سیاسه‌ت و مافی مرۆڤ (له بووژانه‌وه‌ی ئابوورییه‌وه به‌ره‌و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی)
December 16, 2012
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :زوهێر ئهلخوهیلیدی
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
له بنهرِهتدا، بووژانه‌وه رێرِهوێكی تێگهیشتنكاره، بۆ پشتیوانی كردن له ئاڵوگۆرِی سوودبه‌خشانه و باش كردنی كاری تۆرِهكانی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یان گه‌ڵاڵه كردنی ئازادیی سیاسی.چه‌مكی بووژانه‌وه (développement) له پاش دووه‌مین جه‌نگی جیهانه‌وه كه‌وته نێو قسه و باسی باوی سیاسی و رۆژنامه‌وانییه‌وه، نه‌مازه له پاش ماوه‌ی رزگاری نیشتیمانی و ده‌رچوون له كۆت و به‌ندی كۆلۆنیالیزم. ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی زه‌ره‌رمه‌ند شرِ و شه‌كه‌ت و سامبرده لێی ده‌رچوون، پاش ئه‌و كاولكارییه‌ی تووشی هاتن و زێدهرِۆیی كردن له به‌تاڵان بردنی خێر و بێر و سامانی وڵاتانی هه‌ژار له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی كۆلۆنیالیزم و هێشتنه‌وه‌ی وڵاتانی هه‌ژار له دۆخی پاشكۆیی و ملكه‌چیدا.
چه‌مكی بووژانه‌وه‌ی مرۆیی، له به‌راییدا كارگێرِی و سیاسه‌ت و كولتووری گرته‌وه، به‌ڵام هێنده‌ی نه‌برد فراوان بوو تا ئه‌وه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌ره‌پێدانی ته‌لار و شتانی هاوبه‌ش و سازاندنی هه‌لومه‌رجی گونجاو و په‌ره‌پێدانی ته‌رزه‌كانی به‌هره و كارامه‌یی و به‌ها له لای تاك و كۆشی گرته‌وه، ئه‌ویش له پێناو باش كردنی ده‌رامه‌ت.
ره‌نگه زاراوه‌ی بووژانه‌وه هه‌ندێك واتاش بگه‌یه‌نێت، وه‌ك په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه كردن و خۆشگوزه‌رانی و كهڵَهكه بوونی (چه‌ند) له لایه‌كه‌وه، به‌ڵام له لایه‌كی دیكه‌وه ئاماژه به پێشكه‌وتن و بازدان و گۆرِین و گواستنه‌وه‌ی جۆرهكیش ده‌كات. ئیدی به‌م پێودانگه "بووژانه‌وه رێرِهوی گه‌ڵاڵه بوونی هه‌بوونێكی رێك و پێكه به ده‌سپێك له تۆویهكی (ده‌نكێكی) دیاری كراوه‌وه."
جێی سه‌رنجه كه چه‌مكی بووژانه‌وه‌ی مرۆیی به پرۆسه‌ی فراوان كردنی بژارده‌ی گه‌لان و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ داهاتێكی به‌رز و ژیانێكی درێژ و ته‌ندروستی هه‌بێت، گرێ دراوه. له پاڵ په‌ره‌پێدانی كارامه‌یی و تواناكانی مرۆیی له رێی دابین كردنی ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ فێربوون. بۆ پێوانی رێژه‌ی بووژانه‌وه ده‌كرێ چه‌ندین پێوه‌ر به‌كار بهێندرێت، له نموونه‌ی: راده‌ی سوود وه‌رگرتن له ده‌رامه‌تی مرۆیی و دۆخی دانیشتووان و ئاستی دۆخی ته‌ندروستی و ره‌وشی كار و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ته‌كنیك و پیشه‌سازی و شۆرِشی ئه‌لیكترۆنی و بارودۆخی كارگێرِی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌وشی سیاسی و باری ده‌روون.
ئه‌و میتۆده‌ی ده‌كرێ له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا پهیرِهو بكرێت، له بنهرِهتدا دوور ده‌كه‌وێته‌وه له عه‌قڵانیزمی جهوههرانی و به‌رواردی وه‌زعیانه، كه پێی وایه یاسای چه‌سپاو هه‌ن و دیارده‌كانی مرۆیی كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها به‌راوردی ئابووریانه‌ش ره‌ت ده‌كاته‌وه، كه په‌ره‌پێدانی بلۆكی دارایی و به‌هێز كردنی چه‌شنی وه‌به‌رهێنان، ده‌كاته ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی ناوچه‌كه به‌ره‌و هیوای پێشكه‌وتن ده‌كاته‌وه. له به‌رامبه‌ردا له پشت به‌ستن به عه‌قڵانیزمی رێكاری (كاركرد: ئیجرائی) نزیك ده‌بێته‌وه، كه به دوای درێژه‌دان به بووژانه‌وه‌دا دهگهرِێت، هه‌وڵیش ده‌دات كارایی ببه‌خشێته به‌راورده ئابوورییه‌كی خاكهرِای كراوه به‌ره‌و (شوێنانی) لاپهرِ و به‌ره‌و ناوچه‌گه‌لی بێبه‌ش، هه‌روه‌ها ره‌خنه له ناوه‌ند ده‌گرێت و لایه‌نگری توێژه‌كانی كه‌م ده‌رفه‌ت (هه‌ژار) ده‌كات، كه بژادهی (هه‌ڵبژاردنی) ده‌سته‌جه‌معی و ئازادیی سیاسی و ئاوێته بوون و بیناكاریی هه‌بوونی، ده‌كاته باشترینی ئابووری و دیموكراسیی ئاسۆییانه، ئه‌مانه‌ش ئامراز و مه‌رجی بووژانهوهن، هه‌روه‌ها ره‌فتاری عه‌قڵانی و به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی بخرێنه سه‌ر ئه‌ستۆی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه‌وه.
كرۆكی مه‌به‌ست، بووژانه‌وه ناكاته گه‌شه كردنی به‌رهه‌می خاوی نیشتیمانی، ناشكاته زیاد كردنی داهات له رێی به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌زموونه‌كانی پیشه‌سازی و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و نوێ كردنه‌وه‌ی كۆمه‌لڕ، به‌ڵكوو (بووژانه‌وه) بریتییه له رۆشنبیر كردن و بڵاو كردنه‌وه‌ی هۆشیاری و زانست و به‌خشینی په‌راوێزێكی گه‌وره له ئازادیی سیاسی و مه‌ده‌نی به هاووڵاتیان، كه وایان لێ بكات به ئاستێكی به‌رزی به‌رپرسایه‌تی و عه‌قڵانییه‌وه له ژیانی خۆیاندا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ر شتێكی له تواناشیاندا بێت بیكه‌ن له پێناو گه‌یشتن به پله‌ی هه‌بوونی هه‌ره باش.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه "ده‌كرێ وا ته‌ماشای بووژانه‌وه بكرێت كه پرۆسه‌یه‌كه بۆ فراوان كردنی ئه‌و ئازادییه ریالیستهی خه‌ڵك هه‌یانه." جا له‌م ده‌سپێكه‌وه له دنیای زانسته‌یلی مرۆیی‌دا دوو رێرِهوی گه‌وره‌ی بووژانه‌وه هه‌ن:
یه‌كه‌میان جه‌خت ده‌كاته سه‌ر ئابووری، پێی وایه باش كردنی باری دارایی و په‌ره‌پێدانی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌م، به زه‌رووره‌ت ده‌بێته مایه‌ی دروست بوونی وه‌رچه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی و بازدانێكی كولتووری و هاتنی دانیشتووان بۆ سه‌ر دۆخێكی شارستانی مه‌ده‌نی. (سه‌میر ئه‌مین) و (ئالان تۆرین) نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌م رێرِهوه ئابوورییه ده‌كه‌ن.
هه‌رچی دووه‌میانه، ئه‌وا به ده‌وری باش وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌ی مرۆیی و به‌رپا كردنی شۆرِشێك له مرۆڤدا و ئاماده كردنی هاووڵاتی له رووی په‌روه‌رده و كولتوور و سیاسییه‌وه، كه له رووی یاساییه‌وه دادپه‌روه‌ر بیت له‌گه‌ڵی، هه‌وره‌ها به‌دی هێنانی ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ یادگه‌یدا و رێز گرتن له تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و و گرێدانی ئه‌و به ژینگه‌كه‌ی ده‌خولێته‌وه، له پێناو ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی بووژانه‌وه و گواستنه‌وه‌ی له ته‌رزه مرۆڤی تێك شكاوه‌وه به‌ره‌و ته‌رزه مرۆڤی به‌رهه‌مهێن، پشتی پێ ببه‌سترێت. ئابووریناسی هیندستان (ئامارتی سین) كه په‌ره‌ی به چه‌مكی دادپه‌روه‌ری له لای (جۆن راوڵز) دا، نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌م به‌راورده دیرۆكییه مرۆییه‌ی بووژانه‌وه ده‌كات.
ئیدی ئه‌وسا "ئێمه خه‌سڵه‌ته‌كانی به‌راوردێكی كرده‌نی بۆ بووژانه‌وه‌یه‌كی نهبرِاوه تاقی ده‌كه‌ینه‌وه، بۆ مسۆگه‌ر كردنی هاوئاهه‌نگی له نێوان ره‌هه‌نده ههمهرِهنگهكانی نهبرِانهوهدا، له رێی پشت به‌ستن به عهقڵانییهكی رێكارانه."
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، كه كاره‌كه سه‌باره‌ت به ئێمه له ئاست لێكۆڵینه‌وه و وردبینی كردن له پێوانه كردنی پله‌كانی گه‌شه كردن ناوه‌ستێت، به‌ڵكوو ئه‌وه تێدهپهرِێنێت به‌ره‌و ده‌ركردنی برِیاری پێویستی سیاسی و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی شۆرِشگێرِانهی كۆمه‌ڵایه‌تی، له چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت جیاكاریی ئه‌رێنی له پێناو گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی بله‌ز (به په‌له)، به ئامانجی گورِدان به وهگهرِخستن و ته‌رخان كردنی پشته‌وانه‌ی (دارایی) نائاسایی، به مه‌به‌ستی كارا كردنی پرۆسه‌ی خودی په‌ره‌پێدان و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ده‌یان ساڵ له په‌راوێزی و فه‌رامۆشی و پرِ كردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی پرۆسه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی سه‌رمایه‌ی مرۆیی كه له بن ههرِهشهی كۆچ به‌ره‌و شار و گوندانی شار و كۆچی نایاساییدایه.
"قووڵیی ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی ئێستا به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات كه بیسه‌لمێنین، (پارادیگم)ێكی نوێ خه‌ریكه پارادیگمی كۆمه‌ڵایه‌تی دهگۆرِێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌می دواییان جێی پارادیگمی سیاسیی گرتووه‌ته‌وه." جا ئه‌وسا ئه‌و رێرِهوهی بۆ په‌ره‌سه‌ندن پێویسته، ئه‌وه‌یه كه به‌نده به دابه‌ش كردنی دادپه‌روه‌رانه و سووره له سه‌ر دابه‌ش كردنی مه‌عریفه و ده‌سه‌ڵات و سوود (قازانج) به سه‌ر توێژه‌كانی هه‌ره چارهرِهش به شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ به گوێره‌ی پێوه‌ره‌كانی پێویستی و به‌شداری و شیاوی. پێویستی: واته بۆ هه‌ر كه‌سێك به گوێره‌ی پێویستیی خۆی. به‌شداری كردنیش ئه‌وه‌یه كه پێشینه‌ی سوود وه‌رگرتن له ده‌رامه‌ت به خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بدرێت كه ده‌یهێننه به‌رهه‌م. شیاویش واته بۆ هه‌ر كه‌سه به پێی ماندوو بوونی، به‌ش و به‌راتی هه‌ر كه‌سێك یه‌كسانه به‌و هێزه‌ی كه هه‌یه‌تی یان ئه‌و توانایه‌ی كه هه‌یه‌تی. جا به‌م پێودانگه، جێی خۆیه‌تی كه چه‌مكی بووژانه‌وه‌ی لایه‌نێك یان ناوچه‌یه‌ك، سه‌راپاگیر یان نهبرِاوه، هی گوند یان شار، بگۆرِدرێت به گورزه‌یه‌ك رێكار كه ئامانجی هێنانه دیی ده‌زگای پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت.
خۆ به راست چه‌مكی بووژانه‌وه چه‌مكێكی سه‌رمایه‌دارانه‌یه، بۆیه هاته ئاراوه تا ئابووریی لۆكاڵ بخاته پاڵ ئابووریی ناوه‌نده‌وه، ئابووریی نیشتیمانییش بخاته پاڵ ئابووریی جیهانه‌وه. هه‌روه‌ها بۆ گرێدانی كه‌ناڵه‌كانی به‌رهه‌م له (لاپهرِ)دا به تۆرِێكی به‌رهه‌م هێنان و دابه‌ش كردن و به‌كار بردن له ده‌وڵه‌تانی ناوه‌ند، له بنهرِهتدا وابه‌سته‌ی پیشه‌سازی و چالاكیی ماددییه، كرێكاریش وه‌ك خودێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر دوور ده‌خاته‌وه. بۆیه ده‌بێ (ئه‌مه) بگۆرِین به پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی كه مادده و رۆح و مرۆڤ و سروشت پێكه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها كولتوور و ئابووریش. دیسان خۆشگوزه‌رانیی ئابووری و فراوان بوونی ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتنی رۆحی و گه‌شه‌ی ئه‌خلاقیش پێكه‌وه گرێ ده‌دات. دواجار "كاره‌كه په‌یوه‌سته به په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگاكان نه‌ك ته‌نیا ئابووری و ده‌زگاكانی به‌رهه‌م."
ره‌نگه گرنگترین خاڵ كه ده‌بێ له زووه‌وه كاری له سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌یه مرۆڤ وا لێ بكه‌یت هه‌ست به بایه‌خی گۆرِینی رێرِهوی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی بكات، ئنجا به‌شداری پێ كردنی له پێشنیار و ئه‌لته‌رناتیف و بۆچوونه‌كان، هه‌وره‌ها گره‌و له سه‌ر هۆشیاری و په‌رۆشیی ئه‌و بكرێت سه‌باره‌ت به ئاستی گوزه‌رانی و باش ره‌فتار كردنی به ده‌رامه‌ت و توانای ئه‌و له راهاتن له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆرِهكان و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی شێوه‌كانی گه‌نده‌ڵی و قۆرخ و ئه‌و به ههدهردانهی رووبهرِووی سامانی ناوخۆ ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها ناوی له ئه‌ركی هاوبه‌ش و كاری ههرهوهزیشدا تۆمار بكرێت.
پوخته‌ی قسه "خه‌ڵك مێژووی خۆیان دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام داهێنانی كولتووری و ململانێی كۆمه‌ڵایه‌تی، ژیانی جڤاكی ده‌هێننه به‌رهه‌م و ئاگری بزووتنه‌وه‌گه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێو دڵی كۆمه‌ڵدا داده‌گیرسێنن."
به‌م جۆره ناكرێ پاشكه‌وتن له‌ناو بدرێت، خه‌ڵكیش ناتوانن ساتمه كردنی رێرِهوی بووژانه‌وه چاك بكه‌نه‌وه، ته‌نیا به ئازادیی ئه‌رێنی و سیاسه‌تی هاوبه‌شایه‌تی و فراوان كردنی بازنه‌ی سوود وه‌رگرتن له ماف و تێكه‌ڵ بوون به گفتوگۆی گشتی و چاكسازیی تهوافقانه، نه‌بێت. هه‌روه‌ها به پێكه‌وه گرێدانی ئابووری و ئیتیك نه‌بێت كه ئابووری له خزمه‌تی بوونی باشتر بۆ هه‌موواندا بێت، سامانیش به سه‌ر هه‌موواندا دابه‌ش بكرێت. جا چۆن ده‌كرێ كه له‌ناو بردنی جیاوازیی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌تای بێكاری و خۆمانه خۆمانه و تانه‌لێدان، بكه‌ینه به‌رپرسایه‌تیی هه‌موومان؟