کۆمەڵگەی کوردیی فەیسبوك.. پێوەندییە نوێیەکانی مرۆڤی کوردی بە دیموکراسیەوە

کۆمەڵگەی کوردیی فەیسبوك.. پێوەندییە نوێیەکانی مرۆڤی کوردی بە دیموکراسیەوە

نووسه‌ر :دکتۆر عادل باخه‌وان

کامەیە سروشتی ئەو پەیوەندیە ئەفسوناویەی کە لە سەدەی نوێدا دیموکراسی و ئەنتەرنێت پێکەوە دەبەستێتەوە؟ لە سەردەمی هەژموونی ئەنتەرنێتدا چۆن و بەچ رێگایەك دیموکراسی دەتوانێت خۆی بەدیبێنێت؟ چۆن و کەی و لەکوێدا ئەنتەرنێت دێت و رووبەرەکانی چاودێریی دیموکراسی بینا دەکات؟ کامانەن ئەو بنەمایانەی کە ئەکتەرە کۆمەڵایەتیەکان، لەچرکەساتی بەکارهێنانی ئەنتەرنێتدا، بەکاریان دەهێنن و کاریان لەسەردەکەن؟...
بەسنووری درێژبوونەوەی لیستی پرسیارەکان و دەرکەوتنیان لە ئاستی جیاوازدا، لیستی وەڵامەکانیش درێژ دەبێتەوە و لە ئاستی جیاوازدا دەردەکەون. چەند پرسيارەکان هەڵگری لێکدژی بن، هێندەش وەڵامەکان هەڵگری هەمان ئاست و جۆری لێک دژین.
ئەنتەرنێت بەتەنیا «شتێك» لە شتەکان نییە تا وەك یەکەیەکی گونجاوی گونجاوکار مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. بەڵکو لەیەك کاتدا چەند شتێکە: ئەنتەرنێت کەرەسەیەکی تەکنیکیە، میدیایە، پانتایی گشتیە، چەکێکی سیاسیە، پەیوەندی کۆمەڵایەتیە، دروستکەر و هەڵوەشێنەرەوەی خێزانە، رووبەری پەروەردەی بەرزە، رووبەری بەیەك گەیشتنی فرۆشیار و کڕیارانی سێکسە، بازاڕێکی نوێی گەورەی ناوخۆی و ناوچەیی و جیهانییە،...، بەکورتی ئەنتەرنێت هەموو ئەو شتە لێک دژە بێ سنورانەیە کە کۆمەڵگەکان بەگشتی و نەوەی نوێ بەتایبەتی بە گۆشت و ئێسقانەوە تێکەڵی دەبێت.
بێگومان ئەوەی لێرەدا ئیشکالیەتی ئێمەیە، هەموو ئەو رووبەرە لێک دژانە نین کە نیشتمانی نوێی ئەنتەرنێت پێکدەهێنن. هەرچەند ئەمە دەکرێت وەربگێڕدرێتە سەر توێژینەوەیەکی وردی سۆسیۆلۆژی، بەڵام ئەوەی کە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، پەیوەندی ئەنتەرنێتە بە دیموکراسیەوە. ئەنتەرنێت پێش ئەوەی هەرشتێك بێت، پێش ئەوەی هەر کارێك بکات، پێش ئەوەی هەر رووبەرێك دروستبکات، دەتوانین وەك بەڵگە نەویستێك بڵێین: گەدەی هەرسکردنی کۆدەکانی سیاسەتە، دروستکردنی کەرەسەکانی چاودێریکردنی دیموکراسیە، چوارچێوەی کۆنترۆڵکردنی نوخبەی دەسەڵاتە، کردنەوەی زمانی هاووڵاتی بێزمانە و هەموو ئەمانەش وامان لێدەکات کە ئەستەم بێت لە ئێستا و ئێرەدا بتوانین وێنای کۆمەڵگەیەکی سیاسی و دیموکراتیك بەبێ ئەنتەرنێت بکەین.
لەنێو هەموو ئەم پراکتیکە فرە، جیاواز، لێک دژەی کە ئەنتەرنێت و سیاسەت، ئەنتەرنێت و دیموکراسی پێکەوە دەبەستێتەوە، ئێمە چوار بنەمای سەرەکی بۆ تێگەشتن لە سروشتی ئەم پەیوەندیە، لە ستراکتۆرەکەی، لە چۆنییەتی کارکردنی، لە دەرەنجامەکانی پێشنیار دەکەین. بێگومان هەریەکێك لەم چوار بنەمایە دەکرێت ژێرە-بنەمایان هەبێت، بەڵام بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی «کۆنسێپتیول/چەمگەرا»ی گشتی، ئێمە لە سنوری هێڵە گشتیەکاندا دەمێنینەوە. بنەما گشتیەکانیش بریتین لە: بنەمای یەکسانی، بنەمای خودگەرایی، بنەمای خوارەوەی کۆمەڵگە، بنەمای خێڵە نوێیەکان.
بنەمای یەکسانی
یەکێك لە دروشمە مێژوییەکانی دیموکراسی مۆدێرن بریتییە لە بنەمای یەکسانی لەنێوان هاووڵاتیاندا. دیموکراسی هەمیشە خۆی وەك سیستەمی هەموو ئەو کەسانە خستووەتە سەر شانۆ کە شانسی قسەکردنیان لە پانتاییە گشتیەکاندا لە ئاستێکی نزمدایە. گەر لەم گۆشەنیگایەوە بۆ ئەنتەرنێت بڕوانین، دەتوانین بە ئاسانی تێبینی ئەوە بکەین کە ئەم دروشمە مێژووییەی دیموکراسی، ئەم ئایدیالەی دیموکراسی لە نیشتمانی ئەنتەرنێتدا گەشتووەتە لوتکە. واتە ئەنتەرنێت نەك هەر بەیەکسانی مافی قسەکردن بە کۆی هاووڵاتیان دەبەخشێت، بەڵکو مافی چاودێریکردنی دیموکراسی و رەخنەلێگرتنی و پاشان سزادانیشی وەك یەك بە کۆی هاووڵاتیان دەبەخشێت. وەك چۆن لەبەردەم خوادا هەموو مرۆڤەکان یەکسانن، ئاواش لەبەردەم ئەنتەرنێتدا سۆسیۆلۆگێك و شوانێك، سەرۆکی کۆمار و تەماتە فرۆشێك، ژەنەراڵی سوپا و شاعیرێکی هەست ناسك، ئیپیستیمۆلۆگێك و گاوانێك یەکسانن.
بەڵام یەکسانی مانای یەك ئاستی نییە، یەکسانی مانای یەك پێگەیی نییە! راستە لەسەرەتاوە و کاتێك هەموومان لە سەر سنووری نیشتمانی ئەنتەرنێتین، هیچ ئەرزشێك بۆ پێگە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و ئایینییەکانمان دانانرێت، بەڵام ئەوەش راستە کە، لەڕێگای ئەوەی کە دواتر لە نیشتمانی ئەنتەرنێتدا دەینووسین، ئەنجامیدەدەین و بەرهەمیدەهێنین، بەشێوەیەکی خۆڕسکیانە، جۆرێك لە پلەبەندی دروست دەبێت. ئەم پلەبەندیە پەیوەندی بەوەوە نییە کە تۆ چیت، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تۆ چیدەکەیت! واتە، بۆئەوەی ئەرزشت بۆدابنێت ئەنتەرنێت پرسیاری ئەوە لەتۆ ناکات کە تۆ چیت، بەڵکو پرسیاری ئەوەت لێدەکات کە تۆ چیدەکەیت.
لێرەوە، هەموو ئەوانەی کە ئەنتەرنێت بەکاردەهێنن لە هۆڵی تاقیکردنەوەی بەردەوامی خودی ئەنتەرنێتدان؛ بەو مانایەی کە هەر یەکێك لە ئێمە دەتوانێت تواناییەکانی خۆی تاقیبکاتەوە و خۆی وەك ئەکتەری یەکەمی ژیانی خۆی بسەلمێنێت و پاشان ببێت بە «رەقیبـ»ـێکی هەمیشەیی بەسەر دنیای دەورووبەریەوە، بەتایبەتی دەورووبەری سیاسی. رەقیبێك کە خاوەنی دەسەڵاتی رەدکردنەوەی سیفەتەکانی وەك باوك، براگەورە، زانا، راعی، سەرۆكە‌ و هەموو چاودێریکراوەکان تەنیا وەك هاووڵاتی و لە ئاستی خۆیدا دەبینێت. بۆئەوەی گوزارشت لەخۆی بکات، ئەویتر وەك پێگە نابینێت، بەڵکو وەك کەسێك کە پێیدەوترێت مرۆڤێکی یەکسان بە هەموو ئەوانیتر!
رەنگە هەندێك پێیانوابێت بنەمای یەکسانی بریتییە لە دروستکردنی هەلومەرجی گەڕەلاوژەیی بێ مانا! رەنگە ئەمە تا رادەیەك راستبێت، هەر بۆیە لەهەر بستێکدا یەکسانی ئامادەبێت، کارکردنیش بۆ نرخاندنی گیانی «بەرپرسیاری» لای تاکەکان ئامادەیە. بارودۆخی ئایدیالی ئەنتەرنێت بریتییە لە تاکی یەکسان، کە دەمانبات بۆ تاکی بەرپرسیار، کە دەمانبات بۆ تاکی هەڵوێستدار. بێهودەنییە کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان جەنگێکی هەمیشەیی لەنێوان دەنگدار و بێدەنگەکان، هەڵوێستدار و بێهەڵوێستەکان، بەرپرسیار و نابەرپرسیارەکاندا لەئارادایە. بێهودەنییە کە چالاکەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەردەوام سەرگەرمی بێ بەهاکردنی مرۆڤە نەرمەکانن.
ئایا بنەمای یەکسانی مرۆڤەکان لەبەردەم ئەنتەرنێتدا رەنگدانەوەی واقیعێکی کۆنکرێتی کۆمەڵایەتیە؟ بێگومان نەخێر. ئەم بنەمایە رەنگدانەوەی ئایدیالێکە کە «مونەزیرەکان/تیۆریسیانەکان»ی ئەنتەرنێت، لەسەر هەمان میتۆدۆلۆژیای ڤێبەری، دەستنیشانیدەکەن. گەرنا لە ساتەوەختی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا، بۆنموونە فەیسبوك، تەواوی نایەکسانییە کۆمەڵایەتیەکان، کە سەرمایەی رەمزی هەر تاکێك بە میتۆدۆلۆژیە بۆردیۆیەکەی پێکدەهێنن، خۆیان دەخەنە بەر خۆر و بەروونی تێبینی دەکرێن. مامەڵەی کچێك لەگەڵ فەیسبوکدا کە بەکلۆریای تەواونەکردووە، باوك و دایکێکی نەخوێنەواری هەیە، لە گەڕەکێکی داڕزاودا دەژی، سنوری جوڵانەوەی سێ کۆڵان تێناپەڕێنێت، بەهیچ شێوەیەك هەمان مامەڵەی کچێکی دیکە نییە کە دکتۆرای لە ئەدەبی ئینگلیزیدا هێناوە، باوکی پارێزەرە، دایکی مامۆستایە، لەگەڕەکێکی راقی شاردا دەژی و هەڵگری هەردوو جنسیەی عێراقی و هۆڵەندیە و تێکۆشان لەپێناوی بەدیهێنانی دروشمە فێمێنیستەکاندا هەموو ژیانی داگیرکردووە. راستە کە لەبەرامبەر ئەنتەرنێتدا ئەم دوو کچە یەکسانن، بەڵام ئەوەش راستە کە تەواوی نایەکسانییە کۆمەڵایەتیەکان، تەواوی نایەکسانی سەرمایە رەمزیەکانیان، لە چرکەساتی چاودێریکردنی دیموکراسیدا (وریایی، رەخنەگرتن، نمرەبەخشین) خۆیان دەردەخەن. ئێمە دەتوانین گوزارشتێکی دیکە بەکاربێنین کە دەکرێت بەمشێوەیە دایڕێژین:
یەکسانی لەبەردەم ئەنتەرنێتدا تەواوی نایەکسانییە شاراوە کۆمەڵایەتیەکانی پێ لەنێو نابرێت، بەڵام لەڕێگای بەشداریکردنی چرکەساتیی هەمووانەوە، دەتوانێت تا ئاستێکی بەرز کەمیان بکاتەوە. چەمکی هاوبەشیکردن دوو فەرمانی هەنوکەیی دەسەپێنێت. فەرمانی یەکەم پەیوەندی بە سەرمایەی رەمزی بەهێزەوە هەیە و داوای لێدەکرێت، لە کاتی گوزارشتکردن لەخۆیدا لە عەرشی زمانە سەختە زانستیەکان بێتە خوارەوە و بەجۆرێك بدوێت کە هەموو لایەك تێبگەن. فەرمانی دووهەمیش پەیوەندی بە سەرمایە رەمزیە لاوازەکانەوە هەیە و داوای لێدەکرێت کە لە کاتی گوزارشتکردن لە خۆیدا زمانە بازاڕیەکەی بەجێبێڵێت و خۆی بۆ ئاستێکی قبوڵکراو بەرزبکاتەوە. دەکرێت لە رێگای ئەم دوو فەرمانەوە، بەشێوەیەکی رێژەیی، دەستکاری هەردوو سەرمایە رەمزیەکە بکرێت و نزیکبوونەوە لە بنەمای یەکسانی ببێت بە گریمانەیەکی «مومکین».







بنەمای خودگەرایی
پێش سەرهەڵدانی ئەنتەرنێت، کەرەسە گشتیەکانی گەیاندنی وەك رۆژنامە، کتێب، رادیۆ، تەلەفزیۆن، لە ئاستی جیاوازدا پانتایی جیاکردنەوەی مرۆڤەکان بوون. هەر یەکێك لەو کەرەسانە سیستەمێکی تایبەت بە خەتهێنان بە ژێر ناوەکاندا هەبوو! بێگومان خەتهێنان بەژێر ناودا راستەوخۆ دەمانباتەوە سەر چەمکی پەراوێزخستن، چونکە پێماندەڵێت: کێ مافی ئەوەی هەیە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان‌، لەنێو رۆژنامەکاندا، لەسەر ئەنتێنی رادیۆکان دەرکەوێت و قسەبکات و کێش ئەو مافەی نییە. کێن ئەوانەی شایستەی نمایشکردنن و کێن ئەوانەش کە دەبێت پەردەپۆشبکرێن. کێن ئەوانەی دەزانن زمانی گوزارشت لە خۆیان بەکاربێنن و کێن ئەوانەش کە ئەم زمانەیان نییە. لە هەلومەرجێکی ئاوادا بەتەنیا نوخبەیەکی کورتکراوە دێن و کۆنترۆڵی هەموو کەرەسەکانی راگەیاندن دەکەن. نوخبەیەکی بچووکی قسەکەر و جەماوەرێکی گەورەی گوێگر، نوخبەیەکی کەمینەی بینراو و جەماوەرێکی زۆرینەی شاراوە! نوخبەیەکی چاودێر بەسەر دیموکراسیەوە و جەماوەرێکی خەوتوو لەنێو دیموکراسیدا!
ئەوەی ئەنتەرنێت دەیکات کۆتاییهێنانە بەم مێژووە، بەم پرۆژەیە، بەم نوخبەیەی کە بەدرێژایی تەمەنی کاری لەسەر دوورخستنەوە و پەراوێزکردن کردووە. کۆتاییهێنان بەم مێژووە لەهەمانکاتدا سەرەتای دامەزراندنی شتێکی دیکەیە کە دەکرێت ناوی بنێین «ئازادکردنی خود»ـەکان و پێنانە نێو رووبەرەکانی خودگەراییەوە. ئەنتەرنێت دەرگا دەکاتەوە لەسەر هەموو ئەکتەرەکان، هەموو خودە جیاوازە کۆمەڵایەتیەکان تا وەك ئەوەی کە هەن گوزارشت لە تاقانەیی، لە تاکێتی، لە خودگەرایی خۆیان بکەن. تۆڕەکانی سەر ئەنتەرنێت مەیدانی بەریەککەوتن و تێکەڵبوون و جیابوونەوەی خودە جیاوازەکانە، پانتایی دەرکەوتنی ئەو زۆرینەیەیە کە میدیا کلاسیکیەکان دەیانشاردەوە وەك ئەوەی شەرمبکەن لە قسەکردنیان، لە زمانیان، لە دەربڕینەکانیان! لێرە بەدواوە بەتەنیا رۆژنامەوانێك، نووسەرێك، رۆشنبیرێك، هونەرمەندێك قسە لەسەر پراکتیکە جیاوازەکانی نوخبەی دەسەڵات ناکات، بەتەنیا ئەم ئەکتەرە چاودێر نییە بەسەر نوخبەی دەسەڵاتەوە، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگەی سەر ئەنتەرنێت ئەم رۆڵە دەبینێت. لەوەش زیاتر، ئەو پەراوێزخراوەی کە تا دوێنێ مافی ئەوەی نەبوو لە دوا لاپەڕەی رۆژنامەیەکیشدا ستوونێك لەسەر بابەتی نووسەرێك یان پراکتیکی سیاسیەك بنووسێت، لە ئێستای ئەنتەرنێتدا، نەك هەر دەنووسێت، بەڵکو دەتوانێت راستەوخۆ گفتوگۆشیان لەگەڵدا بکات.
لەپەنای دەرکەوتنی روتوقوتی خودەکاندا، ئەنتەرنێت چەندین رووبەری دیکەی لاستیکی، ناشەفاف، ئاڵۆز، ماسکگەرا دەخاتە بەردەم تاکەکان، بەڕادەیەك کە هەر کەسێك دەتوانێت لەیەککاتدا هەڵگری زیاتر لە شوناسێکبێت. گەر لەپانتاییە گشتیە کلاسیکیەکاندا ئێمە بەتەنیا هەڵگری شوناسێکی فیزیکی بووبین، لەپانتاییە گشتیە ڤیرتیوڵەکانی ئەنتەرنێتدا دەتوانین ئەو شوناسە فیزیکیە بکەین بە چەندین پارچەوە. راستە ئەم پارچە پارچەبوونەی شوناس جۆرێك لە نا شەفافی دروستدەکات، بەڵام ئەوەش راستە کە دەسەڵاتی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی دیموکراسی و نوخبەی دەسەڵات لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەهێزتر و کاراتر دەکات. بێهودەنییە کە نوخبەی دەسەڵات، پێش ئەوەی هەر هەنگاوێك بنێت، چاوێکی لەسەر فەیسبوك و تویتەر و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە. بێهودەنییە کە لەژێر کارایی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆییدا و دەستاودەستپێکردنی لەسەر تۆڕی فەیسبوك، بەرپرسێکی باڵای حکومەت ئامادەیە نەك هەر پێشوازی لەو هاووڵاتیە بکات کە بووە بە بابەتی ئەو گرتە ڤیدیۆییە، بەڵکو ئامادەشە بە کاروانی ئۆتۆمۆبێلەکانیشەوە، سەردانی ماڵەکەشی بکات.
یەکێك لەو تەڵەزگانەی کە دەبێت خۆمانی لێبپارێزین بریتییە لە وەرگرتنی ئەم تێزانە بەشێوەیەکی رەها. ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت رووناکی بخەینە سەر دەسەڵاتی ئەنتەرنێتە لە فراوانکردنی رووبەری دەرکەوتنی خودێك کە خودگەرایی خۆی وەك مێکانیسمێکی کارا بۆ چاودێریکردنی دیموکراسی و نوخبەی دەسەڵات بەکاردەهێنێت؛ مێکانیسمێك کە بە پلەی یەکەم بایەخ بە بابەتە گشتیەکان دەدات و گوزارشت لە هەڵوێستە زاتیەکانی خۆی لەسەر هەر یەکێك لەو بابەتانە دەکات. بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەنتەرنێت دەرگاناکاتەوە لەسەر چەندین ئاستی نزم لە «مومارەسە»کردنی خود؟ ئایا ئەنتەرنێت هەلومەرجی سوککردنی خود ئامادەناکات؟ ئایا تاکەکانی کۆمەڵگەیەك توانایی ئەوەیان نییە کە ئەنتەرنێت بکەن بە رووبەری شتە هەرە «شەخسیـ»ـەکانی کەسێك یان خێزانێك، بەڕادەیەك کە کەسێك دەچێتە ئاودەست و وێنەی خۆیدەگرێت و دەیخاتە سەر فەیسبوك و دەنووسێت: من ئێستا لە ئاودەستم؟ ئایا ئەم جۆرە رەفتارانە لەگەڵ ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا نامانبەنەوە سەر ئیشکالیەتی بێهەڵوێستی و بێبەهاکردنی گرفتە سیاسیە باڵاکان و چاودێریکردنی دیموکراسی و نوخبەی دەسەڵات؟
ئێمە بەسەلماندن وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە دەدەینەوە، بۆیە خوێنەر دەخەینە بەردەم مەترسی وەرگرتنی شتەکان بەشێوەیەکی رەها. راستە ئەنتەرنێت شانسی دەرکەوتن بەم جۆرە ئەکتەرە کۆمەڵایەتیانە دەدات، بەڵام گرەوی ئێمە لەسەر ئەم جۆرە ئەکتەرانە نییە، بەڵکو لەسەر ئەوانەیە کە خودگەرایی خۆیان وەك تاقیکردنەوە دەبینن و بە وشیاریەوە خودی خۆیان بەدیدەهێنن. گرەوەی ئێمە لەسەر ئەو ئەکتەرانەیە کە سنوری شتە تایبەتەکان لە سنوری شتە گشتیەکان جیادەکەنەوە و هەوڵدەدەن خودگەرایی خۆیان وەك «ئیلتیزام» لەبەرامبەر چاودێریکردنی رەوتی رووداوەکاندا وێنابکەن. گرەوی ئێمە لەسەر ئەم خودە بەرپرسیار و وشیارانەیە نەك ئەوانەی کە ئەنتەرنێت تەنیا وەك ئەلبومی وێنەی سەروپێ و کفتەی ئامادەکراو لەلایەن خێزانەکانیانەوە دەبینن.
Top