که‌ڵه‌شێری سه‌ره‌نگوێلک
October 20, 2012
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
هه‌ر چی شک ده‌به‌ین، بیبه‌خشین به ئه‌وین، هێشتا هه‌قی ته‌واوی خۆیمان پێ نه‌داوه.فره‌ژنی، دیارده‌یه‌ک نه‌بوو، تایبه‌ت بێت، به نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌ب، له گه‌لێک شوێنی دیکه‌ی دنیادا باو بوو، به تایبه‌تی له ئاسیا و له ئه‌فریکا. فره‌ژنی لای جووله‌که‌یش هه‌بوو، ته‌نانه‌ت له ناو مه‌سیحییه‌کانیشدا، که تاکژنی باوه، هه‌بوون ملکه‌چی ئه‌و یاسایه نه‌ده‌بوون، له‌وانه: هه‌نریی هه‌شته‌م. پیاوی موسڵمان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، جووله‌که یان کریستیان بهێنێت، به‌ڵام، ژنی سه‌ر به ئایینی ئیسلام، مافی ئه‌وه‌ی نییه، شوو به جوو یان به گاور بکات. پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام، پیاو ده‌یتوانی هه‌م باوه‌ژنی ماره بکات و هه‌م هاوزه‌مان دوو خوشکیش بهێنێت، ئیسلام ئه‌وانه‌ی قه‌ده‌غه کرد. ئیسلام ئه‌وه‌یشی حه‌رام کرد، پیاو سه‌روه‌ختی سووڕی مانگانه، توخنی ژنی بکه‌وێت. حه‌ڵاڵکردنی فره‌ژنی، پێوه‌ندیی به‌وه‌یشه‌وه هه‌بوو، له‌و شه‌ڕانه‌دا که بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام ده‌کران، زۆر له جه‌نگاوه‌ران ده‌کوژران و ژنانێکی زۆر بێ مێرد ده‌مانه‌وه. ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن: هاوسه‌رگیریی سه‌فه‌ری، هه‌ر پێوه‌ندیی به جه‌نگه‌وه هه‌بوو، موسڵمانان، ماوه‌یه‌کی درێژ، دوور له ژن و ماڵی خۆیان ده‌مانه‌وه و خۆیان پێ ڕانه‌ده‌گیرا، بۆ ئه‌وه‌ی وره‌یان هه‌ر بڵند بێت و درێژه به جیهاد بده‌ن، هاوسه‌رگیریی کاته‌کی هاته ئاراوه.
که خه‌دیجه، خۆی پێشنیاری بۆ محه‌ممه‌د کرد، شووی پێ بکات، به‌ڵگه بوو بۆ ئه‌وه‌ی، ژن له سه‌رده‌می جاهیلیدا، بڕێک له ئازادیی هه‌بوو. دیارده‌ی زینده‌به‌چاڵکردنی کچ، که ئیسلام حه‌رامی کرد، تایبه‌ت بوو به هه‌ندێک خێڵ، ئه‌گه‌ر نا، ژنی کۆچه‌ری، له سه‌رده‌می جاهیلیدا، هه‌م مافی هه‌ڵبژاردنی مێردی هه‌بوو، هه‌م ده‌یتوانی، ئه‌گه‌ر ژنی به‌سه‌ردا هات، مێرد جێ بهێڵێت. جێفری پارینده‌ر ده‌ڵێت: (سه‌پاندنی دووره‌په‌رێزی به‌سه‌ر ژناندا، حیجاب، حه‌ریم، فره‌ژنی و ژنی سه‌فه‌ری، ئاسۆی ئازادییان له به‌رده‌م ئافره‌تاندا لێڵتر کرد.)
لای زۆرێک له موسڵمانان هه‌م کچ خه‌ته‌نه ده‌کرێت و هه‌م کوڕ، کچ به نهێنی و کوڕ به ئاشکرا و به ده‌م ئاهه‌نگ گێڕانیشه‌وه، ئه‌وه‌ی کورد، خه‌ته‌نه‌سوورانی پێ ده‌ڵێن. لای گه‌لێک کو‌لتوور، کاتی خوێن له‌به‌ر ڕۆییشتن، ژن به (پیس) هه‌ژمار ده‌کرێت و تا سووڕی مانگانه‌ی ته‌واو نه‌بێت، (پاک) نابێته‌وه! که ژن ده‌که‌وێته سووڕی مانگانه‌وه، موسڵمان ته‌نیا له‌گه‌ڵی ناخه‌وێت، به‌ڵام جووله‌که، نانی ده‌ستیشی ناخوات. لای هیندۆسه‌کانیش ئه‌وه وه‌ک حه‌رام وایه، سه‌روه‌ختی خوێن له‌به‌ر ڕۆییشتن، پیاو توخنی ژن بکه‌وێت، وه‌لێ ئه‌وه‌یش گوناهێکی زله، ئه‌گه‌ر دواتر نه‌چێته کنی. لای زه‌رده‌شتییه‌کان ئه‌وه (ئاهوریمان)ه، وا ده‌کات ژن خوێنی له‌به‌ر بڕوات، بۆیه پێیان وایه سه‌روه‌ختی سووڕی مانگانه، ژن هێنده پیسه، ئه‌وی ده‌ستیشی لێ بدات، پیس ده‌بێت.
هه‌موو شه‌وێک، شه‌هرزاد چیرۆکه‌که‌ی له جێیه‌کی وا هه‌ستناکدا جێ ده‌هێشت، شه‌هریار ناچار ده‌بوو، نه‌یکوژێت و لێی بگه‌ڕێت تا سبه‌ی شه‌و ته‌واوی بکات. ئه‌مه له ڕوانگه‌ی پیاوی بابسالاره‌وه، ئه‌وی ژنی ته‌نیا بۆ سه‌رجێیی ده‌وێت، نیشانه‌ی زیره‌کی نا، نیشانه‌ی فێڵبازیی ژنه. جه‌لال ا‌لدین السیوطي (1445 _ 1505) کتێبێکی هه‌یه، ناوی ناوه: (نواضر الإيك في معرفة النيك) به‌م نزایه ده‌ست پێ ده‌کات: (سوپاس بۆ ئه‌و خوایه‌ی، سینگی کچانی به مه‌مک ڕازانده‌وه.) ئه‌مه‌یش هه‌ر زاده‌ی ئه‌و کولتووره بابسالارییه بوو، ژنی هه‌ر بۆ ئه‌وه ده‌ویست، چێژی لێ ببینێت.
شێخ (محه‌ممه‌د نه‌فزاوی)یش که زانایه‌کی تونسییه، کتێبی (الروض العاطر في نزهة الخاطر)ی به‌م نزایه ده‌ست پێ ده‌کات: (سوپاس و ستایش بۆ ئه‌و خوا گیانه‌ی وای کرد، پیاو ئه‌وپه‌ڕی خۆشی له ژن و ژن ئه‌وپه‌ڕی خۆشی له پیاو ببینێت.) نه‌فزاوی له هه‌مان کتێب‌دا ده‌ڵێت: (با سوپاسی ئه‌و خوا مه‌زنه بکه‌ین که ژنی به‌و جوانییه خوڵقاند و ئه‌و جه‌سته ورووژێنه‌ره‌ی پێ به‌خشی، که پیاو توانای ئه‌وه‌ی نییه خۆی له شه‌یدابوونی بپارێزێت.) ئه‌و زانایه، بۆ ئه‌ندامی نێرینه، سی و پێنج ناو و بۆ هی مێیینه، سی ناوی، له‌و کتێبه‌یدا نووسیوه و باسی زۆر شتی سه‌رنجڕاکێشی کردووه، له‌وانه: شێوازه‌کانی سێکسکردن، نهێنیی نه‌زۆکیی پیاو و سوودی هێلکه بۆ جووتبوون.
له خۆرهه‌ڵات به گشتی، خۆشه‌ویستی به نهێنییه‌کی پیرۆز له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و کرده‌ی سێکس ته‌نیا وه‌ک هۆکارێک بۆ وه‌چه‌خستنه‌وه سه‌یر ناکرێت، به‌ڵکوو بایه‌خێکی زۆر به‌و لایه‌نی چێژه‌یش ده‌درێت که به ئینسانی ده‌به‌خشێت و وای لێ ده‌کات خاوه‌نی ته‌نێکی دروست بێت. (چاو ده‌روازه‌ی ڕۆحه، ئاخر له ڕێی چاوه‌وه، ئه‌وین ده‌گاته ڕۆح و به ده‌رووندا بڵاو ده‌بێته‌وه.) خۆرهه‌ڵاتی پێی وایه: مووچڕکه‌ی جووتبوون، زیاتر پێوه‌ندیی به ڕۆحه‌وه هه‌یه، وه‌ک له جه‌سته، ئاخر ئینسان زیاتر چێژ به ڕۆحی ده‌گات، وه‌ک له جه‌سته‌ی. ڤێنێریال، که به مانای زاووزێ دێت، له ڤێنوسه‌وه هاتووه، که لای ڕۆمانییه‌کان، خوداوه‌ندی جوانی و ئه‌وینه. لای هیندۆسه‌کان جووتبوون، کرده‌یه‌کی ڕووکه‌ش یان جه‌سته‌یی نه‌بوو، نهێنییه‌کی پیرۆز بوو، ئینسان له نێویدا بزر ده‌بوو. (که‌ڵه‌شێری سه‌رنگوێلک،) به‌و خۆرئاوایییه ده‌گوترێت، به مه‌به‌ستی سێکسکڕین ڕوو ده‌کاته خۆرهه‌ڵات، ئاخر ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی ده‌دات، ته‌نیا کرده‌یه‌که جه‌سته‌یی، هیچی ڕۆحی و ویژدانیی له‌گه‌ڵ نییه.
حۆری که چه‌ند جارێک له قورئاندا هاتووه، کیژانی پاکیزه‌ی سپیوسۆڵی چاوڕه‌شن و به نسیبی ئه‌وانه ده‌بن که به‌هه‌شتیان به نسیب ده‌بێت. ئه‌و حۆرییانه به گوێره‌ی ده‌قی قورئان، هێنده جوانن، هه‌م له مرواری ده‌چن و هه‌م له یاقووت و مه‌رجانیش. مه‌ی که له‌م دنیا بۆ موسڵمان حه‌رامه، له‌و دنیا، له به‌هه‌شتدا حه‌ڵاله، به‌ڵام جۆره شه‌رابێک که کوڕانێکی که‌مته‌مه‌ن ده‌یگێڕن و به‌هه‌شتی، نه پێی سه‌رخۆش ده‌بێت و نه سه‌ری پێی دێته ژان.
گاوران، مه‌ریه‌می پاکیزه‌یان هه‌بوو، موسڵمانانیش، ڕابیعه‌ی عه‌ده‌وییه، که به جۆرێک خوای ده‌دواند، وه‌ک عاشقی بووبێت. ئه‌و ئافره‌ته سۆفییه پاکیزه‌یه، نه‌یده‌خواست موسڵمانان ترسی خوایان له دڵدا بێت، ده‌یویست ئه‌وینی خوایان له دڵدا بێت. که گوێ له ڕابیعه‌ی عه‌ده‌وییه ده‌گرین، هه‌ر ده‌ڵێیت شیعری عیرفانیی حافیز یان سه‌عدی ده‌خوێنینه‌وه، شیعرێکی ڕۆحی، که تێیدا هه‌ست به گڕی عیشقێکی خودایی ده‌که‌ین و تێیدا شه‌رابیش وه‌ک ئه‌وینی خودایی، ئاگرینه.
ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی نه‌بێت، ئیدی ئینسان ئاره‌زووی بۆ هیچ خۆشییه‌کی دیکه نابزوێت. ئه‌وه بۆیه لینگا که لای هیندۆسه‌کان به مانای چووک دێت، هێنده پیرۆزه، سیمبۆڵه بۆ شیڤا، که خوداوه‌ندی فه‌ڕ بوو. دۆنادۆن که ده‌بێته ته‌ناسوخ، یان ته‌قه‌مموس، له‌وه‌وه هاتووه، نه‌فس یان ڕۆح له‌م جه‌سته‌وه ده‌چێته نێو ئه‌و جه‌سته‌وه، واتا جه‌سته قه‌میسی نه‌فسه و ڕۆح له‌م کراسه‌وه ده‌چێته کراسێکی دیکه‌وه. لای ئه‌وانه‌ی بڕوایان به دۆنادۆن هه‌یه، سێکس پێوه‌ندیی به ڕۆحه‌وه هه‌یه، نه‌ک به جه‌سته‌وه. چونکه لایه‌نی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌فسانه و ئاییندا زۆرن، ئه‌وه بۆیه، به ئه‌فسانه‌یان ده‌گوت: ئایینی میللی. به گوێره‌ی ئه‌فسانه‌ی هیندی، خۆشه‌ویستی چونکه پێوه‌ندییه‌کی پیرۆزه، نابێت له‌سه‌ر بناغه‌ی پێشێلکردنی مافی که‌سانی دیکه ڕۆ بنرێت.
تۆماس به‌لفینش (1796 _ 1867) کتێبێکی هه‌یه، ناوی ناوه: ئه‌فسانه‌کان، تێیدا له باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌فسانه‌وه، هه‌ندێک تیۆریی ده‌ستنیشان کردووه: 1) ئه‌فسانه‌کان له‌و کتێبانه‌وه وه‌رگیراون که له ئاسمانه‌وه دابه‌زیون. 2) قاره‌مانگه‌لی ئه‌فسانه‌کان، مرۆڤگه‌ل بوون و هێنده چیرۆک له‌باره‌یانه‌وه هه‌ڵبه‌ستراوه، تا له زه‌ینی ئینساندا، به پله‌ی خوداوه‌ند گه‌ییشتوون. 3) ئه‌فسانه‌کان بریتین له ڕه‌مزی ئه‌ده‌بی، مه‌به‌ستی ئایینی، مانای فه‌لسه‌فی، یان ڕووداوی مێژوویی. 4) قاره‌مانگه‌لی ئه‌فسانه‌کان، واتا: خوداوه‌نده‌کان، کۆمه‌ڵێک ڕه‌مزن بۆ هێزه سرووشتییه‌کان. 5) له سه‌ره‌تادا ئه‌و ئه‌فسانانه هه‌بوون و شاعیران و په‌یکه‌رتاشان، بۆ نووسینه‌وه‌ی داستان و چێ‌کردنی په‌یکه‌ر، لێیان سوودمه‌ند بوون. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، شاعیران: ئاسکیلۆس، سۆفۆکلیس و یۆربیدیس له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌فسانه‌دا، تراژیدیان نووسیوه و (ئه‌رستۆڤانیس)یش هه‌ر به کۆمه‌کی ئه‌فسانه، کۆمێدیای به‌رهه‌م هێناوه.
لای هیندۆسه‌کان، ژنهێنان، لووتکه‌ی قوربانیدان بوو، پیاوێک ژنی نه‌هێنابا، پێیان ده‌گوت: هیچ قوربانییه‌کی نه‌داوه. یان پیاو تا ژنی نه‌هێنابا، به نیو ئینسان هه‌ژمار ده‌کرا، ئاخر نیوه‌که‌ی تری، ژنه‌که‌ی بوو. باوک سه‌روه‌ختی کج به شوودان، ئه‌م گۆرانییه‌ی ده‌چڕی:
ها ئه‌وه کیژه‌که‌م
با ببێ به ژنی تۆ،
وه‌ره بیبه،
تا ماوه هی تۆ ده‌بێت و
وه‌ک سێبه‌ر وه‌دووت ده‌که‌وێت.
لای هیندۆسه‌کان، کچان پێشکه‌ش به‌م یان ئه‌و خوداوه‌ند، ئیدی کریشنا بووایه، یان شیڤا ده‌کران و به گوێره‌ی سرووتێکی تایبه‌تی، به ده‌م ئاهه‌نگ گێڕانه‌وه، (کاهین)ێک بنی ده‌پژاندن. جۆره له‌شفرۆشییه‌ک له په‌رستگه‌کانی هیندۆسه‌کاندا، بازاڕی گه‌رم بوو، له‌شفرۆشیی پیرۆزی پێ ده‌گوترا، به ئاشکرا ده‌کرا و باجیشی لێ ده‌درا، که ئینگلیزه‌کان هیندیان داگیر کرد، قه‌ده‌غه‌یان کرد.
کاما سوترا که به‌مانای (باوه‌ڕی ئاره‌زوو)دێت، کتێبێکه مامۆستایه‌کی (به‌رهه‌می) که ناوی ڤاتسیا یانا بووه، له سه‌ده‌ی سێیه‌م یان چواره‌می زایین‌دا نووسیویه‌تی و تێیدا باسی هونه‌ری خۆشه‌ویستی، ڕامووسان، ئاوێزان، یه‌کدی گوشین، نه‌رمه‌گاز و شێوه‌کانی جووتبوون ده‌کات. کاما لای ئه‌و مامۆستایه به مانای ئه‌وه‌یش دێت، که بۆ ئه‌وه‌ی عه‌قڵ و رۆح ئارام بن، ده‌بێت هه‌ر پێنج هه‌سته‌که‌ی ئینسان، چێژ وه‌ربگرن و پێی وایه، دڵداری بۆ ئه‌وه‌یه، پیاو تۆوی متمانه له دڵی ژن‌دا بچێنێت. ڤاتسیا یانا، که سێکس به پیرۆز و جووتبوون به حاڵه‌تێک ترسناک وه‌سف ده‌کات، ده‌ڵێت: که مێرد بزر ده‌بێت، ژن نابێت ئاوڕ له هیچ پیاوێکی دیکه بداته‌وه، به‌ڵام مێرد مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به دوای ژنی دیکه‌دا بگه‌ڕێت، به مه‌رجێک دادپه‌روه‌رانه، ژنان به‌سه‌ر بکاته‌وه. لای هیندۆس، گوڵی لۆتس، ئاماژه‌یه بۆ (یونی) که به مانای (زێ) دێت و له هیندستان په‌رستگه به‌و تابلۆ و په‌یکه‌رانه ده‌ڕازێنرێته‌وه که باس له ئاوێزانبوونی ژن و پیاو ده‌که‌ن. به گوێره‌ی تابلۆکان، سێکس به سواری حوشتر و فیله‌وه، به ده‌م خواردنه‌وه و سیگارکێشانه‌وه کراوه و ئه‌وه‌ی لای ئیسلام به حه‌ریم ناسراوه، میره هیندییه‌کانیش هه‌یانبووه.
4/8/2012
ستۆکهۆڵم
(1) (1) جیفری بارندر، الجنس في أدیان العالم، ترجمة: نورالدین البهلول، دار الکلمة 2001 دمشق.
(2) درینی خشبة، أساطیر الحب و الجمال عند الیونان، المجلد الأول، دار التنویر 2009 بیروت.
(*) به‌رهه‌می، ئایینێکی هیندییه، هه‌وادارانی که گۆشتنه‌خۆرن، بڕوایان به دۆنادۆن و قوربانیبه‌خشین هه‌یه.