خاتوونه‌شاعیرێکی ڕۆحبریندار
May 20, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن
ژیانی دایکم به‌رماڵێکه‌له‌سه‌ر بانیژه‌ی ترس له دۆزه‌خڕاخراوه.فه‌رووغ فه‌رووخزاد (1935 _ 1967) که ماڵی تاریکی دڵمانی به گومان ڕۆشن ده‌کرده‌وه، باوه‌ڕدارێک چه‌ند ڕێز له ئایین ده‌گرێت، هێنده ڕێزی له شیعر ده‌گرت، ئه‌و هێنده بێ‌فیز بوو، (دوو قله گێلاسی ده‌کرد به گواره.) ئه‌و کۆترێکی خه‌مناک بوو، له وڵاتێک‌دا له دایک بووبوو، تێیدا خۆر له سه‌رماندا هه‌ڵده‌له‌رزی. ئه‌و خه‌ونی به ئامێزی پڕ له سۆزی نیشتمانه‌وه ده‌بینی، که‌چی نیشتمان گۆڕستانی هیواکانی بوو. ئه‌و ڕاستی ده‌کرد که ده‌یگوت: (شیعر زمانی دڵه، هه‌ستی ژن جیاوازه له هه‌ستی پیاو، ئه‌گه‌ر وه‌ک پیاو بدوێم، ئه‌وه بێ گومان، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم قسه‌ی دڵم نییه.)
(نووسین به ده‌نگ هاواری ناخه‌وه چوونه، بۆیه ته‌نیا له‌ژێر گوشاری ناخی خۆتدا بنووسه! ته‌نیا ئه‌و وه‌خته بنووسه که هه‌ڵاتن له نووسین وه‌ک مه‌حاڵ وابێت. ئه‌گه‌ر نووسین نه‌بووه‌ته قه‌ده‌رت و ده‌توانیت بژیت و نه‌نووسیت، چی زووتره، ده‌ست له نووسین هه‌ڵبگره! ته‌نیا ئه‌و وه‌خته بنووسه که هیچ چاری دیکه‌ت نه‌بێت، ته‌نیا ئه‌و کاته بنووسه که خۆدزینه‌وه له نووسین، شێتبوونی به دواوه بێت.)(1) نووسین قه‌ده‌ری فه‌رووغ فه‌رووخزاد بوو، ئه‌وه بۆیه له پێناوی شیعردا ده‌ستبه‌رداری ژیانی ژن‌و مێردایه‌تی و ته‌نانه‌ت کوڕه تاقانه‌که‌یشی بوو، ئه‌وه بۆیه شیعری هه‌ڵبژارد و بێباک بوو به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو ناتۆرانه‌ی وه‌دووی خرا و ئه‌و هه‌موو کۆششه ناپیرۆزانه‌ی بۆ زڕاندنی ناوی کرا.
پاکژی له ژیاندا نییه، پاکژی ئه‌گه‌ر هه‌بێت ته‌نیا له هونه‌ردا هه‌یه. شیعری خاتوونه‌شاعیری سوێدی: کارین بۆیه (1900 _ 1941) ته‌ژییه له پاکژی. جیاوازییه‌کی زۆر له نێوان ئه‌وه‌دا هه‌یه، ئێمه چۆن ده‌ژین و پێویستبوو چۆن بژین؟ ئێمه چی ده‌خوازین و چیمان ده‌ستگیر ده‌بێت؟ شیعری کارین بۆیه که موزیکی لێ ده‌چۆڕێت، باسی ئه‌و جیاوازییه ده‌کات. هیچ شیعرێکی وی، هێنده‌ی ئه‌و شیعره‌ی به‌ناوبانگ نییه که ده‌ڵێت:
گۆپکه سه‌روه‌ختی پشکووتن
ئازاری پێ ده‌گات،
ئه‌گه‌ر نا،
به‌هار دوودڵ نه‌ده‌بوو.
ژیانی فه‌رووغ فه‌رووخزاد زۆر له ژیانی کارین بۆیه که له ته‌مه‌نی چلویه‌ک ساڵیدا خۆی کوشت، ده‌چێت. هه‌ردووکیان زوو ده‌ست به نووسینی شیعر ده‌که‌ن، هه‌ردووکیان زوو ماڵئاوایی له ژیان ده‌که‌ن، هه‌ردووکیان له ژیانی هاوسه‌ریدا سه‌رکه‌وتوو نابن، هه‌ردووکیان تا ڕاده‌ی بریندارکردن، راستگۆ ده‌بن و ڕاستگۆیی گران له‌سه‌ریان ده‌که‌وێت. ژیانی هه‌ردووکیان بریتی ده‌بێت، له گه‌ڕانێكی بێهووده به دوای سۆز و ئه‌ویندا. ده‌وروبه‌ر دڵڕه‌قانه ڕه‌وتار له‌ته‌ک هه‌ردووکیاندا ده‌کات و شیعری هه‌ردووکیان بۆ ئه‌وه ده‌ست ده‌دات، باسکار بۆ توێژینه‌وه له ژیانیان، سوودی لێ ببینێت.
به‌ره‌وڕوو
گوڵئاسا به ڕوومدا ده‌گه‌شێنه‌وه،
له پاشمله
به شێت و به‌دڕه‌وتام له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن،
شاعیره ساخته‌کاره‌کان
له سه‌ره‌نگوێلکدا
به دوای کێش و سه‌روادا ده‌گه‌ڕێن.
فه‌رووغ فه‌رووخزاد به هیوای ئه‌وه‌بوو، (پیاوی خۆویست ده‌رگای قه‌فه‌زی لێ بکاته‌وه و بواری فڕینی بۆ بڕه‌خسێنێت،) وه‌لێ هه‌ر له سه‌ره‌تای نووسینییه‌وه، هه‌ستی به‌وه کردبوو، ئه‌و هیوایه‌ی دره‌ختێکی زڕه، ئه‌وه بۆیه ناوی (دیل)ی له یه‌که‌مین کۆشیعری خۆی نا، ئاخر زوو له‌وه تێگه‌ییشت که له کۆمه‌ڵێکدا ده‌ژی، تێیدا ژن زیندانییه و پیاویش وه‌ردیان. فارسه‌کان که خاوه‌نی شاعیرگه‌لی هه‌ره‌مه‌زنی له چه‌شنی خه‌یام، گه‌نجه‌وی، سه‌عدی، حافیز، جامی و نیما یوشیج بوون، ئه‌وه نه‌ک هه‌ر ئاسان نه‌بوو، به‌ڵکوو شتێک بوو وه‌ک مه‌حاڵ، ژنێک بتوانێت، وه‌کوو شاعیر هه‌بوونی خۆی بسه‌لمێنێت، به‌ڵام فه‌رووغ فه‌رووخزاد توانی ئه‌و مه‌حاڵه ماڵیی بکات.
زۆر له‌مێژبوو دانتی کۆمیدیای خودایی و به‌لزاک کۆمیدیای مرۆیی نووسیبوو، وه‌لێ ده‌یان ساڵ پیش ئه‌وه‌ی سه‌لمان ڕوشدی ئایه‌ته شه‌یتانییه‌کان بنووسێت، فه‌رووغ فه‌رووخزاد (ئایه‌ته زه‌وینییه‌کان)ی نووسیبوو. وه‌ک چۆن ئایه‌ته ئاسمانییه‌کان به نه‌مریی ده‌مێننه‌وه، فه‌رووغ فه‌رووخزادیش خه‌ونی به نه‌مریییه‌وه ده‌بینی، ئه‌وه بۆیه شیعری خۆی ناو نابوو، ئایه‌ته زه‌وینییه‌کان. هه‌ر کارێک بکه‌وێته خانه‌ی داهێنانه‌وه، زاده‌ی خه‌باته له پێناوی مانه‌وه‌دا و فاکته‌ری سه‌ره‌کی له دوای هه‌موو داهێنانێکه‌وه، تێکۆشانه بۆ سه‌لماندن و به‌رده‌وامیدان به خودی داهێنه‌ره‌که‌ی، ئه‌وه نییه فه‌رووغ فه‌رووخزاد به هۆی شیعره‌کانییه‌وه که داهێنان بوون، تا ئێستایش له‌نیوماندا ده‌ژی.
وه‌ره ئه‌ی پیاو،
وه‌ره ئه‌ی بوونه‌وه‌ری خۆپه‌رست!
ده‌رگه‌ی قه‌فه‌زم بکه‌وه!
با به‌ره‌و ئاسمانی ڕوونی شیعر بفڕ‌م.
فه‌رووغ فه‌رووخزاد به زمانێکی ڕۆژانه و ئاسان و خۆڕسک ده‌ینووسی، به زمانێک و به شێوازێک ده‌هاته گۆ، خوێنه‌ران وایان هه‌ست ده‌کرد، له‌بری وان قسان ده‌کات. فه‌رووغ فه‌رووخزاد ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی له نیما یوشیج (1895 _ 1960) دا سه‌رنجی ڕاده‌کێشام، ئه‌وه‌بوو، ده‌یتوانی هه‌موو ئاڵۆزییه‌کانی ژیان و پرسیاره سه‌خته‌کانی، به شێوازێکی ئاسان ده‌رببڕێت، من له‌وه‌وه فێری هونه‌ری ده‌ربڕین به شێوازێکی ئاسان بووم. که نیما یوشیجم ده‌خوێنده‌وه، وام هه‌ست ده‌کرد له‌گه‌ڵ ئینسانێکدا ڕووبه‌ڕوو بوومه‌ته‌وه، نه‌ک له‌ته‌ک کۆمه‌ڵێک سۆزی ڕووکه‌ش و هه‌ندێک وشه‌ی پووچدا.
ڕه‌نگه ژیان
شه‌قامێکی زۆر درێژ بێ
هه‌موو ڕۆژێ
ژنێکی زه‌نبیل به ده‌ستی
پیا تێپه‌ڕێ.
(له‌دایکبوونێکی دیکه)(2) که به (ئیبراهیم گولستان)ی پێشکه‌ش کردووه، ناودارترین شیعری فه‌رووغ فه‌رووخزاده. ژیانی ئه‌و خانمه‌شاعیره گۆمێک بوو هێمن، ئیبراهیم گولستانی هونه‌رمه‌ند که ژن و منداڵیشی هه‌بوو، وه‌ک گابه‌ردێک که‌وته گۆمی ژیانییه‌وه و هه‌ژاندی. هه‌رچه‌نده له کۆمه‌ڵی بابسالاریدا، ژن هه‌میشه له‌ژێره‌وه‌یه، فه‌رووغ فه‌رووخزاد خه‌ونی به‌وه‌وه ده‌بینی: (مه‌ست به شه‌رابی سوور، له‌سه‌ر سنگی پیاو ئارام بگرێت.) یان ده‌یگوت:
ده‌شێ ژیان
پێکردنی سیگارێ بێ
که له پشووی نێوانی دوو
ئاوێزانبووندا ده‌یکێشین.
به درێژایی مێژووی شیعری فارسی، ته‌نیا ئه‌وه پیاو بوو، مافی نووسینی شیعری ئه‌وینداریی هه‌بوو، فه‌رووغ فه‌رووخزاد ئه‌و تابووه‌ی شکاند و ڕاستگۆیانه و به ڕاشکاوی، هه‌ستی خۆی وه‌ک ژنێکی ئه‌ویندار، به شیعر ده‌ربڕی. پێش فه‌رووغ فه‌رووخزاد ئه‌ده‌بی فارسی ژنی دیکه‌ی به خۆیه‌وه دیتبوو، وه‌لێ شیعری وان، هه‌ر له شیعری پیاوان ده‌چوو. فه‌رووغ فه‌رووخزاد وێڕای نووسینی شیعر، خه‌ریکی نواندنیش بوو، به‌ڵام مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا، نه له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆ، نه له‌سه‌ر شانۆی ژیان، ڕۆڵی جان دارک وازی بکات. بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی خۆکوشتنی سادق هیدایه‌ت (ئه‌پریل 1951 پاریس) چ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بوو، هه‌واڵی به ڕووداوی ترافیک مردنی، فه‌رووغ فه‌رووخزادیش هه‌مان ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو.
بێجگه له وشه‌ی نه‌گوتراو
بێده‌نگی، هیچی دی نییه.
فه‌رووغ فه‌رووخزاد به هۆی بوێری، ڕاستگۆیی و ئه‌و پێوه‌ندییه (قاجاخ)ه‌ی که هه‌شت ساڵ له‌گه‌ڵ ئیبراهیم گولستاندا هه‌یبوو، تا له ژیاندا بوو، زووزوو ده‌بووه نیشانه، بۆ تیری ڕه‌خنه‌ی ناڕه‌وا، وه‌لێ که کۆچی دوایی کرد، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یشی له سه‌روه‌ختی ژیانیدا، سه‌نگه‌ریان لێ گرتبوو، ده‌ستیان کرد به هۆنینه‌وه‌ی شیوه‌ننامه و سینگ‌کوتان بۆی. زۆر بوون ئه‌وانه‌ی سه‌رقاڵی قوتکردنه‌وه‌ی کۆسپ بوون له به‌رده‌میدا، که‌م نه‌بوون ئه‌وانه‌ی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون، باڵه‌کانی ببه‌ستن، وه‌لێ فه‌رووغ فه‌رووخزاد ژنێکی هێنده بوێر بوو، تا دوا لێدانی دڵه گه‌رمه‌که‌ی له فڕین نه‌که‌وت.(3)
18/1/2008
(1) ڕێلکه.
(2) کۆشیعرێکی له‌تیف هه‌ڵمه‌تیش نزیکه‌ی هه‌مان ناوی هه‌یه: ئاماده‌بوون بۆ له‌دایکبوونێکی تر.
(3) مایکل هلمان، إمرأة وحیدة، فروغ فروخزاد وأشعارها، ترجمة: بولس سروع، مراجعة: أ. د. فکتور الکک، المجلس الوطني للثقافة والفنوون، أکتوبر 2007 الکویت.