڕای ئەوە با سەرنج بدەین، هەقیقەت لەو دوو واتایەدا خۆی بە تەواوی ملكەچ بە شت، بەوەی هەیە، بە بابەت دەبینێ. ئەگەر بشمانەوێ، ناونیشانی خودی وانەكەی ئەمڕۆ وەبیر بهێنینەوە، ئەوا دەڵێین بە تەواوی ملكەچی سروشتە. ئیدی یان ئەو، بە كردەنی، تێكەڵ بەوەی واقیعییە دەبێت، دواجار بە خودی سروشت، یانیش بە گوێرەی هاوگونجانی زەین، بەرەنگاری ئەو سروشتە دەبێتەوە. جا ئەگەر زەین گوزارشتی لەوە كرد كە نییە، ئەوا ئەو لە ناوجەرگەی ناهەق و پووچەڵیدایە. خۆ ئەگەر گوزارشتی لەوە كرد كە هەیە، ئەگەر بیرۆكەكەشی، وەك دەڵێن، لەگەڵ شتدا جووتە، ئەوا لە ئامێزی هەقیەتدایە.
بە كورتی، وا دیارە هەمیشە زەین، لە چێوەی وێنایەكی لەم جۆرەدایە، لە بەردەم سروشتێكدایە، كە بەر لە هەبوونی، وەپێش بوونی ئەو كەوتووە، هەروەها لە دەرەوەی ئەویشدا هەیە، ئەمەش خەسڵەتێكە دەبێ زەین ملكەچی بێت. پێوەری هەق، ئەوەیە واقیعی بێت، پێوەری هەق، ئەوەیە كە هەیە. دواجار، زەین، لە سروشتدا، تەنیا لەودا، واتە لە دەرەوەی خۆیدا، پێوەری هەقیقەت و هەڵە دەبینێتەوە.
بە گشتی دیكارت چۆنیەتی خستنەڕووی گرفتەكەی پاراست، تەنانەت ئەگەر، وەك دەبینین، توخمی فرە نوێش پێشكەش بكات. بە كردەنی، بەدیهییە كە كاتێك دیكارت دەخوێنینەوە، ئەوا فەلسەفەكەی ئەو تێكڕا لە واقیعیەتێكی هەرە كلاسیكدا گەڵاڵە دەبێت، یەكەمیش گومانی خۆی تێدا دەخاتە گەڕ، میتۆدەكەی خۆشی هەر لەودا پاساوی خۆی دەبینێتەوە، دۆزینەوەی پلە بە پلەی بنەمای هەقیقەتیش بەدی دێت.
سەبارەت بە دیكارت، بیرۆكە نوێنەرایەتیانەیە، ئەو نوێنەرایەتیی واقیع دەكات. كەواتە بە گوێرەی گونجانیشی لەگەڵ شتدا، هەقیقەتەكەی دیاری دەكرێت. هەر ئەمەشە بە دروستی ئەو هۆیەی وای لە دیكارت كرد، لە بەرایی فەلسەفەكەیدا، گومان بكات. گومان لەو پرسیارەدا خۆی دەنوێنێ كە ئاخۆ بیرۆكە لەگەڵ شتاندا دەگونجێت؟ هەروەها ئاخۆ ئەو گونجانە یەقینی و مسۆگەر و چەسپاوە؟ دیسان لەوەشدا خۆی لە رەت كردنەوە و بە هەڵە زانینی هەموو ئەو بیرۆكانەی، كە رەنگە، لەگەڵ شتاندا نەگونجێن، دەبینێتەوە، واتە ئەو بیرۆكانەی تەنیا خودە بیرۆكەن، یان وەك ئەوەی دیكارت دەڵێ، شتێك نانوێنن كە لە دەرەوەی خوددا بێت.
هەقیقەتی خوداوەندانە هەقیقەتی بیرۆكە دادەمەزرێنێ، چونكە خوداوەند، بەوەی چاوگی دەگمەنی بیرۆكە و شتانە، مادام ئەو یەكە، ناكرێ دوو ئەفرێنەراوی جیاواز بەجێ بگەیەنێت.
بەم جۆرە فەلسەفەی دیكارت بە گومانێك دەست پێ دەكات كە لایەنی خود و عەقڵیانەی بیرۆكەكانمان زەق دەكاتەوە، بۆ ئەوەی بە تێكەڵ بوون لەگەڵ بیرۆكەگەلێك، بگاتە ئەوەی كە هەقیقەتی خوداوەندانە گونجانیان (گونجانی بیرۆكەكان) لەگەڵ واقیعدا مسۆگەر دەكات، مسۆگەرێك وەك ئەوەی لە دەرەوەڕا هات بێت. دواجار، لە چواچێوەیەكی واقیعیدا (بەوەی واقیع، واتە ئەوەی لە دەرەوەی خوددایە، هەر ئەو دەبێتە بنەما و پێوەری بیرۆكەكان)، توێژینەوەی فەلسەفی لە لای دیكارت دەست پێ دەكات، ئەوە ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی هاتینە سەر باسی. دەڵێم ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی هاتینە سەر باس كردنی، چونكە پاش كەمێكی دی، بە دروستی بۆتانی روون دەكەمەوە، (فەلسەفەی دیكارت) بە كردەنی فەلسەفەیەكی ئاڵۆزترە.
هەر بۆیە دیكارت (جەخت دەكەمە سەر ئەوە، گرنگ ئەوەیە كە ببینین چۆن هەموو پرسەكان لە فەلسەفەیەكدا لە نێو خۆیاندا یەكدیگرن) رای دەگەیەنێت و دەڵێ، بیرۆكە خۆبەخۆ نە راست و نە درۆیە. بە پوختەی واتا، نە هەقیقەتێك هەیە و نە پووچی، تەنیا لە بڕیارداندا نەبێت، واتە لە كردەی ویست (ئیرادە)دا نەبێت، ئەمەش بیرۆكە بە شت دەبەستێتەوە، یان ئەوە دەیسەلمێنێت كە بیرۆكە لەگەڵ شتدا جووتە، لەوەی كە لە دەرەوەی خودمانە. بۆیە دیكارت، كۆبەكۆ، پەرۆش و دڵسۆزە بۆ وێنای كلاسیكیانەی زەینێكی مرۆیی ئاراستە كراو بە واقیع، كە لە دەرەوەی خۆیدا دەمێنێتەوە، دڵگەرمانەش هەوڵ دەدات بەو واقیعە بگات.
ئەگەر بەم شێوەیە باسی پرسەكە بكەین، ئەگەر، وەك چۆن بەر لە ماوەیەك هەر وامان كرد، وای دابنێین دیكارت بە شێوەیەكی گشتی هیچ شتێكی، لە چێوەی كلاسیك، سكۆلاری بیرۆكەی هەقیقەتدا، نەگۆڕی. ئیدی دەبێ بڵێین تیۆریی سپینۆزا بۆ هەقیقەت، بەوەی هەقیقەتە، وەك ئەوەی پاش كەمێك دەیبینین، بە گوێرەی خەسڵەتێكی ناواخنانەی بیرۆكەوە دیاری دەبێت، دوور لە هەر رەوانە كردنێكی راستەوخۆ بەرەو شتەكە، (تیۆرییەكەی سپینۆزا) خاڵ بە خاڵ لەگەڵ تیۆرییەكەی دیكارتدا ناتەبایە.
لە راستیدا، ئێمە لە نێو تیۆرییەكەی سپینۆزا لەبارەی هەقیقەتەوە، هیچ پرسێكمان لەو پرسانە نەدۆزییەوە كە بناغە بن بۆ تیۆرییەكەی دیكارت، كە من بە كورتی باسی خەسڵەتەكانیم كرد. پێشتر هیچ گومانێك نابینین، فەلسەفەی سپینۆزا هیچ گومانێكی تێدا نییە، ئەو فەلسەفەیەكە بە گومان دەست پێ ناكات. ئیدی ویست (ئیرادە) بە هیچ جۆرێك خۆی لە قەرەی بڕیاردانەوە نادات، دواجار لێرەدا ئەو كردارە نابینین، ئەو بڕیارە پێویستە، كە زەین و ویستە بیرۆكە بۆ شت بگێڕێتەوە. دواجار هیچ هەقیقەتێكی خوداوەندانەش نابینین، ئەو بێ سوود دەبێت.
وێڕای ئەوە، بەر لەوەی توێژینەوە لە خودی ئەو تیۆرییەی سپینۆزا بكەین، كە پاش ماوەیەكی دی دێینە سەر باسی، دەبێ ئاماژە بە هەموو ئەو شتانە بكەین كە لە لای دیكارتن و رێ بۆ ئەم تیۆرییە خۆش دەكەن. هەڵبەت خەسڵەتی ئاڵۆز و شێواوی فەلسەفەی دیكارت، لەم بوارەدا بە هەمان شێوەی بواری دیكەش بوو، سپینۆزایان ناچار كرد، كە بە زۆری بە دەسپێك لە دەرهاویشتەی دیكاراتانەوە روانیویەتییە گرفتی هەقیقەت، بەوەی (سپینۆزا) رەخنە لە تیۆرییەكەی دیكارت بگرێت و هەمواریشی بكات، لە پێناو گەیشتن بە وێنایەك كە پێی وایە تۆكمەتر و وردترە.
خۆ بە كردەنییش، تیۆرییەكەی دیكارت لە بنەڕەتەوە، وەك چۆن پێش نەختێك ئاماژەم پێ كرد، تیۆرییەكی شێواوە. بە هەر حاڵ، سەرباری ئەو پرسانەی ئاماژەمان پێ كردن، هەندێك پرس هەن یارمەتیدەرن لەوەی تیۆرییەكەی دیكارت وەك تیۆرییەكی كلاسیك، بریتییە لە تیۆرییەك كە زۆر بە سادەیی ئەو چوارچێوانەی پێناسە كردنی هەقیقەت، كە بەر لە ئەو بەكار هاتوون، فراوانتریان دەكات، كە ئەگەر بشكرێت، لە لای دیكارت پرسی دیكەی بەرانبەر بەو پرسانەیان دەخرێتە سەر.
تیۆرییەكەی دیكارت سەربارەت بەو خاڵە نادیار دێتە پێش چاو، ئەو دوو بۆچوون لە خۆیدا كۆ دەكاتەوە. بیرۆكەی دیكارت، لە لایەكەوە، وەك بینیمان، نوێنەرانەیە، هەقیقەتی ئەویش (بیرۆكەكە) بە گوێرەی رەوانە كردنی شت بۆ سەر بابەت، دیاری دەكرێت. بەڵام لە لایەكی دیكەشەوە، دیكارت واقیعی تایبەت بە بیرۆكەكەش دەسەلمێنێت. ئەو قسە لەبارەی واقیعی وێنەیی خودی بیرۆكەكەوە دەكات. وێنەیی، واتە كاری واقیعی، وەك ئێوەش دەیزانن. واقیعی وێنەیی، بریتییە لە واقیعی شتەكە. هەڵبەت بیرۆكە بەوەی كە بیرۆكەیە، واتە وەك ئەوەی كە بیرۆكەیە، واقیعێكی وێنەیی هەیە. بیرۆكەش واقیعێكی هەیە كەم و زیاد دەكات، بە چەشنێك هەقیقەتی خوداوەندانە دوو واتای هەیە، ئەو لە هەندێك دەقدا، بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی نێوان بیر و شت بەكار دێت. ئیدی ئەوسا، وەك چۆن پێشتر وەبیرم هێنانەوە، واتای ئەوەیە خودا بەوەی تاك و تەنیایە، ناتوانێ دوو شت بئافرێنێ، كە ئەفراندنی یەكەم بە شتەكەوە گرێ درا بێت، ئەفراندنی دووەمیش وابەستە بە زەین و بیرۆكە بێت. هەڵبەت تیۆریی هەقیقەتی خوداوەندانە بە واتایەكی دی بەكار هاتووە، وەك ئەوەی واتای ئەوە بێت كە خودا، مادام بوونی باڵایە، ناتوانێ ببێتە هۆی نەبوون، بیرۆكەش راستە چونكە "شتێكە".
لێرەدا هەموو شتێك سەراوبن دەبێت. ئاماژەمان كرد كە بیرۆكە بەوەی بیرۆكەیە، نە پووچە و نە راست، بە كردەنییش دیكارت وا دەڵێ، بەڵام لە حاڵەتی دیكەدا، هەندێك بیرۆكە سپاردە بە پووچییەكی دیاری كراوی ماددی دەكات. ئەو، بۆ نموونە، دەڵێ بیرۆكەی هەستەكیی ماددیانە پووچ دەبێتەوە، چونكە بوونێكی لاوازی هەیە. بیرۆكەی هەستەكی لە خوارووی بیرۆكەی عەقڵییەوەیە، بە چەشنێك ئێمە خۆمان بەرانبەر بە تیۆرییەكی تەواو جیاوازدا دەبینین، بەوەی واقیعێكی تایبەت بە بیرۆكە هەیە، واقیعێكی بیرۆكە، لەگەڵ بیرۆكەیەك لەو بیرۆكانەدا هەمەڕەنگ دەبێت. پووچەڵ بوونی ماددیانە بەندە بە سستی هەبوونی بیرۆكەوە.
دووەم، جۆرێك لە رێبازی بیركارانە دەخرێتە سەر ئەوەوە، میتۆدی بیركارانە، وەك كە دیكارت وێنای دەكات، بە كردەنی ئەو میتۆدەیە، كە لە زانستدا، هەقیقەتی ئەوەی دەیسەلمێنێت ناخاتە بەر بوونی بابەتەكەیەوە. جا سێگۆشە یان بازنە، هەبن یان نا، خەسڵەتی چەسپاوی بیركارانەی ئەوان هەر راستن. كەواتە لێرەدا هەقیقەت وەپێش هەبوون كەوتووە. ئەمەشە رێی بۆ هەبوونی بەڵگە بە ناوبانگەكەی ئەنتۆلۆژیا خۆش كرد كە دیكارت گەڵاڵەی دەكات، هاوڕێ لەگەڵ تیۆریی ماهیەتگەلی بیركارانە، لە پێنج رامانی نێو كتێبی رامانەكاندا. ئەم بەڵگەیەش واتایەك ناپۆشێ، تەنیا ئەوكاتە نەبێ كە دەكرێ بە راستی قسە لەبارەی خوداوە بكرێت بەر لەوەی بزاندرێ ئاخۆ هەیە یان نا.
كەواتە لێرەدا هەقیقەتێكی تایبەت بە بیرۆكە هەیە، سەربەخۆ لە هەر ئاراستە كردنێكی هەبوونانە، ئەم هەقیقەتەش بە دڵنیاییەوە لە نێو جۆرێك لە وەپێش كەوتنی بیرۆكە بەسەر بابەتەكەی، خۆی مەڵاس داوە، كە یاساكەی وەخۆ گرتووە، كە ئەگەر دروست بێ بڵێین، دەتوانێ بە گوێرەی ئەوە دابندرێ.
دەشبینین كە سپینۆزا دەخزێتە نێو رێڕەوی وێنایەكی هاوشێوە، لە دووەمین بەشی ئەم وانەیەشدا، هەموو ئەو شتانە دەخەینە روو، كە خۆی تێیاندا بە قەرزداری رەهەندی بیركارانە دەزانێت. من جەخت دەكەمە سەر ئەم كارەی دادێ: ئێمە لێرەدا، بە سایەی ئەم رەوشەی تیۆریی بیركارانە بە بەراورد لەگەڵ تیۆریی بایۆلۆژی كە تیۆریی ئەرستۆ بوو، دەی پۆشێت، وەچەرخانێكی زەبەلاح لە پێناسە كردنی هەقیقەتدا دەبینین.
تێكڕای بیری سكولاریزم لە بنەڕەتدا لە سەر رامان لە زانستەكانی سروشت و زانستی بایۆلۆژیا رۆنرا بوو، هەڵبەت ئاساییە یەكەمین پرسیار كە لە زانستەكانی سروشتدا دێتە پێش، بریتییە لە: ئایا ئەو شتەی وا بۆمی باس دەكەی شتێكە هەیە؟ كاتێك لە سروشتناسیدا، باسی ئەم ئاژەڵ یان ئەوی دی دەكەین، یان ئەم رووەك یان ئەوی دی، كاتێك باسی شێر یان سەگ دەكەین، یان داری ئەرخەوان، پێویستە بزانین ئاخۆ شێر یان سەگ یان دار ئەرخەوان هەن؟ خۆ بە راست، دەكرێ نامیلكە لە بواری سروشتناسیدا بنووسین و باس لە گیانداری خەیاڵ بكەین، كە ئەوان لە راستیدا نین. ئێ خۆ ئەوە زانست نییە. كەواتە، هەر شتێك كە لەبارەی شێرەوە پێم دەگوترێت، بۆ نموونە چڕنووكی، دڵی، خوێنی، واتایەك ناگرنە خۆ، تا لە بەراییدا نەزانم كە شێر هەیە. چونكە ئەگەر شێر نەبێت، ئەوا هەر شتێكم لەبارەی شێرەوە پێ بگوترێت پووچەڵ دەبێت. هەڵبەت ئەم شتە وەك بەدیهی وایە بۆ من.
دیارە بە دروستی یەك زانست هەیە، كە ئەو تێیدا بەدیهی نابێت، ئەویش زانستی بیركارییە. لە بیركاریدا، بۆ ئەوەی لەبارەی شێوەی (گۆ)وە قسە بكەین، ناپرسین ئاخۆ شت هەیە لە شێوەی گۆ بێت؟ هەرچەندە شتێك بەدی ناكەین لەوەی لەبەر چاومانە كە لە شێوەی گۆ بێت، بەڵام خەسڵەتی ئەو شێوەیەی گۆ وەك هەقیقەتێك هەر دەمێنێتەوە. ئیدی بە دەسپێك لەوەوە، دەكرێ بڵێین دیكارت تیۆریی بیركاری تێكەڵ بە رێبازێكی گشتی دەكات، كە ئەو رێبازە لە بنەڕەتدا واقیعییە نەك بیركارانە. هەر بۆیە لە دوایین قۆناغدا گرفتی ئەو بریتی دەبێت لە پرسین، هەروەها ئاخۆ خودی بیركاری لەگەڵ بووندا دەگونجێت؟ ئاخۆ خەسڵەتی گریمانە- بەراكامانەی نێو بیركاری لەگەڵ جیهانی واقیعی و جیهانی فیزیكدا دەگونجێت یان نا؟ وەك دەشبینن، كارەكە لێرەدا پەیوەست نییە بە گرفتێكی بیركارانە، گرفتی بیركارانە لە ئاستی گریمانە-بەراكامدا دەوەستێت. ئیدی مادام سەلماندنی بیركارانە دەڵێ: "ئەگەر ئەمە هەقیقی بێت، ئەوا ئەوەش هەقیقییە"، مادام كە زانایانی بیركاری لەوە ناپرسن ئاخۆ جیهانی واقیع جووتە لەگەڵ ئەوەی ئەوان قسەی لەبارەوە دەكەن یان نا؟ ئەوان لەبارەی ئەوەوە دەپرسن، ئاخۆ ئەوەی ئەوان قسەی لەبارەوە دەكەن، بە باشی لەو پرەنسیپانەوە هەڵهێنجدروان كە ئەوان ئەرێیان كردوون؟
پاشان، خەسڵەتێكی سێیەم هەیە كە لە دیكارت بە ئاراستەیەكی پێچەوانەی ئەو وێنا كردنە كلاسیكەی هەقیقەت هەنگاو دەنێت، وێڕای ئەوە، ئەمە وێنایەكە دیكارت بە كۆكی دەمێنێتەوە لەگەڵ چێوە گشتییەكەیدا: جا ئەگەر راست بێت كە هەقیقەتی خوداوەند، لە لای دیكارت، وەك (ئەوە بێت كە) بۆم باس كردن، پێویستە لە پێناو دامەزراندنی هەقیقەتی بیرۆكەكە وەك بیرۆكەیەكی جووت لەگەڵ شتدا، ئەوا ئەوەش دەمێنێتەوە كە ئەو هەقیقەتە خوداوەندانە بە چەشنێك دەورووژێندرێت كە وای لێ دەكات، بە تەنیا جارێك، هەروەها بە كۆ جارێك، هەموو بیرۆكەیەكی روون پاساو بداتەوە، پاشان، مسۆگەر كردنی هەقیقەتی خوداوەندانە، مادام كە ئەرێ و قبووڵ دەكرێت، ئیدی ئەركە بە سەرمەوە كە پێوەرێكی دی بدۆزمەوە لە پێناو ئەوەی بزانم، لە نێو بیرۆكەكانمدا، كامانە بیرۆكەی راستی و هەقیقەتن و كامەش پووچن.
Top