عەقڵ پەی بە نهێنییەکانی دڵ نابات

عەقڵ پەی بە نهێنییەکانی دڵ نابات

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

ڕێز لە هەموو ئەوانە دەگرم کە خۆشم دەوێن،هەموو ئەوانەم خۆش دەوێت کە ڕێزیان لێ دەگرم.
ئیفلاتوون دەڵێت: (خەڵک هیچ لەبارەی خۆشەویستیی ڕاستەقینەوە نازانن، ئەگەر بیانزانیبا گەلێک پەرستگەیان بۆ ڕۆ دەنا و زۆر پەیکەریان بۆ چێ دەکرد و بەردەوام قوربانییان پێشکەش دەکرد.) ئینسان چونکە لە ئەنجامی خۆشەویستییەوە، وەچە دەخاتەوە، بۆیە نەمری، زادەی خۆشەویستییە و هەر لەو سۆنگەیەشەوە ئیفلاتوون پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە هیچ خوداوەندێک هێندەی ئێرۆسی خوداوەندی خۆشەویستیی، ئینسانی خۆش نەویستووە.

وەک چۆن مێ، بە زەبری خۆشەویستی، وەک جەستە دووگیان دەبێت، هەر بە زەبری خۆشەویستی دەشێت ئینسان وەک ڕۆحیش دووگیان ببێت، دووگیانبوونی ڕۆحی، چاکەکردن و داهێنانی لێ دەکەوێتەوە. ئینسانێکی ئاسایی لە ڕێی خستنەوەی وەچەوە، نەمریی مسۆگەر دەکات، بەڵام کەسێکی وەک هۆمیرۆس، بە هۆی داهێنانەوە، کە زادەی دووگیانبوونی ڕۆحییە، بە لووتکەی شکۆ و نەمریی گەییشتووە و هەمیشە لە یادماندا زیندووە.

با لە بواری نووسین یان گوتندا بلیمەتیش بین، هێشتا هەر ناتوانین لە ڕێی وشەوە، خۆشەویستی بەرجەستە بکەین، ئاخر خۆشەویستی لە ڕێی کردەوەوە خۆی نمایش دەکات، تەنانەت خۆشویستنی خودایش، هیچ نییە، غەیری ئەوەی بە کردەوە یەکتریمان خۆش بوێت. ئەوە خۆشەویستی نییە کە ئینسان شێت دەکات، ئاخر بە درێژایی مێژوو، هیچ مەزنێک، هیچ کەسێکی خاوەن ئاوەزی گەورە، بە زەبری خۆشەویستی شێت و هار نەبووە، ئەوانەی بە زەبری ئەوین، عەقڵ لە دەست دەدەن و ڕوو لە هەرد و کێو دەکەن، کەسانی گچکەن، نەك مەزن.

ئینسان ئەگەر زۆر بە خۆیشی سەرسام بێت، زۆر شانازیش بە خۆیەوە بکات، هێشتا خۆی لە جێگەیەکی هێجگار هێندە بەرزدا نابینێت کە جێی باوەڕ نەبێت، بەڵام عاشقان هەمیشە خۆشەویستەکانیان لە شوێنێکی هێندە بڵنددا دەبینن کە لەسەروو خەیاڵیشەوە بێت. ئەمە ئەو لایەنە لاوازەی عاشقە، کە زۆر جار بێجگە لە خۆی، هەموو کەس هەستی پێ دەکات. ئەوی زیاد لە پێویست، گیرۆدەی هەستی خۆشەویستی ببێت و زێدەڕۆیی لە بەرز نرخاندنی خۆشەویستەکەیدا بکات، ڕەنگە نەک هەر، چی(سەروەت)ی هەیە، بە فیڕۆ بڕوات، بەڵکوو دەشێت، چی (حیکمەت)یش شک دەبات لە دەستی بدات. خۆشەویستی چونکە هەر دەڵێیت لە دایکێک کەوتووەتەوە کە ناوی نامەعقوولە، ئەوە بۆیە ئەگەر لێ بگەڕێین بە تەواوی ژیانمان داگیر بکات، ڕەنگە ئیدی لە تواناماندا نەبێت، بەرانبەر هیچ ئامانجێکی باڵای دیکە، بەوەفا بین. فرانسیس بیکۆن دەڵێت: (ئەوینی نێوان ژن و مێرد، درێژە بە مانەوەی توخمی ئینسان دەدات، ئەوینێک کە لە هاوڕێیەتییەوە هەڵبقوڵێت، ژیان دەوڵەمەند دەکات، بەڵام ئەوینی نێوان بەدئاکاران، ئینسانگەل دەشێوێنێت و ڕیسوایان دەکات.)

زۆر جار ئەوانەی وەدووی ئارەزوو دەکەون، ئەگەر عەقڵیش شک ببەن، ڕەنگە لە دەستی بدەن، بەڵام هەندێک جار، دەشێت ئەو وەدووی ئارەزوو کەوتنە، ئینسان لە گێلەوە بکات بە عاقڵ. زۆر دەستکەوتی گەورەی مێژوویی کە وەک بەرهەمی فیکری ڕۆشنی کەسانی مەزن لێکیان دەدەینەوە، ڕەنگە زادەی ئەو گەمانە بن کە تێرکردنی ئارەزوو هەوێنیان بووە. ئارەزووەکانی ئینسان بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا دێت، کە پشکۆی ئارەزوویەک لە دڵماندا خامۆش دەبێت، پشکۆی ئارەزوویەکی دیکە، لە دڵماندا دەگەشێتەوە. ئینسان ئەگەر هیچ ئارەزوویەک شک نەبات، ئەگەر چالاکییەک نەنوێنێت، ئەگەر ژیانی سست و خاو بەڕێوە بچێت، ئیدی لە سنووری مەرگ نزیک بووەتەوە.

ئەوە بە لای ژنەوە، گرنگ نییە ناشیرینە یان نا، ئەوەی بە لاوە گرنگە، بە جوانی بزانن. ئەوە بە لای پیاوەوە گرنگ نییە، گێلە یان نا، ئەوەی بە لاوە گرنگە بە زیرەکی بزانن، ئەوەشی بە لاوە گرنگ نییە، بەدکارە یان نا، ئەوەی بە لاوە گرنگە بە چاکەکاری بزانن. فەیلەسووفی فەرەنسایی جولیان دی لامیتری (١٧٠٩ _ ١٧٥١) دەڵێت: ئەو (پیاو)ەی بایەخێکی زۆر بە (ژن)ەکەی بدات، بەوە کۆت و پێوەندی لە گوڵ بۆ چێ دەکات. بە چاوپۆشین لەوەی (دڵبەر) هەستی پێ دەکات یان نا، (دڵدار) ئامادەیە لە پێناویدا، قوربانی بە هەموو شتێک بدات.

فەیلەسووفی یۆنانی ئاپیکور (٣٤١ ¬_ ٢٧٠پ. ز) دەبێژێت: سوپاس بۆ سروشت کە وای کردووە، لە هەمان (پرۆسە)دا، هەم خۆشترین چێژمان پێ بگات و هەم توخمی خۆمان بەرهەم بهێنینەوە. سوپاس بۆ سروشت کە وای کردووە، جوانی پیر نەبێت، ئاخر دەتوانین، بێ گوێدانە چرچولۆچی ڕووخسار و سپیبوونی قژ، هەر جوانی بدۆزینەوە. ئەوەیش یەکێکە لە پەرجووەکانی سروشت کە خۆشەویستی، ئیدی هی ئینسانی بێت، یان خودایی، بە عەقڵ ناکرێت، بە دڵ دەکرێت، ئەوە بۆیە عەقڵ سنوورێکی دیاریکراوی هەیە، بەڵام دڵ سنوور ناناسێت.

خۆشەویستی هەر ئەوە نییە، دوو ئەویندار وا هەست بکەن یەکیان گرتووە، کرۆکی خۆشەویستی یەکسانبوونی هەردوو لایە. وەک چۆن ئەوە ژیان نییە، کەسێک بە تەنیا بژی، ئاخر ژیانی ڕاستەقینە، ژیانێکە هاوبەش، ئەوەیش خۆشەویستی نییە، کە لە دەرەوەی پرۆسەی بە یەکبوون و یەکسانی هەیە، ئاخر خۆشەویستی یەکگرتن و هاوژینییە بە یەکسانی. خۆشەویستی شتێک نییە، بە خۆمان، یان بەم و بەوی ببەخشین، خۆشەویستی کردەیەکی تاکلایەنە نییە، چالاکییەکی هاوبەشە، بەخشینێکە هەردوو لا بەرهەمی دەهێنن. خۆشەویستی هەر سۆز و ئارەزوو نییە، هەر بەدگومانی و ئازاری ویژدان نییە، هەر ئاوێزانبوون و لێکدابڕان نییە، تیشکێکیشە لە نووری خودا، دڵ پاکژ و ڕۆح گەرم دەکاتەوە.

خۆشەویستی نە لەبەردەم هیچ کۆسپێکدا چۆک دادەدات، نە هەرگیز دەکوژێتەوە. خۆشەویستی لە لووتکەی بەهێزیی خۆیدا، هێمن و نەرمونیان خۆی نمایش دەکات، دەشێت بە گژ دەوروبەر و هەلومەرجدا بچێتەوە، بەڵام لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەرکدا، ناکەوێتە ناکۆکییەوە، ئاخر خۆشەویستی خۆی یەکەمین ئەرکی سەرشانمانە و بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی تریش هانمان دەدات. ئەوە خۆشەویستی نییە کە بەرەو تاوان و فریودانی ئەم و ئەومان دەبات، ئاخر ئەگەر ئەنجامی وای لێ کەوتەوە، لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی خۆیدا دەکەوێتە ناکۆکییەوە و لەوە دەردەچێت خۆشەویستی بێت.

عەقڵ نە پەی بە نهێنییەکانی دڵ دەبات، نە توانای خوێندنەوەی کتێبی سۆزی هەیە. ئەگەر بخوازین بە ئاوەز، سۆز لێک بدەینەوە، بەرەو بەدگومانی بەڕێ دەکەوین، بەدگومانییەک کە ڕەنگە ڕۆح بکوژێت. ئاخر ئەوە چۆن بە عەقڵ شی دەکرێتەوە کە دڵدار پێی وابێت، هەموو گەردوون لە دڵبەرەکەیدا چڕ بووەتەوە؟ ناوهێنانی ئەوی دیکە بە گێل، هیچ لەگەڵ ئەویندا کۆی ناکاتەوە، ئاخر گوتنی شتی وا، هەر ئەوین ناکوژێت، یەکسانییش لە بەین دەبات.

خۆشەویستیی پاکژ، نەک هەر لە خۆپەرستی خاڵییە، بەڵکوو قوربانیدانە بە خۆمان لە پێناوی ئەوانی دیکەدا. لە خۆشەویستیی ڕاستەقینەدا، کاتێک هەست بە هەبوونی خۆمان دەکەین کە ئەوانی دیکە لە ناخماندا هەبن و کاتێک هەست بە ئازادی دەکەین کە خۆمان بەوانی دیکە ببەخشین. جیاوازیی نێوان ماف و خۆشەویستی ئەوەیە، لە پێناوی یەکەمیاندا، خەڵک دەبن بە چەند بەشێکەوە، بەڵام بە هۆی دووەمیانەوە، خەڵک یەک دەگرن. ڕەنگە هیچ خۆشەویستییەک، هێندەی خۆشویستنی خودا، ڕۆڵی کاربڕی لە یەکگرتنی خەڵکدا نەبێت.

فلادیمیر سۆلۆفیوڤ پێی وایە: خۆشەویستیی بەهێز، تاکلایەنەیە، نەک هاوبەش، تەنانەت ئەگەر هاوبەشیش بێت، بە کارەسات کۆتایی دێت و ناگاتە قۆناغی وەچە خستنەوە. کە خۆشەویستی هەبوو، ئیدی نابێت بە دوای پاساودا بگەڕێین، چونکە نائومێد دەبین، ئاخر ئەوین تەنیا هەستێکی تایبەت بە ئەویندار نییە، بەڵکوو کارێک دەکات، زیاتر لە خۆمان، بایەخ بەوی دیکە بدەین و چەقی ژیانی تایبەتیمان، لە خودی خۆمانەوە، بۆ ئەوی دی دەگوێزێتەوە. ئەم لێکدانەوەیە، تایبەت نییە بە خۆشەویستیی سێکسی، بۆ ئەوینەکانی دیکەیش هەر دروستە، بەڵام بۆیە بۆ ئەوینی سێکسی دروستترە، چونکە دەشێت ئەوینێکی هاوبەش بێت و بەرەو یەکگرتنی ڕاستەقینەی دوو کەس بچێت.

خۆشەویستی بە پلەی یەکەم هەر لەوە دەچێت، ڕووداوێکی سروشتی، یان بەخشینێکی خودایی بێت و بەدەر لە ویستی ئێمە ڕوو بدات، بەڵام ئەم لێکدانەوەیە، نابێت وامان لێ بکات، خۆشەویستی بە قەدەر بزانین و خۆمانی بە دەستەوە بدەین، بەڵکوو دەبێت هەوڵ بدەین بەرەو ئامانجی باڵای ببەین و وا بکەین ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندی هەبێت. بەهرەی ئاخاوتنیش وەک خۆشەویستی، شتێکە سروشتی، ئاخر ئەوە خۆمان نین کە زمان دادەهێنین، بەڵام بە ویستی خۆمان دەپەیڤین. ئەگەر لێ گەڕاباین، سروشت بڕیاردەر بێت، هیچ دوور نەبوو، ئاخاوتنی ئێمەش لە جریوە و جووکەی مەل چووبا. وەک چۆن ئەوین کارێک دەکات، هەر تاکێک تایبەتمەندی خۆی هەبێت، زمانیش هەمان ڕۆڵ دەبینێت. جیاوازیی زمان و ئەوین، ڕەنگە لەوەدا بێت، زمان بەردەوام گەشەی کردووە، لایەنە تاریکەکانی ڕۆشن بووەتەوە و نهێنییەکانی ئاشکرا بوون، بەڵام نهێنییەکانی خۆشەویستی، هێشتا هەر شاراوەن و هێشتا ئەوین بەبێ ویستی ئینسان، خۆی دەسەپێنێت. وەک چۆن لە پێناوی قسەکردندا، قسە ناکەین و قسەکانمان هەڵگری پەیامن، دەبێت ئەوینیش لە چێژوەرگرتندا چڕ نەکەینەوە و هەوڵمان بۆ ئەوەبێت، ئەو کەسەی خۆشمان دەوێت، هەست بە بایەخی خۆی، لە کن ئێمە، بکات.

مەرگ، بریتییە لە هەڵوەشانەوەی زیندەوەر، هەرچەندە مرۆڤ لە هەموو زیندەوەرێک زیرەکترە، بەڵام تەمەنی مرۆڤ لە هی زۆر زیندەوەر کورتترە. ئینسان ئەگەر کەسێکی زێدە چاک و بلیمەتیش بێت، هێشتا هێندەی فیلێک یان قەلەڕەشێک ناژی. یەکێک لەو هۆکارانەی کە بەردی بناغەی ژیان، سەرچاوەی داهێنان، هەوێنی تەمەندرێژی و بە خۆشیی ژیانی ئینسانە، خۆشەویستییە، یان ڕاشکاوانەتر، پێوەندیی دروستی سێکسییە. خۆشەویستی کاتێک لە ترۆپکی درەوشانەوەی خۆیدا دەبێت، کە هەردوو ئەویندار ددان بە بایەخی ڕەهای یەکدیدا بنێن.

بتی تۆ دەتپەرستم من، عیبادەت بۆ خودا ناکەم
ئەگەرچی ئاگری جوملەی جەهەننەم بۆم لە کارابێ
عەلی عارف ئاغا
لەبەر ئەوەی حەزم لێتە
هەموو کەس پێم دەڵێن شێتە.
لەتیف هەڵمەت
بە گوێرەی ئایین، ئەوە نەک هەر حەرام، کوفریشە، ئینسان کەسێک بپەرستێت، بەڵام لە پێوەندیی خۆشەویستیدا، لە نێوان عاشقاندا، ئەوە زۆر ئاسایی و باوە، دڵدار بە دڵبەرەکەی بڵێت: دەتپەرستم. ئەوە بە سووکایەتییەکی گەورە دەزانین، ئەگەر کەسێک بە شێت ناومان ببات، بەڵام بە ویستی خۆمان، ڕوو دەکەینە دڵبەر و پێی دەڵێین: من شێتی تۆم، یان ئەگەر ئەوی شەیدای بووین، دلۆڤانی بنوێنێت و بە (شێتە) بانگمان بکات، لە خۆشیاندا پێمان لە زەوی دەبڕێت.

خۆشەویستی:
ئەوەیە تۆ،
لە گۆشەنیگای خۆتەوە،
وای ببینی
گەردوون لەودا
چڕ بۆتەوە.

ژیانی ڕاستەقینە ئەوەیە، ئینسان وەک چۆن لە خۆیدا دەژی، لەوی تریشدا بژی و بە هۆی ئەوی دییەوە، هەست بە باڵاییی خۆی بکات. مەگەر خۆشەویستیی سێکسی لەسەر وەختی هاوسەرگیریدا، ئەو ژیانە زامن بکات و جەستە بە بەر ئەو هەستەدا بکات، ئەویش ئەگەر هەردوو لا، وەک ماف و بەها، یەکسان بن و لە ڕێی پێوەندییەکی هەمیشە زیندووەوە، بەشداری لە تەواوکردنی یەکتریدا بکەن، تەنیا پێوەندییەکی دووقۆڵی نا، پێوەندییەک کە هەم بە کۆمەڵ و هەم بە سروشت و هەم بە گەردوونیانەوە گرێ بدات.

ئەگەر بانگەشە بۆ ئەوە بکەین، هەموو کەسمان وەک یەک خۆش دەوێت، ئەوە ڕاستییەکەی، کەسمان خۆش ناوێت، ئاخر دڵی ئینسان جێی خۆشەویستیی ئەو هەمووەی تێدا نابێتەوە، بۆیە باشترە، هۆگربوونی خۆمان بۆ کەسێک، یان ئەوپەڕی چەند کەسێکی هەڵبژاردە ئاشکرا بکەین. خۆشەویستی لە کن ئینسان هەر هاوسۆزی و نزیکبوونەوەی جەستەیی نییە، ئاخر لای گەلێک ئاژەڵیش، بە تایبەتی شیردەرەکان، وێڕای ئارەزووی سێکسی و هاوسۆزی، هەم هەستی دایکایەتی و باوکایەتی هەیە و هەم بە دەم هاواری یەکدییەوە چوونیش.

فەیلەسووفی ئینگلیز بێرتراند ڕاسڵ (١٨٧٢ _ ١٩٧٠) دەڵێت: (خەڵک لە سۆنگەی ئەوەوە، بە عاشقی سەرچڵی دڵسۆز، سەرسام دەبێت، چونکە بە گژ کۆت و پێوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا چووەتەوە، بێ ئاگا لەوەی، هێندەی پێ ناچێت، ئەو خۆشەویستییە، دەبێتە کۆتێکی کۆمەڵایەتی.) ڕەنگە هەندێک لایەنی خۆشەویستی پەسەند نەکەین، ئاخر ئەوینیش لە کەموکووڕی بەدەر نییە، بەڵام دەست لە خۆشەویستی هەڵناگرین، چونکە کاتێک لە پێناوی خۆشەویستەکەماندا قوربانی دەدەین، هەست بە بەختیاری دەکەین، چونکە خزمەتکردنی خۆشەویست، بە ئەرکی بێ چەندوچوونی سەرشانمان دەزانین. ئەوە بە ئەفسوونی خۆشەویستییە کە دایک ئەگەر منداڵەکەی تاوانیشی کردبێت، هەر داکۆکیی لێ دەکات. با منداڵ کەسێکی خراپیشی لێ دەربچێت، وەلێ لە ڕوانگەی دایکییەوە، هەر ئەو کۆرپە جوانە، بەستەزمانەیە کە بۆ یەکەمین جار لێوی بە بزە گەشاوەتەوە.

عاشق با شوێنکەوتووی ئەم یان ئەو ئایینیش نەبێت، با بڕوای بە دەسەڵاتێکیش نەبێت لەسەروو سروشتەوە، وەلێ هەر هێندە بڵند سەرنجی مەعشووق دەدات، تەواو وەکوو خۆشەویستی، هەستێکی ئایینی بێت. گەلێک شیعر بۆ ستایشی بەهەشتی خۆشەویستیی سێکسی نووسراون، بەڵام ئەگەر خۆشەویستی تەنیا لە ئارەزووی سێکسیدا چڕ ببێتەوە، ئەگەر مەبەست لێی هەر تێرکردنی ئارەزوو بێت، هەر لە پێناوی ئەو چێژە سێکسییەدا بێت کە دڵبەر بە دڵداری دەبەخشێت، ئەوا وەک گوڵێکی بۆنخۆشی لێ دێت، گوڵێک کە هێندە نابات، سیس دەبێت و دەوەرێت. خۆشەویستی لە شێوە باڵاکەیدا، هیچ مەبەستێکی لە دواوە نییە، تێیدا عاشق، چێژ لە جوانیی ڕۆحی مەعشووق دەبینێت. خۆشەویستیی لەو چەشنە، پێ بزانین یان نا، هەستێکی پاکی ئایینی تێدایە، بەڵام ئەوینی سێکسی، کە ڕەنگە هەڵبگەڕێتەوە بۆ ڕق، ئایینێکی مارانەیە، یان جۆرێکە لە بتپەرستی.

لە کریستیانیزمدا کە بە ئایینی ئەوین ناوی دێت، ئەوین بەسەر هەموو جیاوازییە چینایەتی، کولتووری و نەتەوەیییەکاندا زاڵ دەبێت و ئەوەیش ئینسان سەر بە کام ڕەگەز یان توخمە، پێستی سپییە یان ڕەش، هیچ بایەخێکی نامێنێت. لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێزەدا کە دەڵێت: (هەتا پانتایی چەمکێک فراوانتر بێت، کرۆکەکەی هەژارتر دەبێت،) ئەو ئایینە، بە حەق ئایینی ئەوینە، کە تێیدا ئینسان لە سەنتەردا بێت، نەک ئەم خوداوەند، یان ئەو کتێبی پیرۆز. لە ئایینی وادا، خۆشەویستی: بایەکە تەمومژی بەر چاوی ڕۆح ڕادەماڵێت و ئیدی ئینسانگەل بەچاوپۆشین لە جیاوازییەکانی نێوانیان، یەکدییان خۆش دەوێت.

ئەگەر خۆشەویستی لە پێویستی و بەخشیندا چڕ بکەینەوە، ئەوا خودای بەخشندە، هەموو شتێکی هەیە و پێویستی بە هیچ نییە. خۆشەویستی با(ئینسانی)یش بێت، نەک خودایی، هێشتا هێندە دەسەڵاتدارە، عاشق دەکاتە کۆیلەی خۆی و هەر ئەرکێکی پێ بسپێرێت، بە چاوپۆشین لەو باجەی دەیدات، بێ یەک و دوو، وەک فەرمانی لە خوداوەندەوە بۆ هاتبێت، جێبەجێی دەکات. تا خۆشەویستی بەهێزتر بێت، ئەم لایەنە ئایینییەی ڕوونتر دەردەکەوێت و ئەم لێکدانەوەیە بۆ هەموو ئەوینێکی ڕۆمانتیک دەست دەدات، وەلێ هیچ لەگەڵ تێرکردنی ئارەزوودا کۆی ناکاتەوە. ئەو خۆشەویستییەشی دایک بۆ منداڵی خۆی هەیە، هێندە قووڵ و خوداییە، دایک وا هەڵسوکەوت دەکات، وەک تەنیا لە پێناوی منداڵەکەیدا بژی.

خۆشەویستی کە هەر بەخشین بوو، کە هەر قوربانیدان بوو، کە هەر لە خزمەتی ئەوی دیدا بوو، ئەگەر تەواو وەک خۆشەویستیی خوداییش نەبێت، ئەوا زۆر لێیەوە نزیکە، بەڵام خۆشەویستی ئەگەر هەر لە پێناوی ئەوەدا بێت، کە ئەم پێویستی بە ئەوە، ڕەنگە جۆرێک بێت لە هۆگربوونی ئەوی دیکە، وەلێ ناتوانین ناوی ئەوینێکی پیرۆزی لێ بنێین. ئەوین و حەز لەگەڵ یەکدیدا ناکۆک نین، یەکتری تەواو دەکەن، ئاخر کە کەسێکمان خۆش ویست، ئاسایییە حەزیشمان لێی بێت و چێژیشی لێ وەربگرین و لە حاڵەتی وەهادا، ئاسان نییە سنووری نێوان لایەنە جەستەیی و ڕۆحییەکان دەستنیشان بکەین.
*
(١) لویس کلایف ستیبلز، الحب.
(٢) فرانک سیمون لودفیغوفتش، اللە معنا.
(٣) برتراند راسل، تأریخ الفلسفة الغربیة.
(٤) بییر تیا دي شاردین، الحب طاقة.
(٥) فلادیمیر سۆلۆفیوف، معنی الحب.
(٦) أ. سمیتانا. أهمیة عصرنا الراهن.
(٧) هیغل، محاضرات فی فلسفة الدین.
(٨) نوفالیس، الإیمان و الحب.
(٩) بنیامین دي ریبیک کونستان، مقالات في الأدب والسیسة.
(١٠) فرانس بادیو، من دفتر الذکریات.
(١١) فوفینارغ، تأملات وحکم.
(١٢) جولیان دي لامیتري، مقال في السعادة.
(١٣) فرانسو دی لاروشفوکو، حکم وتأملات أخلاقیة.
(١٤) فرنسیس بیکون، دروس وإرشادات أخلاقین وسیاسیة.
(١٥) افلاطون، المأدبة.
(١٦) فلسفة الحب، مجموعة من المٶلفین، ترجمة: هیثم صعب، الجزء الثاني، دار المدی للثقافة والنشر ٢٠١٠ دمشق.
Top