رۆڵی فه‌لسه‌فه له پارادیگمی پێكه‌وه‌رِۆیی له لای هابرماس (3-3)
March 2, 2013
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :محه‌مه‌د ئه‌لئه‌شهه‌ب
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
ئه‌گه‌ر ئه‌و عه‌قڵانیه‌ته‌ی هابرماس به‌رگریی لێ ده‌كات عه‌قڵانیه‌تێكی پێكه‌وه‌رِۆ، رێكارانه، هاوشانی زمان و كرداری پێكه‌وه‌رِۆ بێت، هه‌روه‌ها گرێدراوی ئه‌و فه‌زا گشتییه‌ش بێت كه رواڵه‌ته‌كانی ئه‌م عه‌قڵانیه‌ته‌ی تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، ئه‌وا فه‌لسه‌فه به حوكمی گرێدرانی به فه‌زای گشتییه‌وه، هه‌وڵ ده‌دات بواری ئه‌م ته‌رزه عه‌قڵانیه‌ته فراوان بكات، كه له سایه‌ی باڵاده‌ستیی ریزبه‌ندی ئابووری و كارگێرِی، هه‌روه‌ها داگیر كردنی جیهانی ژیان له لایه‌ن ریزبه‌ندانه‌وه، بووه‌ته نادیاری (په‌نهانی) هه‌ره گه‌وره. هابرماس ئیتیكی گفتوگۆ و دیالۆگ پێشنیار ده‌كات، كه له پاڵ (ئابل)ی هاوكاریدا، (ئه‌و پێشنیاره) به گرنگترین داهێنانی فه‌لسه‌فیانه‌ی ئه‌و داده‌ندرێت، بۆ تێپه‌رین له‌و ته‌ڵه‌زگه‌یه‌ی ئامرازه عه‌قڵانیزم له سه‌رده‌می نوێخوازیدا پێی گه‌یشت. به‌ڵام ناكرێ ئه‌و قسانه وا لێك بدرێنه‌وه كه هابرماس دژ به گوتاری نوێخوازییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له لای فه‌یله‌سووفانی پاشه نوێخوازیدا به‌دیی ده‌كه‌ین، به‌ڵكوو خه‌می نه‌ریتیانه‌ی ئه‌و فراوان كردنی بواری فه‌زای گشتییه، نه‌مازه له نێو كۆمه‌ڵگای ئه‌ڵماندا، كه هابرماس به یه‌كێك له كه‌سانی كارای نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه داده‌ندرێت.5- فه‌لسه‌فه له فه‌زای گشتیدا
چه‌مكی فه‌زای گشتی (espace public) به چه‌مكێكی په‌یوه‌ست و هاوشان به عه‌قڵانیه‌تی پێكه‌وه‌رِۆ داده‌ندرێت، ئه‌و چه‌مكه‌شه كه هابرماس له هه‌موو نووسینه‌كانیدا هه‌ر له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی (سه‌ده‌ی رابردوو)ـه‌وه بایه‌خی پێ دا. كاتێك باسی دووانه‌ی فه‌لسه‌فه و فه‌زای گشتی ده‌كه‌ین، ئه‌و ئه‌مه ئاراسته به دووانه‌ی تیۆری و كردار ده‌كات، واته ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی كه ده‌كرێ فه‌لسه‌فه بیكاته سه‌ر فه‌زای گشتی. هابرماسیش كه له نووسینه‌كانیدا ئه‌م په‌یوه‌ندییه ده‌خاته روو، ده‌یه‌وێ ئه‌و كاریگه‌رییه بخاته روو كه ده‌بێ فه‌لسه‌فه به سه‌ر كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخییه‌وه هه‌بێت، چونكه داوای لێ ده‌كرێت رۆڵی جودا له‌و رۆڵانه بگێرِێت، كه له كۆمه‌ڵگای دێرینی یۆنان، له كۆمه‌ڵگای كریستیانی سه‌ده‌كانی ناوه‌رِاست و له سه‌رده‌می نوێ‌دا، هه‌ی بوو.
له وتاره‌كه‌یدا "سنووری فه‌لسه‌فه" هابرماس هه‌ڵوه‌سته‌ی له ئاست رۆڵی فه‌لسه‌فه له یۆنان‌دا له رێی هه‌ردوو نموونه‌ی ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆوه كرد، به‌وه‌ش گه‌یشت كه ئه‌م دوو بۆچوونه جێ متمانه نین، چونكه بایه‌خێكی گه‌وره به عه‌قڵی تیۆری له دیاری كردنی كرداردا ده‌ده‌ن، جا چ له لای ئه‌فلاتوون به بۆچوونی له‌باره‌ی رزگار بوونه‌وه، یان له لای ئه‌رستۆ به بۆچوونی له‌باره‌ی ژیانی به‌خته‌وه‌ره‌وه.
خۆ ئه‌گه‌ر بگه‌رِێینه‌وه بۆ سه‌رده‌می هیلینی، ده‌بینین ئه‌و دانایه‌ی ژیانی خۆی بۆ رامان ته‌رخان ده‌كات، ئه‌وا به چاوی رێز و پێزانینه‌وه لێیان ده‌رِوانی، وه‌ك نموونه‌یه‌كیش ته‌ماشایان ده‌كرد، چونكه بریتی بوو له رێی به‌ره‌و رزگاری. پاشتریش، له سه‌ده‌كانی ناوه‌رِاستدا، فه‌لسه‌فه له‌گه‌ڵ كریستیاندا یه‌كیان گرت، بوو به ئامرازێك له خزمه‌تی لاهووتدا، ئه‌وه‌ش وای كرد هه‌موو سه‌ربه‌خۆییه‌ك له‌ده‌ست بدات. جا له سایه‌ی ئه‌م ره‌وشه‌دا فه‌لسه‌فه ده‌ستی له ئه‌ركی په‌روه‌رده‌یی و ئیتیكیی خۆی هه‌ڵگرت و راده‌ستی ئایینی كرد.
ئیدی به چوونمان بۆ ره‌وشی نوێی فه‌لسه‌فه‌ی كرداره‌كی كه له له (هه‌قی عه‌قڵانی)یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، هه‌روه‌ها تیۆریی ئه‌ركه ئیتیكی (déontologique) مۆرك (كانتی)یانه‌وه، ره‌وشێكی جیاواز له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی كرداره‌كی ده‌بینین كه له ئیتیكه نه‌ریتی ئه‌رستۆوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، تیۆرییه نوێیه‌كان، ئه‌و پرسه‌ی هه‌یه له‌وه‌ی كه باشه (bon)یان به پرسێكی سیاسی- ئیتیكی، واته به رێسای ژیانی هاوبه‌ش كه سه‌باره‌ت به هه‌مووان باش و دادپه‌روه‌ر ده‌بێت، قه‌ره‌بوو كرده‌وه.
عه‌قڵی بابه‌تیانه، كه له سروشت یان له دیرۆكی گه‌ردوونیدا به‌رجه‌سته كراوه، بوو به به‌هره‌یه‌كی خۆییانه‌ی بكه‌ران. ئه‌وانه هه‌ر خۆبه‌خۆ له نێو یه‌كدا یه‌كسانن، هه‌وڵیش ده‌ده‌ن به شێوه‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معی ژیانی خۆیان رێك بخه‌ن، به چه‌شنێك هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌ربه‌خۆیی خۆی بپارێزێت. كانت و رۆسۆ، پێیان وایه سه‌ربه‌خۆیی وه‌ك به‌هره‌یه‌كه بۆ پێكه‌وه گرێدانی ویستی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسایانه‌ی ده‌كرێ له لایه‌ن هه‌مووانه‌وه په‌سند بكرێن. له توانای هه‌موو كه‌سێكیشدایه كه ئه‌وه‌ی باشه و ئه‌وه‌ی چاكه بیناسێت.
به ده‌سپێك له‌م وه‌رچه‌رخانه‌وه كه فه‌لسه‌فه به سایه‌ی كانت و رۆسۆ له سه‌رده‌می نوێ‌دا به سه‌ریدا هات، هیگل له پرۆژه‌ی فه‌لسه‌فیی خۆیدا هه‌وڵی ده‌دا پرۆژه‌كه‌ی كانت به‌جێ بگه‌یه‌نێت، ئه‌میش (پرۆژه‌كه‌ی كانت) بریتی بوو له به‌جێ گه‌یاندنی عه‌قڵ له دیرۆكدا. به‌دی هێنانی جڤاكێكی دادپه‌روه‌ر سه‌باره‌ت به‌م فه‌یله‌سووفه، به كرداری سیاسیی شۆرِشگێرِانه به‌دی دێت. ئه‌م بۆچوونه‌ی هیگل پیشانی ده‌دات كه كه‌وتبووه بن كاریگه‌ریی رووداوه‌كانی شۆرِشی فه‌ره‌نساوه، وای لێ كرد شۆرِش به به‌شێك له فه‌لسه‌فه دابنێت. ئه‌م ره‌هه‌نده شۆرِشگێرِییه‌ی فه‌لسه‌فه درێژ ده‌بێته‌وه بۆ نێو فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم، وێرِای ئه‌و ره‌خنانه‌ش كه ماركس له هیگلی گرتن. ماركس كاری بۆ په‌ره‌پێدانی لایه‌نی ره‌خنه‌یی له فه‌لسه‌فه‌ی هیگلدا كرد، تیۆرییه‌كه‌ی هیگلیشی كرده ره‌خنه‌یه‌كی ئابووری كه ئامانجی به‌رپا كردنی شۆرِشه: ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ی فه‌لسه‌فه له ئاستی كرداردا، وه‌ك ماركس بۆی ده‌چێت، بۆ به درۆ خستنه‌وه، چاوه‌رِوانی شكسته گورچكبرِه‌كه‌ی ئه‌زموونی سۆڤیه‌تی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكوو چه‌ندین ره‌خنه كه به‌ر له‌و هه‌ره‌س هێنانه‌ش، ئاراسته‌ی تیۆریی ماركسیزم كران، دووپاتیان كرده‌وه، ره‌خنه‌كانی هابرماسیش له‌م رووه‌وه، بایه‌خی زانستییانه هه‌یه. له پاڵ ئه‌وه‌ی كارل پۆپه‌ر كردی.
به‌م كورته باسه‌ی نێو دیرۆكی فه‌لسه‌فه بۆ دووانه‌ی تیۆری و كردار، كه تێیدا ئه‌ركی فه‌لسه‌فه له نێوانی رزگاری (Salut) و خزمه‌ت كردنی لاهووت و كرداری شۆرِشگێرِیدا، ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ری كرد، هابرماسیش به‌و ئاكامه گه‌یشت كه په‌ی بردن به‌وه‌ی: چۆن فه‌لسه‌فه ده‌بێته كرداره‌كی؟ خراپ خرایه روو. ئیدی به گوێره‌ی بۆچوونی تایبه‌تی خۆی بۆ ئه‌و وه‌رچه‌رخانانه‌ی به سه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا هاتن، هه‌روه‌ها ئه‌و په‌ره سه‌ندنانه‌ی كۆمه‌ڵگای نوێی ئاڵۆز به خۆیه‌وه بینی، هابرماس پێی وایه، ئه‌مرِۆ داوا له فه‌لسه‌فه ده‌كرێت له خزمه‌تی فه‌زای گشتیدا بێت. ئاخۆ ئه‌مه‌ی چۆن بۆ دێته دی؟
په‌یوه‌ندیی فه‌لسه‌فه به فه‌زای گشتییه‌وه، ده‌كرێ له رێی په‌یوه‌ندیی فه‌یله‌سووف به‌م فه‌زا گشتییه‌وه و رۆڵی ئه‌و له سه‌رده‌می هه‌نووكه‌دا، باس بكرێت، به تایبه‌تی له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه پتر له ژێر هه‌ژموونی شاره‌زادایه نه‌ك فه‌یله‌سووف. به بۆچوونی هابرماس له كۆمه‌ڵگای نوێ‌دا فه‌یله‌سووف رۆڵی گرنگی له فه‌زای گشتیدا هه‌یه، ئه‌و رۆڵه‌ی ئه‌و تێ ده‌په‌رِێنێت كه به‌وه‌ی (فه‌یله‌سووف) شاره‌زایه، هه‌ر ئه‌مه‌شه له زانای جیا ده‌كاته‌وه، كاتێك فه‌یله‌سووف به سیفه‌تی ئه‌وه‌ی له فه‌زای گشتیدا به‌شداره، رۆڵی خۆی ده‌گێرِێت، ئه‌و فه‌زایه‌ی كه كۆمه‌ڵگای نوێ له میانی ئه‌وه‌وه به دوای ناسنامه‌ی ده‌سته‌جه‌معانه‌ی خۆیدا ده‌گه‌رِێت، رۆڵی گه‌وره‌تری ده‌بێت له رۆَڵی ئه‌وه‌ی كه شاره‌زایه یان واتا ده‌به‌خشێت. ئه‌م رۆڵه‌ی هابرماس به فه‌یله‌سووفی ده‌دات، له تێگه‌یشتنی ئه‌و بۆ ئه‌ركی فه‌لسه‌فه له ره‌هه‌نده سیاسییه‌كه‌یدا سه‌رچاوه‌ی گرتووه. هابرماس به یه‌كێك له‌و فه‌یله‌سووفانه داده‌ندرێت كه له سه‌رده‌می ئێستادا رۆڵێكی گرنگیان به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی هه‌یه، ئه‌ویش تا ئه‌و كاریگه‌رییه ئاشكرا بكات، كه ره‌نگه له فه‌زای گشتیدا دروستی بكات، چونكه بریتییه له ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی له نێو كۆمه‌ڵدا خراونه‌ته روو، ئه‌و گرفتانه‌ی ناكرێ له روانگه‌یه‌كی داخراوی وه‌زیفییه‌وه دركیان پێ بكه‌ین. ئه‌و رایه‌ڵه‌ی له نێو فه‌زای گشتیدا بڵاوه و له نێو كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا به‌رجه‌سته‌یه، ئه‌و شوێنه‌یه كه ده‌كرێ كۆمه‌ڵگای نوێی ئاڵۆز، د‌رك كردنی به خۆی له نێویدا په‌ره پێ بدات. له فه‌زای گشتیدا فه‌یله‌سووف ده‌ستێكی باڵاتر له بكه‌رانی دیكه‌ی هه‌یه. ئه‌م ده‌سته‌یه له بیرمه‌ندانی بكه‌ر به بێ ئه‌وه‌ی كه‌س داوایان لێ بكات، كار له نێو كۆمه‌ڵدا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌شه فه‌یله‌سووف له شاره‌زا جیا ده‌كاته‌وه، شاره‌زا هه‌میشه چاوه‌رِوانی ئاماژه‌یه‌كی ئه‌وانی دیكه‌یه تا خزمه‌ت و زانینی خۆی، به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ گرفتی دیاری كرا‌و، پێشكه‌ش بكات. له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه ریزبه‌ندی وه‌زیفی تێیدا باڵاده‌سته، داوا له شاره‌زا ده‌كرێت به‌رسڤ بخاته روو، كه بریتی ده‌بێت له پیشه زانینێكی تایبه‌ت، زانینێك كه قابیلی پیاده كردنه، چاوگه‌كه‌شی یان سروشتناسییه یان مرۆناسی. ئه‌م ئه‌ركه‌ی شاره‌زا ده‌یكات ناكرێ زانینی فه‌لسه‌فی یان دیرۆكی یان هێرمۆنۆتیكی بیكات، ئه‌وان به‌شداری كردنیان له‌م بواره‌دا سسته. ئه‌ركی فه‌یله‌سووف له‌وه‌دایه كه له پرسی میتۆد و ره‌خنه گرتن له زانست و سنووری زانست‌دا، راوێژكاره. به تایبه‌تی له پێوه‌ر پرسگه‌لێكدا كه په‌یوه‌ندییان به ژینگه و ته‌كنه‌لۆژیای جینه‌وه هه‌یه، یان به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌و مه‌ترسییانه‌وه هه‌یه كه به‌كار هێنانی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ ده‌یانخاته روو، هه‌ندێك جاریش كاره‌كه په‌یوه‌سته به رامان له ئیتیكه سیاسه‌ت له‌باره‌ی ناسنامه‌ی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه.
به پێچه‌وانه‌ی شاره‌زا، فه‌یله‌سووف بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی خۆی بپارێزیت، داوای لێ ده‌كرێت دژی هه‌ر به‌كار هێنانێكی ئامرازانه‌ی (Instrumentalisation / Instrumentalisierung) زانینه‌كانی بێت، واته ده‌بێ هه‌رده‌م ئاگاداری سنووری شاره‌زاییه‌كه‌ی خۆی بێت، چونكه فه‌لسه‌فه له به‌رامبه‌ری زانست‌دا، تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه.
فه‌یله‌سووف به‌وه له شاره‌زا جیا ده‌كرێته‌وه كه جۆرێك له سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه، ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه وا ده‌كات ئه‌ركه‌كه‌ی بریتی بێت له داكۆكی كردن له به‌هاكانی ئیتیك، له رێرِه‌وێكدا كه ئه‌و به‌هایانه له لێواری له بیر چوونه‌وه‌دان. ئیدی لێره‌وه ده‌ست وه‌ردانی فه‌یله‌سووف له فه‌زای گشتی، پتر له هه‌ر كاتێكی دی، بوو به پرسێكی گه‌رم و گورِ، هابرماسیش نموونه‌یه‌كه بۆ فه‌یله‌سووفی فره ئه‌رك: "به‌وه‌ی فه‌یله‌سووفم كار له بواری كۆمه‌ڵناسیدا ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها به‌وه‌ی وانه‌بێژم، بێ له‌وه، من رۆشنبیریشم، سه‌رباری ئه‌وه من ده‌ست له كاروباریش وه‌رده‌ده‌م، به‌ڵام هیچ كه‌س له ئه‌ڵمانیا ئه‌م پره‌نسیپه‌ی قبووڵ نییه، كه چالاكییه‌كانی شاره‌زایی دووسه‌ره‌ی ئه‌وان له یه‌كدی جیا ده‌كاته‌وه، وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی ته‌نیا پاساو بێت بۆ سیاسه‌تێكی دیاری كرا‌و، ده‌بێ په‌یوه‌ست بوونیش بریتی بێت له روون كردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دیاری كرا‌و".
له رێرِه‌وی گفتوگۆ كردن له‌باره‌ی ئه‌ركی فه‌یله‌سووفه‌وه به تایبه‌تی له رێرِه‌وی ئه‌ڵمانییه‌كه‌یدا، هابرماس ئه‌وه‌ی به سه‌ردا تێپه‌رِ نه‌بوو كه ره‌خنه له وێنای هایدگه‌ر بگرێت له‌باره‌ی ئه‌و بیرمه‌نده‌ی گوێ له جیهان ده‌گرێت و له تواناشیدا هه‌یه چاره‌نووسی ئه‌و نوێخوازییه بگۆرِێت، كه یه‌زدان ده‌ستی لێ هه‌ڵگرتووه، هیدگه‌ر مه‌یلێكی قه‌ده‌ریی بۆ فه‌لسه‌فه هێشته‌وه، ئه‌م ئاراسته‌یه‌ی هیدگه‌ر له بن كاریگه‌ریی ره‌خنه‌ییانه‌ی نیچه‌دا بوو. ئه‌و شێوازه دیدگاییه‌ی فه‌لسه‌فه، ئه‌وه‌یه كه هابرماس له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا ده‌یه‌وێ تێی په‌رِێنێت: "ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی ده‌یه‌وێ له ریزبه‌ندی رێكخه‌ری زانست‌دا جێ پێیه‌ك بۆ خۆی بدۆزێته‌وه، ناتوانێ له هۆشیاریی خۆی كه له ئه‌گه‌ری هه‌ڵه‌دا خۆ ده‌نوێنێت، خۆی بكێشێته‌وه یان خۆی بدزێته‌وه، ده‌بێ ده‌ست له‌و برِوایه هه‌ڵبگرێت كه له توانایدایه هه‌موو چاره‌سه‌رێك پێشكه‌ش بكات، به‌وه‌نده‌ش به‌سی لێ بكات كه ته‌رزه رێنماییه‌كی كه‌متر درامیانه‌ی بۆ جیهانی ژیانی پێ بێت، هه‌روه‌ها هه‌ست به وێنایه‌كی خاكه‌رِا و واقیعی له‌باره‌ی خۆیه‌وه بكات، كه به شێوه‌یه‌كی خۆرِوانه كردن (Autoréférentielle) ئاوێته به بنیاده‌كانی جۆربه‌جۆری جیهانی نوێ بێت".
به ره‌خنه گرتنی له‌و مه‌یله‌ی قه‌ده‌ر و دیدگاییانه بۆ فه‌لسه‌فه به‌و جۆره‌ی هایدگه‌ر لێی حاڵی ده‌بێت، هابرماس ده‌یه‌وێ فه‌لسه‌فه بكاته بابه‌تێكی خاكه‌رِا، كه پێگه‌ی خۆی له به‌شداری كردن له‌گه‌ڵ زانینه‌كانی دیكه‌دا ده‌بینێته‌وه: "له بری ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك هێزێكی باوه‌رِ به خۆ هه‌مبه‌ر به سه‌راپاگیریی ئه‌م جیهانه بسه‌لمێنێت، ده‌بێ فه‌لسه‌فه ده‌ستاوده‌ست بێت، هه‌وڵیش بدات شوێنی خۆی له چوارچێوه‌ی ئه‌م جیهانه‌دا دیاری بكات، له هه‌مان كاتدا به‌و شێوه‌یه‌ش لێكی ده‌داته‌وه كه وای لێ ده‌كات به پێی ئه‌ركه‌كانی چه‌ندین رۆڵی هه‌بێت، هه‌روه‌ها به‌شداریی جۆره‌كیانه‌شی هه‌بێت".
فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ به ده‌ست هه‌ڵگرتنی له: سه‌راپاگیری (هیگل)، دامه‌زراندنكاری (كانت)، گۆرِینی جیهان (ماركس)، قه‌ده‌ری (هیدگه‌ر) و به ته‌نیا د‌رك كردنی به هه‌قیقه‌ت، ئیدی د‌رك به خۆی ده‌كات و قه‌باره‌ی خۆی و ئه‌و ئه‌ركانه ده‌زانێت، كه له فه‌زای نوێی گشتیدا پێی سپێردراون، هه‌روه‌ها ئیدی دركی به ئه‌گه‌ری كه‌وتنه هه‌ڵه‌شی ده‌كرد "به زۆری فه‌لسه‌فه به‌وه به‌سی لێ ده‌كات كه رێ بۆ تیۆرییه‌كانی ئه‌مبریكی بكاته‌وه، كه داوایان لێ ده‌كرێت پرسگه‌لی گه‌وره‌ی گه‌ردوونی بخه‌نه روو. ئه‌و به كار كردن له نێو پرسی هه‌قیقه‌ت به هه‌مان شێوه‌ی زانست، به‌سی لێ نه‌كرد. ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه له زانست جیا ده‌كاته‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی ناوخۆ له‌گه‌ڵ هه‌ق و ئیتیك و هونه‌ر ده‌پارێزێت، له گۆشه‌نیگایه‌كی تایبه‌تیشه‌وه له پرسگه‌لی پێوانه‌سازی و هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كۆڵێته‌وه. هه‌روه‌ها به چوونی بۆ نێو پرسی داد و چێژ و رێز گرتنی له واتای تایبه‌ت به هه‌ستگه‌لی ئیتیك و ئه‌زموونی ستاتیكی، ئه‌و ته‌نیا توانایه‌ی گواستنه‌وه له گوتارێكه‌وه بۆ یه‌كی دی ده‌پارێزێت، هه‌روه‌ها له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی دی وه‌رگێرِان ده‌كات".
به حوكمی فره زمانییه‌وه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی ئه‌و له‌گه‌ڵ چه‌ندین بابه‌تی مه‌عریفییه‌وه، له توانایدایه چه‌ندین لێكدانه‌وه په‌ره پێ بدات، هه‌روه‌ها به‌شدار بێت له تێگه‌یشتنی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی. هه‌ڵبه‌ت له تواناشیدایه به‌شدار بێت له یه‌كتر نزیك كردنه‌وه‌ی بۆچوونی نێوان هه‌مه‌جۆر كولتوور سه‌باره‌ت به پرسگه‌لی سه‌ره‌كی كه هه‌نووكه خراونه‌ته به‌ر گه‌نگه‌شه‌وه، وه‌ك: دیموكراسی، مافی مرۆڤ و توند و تیژی كه به‌م ساڵانه‌ی دوایی په‌ری سه‌ندووه.
سه‌باره‌ت به دیموكراسی، هابرماس پێی وایه، ئه‌و له‌م كاته‌ی ئێستاماندا پێویستی به فه‌لسه‌فه‌یه به‌وه‌ی كه له فه‌زای گشتیدا كارایه، هه‌روه‌ها له‌به‌ر هه‌ستی ره‌خنه‌ییانه‌ی، وێرِای ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه و دیموكراسی هه‌مان بنه‌چه‌ی دیرۆكییان نییه. هه‌ر یه‌كه‌یان له رووی بنیاده‌وه سه‌ر به ئه‌وی دیكه‌یانه. كاریگه‌ریی گشتیی هزری فه‌لسه‌فی پێویستی به سایه‌ی و سێبه‌ری ده‌زگاكان هه‌یه كه ئازادیی ده‌برِین، پێكه‌وه‌رِۆیی بپارێزن، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، گه‌نگه‌شه‌ی دیموكراسی (هه‌میشه هه‌رِه‌شه‌ی له سه‌ره)، به‌نده به بێداری و هاتنه ده‌ستی ئه‌و پاسه‌وانه گشتییه‌ی عه‌قڵانیه‌ت كه ناو نراوه فه‌لسه‌فه".
له چوارچێوه‌ی دامه‌زراندنی فه‌زایه‌كی گشتیی دیموكراتدا كه ئیتیكی دیالۆگ یان گه‌نگه‌شه‌ی تێدا باو بێت، ئه‌وه پێویست ده‌كات داكۆكی له مافی مرۆڤ بكرێت تا بتوانێت گوزارشت له رای خۆی بكات و به شێوه‌یه‌كی كاراش به‌شدار بێت له تۆكمه كردنی ئازادیی گشتی و ئازادیی تاكه كه‌س له چوارچێوه‌ی رێز گرتنی دووسه‌ره له تایبه‌تمه‌ندیی كولتووری، هه‌ر بۆیه سه‌باره‌ت به هابرماس بابه‌تی مافی مرۆڤ له‌م كاته‌دا بابه‌تێكه پێویستی به ده‌ست تێوه‌ردانی فه‌لسه‌فه هه‌یه. هابرماس بۆ خۆشی هه‌وڵی دا سوود له بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌كانی تیۆریی پێكه‌وه‌رِۆییانه‌ی خۆی وه‌ربگرێت، تا له‌و بابه‌ته‌وه نزیك ببێته‌وه، له‌م رووه‌وه پێشنیار ده‌كات "بیر له‌و ره‌وشه هێرمۆنۆتیكییه بكرێته‌وه كه بوار ده‌دات بچینه نێو گه‌نگه‌شه‌یه‌كه‌وه له‌باره‌ی بابه‌تی مافی مرۆڤه‌وه كه له نێوان كه‌سانێكی سه‌ر به كولتووری جیاجیا هاتووه‌ته ئاراوه، ئه‌ویش به ئامانجی گه‌یشتن به له‌یه‌ك گه‌یشتن له نێوان هه‌مه‌جۆر لایه‌نانی به‌شداری گه‌نگه‌شه‌كه، له رێی ئاڵوگۆرِ كردنی بیر و را و ددان پێدانانی چه‌ندلایه‌نه‌ی نێوانی خۆیان، وێرِای جیاوازیی پاشینه‌ی كولتورییان".
سه‌باره‌ت به پرسی توند و تیژییش، به تایبه‌تی دوای رووداوه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه، هابرماس خۆی ناچار دیت كه داكۆكی له تێزی پێكه‌وه‌رِۆییانه‌ی خۆی بكات، ئه‌ویش له پای ئه‌و ره‌خنانه‌ی له "چه‌مكی عه‌قڵی پێكه‌وه‌رِۆییانه" گیرا، كه رووداوه‌كان تارماییان خسته سه‌ری، ئه‌م دۆخه پاڵی پێوه نا ئه‌و ده‌رفه‌ته بقۆزێـته‌وه، كه ئه‌و دیالۆگه‌ی توێژه‌ری ئه‌مریكی جیۆڤانا بۆرادۆری له‌باره‌ی "فه‌لسه‌فه له سه‌رده‌می تۆقاندندا" له‌گه‌ڵیدا كردی، تا به‌رپه‌رچی ئه‌و ره‌خنانه بداته‌وه كه ئاراسته‌ی ئه‌و كرا بوون، واشی دانا كه تیۆرییه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌مرِۆ ده‌توانێت به‌شدار بێت له تێپه‌رِاندنی حاڵه‌تی توند و تیژی، كه بووه‌ته حاڵه‌تی باو له جیهاندا و له نێویشیدا ئه‌وروپا: "ئه‌می دواییان (ئه‌وروپا) له حاڵه‌تێكی ئاشتی و ئارامیدا ده‌ژیا، ئه‌ویش كه‌وتووه‌ته به‌ر هه‌رِه‌شه‌ی دیارده‌ی توند و تیژییه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (توند و تیژی) بووه بنیادێك بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه، ئه‌و بنیاده‌ش زاده‌ی په‌راوێزاندن و هه‌ژاراندنه".
به حوكمی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی وابه‌سته به توند و تیژی بوو، هه‌روه‌ها وابه‌سته‌ی كرداری ستراتیژی و كۆنترۆڵیش، ئیدی هابرماس پێی وایه كه دوو فاكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌ن ده‌بێ ره‌چاو بكرێن: ژیانی رۆژانه‌مان به ته‌ك یه‌كه‌وه پشت به بناغه‌یه‌كی پته‌و له بیر و بۆچوونی هاوبه‌ش و هه‌قیقه‌تی كولتووریانه‌ی له خۆرِا به‌دیهی و هیوای دووسه‌ره، ده‌به‌ستێت. رێكخستنی كردار له رێی گه‌مه‌ی زمانی ئاساییه‌وه، هه‌روه‌ها به‌رز كردنه‌وه‌ی سكاڵای شیاوی به شێوه‌یه‌كی دووسه‌ره، یان به لای كه‌مه‌وه ئه‌وه‌ی له ناواخنی فه‌زای گشتیدا ددانی پێدا نراوه، له لایه‌كه‌وه دێته دی، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ململانێ له رێی پێكه‌وه‌رِۆی شێواو و به‌دحاڵی بوون و به‌د تێگه‌یشتنه‌وه، دواجار له رێی درۆ و بێ ئومێدییه‌وه، په‌یدا ده‌بێت.
به ده‌سپێك له‌م فاكته‌ره تێك چرِژاوانه‌وه، به لای هابرماسه‌وه توند و تیژی "ئه‌ڵقه‌یه‌كه بۆ پێكه‌وه‌رِۆی شێواو" كه به سایه‌ی بێ متمانه‌یی دووسه‌ره و دوور له چاودێرییه‌وه، پێكه‌وه‌رِۆیی په‌ك ده‌خات".
ئه‌م په‌ك خستنی پێكه‌وه‌رِۆییه كه تیۆریی پێكه‌وه‌رِۆیی هه‌وڵ ده‌دات تێی په‌رِێنێت، ئه‌ویش له رێی لادانی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می. جا ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه له‌م ئاسته‌دا رۆڵێكی هه‌یه كه هه‌وڵی تێپه‌رِاندنیه‌تی، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه ته‌ژییه له فره‌زمانی و توانای لێكدانه‌وه، ئه‌ویش له رێی "ئاڵوگۆرِی كولتووری و وه‌رگێرِان و گه‌رِان به دوای زمانێكی هاوبه‌شدا". بۆ به‌دی هێنانی ئه‌و پێكه‌وه‌رِۆییه‌ی له نێوانی كولتوور و گه‌لاندا جێی چاو تێبرِینه، هابرماس به ره‌خنه‌یه‌كی روونه‌وه به‌رسڤی ئه‌وانه‌ی دایه‌وه، كه باسی "ململانێی شارستانیه‌ته‌كان" ده‌كه‌ن، ئه‌وان له تێزه‌كه‌ی (سامۆیل هانتگتۆن)ـه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن. له‌و به‌رسڤه‌یدا هابرماس داوای له رۆژاوا كرد، سیاسه‌تی هه‌مبه‌ر به كولتووره‌كانی دی بگۆرِێت، پێی وایه كه ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت ململانێی شارستانیه‌كان (Kampf Der kultur) هه‌ر ته‌نیا پاساوێكه كه به‌رژه‌وه‌ندییه ماددییه گرنگه‌كانی رۆژاوای له پشت خۆی شاردووه‌ته‌وه".
بۆ تێپه‌رِاندنی حاڵه‌تی توند و تیژی و ململانێ، هابرماس بایه‌خ و گرنگیی "پێكه‌وه‌رِۆی ئاسۆیی" دووپات ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش به واتای هێرمۆنۆتیكی كه (فون هومبلت) له فه‌لسه‌كه‌ی خۆیدا به‌كاری هێنا. له‌و دیمانه‌یه‌ی له پاش 11ی سێپته‌مبه‌ر له‌گه‌ڵیدا كرا، هابرماس نیگه‌رانیی خۆی سه‌باره‌ت به پاشه‌كشه كردنی به‌راوردی هومبلتی بۆ پێكه‌وه‌رِۆیی ده‌ربرِی، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه رێ له به‌دی هاتنی ئه‌و ده‌گرن. پاشان ئه‌ركی فه‌لسه‌فه به لای ئه‌وه‌وه بریتییه له دووباره بنیات نانه‌وه‌ی ئه‌م مه‌رجانه بۆ به‌دی هێنانی پێكه‌وه‌رِۆییه‌كی كرده‌نی له نێوانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵدا، هه‌روه‌ها له نێوانی كولتووره‌كانیش. خۆ جه‌خت كردنی فه‌لسه‌فه له سه‌ر جیهانی ژیانی رۆژانه و پێكهاته‌گه‌لی كولتووریی ئه‌و و كار كردنی له سه‌ر لێكدانه‌وه، ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌ك كه نێو بۆشایی نێوان هێرمۆنۆتیكای پێشه تێگه‌یشتنی هه‌ردوو لا پێكه‌وه (Preunderstanding Vorverstنndigung/)، چونكه جیهانی ژیان ئاسۆی به‌دی هاتنی پێكه‌وه گونجانی نێوان كه‌سانه، كه ده‌بێته مایه‌ی ته‌سك كردنه‌وه‌ی بازنه‌ی توند و تیژی.
پوخته‌یه‌ك
پاڵپشت به‌و ده‌رهاویشتانه‌ی پێشتر باس كران، وا دیاره هابرماس له تیۆریی پێكه‌وه‌رِۆییانه‌ی خۆیدا، له وێنایه‌كی تایبه‌تی فه‌لسه‌فه‌ییه‌وه كه له‌گه‌ڵ ئه‌و تێزه‌دا كۆكه، كه خۆشی داكۆكیی لێ ده‌كات، ده‌ست پێ ده‌كات. ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات كه ماهیه‌تی فه‌لسه‌فه سه‌باره‌ت به هابرماس له‌م كاته‌دا ناكرێ له خزمه‌تی پارادیگمی پێكه‌وه‌رِۆدا نه‌بێت، ئه‌و (پارادیگمه‌ی) هابرماس ده‌یه‌وێ له سایه‌ی هزری فه‌لسه‌فیی پاشه میتافیزیكدا دای بمه‌زرێنێت، كه خاوه‌ن خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی وایه كه پارادیگمی فه‌لسه‌فیانه‌ی میتافیزیك تێده‌په‌رِێنێت، (فه‌لسه‌فه‌ی میتافیزیكیش) به گشتی له لایه‌ن فه‌لسه‌فه‌ی هیگل و فه‌لسه‌فه مه‌زنه‌كانی دیكه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێت، به هه‌مان شێوه له لایه‌ن فه‌لسه‌فه‌ی هۆشیاری به شێوه‌گه‌لی خودانه و ده‌سته‌جه‌معییه‌وه. ئێمه له به‌رده‌م ئه‌ركێكی نوێی فه‌لسه‌فه‌داین، كه هه‌وڵ ده‌دات خود فه‌لسه‌فه تێپه‌رِێنێت و به ره‌خنه و شرۆڤه‌ش خودبابه‌ت "ئینته‌رسه‌بجێكتیڤێت: (Intersubjectivitنt)" بدۆزێته‌وه، خۆشی وه‌ك به‌دیلێكی نوێی فه‌لسه‌فه پێشكه‌ش بكات. ئه‌م به‌دیله فه‌لسه‌فییه‌ی جه‌خت ده‌كاته سه‌ر په‌یوه‌ندیی دیالۆگانه، ئامانجی گه‌رِانه به دوای مه‌رجه‌كانی دیالۆگ و پێكه‌وه‌رِۆیی، له‌مه‌شدا سوودی وه‌رگرتووه له ده‌ست پێشخه‌رییه‌كانی هه‌مه‌كییه ده‌ستاوده‌ستی (كارل ئه‌تو ئابل) و "وه‌رچه‌رخانی زمانی" كه ئامرازی پێویستی دایه ده‌ست هزری هاوچه‌رخی فه‌لسه‌فییه‌وه، بۆ دۆزینه‌وه عه‌قڵی به‌رجه‌سته‌كار له نێو كرداری پێكه‌وه‌رِۆدا.
به په‌یرِه‌و كردنی ئه‌م به‌دیله فه‌لسه‌فییه له بری په‌یوه‌ندیی خودبابه‌تیانه (ئینته‌رسه‌بجێكتیڤێتانه) به‌ره‌و رووی تیۆریی پاساوده‌ری كرایه‌وه، كه ئامرازی پێویست پێشكه‌ش ده‌كات بۆ گرێدانی په‌یوه‌ندییه‌كی پێكه‌وه‌رِۆییانه، كه زاده‌ی باشترین پاساوه نه‌ك گوشار و ناچار كردن.
سه‌رباری ئه‌وه، فه‌لسه‌فه به حوكمی سوود وه‌رگرتنی له‌م وه‌رچه‌رخانه، له لای هابرماس ئه‌ركی ئه‌و له‌وه‌دایه فه‌زای گشتی له هه‌موو ئاسته‌نگێكی ئایدیۆلۆژی و وه‌هم، جا چ وه‌همی ره‌وشگه‌ری یان زانستیانه یان ماركسیانه بێت، رزگار بكات، ئه‌ویش له رێی كرانه‌وه‌ی به‌ره‌و رووی زانینه‌كانی دی و واز هێنانی له قسه كلاسییه‌كه‌ی كه هه‌ر ته‌نیا ئه‌و توانای د‌رك كردن به هه‌قیقه‌تی هه‌یه، چونكه هه‌قیقه‌ت ئیدی بووه پرسێكی ده‌سته‌جه‌معی، چه‌ندین لایه‌نی هاوبه‌شیش تێیدا به‌شدار ده‌بن.
ئامانجی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فه كه هه‌وڵی به‌دی هێنانی ده‌دات، بریتییه له دارِشتنی تیۆرییه‌كی نوێ بۆ نوێخوازی و عه‌قڵانیه‌ت. ئه‌و عه‌قڵانیه‌ته‌ی هابرماس لێی ده‌رِوانێت مۆركی رێكارانه‌ی هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌قڵانیه‌تێكی ره‌های جه‌وهه‌ری بێت. ئه‌مه‌ش وای لێ كرد ببێته عه‌قڵانیه‌تێكی كرداره‌كیی گرێ دراو به رێرِه‌وێكی جڤاكی و له نێو دیرۆكیشدا بابه‌تێندراوه، نه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌قڵانیه‌تێكی تیۆریی روته‌ڵ بێت.
كه‌واته، هابرماس له‌و كاته‌ی له‌به‌ر رۆشنایی ده‌سپێكه‌كانی تیۆریی پێكه‌وه‌رِۆییدا ده‌فه‌لسه‌فێنێ، ده‌یه‌وێ درێژه به پرۆژه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت بدات، به پشت به‌ستن به ئامرازی دی، گرنگترینیان: ده‌سكه‌وته‌كانی زمانه وه‌رچه‌رخان، له ئاسۆی گه‌ڵاڵه كردنی تیۆرییه‌كی ره‌خنه‌یی بۆ كۆمه‌ڵ (كۆمه‌ڵگا)، كه هه‌وڵ ده‌دات كردار و ره‌فتار و زانین و ئاخاوتن بعه‌قڵێنێت. فه‌لسه‌فه، له پاڵ زانینه‌كانی دیكه‌دا، له شرۆڤه‌ی ره‌خنه‌ییانه‌ی كۆمه‌ڵدا هاوبه‌شه، چونكه تیۆریی پێكه‌وه‌رِۆ له دوایین قۆناغدا تیۆرییه‌كه له‌باره‌ی كۆمه‌ڵه‌وه. به بێ ئه‌وه‌ی له بیرمان بچێت كه گرنگترین خولیای هابرماس بریتییه له هه‌وڵی ئه‌و بۆ لێكۆڵینه‌وه له كۆمه‌ڵ به پشت به‌ستن به تیۆریی پێكه‌وه‌رِۆ.