ژن له کن ته‌واریق
August 27, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ته‌واریق ئه‌وه‌یه،ئه‌گه‌ر له برسانیشدا بمرن، گۆشتی حوشتری خۆیان ناخۆن،
ئاخر ئه‌وه‌یان له بیره، ساڵانێک به‌و حوشتره
سه‌فه‌ریان کردووه و به شیره‌که‌ی ژیاون.
ته‌واریق که نزیکه‌ی سێ میلیۆنێک ده‌بن، له بیابانی گه‌وره، له نیگه‌ر، مالی، جه‌زائیر، لیبیا، بورکینا فاسۆ و هه‌ندێک وڵاتی دیکه ده‌ژین، موسڵمانی سوننه‌ی سه‌ر به ڕێبازی (مالکی)ین، زۆریان کۆچه‌رین و بڕێکیشیان له‌مێژه نیشته‌جێ بوون و له ده‌وار یان خانووی قوڕیندا ژیان به ڕێ ده‌که‌ن. ئه‌و زمانه‌یشی پێی ده‌په‌یڤن، چه‌ندان شێوه‌زاری هه‌یه و تاریق، به مانای جۆگه‌له یان کانیاو دێت. له‌ناو ته‌واریقدا، مه‌گه‌ر پیاوانی ئایین و ئه‌وانه‌یان زۆریان خوێندووه، عه‌ره‌بی بزانن، ئه‌گه‌ر نا، به گشتی هه‌ر به زمانی خۆیان ده‌په‌یڤن.
ژن لای ته‌واریق پایه‌یه‌کی هێنده بڵندی هه‌یه، تا ئه‌و ئاسته‌ی ده‌توانین بڵێین، هێشتا سیسته‌می کۆمه‌ڵگه‌که‌یان، داکسالارییه و به‌ناوبانگتریان ژن له مێژوویاندا (تان هینان)ی ناو بووه. ژنان لای وان، سیمایان به ڕووپۆش ناشارنه‌وه، که میوان ڕوویان تێ ده‌کات، به ڕووخسارێکی گه‌ش و شیری حوشتره‌وه، پێشوازیی لێ ده‌که‌ن، وه‌ک چۆن لای خۆمان ژنان دۆیان به میوانان و ڕێبوارانیش پێشکه‌ش ده‌کرد. لای ته‌واریق، ئه‌وه پیاوه به ڕووپۆشه‌وه ده‌چێته ده‌ره‌وه و کۆمه‌ڵگه لای وان، نزیکه‌ی وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی، به‌سه‌ر چوار چین و توێژی جیاوازدا، دابه‌ش بووه، که له به‌رزه‌وه بۆ نزم، به‌م ڕیزبه‌ندییه‌یه: خانه‌دان، خاوهنزهوهی، جووتیار و وه‌ستای کاری ده‌ستی.
ژن لای ته‌واریق، هه‌ر یه‌که‌مین جار، به ڕه‌زامه‌ندی و پرس‌وڕای خێزان شوو ده‌کات، به‌ڵام که له مێرده‌که‌ی جیا بووه‌وه، ئیدی ئازاده و بێ ئه‌وه‌ی ڕاوێژ به که‌س بکات، مافی شووکردنه‌وه‌ی هه‌یه. ژن له‌وێ بۆیه هاوسه‌رگیریی یه‌که‌م به پێویست ده‌زانێت، تا له ده‌سه‌ڵاتی خێزان ڕزگاری ببێت. لای ته‌واریق، ژنی جیابووه‌وه، هه‌مان ئه‌و ڕێز و پله‌یه‌ی هه‌یه که پێش هاوسه‌رگیری هه‌یبووه. هاوسه‌رگیری له‌وێ کارێکی ئاسانه، له هیچ کوێ تۆمار ناکرێت، ته‌نیا پێویستی به چوار شاهیده که له به‌رده‌م مه‌لای خێڵدا ئاماده ده‌بن و جیابوونه‌وه‌یش هه‌ر به هه‌مان شێوه‌یه.
لای ته‌واریق، ئه‌گه‌ر پیاوێک، ژنێک دووگیان بکات و نه‌یخوازێت و حاشا له‌وه بکات که باوکی منداڵه‌که‌یه، خه‌ڵکه‌که نزم سه‌یری ده‌که‌ن و له حاڵه‌تی وه‌هادا، ئه‌وه پیاوه‌که‌یه هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌کات و له‌ناو کۆمه‌ڵدا ڕیسوا ده‌بێت، نه‌ک ژنه‌که. ئه‌گه‌ر شتی وا ڕووی دا، کۆمه‌ڵ بیر له سزادانی که‌سیان ناکاته‌وه، هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌یان ده‌دات، ئاخر له‌وێ چه‌مکێک نییه، ناوی سڕینه‌وه‌ی شه‌رم بێت. به گوێره‌ی لێکدانه‌وه‌ی وان بۆ شه‌رع، چاره‌سه‌رێک له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی و سۆزدا ته‌با بێت، نه له‌گه‌ڵ ڕه‌وشتدا ناکۆک ده‌بێت و نه له‌گه‌ڵ ئیسلامیشدا.
ئه‌گه‌ر له خۆرهه‌ڵاتی تورکیا، به کوردستانیشه‌وه، کچێک ئه‌و هه‌واڵه به دایکی بڵێت که بۆ یه‌که‌مین جار خوێنی له‌به‌ر ڕۆییشتووه، به زلله‌یه‌کی توند وه‌ڵامی ده‌داته‌وه، ئه‌وه به‌شێکه له کو‌لتوور و مه‌به‌ست لێی وریاکردنه‌وه‌ی کیژه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی بووه به ژن و پێویسته ئاوڕووی خۆی و خێزان بپارێزێت، به‌ڵام لای ته‌واریق، بۆ یه‌که‌مین (خووی مانگانه،) ئاهه‌نگێکی ڕاسته‌قینه ده‌گێڕن، ئاهه‌نگێک تێیدا، ژنان گۆرانی ده‌ڵێن، ته‌پڵ و چه‌پڵه لێ ده‌ده‌ن و پیاوانیش سه‌ما ده‌که‌ن.
ئه‌و ئاهه‌نگه بۆ ئه‌وه‌یه، ئیدی ئه‌و کچه، پێگه‌ییشتووه و ئاماده‌یه بۆ هاوسه‌رگیری. پیاوانیش بۆیه که‌یفخۆش ده‌بن، بیریان لای ئه‌وه‌یه، له خێڵهکهیاندا ژنێکی دیکه‌یش زیادی کردووه و بێ شک ده‌بێته نسیبی یه‌کێکیان. کچ له دوای یه‌که‌مین خووی مانگانه‌وه، ئیدی مافی خۆ ڕازاندنه‌وه‌ی، که پێشتر نه‌یبووه، ده‌یبێت. ئیدی بۆی هه‌یه، هه‌م سووراو و سپیاو بکات، هه‌م گوێ و گه‌ردن و مه‌چه‌کی، به گواره و خه‌ناوکه و بازنگ بڕازێنێته‌وه.
لای ته‌واریق وا باوه، ژن و پیاو، پێش هاوسه‌رگیری، پێوه‌ندیی ئه‌وینداریی پێکه‌وه ببه‌ستن و ده‌شێت ئه‌و خۆشه‌ویستییه، که له خێڵ نهێنی نییه و وه‌ک هاوسه‌رگیری دیارده‌یه‌کی ئاسایییه، چه‌ند ساڵێک بخایه‌نێت. ئه‌و دڵدارییه، ئه‌گه‌ر ئه‌وینێکی ڕاسته‌قینه بوو، به هاوسه‌رگیری دوایی دێت، ئه‌گه‌ر پشکۆی ئاره‌زوویه‌کی ساته‌وه‌ختیش بوو، ئه‌وا زوو ده‌بێته خۆڵه‌مێش و ده‌بڕێته‌وه. لای ته‌واریق، ئه‌وینداران مافی ئه‌وه‌یان نییه، له‌گه‌ڵ یه‌کدا جووت ببن، به‌ڵام ده‌ست له ملان و ڕامووسان، وه‌ک ئازاد وایه. ئه‌و دڵداره‌ی پێش هاوسه‌رگیری، نیازی به‌زاندنی سنووری هه‌بێت، به خاوێن ناناسرێت و ئه‌وه‌ی به که‌موکووڕی له په‌روه‌رده‌دا، بۆ له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و دڵبه‌ر لێی دوور ده‌که‌وێته‌وه.
کولتووری ته‌واریق وایه، به‌ته‌مه‌نترین ژنی خێڵ، به چاودێریی خۆی و له‌ژێر ده‌واره‌که‌یدا، شه‌وئاهه‌نگ بۆ عاشقان ساز ده‌کات، ئاهه‌نگێک هه‌موو عاشقانی خێڵ تێیدا ئاماده ده‌بن و تا دره‌نگانی شه‌و، به ده‌م گوتنی گۆرانی و سه‌ماکردنه‌وه، وه‌ختێکی خۆش پێکه‌وه به‌سه‌ر ده‌به‌ن. له‌وێ دڵدار مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، شه‌وان که هه‌مووان له دنیای خه‌وندا نوقم ده‌بن، بخزێته خێمه‌ی خۆشه‌ویسته‌که‌یه‌وه و تا ده‌مه‌وبه‌یان ئاوێزانی ببێت. که‌سوکاری کچه، ئاگاداری ئه‌م ژووانهن، ده‌زانن، کوڕه له ئامێزی کچه‌که‌یاندا ئارامی گرتووه، به‌ڵام له‌وه‌یش بێ گومانن که سنوورشکێنی ڕوو نادات، بۆیه ئه‌و ڕه‌وتاره له کنیان کارێکی نه‌شیاو نییه، به‌ڵکوو خۆشکردنی ڕێگه‌یه به‌ره‌و هاوسه‌رگیری.
کولتووری ته‌واریق وایه، پیاو ده‌ست له ژنه‌که‌ی به‌رز ناکاته‌وه، ئه‌گه‌ر به ڕێکه‌وت پیاوێک زلله‌یه‌کی له ژنه‌که‌ی دا، هه‌م سزای ماددی ده‌درێت، بۆ نموونه ده‌بێت، بزنێک بۆ ژنه‌که‌ی بکڕێت، هه‌م ده‌بێت لای مه‌لا به‌ڵێن بدات، ئیدی دووباره‌ی ناکاته‌وه، ئه‌گه‌ر نا، ژنه‌که‌ی بۆی هه‌یه، ده‌ستبه‌جێ لێی جیا ببێته‌وه. ژن لای ته‌واریق، ئه‌وه‌ی پێ قه‌بووڵ ناکرێت، پیاو لێی بدات و دیارده‌ی له ژن دان، له ناو خێڵی تهواریقیی کۆچه‌ردا، وه‌ک حاڵه‌تیش هه‌بوونی نییه.
له‌ناو ته‌واریقدا له ژن دان، ڕێسوایییهکی هێنده گه‌وره‌یه، ئه‌و پیاوه‌ی له ژن بدات، له‌ناو خێڵدا هێنده سووک سه‌رنجی ده‌درێت و به جۆرێک نه‌فره‌تی لێ ده‌کرێت، ناچار ده‌بێت سه‌ری خۆی هه‌ڵبگرێت. ئه‌وه‌یش هه‌ر مایه‌ی شه‌رمه، پیاو، چێشتلێنان به ئیشی ژن له قه‌ڵه‌م بدات. هه‌رچه‌نده به گوێره‌ی شه‌رع، فره‌ژنی ئازاده، به‌ڵام ژن لای ته‌واریق، نه سه‌ر به هه‌ویه شوو ده‌کات، نه به‌وه قایل ده‌بێت، مێرده‌که‌ی بایه‌خ به ژنێکی دیکه بدات. ئه‌گه‌ر له هه‌ندێک خێڵی ته‌واریقدا، فره‌ژنی هه‌بێت، وه‌ک حاڵه‌تێکی ده‌گمه‌ن هه‌یه.
ژن لای ته‌واریق ده‌توانێت به ئاسانی له مێرده‌که‌ی جودا ببێته‌وه، هه‌ر هێنده‌ی له‌سه‌ره، ماڵئاوایی له مێرده‌که‌ی بکات و به چوار شاهیده‌وه بچێت بۆ کن مه‌لا. ژن که جیا ده‌بێته‌وه، هه‌ر زوو عه‌شیره‌ت له‌و هه‌واڵه ئاگادار ده‌کاته‌وه و هێنده‌ی پێ ناچێت، به‌و بۆنه خۆشه‌وه، ئاهه‌نگێکی گه‌وره‌ی وه‌ک هی هاوسه‌رگیری، که هه‌موو خێڵی بۆ بانگهێشت ده‌کات و به جوانترین شێوه خۆی بۆ ده‌ڕازێنێته‌وه، ساز ده‌کات. ژنه‌ی تازه جیابووه‌وه، ده‌بێته ئه‌ستێره‌ی ئاهه‌نگه‌که و چه‌ندان دیاریی به‌نرخی زیوینی، له لایه‌ن ئه‌و پیاوانه‌وه که خه‌و به ئامێزییه‌وه ده‌بینن، پێشکه‌ش ده‌کرێت. ئه‌و ئاهه‌نگه ده‌بێت، دوای تێپه‌ڕبوونی سێ مانگ له جودابوونه‌وه ساز بکرێت، ئه‌م مه‌رجه، شه‌رع ده‌یسه‌پێنێت.
لای ته‌واریق ئه‌وه هیچ بایه‌خی نییه، ئافره‌تێک شووی کردووه یان نا؟ ئاخر پیاو سه‌روه‌ختی خوازبێنی، ئه‌وه له‌به‌ر چاو ناگرێت و کۆمه‌ڵیش به چاوێکی نزمه‌وه، سه‌یری ژنی جیابووه‌وه ناکات. له کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی‌دا، به گشتی، ژن له دۆزه‌خی خێزاندا هه‌ڵده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێ قه‌بووڵ ناکرێت، به بێوه‌ژن ناوزه‌د بکرێت، لای ته‌واریق، که ژنێک جیا ده‌بێته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێ ده‌ڵێن که له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا نه‌گونجاوه و هیچی تر، بۆیه ژنی جیابووه‌وه ئه‌و هه‌سته‌ی له کن دروست نابێت که ئافره‌تێکی سه‌رنه‌که‌وتووه، یان هه‌ڵه‌یه‌کی کردووه.
ژن لای ته‌واریق، ئه‌وه‌یان زۆر پێ سه‌یره که ده‌بیستن له ئه‌ورووپا، ژنان له‌نێو ترس‌دا ده‌ژین و دووچاری لێدان و ته‌نانه‌ت ئهتکردنیش ده‌بنه‌وه. به‌وه تووشی شۆک ده‌بن، که ده‌بیستن، ژنان، بۆ نموونه، له پاریس، وه‌ک ئامانجێکی سێکسی سه‌رنجیان ده‌درێت، ته‌نگیان پێ هه‌ڵده‌چنرێت، په‌لامار ده‌درێن و هێنده هه‌راسان ده‌بن، ناچار هه‌ندێکیان هانا بۆ خۆکوشتن ده‌به‌ن. که ده‌بیستن له شارێکی وه‌ک پاریس‌دا، چه‌ندان شوێن، بۆ ئه‌و ژنانه ته‌رخان کراوه، که پیاوان خراپ هه‌ڵسوکوتیان له‌گه‌ڵدا کردوون و له ترسی لێدان هه‌ڵاتوون.
بۆ ژن ئه‌وانه گرنگن، هه‌ست بکات له‌گه‌ڵ پیاودا یه‌کسانه، وه‌ک خود ئازاده و ئه‌وه‌ی که مێیه، نه‌فره‌ت نییه به‌سه‌ریدا باریبێت، نیعمه‌ته و ده‌رگه‌ی به‌خته‌وه‌ریی بۆ ده‌خاته سه‌ر پشت. ژن پێی باشه، به قووڵی ڕێزی لێ بگیرێت، له‌به‌ر ئامانجی سێکسی نا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێش ئه‌وه‌ی مێ بێت، ئینسانه و ڕۆڵێکی گرنگ و پیرۆز له کۆمه‌ڵدا وازی ده‌کات. ئایا چی له دایکایه‌تی پیرۆزتره؟ ته‌واریق پێیان وایه، ئه‌وه دایکه، کو‌لتوور، دیرۆک و به‌ها ئینسانییه‌کان ده‌پارێزێت و قسه‌یه‌کی نه‌سته‌قیان هه‌یه ده‌ڵێت: (گه‌ر ده‌خوازیت کولتووری میلله‌تێک بناسێت، ده‌بێت به کولتووری ژنانیان ئاشنا ببیت.)
ژنان لای ته‌واریق، فریشته نین، ئینسانن، حه‌ز و ئاره‌زوویان هه‌یه و چێژ له خۆشه‌ویستی وه‌رده‌گرن، به‌ڵام هه‌ر جه‌سته‌ی جوان نین، هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ مێبووندا، به‌ڕێز و به‌رپرس و عاقڵیشن، ئه‌وه بۆیه، منداڵ به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ده‌چێته‌وه سه‌ر دایکی نه‌ک باوکی. لای ته‌واریق، ژنان هه‌م چادر دروست ده‌که‌ن و هه‌م هه‌ڵیشی ده‌ده‌ن، که دوو ئیشی سه‌ختن. ئیشه هه‌ستناکه‌کانی له بابه‌تی دروستکردنی ئه‌نگوستیله، بازنگ، ملوانکه و گواره، پیاوان ده‌یانکه‌ن.(*)
4/7/2012
(*) پنار إیلکارکان، المرأة والجنسانیة في المجتمحات الإسلامیة، ترجمه: معین الإمام، دار المدی للثقافه والنشر 2004 دمشق.