پیرۆز و توند و تیژی.. دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی رۆنی ژیرار
October 18, 2012
فیکر و فەلسەفە
وه‌رگێڕ : د. محه‌مه‌د سه‌بیلا..وهرگێرِی كوردی: تاریق كارێزی
(په‌یامی كریستان، له روانگه‌ی (ژیرار)ه‌وه، به راگه‌یاندنی بێ تاوانیی ئه‌و قوربانییه‌ی له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه تۆمه‌تبار كراوه، ئه‌و چه‌واشه‌كاری و فرت و فێڵه‌ی پرۆتستۆ كرد، كه له نێو سرووتگهلی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌ن، كه به هۆی ئه‌وانیشه‌وه كۆمه‌ڵگاكانی مرۆیی ئاشتی له نێو ئه‌ندامانیدا ده‌چه‌سپێنێت. ئه‌مه‌شه هۆی ئه‌وه‌ی، وای لێ ده‌كات متمانه به‌و باشی و چاكانه نه‌كات كه دراونه‌ته پاڵ پرۆسه‌ی قوربانیدانه‌وه).بیرمه‌ندی كێبرِكێ
رۆنی ژیرار "René Girard" ساڵی 1923 له شاری ئاڤیگنۆن "Avignon" له فه‌ره‌نسا له‌دایك بووه. له قوتابخانه‌ی شارتێ "Chartes" خوێندوویه‌تی، پاشان له زانكۆی ئیندیانا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا وێژه‌ی خوێندووه، له ساڵی 1953ش به‌رگریی له تێزی دكتۆراكه‌ی كرد. له ساڵی 1957یش له "جۆن هۆكنز"دا وانه‌ی گوته‌وه، یه‌كه‌مین كتێبی خۆشی "درۆی رۆمانسی و هه‌قیقه‌تی رۆمان"ی (1961) نووسی. له ساڵی 1968دا له زانكۆی ده‌وڵه‌ت له نیویۆركدا به پرۆفیسۆر دامه‌زرا، له‌وێشدا هاوكات له‌گه‌ڵ ئاماده‌كاریی خۆی بۆ نووسینی دووه‌مین كتێبی خۆی "توند و تیژی و پیرۆز" (1972)، له‌باره‌ی ولیه‌م شكسپیر و ئهتنۆلۆژیاوه وانه‌ی گوته‌وه. پاشان له ساڵی 1975دا گهرِایهوه بۆ زانكۆی جۆن هۆبكنز، پاشان له (ستانفۆرد)دا له 1980ـه‌وه وانه‌ی گوته‌وه و له‌گه‌ڵ ژان پیێر دوپو "Jean Pierre Dupuy"دا سه‌نته‌رێكی فره پسپۆرییان بۆ توێژینه‌وه‌ی تیۆری دامه‌زراند. رۆنی ژیرار چه‌ندین كتێبی له‌باره‌ی هزری ئه‌نترۆپۆلۆژی و شی كردنه‌وه‌ی وێژه‌یی هه‌یه، هه‌ر له‌و كاته‌وه، تیۆرییه‌كی ره‌سه‌نی له‌باره‌ی كێبرِكێ و رۆڵی له نێو كۆمه‌ڵگاكانی مرۆڤایه‌تیدا، په‌ره پێ دا، ئه‌ویش له رێی ده‌رهاویشته‌كانی مێژووی ئایینه‌كان و شی كردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی وێژه‌وه. ئه‌و ئێستا خانه‌نشینه و له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا ده‌ژی. به‌م دواییه‌ش كۆمه‌ڵێك دیالۆگی له‌و دیالۆگانه‌ی تێیاندا باسی تێكرِای كاره‌كانی ده‌كات، بڵاو كرده‌وه، ئه‌ویش به ناونیشانی "بنه‌چه‌ی كولتوور" له بڵاو كردنه‌وه‌ی "D. de Brower"، پارس، 2004.
هه‌روه‌ها ئه‌م كتێبانه‌شی هه‌ن:
- قۆچی قوربانی، پاریس، 1982.
- ئه‌وه‌ی ئاشووبی له‌گه‌ڵدایه، پاریس، 2001.
- رێی كۆنی خه‌ڵكی لاده‌ر، پاریس، 2001.
- ده‌نگی په‌نهانی واقیع، پاریس، 2004.
ئایا رۆنی ژیرار دیرۆكنووسی ئایینه، یان ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌ب، یان ئهنترۆپۆلۆژیاناس، یان فه‌یله‌سووفه؟ یان ئه‌و له یه‌ك كاتدا هه‌موو ئه‌وانه‌یه؟ مرۆڤ چۆن پێ ده‌كرێ له شرۆڤه كردنی ئیره‌یی له لای شكسپیره‌وه، یان جه‌فه‌نگ له لای سارته‌ره‌وه، بچێته سه‌ر قسه كردن له‌باره‌ی ته‌لمووده‌وه، به تێپهرِ بوون به (گوزه‌ر كردن به لای) شرۆڤه كردنی سرووتی قوربانی دان به كۆیله له لای هۆزه‌كانی دایاك له دورِگهی بۆرنیو و ئه‌فسانه‌ی ئۆدیب، به بێ ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی و تاقیكاری بكات، كه به ژێده‌ر و ئاراسته‌ی زۆره‌وه بار گران كراوه؟ به ده‌ستپێك له "درۆی رۆمانسی و هه‌قیقه‌تی رۆمان" (1961) و "توند و تیژی و پیرۆز" (1972) و "شتانێكی په‌نهان له دروست بوونی جیهانه‌وه" (1978)، و "قۆچی قوربانی" (1982)، به‌رهه‌مه‌كانی له په‌ره‌سه‌ندن نه‌كه‌وتن، كه خۆیان له قه‌ره‌ی جه‌ماوه‌رێكی فراوانتر له بازنه‌ی پسپۆران ده‌دا، به دڵنیاییشه‌وه، كاردانه‌وه‌ی رهخنهگرانهشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار كاردانه‌وه‌ی توندی له لایه‌نی ئه‌وانه‌وه لێ ده‌كه‌وێته‌وه. زیاتر له جارێكیش ره‌خنه‌ی ئه‌وه له هزری رۆنی ژیرار گیراوه، كه "پارچه كهرهیهكی یه‌كجار بچووكه له سه‌ر پارچه نانێكی گه‌وره‌دا"، یان ئه‌وه‌تا تێزی قه‌به به دوای خۆیدا ده‌هێنێت، كه له‌وه‌دایه قابیلی تاقی كردنه‌وه و قبووڵ كردن نه‌بێت. وێرِای ئه‌وه له ساڵی 1982دا له (سیریزی لاسال)دا كۆرِێك گرێ درا، كه بۆ چاوگێرِان به شرۆڤه‌ی ئه‌نترۆپۆلۆژیانه‌ی ئه‌و بۆ خۆ به‌خت كردن و قوربانیدان، ته‌رخان كرا. له ساڵی 1994یشه‌وه گۆڤاری "په‌تا" (Contagion) به‌دواداچوونێكی فراوانی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی كرد، هه‌روه‌ها دیدارێكی ساڵانه‌ی نێوده‌وڵه‌تییش له‌باره‌ی توند و تیژی و پیرۆز رێك خراوه، ئه‌مانه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه به‌رهه‌مه‌كانی رۆنی ژیرار له نێو جیهانی زانكۆدا بایه‌خیان پێ ده‌درێت.
هه‌ندێك جار ده‌خوێنینه‌وه كه رۆنی ژیرار مرۆڤی خاوه‌ن یه‌ك بیرۆكه‌یه. كاتێك گوێمان له‌م ره‌خنه‌یه ده‌بێت، نازانین ئاخۆ به دروستی كاره‌كه به چییه‌وه په‌یوه‌سته، ئایا به بنه‌ما (پره‌نسیپ)ی لاسایی كردنه‌وه، یان به كوشتنی بهرنامهرِێژانه، یان به میكانیزمی قوربانی دان و خۆ به‌خت كردن، یان به رواڵه‌تی هه‌ردووكیان له نێو ئینجیل‌دا.. یانی چی؟ كامه‌یه ئه‌و تاكه بیرۆكه ده‌گمه‌نه‌ی له‌م ره‌خنه‌یه‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت؟ له راستیدا هه‌موو ئه‌و بیرۆكانه ده‌چنه نێو چێوه‌ی یه‌ك بنیادی تێك ههڵكێشهوه، به تیۆرییه‌كی گشتی له‌باره‌ی هۆیه‌كانی "كێبرِكێ ململانێ"ی نێوانی رۆڵه‌كانی ئاده‌م و له‌باره‌ی ئه‌نجامگه‌لی سرووتانهیانهوه، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییان به دیرۆك و په‌ره‌سه‌ندنی ده‌زگاكانه‌وه. ئه‌وه‌تا ئیدی ئێمه به‌رامبه‌ر به كارێكی گه‌وره وه‌ستاوین، له به‌رده‌م "گێرِانهوه بنیادێكی زه‌به‌لاحی ئه‌نترۆپۆلۆژی"دا، كه ئهمرِۆ له توانای كه‌سدا نییه، كارێكه دوودڵ نییه له‌وه‌ی بڵێ، كلیله‌كانی بنه‌ما و چاوگه‌كانی كولتووری له ده‌ستدان، ئه‌ویش ناونیشانی دوایین كتێبی ژیراره (2004). كه‌واته له كوێوه ده‌كرێ ده‌ست بده‌ینه ئه‌و بنیاده گه‌وره‌یه‌ی هزر؟
له ساڵی 1979دا و له دوای ده‌رچوونی كتێبی "هه‌ر له دروست بوونی جیهانه‌وه شتانی شاراوه"، گه‌نگه‌شه‌یه‌كی توند به‌رپا بوو كه سنووری حه‌ره‌می زانكۆ و گه‌نگه‌شه‌ی نێو زانكۆی تێپهرِاند: ئایا رۆنی ژیرار، كه ئه‌وه ده‌داته پاڵ كریستیان كه ئه‌و چه‌واشه و فێڵه‌ی له نێو میكانیزمی قوربانیدان و خۆ به‌خت كردندایه، په‌رده‌ی له سه‌ر هه‌ڵماڵی و پرۆتستۆی كرد، ئایا مێژووی ئایینه‌كانی تێكه‌ڵ به خودی ئایینه‌كان نه‌كرد؟ جا له‌و كاته‌وه ژیرار له توێژینه‌وه‌كانیدا جه‌ختی كرده سه‌ر شی كردنه‌وه‌ی ئه‌و دابرِانهی په‌یامی ئینجیلی له چێوه‌ی كه‌له‌پووری كریستیاندا كردی. له نێو ئه‌و توێژینهوانهشدا "شه‌یتان ده‌بینم وه‌ك برووسكه دادهرِژێت" 1999، "ئه‌وه‌ی كه به هۆی ئه‌وه‌وه ئاشووپ چاره‌سه‌ر ده‌بێت" 2001 و "ده‌نگی په‌نهانی واقیع" 2002. جا ئایا رۆنی ژیرار، وه‌ك خۆی ده‌نووسێت، "دۆركهایمێكی رادیكاڵه" یان ئه‌و لاهووتییهكی پاشه نوێخوازییه؟
ئا ئه‌وه‌تا ژیرار هه‌وڵ ده‌دات له‌م چه‌ند رسته‌یه‌ی دادێ وه‌ڵامی ئه‌وانه بداته‌وه.
زانستی مرۆیی: له‌و كاته‌وه كه ده‌ستت به نووسین كردووه، كامه‌یه ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی ده‌درێته پاڵ تۆ بۆ داكۆكی كردن لێی؟
رۆنی ژیرار: تیۆرییهكهم پشت به حه‌ده‌سێكی سه‌ره‌كی ده‌به‌ستێت: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئاره‌زووه مرۆییه‌كان ئارهزووگهلێكن كه ملكه‌چی یاسای لاسایی كردنه‌وه‌ن، واته ئه‌وان ئاره‌زووگه‌لی لاساییكارانهن، یان به زمانێكی دی، ئه‌وان ئارهزووگهلێكن روو له بابه‌تگه‌لێك ده‌كه‌ن كه خه‌ڵكی دیكه‌ش حه‌زیان پێ ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌ندی ئاره‌زووی ئه‌وانی دی به گورِ و تین بوو، ئه‌وا ئاره‌زووی منیش به گورِ و تین ده‌بێت. له گه‌رمه‌ی ئه‌و مل به ملانێیه‌دا ره‌نگه كاتێك بێت كه ئاره‌زووی ئه‌وی دی له شته‌كه‌دا، سه‌باره‌ت به من گرنگتر بێت له خودی بابه‌تی ئاره‌زوو لێ كرا‌و: ئه‌و ده‌م كێبرِكێ ده‌بێته ململانێیه‌كی كه‌سی، ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رپا بوونی توند و تیژییه‌كی كراوه‌ش تاو ده‌ستێنێت. ململانێی مرۆیی له بنهرِهتدا به‌رهه‌می كێبرِكێیه. له لای ئاژه‌ڵ ده‌بینین ئه‌و ململانێیه‌ی زاده‌ی كێبرِكێیه، به نموونه وه‌ك كێبرِكێی سێكس، به گشتی چاره‌سه‌ری خۆی له رێی سه‌پاندنی په‌یوه‌ندیی زاڵ بوونه‌وه، ده‌بینێته‌وه: ئاژه‌ڵی بێهێز ملكه‌چی ئاژه‌ڵی به‌هێز ده‌بێت، ئه‌مه‌ش سیسته‌مێكی تا راده‌یه‌ك ریزهبهندی جێگیری لێ ده‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵام له لای ئاده‌میزاددا كار به هه‌مان شێوه‌ی نارِوات: چونكه خه‌ڵك له خۆرِا ملكه‌چ نابن. به‌ڵكوو توند و تیژییه‌كی بێ كۆتایی له نێو جۆره‌كه‌دا به‌رپا ده‌كه‌ن. به‌م جۆره تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی دواخراو ده‌گرنه به‌ر و به نه‌ریت و لاسایی كردنه‌وه‌ش ده‌یكه‌نه پرسی كۆمه‌ڵ. كه‌واته توند و تیژیی مرۆیی توند و تیژییه‌كی درمه: ئه‌و له نێو خه‌ڵكدا له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دی ته‌شه‌نه ده‌كات. ئه‌مه‌شه كه ناوم نا "قه‌یرانی لاسایی كردنه‌وه" كه ره‌نگه ببێته مایه‌ی به‌رپا بوونی كوشتاری ده‌سته‌جه‌معی. ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌وه ته‌ماشای ئه‌و پرسه بكه‌ین، ئه‌وا وه‌ك سیمایه‌كی گونجاو یان باش نایه‌ته پێش چاو. هه‌ڵبه‌ت به كرده‌نی زانایانی دنه‌دانی مرۆیی (Les paléoanthropologues) ئهمرِۆ گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه زۆر گرووپی مرۆیی یان به‌ر له مرۆیی، ره‌نگه ته‌نیا به هۆی توند و تیژییهوه، كه له نێو به‌ره‌ی مرۆڤدا هه‌یه، نه‌ما بن. خۆ ره‌نگه به‌رده‌وامی و مانه‌وه‌ی توخمی مرۆڤ له بن ههرِهشه بایه، ئه‌گه‌ر میكانیزم و رێوشوێنی راگرتنی بازنه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه یان قه‌یرانی توند نه‌بووایه. ئه‌م رێوشوێنه‌ی كه پێشتر من له كتێبی "توند و تیژی و پیرۆز"دا وه‌سفم كردووه، ئه‌وا رێوشوێنی كوشتنی بهرنامهرِێژانهیه، كه له رێی ئه‌وه‌وه خه‌ڵك ده‌رمانی كاتیی قه‌یرانی لاسایی كردنه‌وه‌یان دۆزییه‌وه: ئه‌ویش به گواستنه‌وه‌ی دوژمنایه‌تییه‌كه بۆ یه‌ك تاكه قوربانی، كه هه‌ڵگری هه‌موو ئاره‌زووه كێبرِكێكانه، كه بووه بابه‌تی كینه‌ی ده‌سته‌جه‌معی! ئه‌و قوربانییه‌ی ده‌درێت، له لایه‌ن سه‌راپای جڤاكه‌وه ره‌نگی دوژمنی پێ ده‌درێت، به‌م جۆره ململانێی نێوان گرووپه‌كان راده‌گیرێت. هه‌موو ئه‌فسانه‌ی كۆمه‌ڵگا دێرینه‌كان قۆناغگه‌لی له‌م جۆره ده‌گرنه خۆ. منیش ئه‌و رێوشوێنی به‌خت كردن و قوربانیدانه وه‌ك بنه‌چه و چاوگی هه‌موو سرووته‌كان داده‌نێم، كه نموونه‌ی روون و گهشهسهندووشی، سرووتی ئه‌و به‌رخی قوربانییه‌یه كه ئینجیل له (ئیسحاحی شازده‌م)دا باسی ده‌كات، هه‌روه‌ها سرووتی فارماكۆس له وڵاتی كۆنی یۆنان‌دا: كاتێك به‌ڵا و مسیبه‌ت به‌رۆكی شارێك ده‌گرێت، مرۆڤ یان ئاژه‌ڵێك، كه بۆ ئه‌و مه‌به‌ست راگیراوه، ده‌كرێته قوربانی.
· ئه‌ركی سرووتی قوربانی و به‌خت كردن چییه؟
- ئه‌م سرووت نه‌ریتانه، كه رۆڵی سه‌ره‌كیی ئه‌و، به‌رقه‌رار كردنی ئاشتی و چه‌سپاندنیه‌تی له لای جڤاكدا، هه‌ر وه‌ك له كتێبه‌كه‌مدا "له دروست بوونی جیهانه‌وه شتانی په‌نهان"، نموونه‌ن بۆ هه‌موو سرووته‌كانی قوربانی و به‌خت كردن. هه‌ر له‌و كاته‌وه مرۆڤ به هۆشیاری و برِیاردانهوه لاسایی كرداری كوشتنی ده‌سته‌جه‌معی ده‌كاته‌وه، كه له سه‌ره‌تادا خۆرِسك بوو، پاشان پێ به پێ له نێو ده‌زگادا به‌رجه‌سته ده‌بوو: قوربانییه‌ك دیاری ده‌كرا، له سرووتێكی ده‌سته‌جه‌معیی قوربانیدا ده‌كرایه قوربانی، به‌م جۆره ئاشتی ده‌چه‌سپا و خۆشگوزه‌رانی بڵاو ده‌بووه‌وه.
سرووته نه‌ریت، تا راده‌یه‌ك دووباره كردنه‌وه‌یه‌كی هێمایانه‌ی پرۆسه‌ی كوشتنی بهرنامهرِێژانهیه: ئه‌مه‌شه ئه‌و هۆیه‌ی وام لێ ده‌كات له‌باره‌ی بنه‌چه‌ی كولتووره‌وه قسه بكه‌م. گه‌لانی دێرین له سه‌ر هه‌ق بوون: نه‌ریته سرووت بنه‌چه‌یه‌كی وه‌زیفیی هه‌یه. هه‌ن پێیان وایه، نه‌ریته سرووت بنه‌چه یان بناغه‌یه‌كی نییه، ئه‌و (نه‌ریته سرووت) ته‌نیا داهێنانی رووته، ئه‌و به ته‌واوی (كارێكی) هێماییه (ره‌مزییه). به‌ڵام ئه‌و، به‌رجه‌سته بوون و نواندنی رووداوه‌یلی بهرنامهرِێژانهشه: ئه‌و به راستی ئامانجی هێنانه دی و چه‌سپاندنی ئاشتی و دووركه‌وتنه‌وه‌یه له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه. كۆمه‌ڵگاكانی كۆن ئه‌م دیارده‌یه وا لێك ده‌ده‌نه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رجه‌سته بوونی خوداوه‌ندان بێت. ئه‌نترۆپۆلۆژیاش گوتاری خه‌ڵك گه‌رم و گورِانه وه‌رناگرێت، كه ده‌ڵێن نه‌ریته سرووت له بنهرِهتدا بۆ هێنانه دی یان چه‌سپاندنی جڤاك به‌كار دێت، یان بۆ باران بارین... هتد. به‌ڵام تیۆریی لاسایی كردنه‌وه ده‌توانێت ئه‌مه بكات.
سه‌راپای جڤاك له سه‌ر بناغه‌ی ئه‌م سرووت نه‌ریتانه‌ی ئاشتی ده‌چه‌سپێنن (رۆنراوه): هاوسه‌ری، سرووتی گواستنه‌وه، وه‌رزه سرووت... نه‌ریته سرووت (Rite) كرداری سه‌ره‌كیی مرۆییه: قوربانی كردن به سهربرِانهیهك ئه‌وا شازه كردارێكی شارستانییه. ئه‌و رێوشوێنێكه (میكانیزمێكه) بۆ پاراستن و داكردن: هه‌رچه‌ندی كۆمه‌ڵگایه‌ك به كاورِێكی قوربانی كرداری قوربانیدانی به‌جێ گه‌یاند، ئه‌وا ئاستی توند و تیژی تێیدا كه‌م ده‌بێته‌وه. بۆیه ده‌بێ باوهرِمان به سه‌ركه‌وتوویی (كارایی) قوربانی كردن به كاورِێك هه‌بێت.
· تا چ راده‌یه‌ك ئه‌م سرووتی قوربانیدانه به سه‌ر تێكرِای مرۆڤایه‌تی نه‌ك ته‌نیا ئه‌و جڤاكانهی به كرده‌نی كردوویانه، پیاده ده‌بێت؟
- میكانیزمی قوربانیدان به كاورِێك رێوشوێنێكه هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌گرێته‌وه. ئێمه هه‌موومان ئه‌م كاردانه‌وه بهركارهمان هه‌یه، كه بریتییه له‌وه‌ی شه‌قێك له سه‌گه‌كه ده‌ده‌ین یان ئه‌وه‌ی شاپێك یان مستێك به‌و مێزه‌ی (به‌ر ده‌می خۆماندا) ده‌ده‌ین، ئه‌مه كاتێك كه په‌ست و توورِه ده‌بین. ئه‌م لێدانه وا ده‌كات هێور ببینه‌وه و ئارام بگرین. ئێمه‌ش، له كاتی به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌م جۆره كاردانه‌وه‌یه‌دا، ده‌زانین واتایه‌كی نییه، به‌ڵام به هه‌ر حاڵ ئه‌وه باشتره له‌وه‌ی بچین ملی كه‌سێكی ده‌وروبه‌رمان با بده‌ین.
سرووته‌كانی قوربانی دان و خۆ به‌خت كردن، درێژ بوونه‌وه و په‌ره‌پێدانێكی ده‌سته‌جه‌معییه بۆ ئه‌م كاردانه‌وه خۆرِسكه. قوربانی، به‌م جۆره، به شێوه‌یه‌كی ره‌مه‌كی و خۆرِسكانه هه‌ڵنابژێردرێت: قوربانی كردن به ئاژه‌ڵ نییه، ته‌نیا له‌و جڤاكانهدا نه‌بێت كه ئاژه‌ڵیان ماڵی كردووه و له‌گه‌ڵی راهاتوون. به گشتی قوربانی ناكرێت ته‌نیا به‌و ئاژه‌ڵانه نه‌بێت كه له خه‌ڵكه‌وه نزیكن، كه هی ئه‌وانن و ماڵی خۆیانن، چونكه ئه‌وانه به‌دیلی هێماییانه‌ی مرۆڤن. ئه‌و قوربانییه، مرۆڤیشه، له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی ئه‌م جۆره قوربانیدانه‌یان كردووه، واته هێمای به‌دیلی خراپه، كه له لای هه‌موو تاكه كه‌سێكی جڤاكدا هه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌شه هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و قوربانییه‌ی له پرۆسه‌ی قوربانی كردن‌دا سهردهبرِدرێت، یه‌كه‌م به تێكه‌ڵ كردنی له‌گه‌ڵ ئه‌و جڤاكهی ده‌یكاته قوربانی و دهیكوژێـت، ده‌ست پێ ده‌كات. به‌م جۆره ده‌كرێ به دوای ئه‌و ده‌زووه باریكه‌دا بچین، كه له كرداری ساده و خۆرِسكهوه (ده‌ست كوتانێكهوه) ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گاته سرووته ئاهه‌نگ بۆ قوربانییه‌كه و به تێپهرِ بوون به كرداری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ش. رێساكانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له جڤاكی دێرین (archaïques)دا ده‌كرێ وه‌ك رێساكانی قوربانیدان بن: به زۆری هه‌ڵبژاردنی قوربانی به نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباره یان تاوانبار، نابێت، به‌ڵكوو به زۆری تۆمه‌تباری لاوازه، كه له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، نه پاراستن و نه پشتی هه‌یه. ئه‌مه‌شه وامان لێ ده‌كات بڵێین، به‌رپرسایه‌تیی تاكه كه‌س له‌و كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییانه‌دا، گوته‌یه‌كی نه‌ناسراوه. به‌ڵام گرفته‌كه لێره‌دا نییه: به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه زۆر چاك ئه‌م جۆره به‌رپرسایه‌تییه ده‌زانن، به‌ڵام پێیان باشه زه‌قی نه‌كه‌نه‌وه تا كۆتایی به بازنه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نه‌هێنن. ئه‌وه هه‌ڵوێستێكه ناگه‌رم و گورِ نییه.
· به‌ڵام، ئێوه رۆڵێكی تایبه‌ت به كریستیان ناده‌ن له رووی هه‌ڵسوكه‌وت كردنی سرووتانه له‌گه‌ڵ توند و تیژیدا؟
- ره‌سه‌نایه‌تیی كریستیان له‌وه‌دایه كه په‌رده‌ی له سه‌ر خه‌سڵه‌تی قوربانیدان هه‌ڵماڵی. بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی قوربانیدان ئه‌ركی ته‌واوی جڤاكیانه‌ی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه پێویست ده‌كات و گریمانه وایه، جڤاك پێی وا بێت یان به لای ئه‌وه‌دا بچێت كه قوربانییه‌كه له توند و تیژی به‌رپرسه، هه‌روه‌ها تاوانباریشه.
ئازاره‌كانی مه‌سیح چیرۆكێكی كوشتنه، هه‌روه‌ها قوربانیدانه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌وه وا وێنا بكه‌ین. به‌ڵام ئینجیل دوو بۆچوونمان له‌باره‌ی ئه‌م قسه‌یه‌وه پێشكه‌ش ده‌كات: بۆچوونی جه‌ماوه‌ر كه داوا ده‌كات عیسای مه‌سیح پرۆتستۆ بكرێت، بۆچوونی رهبهنان -ئه‌وانیش كه‌مینه‌ن- كه له‌و وه‌همه‌وه دوورن و ده‌شزانن حه‌زره‌تی مه‌سیح گوناهبار نییه. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و رهبهنانهش بۆچوونی جه‌ماوه‌ریان بگرتایه‌ته ئه‌ستۆ، ئه‌وا كریستیان نه‌ده‌بوو. ئه‌و دۆزینه‌وه سه‌ره‌كییه‌ی كریستیان هێنای ئه‌وه‌یه كه پرۆسه‌ی قوربانی دان به قۆچی قوربانی، ته‌نیا فێڵێكه و چی دی نا. له سێ ئینجیلی یه‌كه‌مدا قسه‌یه‌كی مه‌سیح هه‌یه، به مه‌جاز ئه‌و واتایه دووپات ده‌كاته‌وه: "ئه‌و ژووره‌ی وه‌ستاكان ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه، به‌ردی بناغه‌یه له‌و ته‌لاره‌ی ئێوه خه‌ریكی دروست كردنین."
واتای ئه‌وه‌ش، به زمانێكی دی، ئه‌وه‌ی ره‌ت كرا بووه‌وه و دوور خرا بووه‌وه، بووه‌ته پاڵپشتی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌م ته‌لاری ئایینه. چۆن له‌م رسته‌یه ده‌گه‌ین؟ واتاكه‌ی ئه‌وه‌یه كه بێ گوناهیی قوربانی، هه‌ر له ئێستاوه، برِگهی سه‌ره‌كییه له برِوادا. لێره‌شدا ده‌بێ ئه‌م رسته‌یه به رسته‌یه‌كی دیكه‌ی كاییف (Caïphe) به‌راورد بكه‌ین: "ره‌نگه باشتر بێت یه‌ك مرۆڤ بمرێت، گه‌لیش رزگار بكرێت." هه‌روه‌ها له شوێنێكی دیكه‌ش: "خشڵی خۆتان فرِێ مه‌ده‌نه به‌ر ده‌می به‌راز، چونكه ده‌یشێلێ و پاشان لێتان ههڵدهگهرِێتهوه." هه‌موو ئه‌و په‌یڤانه له‌باره‌ی میكانیزمی لاسایی كردنه‌وه‌ی توند و تیژین، ئه‌مان رێوشوێنێكن كه ته‌ماوی ده‌مێننه‌وه، تا ددان به بێ تاوانیی قوربانی نه‌ندرێت.
ئازاره‌كانی مه‌سیح قسه له‌باره‌ی شتێكی راست و ههقیقییهوه ده‌كه‌ن: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه قوربانی، كه هه‌موو رێوشوێنێكی قوربانی و خۆ به‌خت كردنی له سه‌ر داده‌مه‌زرێت، له واقیعدا ته‌نیا به‌دیلێكه. ئێمه هه‌موومان تۆمه‌تبارین چونكه هه‌موومان گوناه ده‌كه‌ین و داوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ش ده‌كه‌ین، پرۆسه‌ی باوك كوشتن ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها زینای مه‌حره‌میش ده‌كه‌ین، نه‌خۆشیی تاعوونیش له‌گه‌ڵ خۆماندا ده‌گوازینه‌وه. باوهرِ له ئه‌فسانه‌دا واته، ئه‌وه‌ی كه پێمان وا نه‌بێت قوربانی ته‌نیا قۆچێكی به‌دیلی قوربانییه. كریستیان ئه‌فسانه‌كان ده‌شكێنێت به تایبه‌تی ئه‌فسانه‌ی ئه‌وه‌ی قوربانی تاوانبار بێت. ئاكامی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه شارستانیه‌تی كریستیان ره‌نگه پێی وا بێت، كه گرووپێك سه‌راپا، ده‌كرێ برِیار به پرۆتستۆ كردنی قوربانی بدات، هه‌روه‌ها ئه‌ویش بێ گوناهه.
· ئایا ئه‌وه خه‌سڵه‌تێكه تایبه‌تمه‌ند به كریستیان؟
- نه‌خێر. ئه‌م جۆره هه‌سته له كه‌له‌پووری دیكه‌شدا، به تایبه‌تی له كه‌له‌پووری ته‌وراتدا هه‌یه. ئه‌م فه‌یله‌سووفه، ئیمانۆیل لیفیناس، هه‌میشه یه‌ك رسته‌ی ته‌لموود هه‌یه ده‌یڵێته‌وه كه ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر هه‌مووان به تێكرِا و به كۆی ده‌نگ یه‌كێك له گومانبارانیان پرۆتستۆ كرد، ئازادی بكه‌ن، ره‌نگه بێ گوناه بێت." ته‌لموود دركی به‌وه ده‌كرد كه توند و تیژیی وابه‌سته به لاسایی كردنه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌بێ له ئاست كۆده‌نگی وریا بین، وه‌ك چۆن كه راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له دیموكراسیی نوێ‌دا كه 99%یه، كارێكه گومانێكی زۆر هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌مه په‌ندێكه له په‌یمانی كۆن (ته‌ورات)دا هاتووه، به‌ڵام نابێته شتێكی ناوه‌ندی و بنهرِهتی، ته‌نیا له حه‌كایه‌تی ئازاره‌كانی مه‌سیحدا نه‌بێت: ئه‌گه‌ر عیسای مه‌سیح مردووه، ئه‌وه به هۆی برِیاری ده‌سته‌جه‌معییه‌وه بوو كه جه‌ماوه‌ر گوزارشتی لێ كرد. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م برِیاره برِیارێكی هه‌ڵه و چه‌واشه‌یه. ئه‌فسانه‌ی كۆنیش له‌م باره‌یه‌وه زۆر جیاوازه: ئه‌وان برِیاری تێكرِاییان تێدایه. ئه‌فسانه‌یه‌ك نییه جه‌ماوه‌ر (خه‌ڵك) تێیدا هه‌ڵه بێت. ئه‌مه‌شه هۆی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ئه‌فسانه‌مان خۆش بووێت و پێوه‌ی بابه‌ند بین، چونكه ویژدان و هۆشمان ئاسووده ده‌كات. په‌یامی كریستیان ئاشكرای ده‌كات كه ئێمه هه‌موو تۆمه‌تبارین. ئه‌مه‌ش بۆ كه‌سێك كه گوێی لێ ده‌بێت، مایه‌ی نیگه‌رانییه.
· ئایا ئه‌مه مانای وایه كه بنه‌ما (پره‌نسیپ)ی قوربانیدان/ به‌خت كردن له نێو كۆمه‌ڵگاكاندا نه‌ماوه (ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی ئه‌و په‌یامه‌یان به ده‌ست گه‌یشت یان به میرات بۆیان ماوه‌ته‌وه)؟
- هه‌ڵبه‌ت، نه‌خێر. به‌ڵام ده‌بێ یه‌كه‌م ئه‌و ماوه‌یه بپێورێت كه ئێمه له روانینی په‌یوه‌ست به بیرۆكه‌ی قوربانیدان و به‌خت كردن، له یه‌كدی جیا ده‌كاته‌وه. له ئینجیل‌دا ده‌بینین، دوورخستنه‌وه و په‌راوێز خستنی "قۆچی قوربانی" ئاماژه به كردارێكی سرووتیانه، یان كه‌واته هێمایانه، به‌ڵام ره‌وای ده‌كات. ئهمرِۆ ئێمه واتایه‌كی دیكه‌ی پێ ده‌ده‌ین، ئه‌ویش بۆ نموونه، كاتێك ورده‌كاریی ئه‌و پرۆسه‌یه دیاری ده‌كه‌ین، كه له رێی ئه‌وه‌وه گرووپێكی مرۆیی، به شێوه‌یه‌كی یه‌ك ده‌نگی، كه‌سێك تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه به‌رپرسه له‌و خراپه‌یه‌ی به‌ر گرووپه‌كه كه‌وتووه، كه ده‌كرێ گرووپه‌كه به هۆی ئه‌وه‌وه سزایه‌كی توندی بدات.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به‌م واتایه وه‌ربگرین، ئه‌وا كاره‌كه به نارِهحهتیدا ده‌كه‌وێت: گریمان گوتت، ساڵی 1994 هۆزه‌كانی توتسی قۆچی قوربانیی ئه‌و ململانێیه بوون كه له رواندادا هه‌بوو، ئه‌وا واتای هاوشانی ئه‌م گوته‌یه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وان له‌و ململانێ ئازاربه‌خشه‌دا، هه‌رگیز تاوانبار یان تۆمه‌تبار نه‌بوون، هه‌روه‌ها ئه‌و شهرِی قه‌تڵوعامه‌ی كرایه سه‌ریان و ئه‌وانی كرده قوربانی، به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێ پاساو بدرێته‌وه و به‌هانه‌ی بۆ بهێندرێته‌وه. به زمانێكی دی، قۆچی قوربانی له روانگه‌ی ئێمه‌وه واته قوربانییه‌كی بێ تاوان. ئه‌مه‌ش ته‌وه‌ری هه‌موو گرفته‌كه: ئه‌م هه‌سته له كوێوه بۆم هات كه وام لێ ده‌كات پێم وا بێت، ده‌كرێ ئه‌وان تاوانبار بن، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ئه‌وان به‌ده‌ل قوربانین؟ من ئه‌م هه‌ستی راڤهكارانهیهی لای خۆم بۆ واتای نێو ئینجیل دهگێرِمهوه، كه فێری كردووین به‌رامبه‌ر به‌و برِیارانهی جه‌ماوه‌ر ده‌ریان ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه نامانپارێزێت له‌وه‌ی هه‌ر وا بمێنینه‌وه، كه د‌رك به قوولیی زۆر له كرداره‌كانمان نه‌كه‌ین. له راستیدا بیرۆكه‌ی قوربانی له ئاسۆی دهزگاییمان ون نه‌بووه. پێ ده‌چێ سیسته‌می دادوه‌ریمان ئهمرِۆ عه‌قڵانیتر بێت به به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاكانی كۆن، هه‌روه‌ها به پێوانه له‌گه‌ڵ شێوه و سرووته‌كانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و سرووته‌كانی قوربانیدان به قۆچی قوربانی: سیسته‌می هاوچه‌رخی دادوه‌ری شه‌یدای گهرِانه به دوای تاوانباری راسته‌قینه و پرۆتستۆ كردنی، رووش له گهرِان به دوای هیچ به‌ده‌ل قوربانییه‌ك ناكات. وێرِای ئه‌وه هێشتا برِیارهكانی ئهمرِۆی دادوه‌ری سیمای گهرِان به دوای قوربانییان پێوه دیاره، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داد زۆر پێویستی به تاوانبار یان تۆمه‌تبارێك هه‌یه.
بۆ نموونه، برِوانه تاوانه‌كانی سۆزداری، ئه‌وان به زۆری، زاده‌ی زنجیره‌یه‌ك له ده‌ست درێژی و په‌ست كردنی دووباره‌وه بووی نێوان كه‌سانێكه، كه زۆر په‌یوه‌ندیی فره سه‌ره‌یان له نێواندایه، به‌رپرسایه‌تیش له نێو یه‌ك و هاوبه‌شه. ئه‌و كه‌سه‌ی دادگا برِیاری سزادانی ده‌دات، مه‌رج نییه به دروستی ته‌نیا كه‌سی به‌رپرس بێت له‌و كردارانه‌ی له سه‌ریان دادگایی كرا و سزاش درا. برِێك له ههرِهمهكی له یاسادا هه‌یه، كه هه‌ندێك كردار (بۆ نموونه رۆ كردنی ژه‌هر له نێو قاپدا) پرۆتستۆی ده‌كات و به تاوانی داده‌نێت، كه‌چی هه‌ڵوێستی نه‌رمتر ده‌نوێنێت له ئاست كرداری دیكه (بۆ نموونه، هه‌موو ئێواران، خیانه‌ت كردنی پیاو له ژنه‌كه‌ی). مومكین نییه وێنه‌یه‌كی سه‌راپاگیر و بێ كه‌م و كورِی له باره‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی ده‌كرێن، هه‌بێت، چونكه داد، بازدانی له به‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ به‌ڵگه‌یه‌كی دی، زۆر له شیاویی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. ئێمه تا ئهمرِۆ ناتوانین ئه‌وه دوور بخه‌ینه‌وه كه دادگا جه‌خت ده‌كاته سه‌ر هه‌ندێك لایه‌ن پتر له ئه‌وانی دی و برِیاریشیان له‌باره‌وه ده‌رده‌كات. له روانگه‌ی رای گشتییه‌وه، دادگایی كردنی باش، ئه‌و دادگای كردنه‌یه كه به سزادانی تۆمه‌تبارێك و ناسینی قوربانییه‌ك كۆتایی دێت. ئه‌وه شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی بژاردهكاریی ریشه‌یی، كه هێشتا هه‌ندێك له میكانیزمه‌كانی گهرِان به دوای قوربانیدای پاراستووه.
هه‌روه‌ها قه‌یرانی سیاسیشمان هه‌یه. له كاتی هه‌ڵبژاردندا چی روو ده‌دات؟ ده‌نگده‌ر یه‌كه‌م رووبهرِووی حاڵه‌تی لێبوردن ده‌بێته‌وه: هه‌رچی بیكات باشه. پاشان كاتی لێپرسینه‌وه و توندیی دێت: هه‌رچی بیكات خراپه. بۆیه ده‌بێ دوور بخرێته‌وه. ئه‌مه سرووتێكی دژوار نییه، به‌ڵكوو پرۆسه‌كه خۆی وایه: پاش ماوه‌یه‌ك وا ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌موو ئه‌و به‌د و خراپییه‌ی له نێو كۆمه‌ڵدا په‌یدا ده‌بێت، كۆ ده‌كرێته‌وه و ده‌خرێته سه‌ر پشتی قۆچه قوربانییه‌ك. له هه‌ندێك شانشینی كۆنی ئه‌فریقادا وا باو بوو، له كاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی درم یان له حاڵه‌تی وشكه ساڵی درێژخایه‌ندا، پاشایان ده‌كوشت.. به چاوپۆشین له پرۆسه‌ی كوشتنه‌كه، میكانیزمه‌كه هه‌مان شته. به‌ڵام ئاخۆ چی روو ده‌دات ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره میكانیزمهمان له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بێت، ئیدی پله‌ی هێماییهكهی هه‌رچه‌ند بێت؟ هه‌موو هیوایه‌ك بۆ باش بوونی ره‌وشه‌كه، ته‌نیا بێ سه‌روبه‌ری و بێ سووده، هیچ دهرهتانێكیش نییه بێ له بێ ئومێدی و توند و تیژی.
· چۆن راڤه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه خوێندنه‌وه‌تان بۆ ده‌قه‌كانی كریستیان، رووبهرِووی ره‌خنه‌ی زۆر بووه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه له شوێنی خۆیدا نه‌بێت؟
- راهاتووین كه جیاكارییه‌كی بنهرِهتانه بخه‌ینه نێوان هه‌قیقه‌تی سۆسیۆلۆژی و هه‌قیقه‌تی ئایینییه‌وه. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ وێنه‌ی نوێی پێكهاتنی بیرۆكه‌كاندا ده‌گونجێت. به‌ڵام، له قوولاییدا، ده‌بینین كه‌له‌پووری یه‌هوودی-كریستیان له دهزگاكانماندا ئاماده‌یه: دیموكراسی، شه‌فافیه‌تی یاساكان، مافی مرۆڤ. ئه‌گه‌ر كریستیان له رابردوودا وا ده‌هاته پێش چاو كه تایبه‌ته و به‌نده به یه‌ك به‌شی مرۆڤایه‌تییه‌وه، ئه‌وا ئهمرِۆ كاره‌كه وا نییه: كریستیان گه‌یشته هه‌موو جێیه‌كی جیهان، جا چ به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان نارِاستهوخۆ، ئه‌ویش له رێی بیرۆكه‌ی نائایینی، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت له رێی بیرۆكه‌ی دژه ئایینیشه‌وه. به‌م جۆره ئه‌ندرێ مالرۆ (وه‌زیری رۆشنبیریی فه‌ره‌نسا له سه‌رده‌می دیگۆل) نووسیی، كه گه‌یشتنی كۆمۆنیزم به شه‌نگه‌های -كه ئه‌و له نزیكه‌وه به‌دیی كرد- شتێكی دی نییه بێ له گه‌یشتنی كریستیان به چین. هه‌تا ئه‌گه‌ر واش هاته پێش چاو، كه هه‌ندێك شارستانیه‌ت هێشتا دژی جارِنامهی مافی مرۆڤن كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاندووه، یان ره‌خنه‌یان لێی هه‌یه، به‌ڵام ناتوانن ئه‌وه ره‌ت بكه‌نه‌وه كه ئه‌و مافه هه‌یه. ئیدی له توانای ئه‌و شارستانیهتانهدا نییه ئهمرِۆ به ته‌نیا به‌و باوهرِه بژین، كه به قوربانییه‌ك ده‌كرێ هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. له گۆشه‌یه‌كی دیكه‌وه، پێویسته كه ببینین، ئه‌گه‌ر وه‌حیی ئایین كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو له سه‌ر نه‌هێشتنی پرۆسه‌ی قوربانی كردن به خوێن و سهربرِانه، ئه‌وا كۆمه‌ڵگاكانی كریستیانی له‌م ئامرازه كارایه بێ به‌ش كرد، كه میكانیزمی سرووته. وه‌حیی ئایین ته‌نیا جێ‌مان ده‌هێڵێت به بێ ئامرازی به‌رگری له ئاست شه‌پۆلی توند و تیژی و لاسایی كردنه‌وه‌ی كێبرِكێكارانهی توند و تیژیدا، كه تایبه‌ته به ئێمه‌ی مرۆڤه‌وه. جا به‌م جۆره، ئێمه هه‌میشه له لێواری كوێری و پهشێویداین.