شاری کوردی وەك پانتایی نوێی کۆمەڵایەتی
January 19, 2013
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :دکتۆر عادل باخه‌وان
یەکێك له‌و دیارده گرنگانه‌ی که له ئێستا‌و ئێره‌ی کوردستاندا پێویستی به چاودێری، هاوڕێیه‌تی و پاشان ڕاڤه‌کردنی به‌رده‌وامی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه و بریتیه له دیارده‌ی سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانی «شار» وه‌ك کرده‌ی «ته‌مه‌دون/یوربانیزاسیۆن»ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی که ڕاسته‌وخۆ کارایی داده‌نێت به‌سه‌ر گه‌شه‌کردنی نه‌ك هه‌ر پانتاییه فیزیکیه‌کانی نیشته‌جێبوون، به‌ڵکو به‌سه‌ر پێگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیشه‌وه.زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، هه‌ر له مارکسه‌وه تا ده‌گاته دۆرکایم، ڤێبه‌ر، زیمۆل و قوتابخانه‌ی شیکاگۆ، چه‌ندین تیۆری مه‌زنیان له‌سه‌ر شاری مۆدێرن و قه‌یرانه‌کانی به‌رهه‌مهێناوه. بۆ مارکس، هێڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی نێوان شار و لادێ، یه‌کێکه له بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی دابه‌شبوونی کار‌و که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه‌و پاشان گه‌شه‌کردنی ئه‌و شته‌ی که ناوی ده‌نێت «ئیستیغلال»کردنی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه (کرێکاران) له‌لایه‌ن سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه (بۆرژواکان)ه‌وه.
لای دۆرکایم، خزمه‌تگوزارییه ماددیه‌کان، ستراکتۆره کۆمه‌ڵایه‌تیه نوێیه‌کانی شار‌و ده‌زگا فه‌رمیه مۆدێرنه‌کان، ئه‌و پانتاییه نوێیانه دروست ده‌که‌ن که به جۆرێکی دیکه ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی تاکه‌کان ڕێکده‌خه‌ن، جۆرێك که دابڕانێکی ڕیشه‌یی له‌گه‌ڵ ڕابردوودا به‌سه‌ر هه‌موواندا ده‌سه‌پێنێت. دۆرکایم پێیوایه که ئه‌وه ته‌نیا له شاردایه که چڕبوونه‌وه‌ی «ئه‌خلاقی» و چڕبوونه‌وه‌ی «فیزیك» پێکه‌وه ڕێده‌که‌ن و ده‌گه‌نه لوتکه. له شاردا چالاکیه مرۆییه‌کان چوارچێوه‌ی جیاواز وه‌رده‌گرن و تایبه‌تمه‌ندیه‌کان له هه‌موو مه‌یدانه‌کانی ژیاندا قووڵ ده‌بنه‌وه، لێره‌وه هاریکاری «مێکانیك» کۆتایی پێدێت و هاریکاری «ئۆرگانیك» جێگای ده‌گرێته‌وه.
زیمۆل پێیوایه که شار هه‌موو ده‌رگاکان له‌به‌رده‌م ده‌رکه‌وتنی مرۆڤ وه‌ك که‌سی تاکدا ده‌کاته‌وه. شار دێت و مرۆڤ له ده‌ستی «تائیفه‌کان»، عه‌شره‌ته‌کان، خێزانه‌کان، گرووپه هۆلیستهکان ده‌رده‌هێنێت و فێریان ده‌کات که چۆن ببن به مرۆڤی تاك.
ڤێبه‌ر له گۆشه‌نیگایه‌کی دیکه‌وه کلیك له‌سه‌ر شار ده‌کات. ئه‌و پێیوایه شار که پانتایی بازرگانی گه‌وره و گۆڕینه‌وه مه‌زنه ئابووریه‌کانه، له‌م ڕێگایه‌وه مرۆڤه‌کان له‌سه‌ر عه‌قڵانیه‌تی گوتار‌و ڕه‌فتاره‌کانیان ڕاده‌هێنێت، عهقڵانیهتێك که له مێژوویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌یانخاته نێو ڕه‌وتی «چوونه‌ده‌ره‌وه له دنیای ئه‌فسانه‌کان».
ئیشکالیه‌تی شار، له‌گه‌ڵ پرۆگرامه فراوانه‌که‌ی قوتابخانه‌ی شیکاگۆدا، له بیسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌بێت به یه‌کێك له مه‌یدانه هه‌ره به‌هێزه‌کانی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، به‌ڕاده‌یه‌ك که ناکرێت به‌بێ کارکردن له‌سه‌ر شار باس له ئاماده‌یی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بکه‌ین. له‌بیسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، چه‌ند هۆکارێك قوتابخانه‌ی شیکاگۆ ناچارده‌که‌ن به جێبه‌جێکردنی سه‌دان پرۆگرامی گه‌وره‌ی زانستی له‌سه‌ر شار. ئێمه ده‌توانین به‌م شێوه‌یه ئاماژه به‌و هۆکاره‌کان بکه‌ین :
1. گه‌وره‌بوون و فراوانبوونی سینه‌ماییانه‌ی شاره‌کان.
2. سه‌رهه‌ڵدانی کۆچی گه‌وره نه‌ك هه‌ر له لادێکانه‌وه، به‌ڵکو له هه‌موو دنیاوه بۆ شاره ئه‌مه‌ریکیه‌کان.
3. جێگۆڕکێکردنی پێگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان.
4. دڕانی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه کلاسیکیه‌کان.
5. سه‌رهه‌ڵدانی به‌هێزی «تاوانی رێکخراو» و «ڕیزپه‌ڕیی ڕادیکاڵ».
هه‌مو ئه‌م هۆکارانه زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان به سه‌دان توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی ناچارکردو ده‌ره‌نجامیش مه‌عریفه‌یه‌کی فراوان له‌سه‌ر شار بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی له‌دایکبوو.
من پێموایه له ئێستای کوردستانی عێراقدا، چه‌ند دیارده‌یه‌کی زیندوو ده‌توانن زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه «کوردییه‌کان» ناچاربکه‌ن به سه‌دان توێژینه‌وه له‌سه‌ر شاری «کوردی» که له خۆبیناکردنی به‌رده‌وامدایه. ئه‌و دیاردانه‌ش بریتین له :
1. کۆچی به‌رده‌وامی لادێییه‌کان بۆ شار، کشانی فیزیکیانه‌ی شار.
2. کۆچی عه‌ره‌به‌کان به‌ره‌و شاره گه‌وره‌کان.
3. ئاماده‌بوونی «کرێکاره هه‌ژاره‌کانی» وڵاته کڵۆڵه‌کان.
4. گه‌ڕانه‌وه‌ی کورده ئه‌وروپیه‌کان بۆ كوردستان.
5. گه‌یشتنی بۆرژوازیه‌تێکی ئیسلامی و ئه‌وروپی سیپی پێست و ئاماده‌ییان له شاره گه‌وره‌کانی كوردستاندا.
6. دابه‌شبوونه نوێیهکای شار له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ی چینایه‌تی و سه‌رهه‌ڵدانی بۆرژوازیه‌تی نوێی کوردی.
بێگومان بۆ به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌یه‌کی بابه‌تیانه له‌سه‌ر هه‌ریه‌کێك له‌م شه‌ش خاڵه، ئێمه ده‌بێت چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژی مه‌یدانی ئه‌نجامبده‌ین و له‌سه‌ر هه‌ر یه‌کێکیان هه‌موو ئه‌و داتایانه کۆبکه‌ینه‌وه که ده‌کرێت ڕێگامان پێده‌بن له واقیعی ئێستای «شاری کوردی» تێبگه‌ین. به‌ڵام له ئاماده‌نه‌بوونی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی تایبه‌ت له‌م بوارانه‌دا و له چاوه‌ڕوانی دروستکردنیاندا، ئێمه چه‌ند تێبینیه‌کی گشتی له‌سه‌ر کارایی کۆی ئه‌م شه‌ش خاڵه به‌سه‌ر شاری کوردییه‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو.
ئه‌م تێبینیانه ده‌ره‌نجامی ئه‌و شته‌ن که له زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا پێیده‌وترێت: میتۆدی چاودێریکردنی ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆی واقیعێکی تایبه‌ت له‌لایه‌ن سۆسیۆلۆگهوه. باشترین میتۆدێك که ئێمه به‌رده‌وام کاری پێده‌که‌ین بریتیه له میتۆدی چاوپێکه‌وتن فه‌ردی و فۆرمی ڕاپرسی، به‌ڵام له ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌م میتۆدهداو بۆ نووسینی خێرای ئه‌م بابه‌ته کورته، که نابێت له هه‌زار وشه تێپه‌ڕێت، ئێمه ده‌ره‌نجامه‌کانی میتۆدی یه‌که‌م به‌کارده‌هێنین.
هه‌ر یه‌کێك له‌و شه‌ش خاڵه‌ی سه‌ره‌وه، له ئاستی جیاوازدا به‌شداریان کردوه له «سه‌رله‌نوێ دابه‌شکردنه‌وه‌ی ئاماده‌یی فیزیکی دانیشتووانی شار». ڕاسته هه‌ولێریه‌کان پێکه‌وه له شارێکدا ده‌ژین که پێی ده‌وترێت هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته که چه‌ند پرۆسێسی بهمۆدێرنەکردنی شاری هه‌ولێر به‌رزببێته‌وه، هێنده‌ش دانیشتووانی شار سه‌رله‌نوێ به‌سه‌ر پانتاییه جوگرافیه‌کاندا، که دواتر ده‌بن به پانتایی گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، دابه‌شده‌بنه‌وه. جیابوونه‌وه‌ی سه‌نته‌ری شار له په‌راوێزه‌کانی، جیابوونه‌وه‌ی په‌راوێزه «ڕاقیه‌کانی شار» له په‌راوێزه «شه‌عبیه‌کان»، جیابوونه‌وه‌ی قوتابخانه «تایبه‌ته‌کان» له قوتابخانه «گشتیه‌کان»، جیابونه‌وه‌ی بازاڕه بۆرژواکان له بازاڕه داڕزاوه‌کان، هه‌موو ئه‌م جیابوونه‌وه جوگرافیانه له هه‌مانکاتدا دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی توندیش به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن، یاخود پێش ئه‌وه‌ی دابه‌شبوونی جوگرافیبن، دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی/ئابوورین. چه‌ند ڕه‌وتی مۆدێرنیزه‌کردنی شار سه‌رکه‌وێت، هێنده‌ش سنووری نێوان گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی شار تۆخترده‌بنه‌وه، چه‌ند ئه‌م سنوورانه‌ش تۆخترببنهوه، هێنده‌ش شار گۆڕانکاری ستراکتۆراڵی به‌سه‌ردا دێت و ده‌بێت به مه‌یدانی ململانێی نوێ، گره‌وی نوێ، ستراتیژی نوێ و دواتر مۆدێلی ژیان و پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی نوێ.
لێره‌وه سه‌رمایه‌کان، سه‌رمایه‌ی کولتوری، سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌رمایه‌ی ئابوری، سه‌رمایه‌ی بڕوانامه، به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو نایه‌کسان به‌سه‌ر ئه‌م گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تیه نوێیانه‌ی شاردا دابه‌شده‌بن. ئیتر سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه، له شاره کوردییه‌کاندا، له‌و ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تیانه پێکنایه‌ت که به‌ته‌نیا خاوه‌نی سه‌رمایه‌ی ئابورین، به‌ڵکو له‌و ئه‌کته‌رانه پێکدێت که له‌هه‌مانکاتدا خاوه‌نی هه‌موو سه‌رمایه‌کانن. هه‌روه‌ها ئیتر خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه له‌و ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تیانه پێکنایه‌ت که به‌ته‌نیا خاوه‌نی سه‌رمایه‌ی ئابووری نین، به‌ڵکو له‌و ئه‌کته‌رانه پێکدێت که به پله‌ی زۆر نزم له‌هه‌موو سه‌رمایه‌کان نزیکده‌بنه‌وه. واته شاری نوێی کوردی ئیتر کۆتایی به‌و چیرۆکه ده‌هێنێت که پێیده‌وتین: هه‌موو ئه‌و خوێندکارانه‌ی که پله‌ی به‌رزی بڕوانامه به‌ده‌ست ده‌هێنن، مناڵی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه (هه‌ژاران)ن. ره‌نگه، وه‌ك ئیستیسنا، تا ئێستا و له داهاتووشدا چه‌ند خوێندکارێکی هه‌ژار پله‌ی به‌رز به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام هه‌موومان ده‌زانین که «ئیستیسناکان» لێره‌ن بۆئه‌وه‌ی «قاعیده‌که« بسه‌لمێنن نه‌ك هه‌ڵی بوه‌شێننه‌وه.
دابه‌شبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی جوگرافیای شار، دوو پرۆسێسی لێکدژ، به‌ڵام پێکه‌وه، ده‌خاته کار. یه‌که‌میان بریتیه له خۆداخستن به‌سه‌ر گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی هاریکاریدا و دووه‌میشیان بریتیه له گریمانه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی «فهردانیهتێکی» یاخی له خودی ئه‌و گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تیانه. کاتێك که دابه‌شبوونی زانستیانه‌ی کار، زاڵبوونی تایبه‌تمه‌ندی له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا‌و فۆرمەکانی «جیاوازیی» کرده‌کان هه‌ژموون به‌سه‌ر ته‌واوی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌که‌ن و پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه «ترادیسیۆنێله‌کان» ده‌دڕێنن، ئیدی بۆشاییه‌کی ڕۆحی قووڵ لای مرۆڤه‌کان دروستده‌که‌ن، بۆشاییه‌ك که وایان لێده‌کات به‌دوای پێوه‌ندی «جێگره‌وه«دا بگه‌ڕێن و له هه‌لومه‌رجێکی ئاوا‌شدا سه‌رله‌نوێ خۆیان فڕێ ده‌ده‌نه‌وه نێو باوه‌شی گرووپه داخراوه‌کان و پێیانوایه که ده‌توانن له‌م باوه‌شانه‌دا به ئارامی ژیان به‌سه‌ربه‌رن. به‌ڵام دواتر تێده‌گه‌ن له‌وه‌ی که ژیانی مۆدێرنی شار، کارایی به‌سه‌ر خودی ئه‌م باوهشانهشهوه داناوه و ده‌ستکاری چوارچێوه‌کانی کردون.
ڕاسته باوه‌شه‌کان لێره‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته که هاوکێشه‌کانی بارگاوی بوون به پرسیاره‌کانی ژیانی مۆدێرنی شار. بۆنموونه، ڕاسته که خێزان تائێستاش یه‌کێکه له‌م باوه‌شه ترادیسیۆنێله کوردیانه، به‌ڵام که‌من ئه‌و خێزانانه‌ی که نه که‌وتونه‌ته ژێر پرسیاره‌کانی ته‌له‌فۆنی مۆبایل، که‌ناڵه ئاسمانیه بیانیه‌کان، ئه‌نته‌رنێت، فه‌یسبوك و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی دیکه. له دۆخێکی ئاوا‌شدا گریمانه‌ی «فه‌ردانیه‌ت»ی یاخیبوو له خودی ئه‌م باوه‌شانه سه‌ر هه‌ڵده‌دات...
ئه‌م تێبینیانه‌ی من له‌سه‌ر شاری نوێی «کوردی» ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌کن بۆ وروژاندنی ئیشکالیهتێكی گه‌وره که به‌ڕێوه‌یه و بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت هه‌مو لایه‌ك خۆی ئاماده‌بکات. سه‌ره‌تای خۆئاماده‌کردنیش له مه‌عریفه‌یه‌کی بابه‌تیه‌وه ده‌ستپێده‌کات. هه‌ربۆیه ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین له ژماره‌کانی داهاتودا و هه‌ر له‌م گۆڤاره‌دا، کار له‌سه‌ر هه‌ریه‌کێك له‌و شه‌ش دیارده‌یه بکه‌ین که ڕاسته‌وخۆ به‌شداریده‌که‌ن له به‌رهه‌مهێنانی شاری نوێی کوردی و گۆڕنکارییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیدا. بابه‌تی داهاتووشمان له‌سه‌ر کۆچی «لادێیه‌کان» بۆشار، کارایی ئه‌وان به‌سه‌ر شار‌و کارایی شار به‌سه‌ر ئه‌وانه‌وه‌یه.