(بڕیاردان له پێنج خولەكی دواییدا)
December 12, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :رێبوار سیوەیلی
شەپۆلی سوونامیی كوردەكان:بۆی هه‌یه سیسته‌مێكی سیاسی ماوه‌یه‌كی زۆر له حوكمدا بمێنێته‌وه، به زۆر یان به شێوازیی تری ڕازیكردن ئارامییه‌كی ڕێژه‌یی ده‌سته‌به‌ر بكات، یان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ترس له دڵی هاووڵاتیاندا بچێنێت، به جۆرێ كه له نیگای یه‌كه‌مدا وا بزانرێ ئه‌و بێده‌نگیی و هیچ نه‌گوتنه نیشانه‌ی خۆشه‌ویستیی ئه‌و فۆرمه‌ی حوكمكردنه له‌لای هاووڵاتیان و له هه‌مان كاتیش‌دا، هاووڵاتیان له ناخه‌وه بكوڵێن. به‌مجۆره‌ش سه‌قامگیریی سیاسی به جۆری ئه‌و كۆنترۆڵهی ڕهوایانهو ناڕه‌وایانه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌كار ده‌هێنرێت، داهاتوو و مانه‌وه بۆ سیسته‌مه‌كه ده‌سته‌به‌ر ناكات. زۆر، سته‌م و توندوتیژی كه ئامڕازی ده‌ستی حاكمانن، دڵسۆزیان نین، چونكه زۆر چه‌نده مرۆڤ كۆنترۆڵ ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ش هووشیاری به‌رامبه‌ر به غه‌در بڵاو ده‌كاته‌وه و هه‌ستی هاوپه‌یمانێتیه‌كی نهێنی له‌ناو هاووڵاتیاندا به‌رجه‌سته ده‌كات. سته‌م، هه‌رچه‌نده ئامڕازێكی سهركوتانهوهی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته، ئه‌وه‌نده‌ش پردێكه خه‌ڵك ده‌په‌ڕێنێته‌وه بۆ ڕیزبوون له‌ناو شه‌پۆلێكی سونامی ئاسادا، كه ساتهوهختهكهی دیار نییه.
ئه‌وه‌ی به ته‌نیا مانه‌وه‌ی فۆرمێكی حوكمداری دابین ده‌كات، پڕۆژه سیاسی و پارتیبازیه كورت مه‌وداكانی بۆ چه‌واشه‌كردنی ڕاستیی و بێده‌نگكردنی نه‌یاره‌كانی و خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵكه‌وه نییه. هەروه‌ك چۆن دروستكردنی گه‌وره‌ترین بازاڕیش نییه بۆ ساخكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی له شوێنه‌كانی تری جیهان به‌رهه‌مهاتوون. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كردنی كۆمه‌ڵگاش نییه به بازاڕێكی گه‌وره و دروستكردنی ئایینێكی تر نییه به‌ناوی مه‌سره‌فگه‌رایی و قازانجه‌وه. سیسته‌مێكی سیاسی ئاینده‌بین، ئه‌ركی ئه‌وه نییه بنه‌مای ئابووری وڵات به فرۆشتنی سامانه‌كانی بخاته مه‌ترسییه‌وه، چونكه ئه‌مه مانه‌وه‌كه‌ی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه و ئاماده‌ی ده‌كات بۆ كه‌وتنه داوی پلانی نه‌یاره‌كانیه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێ هێزی كار دروستبكات و كۆمه‌ڵگا بكات به كۆمه‌ڵگایه‌كی مشه‌خۆر و بێبه‌رهه‌م..
هۆكاری مانه‌وه‌ی فۆرمێكی حوكمداری له‌وه‌شدا نابینمه‌وه، كه هه‌مان كه‌سه‌كان هه‌مان پۆسته‌كان به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌ش بكه‌ن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پلانیی كورت مه‌ودا كاری سیسته‌مێكی سیاسیی نییه، كه ده‌یه‌وێت ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی له دوور مهودایا هه‌بێت بۆ گه‌لان و كۆمه‌ڵگاكان. سیسته‌مێكی سیاسی كارا، به مانه‌وه‌ی زۆری له ده‌سه‌ڵاتدا، داهاتوو بۆخۆی دابین و مسۆگه‌ر ناكا. فۆرمی ئه‌و حوكمدارییه، وێڕای هه‌ر كارێكی باش كه ده‌یكات و هه‌ر وانه‌یه‌كی مێژوویی كه جێیده‌هێڵێت، بۆی هه‌یه دژهوانهیشی لێبكه‌وێته‌وه، بۆ نمونه یه‌كخستنی هێزه نه‌یاره‌كان و دروستكردنی سایكۆلۆژیایه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌بێ متمانه. ئه‌وه‌ی داهاتوو بۆ هه‌ر فۆرمێكی حوكمداریی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌و مه‌ودا زۆره نییه، كه تیایدا له حوكمدا ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و پێنج خوله‌كه‌یه، كه تیایدا بڕیار ده‌دات بۆ داهاتووی كێشه‌كه و وڵاته‌كه و گه‌لان.
له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا زۆرێك له‌و سیسته‌مه سیاسی و فۆرمی حوكمداریانهمان بینین، كه مێژووییه‌كیان له حوكمكردن هه‌بوو، به‌تایبه‌تی له جیهانی عه‌ره‌بیدا. مێژوویه‌ك له دروستكردنی هوتێل و گوند و بازاڕی گه‌وره و مرۆڤی مه‌سره‌فگه‌را و سیسته‌مێكی بانكی و كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه و وه‌رگرتنی زه‌كات و باج له كۆمه‌ڵگا بۆ گیرفانی ده‌سته‌بژێرێكی سیاسی و خه‌ڵكانی هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ سیاسیه‌كان و نه‌وه‌كانیاندا. ئه‌مانه بۆیه نه ڕووخان، چونكه ئه‌م كارانه‌یان نه‌كردبوو، به‌ڵكو بۆیه داڕمان و داده‌ڕمێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی بڕیار بۆ داهاتووی گه‌لان و وڵاته‌كه‌یان بده‌ن و له كۆتایی پێنج خوله‌كی دواییدا نه‌یانتوانی خۆیان بگرنه‌وه و ئه‌وه بكه‌ن كه ده‌بوو له هه‌موو ته‌مه‌نی حوكمدارییاندا بڕیاری لێبده‌ن..
بڕیاردان له مه‌سه‌له و كێشه چارهنووسیهكاندا، ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه پێنج خولهك زیاتر ناخایه‌نێت، به‌ڵام ئه‌م پێنج خوله‌كه ده‌توانێت ته‌مه‌نی ئه‌و حوكمدارییه بۆ ده‌یان و بگره سه‌دان ساڵ دووباره بكاته‌وه. ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كاته‌ش كه هیچكامێك له‌وانه‌ی له ساتی بڕیاره‌كه‌دا ئاماده‌بوون، له ژیاندا نه‌مابن. ئه‌مه‌یه نموونه‌ی حكومداریی پریكلیس شا له ئه‌سینای كۆندا، كه هانده‌ری سیاسه‌تكردن بوو به ئاراسته‌ی هێشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و خۆبه‌دوورگرتن له هه‌ر جۆره شه‌ڕێك، كه كۆمه‌ڵگا له ئامانجه‌كانی خۆی دوور ده‌خاته‌وه. پریكلیس، دیموكراسیه‌تی كرده ئامانج و سته‌مكاری به‌هه‌ر ناوێكه‌وه ڕه‌تكرده‌وه. یاسای داڕشت و مافی هاوشارییه‌كانی پاراست. ئازادیی بیروڕاده‌ربڕینی كرده ئامانج و سانسۆری خسته لاوه. ئه‌مه‌یه نمونه‌ی شا فردریكی دووه‌م، كه له ئه‌ڵمانیای سه‌رده‌می كانتدا، ئازادیی بیركردنه‌وه‌ی سانسۆر نه‌كردبوو له پای ڕۆشنگه‌ریدا و ئه‌م نموونانه‌ش له زۆر شوێنی دیكه‌ی جیهاندا دووباره‌بوونه‌وه، وه‌ك ئه‌مه‌ریكا، سكهندناڤیا و هێندستان و چیك و چه‌ند شوێنێكیتر..
سیاسه‌تی راسته‌قینه ئه‌نجامی ئه‌زموونێكی زۆر و قوربانیدانێكی بێ‌سنوور و بڕیارێكه له پێنج خوله‌كدا. سیاسه‌تكردن هونه‌ری بڕیاردانه له‌و ماوه كورته‌دا، كه ساتی بڕیاردانه‌و ئه‌م ساته‌ش دووباره‌بوونه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته. به‌ڵام ئه‌و بڕیاره داهاتوو ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
ساڵی 2003، سه‌رچاوه‌ی بڕیار له هه‌رێمی كوردستاندا بڕیاریان بۆ داهاتووی وڵاته‌كه پێنه‌درا، یان بڕیارێكی هه‌ڵه‌یان دا. ئێستا پاش ئه‌وه‌نده‌ساڵ به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌و بڕیاره نه‌ك هه‌ر داهاتووی بۆ هه‌رێمه‌كه دابین نه‌كرد، به‌ڵكو بهستیشیهوه به زنجیره‌یه‌ك ململانێی ئایینی و تایفه‌گه‌ری و ئه‌تنیكی، كه ئه‌وسا بۆ كورد كۆتاییان پێهاتبوو. ئێمه له 2003دا كه‌وتبووینه دوازده‌هه‌مین ساڵی ئه‌زموونی حكومه‌تداریی خۆمانه‌وه، ڕاسته تا ئه‌وسا ئێمه له‌به‌ر هۆكاری ناوه‌كی نه‌مانتوانیبوو، گوتاری ئه‌م ئه‌زموونه یه‌كبخه‌ین، به‌ڵام خۆ له‌وێشه‌وه تا ئێستا ئه‌مه‌مان بۆ نه‌كراوه‌و سیاسه‌تی كورتمه‌وداو ململانێ ناوه‌كییه‌كان، هه‌ر به‌رده‌وامن و بازنه‌ی ململانێی ناوخۆیی فراوانتر بووه و ئه‌و هێزانه به‌رجه‌ستە بوون كه له هه‌لی گونجاو ده‌گه‌ڕێن بۆ داگیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌ناوی جۆربه‌جۆره‌وه.
ئاماژه‌كان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییدا، نیشانه‌ی نوێ و كۆدی تازه‌مان بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ك ده‌خه‌نه سه‌ر پشت، كه ئه‌گه‌ر توانیمان لێیان تێبگه‌ین و بڕیار بده‌ین، ئه‌وه بێگومان ئایینده خۆیمان پێشان ده‌دات و ئێمه دوا نه‌وه ده‌بین، كه داخی نه‌گه‌یشتنی كورد به ئاواتی خۆی ده‌به‌ینه ژێر گڵه‌وه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌قڵییه‌تی سیاسی كورد به ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه له هه‌رێمدا، ئاماژه‌كان ده‌بینێ؟، ئه‌گه‌ر ده‌یانبینێ ده‌توانێ كۆده‌كان بكاته‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یشی كرد ئایا ده‌رگاكه به‌ره‌و ئاینده ده‌دۆزێته‌وه یان نا؟
من بۆخۆم گومانم نییه له ویستێك بۆ گه‌یشتن به داهاتوو، بۆ په‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌و دیو گه‌مه‌ی حزبایه‌تی و پلانی ته‌كتیكی و ڕازییكردنی كاتیانه‌ی خه‌ڵك. به‌ڵام ده‌شزانم ئه‌م ویسته به چه‌ندین هێزی ده‌ره‌كیی و ناوخۆیی چوارده‌وری گیراوه، كه هه‌ر یه‌كه‌یان له هه‌وڵی بێوچاندایه بۆ بیركردنه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌كانی خۆی. پێویسته له ئێستادا ئه‌م ویسته ویستیش بێت بۆ یه‌كخستنی ده‌نگه‌كان و ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش. به‌بێ ئه‌وه، ساته‌وه‌ختی بڕیاردان قورس و دژوار ده‌بێت.
له ئه‌گه‌ری به‌ده‌ستهێنانی كۆدهكهدا به‌ڵام تێنه‌گه‌یشتن لێی و هه‌وڵدان بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای هه‌ڵه، ده‌كه‌وینه به‌رده‌م ئه‌م گریامانانهی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و ئۆرگانیزهبوونی خرۆشانی جه‌ماوه‌ری، به‌بێ ئه‌وه‌ی پنتی هانده‌ره‌كانی له یه‌ك لاوه بن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌عامولكردن له‌گه‌ڵیدا ئاسان بێت. به‌تایبه‌تی كه هیچكامێك له هێز و لایه‌نه سیاسیه‌كان، به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه ئه‌و په‌یمانانه‌یان وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كردوون، كه پێشتر و له بۆنه‌ی جیاوازدا داویانن. دابه‌زینی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری و فراوانبوونی بازنه‌ی گومان له ئۆپۆزیسۆن و ده‌سه‌ڵات، به‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ن. جوانكردنی شهقامهڕێكانی هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانی، كردنه‌وه‌ی مۆڵی گه‌وره و كاره‌بای نیمچه به‌رده‌وام، ده‌ردی كێشه‌ی ناوچهكانیتر ده‌وا ناكات. هێشتاش به دوو تا سێ كێلۆمه‌تر له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شارانه، خه‌ڵك به هه‌لومه‌رجی پێش ڕاپه‌ڕینه‌وه ده‌ژین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ڕێژه‌ی دانیشتووان به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو زیادیكردووه و هێزێكی جه‌ماوه‌ریی په‌نگخواردوو ئاماده‌یی نواندنی هه‌ر كردارێكی توندوتیژانه‌یه.
دووه‌م: گریمانه‌ی ده‌ستخستنه ناوی هێزه ناوچه‌ییه‌كان بۆ شێواندنی پتری بارودۆخه‌كه‌و زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه به‌ناوی به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه پێش دوو ساڵ، توندوتیژیی زۆری به‌رهه‌مهێنا و به ڕووبه‌ڕووبوونەوەی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك و لێكه‌وتنه‌وه‌ی قوربانی، كۆتایی هات. ئه‌و مه‌نجه‌ڵه هێشتا ده‌كوڵێت، هێشتاش هێزگه‌لێك له چاوه‌ڕوانیی هه‌لی گونجاودان بۆ ئاڕاستهكردنهوهی خه‌ڵك به‌ره‌و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه.
سێییه‌م: گریمانه‌ی ده‌ست تێكه‌ڵكردنی هێزه بڕیارده‌ره جیهانیه‌كان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه زۆره‌كانیان له بواری هێزی كاری هه‌رزان، نه‌بوونی باجی قورس، نه‌بوونی بزووتنه‌وه‌ی ژینگه‌پارێزیی به‌هێز، نه‌بوونی كۆنترۆڵی نه‌وعیی و ده‌یان لایهنیتر كه سنووریان بۆ دابنێ، له‌كاروباری سیاسی ناوچه‌كه‌و به‌ستنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ لایه‌ن و هێزی به‌دیل بۆ كۆنترۆڵكردنی هه‌رێمه‌كه.
من وای بۆده‌چم ئه‌مجاره كورده‌كان شه‌پۆلێك ده‌خه‌نه گه‌ڕ، كه ده‌كرێ به شه‌پۆلی سوونامی كورده‌كان ناوببرێ و ناوچه‌یه‌كی جوگرافیایی به‌رین ده‌گرێته‌وه. بارودۆخه‌كه له گۆڕانێكی نه‌وعی و ڕیشه‌ییدایه، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان گه‌وره‌تر بوون، ساته‌وه‌ختی بڕیاردان نزیكبۆته‌وه، شه‌ڕه لاوه‌كییه‌كان خه‌ریكه بڕیاره سه‌ره‌كییه‌كانمان بیر ده‌باته‌وه.
ئه‌وه‌ی پێویسته له‌م كاته‌دا بیری لێبكه‌ینه‌وه، پلانه كورتمه‌وداكان نین، وزه به‌فیڕۆدان نیه له شه‌ڕی ئایدیۆلۆژی و حزبایه‌تیدا. به‌ڵكو بریتیه له داهاتوو، له مه‌ودایه‌كی فراوانیی نوێكردنه‌وه‌ی مێژووی كورده‌كان و ناوچه‌كه. ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی بیانه‌وێ داهاتووی سه‌د ساڵی‌تر له‌م هاوكێشه‌یه بخه‌نه ده‌ره‌وه، له ئێستاوه دۆڕاون. شه‌پۆلی سوونامیی كورده‌كان، هاوسۆزی له‌گه‌ڵ رابردووی كه‌س ناكات، گوێ له ئارگیۆمهنتی ئایدۆلۆژی و تهرویجگهرایانهی كه‌س ناگرێت. هیچ مژده‌یه‌ك، واده‌یه‌كی په‌یامبه‌رانه نه‌ماوه متمانه‌ی پێبكرێت. بۆیه ئه‌وه‌ی كه ماوه و ڕابردوو و هه‌نووكه‌و دواڕۆژیش دابین ده‌كات، بڕیاره‌كه‌یه له پێنج خوله‌كدا. كورتكردنه‌وه‌ی مێژوویه‌كی تراژیدیانه‌یه، له ساته‌وه‌ختێكی بنیاتنه‌رانه‌دا، كه شیاوه ته‌نیا نه‌وه‌كانی داهاتوو لێی سوودمه‌ند بن و ئه‌م نهوهیهشیان بیربچێته‌وه، بگره ڕه‌خنه‌شی لێ‌بگرن و نه‌فره‌تیش بۆ گۆڕی یهكبهیهكمان بنێرن.