چه‌مكی ده‌سه‌ڵات.. له روانگه‌ی كۆمه‌ڵگای سیاسی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه
February 3, 2013
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :د. مسته‌فا ئه‌لحه‌دداد
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
كاتێك ئێمه قسه له‌باره‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه ده‌كه‌ین، ناكرێ ئه‌و رۆڵه یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه له یاد بكه‌ین كه بژارده‌ی رۆشنبیر له بواری بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌ها و رۆشن كردنه‌وه‌ی رای گشتی و به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستیدا، هه‌یه‌تی. ئێمه له‌و كاته‌ی رۆڵی بژارده‌ی رۆشنبیر له‌م رووه‌وه ده‌خه‌ینه روو، زیاتر به‌و رۆشنبیره پشت ئه‌ستوورین كه (په‌یوه‌ست بوونی تیۆرییانه به هه‌قیقه‌ت)ـه‌وه له (په‌یوه‌ستیی ئیتیكی- سیاسی به داد)ـه‌وه، دانابرِێت (له یه‌كیان جیا ناكاته‌وه). به‌و رۆشنبیره پشت ئه‌ستوورین كه ره‌خنه له‌و روانینه نه‌ریتیانه‌ی سیاسه‌تمه‌داران ده‌گرێت كه بۆ جیهانی پێشنیار ده‌كه‌ن. پشت به‌و رۆشنبیره ده‌به‌ستین كه هه‌مواری پێویست به سه‌ر ئه‌و چاره‌سه‌ره میكانیكی و لاڵ و پاڵانانه‌دا دێنێت، كه شازی شاره‌زایانی (ناپه‌یوه‌ست) به كێشه‌كانی خه‌ڵكه‌وه، پێشنیاری ده‌كه‌ن. پشت به‌و رۆشنبیره ده‌به‌ستین كه هێشتا باوه‌رِی وایه یان خه‌ون ده‌بینێت، كه له توانادایه باشتر له‌وه‌ی هه‌یه بكرێت. دوا جار پشت به‌و رۆشنبیره‌ش ده‌به‌ستین كه باوه‌رِی وایه دیموكراسی نه‌ك فه‌لسه‌فه له پێشدا دێت، هه‌روه‌ها هاوكاری نه‌ك بابه‌تایه‌تی له پێشدا دێت.ئه‌م وتاره، له راستیدا به‌شێكه له وتارێكی درێژ كه به‌ر له چه‌ند ساڵێك نووسیم و بڵاوم كرده‌وه، ده‌خوازێت برِێ له‌و نارِۆشنییه لا بدات كه به ده‌وری چه‌ند چه‌مكێكی سه‌ر زاری خه‌ڵكێكه‌وه‌یه، ئه‌و خه‌ڵكه‌ش بایه‌خ به پرسی گشتی ده‌ده‌ن له نموونه‌ی: ده‌سه‌ڵات، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، كۆمه‌ڵگای سیاسی، فه‌زای گشتی، ویستی گشتی، رۆڵی رۆشنیران و.. هتد.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م وتاره ناچێته بن باری ئه‌وه‌ی كه ئه‌و نارِۆشنییه‌ی به ده‌وری ئه‌م چه‌مكانه‌وه‌یه، یه‌كلایی بكاته‌وه. ئه‌م قسه‌یه هیچ مرۆڤێك، هه‌ر چییه‌ك بێت، ناچێته بن بارییه‌وه، ته‌نیا مه‌گه‌ر شێت بێت و عه‌قڵی له‌ده‌ست دابێت. مه‌به‌ست له لادانی نارِۆشنی لێره‌دا، پێشنیار كردنی چێوه‌یه‌كی شرۆڤه كردنه، كه جۆرێك له گونجان به تێكرِای ئه‌م چه‌مكانه ده‌دات، به چه‌شنێك كه له‌م چێوه‌یه‌دا نه‌ك له چێوه‌یه‌كی دی، واتای هه‌بێت و شت به ده‌سته‌وه بدات. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ ده‌توانێت چێوه‌ی دی پێشنیار بكات، چه‌ندین جۆر گونجانیش به خودی ئه‌و چه‌مكانه ده‌به‌خشێت. ئه‌و به‌شه سه‌ره‌كیانه‌ی چێوه‌ی گه‌ڵاڵه بوونی وتاره‌كه دیاری ده‌كه‌ن، ئه‌و به‌شانه‌ن كه له وێنا كردنه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، كه فه‌یله‌سووف و كۆمه‌ڵناسی ئه‌ڵمان هابرماس گه‌شه‌ی پێ دا. هه‌ر له وتاره‌كه‌دا به‌شی دیكه‌ش هه‌ن كه بۆ بیرمه‌ندانی دیكه ده‌گه‌رِێته‌وه، دیارترینیان: (عه‌بدوڵڵا ئه‌لعروی و حه‌ننا ئارنت و ریچارد رورتی)ن. به‌ڵام ئێمه له وتاره‌كه‌دا په‌نامان نه‌برده به‌ر به‌كار هێنانی هه‌مان ئه‌و زاراوانه‌ی كه له لای ئه‌و بیرمه‌ندانه ده‌یان بینین، به ده‌گمه‌ن و تاك و ته‌را نه‌بێت. ئه‌مه‌ش وا له سه‌ر ئێمه پێویست ده‌كات، كه زاراوه‌كانی ئه‌وان به راڤه و په‌راوێز روون بكه‌ینه‌وه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئێمه به ته‌واوی له‌و مه‌به‌سته ده‌ربچین كه بۆ ئه‌م نووسینه‌مان دیاری كرد بوو. له‌به‌ر ئه‌و هۆیه بوو كه په‌نامان برده به‌ر به‌كار هێنانی زاراوه‌گه‌لێكی به‌رده‌ست، ئه‌وان به زۆری بۆ حاڵی بوون ئاسانن.
1- ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی
له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌توانین دوو ئاست له یه‌كدی جیا بكه‌ینه‌وه: ئاستی یه‌كه‌م كه ده‌وڵه‌ت به ده‌زگاكانی هه‌مه‌جۆری خۆی به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئاستێكه ده‌سه‌ڵاتداران یان حكوومه‌ت به گفتار و كردار و برِیاره‌كانی گوزارشتی لێ ده‌كات. ئاستی دووه‌میش كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له رێی كۆمه‌ڵه و رێكخراو و یانه‌كانییه‌وه به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، گوزارشتیش له پێكه‌وه‌رِۆیی گشتی ده‌كات، كه ده‌سته و كۆمه‌ڵه و یانه و رێكخراوه‌كان له ده‌ست پێشخه‌ری و چالاكیی هه‌مه‌جۆری مه‌ده‌نیی خۆیاندا پیشانی ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها له ده‌ست تێوه‌ردانی ئه‌وانیش كه له لایه‌ن هه‌مه‌جۆر كه‌ناڵی میدیاوه چالاكه و بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
ده‌كرێ به شێوه‌یه‌كی كاتی ئه‌م دوو ئاسته‌ی ده‌سه‌ڵات ناو بنێین (ده‌سه‌ڵاتی سیاسی) و (ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی). واش ده‌رده‌كه‌وێت كه له‌م وێنا كردنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا، ره‌وشی پارته‌كان ئاڵۆز دێته به‌ر چاو. به‌ڵام ئێمه، به كورتی و به كوردی ده‌ڵێین، پارته‌كان به حوكمی ئه‌و ئامانجانه‌ی ده‌یانه‌وێ به‌جێیان بهێنن، ئه‌وان ده‌چنه ریزی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه. ئه‌وان به دوو شێواز ده‌چنه نێو چێوه‌ی ئه‌م ئاسته‌وه: شێوازی هێز كه له نێو حكوومه‌تدا ده‌بن، شێوازی هێزیش كاتێك له ئۆپۆزسیۆندا ده‌بن. ئه‌وان (پارته‌كان) له كۆتایی شرۆڤه كردنه‌كه‌دا به‌رهه‌ڵست نین، ته‌نیا له پێناوی گه‌یشتن به حكوومه‌ت و وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بێت.
پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆن هه‌رچه‌نده له رووی چالاكییه‌وه له‌گه‌ڵ چالاكیی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه، ئه‌وا له رووی ئامانجه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا یه‌ك ناگرنه‌وه. ئامانجی پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆن، وه‌ك پێشتر گوتمان، به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه، به‌ڵام رێكخراوی مه‌ده‌نی، جا سه‌ر به پارتێكی سیاسی بێت یان نا، ئامانجه‌كه‌ی بریتییه له چاودێری كردنی حكوومه‌ت و گوشار خستنه سه‌ری و ئاراسته كردنی رووه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، هه‌ر له مه‌یدانی ململانێی مه‌ده‌نیشدا ده‌مێنێته‌وه. روونتر ده‌كرێ به‌و جۆره پارتی (سیاسی) و رێكخراوی مه‌ده‌نی له یه‌ك جیا بكه‌ینه‌وه كه بڵێین، پارتی سیاسی گرووپێكی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی گرێدراوی خۆیه‌تی، به‌وه‌ی گرووپێكه چاوی له ده‌سه‌ڵاته (ئه‌مه‌ش له به‌های ئه‌و كه‌م ناكاته‌وه، چونكه پارتی سیاسی وا ته‌ماشای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ده‌كات به‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیشی تێدایه یان هاوئاهه‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا). هه‌رچی رێكخراوی مه‌ده‌نییه، ئه‌وا رێكخستنێكی ساغ خۆبه‌خشانه‌یه، یه‌ك تاكه به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌یه، ئه‌ویش به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه (ئه‌مه‌ش ناكاته ئه‌وه‌ی پێگه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌رز بكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه رێی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییان لێ چه‌واشه ببێت، هه‌ڵبه‌ت یان به مه‌به‌سته‌وه، یانیش به هه‌ڵه و سه‌هوو).
ئیدی لێره‌وه چه‌مكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بایه‌خی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌وه‌ی روانگه‌یه‌كه بۆ چاودێری و ئاوێنه‌یه‌كه كۆمه‌ڵگای سیاسی خۆی تێدا ده‌خوێنێته‌وه. جا لێره‌وه و له ئاستێكی گشتیتره‌وه، بۆمان روون ده‌بێته‌وه، كه كۆمه‌ڵگای سیاسی به‌و دامه‌زراوانه‌ی لێی ده‌كه‌ونه‌وه، له رووی دیرۆكییه‌وه نه‌خه‌مڵیوه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بێت تا بواری هه‌ره فراوان بپارێزێت بۆ ئه‌و شته‌ی كه سیاسی نییه، واته كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. بۆ ئه‌وه‌ی بایه‌خی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌ربكه‌وێت و باشتر ره‌نگ و روخساری روون ببێته‌وه، ده‌بێ به لای چه‌مكێكی دیكه‌شدا بچین كه زۆر گرێدراوی ئه‌وه، ئه‌ویش فه‌زای گشتییه. كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی واتای ره‌خنه‌ییانه‌ی خۆی نا‌پۆشێت ته‌نیا (ئه‌و كاته نه‌بێت) كه ده‌چێته نێو فه‌زای گشتییه‌وه، كه هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌مه به برِێ ورده‌كارییه‌وه روون بكه‌مه‌وه.
2- فه‌زای گشتی و ده‌سه‌ڵاتی را
مه‌به‌ستمان له فه‌زای گشتی ئه‌و ناوه‌نده رووبه‌ره‌یه كه له نێوانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌تدا دروست ده‌بێت. ره‌وانتر بڵێین، ئه‌و شوێنه‌یه كه جه‌ماوه‌ر بۆ دارِشتنی رایه‌كی گشتی، تێیدا كۆ ده‌بنه‌وه. ئه‌و شوێنه‌ش له رووی پره‌نسیپه‌وه، كراوه ده‌بێت به‌ره‌و رووی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی مافی گرد بوونه‌وه و ئازادیی را ده‌ربرِینیان سه‌لمێندراوه. سیفه‌تی گشتی كه دراوه‌ته پاڵ ئه‌م فه‌زایه، له توخمی ئه‌و گشتییه نییه كه ده‌درێته پاڵ ده‌وڵه‌ت یان كۆمه‌ڵگای سیاسییه‌وه. ئه‌و گشتییه‌ی دراوه‌ته پاڵ ئه‌م فه‌زایه، له راستیدا به ئامرازێك داده‌ندرێت بۆ ره‌خنه گرتن له پیاده كردنی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه و چاودێری كردنی ده‌سه‌ڵات.
به راستی، فه‌زای گشتی شێوه‌یه‌كی نوێیه له شێوه‌كانی به‌خشینی ره‌وایی به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی (واته به كرداری سیاسیی (گشتیی) ده‌وڵه‌ت)، به‌ڵام له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، له چێوه‌ی دیموكراسیدا، به ئامرازێكی سه‌ركه‌وتوو داده‌ندرێت بۆ گۆرِینی خه‌سڵه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، واته هێنانه ئارای گۆرِین له ئاسۆی عه‌قڵاندنی و ئاراسته كردنی و كار لێ كردنی، تا پتر و پتر له‌گه‌ڵ خواست و خولیا و داوای هاووڵاتیاندا بگونجێت. ئه‌و (دراو) یان (ناوه‌ند)ـه‌ی له فه‌زای گشتیدا كار و كردار كۆنترۆڵ ده‌كات، كرداری پێكه‌وه‌رِۆییه (Communicative action).
(هابرماس پێی وایه سێ دراو یان سێ ناوه‌ند هه‌ن: ده‌وڵه‌ت یان كۆمه‌ڵگای سیاسی كه ئامرازی ده‌سه‌ڵات به‌كار ده‌هێنێت، دۆخی ئابووری كه ئامرازی دارایی به‌كار ده‌هێنێت، ئه‌و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌ی كه له فه‌زای گشتیدا قه‌باره‌ی گرتووه ئامرازی كرداری پێكه‌وه‌رِۆیی به‌كار ده‌هێنێت). ئیدی بۆیه چ كۆت و پێوه‌ندێك نییه رێ له هاووڵاتی بگرێت كه نه‌چێته نێو فه‌زای گشتی و به‌شداریی تێدا نه‌كات. هه‌ڵبه‌ت توانای پێكه‌وه‌رِۆیی له رێی زمانه‌وه، به ته‌نیا به‌سه بۆ چوونه نێو ئه‌و فه‌زایه‌وه و به‌ده‌ست هێنانی پشك تێیدا. هه‌ڵبه‌ت كرداری (پێكه‌وه‌رِۆیی) له چێوه‌ی فه‌زای گشتیدا، ره‌وا بوونی خۆی له سنووری به‌ره‌ژوه‌ندیی تایبه‌ت یان خۆمانه خۆمانه‌ی تاك یان گرووپه‌كانه‌وه، نا‌پۆشێت، به‌ڵكوو له سنووری ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌وه ده‌یپۆشێت، كه قابیلی گشتاندنن و له به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت و به‌شه‌كیی تاك و گرووپی كێبه‌ركێكار به‌رزتر ده‌بێت. بۆیه هه‌ندێك له بیرمه‌ندان (هابرماس دیارترینیانه) "فه‌زای گشتی"یان به‌و شوێنه دانا كه ویستی گشتیی، به چه‌شنێكی عه‌قڵانی، تێدا گه‌ڵاڵه ده‌بێت. كاتێك له شرۆڤه‌دا چه‌مكی فه‌زای گشتی به‌م واتایه به‌كار ده‌هێنین، ئه‌وا ناكرێ پشت به‌و پێناسه‌یه ببه‌ستین كه رۆسۆ له‌باره‌ی ویستی گشتییه‌وه په‌ره‌ی پێ دا، واته ئه‌و وێنایه‌ی ده‌یسه‌لمێنێ پێشتر هه‌بووه، ئه‌ویش به‌ر له هه‌ر گه‌ڵاڵه بوونێكی ویست له رێی گفتوگۆی گشتییه‌وه. روونتر بڵێین، چاوگی شه‌رعیه‌ت، هه‌ر وه‌ك هابرماس له چه‌ندین كتێبی خۆیدا ئاماژه‌ی پێ داوه، له نێو ویستی هه‌بووی پێشتر دیاری كراوی تاكه‌كاندا نییه، به‌ڵكوو له زنجیره‌ی گه‌ڵاڵه بوونیدا، واته له خودی راوێژدایه. كه‌واته برِیاری ره‌وا، ئه‌و برِیاره نییه كه نوێنه‌رایه‌تیی ویستی هه‌مووان ده‌كات، به‌ڵكوو ئه‌و برِیاره‌یه كه زاده‌ی راوێژی هه‌مووانه.
كه‌واته به پێی ئه‌و روانه‌گه‌یه، فه‌زای گشتی ده‌بێته مه‌رجێكی سه‌ره‌كی له پێكهاتن و گه‌ڵاڵه بوونی ویست و رای جه‌ماوه‌ری هاووڵاتیان. كاتێكیش قسه له‌باره رای هاووڵاتیان یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت رای گشتییه‌وه ده‌كرێت، مه‌به‌ستمان كۆمه‌ڵێك رای تاك به تاك نییه، كه هه‌ر وا و به شێوه‌یه‌كی جیا دروست ده‌بن و به رێرِه‌وێكی تایبه‌تیش داده‌رِێژرێن. روونتر بڵێین، نابێ رای گشتی تێكه‌ڵ به‌و ئه‌نجامانه بكه‌ین كه ده‌كرێ له رێی دیڤچوون و راپرسیی رووكه‌شانه‌وه پَییان بگه‌ین. راپرسیی سیاسی به دروستی رای گشتی ناخاته روو، ته‌نیا مه‌گه‌ر له فه‌زایه‌كی گشتیی سازه‌وه بێت، پێشتریش باس له گه‌ڵاڵه كردنی را كرا، له‌باره‌ی ئه‌و كاروباره‌وه كه ده‌خرێته روو. ئا لێره‌دا به دروستی رۆڵی میدیا به هه‌موو چه‌شنه‌كانییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها رۆڵی رۆشنبیران و كه‌سایه‌تیی دیار و شاره‌زایانی مكورِ (مه‌به‌ستمان له شاره‌زایانی مكورِ كۆمه‌ڵێك شاره‌زایه كه له ده‌سته‌ی شاره‌زایانی ته‌كنۆكرات یاخی بوون، هاتووشنه‌ته سه‌ر باری به‌هاگه‌لی هاوكاری و به‌شێكی كاتی خۆشیان بۆ ده‌ست وه‌ردان له كاروباری گشتی ته‌رخان كردووه، هه‌روه‌ها بۆ ئاسان كردنی كاروباری ئاڵۆزی ئابووری و سیاسی و جڤاكی و هی دیكه له بواره‌كانی پسپۆرایه‌تی، كه هه‌ندێك جار داخراون، ئنجا راڤه كردنیان به ئامانجی به‌رچاو روون كردنی هاووڵاتیان و به شێوه‌یه‌كیش به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی رای گشتی له نێو كۆمه‌ڵدا). ئه‌وانه هه‌موویان به شێوه‌ی جیاجیا و به شێوازی جۆربه‌جۆر و به راده‌ی جۆراوجۆر، به‌شدار ده‌بن له جۆشدانی جه‌ماوه‌ر و رۆشن كرنه‌وه‌ی رای ئه‌وان له‌باره‌ی ئه‌و پرسانه‌ی خراونه‌ته به‌ر گفتوگۆوه.
رای گشتی به‌وه‌ی وزه‌یه‌كه بۆ كاریگه‌ریی سیاسی، گرنگیی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێت. ئه‌وه رایه‌كه كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌ری ده‌داته نێو فه‌زای گشتییه‌وه، ئیدی قابیلی به‌كار بردن ده‌بێت له رووی كار كردن له بواری سیاسی و له هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌ڵبژاردن له لای هاووڵاتیان. به دروستی ئا لێره‌دایه ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و كاریگه‌رییه نابێته ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی (واته له ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌ده‌نییه‌وه نابێته ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی)، ته‌نیا به‌و ئه‌ندازه‌یه نه‌بێت كه كار له قه‌ناعه‌تی ئه‌ندامانی خاوه‌ن هه‌ژموون له پێكهاته‌ی سیاسی (حكوومه‌ت)دا ده‌كات، ئه‌وا كه‌سانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له پێكهاته‌ی سیاسی له لای خۆیانه‌وه ده‌زانن كه ده‌سه‌ڵاتی (سیاسیی ئه‌وان) ره‌وا نابێت ته‌نیا ئه‌گه‌ر نوێنه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بن كه به شێوه‌یه‌كی پێكه‌وه‌رِۆییانه له فه‌زای گشتی (ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی)دا دروست ده‌خه‌مڵێت. ره‌وانتر بڵێین، ئه‌وان خۆ وا ده‌بیننه‌وه كه ناچارن زۆر گوێ له‌و خواستانه بگرن كه كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له فه‌زای گشتی به‌رزیان ده‌كاته‌وه، پاشان به ده‌نگه‌وه چوونیان. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، كه ئه‌ده‌بیاتی ده‌وڵه‌تی یاسای دیموكراسی مافی ده‌ركردنی ئه‌و برِیارانه‌ی پێ ده‌دات كه له سه‌ر جڤاك فه‌رزن، نابێته ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌وا، ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه كه له سه‌ر پێكه‌وه‌رِۆیی رۆنراوه، پشتیوانی و پشتگیری ده‌كرێت. به زمانێكی دی، كۆمه‌ڵگا ده‌بێ وا ته‌ماشای ئه‌و برِیارانه بكات كه فه‌رزن و له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه ده‌رده‌چن، به‌وه‌ی كه ئه‌و مافانه‌ی ئه‌و به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن كه ده‌ستوور باسیان ده‌كات و سه‌لماندنی ئه‌وانه، نه‌ك ئه‌وه‌ی پێشێل كردنی ئه‌وان و بن پێ كردنیان بێت.
له‌م چێوه‌یه‌دا فه‌زای گشتی ده‌بێته مه‌یدانێك كه هه‌ردوو ده‌سه‌ڵات پێكرِا، پێیدا تێپه‌رِ ده‌بن و له نێویدا یه‌كتر ده‌برِن: ده‌سه‌ڵاتێكی ریزبه‌ند كه له سه‌رێ را دێته خوارێ، ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌ده‌نیش كه خۆرِسكانه له رایه‌ڵی پێكه‌وه‌رِۆییه‌وه دروست بووه، هاووڵاتیانیش ئه‌و رایه‌ڵه له فه‌زای گشتیدا ده‌چنن. ئه‌م تێپه‌رِین و یه‌كتربرِییه مۆركی زیندوویی و نوێ بوونه‌وه به فه‌زای گشتی ده‌به‌خشن، به‌ڵام مۆركی نائارامی و ململانێشی پێ ده‌به‌خشن. له برِگه‌ی دادێ هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ندێك له رواڵه‌ته‌كانی ئه‌م نائارامی و ململانێیه، بخه‌ینه به‌ر چاو.
3- فه‌زای گشتی و پرسی هه‌ژموون
ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، به‌وه‌ی كه رێكخستنه، به ریزبه‌ند داده‌ندرێت. به‌وه‌ی كه ریزبه‌ندیشه، ئه‌وا هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌كانی ریزبه‌ندیشی هه‌یه. ئه‌و قه‌واره‌یه‌كی هه‌مه‌كه، خۆ كۆنترۆڵه، ناشكرێ كه له خۆی بگۆرِێت و ببێته شتێكی دیكه‌ی جیاواز له خۆی. (هیگل ده‌یگوت ده‌وڵه‌ت هه‌میشه جیاوازه له‌و وێنانه‌ی تاك له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه دروستی ده‌كات، مه‌به‌ستیشی له تاك هه‌ڵبه‌ت ئه‌و تاكه‌یه كه له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا ده‌ژی). لۆژیكی ناوخۆی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش، پوخته‌كه‌ی سه‌ركه‌وتن و كاراییه. هه‌رچی عه‌قڵانیه‌تیشه كه ئه‌م لۆژیكه‌ش ده‌چێته بن بارییه‌وه، ئه‌وا عه‌قڵانیه‌تێكی ساغ ئامرازییه. ئه‌و به كورتی ده‌سه‌ڵاتێكه له رێی یاساوه خۆی دیاری ده‌كات، به‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی دامه‌زراوه‌ییه، به لای فه‌رمان كردن و سه‌پاندن و كۆت و هه‌ژمووندا ده‌شكێته‌وه. ئه‌م سیمایانه‌ی كه خه‌سڵه‌تی ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته‌ن ته‌نانه‌ت له رژێمگه‌لی دێرینی دیموكراسیشدا لاناچن، ته‌واوی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات پشت به سه‌روه‌ریی میللی ده‌به‌ستێت، كه به ده‌نگدانی گشتی گوزارشتی لێ ده‌كرێت.
هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نییه، ئه‌وا به ریزبه‌ند داناندرێت، به‌ڵكوو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی شل و خاوه، به پێكه‌وه‌رِۆی ئازادانه كه هاووڵاتیان له نێوانی خۆیاندا سه‌باره‌ت به‌و پرس و كێشانه‌ی په‌یوه‌ندییان به كاروباری گشتییه‌وه هه‌یه ده‌یچنن، خۆرِسكانه دروست ده‌بێت. لۆژیكی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ناوخۆییه، ناچێته ژێر باری هه‌ردوو گوته‌ی سه‌ركه‌وتن و كاراییه‌وه، به‌ڵكوو ده‌چێته بن باری چه‌مكێكی گشتی، ئه‌ویش له‌یه‌ك گه‌یشتنی به‌رچاو روونانه سه‌باره‌ت به باشترین رێی به‌ره‌و پێكه‌وه ژیانی سه‌ربه‌رزانه له نێو كۆمه‌ڵدا. عه‌قڵانیه‌ته‌كه‌ی ئامرازانه نییه، به‌ڵكوو پێكه‌وه‌رِۆییانه‌یه و په‌یوه‌ندیی زۆر مكومی به عه‌قڵی كرداره‌كییه‌وه هه‌یه، كه زۆر دووره له عه‌قڵی تیۆریی- ته‌كنیكی كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئیلهامی لێ وه‌رده‌گرێت. ئه‌و لانكه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی تێدا ده‌خه‌مڵێت فه‌زای گشتییه، ئه‌میش فه‌زایه‌كی ناده‌زگاییه به پێچه‌وانه‌ی فه‌زای گشتیی ریزبه‌ند (وه‌ك په‌رله‌مان و ئه‌و لیژنانه‌ی لێی ده‌بنه‌وه ...) كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كاریان تێدا ده‌كات. ئه‌و فه‌زایه‌كی ناده‌زگاییه، چونكه بكه‌ران تێیدا له بن باری گوشاری په‌له كردن له ده‌ركردنی برِیاردا كار ناكه‌ن، وه‌ك بكه‌رانی سیاسی له فه‌زای ده‌زگایی ده‌وڵه‌تدا. كات له فه‌زای گشتیدا ئه‌و كاته‌یه كه راوێژ و گفتوگۆی تێدا ده‌كرێت، ناچێته بن باری ژماردن یان كورت كردنه‌وه‌وه، ته‌نیا مه‌گه‌ر ئه‌و فه‌زایه ویستی خۆی بخواته‌وه و به سه‌ر خۆیدا وه‌رگه‌رِێت.
زه‌حمه‌تییه‌كه لێره‌دا له به‌رگه گرتنی ئه‌و نائارامییه بنیادییه حه‌تمییه‌دایه، كه دێته ئاراوه له نێوانی رواڵه‌تی ریزبه‌ندانه‌ی ده‌سه‌ڵات، بۆ به كرده‌نی وه‌گه‌رِ كه‌وتنی پێویسته (كه به ته‌بیعه‌تی خۆی، ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی به‌ره‌و چۆك دادان ده‌بات، چونكه به فاكته‌رێكی شڵه‌ژێنه‌ر بۆ سه‌ر خۆ كۆنترۆڵ كردنی ده‌زانێت)، هه‌روه‌ها نێوان رواڵه‌تی مه‌ده‌نیانه‌ی كه له لایه‌ن خۆیه‌وه بریتییه له ته‌نیا چاوگی دیموكراسی و شه‌رعیه‌ت، كه ده‌بێ، ئه‌مه‌ش چووه‌ته نێو ته‌بیعه‌تی ئه‌وه‌وه، مافی ده‌ست وه‌ردان له ریزبه‌ندی سیاسی پیاده بكات. (هه‌ڵبه‌ت، ویستی گشتی، هه‌ر ته‌نیا به‌وه‌ی هاووڵاتیان كارت فرِێ ده‌ده‌نه نێو سندووقی ده‌نگدانه‌وه، ئارام ناگرێت و داناسه‌كنێت). هه‌ر چه‌ندی نائارامیی نێوان هه‌ردوو رواڵه‌ت یان ده‌سه‌ڵات له ده‌وڵه‌تدا به‌ره‌و نه‌رمی چوو، ئه‌وا ده‌توانین قسه له‌باره‌ی ئارامیی سیاسییه‌وه بكه‌ین، هه‌رچه‌ندی نائارامی بێته ئاراوه و توند بێت، ئه‌وا له جێی خۆیدایه باس له هه‌بوونی قه‌یرانی سیاسی له نێو ده‌وڵه‌تدا بكه‌ین.
ئه‌و راستییه بنه‌رِه‌تییه‌ی ناكرێ لێره‌دا نادیده‌ی بگرین، ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ریزبه‌ند، كه برِیاری هه‌رده‌بێ ده‌رده‌كات، ناكرێ جڵه‌وی ئه‌و ویسته گشتییه بگرێته ده‌ست كه خۆی نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات، ته‌نیا مه‌گه‌ر هه‌ر به‌دواداچوون بكات و گوێ بگرێت و كراوه بێت به رووی خواست و به‌ها و ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدان، ئه‌ویش به شێوه‌یه‌كی ئازاد و خۆرِسكانه له نێو فه‌زای گشتیدا. جا ئه‌و كات، ته‌نیا ئه‌و كات، برِیاره‌كانی ماف به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن و به‌ده‌م خواسته‌وه ده‌چن و ئاوات و خولیا به‌دی ده‌هێنن.