كفراندن و كفرێنه‌ران
April 18, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :ئه‌لسه‌ید ئه‌لتوی
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
وه‌رچه‌رخانی دیرۆكیی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، كۆمه‌ڵێك زاراوه‌ی هه‌مه‌جۆر له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. له رێی ئه‌و زاراوانه‌وه ده‌كرێ له خه‌سڵه‌ت و ته‌نگژه‌كانی ئه‌و قۆناغه حاڵی بین. له‌م كاته‌ی ئێستاشدا ره‌نگه كفراندن (ته‌كفیر) یه‌كێك بێت له گرنگترین زاراوه‌كان، چونكه چوارچێوه‌ی بیر و برِوای خۆی به‌زاندووه و خۆی تێكه‌ڵ به هه‌موو كردارێكی سیاسی یان ئایدیۆلۆژی كردووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ده‌رچوونه، له‌وه‌تای بزاڤی رێنیسانسی عه‌ره‌ب ده‌ستی پێ كردووه، واته چركه‌ساتی دیاری كردنی گرفته‌كانی نه‌ته‌وه و ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی بۆیان گونجاون، بووه‌ته واقیعێك، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی ببێته سیمایه‌كی دیاری قۆناغه‌كه، به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و وه‌رچه‌رخان و گۆرِانانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب پێیاندا تێپه‌رِ ده‌بێت، ئه‌و وه‌رچه‌رخان و گۆرِانانه‌ی هه‌ندێك كه‌س له چێوه‌ی ریكلامدا یان بۆ به ده‌نگه‌وه چوونی واقیعی سیاسیی شۆرِش، باسی ده‌كه‌ن.ئه‌م زاراوه‌یه په‌یوه‌ندیی به زاراوه‌ی دیكه‌شه‌وه هه‌یه، وه‌ك توندرِه‌وی، چه‌واشه‌كاری، پاشڤه‌رِۆیی و تیرۆر. ئه‌و له لایه‌نێكه‌وه ده‌رده‌چێت كه توانیویه‌تی یان ده‌توانێت یان له قۆناغی تواناییدایه، پێی وایه، ئه‌و هه‌قیقه‌تی جووت له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و رێخۆشكه‌ری رزگاریی ها له ده‌ستدا. له‌م رووه‌وه كاره‌كه هیچ جیاوازییه‌كی نییه له نێوان هه‌قیقه‌تی ئایینی یان سیاسی یان ئایدیۆلۆژییه‌وه، ئه‌م زاراوانه تێكرِا زیاتر ده‌چه‌سپێن، هه‌رچه‌ندی هزر بكه‌وێته به‌سته‌ڵه‌ك و به خۆیدا داخرا بێت، یان هه‌رچه‌نده كۆلۆنیالیزم و زاڵ بوون لانه بكه‌ن. نموونه‌ش بۆ ئه‌مه زۆرن، هه‌رچه‌ندی ئیجتیهاد پاشه‌كشه‌ی بكردایه، ئه‌وا بازنه‌ی زێده‌رِۆیی له هزری ئیسلامی‌دا فراوانتر ده‌بوو، چێوه‌كه‌شی به شێوه‌یه‌كی خورافی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی وه‌هابی و لق و پۆپی كه لێی بووه‌وه، چه‌ندباره بوو، تا وای لێ هات هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی پێچه‌وانه بۆ ئیسلام به زێده‌رِۆیی داندرا.
هه‌رچی ماركسیزمه، ئه‌وا زاراوه‌ی چه‌واشه پشتاو پشت و ده‌ماو ده‌م (له نێویدا) بڵاو بووه‌وه، ئه‌ویش هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاو بوونه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی كتێبیانه بۆ ئه‌و گۆرِانه‌ی به برِوایه‌كی چه‌سپاوی دوور له روحی گه‌شه كردن، هاته دی. له كاتێكدا زاراوه‌ی تیرۆر بڵاو بووه‌وه، ئه‌ویش له قۆناغێكدا كه كۆلۆنیالیزم بوو به غوول و باڵاده‌ست بوو، تا گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ی خه‌بات له پێناوی ئازادی و مافی چاره‌ی خۆنووسین یان تێكۆشان له پێناو دادی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، بوو به ده‌رچوون له شه‌رعیه‌ت. كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیش چاوی له‌وه‌یه ئه‌م زاراوانه بپووكێنه‌وه و ببنه ته‌نیا دروشمی ره‌ق و رووت، هه‌روه‌ها هه‌وڵیش ده‌دات ئاسۆی دیالۆگیش فراوان بكات، بناغه بۆ بنه‌مای مافی جیاواز بوون دابمه‌زرێنێت، له‌مه‌شدا لۆژیكی تاكه هه‌قیقه‌تی ره‌ها تێپه‌رِێنێت. به‌ڵام ئاخۆ كامه‌یه پێوه‌ری راسته‌قینه، كه وامان لێ ده‌كات برِیار بده‌ین، كه ئه‌م رێرِه‌وه له به‌رِێوه بردنی دیالۆگی نێوان لایه‌نانی سیاسی و ئایینی و ئایدیۆلۆژی مایه‌ی قبووڵه؟ كه ئه‌مه‌ش به جۆرێك له سه‌روه‌سیه‌تی داده‌ندرێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مرِۆ به لای ئێمه‌وه راست و دروسته و له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و لۆژیكدا جووته، ره‌نگه له ئایینده‌دا ببێته زێده‌رِۆیی و په‌رِگیری. ئایا لایه‌نی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات نییه كه ئه‌م شته دیاری ده‌كات؟
ئه‌م جۆره پرسیاره به‌ره‌و كارێكی گرنگ ئاراسته‌مان ده‌كات، هه‌موو جۆره‌كانی كفراندن به‌ندن به ده‌ركارییه‌ك، ئه‌ویش به‌ده‌ست هاتنی هه‌قیقه‌ته، له كۆنترۆڵ كردنی ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌شدا پشت به چرِ كردنه‌وه‌ی مرۆڤ له یه‌ك ره‌هه‌ندی باڵاكرد به‌سه‌ر دیرۆكه‌وه، ده‌به‌ستێت. ئه‌مه‌ش قسه‌ی خاوه‌ن گوته‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی نییه، به لای ئه‌وانه‌وه هه‌قیقه‌ت هه‌میشه رێژه‌ییه، هه‌رچی مرۆڤه، ئه‌وه به لای ئه‌وانه‌وه فره ره‌هه‌نده. جا خۆ ئه‌م بنه‌مایانه ناكاته ون بوونی بناغه‌ی پته‌وی هاوبه‌ش له نێوان تێكرِای مرۆڤه‌كاندا، كه به‌ره‌و به‌دی هاتنی به‌خته‌وه‌رییان په‌ل ده‌هاوێت، كه خۆی له ئاسان كردنی رێكاره‌كانی پێكه‌وه ژیانی نێوانیان ده‌نوێنێ، له باوه‌شی ئه‌ڤین و ئاشتیدا. هه‌روه‌ها گۆرِینی ململانێی نێوانیان بۆ ململانێ له‌گه‌ڵ سروشتدا بۆ كه‌وی كردن و ده‌رهێنانی خێر و بێره‌كه‌ی، هه‌روه‌ها رزگار بوون له هه‌موو چه‌شنه‌كانی وه‌هم و مافخۆری كه به درێژایی میژوو ره‌گی داكوتاوه.
هه‌ر چۆنێكی بێت، كفراندن له هه‌موو حاڵه‌تێكدا دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌وی دیكه‌یه، كه توند و تیژیی ماددی و هێماییشی به دوادا دێت، به ئاماده بوونی ئه‌و ناكرێ باسی دیموكراسی یان ئازادی یان ده‌وڵه‌تی ده‌زگا بكرێت. ئه‌گه‌ر له بواری ئاییندا مرۆڤ له گرووپی هه‌ق لا ده‌دات، ئه‌وا له بواری ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌تدا ده‌چێته خانه‌ی خیانه‌ت و تاوانه‌وه، به هه‌ردوو دیویشدا سرِینه‌وه‌ی ئه‌وی دیكه و قۆرخ كردنی رای ئه‌وه. كاره‌ساتی كفراندن به هاوپه‌یمانیی نێوان ئایین و سیاسه‌ت ده‌گاته چڵه پۆپه، ئیدی جیاوازی له بواری سیاسه‌تدا مۆركی لۆژیكی ئایین ده‌گرێته خۆ، به‌م جۆره به‌رهه‌ڵستكار (ئۆپۆزسیۆن) ده‌بێته كافر و پشتی له نه‌ته‌وه كردووه، هه‌ر كه گه‌یشته ئاستی خۆی ده‌بێ بكوژرێت، پیاوانی ئایینش ئه‌م به‌رپرسایه‌تییه ده‌گرنه ئه‌ستۆ، وه‌هاش ده‌قی پیرۆز لێك ده‌ده‌نه‌وه كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی سوڵتاندا یه‌ك ده‌كرێته‌وه.
ئێمه ده‌توانین ناكۆكیی سیاسیی ئایدیۆلۆژی له رێی ئه‌زموونه‌وه یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه، چونكه ده‌توانین ژێیه‌كانی (ئه‌زموون) راست بكه‌ینه‌وه، شوێنانی لاواز و سستی بدۆزینه‌وه یان ئه‌لته‌رناتیف دیسپلین بكه‌ین، به‌ڵام ناتوانین جیاوازیی ئایینی و هه‌ر شتێكی له چوارچێوه‌ی ئه‌ودا بێت، یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه، چونكه ئه‌و مۆركێكی جیاواتر له سیاسه‌تی هه‌یه، ئایا ده‌كرێ بۆ نموونه شیعه و سوننه به یه‌ك بگه‌ن هه‌رچه‌ندی كه پاساوی به‌هێز له به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌كیاندا بێت؟ به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ده‌توانین بڵێین ئه‌زموونی سۆسیالیزم له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش به گوێره‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تیانه بۆ ئه‌و ئه‌زموونه، هه‌ر بۆیه تێك هه‌ڵكێشانی ئایین و سیاسه‌ت به‌و ئاكامه ده‌گات، كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیاری كرا‌و بۆ ئایین به پیرۆز بزاندرێت، ده‌رچوون له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ش به ده‌رچوون له ئایین داده‌ندرێت.
له واقیعدا له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه راپه‌رِینیان به خۆوه دیت و بووه مایه‌ی لاچوونی ترۆپكی ده‌سه‌ڵات، به تایبه‌تی له توونس و میسردا، لایه‌نێكی روون و ره‌وان له‌وه‌ی گوتمان دووپات ده‌كاته‌وه. چه‌پرِه‌وان یان راسترِه‌وان هه‌رچه‌نده ده‌ڵێن كه ئه‌وان لۆژیكی دوورخستنه‌وه‌یان تێپه‌رِاندووه، ئه‌وا هێشتا هه‌ر زاراوه‌گه‌لێك به‌كار ده‌هێنن كه له سوورِگه‌ی كفراندندا ده‌خولێنه‌وه، جا له‌گه‌ڵ كه‌سانی هاوشانی خۆیاندا بێت یان له‌گه‌ڵ نه‌یارانی ئایدیۆلۆژیی خۆیاندا بێت. چه‌پرِه‌وێكی رادیكاڵ ئه‌و چه‌پرِه‌وه ده‌كفرێنێ كه به ئاراسته‌یه‌كی جیا له ئه‌و ده‌رِوات، له روانگه‌ی ئه‌وه‌ی چووه‌ته پاڵ كاروانی بورژواوه و بووه‌ته كلكی ئه‌و. به هه‌مان شێوه راسترِه‌ویش ده‌كفرێنێ به‌وه‌ی پاشڤه‌رِۆیه و پشت له ئایینده ده‌كات. راسته‌رِه‌وێكی كه پێی ده‌گوترێت توندرِه‌و ئه‌ویش له لای خۆیه‌وه راسترِه‌وێكی میانرِه‌و ده‌كفرێنێ و به لادان له بنه‌چه كه شه‌ریعه‌ته، تۆمه‌تباری ده‌كات. ئه‌وان بوونه سه‌روه‌سیه‌تی راپه‌رِینێك كه خۆیان نه‌یان كردووه، كه‌چی كه‌سانی دی له رووی سیاسییه‌وه ده‌كفرێنن و تێشده‌كۆشن تا له سه‌ر رێی خۆیان لایان بده‌ن. چه‌ندین ئه‌ڵقه‌یه و داوی پێكه‌وه گرێدانیان (بریتییه له) كفراندن و خیانه‌تاندن و دوورخستنه‌وه و توند و تیژی.
له كفراندندا تا راده‌یه‌كی زۆر قوول بووینه‌ته‌وه، نه‌مازه كه ئایین و سیاسه‌ت چوونه نێو یه‌كه‌وه و له‌گه‌ڵ ئاره‌زوویه‌كی بێ وێنه بۆ به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵاتدا ئاوێته بوون. جا هه‌ر جیاوازییه‌ك له دیدی ئابووری یان سیاسییه‌وه به گوته‌ی كفراندنانه پاچڤه ده‌كرێن: پیاوانی رژێم، دوژمن نه‌ناسان، كافران، ئه‌م قسانه وه‌به‌ر گوێی جه‌ماوه‌ردا ده‌درێن، ئه‌وانیش به پاكیی خۆیان ناتونن ئه‌وه‌ی سیاسییه له ئه‌وه‌ی ئایینه جیای بكه‌نه‌وه، ئیدی توند و تیژی ده‌ست پێ ده‌كات. هه‌مان برِیار ده‌رهه‌ق به ئۆپۆزسیۆنیش، هه‌رچه‌نده به نه‌رمتر، پیاده ده‌بێت، چونكه ده‌نگی ناگاته جه‌ماوه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌هه‌ندی ورووژێنه‌ری نییه كه ئایینه. ئۆپۆزسیۆن ده‌سه‌ڵات ده‌كفرێنێ و پێی وایه هه‌رچیی كه ده‌یكاته جۆرێكه له خۆفرۆشی و هه‌وڵ ده‌دات رۆشنایی بخاته سه‌ر لایه‌نانی تاریكی ئه‌زموونه‌كه‌ی. ده‌كرێ ئه‌م شرۆڤه‌یه رابكێشینه سه‌ر تێكرِای باری سیاسی وێرِای هه‌ندێك جیاوازی. ره‌نگه ئه‌و رووداوانه‌ی له به‌رده‌می یه‌كێتی (ئه‌لئیتیحاد)دا رووی دا و ئه‌وه‌ی به دوای ئه‌ویشدا هات، باشترین به‌ڵگه بن بۆ ئه‌مه، هه‌ر گرووپه ئه‌وی دی وه‌لاوه ده‌نێت و خۆی ده‌كاته سه‌روه‌سیه‌ت و خاوه‌نی شۆرِش. لایه‌نگرێكی یه‌كێك له‌و دوو گرووپه په‌نای برده به‌ر مزگه‌وت و كه‌وته حه‌رام كردنی شتانێك و حه‌ڵاڵ كردنی شتانێكی دی. له كاتێكدا یه‌كێكی دی كه‌وته خۆ و سه‌ر له‌نوێ بانگه‌شه‌ی بۆ شۆرِش ده‌ست پێ كرده‌وه. هیچ كام له‌و دوو گرووپه له‌وه حاڵی نه‌بوون كه شتانی چه‌سپاوی نیشتیمانی هه‌ن، كه هه‌موو ره‌نگ و مه‌یلێك له به‌رده‌میدا ده‌رِووخێت و قابیلی موزایده نییه.
جێی خۆیه‌تی له‌م باره‌یه‌وه قسه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی مه‌ترسیداره و ئه‌وه‌ی مه‌ترسیدارتره بكه‌ین، كفراندنی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و خیانه‌تاندن و تاوانبار كردن و په‌یدۆز كردنی خه‌وش و نه‌نگییه‌كان، كاری مه‌ترسیدارن كه دیدێكی ته‌سك، هه‌رچه‌نده وردیش بێت، پیشان ده‌دات. كفراندن به به‌كار هێنانی ئایین مه‌ترسیدارترینه، چونكه ده‌بێته مایه‌ی توند و تیژی و دوور خستنه‌وه. راسته سیاسه‌ت له پێناو به‌ده‌ست هێنانی ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێ، رێ به هه‌موو شتێك ده‌دات، به‌ڵام سیاسه‌ت نه‌ریتی خۆی هه‌یه، كه‌واته به‌كار هێنانی ئایین و فه‌زاكانی و به شێوه‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌ی كه ده‌ست له‌به‌ر سۆزی جه‌ماوه‌ر پان بكرێته‌وه، ره‌فتارێكی دووره له دیموكراسی، كه ئه‌و به زۆر یان به خوایشت له سایه‌یدا ده‌سوورِێته‌وه.
كفراندن وای كرد جه‌ماوه‌ر له دوو ریزدا هه‌ستنه سه‌ر پێ: ریزێكی لایه‌نگر به حكوومه‌ت كه ئاماده‌یه ئه‌هریمه‌ن بكاته فریشته، به مه‌رجێك بتوانێ دروستیی هه‌ڵوێستی ئه‌و بسه‌لمێنێت، ئه‌و لایه‌نه‌ش له داباراندنی تۆمه‌ت بۆ ئۆپۆزسیۆن وه‌ستایی ده‌نوێنێ، ئه‌و به پیلانگێرِی دژ به گه‌ل تۆمه‌تباری ده‌كات ، گوایه هه‌وڵ ده‌دات نموونه‌یه‌كی ناپه‌سندی كۆمه‌ڵایه‌تی بهێنێته به‌رهه‌م. ریزێكی نه‌یاریش كه له خیانه‌تاندن و تاوانبار كردن‌دا كه‌متر كارامه نییه، به لای ئه‌وانه‌وه هه‌ر شتێكی كه له لای ئه‌وی دیكه‌وه بێت پیلانێكه دژ به گه‌ل و خزمه‌ت به ئیمپریالیزم و نۆكه‌رانی ده‌كات. هه‌ردوو ریزه‌كه‌ش وا ته‌ماشای میدیا ده‌كه‌ن كه ناپاك و خیانه‌تكاره و ده‌ستی شاراوه ده‌یجوولێنێت و گه‌ل ته‌فره ده‌دات و به‌و "شۆرِش"ـه‌ی كردوویه‌تی، دڵخۆشی ده‌كات. له نێوانی ئه‌م و ئه‌ودا هه‌قیقه‌ت ون ده‌بێت كه ده‌كرێ له لای یه‌كێكیان بێت یان دابه‌ش بووبێته نێوانی هه‌ردووكیانه‌وه.
به‌ڵام "مانگه‌شه‌و پێویست به ئه‌نگوست ناكات"، هه‌ر كه‌سی دژ به ئازادی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی بوه‌ستێت، جا ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی خۆی تێوه پێچاوه، هه‌ر چییه‌ك بێت، هه‌ر ئه‌وه كه ده‌بێ پرۆتستۆ بكرێت. ئه‌م شته‌ش نایه‌ته دی ته‌نیا به گوتارێكی سه‌نگینی دوور له ورووژان و نائارامی نه‌بێت، كه‌سێكیش بێ له رۆشنبیری شاره‌زای (ئه‌لیف و لام)، ناتوانێ ئه‌م ئه‌ركه به‌جێ بگه‌یه‌نێت. جه‌وهه‌ری ئه‌م پرۆتستۆیه‌ش له ریسوا كردنی ئه‌وانه‌دا ده‌بێت كه بازرگانی به خه‌ون و ئایینده‌ی گه‌له‌وه ده‌كه‌ن، له روون كردنه‌وه‌ی هه‌قدا مه‌حه‌ك به‌ڵگه و پاساوه، هه‌رچی ئامرازه بێ نرخه‌كانی دیكه‌یه ئه‌وا زه‌مان له (بن به‌رِه‌وه ده‌یان هێنێته سه‌ر به‌رِه). گه‌لان یادگه‌یه‌كی بێ به‌زه‌ییان هه‌یه. به‌ڵام هه‌ی داد و بێداد، له نێوانی رۆشنبیر و گه‌لدا دیوارێكی گه‌وره هه‌یه، له‌گه‌ڵ به‌ره‌به‌یانی دیكتاتۆریه‌ت له توونسی نوێ‌دا ده‌ست به دروست كردنی كرا، له‌م كاته‌شدا نوێنه‌رانی كۆلۆنیالیزم درێژه به دروست كردنه‌كه‌ی ده‌ده‌ن، به هیوای ئه‌وه‌ی بگاته كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك.
بێ له دیموكراسی، شتێكی دی نییه كه ئێمه له تیری ده‌مارگیری و سرِینه‌وه بپارێزێت، دیموكراسی دوایین شته كه مرۆڤ بۆ رێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌كان و مسۆگه‌ر كردنی ئاشتیی نێوانیان، پێی گه‌یشتووه. هه‌روه‌ها ناچاریشمان ده‌كات كه دیالۆگ بكه‌ین و ئه‌و بنه‌مایانه‌شمان به سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت، كه ده‌بێ پێوه‌ی په‌یوه‌ست بین، ئه‌وانیش بنه‌ماگه‌لێكن ئه‌وه‌ڵ و ئاخیر مرۆڤ ئامانجیانه. دیموكراسی گوێ درێژێك نییه كه تا گه‌یشتن به خواست و مه‌به‌ست سواری سه‌ر پشتی بین و له كۆتایی گه‌شته‌كه‌شدا سه‌ری ببرِین. ئه‌و فه‌زایه‌كه و ده‌رفه‌ت ده‌دات بیر و بۆچوونی جیاجیا كه مه‌به‌ستیان به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤه، له‌گه‌ڵ یه‌كدا كێبه‌ركێ بكه‌ن.
خۆ ئه‌گه‌ر دیموكراسی له رۆژاوادا له زۆر جێ‌دا شكستی خواردووه، ئه‌وا هه‌ر وه‌ك توانایه‌كی به‌رده‌ستی ئه‌و هێزانه ده‌مێنێته‌وه كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن مرۆڤ له كۆیلایه‌تی و زه‌رووره‌تی كوێرانه رزگار بكات. پێویسته هه‌مه‌جۆر ئایدیۆلۆژیایه‌كیش كاتژمێری هزریی خۆی راست بكاته‌وه، به‌ر له‌وه‌ی مێژووی بیپلیشێنێته‌وه.
سه‌رنج: (كفراندن)م به واتای (ته‌كفیر)، (كفرێنه‌ر)یشم به واتای (موكه‌فییر) داتاشیوه- ت. ك.