کۆمەڵگەی بێ متمانه
February 17, 2013
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :دکتۆر عادل باخه‌وان
ڕووبه‌ری جووڵانه‌وه‌ی دیموکراسی و به‌ڵێنه‌کانی، خه‌ونه‌کانی، پرۆژه‌کانی، گرفته‌کانی، پرسیاره‌کانی، قه‌یرانه‌کانی و تراژیدیا‌کانی له‌لایه‌ك و ڕووبه‌ری بێ متمانه‌یش له‌لایه‌کی دیکه‌وه. له کوردستاندا، جیابونه‌وه‌ی ئه‌م دوو ڕوبه‌ره به ئاشکرا هه‌ستی پێده‌کرێت. چه‌ند هه‌ڵبژاردنه‌کان دووباره ببنه‌وه، هێنده‌ش ئاستی بێ متمانه‌یی هاووڵاتیان به‌رزتر ده‌بێته‌وه، چه‌ند په‌رله‌مان کارابکرێت، هێنده‌ش سنووری ناڕه‌زاییه‌کان فراوانتر ده‌بن، چه‌ند ده‌زگاکانی دیموکراسی به‌هێزتربن، هێنده‌ش نه‌وه‌کان بێ ئومێدتر ده‌بن.ڕه‌نگه جێگای پرسیاربێت که بۆچی هه‌میشه مێژووی دیموکراسی و مێژووی بزووتنه‌وه ناڕه‌زاکان و، مێژووی دیموکراسی و مێژووی ناڕه‌زایی لکاون به‌یه‌که‌وه. له‌هه‌ر شوێنێکی دنیادا دیموکراسی هه‌بێت، ناڕه‌زاییش له‌چه‌ندین چوارچێوه‌ی جیاوازدا خۆی مانیفێستده‌کات. له پێناوی تێگه‌شتن و پاشان دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ناڕه‌زاییه‌کان، وه‌ك پیه‌ر رۆزانڤالۆن، پرۆفیسۆر له کۆلێژ دو فرانس ده‌ڵێت، کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکرات ده‌توانێت به دو ئاڕاسته‌دا کاربکات:
ئاڕاسته‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی کرده‌ی هه‌ڵبژاردن و ڕووتکردنه‌وه‌ی له هه‌موو ته‌مومژه‌کان، له‌وه‌ش زیاتر به‌رده‌وامی هه‌ڵبژاردن له کات و شوێنی خۆیدا و گشتاندنی به‌سه‌ر هه‌موو خانه‌کانی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا. ئاڕاسته‌ی دووه‌میش بریتییه له پێکهێنانی ده‌زگا، بزووتنه‌وه و ڕێکخراوی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی که ڕاسته‌وخۆ گوزارشت له ناڕه‌زاییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌که‌ن.
دوو ئاڕاسته‌ی کارکردن له‌هه‌مان کاتدا یه‌کسانه به جیابوونه‌وه‌ی دوو ڕووبه‌ر له‌یه‌کتری؛ ڕووبه‌ری جووڵانه‌وه‌ی دیموکراسی و به‌ڵێنه‌کانی، خه‌ونه‌کانی، پرۆژه‌کانی، گرفته‌کانی، پرسیاره‌کانی، قه‌یرانه‌کانی و تراژیدیا‌کانی له‌لایه‌ك و ڕووبه‌ری بێ متمانه‌یش له‌لایه‌کی دیکه‌وه. له کوردستاندا، جیابوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو ڕووبه‌ره به ئاشکرا هه‌ستیپێده‌کرێت. چه‌ند هه‌ڵبژاردنه‌کان دووباره ببنه‌وه، هێنده‌ش ئاستی بێ متمانه‌یی هاووڵاتیان به‌رزتر ده‌بێته‌وه، چه‌ند په‌رله‌مان کارابکرێت، هێنده‌ش سنوری ناڕه‌زاییه‌کان فراوانتر ده‌بن، چه‌ند ده‌زگاکانی دیموکراسی به‌هێزتربن، هێنده‌ش نه‌وه‌کان بێ ئومێدترده‌بن.
ئێمه پێمانوایه که چه‌ند قسه‌کردن له‌سه‌ر ڕووبه‌ری یه‌که‌م گرنگه، ئه‌وه‌نده‌ش توێژینه‌وه له‌سه‌ر ڕووبه‌ری دووه‌م گرنگه. له کوردستانی ئێمه‌دا، سه‌دان کتێب له‌سه‌ر دیموکراسی نوسراوه، به‌ڵام دوو توێژینه‌وه‌ی قووڵی زانستی له‌سه‌ر ڕووبه‌ری بێ متمانه‌یی ئاماده‌نه‌کراوه.
ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی بانگه‌شه بۆ دروشم و به‌ڵێنه‌کانی دیموكراسی ده‌که‌ین، نیو ئه‌وه‌نده ڕوناکی ناخه‌ینه سه‌ر ئه‌و هه‌زاران ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی که هیچ متمانه‌یه‌کیان به دیموكراسی، به ئه‌کته‌ره‌کانی، به به‌ڵێنه‌کانی، به‌مژده‌کان وبه خه‌ونه‌کانی نه‌ماوه. له‌کاتێکدا چه‌ند دیموكراسی به‌شداری له دروستکردنی کرده‌ی سیسته‌مێکی سیاسی له کوردستاندا ده‌کات، هێنده‌ش ڕووبه‌ره‌کانی بێ متمانه‌یی به‌شداری له دروستکردنی هه‌مان کرده‌دا ده‌که‌ن. واته ڕوبه‌ری بێ-متمانه‌یی، به بزوتنه‌وه‌کانیه‌وه، به ئه‌کته‌ره‌کانیه‌وه، به‌ڕێکخراوه‌کانیه‌وه، به ده‌زگاکانیه‌وه، به مێکانیسمه‌کانیه‌وه، له‌نێو خودی سیسته‌مه سیاسیه‌که‌دایه نه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی. لێره‌وه، فه‌رامۆشکردنی ئه‌م مه‌یدانه، نه‌ك هه‌ر فه‌رامۆشکردنی به‌شێکه له سیسته‌م، به‌ڵکو به‌شداریکردنی ناڕاسته‌وخۆشه له لاوازکردنی کرده‌ی سیسته‌می سیاسی له کوردستاندا که له ئێستا و ئێره‌دا ته‌نها له‌سه‌ره‌تای ڕێگادایه.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و نوخبه سیاسیه‌ی که له رێگای هه‌ڵبژاردنی دیموکراتیه‌وه گه‌شتووه به‌ده‌سه‌ڵات، زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان دو جۆر له مۆدێلی «بێ متمانه‌یی» پێشنیارده‌که‌ن: مۆدێلێکی لیبراڵی بێ-متمانه‌یی و مۆدێلێکی دیموکراتی بێ متمانه‌یی.
له مۆدێلی لیبراڵدا (مۆنتێسکۆ، مادیزۆن، کۆنستانت، سیسمۆندی)، کۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ده‌ستی ده‌زگایه‌کدا به هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی مه‌زن له‌سه‌ر ته‌واوی کۆمه‌ڵگه ته‌ماشاده‌کرێت. له‌م مۆدێله‌دا دروستکردنی حکومه‌ت گرنگه، به‌ڵام له حکومه‌ت گرنگتر ئه‌و شته‌یه که ناوی ده‌نێت «گومان» له حکومه‌ت. لێره‌وه به‌ده‌زگاییکردنی ئه‌م گومانه و فراوانکردنی چوارچێوه‌کانی ده‌رکه‌وتنی ده‌بێت به دڵه زیندووه‌که‌ی پرۆژه‌کانی. ئامانجی یه‌که‌می مۆدێلی لیبراڵ بریتییه له پارێزگاریکردن له مرۆڤه‌کان وه‌ك ئه‌کته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی «تاك» و ڕێگاگرتن له ملکه‌چکردنیان . واته ئه‌وه‌ی که ده‌بێت به ناوه‌ندی هه‌موو که‌ون، هه‌موو پرۆژه‌کان، هه‌موو سیاسه‌ته‌کان، هه‌موو حکومه‌ته‌کان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ن و هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م تاکانه‌وه ده‌بێت بخرێته گۆڕه‌وه. ئه‌و زانایانه‌ی که کار له‌سه‌ر بیناکردنی مۆدێلی لیبراڵ ده‌که‌ن، پێیانوایه یه‌کێك له مێکانیسمه هه‌رە مه‌زنه‌کانی «نه‌گه‌ڕانه‌وه»ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ دیکاتۆریه‌ت، بۆ تۆتالیتاریسم، بۆ سیسته‌می سته‌مکاری، بریتیه له ئاماده‌یی هه‌میشه‌یی («به‌ره‌نگاری[موقاوه‌مه‌ت/ڕێزیستانس]»). به‌ره‌نگاری له‌به‌رامبه‌ر حکومه‌تدا، له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و ده‌زگایانه‌دا که به جۆرێك له جۆره‌کان ده‌سه‌ڵاتیان له ژێر ده‌ستدایه؛ بۆ نموونه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا، پێش حکومه‌ت و ده‌زگاکانی، یه‌که‌م کرده‌ی به‌ره‌نگاری ده‌بێت ئاڕاسته‌ی مه‌کته‌بی سیاسی ئه‌و حزبانه بکرێت که له پشت په‌رده‌وه هه‌موو ستراتیژییه‌کان داده‌ڕێژن و هه‌ر که‌سێك وه‌ك پێویست جێبه‌جێیان نه‌کات دووری ده‌خه‌نه‌وه. له هه‌ر سیسته‌مێکی دیموکراسیدا، هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیر له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسی حزبێك فراوانتر و به‌هێزتر و ته‌نانه‌ت شه‌رعیتریشه. به‌ڵام له دیموكراسی کوردی‌دا، ئه‌م هاوکێشه جیهانیه پێچه‌وانه‌یه و مه‌کته‌بی سیاسی به واژویه‌ك ده‌توانێت وه‌زیرێك فڕێبداته نێو په‌راوێزه. له دێمۆکراسی فه‌ره‌نسیدا، که حزبێك هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌باته‌وه و ده‌گاته ده‌سه‌ڵات، ئیتر ڕۆڵی هه‌موو حزبیه‌کان کاڵ کاڵ ده‌بێته‌وه و ته‌نها ئه‌وانه ده‌رده‌که‌ون که له حکومه‌تدان. بۆ نموونە کاتێك که پارتی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسی له 2012 دا هه‌ڵبژاردنه‌کانی برده‌وه و فرانسوا هۆلۆند وه‌ك سه‌رۆکی کۆمار هه‌ڵبژێردرا، ئیتر کارایی شه‌قامی «سۆلفێرینۆ» له پاریس، که باره‌گای سه‌ره‌کی پارتی سۆسیالیستی لێیه، کۆتاییپێهات، به‌ڕاده‌یه‌ك که ته‌نانه‌ت که‌سێکی وه‌ك مارتین ئۆبریش، که تا دوێنێ جه‌نگی مان و نه‌مانی ڕه‌مزیی له‌سه‌ر پۆستی سکرتێری یه‌که‌می پارتی سۆسیالیست ده‌کرد، ئاماده‌نه‌بوو سه‌رله‌نوێ خۆی بۆ هه‌مان پۆست کاندیدبکاته‌وه و ڕێگای ماڵه‌وه و شاره‌وانیه‌که‌ی له شاری لیل گرته‌به‌ر! به‌ڵام له دیموكراسی کوردی‌دا، پێش حکومه‌ت و کاتی حکومه‌ت و پاش حکومه‌تیش، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته ڕاسته‌قینه‌کان هه‌ر له‌ده‌ستی مەكتەب سیاسیەكانە؛ بێهوده نییه که گه‌ر که‌سێك «ئیختیار»بکه‌یت له‌نێوان مه‌کته‌بی سیاسی و وه‌زاره‌تدا، بێ هیچ گومانێك مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ڵده‌بژێرێت ! وه‌زیره‌کان دێن و ده‌ڕۆن، به‌ڵام مه‌کته‌ب سیاسیه‌کان هه‌میشه لێره‌ن و به جۆرێك له جۆره‌کان سیفه‌تێکی رەهایان هه‌یه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌ی دیموکراسی کوردیه ڕه‌گوڕیشه‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ «بیناکردنی» حزب له‌نێو «بونیه» ستالینیه‌کاندا که له جێگایه‌کی دیکه‌دا به درێژی ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ری. له هه‌لومە‌رجێکی ئاوادا، ئه‌و زانایانه‌ی که له‌پشت مۆدێلی لیبراڵه‌وه‌ن ڕاسته‌وخۆ پێتده‌ڵێن: فراوانبونی ڕوبه‌ره‌کانی دیموکراسی له کوردستاندا یه‌کسانه به فراوانبونی گومان له ده‌سه‌ڵاتی مه‌کته‌ب سیاسیه‌کان، پاشان وه‌زیره‌کان و خواره‌وه‌یان. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش: گه‌ر گومان له ده‌سه‌ڵاتی مه‌کته‌ب سیاسیه‌کان له فراوانبوونی هه‌میشه‌ییدا نه‌بێت، ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه که ڕووبه‌ره‌کانی دیموکراسی له فراوانبووندانین و دروشمه‌کان له ئاستی گوتاره‌وه دانه‌بەزیونه‌ته سه‌ر جیهانی پراکتیك.
بنجه‌مین کۆنستانت[1767-1830]، دوو سه‌د و حه‌ڤده ساڵ له‌مه‌وپێش، واته ساڵی 1796، ته‌نها حه‌و ساڵ پاش شۆڕشی فه‌ره‌نسی، کتێبێك به‌ناوی «هێزی حکومه‌تی ئێستای فه‌ره‌نسا و فه‌رمانی پشتیوانی لێکردنی» بڵاوده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: ئازادی تاکه‌کان بریتییه له‌وه‌ی که هه‌میشه هه‌ڵگری بۆچونێکی سه‌لبیبن له‌به‌رامبه‌ر حکومه‌تدا و هه‌رگیز خۆیان وه‌ك مێگه‌لێك ته‌ماشانه‌که‌ن و حکومه‌تیش وه‌ك شوان. ئه‌و پێیوایە که به‌بێ چاودێریکردنێکی به‌رده‌وامی حکومه‌ت له‌لایه‌ن تاکه‌کانه‌وه، گریمانه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ سته‌مکاری هه‌میشه لێره‌یه1.گه‌ر ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسی بۆ سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتداریی پێش شۆڕشی فه‌ره‌نسی، که ته‌نها حه‌وت ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیبوو، وای له بنجه‌مین کۆنستانت کردبێت که داوا له فه‌ره‌نسیه‌کان بکات که به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام چاودێری ده‌سه‌ڵاتداران بکه‌ن و هه‌میشه له به‌ره‌ی «چاودێریدابن» له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که له جوومگه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدان، ئه‌وه ترسی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، که مێژووییه‌کی هه‌زار ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ چوارچێوه جیاوازه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هادا هه‌یه (خه‌لیفه، سوڵتان، ئه‌میر، پاشا)، له‌گه‌ڕانه‌وه بۆ تۆتالیتاریسم، یاخود دیسپۆتیسم ده‌کرێت وایلێبکات که هه‌رگیز ده‌ستبه‌ردای گومان له نوخبه‌ی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بێت و ئه‌م گومانه بکات به ده‌زگای فه‌رمی چاودێریکردن. سیسته‌می ئاماده‌باشی کوردی، له چرکه‌ساتی چاودێرینه‌کردن و لێنه‌پرسینه‌وه‌ی به‌رده‌وامدا، توانایی یه‌کجار گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ هه‌رسکردنی خێرای دیسپۆتیسم. بێگومان ئه‌مه په‌یوه‌ندی به پارتی یان یه‌کێتیه‌وه نیه، به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که په‌یوه‌ندی به «بونیه‌ی» عه‌قڵی، سایکۆلۆژی، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئاینی و ئه‌خلاقی مرۆڤی کوردیه‌وه هه‌یه. بۆیه گه‌ر سبه‌ینێ یه‌کگرتوو بخه‌یته جێگای پارتی و گۆڕان بخه‌یته جێگای یه‌کێتی، به‌بێ ئاماده‌بوونی به‌هێزی گومانی هه‌میشه‌یی، گومانی ده‌زگایی، چاودێریکردنی هه‌میشه‌یی و ده‌زگایی، به‌بێ لێپرسینه‌وه‌ی ڕۆژانه، به‌بێ به‌ره‌نگاریی چرکه‌یی، سیسته‌می ئاماده‌باشی گۆڕان و یه‌کگرتووش به‌ئاسانی ده‌توانێت هه‌رسی ئه‌زموونی دیسپۆتیسم، دیکاتۆریه‌ت، تۆتالیتاریسم بکات. واته گرفتی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی حزبێکی تایبه‌ت یان سیاسیه‌ك نییه، به‌ڵکو «بوونیه‌یه‌کی» کۆمه‌ڵایه‌تیه که له‌مێژووییه‌کی هه‌زار ساڵه‌دا «بیناکراوه «و به ئاسانی ده‌توانێت «بونیه‌ی» دیکه له کات و شوێنی جیاوازدا «بینا»بکات.
***
1. Benjamin Constant, De la force du gouvernement actuel de la France et de la nécessité de s’y rallier, Paris, 1796.http://classiques.uqac.ca/classiques/constant_benjamin