نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی کچێنی و ده‌سته‌سڕی خوێناوی
December 13, 2012
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
جێنده‌ر، ئه‌و ڕۆڵه‌یه، کۆمه‌ڵ به گوێره‌ی ڕه‌گه‌ز بۆ تاکی دیاری ده‌کات. له گه‌لێک وڵاتی ئیسلامی‌دا، کوڕ هێشتا هێنده نییه پێی گرتووه، له زه‌ینیدا، ئه‌و تۆوه ده‌چێنن که ئه‌و نێره، ئه‌وه نییه دایکی داوای لێ ده‌کات، چووکی پیشانی خزم و دراوسێ بدات؟ ئه‌مه وا ده‌کات هه‌ر له‌و وه‌خته‌وه، کوڕ شانازی به‌وه‌وه بکات که نێره و خۆی له کچ پێ باڵاتر بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کچێکی بچووک، له کاتێکدا سه‌رقاڵی گه‌مه‌کردنه، به ئاسته‌م، بۆ چرکه‌یه‌ک، جلی ژێره‌وه‌ی به دیار بکه‌وێت، پێیدا هه‌ڵده‌شاخێن. ڕه‌نگه ئه‌وه یه‌که‌مین ده‌رس بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا، وریای په‌رده‌ی کچێنیی بێت و تا شوو ده‌کات، به پاکیزه‌یی بمێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له یه‌که‌م شه‌وی هاوسه‌رگیریدا، به خوێنی ئه‌و په‌رده‌یه، ده‌سته‌سڕه سپییه‌که، سوور بکات و ئاڵای ئاوڕووی خێزان به شه‌کاوه‌یی بمێنێته‌وه.سێکسواڵیتیی مێ، لای ئیسلام بایه‌خێکی زۆری پێ دراوه و هه‌میشه کێشه‌ی ناوه‌ته‌وه، بۆیه سه‌ره‌تا پیاوانی خێزان و خزمان، دواتریش مێرد، هه‌وڵیان داوه له ژێر کۆنترۆڵیاندا بێت. سێکسواڵیتی ته‌نیا بۆ تێرکردنی ئاره‌زووه جه‌ستیییه‌کان نییه، به‌ڵکوو بۆ ئارام ڕاگرتنی ده‌روون و بۆ سه‌لماندنی خودیشه، ئاخر ژن کاتێک هه‌ست به مێبوونی خۆی ده‌کات، که له‌و ڕووه‌وه له‌ژێر گوشاردا نه‌بێت. باسکردن له سێکسواڵیتیی ژن، وه‌ک تابوو وایه، نه له خێزاندا باسی لێوه ده‌کرێت و نه له فێرگه. که کج بۆ یه‌که‌مین جار خوێنی له‌به‌ر ده‌ڕوا، چونکه‌ی هیچی له باره‌ی سووڕی مانگانه‌وه نه‌ژنه‌فتووه، تووشی شۆک ده‌بێت. ئه‌وه باوه، ژن له ڕووی چالاکیی سێکسییه‌وه، سارد و نێگه‌تیڤ و به‌رکاره، وه‌لێ پیاو، گه‌رم و پۆزه‌تیڤ و بکه‌ره، به‌ڵگه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یش ئه‌وه‌یه، پاڵنه‌ری سێکسی لای ژن لاوازه و هه‌ر گه‌ییشته ته‌مه‌نی نائومێدی، ئیتر کۆتایی به چالاکییه سێکسییه‌کانی دێت.
لای بابسالاران، پله و پایه‌ی خێزان به شه‌ره‌فییه‌وه به‌نده و ئه‌گه‌ر ژنانی خێزان، خراپ له چالاکییه سێکسییه‌کانیان سوودمه‌ند ببن، زیانێک به خێزان ده‌گات، چاره‌سه‌ری نییه و ده‌بێت به خوێنی ڕژاوی ژن، قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه. پاکیزه‌ییی کچ، موڵکی پیاوانی خێزانه و به پله‌ی یه‌که‌م، هی باوکییه‌تی. که کچ به شوو درا، باوکی ئه‌و پاکیزهیییه، هه‌ر وه‌ک کاڵا بێت، له‌بری بڕێک ماره‌یی، ڕاده‌ستی زاوا ده‌کات.
ئه‌وه‌ی له نێوان هه‌ردوو ڕانی ئافره‌تدایه، هه‌ر ده‌زگه‌ی زاوزێی ژن نییه، شکۆ و ئاوڕووی پیاوی بابسالاریشه. ئه‌گه‌رچی پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی سێکس، به دوو که‌س ده‌کرێت، وه‌لێ که کچێک بنی ده‌پژێنرێت، یان دووگیان ده‌کرێت، ته‌نیا خۆی باجه‌که‌ی ده‌دات. هه‌رچه‌نده به گوێره‌ی یاسا، ئه‌وه تاوانێکی هاوبه‌شه و ده‌بێت هه‌ردوو لا سزا بدرێن، وه‌لێ (لۆگیک)ی بابسالار، تاوانه‌که له‌سه‌ر پیاوه‌که لا ده‌بات و ده‌یدات به کۆڵی ژنه‌که‌دا. له‌و بواره‌دا، شه‌رع (دلۆڤان)تره، ئاخر زیناکه‌ر چ نێر بێت و چ مێ، هه‌مان سزای ده‌دات، زگورتی: هه‌شتا جه‌ڵده و نه‌فی، ئه‌ویشی هاوسه‌رینی هه‌بێت، سه‌نگباران ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زیناکه‌ر خزمی قوربانییه‌که بوو، پێش به‌ردبارانکردن تا مردن، ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی سه‌ختیش ده‌درێت.
زینا که لێره‌دا مه‌به‌ست له زه‌وتکردنه، له ئیسلامدا، یه‌کێکه له حه‌وت گوناهه گه‌وره‌که، وه‌ک له دین هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه وایه و تاوانێکه دژ به خودا و دژ به کۆمه‌ڵگه، تاوانێکه که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه سزاکه‌ی سووک بکات، ئیللا مه‌گه‌ر، یه‌کێک له چوار شاهیده‌که بمرێت، یان مه‌گه‌ر زیناکه‌ر قوربانییه‌که بخوازێت، ئاخر که بوو به ژنی، ده‌یشبێت به موڵکی و مافی خۆیه‌تی چێژی لێ وه‌ربگرێت. جێی سه‌رنجه، ئه‌گه‌ر ژن داوای له‌سه‌ر پیاو تۆمار کردبێت، یان به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ر پێویسته ئه‌و شاهیدانه هه‌ر چواریان پیاو بن! (ئه‌گه‌ر پیاوێک، تۆمه‌تی درۆی بۆ ژنێک هه‌ڵبه‌ست، هه‌شتا شه‌للاقی لێ ده‌درێت و ئیدی ببڕای ببڕ به شاهید قه‌بووڵ ناکرێت. نوور 4) له پاکستان، ئه‌گه‌ر پیاوێک تۆمه‌تی زینای دایه پاڵ ژنه‌که‌ی، هاوسه‌رگیرییه‌که‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، وه‌لێ ئه‌گه‌ر تۆمه‌تبارکردنه‌که، هه‌ر بوختان بوو، پیاوه سزا نادرێت. له پاکستان، چونکه دادگه له قازانجی پیاو هه‌ڵده‌سووڕێت، چونکه ئه‌گه‌ر ژنێک ڕێی که‌وته بنکه‌ی پۆلیس، ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنرێت، گێچه‌ڵی سێکسی پێ ده‌کرێت و ده‌ستی بۆ ده‌برێت، بۆیه مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن، ئه‌گه‌ر نا، ژن زات ناکات، داوا له‌سه‌ر پیاو تۆمار بکات.
مه‌زهه‌به‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن، ئه‌گه‌ر کریستیانێک، ژنێکی موسڵمانی ئه‌تک کرد، سزاکه‌ی مه‌رگه، به‌ڵام هه‌مان تاوان ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی موسڵمانان ڕووی دا، هه‌مان سزای نابێت. ژنی زه‌وتکراو لای شافیعی، هه‌م ماره‌یی ده‌که‌وێت و هه‌م خوێن‌بایی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کۆیله بوو، خوێنبایییهکهی له‌به‌ر ڕۆشنایی بڕی دابه‌زینی نرخیدا، دیاری ده‌کرێت. له میسری جاراندا، ئه‌گه‌ر پیاوی تاوانکار، قوربانییه‌که‌ی ماره کردبا، ئیدی ژن، مافی ئه‌وه‌ی نه‌بوو به تۆمه‌تی زه‌وتکردن و بنپژاندن، داوای له‌سه‌ر تۆمار بکات. له بڕێک له وڵاتانی دواکه‌وتووی ئیسلامی‌دا، دادگه، ئه‌و زیانه مه‌زنه ده‌روونییه ڕه‌چاو ناکات، که ژن له ئه‌نجامی زه‌وتکردنه‌وه، پێی ده‌گات، بۆیه بڕی قه‌ره‌بووه‌که وه‌ها دیاری ده‌کات، وه‌ک تاوانکار ده‌ستێکی ژنه‌ی شکاندبێت.
زیائولحه‌ق که له 1980دا، ده‌سه‌ڵاتی زه‌وت کرد، بۆ خامۆشکردنه‌وه‌ی ئاگری تووڕه‌ییی حیزبه ئیسلامییه‌کان، ئه‌وه‌ی کرد به یاسا که خوێن‌بایی ژن، نیو هێنده‌ی خوێن‌بایی پیاو ده‌بێت و شایه‌تیدانی ژن، به‌های نیو هێنده‌ی شایه‌تیدانی پیاوی ده‌بێت. له پاکستان، چونکه پیاوی تۆمه‌تبار به زه‌وتکردن، هه‌تا تۆمه‌ته‌که نه‌سه‌لمێنرێت، بێ تاوانه، بۆیه ژنی زه‌وتکراوی قوربانی، هه‌تا بێتاوانیی خۆی نه‌سه‌لمێنێت، تاوانکاره.
پیاو، چی توانا شک ده‌بات ده‌یخاته کار، بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ زۆرترین ژن‌دا په‌یدا بکات، به‌ڵام که دێته سه‌ر ژنهێنان، بۆ کچێکی پاکیزه ده‌گه‌ڕێت، کچێک قه‌ت ده‌ستی پیاوێکی به‌ر نه‌که‌وتبێت. ڕه‌نگه با، وا هه‌ڵنه‌کات وه‌ک که‌شتییه‌که‌ی ده‌خوازێت، ئاخر ده‌شێت ئه‌و ژنه‌ی ده‌یهێنێت و به پاکیزه‌ی ده‌زانێت و ده‌سته‌سڕه سپییهکهیشی بۆ سوور ده‌کات، پێشتر بنی پژێنرابێت و ڕۆژێک پێش چوونه ناو په‌رده‌وه، دۆکتۆرێک په‌رده‌ی کچێنیی بۆ نۆژه‌ن کردبێته‌وه! ئه‌و ده‌سته‌سڕه خوێناوییه، هه‌ر به‌ڵگه‌ی پاکیزه‌یی بووک نییه، ئاماژه‌یه بۆ گورزی به‌هێزی نێریش.
پیاوان به گشتی که ده‌چنه په‌رده‌وه، پاکیزه نین و ئه‌زموونیان هه‌یه، به‌ڵام هه‌موویان کچی پاکیزه‌یان ده‌وێت! ئه‌مه هه‌ر دووڕوویی نییه، جۆرێکه له شیزۆفرینیایش که تووشی بابسالاران هاتووه، فرۆید له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (تابووی پاکیزه‌یی، که له قووڵایی یادگه‌ی ئینسانی سه‌ره‌تاییدا جێگیر بووه، زاده‌ی ترسی پیاوه له ژن، ترسێک که له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ژن له پیاو باڵاتره و ژن توانای خوڵقاندنی ژیانی هه‌یه.) ترسێکی دیکه‌ی پیاو له ژن هی ئه‌وه‌یه، وای بۆ ده‌چێت، ژن له‌ودیو عه‌با و په‌چه‌وه، له‌ودیو په‌رده‌ی گوێرایه‌ڵی و ملکه‌چییه‌وه، ته‌ڵه‌ی تۆڵه بۆ پیاو ده‌نێته‌وه. دووڕوویییه‌کی دیکه‌ی پیاوی بابسالار ئه‌وه‌یه، پێی باشه، ژنه‌که‌ی خۆی، وشکوبرینگ و ساردوسڕ بێت، چونکه بۆ چێژوه‌رگرتن و خۆش ڕابواردن، پشت به که‌نیزه‌کی گه‌رموگوڕ، ژنی سه‌فه‌ریی حه‌شه‌ری و سۆزانیی جحێڵ ده‌به‌ستێت.
پاکیزه‌ییی کچ یان په‌رده‌ی کچێنی، که لای بابسالاران ده‌کاته شه‌ره‌فی خێزان، ته‌واو وه‌ک کاڵایه‌ک بێت، سه‌ره‌تا موڵکی پیاوانی خێزانه، دواتر باوک له‌بری بڕێک ماره‌یی، پێشکه‌ش به زاوای ده‌کات. ئه‌و کچه‌ی پارێزگاریی له پاکیزه‌ییی خۆی نه‌کردبێت، سووک و نزمه، وه‌لێ کوڕ، تا ئه‌زموونی زۆرتری دیتبێت، پیاوتر و هێژاتره، فاتیمه ئه‌لمه‌رنیسی، ئه‌م دیارده‌یه‌ی ناو ناوه، شیزۆفرینیای کۆمه‌ڵایه‌تی. له (چین)ی سه‌رده‌می (ما‌و)دا، وه‌ک چۆن پێش هاوسه‌رگیری، کچ پاکیزه بوو، کوڕیش له یه‌که‌مین شه‌وی هاوسه‌رگیریدا، بۆ یه‌که‌مین جار، سێکسی ده‌کرد. ئه‌وسا له‌وێ ده‌یانگوت ژن له سی ساڵیدا، له لووتکه‌ی فه‌ڕ و به‌خشیندایه، بۆیه ئه‌و ته‌مه‌نه بۆ هاوسه‌رگیری ده‌ستنیشان کرابوو، ئه‌گه‌ر وایان نه‌کردبا، ژماره‌ی دانیشتووانی چین، بێ هه‌ژمار هه‌ڵده‌کشا.
له وڵاتانی ئیسلامی، له گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریدا، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کرێت، بووک، پاکیزه‌یه، یان بنپژاو. له مه‌غریب، به پێی یاسا، سزای پیاوێک، پاکیزه‌یه‌ک ئه‌تک بکات، دوو هێنده‌ی سزای پیاوێکه، بنپژاوێکی ئه‌تک کردبێت. له‌وێ کچ پێش چوونه په‌رده‌وه، به‌ڵگه‌نامه‌ی دۆکتۆر ده‌رده‌هێنێت که پاکیزه‌یه و دوای شه‌وی په‌رده، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌سڕه به خوێن سووربووهکهدا، نمایش ده‌کرێت. پاراستنی په‌رده‌ی کچێنی شتێکی سروشتی نییه، نه‌ریتێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، ئاخر چ کچ و ج کوڕ، وا خوڵقاون، هه‌ر که پێگه‌ییشتن، ئیدی له ڕووی سێکسیشه‌وه، چالاک ده‌بن. هه‌رچه‌نده پارێزگاری له شه‌ره‌ف و په‌رده‌ی کچێنی، ئه‌رکی خێڵ و گرووپ و خێزانه، وه‌لێ له کۆتاییدا، به پاکیزه‌یی مانه‌وه، زاده‌ی خۆڕاگری و ددان به خۆدا گرتن و ئازایه‌تیی تاقه که‌سێکه که کچه‌که‌یه، ئاخر له ڕوانگه‌ی بابسالاره‌وه، په‌رده‌ی کچێنی، وه‌ک نیشتمان وایه، پێویسته کچ خۆی له‌سه‌ر بدات به کوشت، ئه‌گه‌ر نا، زۆر گران له‌سه‌ری ده‌که‌وێت،
ده‌ڵێن له چین، په‌رده‌ی کچێنی دروست ده‌کرێت و به نرخێک هه‌رزان له بازاڕدا ده‌ست ده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌واڵه دروست بێت، ئیدی دۆکتۆری چاوچنۆک، توانای به‌د سوودوه‌رگرتن له هه‌ڵوێستی لاوازی کچان له ده‌ست ده‌دات. له تورکیا چونکه په‌رده‌ی کچێنی مانایه‌کی زۆری هه‌یه، ئه‌و کچانه‌ی پێش هاوسه‌رگیری سێکسیان کردبێت، پێش شه‌وی چوونه نێو په‌رده‌وه، په‌رده‌ی کچێنی، لای دۆکتۆر، نۆژه‌ن ده‌که‌نه‌وه.
ئه‌گه‌ر له شه‌وی چوونه نێو په‌رده، هیچ دڵۆپه خوێنێک به‌دی نه‌کرێت و داوایی یاسایی تۆمار بکرێت، دادپزیشکی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، له‌وه بکوڵێتهوه، کچه ئه‌و شه‌وه، په‌رده‌ی هه‌بووه، یان زووتر بنی پژێنراوه. ئه‌م ده‌ست تێوه‌ردانه له جه‌سته‌ی ژن، که پێشێلکردنی مافی ئینسانه، له زۆر وڵاتی ئیسلامی، یاسایییه، به‌ڵام یاسایییه‌کی جیاوازکارانه، ئاخر نه سۆراخی ئه‌و پیاوه ده‌که‌ن، بنی کچه‌ی پژاندووه، نه سزای ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر پیاوێک پێش هاوسه‌رگیری، سێکسی له‌گه‌ڵ ژنێکدا کردبێت، ئه‌وا ئه‌ویش پاکیزه نییه، به‌ڵام ڕه‌نگه هه‌رگیز به‌و تۆمه‌ته، له پیاوێک نهپێچرابێتهوه.
زۆر له پزیشکان، ئه‌و ده‌ستتێوه‌ردانه له جه‌سته‌ی ئافره‌ت، به کارێکی دڕندانه ده‌زانن و ئیللا مه‌گه‌ر له‌سه‌ر خواستی کچه بیکه‌ن. له ڕوانگه‌ی ئه‌و دۆکتۆرانهوه که له پێناوی پاره‌دا، په‌رده‌ی کچێنی نۆژه‌ن ده‌که‌نه‌وه، جه‌سته‌ی ئافره‌ت، ته‌نیا شتێکه وه‌ک شته‌کانی تر، نه‌ک له‌شی ئینسانێک. ئه‌و دۆکتۆرهی له پێناوی پاره‌دا، له کاره‌وه ده‌گلێت، هه‌م سووکایه‌تی به پیشه‌که‌ی خۆی و هه‌م فێڵیش له زاوا ده‌کات؛ فێڵێک ئه‌گه‌ر ئاشکرا ببێت، سزای له‌سه‌ره. ئه‌وه په‌رده نۆژه‌نکردنه‌وه‌یه، چونکه کارێکی یاسایی نییه، بۆیه له نه‌خۆشخانه گشتییه‌کاندا ناکرێت، له کلینیکه تایبه‌تییه‌کاندا، به پاره‌یه‌کی زۆر ده‌کرێت.
ئه‌و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی په‌رده‌ی کچێنییه، بۆیه پێویسته، چونکه لای ئیسلام، کچ مافی ئه‌وه‌ی نییه، له ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری، چالاکیی سێکسی بنوێنێت. ڕه‌نگه هه‌ندێک دۆکتۆر به قوتارکردنی ژیان و داهاتووی ژنێکی لێک بده‌نه‌وه و وه‌ک کارێکی ئینسانی سه‌رنجی بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه یاسای بازاڕه، چونکه داوای له‌سه‌ره، وه‌ک هه‌ر کاڵایه‌کی دیکه، پیشانیش ده‌درێت. زۆر جار ڕێ که‌وتووه، کچان که زانیویانه، بۆ دڵنیابوون، له‌وه‌ی په‌رده‌ی کچێنییان له ده‌ست داوه، یا نا، بۆ لای دۆکتۆر ده‌برێن، خۆیان کوشتووه. دۆکتۆرێک پیشه‌که‌ی به ئینسانی بزانێت، له په‌رده‌ی کچێنی ناپێچێته‌وه، ئاخر ئه‌وه، پێشێلکردنی مافی مرۆڤه، چونکه هه‌موو مرۆڤێک ده‌بێت لایه‌نه تایبه‌تییه‌کانی ژیانی پارێزراو بێت، خۆی سه‌روه‌ری جه‌سته‌ی خۆی بێت و ئه‌وه پارادۆکسه، ئه‌گه‌ر دۆکتۆر پێی وابێت، شه‌ره‌فی پیاو، په‌رده‌یه‌کی ته‌نکه، له‌نێو جه‌سته‌ی ژن‌دا. ئه‌وه‌ی که ئافره‌ت، له‌به‌ر خۆی نا، له‌به‌ر پیاو، پارێزگاری له جه‌سته‌ی بکات، ملکه‌چکردنه بۆ هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی نێر و بێگانه‌بوونه له خود و له جه‌سته‌ی خۆی.
له کۆمه‌ڵگه بابسالارییهکاندا، ئه‌وه باوه که پیاو هه‌میشه پێویستی به سێکسه، به‌ڵام ژن ئه‌و مافه‌ی نییه، ئیللا دوای هاوسه‌رگیری نه‌بێت، بۆیه پیاو پێش ئه‌وه‌ی ژنی هێنابێت، ئه‌وه ئاسایی بووه، گه‌لێک سه‌رچڵی کردبێت و شاره‌زایییه‌کی باشی ده‌ستگیر بووبێت، وه‌لێ ژن، پێش ئه‌وه‌ی مێردی کردبێت، پێویسته هیچ چالاکیی سێکسی نه‌نواندبێت. ڕه‌نگه کچ حه‌زی له پیاوێک کردبێت و پێی باش بووبێت، شووی پێ بکات، وه‌لێ ئه‌گه‌ر پیاوانی خێزان به‌و حه‌زه‌یان زانیبێت، وه‌ک سزادانێک داویانه به پیاوێکی دی، که خۆیان هه‌ڵبژاردووه. له‌و وڵاتانه‌ی بابسالاری، سیسته‌مێکی به‌هێزه، به‌ر به هه‌موو چالاکییه‌کی سێکسی کیژان گیراوه، خه‌ونبینی شه‌وانه نه‌بێت، ئاخر ئه‌وه‌یان پێ کۆنترۆڵ ناکرێت. له میسر له ده‌رسی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، له به‌شی دابونه‌ریتدا، هاتووه: خووی نهێنی، زیانبه‌خشه و هێنده‌ی سێکسکردن له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشێکدا، حه‌رامه.
له سایه‌ی سیسته‌می بابسالاریدا، نه باوک ده‌رک به هه‌ست و سۆزی ئافره‌ت ده‌کات، نه مێرد. کچ شوو ده‌کات و نازانێت مێچکایه‌تی و ڕاکێشانی سه‌رنجی پیاو، به‌ری کام دره‌ختن، ئاخر نه هیچ ئه‌زموونێکی هه‌یه و نه هیچی له‌و باره‌یه‌وه بیستووه یان خوێندووه‌ته‌وه، بۆیه زۆر جار هاوسه‌رگیری به نائومێدی کۆتایی دێت. ژنێک که هیچ زانیارییه‌کی له باره‌ی ژیانی هاوبه‌شه‌وه نه‌بێت، ئیدی ئه‌وه چاوه‌ڕوانکراوه، وه‌ختی سه‌رجێیی، نیگه‌ران بێت، تووشی دڵه‌راوکێ ببێت و سه‌رکه‌وتوو نه‌بێت. زۆر جار ژن نه ده‌زانێت ورووژاندن چییه؟ نه گوڵی حه‌زی ده‌گه‌شێته‌وه، نه به ئۆرگازم ده‌گات و ڕه‌نگه وێڕای ئازاری ده‌روونی، ئازار به جه‌سته‌یشی بگات، ئیدی وای لێ دێت، هه‌ر لایه‌نی ویژدانی له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا کۆی ده‌کاته‌وه. ژنی وا، ترس له سێکس په‌یدا ده‌کات، بۆیه له‌و جۆره ژینگه‌یه‌دا، هه‌میشه ئه‌وه پیاوانن داوای سێکس ده‌که‌ن، ژنان تا بۆیان بکرێت، خۆیانی لێ ده‌دزنه‌وه.
له کۆمه‌ڵگه‌ی بابسالاریدا، که کچ له دایک ده‌بێت، نه‌ک هه‌ر پێشوازییه‌کی گه‌رمی لێ ناکرێت، به‌ڵکوو خۆی پشتگوێ ده‌خرێت و سووکایه‌تیش به دایکی ده‌کرێت. نه‌وال سه‌عداوی ده‌ڵێت: له‌و ناوچانه‌دا که ئاستی ژیان تێیاندا نزمه، له‌به‌ر ئه‌و بایه‌خنه‌دانه به کچ، ڕێژه‌ی مردن به به‌روارد له‌گه‌ڵ کوڕاندا، له‌ناو کیژاندا بڵندتره. بابسالاران لێ ناگه‌ڕێن، کچ ببێته خاوه‌نی که‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆی خۆی، ئاخر عه‌قڵی وه‌ها زه‌وت ده‌که‌ن، توانای ئازادانه بیرکردنه‌وه‌ی نامێنێت و به ده‌ستیانه‌وه، وه‌ک بووکه‌شووشه‌ی لێ دێت و ده‌بێته قوربانیی بڕیاره چه‌وته‌کانیان. کیژێک له ژینگه‌یه‌کی وا دژوار‌دا، په‌روه‌رده بکرێت، نه متمانه‌ی به خۆی ده‌بێت، نه شانازی به خۆیه‌وه ده‌کات، نه ده‌بێته خاوه‌نی ویستی ئازادی خۆی و نه که‌سایه‌تییه‌کی به‌هێزی ده‌بێت.
19/7/2012
(1) گولشاه سیرال و إپیک إیلکارکان، المتعه الجنسیة کحق من حقوق المرأة.
(2) فاطمة المرنیسي، العذریة و البطرکیة.
(3) بنار إیلکارکان، إستکشاف سیاق جنسانیة المرأة في مناطق شرقي ترکیا.
(4) لوسی کارول، الزواج المرتب مسبقا.
(5) أرشالوس کاییر، المرأة ومشکلاتها الجنسیة.
(6) نوال السعداوي، الإعتداء الجنسي علی الفتیات الصغیرات.
(7) أمیرة سنبل، الأغتصاب والقانون في مصر العثمانیة والحدیثة.
(8) عالیة شهربانو ضیا‌ء، الأغتصاب في پاکستان.
(9) لمی أبو عودة، جرائم الشرف وبنیة الجندر في المجتمعات العربیة.