کۆمەڵگەی بێ متمانه
March 16, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :دکتۆر عادل باخه‌وان
له‌ڕێگای میتۆده ((کالیتتیڤ))ه‌کانه‌وه هه‌ست به‌وه‌ده‌که‌ین که ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ پێوەندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه کوردییه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه و پێوەندییهکانی هاریکاری ترادیسیۆنێلی مێکانیك ده‌دڕێن. پێوەندی مناڵان به باوك و دایکه‌وه، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ته‌ڵاق، کۆچ به‌ره‌و ئه‌وروپا، گه‌شتی مرۆڤی کورد به‌بێ خێزانه‌که‌ی به وڵاتاندا، دابه‌زینی ڕێژه‌ی مناڵ دروستکردن، په‌له‌نه‌کردن له ژنهێنان و شووکردن، سه‌رهه‌ڵدانی شوقه‌ی تاکه که‌سی له شاره‌کاندا، به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رخۆری تاکه که‌سی و وێناکردنی سه‌رمایه وه‌ك تاکه په‌نا و پاڵپشت، هەموو ئه‌مانه‌و چه‌ندین دیارده‌ی دیکه ده‌مانبه‌نه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که بێمتمانەیی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر به‌وردی له خانه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئیشده‌کات.له‌به‌شی یه‌که‌می ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا ئێمه به‌وردی باسمان له مۆدێلی لێبراڵی بێ- متمانه‌یی کرد. ئێستا کاتی ئه‌وه‌هاتووه که بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر مۆدێلێکی دیکه له بێ- متمانه‌یی که زاناکانی بواری زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به بێ- متمانه‌یی دیموكرات ناویده‌به‌ن. له‌م مۆدێله‌دا به‌ره‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌و به‌ره‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ك دو لێکدژی هه‌میشه‌یی وێنا ناکرێن و «حیقدێکی ڕه‌ش» پردی پێوەندی نێوانیان دروست ناکات. بێمتمانەیی دیموكرات بریتیه له به‌کارهێنانی ته‌واوی ئه‌و مێکانیسمانهی که ڕێگا به هاووڵاتیان ده‌ده‌ن تا چاودێری چۆنیه‌تی جێبه‌جێکردنی هەموو ئه‌و به‌ڵێنانه بکه‌ن که پێش گەیشتن به ده‌سه‌ڵات حزبێك یان چه‌ند حزبێك به جه‌ماوه‌ریان دابوو. له‌م مۆدێله‌دا هاووڵاتیان دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات ناکه‌ن، به‌ڵکو هاوڕێیه‌تی ده‌که‌ن، چاودێری ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت بزانن تا کوێ هه‌ڵبژێراوه‌کان ڕێز له ده‌نگه‌کانیان ده‌گرن و ئه‌و پرۆژانه جێبه‌جێ ده‌که‌ن که بوون به‌هۆی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌و ده‌نگی هاووڵاتیان. گه‌ر هاووڵاتیان توانایی ئه‌وه‌یان تێدابێت که گرووپێك بگه‌یه‌ننه ده‌سه‌ڵات، توانایی ئه‌وه‌شیان تیادایه که چاودێریان بکه‌ن و له ساته‌وه‌ختی ناپاکیکردن له له پرۆژه‌کان و به‌ڵێنه‌کان سزایان بده‌ن.
له هه‌رێمێکی وه‌ك كوردستاندا خراپترین شت بریتیه له پشتکردنه دێمۆکراسی، بریتیه له دژایه‌تیکردنی دێمۆکراسی و گه‌ڕانه‌وه بۆ جه‌نگی ناوخۆ. لێره چه‌ند ئه‌م مۆدێله‌ی دووه‌م ئاماده‌بێت و که‌ڵکی لێوربگیرێت، هێنده‌ش کەی دێمۆکراسی به‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا شۆڕده‌بێته‌وه و به‌ئاسانی که‌سێك، گرووپێك یان چه‌ند حزبێك ناتوانن هاوکێشه‌کان بگۆڕن.
بێمتمانەیی دیموكرات به‌سێ مێکانیسمی سه‌ره‌کی کارده‌کات: یه‌که‌میان بریتیه له ده‌سه‌ڵاتی چاودێریکردن، دووه‌میان فۆرمه‌کانی ڕێگالێگرتن و سێیه‌میشیان «ئیمتیحانکردن»ی بڕیاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانه. ئاماده‌یی ئه‌م مێکانیسمانه له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا سیسته‌می سیاسی ده‌پارێزێت له‌و شته‌ی که زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ناویده‌نێن«دێمۆکراسی وه‌رزی»؛ واته دێمۆکراسیهك که به‌پێی هه‌وا، حه‌ز، به‌رژه‌وه‌ندی و ئاره‌زووی که‌سێك یان گرووپێك کارده‌کات و هه‌رکه‌ی ویستیان هه‌ڵبژاردن ڕێکده‌خه‌ن و هه‌ر کاتێکیش نه‌یانویست سه‌دان بیانوی بۆ دروستده‌که‌ن و دوایده‌خه‌ن بۆ کاتێکی دیاری نه‌کراو. له دێمۆکراسی وه‌رزیدا که هه‌ڵبژاردنێك کۆتایی پێدێت ئیتر ته‌نیا خوا ده‌زانێت که‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ئه‌نجامده‌درێت و هیچ که‌س و لایه‌ن و ده‌زگایه‌ك ناتوانێت به‌رواری هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بزانێت. كوردستانی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردو باشترین به‌ڵگه‌یه. له ساڵی 1992 دا یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد ئه‌نجام ده‌درێت، دواتر هیچ ده‌سه‌ڵاتێك، ده‌زگایه‌ك، ئه‌کته‌رێك نه‌یتوانی به‌رواری هه‌ڵبژاردنی دووه‌م ده‌ستنیشان بکات. ئه‌م به‌رواره نه‌ك هه‌ر دهستنیشاننهکرا.
پاراستنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌م جۆره له دێمۆکراسی، له دێمۆکراسی وه‌رزی (وه‌رزانه)، جێگیرکردنی دێمۆکراسیه‌کی هه‌میشه‌یی متمانه‌پێکراوی دامه‌زراو، یه‌کسانه به ئاماده‌یی به‌هێزی هه‌ر یه‌کێك له‌م سێ مێکانیسمه. هه‌ر ئه‌کته‌رێك، هه‌ر گرووپێك، هه‌ر حزبێك، هه‌ر ڕێکخراوێك دژایه‌تی ئه‌م مێکانیسمانه بکات، ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، دژایه‌تی له‌دایکبوونی دێمۆکراسی و کولتوری دێمۆکراسی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ده‌کات. له کۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسیدا، هه‌ر ڕاڤه‌کردنێکی دێمۆکراسی، پرۆژه‌کانی، تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی، ئه‌کته‌ره‌کانی، ڕاسته‌وخۆ ده‌مانباته‌وه سه‌ر مێکانیسمه‌کانی بێمتمانەیی دیموكراتیك که به‌شێکه له سیسته‌مه سیاسیه‌که و به‌بێ تێگەیشتن لێی ناتوانین له کۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسی تێبگه‌ین. ده‌مه‌وێت بڵێم، وه‌ك چۆن حزب، وه‌زاره‌ت، ململانێی گەیشتن به‌ده‌سه‌ڵات فاکتی سیاسین، ئاواش هه‌ر یه‌کێك له مێکانیسمه‌کانی بێمتمانەیی دیموكراتیكیش (ده‌سه‌ڵاتی چاودێریکردن، فۆرمه‌کانی ڕێگالێگرتن، «ئیمتیحانکردن»ی بڕیاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران) فاکتی سیاسین و له‌نێو کرده‌ی سیاسه‌تدا ده‌جووڵێنه‌وه. ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه ده‌ده‌م چونکه ده‌زانم له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا زۆر جار حزبه سیاسیه‌کان جه‌نگێکی بێهوده به‌ناوی شه‌رعیه‌تی سیاسیه‌وه به‌و ئه‌کته‌رانه ده‌فرۆشن که له نێو یه‌کێك له مێکانیسمه‌کانی بێمتمانەیی دیموكراتیکدا کارده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌م رێگایه‌وه سه‌رمایه ڕه‌مزیه سیاسیه‌که‌یان برینداربکه‌ن. خستنه سه‌ر شانۆی ئه‌م ئه‌کته‌رانه وه‌ك « نه‌فامی سیاسی» یان وه‌ك «موراهیقی سیاسی» جۆرێکه له گوناه به‌رامبه‌ر کرده‌ی سیاسه‌تکردن، سیسته‌می سیاسی و خودی دێمۆکراسیش له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا.
بێ متمانه‌یی، وه‌ك دیارده‌یه‌کی مه‌زنی جیهانی، به‌ته‌نها له ئاستێک‌دا ئیشناکات، به‌ته‌نها گرفتی کێڵگه‌ی سیاسی نییه، به‌ڵکو له چه‌ندین ئاستی جیاواز و له‌نێو چه‌ندین کێڵگه‌دا ئیشده‌کات. له کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا (کۆمه‌ڵگه‌ی ڕیسك) ئیولریش بێك به‌وردی باس له‌و هۆکارانه ده‌کات که وایانکردوه، له‌سه‌ر تکنیك، کۆمه‌ڵگه‌کان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی ههمیشهییدابن و دواتر که‌س متمانه به‌که‌س نه‌کات. بێك له تێبینیه‌کی سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌چێته نێو توێژینه‌وه‌که‌ی و پێیوایه که ئه‌و مێژووی درێژی متمانه‌ی مرۆڤه‌کان به پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی تکنیك و ته‌کنه‌لۆژیا له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوه‌وه ده‌که‌وێته به‌ر گورزی سه‌خت و به ڕاده‌یه‌کی زۆر لاوازده‌بێت. ته‌کنه‌لۆژیا که له‌ڕابردودا کۆمه‌ڵگه‌کانی دڵنیادهکردوه و جۆرێك له متمانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر سروشت و دیارده‌کانیدا پێده‌به‌خشین، له شه‌سته‌کان به‌ولاوه ئیتر ئه‌م ڕۆڵه له‌ده‌ستده‌دات و ده‌بێت به سه‌رچاوه‌ی بێ-متمانه‌یی، ڕاڕایی، گومان له هەموو شتێك. له‌گه‌ڵ ئه‌م گومانه گشتیه‌شدا، تراژیدیای مرۆڤه‌کان له‌وه‌دایه که ناچارن خۆیان بده‌نه ده‌ست زاناکان و پرۆژه‌کانیان. واته چه‌ند ئاستی بێ-متمانه‌ییان له‌به‌رامبه‌ر زاناکان و تهکنهلۆژیهکانیاندا فراوانبێت، ئه‌وه‌نده‌ش ناچارن که خۆیان بده‌نه ده‌ست هه‌مان ئه‌و زانایانه. لێره‌وه تاکه چاره‌سه‌رێك که له به‌رده‌م هاووڵاتیاندا ده‌مێنێته‌وه، هیچنیه جگه له چاودێریکردنێکی بیناکراو له‌سه‌ر بێمتمانەیی ته‌واوی زاناکان و تهکنهلۆژیهکانیانه. چاودێریکردن به‌مانای ڕاکێشانی به‌رده‌وامیان بۆ به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌ی به‌رپرسیارانه؛ تا هه‌ست بهوهنهکهن که دهستیانکراوهتهوه و کارتی سپییان بۆ ئیمزاکراوه و له‌سه‌ره‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌وه‌ن.
بێمتمانەیی هاووڵاتیان له سه‌ر کێڵگه‌ی ئابوری هیچی که‌متر نییه له بێ-متمانه‌ییان له‌سه‌ر کێڵگه‌ی ته‌کنۆلۆژی. ئه‌و ده‌زگا گه‌ورانه‌ی که مه‌عریفه‌یان له‌سه‌ر ئابوری کۆمه‌ڵگه‌کان بهرههمدههێنان و پێیانده‌وتین داهاتووی ئه‌و کۆمه‌ڵگانه چۆن ده‌بێت، چیتر ناتوانن ته‌نانه‌ت پێشبینی دوو یان سێ ساڵی هه‌لومه‌رجی ئابوری بکه‌ن. ئه‌و قه‌یرانه سه‌ختانه‌ی که له بانکه‌کان ده‌ده‌ن، که ئه‌ژنۆی شه‌ریکه گه‌وره جیهانیه‌کانیان شکاندووه، که ده‌رگا به هه‌زاران کارگه داده‌خه‌ن و هه‌زاران هه‌زار کرێکار‌و فه‌رمانبه‌ر بێ کارده‌که‌ن و فڕێیان ده‌ده‌نه سه‌ر جاده‌کان، ئه‌و قه‌یرانه ئابووریانه‌ی که بازاره گه‌وره‌کانی بۆرسه‌یان کردووه به کابینه‌ی سایکۆلۆگهکان، مرۆڤی مۆدێرنیان وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر«مه‌خلوقێك» له بێمتمانەیی سه‌رتاپاگیر: بێ-متمانه‌یی له‌به‌رامبه‌ر پاره‌دا، له‌به‌رامبه‌ر پرۆژه‌کاندا، له‌به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌کاندا، له‌به‌رامبه‌ر خاوه‌نکاره‌کاندا، له‌به‌رامبه‌ر مووچه‌کاندا. به‌کورتی بستێك له ڕووبه‌ری ئابووری نه‌ماوه که پڕنهبووبێت له بێمتمانەیی هاووڵاتیان.
گه‌وره‌تر له بێمتمانەیی ته‌کنۆلۆژی و ئابووری، بێمتمانەیی کۆمه‌ڵایه‌تی گەیشتوه‌ته ئاستێکی مێژوویی بێپێشینه. هه‌لومه‌رجی نوێی مرۆڤه‌کان ده‌ستی خستوه‌ته نێو هه‌ناوی هەموو پێوەندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه و، وه‌ك لاپه‌ڕه‌ی ڕه‌شکراوه‌ی به‌کارهێنراو، یه‌ك یه‌ك دڕاندونی. له‌سه‌ر ئاسی جیهان ..
زۆر که‌من ئه‌و مرۆڤانه‌ی که متمانه به مرۆڤه‌کانی دیکه ده‌که‌ن. له وڵاتێکی وه‌ك به‌رازیلدا ته‌نها 2،8% هاووڵاتیان پێیانوایه که ده‌توانن متمانه به خه‌ڵك بکه‌ن. واته زیاتر له نه‌وه‌دو هه‌شت له سه‌دی به‌رازیلیه‌کان پێیانوایه که ناتوانن متمانه بهوانیدیکه بکه‌ن ! بێگومان به‌رازیل له خواری خواره‌وه‌ی پهیژهکهوهیه و ده‌کرێت وه‌ك هه‌لومه‌رجێکی ڕادیکاڵ ته‌ماشای بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه‌نیه که له وڵاتانی دیکه‌دا پرسی متمانه‌کردن پۆزه‌تیڤ بێت. له وڵاتێکی وه‌ك فه‌ره‌نسادا ته‌نیا بیست و دوو له‌سه‌دی هاووڵاتیان پێیانوایه که ده‌توانن متمانه به‌وانی دیکه بکه‌ن، واته له‌سه‌دا حه‌فتا و هه‌شتیان پێیانوایه که ناتوانن متمانه به‌وانی دیکه بکه‌ن.
به‌داخه‌وه ئێمه له كوردستاندا ده‌زگایه‌کمان نییه که ئاستی متمانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هاووڵاتیان بپێوێت و وه‌ك داتا بیخاته به‌رده‌ستمان، به‌ڵام له‌ڕێگای میتۆده ((کالیتتتیڤ))ه‌کانه‌وه ههستبهوهدهکهین که ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ پێوەندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه کوردییه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه و پێوەندییهکانی هاریکاری ترادیسیۆنێلی مێکانیك ده‌دڕێن. پێوەندی مناڵان به باوك و دایکه‌وه، به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ته‌ڵاق، کۆچ به‌ره‌و ئه‌وروپا، گه‌شتی مرۆڤی کورد به‌بێ خێزانه‌که‌ی به وڵاتاندا، دابه‌زینی ڕێژه‌ی مناڵ دروستکردن، په‌له‌نه‌کردن له ژنهێنان و شووکردن، سه‌رهه‌ڵدانی شوقه‌ی تاکه که‌سی له شاره‌کاندا، به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رخۆری تاکه که‌سی و وێناکردنی سه‌رمایه وه‌ك تاکه په‌نا و پاڵپشت، هەموو ئه‌مانه‌و چه‌ندین دیارده‌ی دیکه ده‌مانبه‌نه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که بێمتمانەیی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر به‌وردی له خانه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئیشده‌کات و نه‌بینینی و پاشان نه‌خوێندنه‌وه‌و کارلهسهرنهکردنی دواتر ڕووبه‌ڕوومان ده‌کاته‌وه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نه‌خۆشی به‌ره‌ڵاکراوی سپێردراو به داهاتوویه‌کی پڕ له مه‌ترسیدا.