عه‌قڵ و برِوا.. ئایا ده‌كرێ گوتاری ئایین بعه‌قڵێندرێ؟
January 2, 2013
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :محه‌مه‌د سه‌بیلا
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
مه‌به‌ستم له گوتاری ئیسلامی، هه‌موو گوتارێكه كه له كه‌سایه‌تی یان ده‌سته‌یه‌كه‌وه ده‌رچوو بێت، كه نه‌ك ته‌نیا ئینتیمای سه‌ره‌كیی بۆ ئیسلام راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵكوو ئه‌و گوتاره‌شه كه له جه‌وهه‌ر و دیدی ئه‌و (كه‌س یان ده‌سته)یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، هه‌روه‌ها كارا كردنی ئه‌و دیده سه‌باره‌ت به پرسگه‌لی نێو ژیانی گشتی و نێو ژیانی رۆژانه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه.زۆر له چه‌شنه‌كانی گوتاری ئیسلامی له نێو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا و له تێكرِای وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسلامی‌دا، خه‌سڵه‌تی زاڵ بوونی دیدێكی تێدا به‌دی ده‌كرێت، كه دژ به دیدی زانستییه هه‌مبه‌ر به جیهان و دژ به ته‌كنیك و دۆزراوه‌كانییه‌تی، دژ به رێكخستنی نوێی كۆمه‌ڵایه‌تیشه (دیموكراسی و دامه‌زراوه‌كانی). له ئاستی سێیه‌مدا دژ به زۆر له پێگه‌كانی هزری نوێی جیهانیشه، به تایبه‌تی له بواری زانستی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
1- گوتاری ئایینیی دژ به زانست و ته‌كنیك
گوتاری ئایینی به گشتی به لای ئه‌وه‌دا ده‌چێت كه به گومانه‌وه له زانست برِوانێت، پێی وایه زانست زانینێكی (مه‌عریفه‌یه‌كی) رێژه‌ییه، گۆرِاوه، هه‌روه‌ها هه‌قیقه‌تی زانستی هه‌قیقه‌تێكی سنوورداره و به پێی شوێن و كات قابیلی پێداچوونه‌وه و گۆرِینه، به‌رامبه‌ر به هه‌قیقه‌ته‌كانی ئایین كه هه‌قیقه‌تی ره‌ها و یه‌قینین و گرێدراوی كات و شوێنیش نین، قابیلی پێداچوونه‌وه و ره‌ت كردنه‌وه‌ش نین.
به‌ڵام گومان له هه‌ندێك هه‌قیقه‌تی زانست ده‌كرێت و ره‌ت ده‌كرێنه‌وه، به‌وه‌ی له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه، ناكۆكن له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی له ئاییندا هاتوون و جێی باوه‌رِن. نمووونه‌ش بۆ ئه‌وه، ئه‌و فه‌توایه‌یه كه مه‌لا (ئیبن باز) مفتیی گه‌وره و نوێنه‌ری فه‌رمیی ده‌سه‌ڵاتی ئایین له سعوودیه ده‌ری كرد، كه تێیدا نكووڵیی له خرِیی گۆی زه‌وی و ناوه‌ند كه‌وتنی خۆر، وه‌ك یه‌كێك له به‌دیهییه‌كانی زانستی هاوچه‌رخ، كرد.
ئه‌م هه‌قیقه‌ته زانستیانه له زانستی هاوچه‌رخدا، وه‌ك به‌راییه به‌دیهییان لێ هاتووه، (نیكۆلا كۆبه‌رنیك) له سه‌ده‌ی پازده‌می زایین‌دا له كتێبه‌كه‌ی خۆی (De revolution bus orbium coelsti umlibri)دا كه له ساڵی مه‌رگی دانه‌ره‌كه‌یدا (1543) له نۆرمبێرگدا بڵاو كراوه‌ته‌وه، سه‌لماندوونی.
له‌و فه‌توایه‌دا كه به ناوی "به‌ڵگه‌ی عه‌قڵی و هه‌سته‌كی له‌باره‌ی توانای هه‌ڵكشان به‌ره‌و هه‌ساره‌كان و له‌باره‌ی جووله‌ی خۆر و مانگ و وه‌ستانی زه‌وی"یه، خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌ڵێ: "له نێو زۆر له نووسه‌ر و دانه‌ر و وانه‌بێژاندا له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه بڵاو بووه‌ته‌وه، كه زه‌وی ده‌سوورِێته‌وه و خۆریش چه‌سپاوه. راستییه‌كی كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌یبینین ئه‌وه‌یه، خۆر به‌و سوورِگه‌یه‌دا ده‌سوورِێته‌وه كه خودای مه‌زن ده‌ست نیشانی كردووه، زه‌وییش وه‌ستاو و جێگیره و خوداوه‌ند بۆ به‌نده‌كانی ته‌ختی كردووه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وان كردوویه‌تی به جێ و لانه، به چیاكانیش له‌نگه‌ری راگرتووه تا به لادا نه‌یه‌ت.(1)"
مفتی درێژه به گفتوگۆیه‌كه‌ی خۆی ده‌دات، له‌باره‌ی قسه‌ی كه ده‌ڵێن زه‌وی وه‌ك گۆ خرِه و خۆریش له ناوه‌رِاستی هه‌ساره‌كاندایه، ئه‌و درێژه پێدانه‌ش به به‌ڵگه و نیشانه‌ی وا كه پشت به د‌رك پێ كردنی هاوبه‌ش و ئاسایی نێو خه‌ڵك ده‌به‌ستێت. ته‌نانه‌ت مه‌لا (بن باز) ده‌گاته ئه‌وه‌ی، ئه‌و كه‌سانه به كافر دابنێت كه پێیان وایه زه‌وی خرِه و خۆر له ناوه‌رِاستدایه، ده‌گاته پوخته‌ی ئه‌وه‌ی بڵێ: "خۆر چه‌سپاوه و زه‌وی ده‌سوورِێته‌وه، ئه‌وه قسه نییه كه‌تن و خراپه‌یه. ئه‌وه‌ی بڵێ زه‌وی ده‌خولێته‌وه و خۆر وه‌ستاوه ئه‌وا كفری كرد و به لارِێدا چوو. ئه‌و ده‌بێ تۆبه بكات، ئیدی ئه‌گه‌ر تۆبه‌ی كرد باشه ئه‌گه‌ر نا وه‌ك كافری هه‌ڵگه‌رِاوه ده‌بێ بكوژرێت، سامانه‌كه‌شی ده‌بێته به‌رات بۆ بێت ماڵی موسڵمانان."
نموونه‌ی دووه‌میش په‌یوه‌ندیی به ره‌ت كردنه‌وه‌ی ته‌كنیك و داهێنراوه‌كان و گومان كردن له ده‌سكه‌وته‌كانی ته‌كنیكه‌وه هه‌یه. توێژه‌ری سعوودی (عه‌بدوڵڵای خوزامی) له كتێبه‌كه‌یدا (كولتووری ته‌له‌فزیۆنی)(2) گوتوویه‌تی "ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن شێخ عه‌بدولكه‌ریم كتێبێكی داناوه تێیدا نكووڵی له پرسی چوونه سه‌ر مانگ ده‌كات و ده‌ڵێ، ئه‌مریكییه‌كان درۆیان نه‌كردووه به‌ڵكوو بوونه قوربانیی فرت و فێڵێكی ئیبلیس. ئیبلیس له ئاسماندا خۆی پف دا و وه‌ها هاته پێش چاو وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ساره‌یه‌كی ئاسمان له چه‌شنی مانگ وا بێت، ته‌ڵه‌ی بۆ گه‌ردوونگه‌رِان دانا تا بیانخاته بۆسه‌وه. ئیدی به‌م جۆره كه‌شتییه‌كه له سه‌ر پشتی ئیبلیس نیشته‌وه، ئه‌وانیش پێیان وا بوو كه له سه‌ر مانگ نیشتوونه‌ته‌وه. ئه‌م مه‌لایه نموونه‌یه بۆ چه‌ندین زانای ئایین كه به ناوی باوه‌رِه‌وه نكووڵی له چه‌ندین داهێنراو و ده‌سكه‌وتی زانستی و ته‌كنیكی ده‌كه‌ن، له سه‌ر بنه‌مایه‌ك كه ئه‌وانه ته‌نیا هێزی شه‌یتانن و جۆرێكن له سیحر و ته‌لیسم و شتانی له تێنبه‌ده‌ری شه‌یتانی. به‌ر له چه‌ند مانگێكیش ژماره‌یه‌ك پاكستانی له یه‌كێك له شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا كه‌وتنه سووتاندنی ئامێره‌كانی ته‌له‌فزیۆنی ماڵه‌كانیان، له ئاكامی فه‌توایه‌ك كه ته‌ماشا كردنی ته‌له‌فزیۆنی حه‌رام كرد، چونكه دیمه‌نی رووتی تێدایه و خه‌ڵكی ته‌فره ده‌دات و له زیكری خودا دووریان ده‌خاته‌وه. ئه‌مه‌ش درێژه‌دانه به فه‌توایه‌ك كه ئیبن باز به‌ر له چه‌ند ساڵێك به ناونیشانی (فه‌توای ئیبن باز له‌باره‌ی حه‌رام كردنی ته‌له‌فزیۆن) له سعوودیه ده‌ری كرد"(3).
توێژه‌رێكی دیكه‌ی ئیسلامی سه‌باره‌ت برِیاری ئیسلام له‌باره‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیاوه، به هه‌مان هه‌ڵوێست گه‌یشت، كاتێك گوتی: "مادام ته‌له‌فزیۆن له زۆربه‌ی به‌رنامه‌كانیدا ئامانجی به هه‌ده‌ردانی نامووسه، هه‌روه‌ها خه‌ڵك به‌ره‌و گه‌نده‌ڵی و به‌درِه‌وشتی ده‌بات، هه‌روه‌ها هانی سفوور و تێكه‌ڵی ده‌دات، ئه‌وا كرِینی و گوێ گرتن له به‌رنامه‌كانی و ته‌ماشا كردنی دیمه‌نه‌كانی گه‌وره‌ترین حه‌رام و مه‌زنترین تاوانه"(4).
به‌ر له چه‌ند ساڵێكیش، (خه‌دیجه ئه‌لبه‌تتار) توێژه‌ری مه‌غریبی كه مشتومرِی له‌باره‌ی راستیی فه‌رمووده‌یه‌كه‌وه كرد، كه بوخاری گێرِاویه‌تییه‌وه و دراوه‌ته پاڵ پێغه‌مبه‌ر (د.س)، به كافریان دانا. ئه‌و له‌و مشتومرِه‌یدا پشتی به زانایانی ئایین و راڤه‌كارانی به‌ر له خۆی به‌ست، كه نكووڵییان له راست و دروستیی ئه‌و فه‌رمووده‌یه كردووه، چونكه فه‌رمووده‌یه‌كه عه‌قڵ و زه‌وقی دروست په‌سندی ناكات، هه‌روه‌ها ناكۆكیشه له‌گه‌ڵ دۆزراوه‌ی نوێی زانستی له‌باره‌ى میكرۆب و ڤایرۆسه‌وه. ده‌قی ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی دراوه‌ته پاڵ پێغه‌مبه‌ر ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر مێش كه‌وته نێو شله‌ی هه‌ر كامێكتانه‌وه، با نقومی نێو شله‌كه‌ی بكات و فرِێی بدات، چونكه یه‌كێك له باڵه‌كانی مێش په‌تایه و ئه‌وی دیكه‌شیان شیفایه". ئه‌م قسانه‌ی خه‌دیجه ئه‌لبه‌تتار مشتومرِێكی فراوانی له بواری ئایین و رۆژنامه‌نووسیدا نایه‌وه، هه‌ندێك كه‌س ناویان نا شه‌رِی مێش و چه‌ندین كتێبیشی له‌باره‌وه ده‌رچوو، له نێویشیاندا كتێبی خودی توێژه‌ره‌كه "ره‌خنه له بوخاری"(5). له رواڵه‌ته‌كانی ئه‌فساندنی سروشت ئه‌مه نموونه‌یه‌كی دیكه‌یه، كه ده‌ڵێن زریانی تسۆنامی سزایه‌كی خوداوه‌ندانه‌یه دژ به سێكسه گه‌شت، هه‌روه‌ها زریانی (كاترینا)ش به سه‌ربازێك له سه‌ربازه‌كانی خودا دابندرێت، هه‌ر وه‌ك له ماڵپه‌رِی (ئیسلام ئۆن لاین)دا هات.
2- ره‌ت كردنه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌كانی نوێخوازی له بواری رێكخستندا
گوتاری ئیسلامی ته‌ژییه به چه‌ندین رواڵه‌تی گومان له رێكخستنی نوێی كارگێرِی و سیاسی و جڤاكی، زۆربه‌ی ره‌خنه‌كانیش دابارینه سه‌ر دیموكراسی به‌وه‌ی جۆرێكه له كوفر چونكه ده‌ڵێ گه‌ل چاوگی سه‌روه‌ری و بناغه‌ی یاسادانان و ده‌سه‌ڵاته. ئه‌مه‌ش له روانگه‌ی بره‌و پێده‌رانی ئه‌م گوتاره ئیسلامییه نه‌رێكاره‌وه، له‌گه‌ڵ ئاییندا ناكۆكه، چونكه خودا ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتدار و ته‌نیا چاوگی ده‌سه‌ڵاته(6).
ره‌وتی دیكه‌ی توندرِه‌وی ئیسلامی‌یش هه‌ن كه هه‌موو رواڵه‌ت و ده‌سكه‌وته رێكخستنێكی نوێخوازیی سیاسی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، وه‌ك ده‌ستوور و دیموكراسی، پارته‌كان، نه‌ته‌وه، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و زۆرینه، ته‌نانه‌ت خودی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش، هه‌ر هه‌موویان به تاغووت داده‌نێن(7).
ته‌نیا خودا چاوگی ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌ی سه‌روه‌ری و یاسادانانه، هه‌رچی كار كردنه به ده‌ستوور و دیموكراسی، ئه‌وا كار كردنه به غه‌یری شه‌رعی خودا، دواجار ئه‌وه كفر و به‌دفه‌رِییه.
رێكخراوی "داد و چاكه: عه‌دل و ئیحسان" دیموكراسی ره‌ت ده‌كاته‌وه چونكه له روانگه‌ی شێخی ئه‌وانه‌وه، (دیموكراسی) وه‌ك چه‌مك و زاراوه رۆژاواییه، پاشان لائیكییه، ماڵی دنیا و سه‌ر زه‌وییه، ره‌هه‌ندی رۆحی و ئاخیره‌ت دوور ده‌خاته‌وه و دینداری به پرسێكی تاكه كه‌س داده‌نێت، به یه‌ك چاو ته‌ماشای موسڵمان و ناموسڵمان ده‌كات، سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌ش له جێی سه‌روه‌ریی خودا داده‌نێت. وه‌ك (یاسین) ده‌ڵێت: دیموكراسی "كفر و جیابوونه‌وه له ئایین ده‌كاته حه‌تمی"(8). ئه‌وه سه‌رباری نه‌خۆشی و گرفته ناسراوه‌كانی دیموكراسی له خودی ئه‌وروپادا، به‌وه‌ی گرێدراوی دارایی و به‌رتیل و گه‌نده‌ڵی و سوودخوازییه(9).
3- ره‌ت كردنه‌وه‌ی بنه‌ما و بناغه‌كانی هزری نوێ له بواری تێگه‌یشتن له رواڵه‌ته‌یلی مرۆیی و جڤاكی
رۆحی زانستی وا پێویست ده‌كات، كه وه‌ك چۆنن ئاوها له دیارده‌كان بگه‌ین، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه بۆ بینه‌ر یان ئه‌وانی دیكه دێته پێش چاو، دوور له هه‌ر خودێتی و له هه‌ر راڤه‌یه‌كی پێشه زانستی یان دژه زانست، واته راڤه‌ی غه‌یبی و ئه‌فسانه‌یی و ئیحایی.
رۆحی زانستی زاده‌ی پاشینه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیی عه‌قڵانییه، ئه‌و وه‌ك ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنێكی بنه‌رِه‌تیی خۆبه‌خۆیه له نێو زانست‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌و هۆیایه‌تییه، به واتای پێكه‌وه به‌ندی و كارلێك و وابه‌ست بوونی دیارده‌كان و كار كردنی هه‌ندێكیان له ئه‌وانی دی، هه‌روه‌ها به واتای نارِاسته‌وخۆیی دیارده‌كان، به ده‌سپێك له‌وه‌ی كه هیچ شتێك نییه بێ هۆ یان هۆكار.
تیۆریی زانست، زاده‌ی دوور خستنه‌وه‌ی هه‌موو مه‌به‌سته وێنا كردنی دیارده‌كانه، هه‌روه‌ها هه‌موو راڤه‌یه‌كی خودی یان ئه‌فسانه‌یی و ئیحایی. دینامیكیه‌تی دیارده‌كانی سروشت دینامیكیه‌تێكی ناوخۆیه، له كارلێك و كاریگه‌ریی خۆبه‌خۆوه دێته به‌رهه‌م، نه‌ك به هۆی برِیاری ده‌ره‌كی یان مه‌به‌ستی ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی كارلێك.
هه‌ڵبه‌ت رۆح ده‌گاته زانستی بابه‌ته‌كان یان زانستی سروشت، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌گاته ئه‌وه‌ی له نه‌ریتی هیواكان پێی ده‌گوترێت زانسته‌كانی رۆح، واته زانسته‌یلی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی. دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی دیارده‌ی بابه‌تیانه‌ن، ئه‌وانیش له لای خۆیانه‌وه به چه‌شنی دیارده‌كانی سروشت به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی جیا، ده‌كه‌ونه به‌ر حوكمی فره هۆوه، هه‌روه‌ها به‌ر حوكمی رێكخستن و یاساگه‌لی ئاره‌زوومه‌ندانه‌وه، دیسان ئه‌و بۆ خۆی له ئه‌نجامی فاكته‌ری به‌رهه‌ستی مرۆییه، كه له مێژووی زیندووی خه‌ڵك له نێو كۆمه‌ڵدا رووی داوه، به‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندیگه‌لی كارلێكانه‌یه. ئه‌و هه‌ر ته‌نیا زاده‌ی دیرۆك و په‌ره‌سه‌ندن نییه به‌ڵكوو دیرۆك رێرِه‌وی په‌یدا بوونیه‌تی، دیارده‌كانیش هۆ هه‌یه بۆ روودانیان، هه‌روه‌ها ئه‌وان قابیلی گه‌شه كردنیشن، گرێدراوی زه‌مانن، داده‌كشێن به‌ره‌و وه‌رچه‌رخان، هه‌روه‌ها به‌رحوكمی رێژه‌ییایه‌تیی هه‌قیقه‌تن، واته دیرۆكایه‌تیی هه‌قیقه‌ت. دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یان مرۆیی به مه‌رجی مێژووه و ناكرێ به‌ده‌ر له چێوه‌ی خۆی لێی حاڵی بین. كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یان مرۆڤایه‌تی كایه‌یه‌كه به شێوه‌یه‌كی سه‌رنج راكێش روانینی ئه‌فسانه‌ییانه تێیدا زاوزێ ده‌كات و زۆر ده‌بێت.
به‌ر له سێ مانگ له جیهانی عه‌ره‌بدا هه‌واڵێك له‌باره‌ی گۆرِانی منداڵێك و بوونی به مه‌یموونێكی شێواو بڵاو بووه‌وه، ده‌نگۆ بڵاو بووه‌وه كه ئه‌و منداڵه خودا شێواندی چونكه سووكایه‌تیی به قورئانی پیرۆز كرد. ئه‌و كچۆڵه به‌دگۆرِاوه ناو و شوێنه‌كه‌ی كه‌وته سه‌ر زاران (دمان)، هه‌روه‌ها گه‌لێك سیفه‌تی دیكه‌شی خرایه پاڵ. پاشان ده‌ركه‌وت كه ئه‌و گیانداره شێواوه هه‌ر له بنج و بناوانه له واقیعدا بوونی نییه، به‌ڵكوو هه‌ر ته‌نیا به‌رجه‌سته كردنێكی خه‌یاڵییه و توێژه‌رێكی ئوسترالیی دژ به پرۆسه‌ی كۆپی كردن كردوویه‌تی، وێنه‌كه‌شی له ماڵپه‌رِه‌كه‌ی خۆیدا: (.www/paritiapiccinini/net) بڵاو كردووه‌ته‌وه.
له هه‌موو كتێبێك به هه‌رِمێنتر له جیهانی عه‌ره‌بدا كتێبی "دیمانه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ جنۆكه‌ی موسڵمان مسته‌فا كنجوور" له دانانی عیسا بن داوده. كه له پاش بڵاو بوونه‌وه‌ی له ساڵی 1993دا ده‌یان جار چاپ كراوه‌ته‌وه.
له‌م كتێبه‌دا دانه‌ر ده‌ڵێ كه ئه‌و شایه‌د عه‌یانی ئه‌م چیرۆكه‌یه، هه‌روه‌ها به تایبه‌تی به‌و ئه‌زموونه‌دا تێپه‌رِ بووه له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا كه ناموسڵمان بوو، جنیش چووه جه‌سته‌یه‌وه، پاشان بووه موسڵمان (ل 5). ئه‌و جنۆكه‌یه‌ش خه‌ڵكی شاری (مۆمبای)یه له هیندستان. ئه‌و كریستیانێكی "كافر" بوو پاشان بوو به موسڵمان. ناوی مسته‌فا كنجووره و ته‌مه‌نیشی 80 ساڵه. ده هه‌زار جنۆكه‌ش كه پاسه‌وان و ده‌رباری تایبه‌تی ئه‌و بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بوون به موسڵمان. ئه‌و میرێكی گه‌وره و ناوداره (ل 23). ئه‌و به مرۆڤ ده‌چێت به‌ڵام چووته قۆچێكی بچووكی هه‌یه (ل 42)، كراسێك و جووته سۆلێك كه گه‌ڵای قامیش دروست كراوه، له‌به‌ر و له پێ ده‌كات (ل 45). هه‌ندێك جنۆكه سێ هه‌زار ساڵ ده‌ژین. ئه‌وان به تایبه‌تی له ئاوده‌ست و شوێنی بۆگه‌ندا ده‌ژین (ل 82). هه‌روه‌ها له نێو په‌یكه‌ر و وێنه و شتانی به‌رجه‌سته‌شدا ده‌ژین (ل 84). هه‌روه‌ها گه‌می و كه‌شتیی ئاسمانیی تایبه‌ت به جنۆكه‌ش هه‌یه (ل 113). ته‌مه‌نی ده‌ست پێ كردنی هاوسه‌رایه‌تیی جنۆكه له نێوانی 170 تا 180 ساڵه، هه‌شیانه له ته‌مه‌نی 250 ساڵیدا ده‌چێته ژیانی هاوسه‌رییه‌وه. كتێبه‌كه به جوانی به‌ڵگه‌دار كراوه و نه‌خشه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی تێدایه كه جنۆكه و وێنه‌ی خێو ...هتد، تێدایه.
له مه‌غریبدا گرووپێكی ئایینیی سیاسی هه‌یه شێخه‌كه‌یان ده‌ڵێ كه ئه‌و غه‌یب ده‌خوێنێته‌وه و فریشته ده‌بینێ و له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری ئیسلامدا داده‌نیشێت و له مه‌له‌كووتی باڵاشدا ریشی له‌گه‌ڵدا ده‌تاشێت، هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ران لاقیان شووشتووه و دایكیشی له نێو گۆرِدا هاتووه‌ته گۆ، ئه‌و قوتبی زه‌مانه و شیاوی ئه‌وه‌یه ببێته خه‌لیفه و سه‌ركردایه‌تیی موسڵمانان بكات، كه خوداوه‌ند له سه‌ری هه‌ر سه‌د ساڵ جارێك په‌یامبه‌رێكیان بۆ ده‌نێرێت. مریدانیشی به نه‌وازشه‌وه باس له كه‌راماتی كه‌سیی ئه‌و ده‌كه‌ن، ئه‌وان ده‌ڵێن له یه‌ك كاتدا له چه‌ندین شوێنی جیاجیادا دیویانه، هه‌روه‌ها به نێو دیواردا ئاودیو ده‌بێت، گه‌رِ و گولیش چاك ده‌كاته‌وه، به به‌رده‌می پیاوانی ئاسایش‌دا تێپه‌رِ ده‌بێت به بێ ئه‌وه‌ی بیبینن. بۆیه به ده‌یان هه‌زار كه‌س له مریدانی شوێن پێی هه‌ڵده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێكی ئه‌و ده‌ستی بداتێ یان هه‌ر خۆراكێكی ئه‌و به په‌نجه‌ی خۆی په‌سندی بكات، ئه‌وان به متفه‌رِكی داده‌نێن، بۆ ته‌به‌رِووكیش خۆیان له‌و شوێنانه‌دا ده‌گه‌وزێنن كه ئه‌و لێیان داده‌نیشێت(10).
ئه‌م هه‌ڵوێست و ده‌رهاویشتانه‌ی كه بریتین له گومان كردن له زانست و له كتێبخانه‌كانی ته‌كنیكی نوێ و له ئاست ده‌سكه‌وته‌كانی رێكخستن له بواری سیاسی‌دا، هه‌روه‌ها په‌سند كردنی باوه‌رِ هێنان به شتانی له سنووربه‌ده‌ر و ئه‌فسانه و په‌رجوو، به‌شێكه له كولتوورێكی باوی گشتی، هه‌رچه‌نده كه زاڵیش نییه، (ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه) ده‌گاته چین و توێژی فراوانی میللی و گه‌لێك بژارده‌ی نه‌ریتیش په‌سندی ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت كاریگه‌رییه‌كه‌ی ده‌گاته توێژێكی فراوان له خودی بژارده‌ی هاوچه‌رخیش.
گرنكترین رواڵه‌ته‌كانی ئه‌م بنیاده كولتوورییه:
- به دووانه دابه‌ش كردنی جیهان (دنیای برِوا، دنیای كفر)، لایه‌نگر یان بێ به‌ری بوون.
- نموونه‌ی (Idealisation) رابردوو و توانه‌وه‌ی خه‌یاڵكردانه له‌گه‌ڵیدا.
- وێنای سه‌راوبن بۆ دیرۆك و زه‌مان.
- جۆشدانی ئه‌زموونی ئایین به قه‌به كردن و ترساندن و زاڵ كردنی لایه‌نی دوارِۆژ به سه‌ر لایه‌نی دنیادا، هه‌روه‌ها توندی نواندن له برِیار و وێنا كردن و كرداردا.
- زاڵ كردنی دینداریی رواڵه‌تیانه و ده‌ست گرتن به رواڵه‌تی ده‌ق و ره‌ت كردنه‌وه‌ی نوێ بوونه‌وه و داخستنی ده‌رگای لێكدانه‌وه و ئیجتیهاد و زاڵ كردنی لۆژیكی بانگه‌شه‌ی ته‌كفیری به سه‌ر لۆژیكی بیركردنه‌وه و دیالۆگدا.
ئه‌م بنیاده كولتوورییه دیره‌گ و ئامرازی خۆی هه‌یه، كه هه‌زاران ده‌زگا و قوتابخانه و رۆژنامه و گۆڤار و كتێبخانه و خانه‌ی بڵاوكردنه‌وه و ناوه‌ندی كولتووری و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه و خانه‌ی به‌رهه‌م هێنانی كاسێت و سینه‌ما و پرۆگرامی كۆمپیوته‌ر و ماڵپه‌رِ، به راده‌ی جیاجیا پشتیوانی و رێكلامی بۆ ده‌كه‌ن. ئه‌مرِۆش بووه‌ته خاوه‌نی كه‌ناڵی تایبه‌تمه‌ندی بانگه‌شه كردنی ئاسمانی، ته‌نانه‌ت چه‌ندین هه‌واڵه كه‌ناڵی ئاسمانیش هه‌ن كه هه‌ندێك به‌رنامه‌یان جاری وا هه‌یه ده‌بنه ئامراز و به‌رده‌باز بۆ هه‌رِمێن دان به هزری خورافی.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بنیاده كه سامانی نه‌وت پشتیوانیی لێ كرد، بنیادێكی هزرییه و چه‌ندین سه‌ده‌یه به میرات ماوه‌ته‌وه. چونكه كولتووری عه‌ره‌بی ئیسلامی له سه‌ده‌ی ده‌یه‌می زایینه‌وه له گه‌شه كردن نیمچه وه‌ستا، به دوور له هێدمه مه‌زنه‌كانی نوێخوازی مایه‌وه (هێدمه‌ی كۆسمۆلۆژی، هێدمه‌ی بایۆلۆژی، هێدمه یه‌ك به دوای یه‌كه‌كانی زاده‌ی تیۆرییه‌كانی زانست و دۆزینه‌وه‌كانی بوون، هه‌ر له فیزیای فه‌له‌كییه‌وه تا بیۆته‌كنه‌لۆژیا). ره‌نگه ئه‌و هێدمه سه‌ره‌كییه سیاسیانه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی ئیسلامی تێیاندا ژیا، سه‌رنجیان راكێشا بێت و هێدمه كولتوورییه‌كانی نوێخوازییان شارده‌وه.
هزری حه‌رامكاری كه به شێوه‌یه‌كی فراوان له سه‌رانسه‌ری جیهانی عه‌ره‌بیدا ته‌شه‌نه‌ی كرد، ئه‌و له لایه‌كه‌وه گوزارشت كردنه له بۆگه‌ن بنیادی هزری به درێژایی سه‌ده‌كان، هه‌روه‌ها له لایه‌كی دیكه‌وه گوزارشته له كاردانه‌وه‌یه‌ك دژ به سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌ی رۆژاوا و دژ به كاریگه‌ریی شیته‌ڵكارانه‌ی نوێخوازی له هه‌موو ئاسته‌كانیدا.
ئه‌م هزره به‌شێكی زۆری تایبه‌ت بوو به ژن، پۆشینی جلی هاوچه‌رخی لێ حه‌رام كرد، هه‌روه‌ها به‌كار هێنانی دژه دووگیانی و له‌بار بردن و ئوتومبیل لێخورِین و وێنه گرتن و ئه‌ڵقه‌ی ده‌سگیرانی و دیتنی ده‌سگیران و وه‌ستان له بانیژه و رۆیشتن له ناوه‌رِاستی رێ و ده‌نگ به‌رز كردنه‌وه و ئاورِدانه‌وه به‌ره‌و دوا و ته‌وقه كردن له‌گه‌ڵ پیاوان و پیشاندانی وه‌پێش كه‌وتن و سه‌ركه‌وتنیشی... لێ حه‌رام كرد. برِوانه: (عبدالعزیز بن باز والعپیمین: من منكرات الافراح والڕعراس ـ الریاچ).
ئه‌م هزره توندرِه‌وه‌ی كه نوێخوازیی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و رێكخستن و هزر ره‌ت ده‌كاته‌وه، له‌م ده‌یان ساڵه‌ی ئه‌م دواییه‌دا گه‌یشته ترۆپك، شاڵاوێكی كوشتنی ده‌ست پێ كرد (فه‌ره‌ج فۆده، حوسێن مرووه)، هه‌روه‌ها ده‌ست درێژی (نه‌جیب مه‌حفووز)، هه‌رِه‌شه كردن (سه‌ید ئه‌لقمنی له میسر، سه‌عید ئه‌لكحل له مه‌غریب). ئه‌وه بێ له قه‌ده‌غه كردن و حه‌رام كردنی چه‌ندین رۆمان و شیعر. ته‌نانه‌ت یه‌كێك له زانایانی ئایین له مه‌غریب (محه‌مه‌د ئه‌لفیزازی) "بیرمه‌ندان به ده‌سته‌یه‌ك له كه‌سانی هه‌ڵگه‌رِاوه و خوانه‌ناس و باندێكی دژه ئایین" داده‌نێت. له عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌شدا لیست به ناوی نوێخوازانه‌وه ده‌رچوو كه خوێنیان حه‌ڵاڵ ده‌كات، یه‌كێك له زانایانی ئایین كه خاوه‌ن هه‌ژموونه، به پشتیوانیی (ئیبن باز) كتێبێكی به ناونیشانی "نوێخوازی له ته‌رازووی ئیسلامدا"(11) ده‌ركرد، ئه‌و كتێبه بریتییه له دادگایی كردنێكی ئایینی بۆ سه‌راپای هزری نوێی عه‌ره‌ب، هه‌ر له شاعیرانه‌وه (ئه‌لبه‌یاتی، ده‌روێش، ئه‌دۆنیس) تا بیرمه‌ندان (حوسێن مرووه، عه‌بدوڵڵا ئه‌لعروی، محه‌مه‌د عابد ئه‌لجابری)، دوای ئه‌وه‌ی سیمبوڵه‌كانی وێژه و هزری نوێی عه‌ره‌ب (عه‌ققاد، ته‌ها حوسێن، نزار قوبانی...)ی به كافر دانا.
دانه‌ر نوێخوازی به په‌لامارێكی كۆلۆنیالیستانه‌ی رۆژاوا بۆ سه‌ر باوه‌رِ و به‌هاكانی ئیسلام داده‌نێت، هه‌روه‌ها به پرۆژه‌یه‌كی ماسۆنی زایۆنیی ده‌زانێت، كه بریتییه له خوانه‌ناسی و به‌درِه‌وشتی، پێشی وایه كۆمۆنیزمی ماتریاڵانه‌ی ئیلحادی گه‌وهه‌ری هزری نوێخوازییه(11).
ئه‌م بنیاده كولتوورییه ره‌نگدانه‌وه‌ی خوده كورت هێنانی كولتوورێكه كه له سه‌ده‌ی ده‌یه‌می زایینه‌وه چه‌قی به‌ستووه، كولتوورێكه له ده‌ره‌وه‌ی رووداوه مه‌زنه گه‌ردوونییه‌كاندا ژیا، ئه‌و رووداوانه‌ی به‌ره‌ی پێشكه‌وتووی مرۆڤایه‌تی پێیاندا تێیپه‌رِی، كه بریتین له دۆزینه‌وه‌ی زانستی و جوگرافی و گه‌ردوونی و بایۆلۆژیا و هزر، كه بوونه هێدمه مه‌زنه‌كانی نوێخوازیی جیهان.
ئه‌م كولتووره پێ به پێ بوو به كولتووری داكۆكی كردن، كه پاساو بۆ پاشكه‌وتن ده‌هێنێته‌وه و به‌دیلی قه‌ره‌بووكارانه له بری ئه‌و ده‌خاته روو، كه بریتییه له نموونه‌كانی خۆ و ستایش كردنی رابردوو و چه‌واشاندنی ئه‌وی دی و نكووڵی كردن له واقیع و ره‌ت كردنه‌وه دیرۆك.
چه‌مكی پاشكه‌وتنی مێژوویی، كه مۆركێكی ماركسیی هه‌یه، له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووش‌دا بۆ گوزارشت كردن له‌م دۆخه به‌كار هات، زاراوه‌یه‌كی گونجاو بوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه كردن و زاڵ بوونی چه‌مكی دواكه‌وتندا، ئیدی ئه‌و ورده ورده ون بوو. له‌گه‌ڵ بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ده‌زگا جیهانییه‌كانی ئابووریشدا، ده‌ست له‌م چه‌مكه‌ش هه‌ڵگیرا و به ده‌سته‌واژه‌ی "وڵاتانی تازه پێگه‌یشتوو" گۆرِدرا، كه دواتر هاوشان له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌ردار بوون له زاراوه‌ی جیهانی سێیه‌م، ئه‌میش گۆرِا به زاراوه‌ی "وڵاتانی گه‌شه". به‌م جۆره ده‌زگاكانی نێوده‌وڵه‌تی و دوورِوویی گوتاری رۆژاوا، یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ ته‌فره‌دانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، كه (وا حاڵی ببن) جیاوازیی نێوان ئه‌وان و وڵاتانی پێشكه‌وتوو، ته‌نیا جیاوازیی ته‌كنیك و ئابوورییه.
به‌ڵام په‌ره‌سه‌ندنی ده‌یان ساڵی ئه‌م دواییه روونی كرده‌وه، كه بۆشاییه‌كه له‌وه قووڵتره، هه‌روه‌ها جیاوازییه‌ك له ریتم و قووڵیی په‌ره‌سه‌ندنی كولتووریدا هه‌یه، خۆ لێره‌شدا پێویسته په‌ره‌سه‌ندنی مه‌عریفی و په‌ره‌سه‌ندنی كولتووری له یه‌كدی جودا بكه‌ینه‌وه. جیاوازییه‌كه هه‌ر ته‌نیا جیاوازیی مه‌عریفه نییه، وه‌ك چۆن ئه‌و ده‌ست نیشان كردنه‌ی ئه‌ده‌بیاتی تازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گه‌ڵاڵه‌ی ده‌كات، كه پێی وایه "مه‌عریفه ئه‌و فه‌رزه‌یه كه له نێو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بدا ونه" (راپۆرتی گه‌شه‌ی مرۆیی عه‌ره‌ب بۆ ساڵی 2003)، به‌ڵكوو له پشت جیاوازیی مه‌عریفه‌وه (هه‌ر وه‌ك بۆ نموونه "جیاوازیی ئه‌لیكترۆنی" ده‌ینوێنێت) جیاوازییه‌كی قووڵتر هه‌یه، واته جیاوازییه‌كی كولتووری و هزری له روانین بۆ مرۆڤ و دیرۆك و گه‌ردوون.
ئه‌مرِۆ گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی به‌رده‌م گوتاری ئیسلامی، ئه‌وه‌یه كه پێویسته ئه‌و گوتاره نوێ بكرێته‌وه یان بعه‌قڵێندرێت. یه‌كه‌م پایه‌كانی عه‌قڵاندنیش له وێنه نه‌رێنییه‌كه‌یدا، داماڵینی مۆركی میتۆلۆژیانه‌ی (Demythologistion) و دانانی سنوورێك بۆ وه‌گه‌رِخستنی ئایدیۆلۆژیانه‌ی (Desidéologisation) ئه‌م گوتاره‌یه.
رووكاری ئه‌رێنیی عه‌قڵاندنیش بریتییه له: گونجاندنی لێكدانه‌وه‌كارانه‌ی گوتاری ئایین له‌گه‌ڵ ده‌رهاویشته سه‌ره‌كییه‌كانی زانست، قبووڵ كردنی داهێنانه‌كانی ته‌كنیك، له ئامێز گرتنی (پرۆسه‌ی) به‌شداری كردنی نوێخوازی له رێكخستنی كۆمه‌ڵ و رێكخستنی ده‌سه‌ڵاتدا. ره‌نگه زه‌حمه‌تترین ئاسته‌نگی به‌رده‌م گوتاری ئایین، هه‌رس كردنی شۆرِشه‌كانی هزره كه زانسته‌یلی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی هێنایانه ئاراوه له رووی تێگه‌یشتنی دیارده‌گه‌لی مرۆییه‌وه، هه‌روه‌ها هاوشان رۆیشتن و رووبه‌رِوو بوونه‌وه‌ی گفتوگۆ فه‌لسه‌فییه مه‌زنه‌كانی ئه‌م چاخه.
به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی كورت و پوخت، ئاسته‌نگی هه‌ره گه‌وره‌ی به‌رده‌م ئه‌مرِۆی كولتووری عه‌ره‌ب و به‌رده‌م ناوكه ره‌قه‌كه‌ی كه بریتییه له گوتاری ئایین، هه‌رس كردنی وه‌رچه‌رخانه‌كانی سه‌رده‌مه و تێكه‌ڵ بوونه له‌گه‌ڵ زه‌مانی جیهاندا.
له بنه‌رِه‌تدا مه‌به‌ست له عه‌قڵاندنی گوتاری ئایین، ئه‌وه‌یه كه پێویسته ئه‌و گوتاره، كه ئه‌ووه‌لڕ و ئاخیر بریتییه له خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی ده‌قی ئایین، له‌گه‌ڵ ده‌رهاویشته و تیۆرییه‌كانی زانستی نوێ‌دا له هه‌موو بواره‌كاندا بگونجێت، تا (ئه‌و گوتاره‌ی ئایین) نه‌بێته دژه گوتاری زانست، یان له باشترین حاڵه‌تدا، ده‌ست گرتن به هه‌قیقه‌تی مه‌عریفییه‌وه، كه جڤاكی زانستیانه‌ی جیهان له ره‌ت كردنه‌وه و تێپه‌رِاندنیدا، یه‌ك ده‌نگه.
په‌راوێز..
1 - مكتبة الرياض ـ الرياض 1402 . الطبعة الثانية. ص.21.
2 – الدارالبيضاء، م. ت. ع، ص30.
3 – هناك العديد من الفتاوي حول رفض التصوير والتماثيل وآلات الموسيقى وتحريم إهداء الزهزر للمرضى، وتحريم كرة القدم (لأنها تنهي عن الصلاة وعن ذكر الله) واليوغا والأواني الكافرة، الحالة المدنية وتحريم الاحتفال برأس السنة الميلادية...الخ.
4 – عبد الله ناصح علوان: (حكم الإسلام في وسائل الإعلام). دار السلام. الرياض ط.6 ، 1986.
5 - خديجة البطار: في نقد البخاري. منشورات الأحداث المغربية, الدارالبيضاء 2003، .ص.239 ـ 245).
6 – محمد الفيزازي: (لما لا نشارك في الانتخابات الديمقراطية ؟ - الدار البيضاء 2003).
7 - مصطفى حليمة (أبو بصير): الطاغوت.دار البيادر.
8 - ع. ياسين حوار مع الفضلاء الديمقراطيين. ص.71.
9 - انظر: سعيد الكحل: الحركات الإسلامية والدولة الديمقراطية. جريدة الأحداث المغربية . 31 مارس 2002. ص.6-7.
10-انظر: سعيد الكحل ياسين ووسواس المهدوية منشورات الأحداث المغربية.
الدارالبيضاء.ص.15.ص.17. ومحمد البشيري: استجواب مع الأحداث المغربية 7 مارس، 1999. ص.3.
11 – د. عوض القرني : الحداثة في ميزان الإسلام ،دار الأندلس الخضراء ، الرياض . انظر: القراءة النقدية لهذا الكتاب من طرف السيد ولد باه (جريدة الشرق الأوسط 26-5-2005).