لەبارەی هونەری نووسینەوە
March 4, 2013
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن
بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مت له‌م نه‌وه‌وه، بگاته ده‌ست ئه‌و نه‌وه، ده‌بێت خاوه‌نی شێوازێكی تایبه‌تی بیت. ئه‌گه‌ر هه‌میشه وێنه‌ی بازنه به په‌رگاڵ و چوارگۆشه به ڕاسته بكێشیت، تا ماویت هه‌ر كۆیله ده‌بیت، ئاخر نابێت هیچ كڵێشه‌یه‌ك ڕه‌چاو بكه‌یت. ئه‌گه‌ر دوای شاعیرێكی ناودار بكه‌ویت، هه‌میشه له دواوه ده‌مێنیته‌وه، ئاخر ئه‌گه‌ر حه‌رام له ئه‌ده‌بدا هه‌بێت، ئه‌وه‌یه دوای ئه‌م و ئه‌و بكه‌ویت.گه‌ر بخوازیت له ئه‌ده‌بی كلاسیكه‌وه، فێری نووسینی شیعر ببیت، وه‌ك ئه‌وه وایه، به هۆی ده‌سكه‌ته‌ورێكه‌وه، وێنه‌ی ده‌سكه‌ته‌ورێك بكێشیت. شاعیر با به چاوی ڕێزیشه‌وه سه‌رنجی ڕێسا دێرینه‌كان و یاساكانی نووسین بدات، وه‌لێ هه‌میشه خه‌یاڵی لای نوێكردنه‌وه‌ی شیعره. شاعیر له پێناوی داهێنانی ده‌نگدا، له ده‌رگای بێده‌نگی ده‌دات و له پێناوی بونیاتناندا، هانا بۆ ڕووخاندن ده‌بات. شاعیر به هۆی نووسینی به‌رده‌وامه‌وه، ده‌رك به هه‌ڵه و خه‌وشی شیعری خۆی ده‌كات، چاوه‌ڕێی ئه‌وه نابێت، ئه‌م و ئه‌و هه‌ڵه و خه‌وشی ده‌ستنیشان بكه‌ن.
كه په‌خشان ده‌نووسیت، وه‌ك ئه‌وه وایه، خه‌ریكی لێنانی برنج بیت، وه‌لێ كه شیعر ده‌نووسیت، وه‌ك ئه‌وه وایه، له برنج، شه‌راب دروست بكه‌یت. برنج به لێنان شێوه‌كه‌ی ناگۆڕێت، وه‌لێ كه ده‌كرێت به شه‌راب، هه‌م شێوه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت و هه‌م خه‌سڵه‌ته‌كانیشی. چێشتی برنج ئینسان تێر ده‌كات، وه‌لێ شه‌رابی برنج، ئینسان، مه‌ست دەکات و دەشێت دڵشاد، خه‌مگین و خه‌مگینیش دڵشاد بكات.
وێنه‌كێشی چاك، وێنه‌ی ڕۆح ده‌كێشێت، نه‌ك ڕووخسار، شاعیری چاكیش بیرۆکەیەك پێشكه‌ش ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی ناوی بهێنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ی كێشاوته، ته‌واو له‌و شته ده‌چێت كه مه‌به‌ستته، ئه‌وه لێكدانه‌وه‌ت وه‌ك هی منداڵ وایه بۆ وێنه. ئه‌وه ئاسانه وێنه‌ی دوو چاوی ماندوو بكێشیت، ئه‌وه سه‌خته، ئازاری ناخ بخه‌یته ڕوو. ئه‌گه‌ر شاعیر ڕۆحی ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، زێڕیش له كنی هیچ به‌هایه‌كی نییه. شاعیر ئه‌گه‌ر ڕوون و ئاشكرا بێت، باشتره له‌وه‌ی خۆی سه‌خت و ئاڵۆز نیشان بدات، ئاخر زۆر جار وشه‌ی سووك، هه‌ڵگری مانای قورسه. شاعیر ئه‌گه‌ر سه‌یر و سه‌رسوڕهێن بێت، باشتره له‌وه‌ی ئاسایی و ڕووكه‌ش بێت.
هەرچەندە هیچ هێزێك ناتوانێت، گوڵ له وه‌رین، ڕزگار بكات، وه‌لێ شیعر كه تۆڕێكی ڕووناكه له سۆز، ده‌توانێت ڕژێم له هه‌ره‌س، شۆڕش له نسكۆ، له‌شكر له تێك‌شكان و ئینسان له مردن قوتار بكات. له هه‌موو ڕسته‌یه‌كی شیعریدا، وشه‌یه‌كی ئه‌فسووناوی هه‌یه كه جوانی به ڕسته‌کە ده‌به‌خشێت. (دڵۆپه‌ی باران، ده‌نووك له گه‌ڵای داران ده‌دات.) ئه‌و وشه‌یه‌ی دێڕه شیعره‌كه‌ی جوان كردووه، ده‌نووكه، ئه‌گه‌ر له‌بری ئه‌و وشه‌یه، هه‌ر وشه‌یه‌كی دیكه دابنێیت، وه‌ك ئه‌وه وایه، زێڕت به خۆڵ گۆڕیبێته‌وه.
ڕه‌خنه‌گر ئازاده چۆن بیر ده‌كاته‌وه و له‌به‌ر ڕۆشنایی كام ڕێبازی ڕه‌خنه‌ییدا ده‌نووسێت، به‌ڵام ده‌بێت، سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ لایه‌نه جوانه‌كان، په‌یام و كرۆكی شیعره‌كه ڕابكێشێت و ئه‌وه ده‌ستنیشان بكات، كه فڵان شاعیر چی تازه‌ی داهێناوه. وه‌ك چۆن ئه‌وه ئه‌ركی ڕۆشنبیره، یارمه‌تیمان بدات، باشتر له دونیا تێبگه‌ین، هه‌ر وایش ئه‌وه ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گره، كارێك بكات، جوانتر له شیعر تێبگه‌ین.
خوێندنه‌وه به شێوه‌یه‌كی گشتی كارێكی چاكه، چونكه زانیاریمان پێ ده‌به‌خشێت، وه‌لێ خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی، وێڕای به‌خشینی زانیاری، وامان لێ ده‌كات، ئینسانێكی باشتر بین له‌وه‌ی كه هه‌ین، ئه‌وه بۆیه ئه‌وانه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌خوێننه‌وه، زێتر جێی متمانه‌ن. ئه‌و كه‌سانه‌ی ئێمه له‌نێو كتێبدا ده‌یانبینین، له كه‌سانی زیندوو ده‌چن، ته‌واو وه‌ك ئێمه ده‌په‌یڤن، هه‌ناسه ده‌ده‌ن، ده‌گرین و پێده‌كه‌نن، وه‌لێ كاتێك ده‌خوازین باوه‌شیان پێدا بكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌وا له ئامێز بگرین. خوێندنه‌وه وه‌ك سه‌كۆی شانۆیه‌ك وایه، تێیدا نووسه‌ر و خوێنه‌ر، سه‌رقاڵی نمایشكردنی شانۆنامه‌یه‌كی فانتازی ئامێزن، له‌و نمایشكردنه‌دا، ڕۆڵی خوێنه‌ر هیچی له ڕۆڵی نووسه‌ر كه‌متر نییه. جۆزیف كۆنراد له نامه‌یه‌كدا بۆ هاوڕێیه‌كی ده‌نووسێت: (هه‌واڵێكی چه‌ند خۆشه، كه كتێبه‌كه‌مت به دڵه، ئه‌گه‌ر چی ئه‌وەی من نووسیومه، ته‌نیا نیوه‌ی یه‌كه‌می كێتێبه‌كه‌یه و نیوه‌ی دووه‌میم بۆ خوێنه‌ر جێ هێشتووه، ته‌واوی بكات.)
كتێبی چاك وا له خوێنه‌ر ده‌كات، هه‌ست بكات، ئه‌وی ده‌یخوێنێته‌وه، ئه‌زموونی خۆیه‌تی. ئه‌ده‌بی چاك، له ناكاو شتێكی گرنگمان وه‌بیر دێنێته‌وه كه پێشتر زانیومانه، وه‌لێ له یادمان چووه‌ته‌وه. هاوسەره‌كه‌ی تۆلستۆی له سه‌روه‌ختی پاكنووسكردنی (شه‌ڕ و ئاشتی)دا، ده‌كه‌وێته ئه‌تمۆسفێرێكی هێنده شاعیرانه‌وه، پێی وا ده‌بێت، ئه‌وه ڕۆمانه‌كه نییه كه هێنده جوانه، به‌ڵكوو ئه‌وه خۆیه‌تی كه هێنده زیره‌كه. نووسینی جوان، كارێكی تا بڵێیت سه‌خت و ئه‌سته‌مه، بۆیه هێنده كاریگه‌ره، سه‌رنجی هه‌ر دێڕێك یان په‌ره‌گرافێك له نووسینێكی جوان بده‌یت، وا هه‌ست ده‌كه‌یت، نووسه‌ره‌كه‌ی به باشترین شێوه دایڕشتووه و هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكت به خه‌یاڵدا نایه‌ت، له‌وەی نووسه‌ر باڵاتر بێت.
مه‌شقكردن و كاری به‌رده‌وام، وه‌ك چۆن بۆ هه‌موو بوارێك پێویستن، له نووسینیشدا هه‌مان بایه‌خیان هه‌یه. بیرۆكه و ڕیتم، دووانه‌یه‌كن، بێ یه‌كدی ناژین، نووسه‌ری چاك، به‌ده‌گمه‌ن وشه‌یه‌ك له هه‌مان ڕسته‌دا دووباره ده‌كاته‌وه. وەک نموونە، ئه‌گه‌ر له ڕسته‌ی یه‌كه‌مدا (كۆچ)ی به‌كار هێنابوو، له ڕسته‌ی دووه‌مدا، هانا بۆ (ڕه‌و) ده‌بات و (كۆچ) دووباره ناكاته‌وه. نووسه‌ران به ده‌گمه‌ن باسی ته‌كنیكی كاركردنی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌وی خوازیاره له نهێنییه‌كانی چۆنییه‌تی كاركردنیان تێبگات، هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه‌ی نییه، بێجگه له‌وه‌ی به وردی له به‌رهه‌مه‌كانیان بكۆڵێته‌وه.
نووسه‌ر بۆ كێ ده‌نووسێت؟ مارگرێت ئابێنیوس ده‌یگوت: (بۆ خوێنه‌رێكی نه‌بینراو ده‌نووسم.) ئه‌وی نامه بنووسێت، ده‌زانێت ڕووی ده‌می له كێیه، وه‌لێ بۆ نووسه‌ر، ده‌سنیشانكردنی وه‌رگر، كارێكی ئاسان نییه. ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر نووسه‌رێكی خۆش بوێت، دڵی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر دێڕێكی نووسینه‌كانیدا، لێ ده‌دات، ئه‌گه‌ر قینی لێی بێت، به نرخی خۆڵه‌مێش، پشكۆی وشه‌كانی لێ ده‌كڕێت. ستیگ داگه‌رمان هێنده به ترسه‌وه ده‌ینووسی، ده‌یگوت: (بووم به كۆیله‌ی ناوی خۆم، زۆر ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه، دێڕێك بنووسم، ناوه‌كه‌م بریندار بكات.)
نووسه‌ری چاك ته‌نیا له‌و بواره‌دا ده‌نووسێت كه شاره‌زایی تێدا هه‌یه. نووسه‌ر با به‌سه‌ر زمانیشدا زاڵ بێت، ئه‌گه‌ر له بوارێكدا كه بواری شاره‌زایی ئەو نییه، خۆی تاقی كرده‌وه، زمان به هانایه‌وه نایه‌ت و ده‌گلێت. نووسه‌ری چاك له شته بچووكه‌كاندا، شتی گه‌وره ده‌بینێت، وه‌لێ نووسه‌ری بێ‌توانا، پێی وایه ده‌ستڕه‌نگینی له‌وه‌دایه باسی شته گه‌وره‌كان بكات.
مێتۆدێكی دیاریكراو نییه، تا نووسه‌ر ڕه‌چاوی بكات و ئیدی خاترجه‌م بێت له‌وه‌ی هه‌ر چییه‌كی نووسی بایه‌خداره، ته‌نیا ئه‌وه فریای نووسه‌ر ده‌كه‌وێت كه متمانه‌ی ته‌واوی به توانای خۆی نه‌بێت و به‌رده‌وام به ترس و دڵه‌ڕاوكێوه بنووسێت. سامۆێل به‌تڵه‌ر دوو مۆچیاریی هه‌یه، یه‌كه‌میان: كه شیعرێكت نووسی، له خۆت بپرسه، ئایا ئه‌وەی نووسیومه به‌رگه‌ی سه‌د ساڵی داهاتوو ده‌گرێت، یان هه‌ر زوو ئێكسپایه‌ر ده‌بێت؟ دوومیان: تێكسته‌كه‌ت به كاوه‌خۆ و به ده‌نگی بڵند، بۆ خۆت بخوێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به كه‌موكوڕییه‌كانی بكه‌یت. نووسه‌ری چاك به وردی به‌سه‌ر نووسینه‌كانیدا ده‌چێته‌وه و هه‌موو ئه‌و وشه، ڕسته، دێڕانە بژار ده‌كات كه وا ده‌كه‌ن تێكسته‌كه‌ی قه‌ڵه‌و بنوێنێت.
عه‌زرا پاوه‌ند ده‌ڵێت: (لایه‌نی هاوبه‌شی هه‌موو شاعیره نه‌مره‌كان ئه‌وه‌یه، پێویستیان به‌وه نییه، به‌رهه‌میان له زانكۆ و قوتابخانه‌كاندا بخوێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به زیندوویی بمێننه‌وه. با كتێبه‌كانیان له كتیبخانه‌كانیشدا تۆزیان لێ بنیشێت، وه‌لێ هێنده نابات، خوێنه‌ری وا په‌یدا ده‌بێت، بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌ستخۆشانه بكات، شیعریان ده‌داته به‌ر تاڤگه‌ی ڕووناكی.) ستریندبێری بۆیه به نه‌مری ماوه‌ته‌وه، چونكه به جۆرێك خێزانی سوێدیی پێكه‌وه گرێ داوه، سوێدییه‌كان له به‌رهه‌مه‌كانی وی‌دا بۆ ڕه‌گوڕیشه‌ی خۆیان ده‌گه‌ڕێن. ئه‌وی (گوننار ئێكه‌لوێف)ی له‌دوا ڕۆژه‌كانی ژیانیدا دیتبێت، هه‌ستی كردووه، ئه‌و شاعیره به زه‌بری وشه‌ی جوان، گره‌وی له ئازار و مه‌رگ بردووه‌ته‌وه، وه‌لێ ئێریك لینده‌گرێن، له كۆتایی ژیانیدا له داڵێك ده‌چوو، دوای ئه‌و هه‌موو دوورفڕینه، له لاقه‌كانی به‌ولاوه، هیچی دیكه شك نه‌با، پشتی پێی قایم بێت.
شاعیری چاك، نابێته كۆیله‌ی كێش و پاشبه‌ند، به‌دوای ڕێسادا ناگه‌ڕێت، ئاخر ئه‌گه‌ر وای كرد، خودی خۆی له ده‌ست ده‌دات، ته‌نیا كاتێك كێش و سه‌روا ڕه‌چاو ده‌كات كه نه‌ك هه‌ر هیچ زیانیان بۆ مانا نه‌بێت، به‌ڵكوو جوانتریشی بكه‌ن. سه‌روا لای شاعیری چاك، وشه‌یه‌ك نییه، ته‌نیا له‌به‌ر پێویستیی هه‌بوونی سه‌روا، داوه‌ت كرابێت، وشه‌یه‌كه فه‌رامۆشكردنی مه‌حاڵه و دێڕه شیعره‌كه‌ی جوانتر كردووه. ئه‌وی له‌به‌ر ڕاگرتنی سه‌روا هانا بۆ وشه‌ی ئێسكگران ده‌بات، شاعیر نییه.
بۆچی ده‌نووسیت؟ سه‌مۆێڵ بێكێت له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا گوتبووی: (ئاخر هیچ ئیشێكی دیكه نازانم.) ئۆلۆف لاگه‌ركرانتز پێی وایه، نووسین له‌گه‌ڵماندا له دایك ده‌بێت، قه‌ده‌رێكه توانای ئه‌وه‌مان نییه، خۆمانی لێ لا بده‌ین، (ته‌نیایی)یش یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی خه‌ڵك بۆ نووسین هان ده‌ده‌ن، كه كه‌سمان شك نه‌برد، گوێمان بۆ ڕادێرێت، ئیدی ناچار ده‌بین، بنووسین. ئه‌گه‌ر هه‌ست ده‌كه‌یت، دوا نووسینت له‌وەی پێشووت به‌هێزتر نییه، ئه‌گه‌ر وای بۆ ده‌چیت، هیچ توانای تازه له وشه كۆنه‌كاندا نادۆزیته‌وه، ئه‌گه‌ر پێت وایه، هه‌ر هه‌مان ده‌ربڕین و قسه‌كانی پێشووت دووباره ده‌كه‌یه‌وه، چی زووتره، ده‌ست له نووسین هه‌ڵبگره!
*
(١) تونی بارنستون و تشاو بینغ، فن الكتابه ، تعالیم الشعرا‌ء الصينيين، ت: د. عابد اسماعیل، دار المدى ٢٠٠٤ بغداد.
Olof Lagercrantz, Om konsten att läsa och skriva, Sandbok AB 2003 Falun. (2)