رۆڵی فه‌لسه‌فه له پارادیگمی پێكه‌وه‌رِۆیی له لای هابرماس (1-3)
February 12, 2013
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :محه‌مه‌د ئه‌لئه‌شهه‌ب
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
(پارادیگم (paradigm) زاراوه‌یه‌كی ئینگلیزییه له په‌یڤی پارادیگما (paradigma)ی لاتینییه‌وه هاتووه، به واتای ئه‌و نموونه و نه‌خشه و پرۆگرامه‌ی له زه‌ینی ئێمه‌دا گه‌ڵاڵه ده‌بێت. هه‌روه‌ها پارادیگم نموونه‌یه‌كه كه ژێرخانی هزرێك پێك ده‌هێنێت و بنیاده‌كه‌ی دیاری ده‌كات و پرسیاری دیاری كراویشی له‌باره‌وه ده‌خاته روو، جگه له‌وه‌ی به گوێره‌ی بنیاد و ده‌وروبه‌ر، ده‌رهاویشته‌كانی رێك ده‌خات. له هزری نوێی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی گشتیدا، پارادیگم بریتییه له‌و چوارچێوه یان ژینگه‌یه‌ی له نێویدا بیر له‌و گرفتانه ده‌كه‌ینه‌وه كه په‌یوه‌ندییان به كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه. به گشتی پارادیگم زاراوه‌یه‌كی نوێیه، له چوارچێوه‌یه‌كی سه‌راپاگیر و چه‌سپاودا نه‌خه‌مڵیوه، به‌ڵكوو تا ئه‌م كاته هه‌ر قاڵ ده‌كرێته‌وه و شتی ده‌خرێته سه‌ر و لێی ده‌قرتێنن، ئه‌ویش هه‌ر كه‌سه و به پێی ئایدیۆلۆژیا و رێبازگه‌لی هزری و سیاسیی خۆیه‌وه، هه‌ر یه‌كه له گۆشه‌نیگا و له دیدی خۆیه‌وه لێی ده‌رِوانێت- ت. ك).له به‌راییدا، هابرماسیش وه‌ك مه‌زنه فه‌یله‌سووفانی به‌ر له خۆی، هه‌ر ده‌بێ له‌باره‌ی رۆڵ و گرنگیی فه‌لسه‌فه له سه‌رده‌می خۆیدا پرسیار بكات، نه‌مازه كه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و تێیدا ژیا زنجیره‌یه‌ك وه‌رچه‌رخان و گۆرِانی له چه‌ندین ئاستدا به خۆوه دیت: ئاستی سیاسی و ئابووری و جڤاكی. له نێو گرنگترینیاندا ناوی: شكست خواردنی نازیزم، په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری كه ئیدی زانست رۆڵی باڵای تێدا ده‌بینێ، دارِووخانی بلۆكی رۆژهه‌ڵات، پاشه‌كشه كردنی ئایدیۆلۆژیاگه‌لی كلاسیك و هه‌ڵكشانی له راده به‌ده‌ری توند و تیژی له ده‌سپێكی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، ده‌هێنین. سه‌رباری ئه‌وانه چه‌ندین وه‌رچه‌رخانی ئه‌پستمۆلۆژی روویان دا، كه خۆی له دارِووخانی رێبازه مه‌زنه‌كانی فه‌لسه‌فه و گواستنه‌وه له هزرێكی میتافیزیكه‌وه به‌ره‌و هزرێكی پاشه میتافیزیكدا، ده‌نوێنێت. زۆربه‌ی ئه‌و وه‌رچه‌رخانانه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان به سه‌ر فه‌لسه‌فه‌وه هه‌بوو. ئیدی فه‌لسه‌فه‌ی كه زاده‌ی سه‌رده‌می خۆیه‌تی، هه‌ر ده‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆرِانانه‌دا برِوات و به‌شداریشیان تێدا بكات. فه‌لسه‌فه به‌های خۆی له‌و وه‌ڵامانه‌دا ده‌بینێته‌وه كه سه‌باره‌ت به‌و گرفتانن كه له سه‌رده‌می خۆیدا ده‌خرێنه روو. له‌وه‌ش به‌و لاتر، فه‌لسه‌فه ماهیه‌تێكی چه‌سپاوی نییه، هه‌ر بۆیه فه‌لسه‌فاندن، واتای ئه‌وه‌یه كه گومان له واتای فه‌لسه‌فه ده‌كه‌یت، ته‌نانه‌ت گومان له ره‌وایی بوونه‌كه‌شی ده‌كرێت، ئیدی له‌م ده‌سپێكه‌وه، پرسیار كردن له‌م كاته‌دا له‌باره‌ی رۆڵ و گرنگیی فه‌لسه‌فه، پرسیار كردنه له‌باره‌ی ره‌وایی و ماهیه‌تی ئه‌و. هابرماسیش وه‌ك فه‌یله‌سووف، به دره‌وشاوه‌ترین فه‌یله‌سووفی سه‌ده‌ی بیسته‌م داده‌ندرێت. ئه‌م خه‌می فه‌لسه‌فه‌ی له پرۆژه فه‌لسه‌فییه مه‌زنه‌كه‌ی خۆیدا هه‌ڵگرت، پرۆژه‌كه‌شی پتر له چل كتێب ده‌بێت، نووسینی راسته‌وخۆ و نارِاسته‌وخۆی بۆ نزیك بوونه‌وه له‌م (خه‌م/پرسیاره) ته‌رخان كرد، كه به ده‌سپێك له‌م شێوانه‌ی دادێوه، هه‌وڵی باس كردنی ده‌ده‌ین:
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و گۆرِانانه‌ی ئاماژه‌یان پێ كرا، ئاخۆ له سه‌رده‌می هابرماسدا، فه‌لسه‌فه چیی بۆ ماوه‌ته‌وه بیكات؟ ئه‌دی ئه‌ركی فه‌لسه‌فه له لای ئه‌و فه‌یله‌سووفه چییه؟ ئایا كرداری فه‌لسه‌فه شێوه‌یه‌كی جودا له‌وه‌ی له رابردوودا پێی ده‌گوترا فه‌لسه‌فه‌ی مه‌زنی نه‌گرته خۆ، كه ئه‌و فه‌لسه‌فه مه‌زنه چووه‌ته ریزی له بیر چوونه‌وه‌وه؟ ئه‌دی سیماكانی شێوه تازه‌كه له لای ئه‌و چۆن بوون؟ ئاخۆ له پاش هه‌ره‌س هێنانی ریزبه‌نده مه‌زنه‌كانی فه‌لسه‌فه و دارِووخانی گه‌وره فه‌یله‌سووفاندا، فه‌لسه‌فه چ سوودێكی ده‌مێنێت؟ ئاخۆ له سه‌رده‌مێكدا كه زانست و ته‌كنیك و مه‌یلی ره‌وشگه‌ری (وه‌زعی) تێیدا باڵاده‌سته، فه‌لسه‌فه ده‌بێ چ رۆڵێكی هه‌بێت؟ ئاخۆ له جوگرافیای زانینی هاوچه‌رخدا، فه‌لسه‌فه چ پێگه‌یه‌كی هه‌یه؟ ئایا ده‌كرێ فه‌لسه‌فه رۆڵی دادوه‌ری باڵای هه‌بێت كه شوێنی زانینه‌كانی دی دیاری ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له لای كانت وا بوو، یان ئه‌و ته‌نیا ناوه‌ندێكه بۆ لێكدانه‌وه؟ ئایا ده‌كرێ فه‌لسه‌فه چ رۆڵێكی هه‌بێت له سایه‌ی ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ی كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخ له رووی فه‌زای گشتیی سیاسی و په‌روه‌رده و كولتووره‌وه به خۆیه‌وه بینیوه؟ ئایا فه‌لسه‌فه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی هه‌یه به سه‌ر ئه‌و فه‌زایانه‌دا؟ ئه‌دی له سه‌رده‌می تیرۆردا، فه‌لسه‌فه چۆن ده‌توانێت به‌شدار بێت له به‌جێ گه‌یاندنی پێكه‌وه‌رِۆیی له نێوانی كولتووره‌كاندا و راده‌ی توند و تیژییش كه‌م بكاته‌وه؟
بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه، كه به ئاراسته‌ی دووباره پێناسه كردنه‌وه‌ی رۆڵی فه‌لسه‌فه له سه‌رده‌می ئێستادا ده‌چن، هابرماس زنجیره‌یه‌ك وتاری ته‌رخان كرد و راسته‌وخۆ باسی ئه‌م رۆڵه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی كرد، سه‌رباری ئاماژه‌دانی دیكه‌ی نارِاسته‌وخۆ كه له نێو به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی فه‌لسه‌فیی ئه‌ودا هه‌ن.
هابرماس ده‌بینین كه له نووسینه به‌راییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی خۆیدا، خۆی به‌م خه‌مه فه‌لسه‌فییه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، له كتێبی "سیمای فه‌لسه‌فی و سیاسی"دا، ده‌سپێكه‌كه‌ی وتارێكه له شێوه‌ی پرسیاردا: فه‌لسه‌فه چ سوودێكی هه‌یه؟ دواتر له كتێبه‌كه‌یدا له‌باره‌ی ماركسه‌وه، وتارێكی دیكه‌ی به ناوی "پێناسه كردنی فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم" نووسی، پاشان تا ماوه‌ی نزیكه‌ی ده ساڵ وه‌ستا، پاشان له كتێبه‌كه‌یدا "ئیتیك و پێكه‌وه‌رِۆیی" گه‌رِایه‌وه سه‌ر نووسین، كه ده‌سپێكه‌كه‌ی وتارێك بوو به ناوی "دووباره پێناسه كردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه"وه نووسی. هه‌روه‌ها له نووسینه‌كانی دوادوایی خۆشی‌دا له‌باره‌ی هه‌مان بابه‌ته‌وه درێژه‌ی به نووسین دا، به‌وه‌ی له وتاری "میتافیزیك له پاش كانته‌وه" له كتێبه‌كه‌یدا "هزری پاشه میتافیزیك"دا باسی ره‌وشی فه‌لسه‌فه ده‌كات، به هه‌مان شێوه‌ی له "هه‌قیقه‌ت و پاساو" و "فه‌لسه‌فه له سه‌رده‌می تیرۆر"دا، كه له پاش رووداوه‌كه‌ی (شتنبه‌ر)دا بڵاو بووه‌وه، باسی "سنووری فه‌لسه‌فه" ده‌كات.
1- له‌باره‌ی ره‌خنه گرتن له هزره ره‌های میتافیزیكه‌وه
به حوكمی ئه‌وه‌ی له نێو گه‌رمه‌ی ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌دا ژیا كه ئه‌ڵمانیا به خۆیه‌وه بینیی، هابرماس سوود له كه‌شی كرانه‌وه‌ی كولتووری و سیاسی ده‌بینێت. هه‌روه‌ها به فه‌لسه‌فه ره‌خنه‌ییه‌كه‌ی، خۆی تێكه‌ڵ ده‌كات و به‌شدار ده‌بێت له‌و كرانه‌وه‌یه‌دا. فه‌یله‌سووفه‌كه‌ی فرانكفۆرت به‌رامبه‌ر به سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی خاوه‌ن هه‌ستێكی ره‌خنه‌یی بوو، ئه‌مه‌ش له تێگه‌یشتنیدا بۆ فه‌لسه‌فه‌ش به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات. ئه‌و كاتێك بیر له ئه‌ركی فه‌لسه‌فه ده‌كاته‌وه، ئه‌وا، یه‌كه‌م ئه‌و دژ به ته‌رزێكی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی بیر ده‌كاته‌وه كه تا ده‌یان ساڵ له ئه‌ڵمانیادا باو بوو. له نێو ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی مشتومرِی له‌گه‌ڵدا كردن، ئاماژه به مارتن هیدگه‌ر ده‌كه‌م. جا ئه‌گه‌ر هیدگه‌ر پێی وا بوو كه واتای كه‌ینوونه چاوگێكه بۆ لێپرسینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی، هه‌روه‌ها زه‌رووره‌تی به‌ده‌ست هێناوه‌یه‌كی ئاشكرای پرسیاری كه‌ینوونه‌شه، ئه‌وا هابرماس له وه‌ڵامه‌كه‌ی (ئه‌درنۆ) بۆ هه‌مان پرسیاره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. ئه‌م په‌سند كردنه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌درنۆمان له لا سه‌یر نابێت، مادام كه هابرماس زۆر شت له مامۆستاكه‌یه‌وه فێر بوو، كاتێك له ساڵانی نێوان 1956-1958دا له "په‌یمانگای توێژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی"دا له فرانكفۆرت، یاریده‌ده‌ری ئه‌و بوو. هابرماس له ئه‌درنۆوه فێر بوو كه ئه‌مرِۆ كاری فه‌لسه‌فه نییه له "ناسینی ره‌ها"دا رابمێنێت، به‌ڵكوو له سه‌ریه‌تی هه‌ر بیری لێ نه‌كاته‌وه. ئه‌م بۆچوونه له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌وه، له‌و شایه‌دی دانه‌دا ئاماده‌یه كه هابرماس له یه‌كه‌مین وتاری خۆیدا "فه‌لسه‌فه سوودی چییه؟"دا پێشكه‌شی كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی رای بگه‌یه‌نێت كه هه‌مان هه‌ڵوێستی ئه‌درنۆی هه‌یه، كاتێك فه‌لسه‌فه‌ی پێناسه كرد و گوتی: "له پاش ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌وه زانیمان، هێشتا ده‌كرێ به‌رپرسایه‌تیی چوونه نێو باسه‌كه‌یه‌وه بگرینه ئه‌ستۆ، به‌ڵام ئیدی مه‌حاڵه ئێستا درێژه به‌و قسه بێ بنه‌مایه‌ی خۆی بدات كه درِ به (دنیای) ره‌ها ده‌دات، نه‌خێر به‌ڵكوو ده‌بێ واز له‌وه بهێنێت تا ناپاكی له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی خۆیدا نه‌كات، به نرخی هه‌رزانیش سه‌ودا به بیرۆكه‌ی هه‌قیقه‌تی باڵاوه نه‌كات، ئه‌م دژبه‌رییه‌یه كه جووله‌ی ئه‌و كۆنترۆڵ ده‌كات".
ئه‌م ته‌رزه هزره‌ی فه‌لسه‌فه كه ده‌ڵێ هه‌قیقه‌تی ره‌های له ده‌ستدایه، كه له یه‌ك تێكستی فه‌لسه‌فیی گرێ‌دراو به یه‌ك تاكه فه‌یله‌سووف یان یه‌ك ره‌وتی فه‌لسه‌فیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، له روانگه‌ی هابرماسه‌وه ئیدی (ئه‌و ته‌رزه هزره) له گیانه‌ڵڵادایه، چونكه وا پێویسته، فه‌لسه‌فه وه‌ك توێژینه‌وه‌ی ده‌سته‌جه‌معیی لێ بێت، ئه‌مه‌شه كه له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌نگلۆساكسۆنیدا خه‌ریكه ده‌خه‌مڵێت، هه‌ر ئه‌و نه‌ریته‌شه كه ده‌یه‌وێ له نێو رێرِه‌وی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانیشدا هه‌بێت، به پشت به‌ستن به هه‌وڵه‌كه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت.
ئه‌و وێنا نوێیه‌ی هابرماس بۆ فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وێ تا ئێستا رێی به‌دی هاتنی خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، له سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌شدا، هابرماس به‌رپرسایه‌تیی به‌شداری كردن له‌م ره‌وته‌ی گرته ئه‌ستۆی خۆیه‌وه، یه‌كێكیش له هه‌وڵه به‌راییه‌كانی ئه‌و به‌دی كردنی گرنگترین ئه‌و ره‌وته فه‌لسه‌فیانه بوو كه باڵیان به سه‌ر ئه‌ڵمانیادا كێشا، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بیانداته به‌ر ره‌خنه.
هابرماس به چاوگێرِانی به مێژووی فه‌لسه‌فه له په‌نجا ساڵی نێوان (1920- 1970)، بۆی روون بووه‌وه كه له‌و ماوه‌یه‌دا پێنج ره‌وتی فه‌لسه‌فی خۆیان سه‌پاند، تا ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیاش رووبه‌رِووی كانتیزمی نوێ ببنه‌وه، ره‌وته‌كانیش ئه‌مانه‌ن:
- فه‌لسه‌فه‌ی فینۆمۆنۆلۆژیا له لاێ هۆسرڵ و هیدگه‌ر.
- فه‌لسه‌فه‌ی ژیان له لای یاسپه‌رز، لیت، ئه‌ویش ره‌وتێك بوو كه بۆ (دلتای) ده‌گه‌رِێته‌وه.
- ئه‌نترۆپۆلۆژیای فه‌لسه‌فی له لاێ ماكس شیله‌ر و پلیسنه‌ر.
- فه‌لسه‌فه‌یه‌كی جڤاكیی ره‌خنه‌گرانه كه به ئاراسته‌ی گه‌رِانه‌وه بۆ ماركس و هیگل ده‌چێت، كورش، لوكانش، بنیامین و هوكهایمه‌ر نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كه‌ن.
- دواجار ره‌وشگه‌ری لۆژیكی كه كارناب و فتجنشتاین و پۆپه‌ر نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كه‌ن.
دوای چاو خشاندنی به هه‌موو ئه‌و ره‌وتانه‌دا، هابرماس به‌وه گه‌یشت كه له پاش دووه‌مین جیهانه جه‌نگه‌وه، كه تێیدا زۆر فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندی دژه نازیزم دوور خرانه‌وه، فه‌لسه‌فه هه‌ر گرێدراوی ئه‌و نه‌ریتانه مایه‌وه و نه‌یتوانی لێیان داببرِێت، جا له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه هابرماس هه‌وڵی دا له فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆیدا ره‌خنه‌ییانه خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌م ره‌وتانه بدات.
له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م ره‌وتانه‌دا، هابرماس سه‌رنج ده‌دات كه له هه‌مه‌رِه‌نگی و فره شێوازیی خۆیانه‌وه، تێكرِا هه‌ر رێرِه‌وێكی ئه‌وان كه له روانگه‌ی ئه‌وه‌ی ناوی ده‌نێت "پاشكه‌وتنی دیرۆكی" یان "جیاوازیی دیرۆكی"یه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، جا چ پاشكه‌وتنێك بێت كه له رێی تیۆریی سسته په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌دارییه‌وه، وه‌ك كه (جۆرج لۆكاچ) گوتی، پێی ده‌گات، یان به پشت به‌ستن به تیۆریی "نه‌ته‌وه‌ی دواكه‌وتوو" وه‌ك كه (بلسنه‌ر) دایرِشت، یان له رێی "تیۆریی نوێخوازیی دواخراو" وه‌ك كه (دارندۆرف) لێی روانی. هابرماس ئه‌و هه‌موو شێوه‌گه‌له‌ی جیاوازیی له زاراوه‌ی "سۆسیۆلۆژیای پاشكه‌وتن"دا كۆ كرده‌وه. هیدگه‌ریش به یه‌كێك له گه‌وره فه‌یله‌سووفانی ئه‌ڵمان داده‌ندرێت، كه له‌م ته‌رزه فه‌لسه‌فاندنه ده‌رناچێت. به‌ڵام په‌ره‌سه‌ندنی خێرا و كتوپرِی جڤاكی ئه‌ڵمان له پاش دووه‌مین جیهانه جه‌نگه‌وه، هه‌روه‌ها تێپه‌رِاندنی پاشكه‌وتنی دیرۆكی له رێی دانانی رێسای پێویست بۆ بنیاتنانی سه‌رمایه‌دارییه‌كی بن چاودێرییه‌كی رێك و پێكی كارگێرِییه‌وه، وای له كۆماری ئه‌ڵمانیای فیدراڵ كرد، ببێته وڵاتێكی هاوچه‌رخی ئه‌وروپای رۆژاوا. جا له‌به‌ر ده‌می ئه‌م واقیعه تازه‌یه‌دا، ئایا فه‌لسه‌فه هیچ رۆڵێكی ما، نه‌مازه له پاش هه‌ره‌س هێنانی ره‌وته مه‌زنه‌كانی فه‌لسه‌فه؟
سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره، ئه‌وه‌ی داوا ده‌كرێت دیاری كردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌یه كه خراونه‌ته گه‌ردنی فه‌لسه‌فه‌وه، پاش هه‌ره‌س هێنانی ئه‌وه‌ی پێیان ده‌گوترێت فه‌لسه‌فه مه‌زنه‌كان، هه‌روه‌ها پساندنی ئه‌و رایه‌ڵه‌ی له نێوانی فه‌لسه‌فه و كه‌سی فه‌یله‌سووفدا هه‌یه. ئێمه له به‌رده‌م ئه‌ركێكی نوێی فه‌لسه‌فه‌داین، ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌گوترێت هزری پاشه میتافیزیك یان پاشه هیگل. به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڵوه‌سته له ئاستی ئه‌و ئه‌ركانه‌دا بكه‌ین، ئاماژه به‌و ئاراسته سه‌ره‌كیانه ده‌كه‌م كه به سه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا باڵاده‌ست بوون، هه‌ر له په‌یدا بوونی فه‌لسه‌فه‌وه تا مردنی هیگل، هه‌روه‌ها ئه‌و گۆرِانانه‌ی له پاش هیگل هاتنه ئاراوه.
هابرماس، له وتاری "سوودی فه‌لسه‌فه چییه؟"دا، چوار ئاراسته‌ی سه‌ره‌كیمان بۆ دیاری ده‌كات:
1- پێشتر یه‌كێتیی نێوان فه‌لسه‌فه و زانست، له رووی جه‌وهه‌رییه‌وه، تا كاتی هیگل، نه‌خراوه‌ته به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌وه. هه‌روه‌ها هه‌رده‌م فه‌لسه‌فه خواستی خۆی بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ما و بنه‌چه‌ی به‌راییانه‌ی هه‌ر زانینێَكی تیۆری دووپات ده‌كرده‌وه، ئه‌و خواسته‌ش له میتافیزیك جیا نابێته‌وه، تا ناوه‌رِاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌میش فه‌لسه‌فه وه‌ك زانستی دامه‌زرێنه‌ر مایه‌وه.
2- یه‌كێتیی رێنماییه‌كانی فه‌لسه‌فه و كه‌له‌پوور، به‌وه‌ی كلتوورێك داده‌نێت كه شه‌رعیه‌تێك بۆ باڵاده‌ستی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، له لای هیگل به شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی نه‌خرایه به‌ر توێژینه‌وه.
3- فه‌لسه‌فه و ئایین ته‌نانه‌ت بۆ هیگلیش به‌س بوون، كه هه‌مه‌جۆر ئه‌رك به‌جێ بگه‌یه‌نن.
4- فه‌لسه‌فه له لای ده‌سته‌بژێكی رۆشنبیران قه‌تیس ده‌مێنێت، به كه‌می له نێو خه‌ڵكی ره‌شۆكیدا باوه. پێشووه بیرۆكه‌ی كه ده‌ڵێ به‌شی هه‌ره زۆری خه‌ڵك هه‌ر به ته‌بیعه‌ت ناتوانن له فه‌لسه‌فه حاڵی بن، ئه‌م شته تا ده‌گاته هیگل هاوشان و یاوه‌ری فه‌لسه‌فه بوو.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه گرنگترین ئه‌و ئاراسته بن كه تا مردنی هیگل خه‌سڵه‌تی فه‌لسه‌فه بوون، ئه‌وا له پاش ئه‌ودا فه‌لسه‌فه گۆرِانی ریشه‌یی به خۆوه ده‌بینێت، بۆ دیاری كردنی ئه‌و گۆرِانه‌ش، هابرماس قسه له‌باره‌ی ئه‌و چوار گریمانه‌یه‌وه ده‌كات كه ئاماژه‌یان پێ كرا.
سه‌باره‌ت به خاڵی یه‌كه‌م كه تایبه‌ته به یه‌كێتیی نێوان فه‌لسه‌فه و ئایین، هابرماس ده‌ڵێ ئه‌و یه‌كێتییه بووه كێشه، چونكه له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی فیزیادا، فه‌لسه‌فه خۆی ناچار دیت كه ده‌بێ ده‌ست له رۆڵی خۆی وه‌ك زانستی دامه‌زرێنه‌ر هه‌ڵبگرێت، فه‌لسه‌فه‌ی سروشت له نووسینی هیگل دوایین هه‌وڵی ئه‌و بواره بوو. له پاش ئه‌و، داكۆكی كردن له فه‌لسه‌فه‌ی بنه‌چه بووه كارێكی ئه‌سته‌م.
هه‌رچی گریمانه‌ی یه‌كێتیی نێوان فه‌لسه‌فه و كه‌له‌پووره، ئه‌وا هابرماس پێی وایه له پاش رزگار بوونی فیزیا له فه‌لسه‌فه‌ی سروشت، هه‌روه‌ها له پاش هه‌ره‌س هێنانی میتافیزیك، فه‌لسه‌فه‌ی تیۆری وه‌ك ئه‌پستمۆلۆژیا خۆی گه‌ڵاڵه كرده‌وه. به‌م جۆره فه‌لسه‌فه‌ی كرداره‌كی په‌یوه‌ندیی خۆی به فه‌لسه‌فه‌ی تیۆرییه‌وه له ده‌ست دا، ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه مۆركێكی دیكه‌ی به فه‌لسه‌فه به‌خشی، به چه‌شنێك، بوو به جۆرێك له ره‌خنه‌ی ریشه‌یی.
له‌باره‌ی گریمانه‌ی سێیه‌میشه‌وه، هابرماس دووپاتی ده‌كاته‌وه كه په‌یوه‌ندیی نێوان فه‌لسه‌فه و ئایین گۆرِا، هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه ده‌ستی له بیرۆكه‌ی
"یه‌كتایی" (un) یان "ره‌ها" هه‌ڵگرت، هه‌روه‌ها ده‌ستیشی له‌وه‌ش هه‌ڵگرت كه ئه‌وه‌ڵین بنه‌چه ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. فه‌لسه‌فه كاری كرد بۆ گۆرِینی قسه‌ی میتافیزیكی، به چه‌سپاندنی بنه‌چه له نێو بیركردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ییانه‌ی سه‌ركه‌وتوو به سه‌ر دیرۆكی مرۆڤایه‌تیدا.
سه‌باره‌ت به دوایین گریمانه‌ش، ئه‌و وه‌رچه‌رخانانه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده له ئه‌ڵمانیادا به خۆوه‌ی بینی، له‌گه‌ڵ چاكسازییه‌كانی (فون هومبلت)دا، به‌شدار بوون له بڵاو بوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌دا، هه‌روه‌ها ماركسیزمیش به‌شدار بوو له گواستنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه بۆ نێو بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، جا لێره‌وه ئه‌و دابرِانه‌ی بژارده، كه وایان كرد بوو فه‌لسه‌فه له‌گه‌ڵ خۆیدا ناته‌با بێت، كه‌وتنه دارِمان و هه‌ره‌س بردن. ماركسیش گوزارشتی له‌و شته كرد كاتێك گوتی "هه‌ر ده‌بێ فه‌لسه‌فه تێپه‌رِێنین تا به‌دیی بهێنین".
له پاش ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌نه، فه‌لسه‌فه مۆركێكی ره‌خنه‌یی به خۆوه ده‌گرێت و له كه‌سانه‌تیش دوور ده‌كه‌وێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی دیكه‌ی هه‌بێت جیا له‌وه‌ی كه له مه‌زنه فه‌لسه‌فه‌كاندا هه‌ی بوو. هابرماس ئه‌و شته له‌و وته‌یه‌یدا ئاشكرا ده‌كات كه ده‌ڵێ "ئامانجی من دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركانه‌یه كه ئه‌مرِۆ له گه‌ردنی هزری فه‌لسه‌فیدان، نه‌ك ته‌نیا له پاش كۆتایی هاتنی نه‌ریتی باڵای فه‌لسه‌فی، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها وه‌ك بۆی ده‌چم، له پاش نه‌مانی رێرِه‌وێكی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی كه گرێدراوی زاناترایه‌تیی (érudition) تاكه یان بلیمه‌تیی (marque) ئه‌م دانه‌ر یان ئه‌وی دیكه‌یه".
هابرماس كه دژایه‌تیی فه‌لسه‌فه‌ی ره‌ها و پێكڤه گرێدانی فه‌لسه‌فه و كه‌سی فه‌یله‌سووفی كرد، ئه‌و گۆرِانانه‌ی له پاش دووه‌مین جیهانه جه‌نگدا به سه‌ر جڤاكی ئه‌ڵماندا هات، تێیدا به‌شدار بوو، به هه‌مان شێوه ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی ئه‌پستمۆلۆژیا كه له پاش مه‌رگی هیگل و سه‌ره‌تای په‌یدا بوونی سیمای بیركردنه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی كه پێی گوترا "هزری پاشه میتافیزیك"یش تێیدا به‌شدار بوو. ئه‌م هزره‌ی كه تێیدا عه‌قڵانیه‌ت شێوازێكی نوێی گرته خۆ، زاده‌ی كارلێكی چه‌ندین بواری جیاجیای زانینی دوور له دیدی ره‌هایانه‌یه.
هابرماس پێی وایه فه‌سه‌فه‌ی ره‌ها بووه‌ته له‌مپه‌رێك له به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنی عه‌قڵانیه‌ت "كاتێك فه‌لسه‌فه پێی وایه پره‌نسیپێكی ره‌های هه‌یه"، رۆڵی داهێنه‌ری جیهانیشی له ئه‌ستۆدایه، ئه‌وا ناتوانا ده‌بێت له راو كردنی دیالیكتیكێك كه به تایبه‌ت به‌رجه‌سته‌ی كردووه. به ناوی ئه‌وه‌ی كه خاوه‌نی پێشینه و هێز و قوولی و فراوانییه له روانیندا، فه‌لسه‌فه ره‌ق و وشك ده‌بێت له به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی بۆ هه‌ر پێشكه‌وتنێكی عه‌قڵانیه‌ت، یان ئه‌وه‌ی ئه‌و پێشكه‌وتنه ده‌كاته قوربانی، ئه‌ویش به به‌هانه‌یه‌كی زێده‌رِۆییانه‌وه، كه له به‌رژه‌وه‌ندیی دیدێكی تۆپاوییه، كه پاشماوه‌ی ورِێنه‌كانی سۆفیزمه.
ئه‌و عه‌قڵانیه‌ته‌ی هابرماس له كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخدا ده‌یه‌وێت، كۆمه‌ڵگای پاش دووه‌مین جیهانه جه‌نگ، ئامرازه عه‌قڵانیه‌ت نییه، هه‌روه‌ها عه‌قڵانیه‌تێكی ره‌هاش نییه كه فه‌لسه‌فه ده‌ڵێ هه‌ر بۆ خۆی هێناویه‌ته ئاراوه، به‌ڵكوو عه‌قڵانیه‌تێكی پێكه‌وه‌رِۆ، ره‌خنه‌یی، رێكارانه، هاوشانی زمان و كردار و جیهانی ژیانه. بۆ فراوان كردنی په‌رێزی ئه‌م عه‌قڵانیه‌ته نوێیه و په‌ره‌پێدانی، هابرماس ره‌خنه‌ی ئاراسته به ره‌وتگه‌لی ره‌وشگه‌ر (وه‌زعی) و زانستگه‌ر (عیلمه‌وی) كرد، كه له سه‌ر حیسابی عه‌قڵانیه‌تی پێكه‌وه‌رِۆ لایه‌نگیری له ئامرازه عه‌قڵانیه‌ت ده‌كه‌ن.
2- فه‌لسه‌فه به‌وه‌ی ره‌خنه‌یه له هه‌ردوو مه‌یلی ره‌وشگه‌ر و زانستگه‌ر
ئه‌گه‌ر هابرماس ره‌خنه‌ی ریشه‌ییانه‌ی له فه‌لسه‌فه‌ی ره‌ها یان فه‌لسه‌فه مه‌زنه‌كانی خاوه‌ن مه‌یلی هه‌مه‌كیانه گرت، به‌وه‌ی له سه‌ر دیدێكی میتافیزیكانه داده‌مه‌زرێت، ئه‌وا هه‌وڵی فه‌لسه‌فیانه‌ی خۆی ته‌رخان كرد بۆ خستنه رووی به‌دیلێكی فه‌لسه‌فیانه كه له‌م پارادیگمه جودایه. له چوارچێوه‌ی درێژه‌دانی به پرۆژه فه‌لسه‌فییه ره‌خنه‌كارییه‌كه‌ی، پشتی به میراتی تیۆریی ره‌خنه‌ییانه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت به‌ست، به پشت به‌ستنیش به‌و په‌ره‌سه‌ندنه ئابووریانه‌ی كۆمه‌ڵگای نوێی رۆژاوا به خۆیه‌وه دیت، هابرماس هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی له هه‌ردوو مه‌یلی ره‌وشگه‌ر و زانستگه‌ریش گرت، جا به ده‌سپێك له‌وه‌ی كه ئه‌ركی ره‌خنه‌ییانه‌ی فه‌لسه‌فه ئه‌وه پێویست ده‌كات، بۆ ئاشكرا كردنی وه‌همی ئایدیۆلۆژیانه‌ی كه كه‌وتوونه‌ته پشتی هه‌ردوو مه‌یله‌كه‌وه، چونكه هه‌ردووكیان دوو رووی یه‌ك دراون.
به گوته‌ی هابرماس، ناكرێ فه‌لسه‌فه "ساغه زانست" بێت، هه‌ر قسه‌یه‌كیش به‌و ئاراسته‌یه، گه‌واهییه كه تووشی په‌تای بابه‌تایه‌تیی ره‌وشگه‌رانه‌ی زانست بووه. فه‌لسه‌فه به حوكمی ناسنامه‌ی ره‌خنه‌ییانه‌ی خۆیه‌وه، ده‌بێ درێژه به‌و ئه‌ركه بدات بۆ دۆزینه‌وه وه‌همه‌كانی زانست. جه‌خت كردنه‌وه‌ی دواتری هابرماس له سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی زانسته‌یلی مرۆیی، هه‌وڵێكی دیكه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌خنه گرتن له ره‌وشگه‌ری بخاته ناوجه‌رگه‌ی تیۆریی ئه‌پستمۆلۆژیی خۆیه‌وه.
له میانی راڤه كردنه‌كه‌ی هابرماس بۆ دیرۆكی په‌ره‌سه‌ندنی جۆر له سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندیگه‌لی پێكه‌وه‌رِۆییانه له نێو كۆمه‌ڵدا، ئه‌و له‌گه‌ڵ وێنای ره‌وشگه‌ردا به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون، كه له‌و په‌ره‌سه‌ندنه حاڵی نابێت ته‌نیا له چوارچێوه‌ی دیرۆكێكدا نه‌بێت بۆ به‌دی هێنانی عه‌قڵی ره‌وشگه‌ردا. ئه‌م به‌دی هاتنه ده‌بێ له هه‌موو بواره‌كاندا به‌رجه‌سته بێت. ئه‌وه‌ش له گوته‌ی (ئۆگێست كۆنت)دا هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین كه ده‌ڵێ "پرسه‌كه به ده‌وری هه‌ژموونی كرده‌نیانه‌ی مرۆڤ له جیهانی ده‌ره‌كیدا ده‌خولێته‌وه، به‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی بێ برِانه‌وه‌ی ئه‌و، بێ گومان، یه‌كێك له لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی پێك ده‌هێنێت. به‌ڵام مرۆڤ بۆی هه‌یه بڵێت، ئه‌گه‌ر به‌خۆ نه‌كه‌وتایه، ئه‌وا ئه‌و په‌ره‌سه‌ندانه‌ی له بواری پێشكه‌وتنی سیاسیانه‌ی مرۆڤایه‌تی و پێشكه‌وتنی ئیتیكی و عه‌قڵی نه‌ده‌بوون، هه‌ڵبه‌ت هه‌موو ئه‌مه‌ش به پێشكه‌وتنی ماددییه‌وه گرێ دراوه. ئیدی بۆیه، روونه كه كاریگه‌ریی مرۆڤ بۆ سه‌ر سروشت، له بنه‌رِه‌تدا به هه‌مه‌جۆر زانینی ئه‌وه‌وه، په‌یوه‌ست به یاساگه‌لی كرداریانه‌ی دیارده‌گه‌لی نائۆرگانییه‌وه، گرێ دراون".
ئه‌م بۆچوونه ره‌وشگه‌ری ئۆگێست كۆنت، له لای ره‌وشگه‌ران به هه‌مه‌جۆر ره‌وتیانه‌وه، باوه. خاڵی به‌یه‌ك گه‌یشتن له نێوانی ئه‌واندا بریتییه له جه‌خت كردنه سه‌ر جیهان و دوور خستنه‌وه‌ی هه‌موو شێوه‌یه‌كی خۆرامان، له‌م پرۆسه‌ی دوور خستنه‌وه‌یه‌شدا ره‌خنه‌ش دوور ده‌خرێته‌وه. بۆیه نووسه‌ری "عه‌قڵانیه‌تی ره‌خنه‌یی" ده‌ڵێ "كاتێك نكووڵی له رامان ده‌كه‌ین، ئه‌وا ره‌وشگه‌رییه".
وا دیاره، له رێی به‌راوردی ره‌وشگه‌رانه‌وه، دوورخستنه‌وه‌یه‌كی راسته‌وخۆی خودی تێدایه، ته‌نانه‌ت تێگه‌یشتنی ره‌وشگه‌رانه له بابه‌تایه‌تی، رایه‌ڵێكی مكومی به چاوگه رێرِه‌وی زانسته‌وه هه‌یه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، هابرماس له تێگه‌یشتنی بۆ بابه‌تایه‌تی واتای سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو نییه له خودی دانا (عاریف). به‌م شێوه‌یه هابرماس ده‌یه‌وێ شكۆ بۆ تیۆریی زانین بگه‌رِێنێته‌وه، كه شرۆڤه‌ی ره‌وشگه‌رانه خستییه په‌راوێزه‌وه، تیۆریی زانستیشی خسته جێی ئه‌وه‌وه.
ئه‌م به‌رهه‌ڵستی و ره‌خنه‌یه‌ی هابرماس له ره‌وشگه‌ریی گرت، پشتی به هه‌ر یه‌ك له (شارل سندری بورس) و (دلتای) به‌ست. یه‌كه‌میان به بیرۆكه‌ی گرووپی توێژینه‌وه‌ی زانستی، دووه‌میشیان به پشت به‌ستن به فه‌لسه‌فه‌ی هیرمۆنۆتیكا، ئه‌وا شكۆیان دایه‌وه به بیرۆكه‌ی: (بنیاتنانی هه‌قیقه‌تی زانستی و زانینه هه‌قیقه‌ت نایه‌ته دی، ته‌نیا له چێوه‌ی په‌یوه‌ندیگه‌لی دیالۆگانه‌ی نێوان كه‌سانه‌وه نه‌بێت، به هیوای به‌دی هێنانی یه‌كده‌نگی له‌باره‌ی ئه‌و پرسانه‌ی خراونه‌ته روو).
هه‌ڵبه‌ت، هابرماس له ره‌خنه گرتنی له ره‌وشگه‌ری كه وه‌ك ئایینێكی نوێ له رۆژاوا په‌یدا بوو، هه‌وڵی دا ئه‌پستمۆلۆژیایه‌كی به‌دیل (ئه‌لته‌رناتیف) گه‌ڵاڵه بكات، كه بۆشاییه‌كانی عه‌قڵانیه‌تی نیوه‌چڵی ره‌وشگه‌ران و دیرۆكگه‌ران مشتوماڵ بكات، ئه‌م بۆشاییانه‌ش خۆ له ئامرازه چالاكیی زانسته‌كاندا ده‌بینێته‌وه، كه به شێوه‌یه‌كی دیرۆكی به به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌كنیكییه‌وه گرێ دران.
رۆڵی فه‌لسه‌فه له لای هابرماسدا بریتییه له ره‌خنه گرتن له ته‌رزی عه‌قڵانیه‌تی باو، ئه‌وه‌ش هه‌رگیز تێپه‌رِاندنی ئه‌و ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكوو واته دووباره چالاك كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه عه‌قڵانیانه‌یه كه خه‌فه كراون، كه كه‌توونه‌ته بن هه‌ژموونی ماقووڵیه‌تی ته‌كنیكه‌وه، ئه‌ویش له رێی (خۆرِامان)ـه‌وه، كه تیۆری به كار و پیاده كردن ورد ده‌كاته‌وه، چالاكییش به ده‌وروبه‌ر و به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه گرێ ده‌دات.
به‌م بۆچوونه‌ی له‌باره‌ی ئه‌ركی فه‌لسه‌فه له په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ ره‌وشگه‌ری (وه‌زعی)دا، هابرماس داوای ئه‌پستمۆلۆژیایه‌كی نارِه‌وشگه‌ری كرد، كه پشت به عه‌قڵی ته‌كنیكی نابه‌ستێت كه له نێو گه‌مه‌ی سیاسی‌دا به‌ند كرا، به‌ڵكوو ئه‌پستمۆلۆژیایه‌ك له هه‌ژموونی ته‌كنیك رزگاری ده‌بێت، ئه‌ویش به هۆی زانستی ره‌خنه‌یی- تیۆرییه‌وه، ئه‌و بواره‌ی ده‌وروبه‌ر له هه‌ژموونی زانست و ته‌كنیك رزگار ده‌كات. به لامانه‌وه گرنگ نییه كه هابرماس ره‌وشی لۆژیكی و تیۆریی زانسته‌یلی ره‌خنه‌ییانه‌ی سه‌لماند، هێنده‌ی به لامانه‌وه گرنگه كه تێپه‌رِاندنی ئه‌پستمۆلۆژیای زانسته‌یلی خاوه‌ن واتای ره‌وشگه‌ری دووپات كرده‌وه، بۆ سه‌لماندنی تیۆرییه‌كی ره‌خنه‌ییانه كه ئه‌گه‌ره مه‌رجی پیاده كردنی ده‌خاته به‌ر میكروسكۆبه‌وه، هه‌روه‌ها به‌جێ گه‌یاندنی ره‌خنه گرتن له فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆژیا و پێكه‌وه گرێدانی ته‌ماشا و كار.
بۆ قووڵ كردنه‌وه‌ی دیدی ره‌خنه‌ییانه‌ی، هابرماس له هه‌ردوو كتێبی "زانین و به‌رژه‌وه‌ندی" و "ته‌كنیك و زانست وه‌ك ئایدیۆلۆژیا"، باسی په‌یوه‌ندیی نێوان زانین و به‌رژه‌وه‌ندیی كرد، ئه‌و له شرۆڤه كردنی ئه‌ركیۆلۆژیانه‌ی بۆ تیۆریی زانین له فه‌لسه‌فه‌ی رۆژاوادا، ئه‌وه‌ی زه‌ق كرده‌وه كه سێ ته‌رزه زانین هه‌ن، سێ ته‌رزه به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رامبه‌ریشیان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م ته‌وه‌ره‌دا به لامانه‌وه گرنگه، ئاماژه كردنه به گرنگیی ئاماده بوونی فه‌لسه‌فه و رۆڵی ئه‌وه له‌م سێكوچه ئه‌پستمۆلۆژییه‌دا، له پاڵ زانینی شیكارانه‌ی ئه‌زموونكار، كه به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌كنیك به‌رامبه‌ریه‌تی، ده‌شبینین زانینی دیرۆكیانه‌ی هیرمۆنۆتیك، به‌رژه‌وه‌ندیی كرداره‌كی هه‌مبه‌ریه‌تی، دوا جار زانسته‌یلی ره‌خنه‌یی: وه‌ك كۆمه‌ڵناسیی ره‌خنه، ده‌روون شیكار، به‌رژه‌وه‌ندیی رزگاركارانه ده‌بینین، له‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی ئه‌م دواییه‌یاندا فه‌لسه‌فه پێگه‌ی خۆی له لای هابرماس ده‌بینێته‌وه، ئه‌میش بیرۆكه‌یه‌كه و له (ئه‌دورنۆ)ی وه‌رگرتووه، چونكه فه‌لسه‌فه به حوكمی خه‌سڵه‌تی رامانانه‌یه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌كنیكی و هه‌ر شتاندنێكی مرۆڤ ره‌ت ده‌كاته‌وه.
فه‌لسه‌فه، له رێی هه‌ستی ره‌خنه‌گرانه‌ی و پشت به‌ستنی به خۆرِامان، هه‌وڵ ده‌دات له نێو كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌ده‌ر له كۆنترۆڵی هه‌مووان به سه‌ر هه‌مووانه‌وه، دیالۆگ بهێنێته ئاراوه. هابرماس ده‌ڵێ: "ره‌نگه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا فه‌لسه‌فه رۆڵی گرنگ بگێرِێت، ئه‌وه له كاتێكدا هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو ئه‌و جێكه‌وتانه لا بدات كه دیالۆگیان شێواندووه، ئه‌و دیالۆگه‌ی له توانایدایه به‌ره‌ی مرۆڤایه‌تی بیگه‌یه‌نێته ئاستی پێگه‌یشتن".
گومانی تێدا نییه، هابرماس لایه‌نگری له به‌رژه‌وه‌ندیی رزگاریخوازانه ده‌كات، كه زۆر مكوم گرێدراوی زانسته‌یلی ره‌خنه‌ییانه‌ی جڤاكییه. ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌ش چالاك نابێت ته‌نیا له نێو عه‌قڵی ره‌خنه‌ییانه‌ی گرێ‌دراو به خۆرِامان نه‌بێت، هابرماس "روون و ره‌وان به‌شداری كردنی زانسته‌یلی ره‌خنه‌یی و فه‌لسه‌فی له به‌رژه‌وه‌ندیی رزگاریخوازانه‌دا دووپات ده‌كاته‌وه".
ئه‌م پێكه‌وه گرێدرانه‌یه، كه سۆسیۆلۆژیای هابرماس به شێوازی دی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ته‌واو بكات، ئه‌مه‌شه كه ناومان ناوه "كاروانی دوور و درێژی فه‌یله‌سووف له میانی زانسته‌یلی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه".
هابرماس به پرسیارێك ده‌گات كه له لای ئه‌و ئه‌ركی فه‌لسه‌فه پوخته ده‌كات: "ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بۆی لوا پرسیارێكی له‌باره‌وه بكرێت، وه‌ك ئاخۆ سوودی چییه؟ ئه‌وا نابێ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی نازانستگه‌ر بێت". واته ئه‌گه‌ر ئه‌مرِۆ فه‌لسه‌فه، له سایه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و زانستی و ته‌كنیكیی هاوچه‌رخه‌وه، سوودێكی هه‌یه، تا راده‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه له ره‌وشێكدا ده‌ژین كه مۆركی سیاسه‌تاندنی زانست و ته‌كنیك (politisation) و عه‌لماندنی سیاسه‌تی هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و بازنه‌یه‌ی برِیاره مه‌زنه‌كانی تێدا ده‌درێت، ته‌سك ده‌بێته‌وه، كه ئیدی به شاره‌زایان و ته‌كنۆكراتانه‌وه گرێ ده‌درێت، به چه‌شنێك كه فه‌زای گشتی و بكه‌رانی نێوی فه‌رامۆش ده‌كرێن، ئیدی له سایه‌ی ئه‌م ره‌وشه‌دا داوای لێ ده‌كرێت ره‌خنه بگرێت له زانست كه بووه‌ته ئایدیۆلۆژیا و ره‌خنه له‌و سیاسه‌ته‌ش بگرێت، كه بۆی هه‌یه بواری فه‌زای گشتی فراوان بكات و ئازادیشی بكات. بۆیه هابرماس پێی وایه "ئایینده‌ی هزری فه‌لسه‌فی هه‌رده‌م وابه‌سته به كرداری سیاسییه‌وه‌یه". ئه‌مه‌ش فه‌لسه‌فه‌ی هابرماس، فه‌یله‌سووفی ئه‌كادیمیست و رۆشنبیری په‌یوه‌ست و رۆژنامه‌نووسی هه‌رده‌م تێكه‌ڵ به فه‌زای سیاسیی ئه‌ڵمان، ده‌خاته روو. داكۆكی كردنی هابرماس له په‌یوه‌ندیی نێوان سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه، پاساوی خۆی له‌و هه‌ژموونه‌دا ده‌بینێته‌وه كه فه‌لسه‌فه له فه‌زای گشتیدا هه‌یه‌تی. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هزری پاشه میتافیزیك.
ماویه‌تی..