كوردبوون له‌به‌رده‌م به‌عێراقیبوونه‌وه‌و نه‌یارانی ناوخۆییدا
December 30, 2012
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :رێبوار سیوەیلی
دژایه‌تیكردنی پرۆژه‌ی ئه‌گه‌ری ده‌وڵه‌تداربوونی كورد، له سایه‌ی دژایه‌تیكردنی ئه‌و كاراكته‌ر(انه‌دا) كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م داوایه بۆ جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه له ئه‌وانیتر ده‌كه‌ن و هێنانه‌وه‌ی كۆی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه كۆسپ ده‌خه‌نه به‌رده‌م ئه‌م پڕۆژه‌یه، له مشه‌خۆرییه‌ك به‌سه‌ر كوردبوون و له خۆگه‌وجاندنێكی كه‌ڵه‌كه‌بووی مێژووییه‌وه هاتووه، كه دوژمنان ئێمه‌یان پێ په‌روه‌رده كردووه. به‌م كه‌سانه ته‌نیا ده‌توانرێ بگوترێ: به‌رده‌وامبن له دژایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌به‌ر ئه‌و هۆكار و سیفاتانه‌ی كه له‌م مرۆیه‌دا هه‌یه‌و ئێوه به به‌ڵگه‌ی زۆری خۆتان به‌دڵتان نین، به‌ڵام سوكایه‌تی به مافێك مه‌كه‌ن، كه مافیكی ڕه‌وا و كێشه‌یه‌كی میژوویی به‌حه‌قیی میلله‌تێكه له‌سه‌رووی كه‌سێكی تایبه‌ته‌وه، بۆ هاتنه‌دیی خه‌ونه نه‌ته‌وه‌ییه مێژووییه‌كه‌ی. جیاكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه سایكۆلۆژییه‌كان بۆ ڕقبوونه‌وه و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كان، له كێشه‌ی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌یه‌ك كارێكی ئه‌قڵانیی و ئه‌خلاقییه، نه‌ك به‌ستنه‌وه و بچووكردنه‌وه‌ی كێشه‌یه‌ك و هه‌وڵدان بۆ خه‌ڵك ساردكردنه‌وه و متمانه سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له نه‌وه‌یه‌ك، به‌هۆی ئه‌و ڕقه‌ی له كه‌سانێك هه‌مانه. با خه‌ون و ئامانج و ده‌ستكه‌وته بێته‌دی، ئه‌و جا به دادگای ئه‌و خه‌ون و ئامانجه پێش هه‌مووكه‌س سه‌رۆكی هه‌رێم دادگایی بكه‌ن. ڕه‌نگه ڕۆژگارو ساته‌وه‌خته كورتخایه‌نه‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دژایه‌تیكردن و سوكایه‌تیه‌دا ده‌ستخۆشییه‌كمان لێبكات و پۆپۆلیزمی سیاسی په‌ره‌پێده‌ین، به‌ڵام كاتێك مێژوو داوه‌ریی خۆی له داهاتوودا ده‌كات، ده‌چینه به‌ره‌ی دوژمن و خیانه‌تكارانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌وه.ماوه‌یه‌كه به دیارچاوی هه‌موومانه‌وه بێڕێزییه‌كی بێ هاوتاو بێنموونه به بوونی كوردیانه‌مان و به مافی سرووشتی و مه‌ده‌نیمان له هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به ئاواتی نه‌ته‌وه‌ییمان، ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش له جۆره‌ها به‌ڵگه‌و پاساوهێنانه‌وه‌ی جۆربه‌جۆره‌وه ده‌پێچرێت و رای گشتیی و به‌تایبه‌تیش نه‌وه‌ی نوێ، كه زه‌خیره‌ی داهاتووی نه‌ته‌وه‌ییمانه، پێده‌ترسێنرێت، تاكو ده‌ست له ده‌روه‌ستییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كانی هه‌ڵبگرێت..
لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی ئه‌م بێڕێزییه زۆرن، هه‌ر له دوژمن و نه‌یارانه‌وه، تا به‌دحاڵییانی ناوخۆیی و هه‌ندێك له ڕۆشنبیران. به‌مدیوی تردا، هه‌وڵدانێكی جیدیی هه‌یه بۆ بچووكردنه‌وه و كورتكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له سیما و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمدا و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سانێكی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام خاوه‌ن ئینتيمای نه‌ته‌وه‌یی قسه‌ی خۆیان نه‌كه‌ن، نه‌با بخرێنه به‌ره‌ی سیاسیانه‌و حزبیانه‌ی لایه‌نێكه‌وه و له‌مه‌شدا هه‌ندێك له ڕاگه‌یاندنه‌كانی پارتی به‌و سیاسه‌تی ته‌رویجكردنه‌ی گرتویانه‌ته به‌ر، خه‌ڵكێكی زۆری خاوه‌ن ڕایان له‌و باره‌یه‌وه تاراندووه‌و بابه‌ته‌كه له پیاهه‌ڵداندا كورت كراوه‌ته‌وه.
من ده‌مه‌وێت وه‌ك نووسه‌رێك بۆ مێژوو له‌مباره‌یه‌وه، كه هه‌ر له ساڵی 2003وه و له بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی (قه‌فه‌سی ئاسنین: یان بۆ ببمه‌وه به عێراقی؟) وه هه‌ڵویستی هزریی خۆمم هه‌بووه، سه‌باره‌ت به‌م پرسه، بیروڕای ڕاشكاوی خۆم بۆ نه‌وه‌ی ئێستا‌و دواڕۆژ ده‌رببڕم و له‌و ترسه سایكۆلۆژییه ببپه‌ڕمه‌وه، كه پشتیوانانی ته‌رویجگه‌را و ڕه‌خنه‌گرانی نه‌یاری پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی، دروستیان كردووه.
1. من وه‌ك هاووڵاتییه‌ك له‌م وڵاته‌دا ده‌ژیم و به‌م زمانه قسان ده‌كه‌م و ده‌نووسم و بیر ده‌كه‌مه‌وه، كه به هی خۆمی ده‌زانم. من كوردم، هه‌رچه‌نده بۆ من كوردبوون جه‌وهه‌رێكی بێكه‌م و كوڕیی نیيه، به‌ڵام نیگای منه بۆ ته‌ماشاكردنی بوونی مرۆیانه‌ی خۆم و ناتوانم وه‌ك ئایین و بڕوا و كولتوور، ده‌ست له كوردبوونی خۆم هه‌ڵگرم، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی من به‌م كوردبوونه ناچاریی و به ڕێكه‌وته‌مه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌یه و چاوپۆشی له هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕیی و پێشێلكارییگه‌لێك كه له‌م وڵاته‌دا و به‌ناوی كوردبوونه‌وه، ده‌كرێن، ناكه‌م. كه ده‌ڵێم من من به ناچاری كوردم، به مانای ئه‌وه‌یه ناتوانم شتێكی تر بم له‌وه‌ی كه هه‌م. من به‌بێ خواستی خۆم كوردم، ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كی زۆر له ژیانم له ناو وڵاتیی تر و كولتووریی دیكه‌دا ژیاوم و ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ودایه‌كی كولتووریی له نێوان من و كولتووری باوی وڵاته‌كه‌مدا دروست ببێت و ئه‌مه‌ش هه‌لی ئه‌وه‌ی داومه‌تێ كه به‌شێوه‌یه‌كی خۆچاودێرانه، یان ڕیفلێكسیڤ، بڕوانمه‌وه خۆم و كوردبوون و كولتووره‌كه‌م و توانا‌و ویستی ڕه‌خنه‌كاریم هه‌بێت. به‌م مانایه‌ش كوردبوون بۆ من پیرۆز نیيه، به‌ڵكو ده‌فرێكه بۆ ئه‌وه‌ی من له میانه‌یدا و به‌هۆیه‌وه و له پێناویدا خۆم دروستبكه‌م و شوناسی خۆم بخه‌مڵێنم، بۆ ئه‌وه‌ی توانای ناسینه‌وه‌ی خۆمم هه‌بێت، كاتێ له ئه‌وانیتر جیاوازم كه ئینتیمایان بۆ كوردبوونی من، وه‌ك من نیيه. چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م جیاوازییه ڕوونه‌دات، ئه‌وكاته ئه‌ویتربوون و كوردبوون و هه‌ر نه‌ته‌وه و میلله‌تێكیتر بوون مانای نامێنێت. من وه‌ك چۆن ئه‌م پێناسه‌یه و ئه‌م مافه به‌خۆم ڕه‌وا ده‌بینم، ئاواش به ئه‌وانیتری ڕه‌وا ده‌بینم، كه له پێناسه‌كردنیاندا بۆخۆیان، كوردبوونی من جێگه‌ی نابێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه، جیاوازیی مه‌رجی بوونی منه، هه‌روه‌كچۆن مه‌رجی بوونی ئه‌وانیتریشه كه وه‌ك من نین. به‌ڵام من بۆ به‌رجه‌سته‌كردنیی جیاوازییه‌كانم، مه‌رجی خۆجیاكردنه‌وه‌م نیيه و من به‌و هووشیارییه‌ی هه‌مه وه‌ك كوردێك ده‌زانم كه خۆجیاكردنه‌وه مه‌ترسیداره بۆسه‌ر بوونی خۆم، له‌كاتێكدا بوونی من له جیاوازییه‌كانمدایه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر، به‌بێئه‌وه‌ی ناچاربكرێم له‌یه‌ك چوارچێوه و قه‌واره‌ی سیاسیی و سیسته‌می ئیداریدا بمێنمه‌وه. جیاوازیی خۆجیاكردنه‌وه نیيه، به‌ڵكو خۆئاماده‌كردنه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی كۆی په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر به‌بێ زۆر و ناچاری و به‌كارهێنانی هه‌ڕه‌شه و ترساندن و نانبڕواوكردن.
2. لێره‌وه ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی بیركردنه‌وه له ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی جیاوازیی بێت، پرۆژه‌ی ماف و ڕه‌وایه‌تی و حه‌قێكی نكوڵیی لێنه‌كراوی منه. مرۆڤ ته‌نیا له ناهووشیارییه‌وه، له گه‌وجیی و نه‌زانیی و خۆبه‌كه‌مزانیی و مشه‌خۆرییه‌وه، له ده‌ستبه‌سه‌ری و ژێرچه‌پۆكی و كۆیلایه‌تییه‌وه، چاوپۆشی له ماف و ره‌وایه‌تی و حه‌قه‌كانی خۆی ده‌كات و ئه‌مه‌ش له پرۆسه‌یه‌كی مێژوویی‌دا بۆی ده‌بێته بونیادیی سایكۆلۆژییه‌كه‌ی و ورده ورده له ئاست (بوونه‌خۆی)دا، له ئاست جیاوازییه‌كانی و له ئاست مافه‌كانیدا بێ ئیراده ده‌كرێت و بێ ئیراده‌یی بۆی ده‌بێته قه‌فه‌سێك، كه نه ده‌توانێ خه‌ونی تێدا ببینێ و نه ده‌توانێ سرووشتی خۆی ته‌حقیق بكات وه‌ك مرۆڤێك.
3. ئه‌مه ئه‌و مێژووه‌یه كه كوردی فڕێدراوه‌ته‌وه ناوی و له ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی دوورودرێژه‌وه، شوناسگه‌لێكی په‌رواێزیی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك دروستكراوه‌و به‌سه‌ریدا سه‌پاوه، كه نه‌یتوانیوه خۆی له ناویدا بدۆزێته‌وه و جیاوازییه‌كانیشی ڕێگه‌ی هه‌ر جۆره توانه‌وه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له‌و شوناسه سه‌پاوانه‌دا لێ‌گرتوون. ئه‌مه ته‌نیا ڕێكه‌وتێكی مێژووییه، كه فڕێ بدرێیته مێژووه‌وه و به‌ڵام هه‌ر له‌و مێژووه‌دا، فه‌ریادڕه‌سێكی وه‌ك (جیاوازیی)، نه‌هێڵێت بكه‌ویته ناو گه‌رووی توانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كیی له ده‌فره‌كانی شوناسی ئه‌ویتردا.
4. بۆیه هووشیاریی ساده‌ی ئێمه و شێوازیی خه‌باتگه‌لێك كه له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه پێیاندا تێپه‌ڕ بووین، هه‌موویان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ساته‌وه‌خته هه‌ستكردنه‌ی ئێمه‌ن به جیاوازیی و ئه‌و هه‌ستیارییه قووڵ و ترسه زۆره به‌رامبه‌ر به توانه‌وه له‌ناو ده‌فره گریمانه‌كراوه‌كاندا.
5. له‌ناو مێژووی ئه‌و خه‌باته‌ی كورد كردوویه‌تی، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به كه‌سه‌كان و ئه‌كته‌ره‌كانه‌وه هه‌بێت، كه‌سیان مرۆڤی نمونه‌یی نه‌بوون. كه‌سیان پێغه‌مبه‌ر و كه‌سیان به شێوه‌ی ڕه‌ها پووخت و بێگه‌رد نه‌بوون و مرۆڤیی مێژوویی و ئاسایی بوون، ئه‌گه‌رچی ئه‌و مێژووه‌ی بۆ ئه‌وان نووسراوه‌ته‌وه، زۆرجار واقیعیبوون و ساده‌یی بوون و ئاده‌میبوونی ئه‌وانمان لێده‌شارێته‌وه‌و وێنه‌یه‌كی پاكیزه‌ئاسا و بێخه‌وشی مرۆڤگه‌لێكمان بۆ ده‌كێشێ كه ئه‌قڵ به ئاسانی په‌سه‌ندیی ناكات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و كه‌سایه‌تی و قاره‌مانه كلاسیكیانه، كه له نێو ته‌مومژی گێڕانه‌وه‌ی واقیعیانه و وێناكردنی ئه‌فسانه‌ییدا، بۆ ئێمه به‌شاراوه‌یی ماونه‌ته‌وه، جێگه‌ی ڕێز و خۆشه‌ویستیی نه‌وه دوای نه‌وه بوون، ئه‌مه له‌كاتێكدا سووكایه‌تیشیان پێكراوه و له‌لایه‌ن سایكۆلۆژیای سیاسیی دواتره‌وه، كه‌سایه‌تیان شێوێنراوه.. وێڕای ئه‌وه‌ش هه‌ركامێكیان ده‌گریت، له‌ڕووی كولتوور و ئه‌ته‌كیه‌تی تایبه‌ت و ئاستی دانایی و شاره‌زایی و غه‌ریزییه‌وه، مرۆڤی ئاسایی بوون و شتی هه‌ڵه و خراپ و ناپه‌سندیشیان هه‌بووه و له‌لایه‌ن هاوسه‌رده‌م و هاوكاته‌كانی خۆیانه‌وه ڕووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ش بوونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی به‌ده‌گمه‌ن مێژوو ڕه‌خنه‌كانی بۆ گواستوینه‌ته‌وه. هۆكاری ئه‌و سوكایه‌تیانه‌ی پێیانكراوه، یان ئه‌و وێنه شێواوانه بوون كه به چاك و خراپ بۆیان دروستكراوه، یان جه‌هلی زه‌مانه، یاخود ڕقی تایبه‌ت و سیفاته‌كانی خۆیان. به‌ڵام هۆكاری رێزلێگرتنه‌كه‌یان ئه‌و قه‌ناعه‌ته گشتییه بووه كه ئه‌مانه له چوارچێوه‌ی جیاوازیدا داوای مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان كردووه، ئه‌گه‌رچی سه‌ركه‌وتووش نه‌بوون و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان شكستیان ھێناوه..
6. به‌مجۆره‌ش ئێمه بۆ چه‌سپاندنی جیاوازیی خۆمان و داواكردنی ئه‌و مافه ڕه‌وایه، پێویستیمان به مه‌هدیی چاوه‌ڕوانكراو نیيه و مێژووش نمونه‌یه‌كی وه‌های نه‌خستوینه‌ته پێشچاو و زه‌یینه‌وه، كه جیاوازییخوازان پاكژكاران و بێگوناهه‌كانن. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی مافی جیاوازیی و هه‌وڵدان بۆ كۆسپ خستنه ڕێی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و مافه به‌هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی، یان لایه‌نانه‌ی داوای ئه‌م مافه ده‌كه‌ن و له داواكارییه‌كه‌یاندا به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، جگه له‌وه‌ی سایكۆلۆژیایه‌كی دوژمنكارانه، گورگ له پێستی مه‌ڕانه‌ی له‌پشته‌وه‌یه، ئاواش جیانه‌كردنه‌وه‌ی كێشه، ماف، ڕه‌وایه‌تیی پرسه حه‌قه‌كه‌یه له ڕووخساری ئه‌و كه‌سانه‌ی له ساته‌وه‌ختێكی مێژوویدا، بوونه‌ته نیشانه و هۆكاری ئه‌م داوایه، یان بانگه‌شه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌یان وه‌ها لێكده‌درێته‌وه كه ته‌نیا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان و حزبه‌كه‌یان ئه‌و كاره ده‌كه‌ن.
7. ئه‌م به‌دگومانیكردنه، ته‌نیا به‌شێكی ڕاسته، چونكه قسه له‌سه‌ر مرۆڤ و سروشتیی مرۆیی ده‌كات. قسه له‌سه‌ر مرۆڤی مێژوویی ده‌كات نه‌ك فریشته‌ی ئاسمانی. به‌ڵام ئه‌م به‌دگومانكارییه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه له‌ناو ئێمه‌دا خودێكی ناته‌واو، خودێكی دژبه‌خۆی، خودێكی ناكامڵ هه‌یه كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و سته‌م و زۆر و سوكایه‌تیانه ده‌كات، كه له مێژوودا و له‌به‌ر جیاوازبوونه‌كه‌مان و ئه‌و به‌رگرییه‌ی كردومانه بۆ نه‌توانه‌وه له‌ناو شوناسه سه‌پێنراوه‌كانی ئه‌وانیتردا، ڕووبه‌ڕوومان بوونه‌ته‌وه. خودی ناته‌واو، خودێكی به‌دگومان و خودێكه به‌دگومانیی وه‌ك گومان ده‌خاته ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی سیمایه‌كی ئه‌قڵانیی به‌و نوێنه‌رایه‌تیكردنه‌ی چه‌وسانه‌وه بدات، كه ئامانجی شكاندن و متمانه‌سه‌ندنه‌وه‌یه له ڕۆحیی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه.
8. له ئێستادا ژماره‌ی ئه‌مانه له كۆمه‌ڵگادا كه (نائه‌قڵانییه‌ت) له داڕشتنێكی ئه‌قڵانیانه و (سایكۆلۆژیا)، وه‌ك بیركردنه‌وه و (په‌رچه‌كردار) وه‌ك شرۆڤه و كردار و (ڕق) وه‌ك ڕه‌خنه نومایش ده‌كه‌ن، كه‌م نین. ئه‌مانه نوێنه‌رایه‌تیی چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی میراتیانه‌ی سته‌مكاران و زه‌برێكی ڕۆحیی بۆسه‌ر مافی جیاوازیبوون ده‌كه‌ن و له ڕێگه‌یه‌وه ده‌یانه‌وێ پرۆسه‌ی خۆبه‌كۆیله‌كردن له مێژوویی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی ئێمه‌دا درێژه پێبده‌ن و بیچه‌سپێنن..
9. مادام له مێژوودا ئه‌وانه‌ی داوای مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و جیاوازیی نه‌ته‌وه‌ییان كردووه، هیچیان بێگه‌رد و نمونه‌یی نه‌بوون، له ئێستاشدا دژایه‌تیكردنیی پرۆسه‌ی بوون به ده‌وڵه‌ت به چاوه‌ڕوانیكردنی هاتنی ئه‌و كه‌سه پاكژه‌وه، جگه له درێژه‌دان به پرۆسه‌ی به‌تاڵكردنه‌وه‌ی خودیی كوردی له هه‌رجۆره هووشیارییه‌ك به‌رامبه‌ر به جیاوازییه‌كانی، جگه له ئه‌نفالكردنێكی مه‌عنه‌وی، هیچیتر نیيه.
10. سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك به‌گه‌ڕخه‌ری ئه‌م پرۆسه‌یه كه تاوانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی دراوه‌ته پاڵ، وه‌ك كه‌سێكی مێژوویی و وه‌ك مرۆڤێك كه هه‌موو كه‌موكورتییه مرۆیی و سرووشتی و خوداییه‌كانی مرۆڤ و سنوورداریی دانایی ئینسانیانه‌ی هه‌یه، مرۆڤێكی به مانا ئایینی و میتافیزیكیه‌كه‌ی پیرۆز نیيه. ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تر هه‌ڵگری كۆی ئه‌و سیفاتانه‌یه كه له جه‌وهه‌ری مرۆیی‌دا، كرداری باش و خراپ به‌رهه‌م ده‌هێنن. بۆیه دژایه‌تیكردنی پرۆژه‌ی ئه‌گه‌ری ده‌وڵه‌تداربوونی كورد، له سایه‌ی دژایه‌تیكردنی ئه‌و كاراكته‌ر(انه‌دا) كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م داوایه بۆ جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه له ئه‌وانیتر ده‌كه‌ن و هێنانه‌وه‌ی كۆی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه كۆسپ ده‌خه‌نه به‌رده‌م ئه‌م پڕۆژه‌یه، له مشه‌خۆرییه‌ك به‌سه‌ر كوردبوون و له خۆگه‌وجاندنێكی كه‌ڵه‌كه‌بووی مێژووییه‌وه هاتووه، كه دوژمنان ئێمه‌یان پێ په‌روه‌رده كردووه. به‌م كه‌سانه ته‌نیا ده‌توانرێ بگوترێ: به‌رده‌وامبن له دژایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌به‌ر ئه‌و هۆكار و سیفاتانه‌ی كه له‌م مرۆیه‌دا هه‌یه‌و ئێوه به به‌ڵگه‌ی زۆری خۆتان به‌دڵتان نین، به‌ڵام سوكایه‌تی به مافێك مه‌كه‌ن، كه مافیكی ڕه‌وا و كێشه‌یه‌كی میژوویی به‌حه‌قیی میلله‌تێكه له‌سه‌رووی كه‌سێكی تایبه‌ته‌وه، بۆ هاتنه‌دیی خه‌ونه نه‌ته‌وه‌ییه مێژووییه‌كه‌ی. جیاكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه سایكۆلۆژییه‌كان بۆ ڕقبوونه‌وه و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كان، له كێشه‌ی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌یه‌ك كارێكی ئه‌قڵانیی و ئه‌خلاقییه، نه‌ك به‌ستنه‌وه و بچووكردنه‌وه‌ی كێشه‌یه‌ك و هه‌وڵدان بۆ خه‌ڵك ساردكردنه‌وه و متمانه سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له نه‌وه‌یه‌ك، به‌هۆی ئه‌و ڕقه‌ی له كه‌سانێك هه‌مانه. با خه‌ون و ئامانج و ده‌ستكه‌وته بێته‌دی، ئه‌و جا به دادگای ئه‌و خه‌ون و ئامانجه پێش هه‌مووكه‌س سه‌رۆكی هه‌رێم دادگایی بكه‌ن. ڕه‌نگه ڕۆژگارو ساته‌وه‌خته كورتخایه‌نه‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دژایه‌تیكردن و سوكایه‌تیه‌دا ده‌ستخۆشییه‌كمان لێبكات و پۆپۆلیزمی سیاسی په‌ره‌پێده‌ین، به‌ڵام كاتێك مێژوو داوه‌ریی خۆی له داهاتوودا ده‌كات، ده‌چینه به‌ره‌ی دوژمن و خیانه‌تكارانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌وه.