که ته‌رم بکوژ ده‌ناسێته‌وه
May 2, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن
یان مه‌نووسه! یان بۆ نووسین مۆڵه‌ت له که‌س مه‌خوازه!له هه‌زار و یه‌کشه‌وه‌دا، ژن له پێناوی مانه‌وه‌دا، ئاماده‌یه ده‌ست له ئازادیی خۆی هه‌ڵبگرێت و به که‌نیزه‌کی قایل ببێت. شه‌هره‌زاد ژنان فێری ملکه‌چی ده‌کات، فێریان ده‌کات هه‌موو هیوایان له ڕازیکردنی پیاودا کۆ ببێته‌وه و هه‌موو توانایان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته وه‌گه‌ڕ بخه‌ن، ئه‌مه‌یش جۆرێکه له کوشتنی خودی ژن و هیچی که‌متر نییه، له‌و قه‌سابخانه‌یه‌ی شه‌هریار بۆ ژنانی دانابوو. له هه‌زار و یه‌کشه‌وه‌دا، ئه‌وه‌ی ژنی ئازاد، به ده‌ست تێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ پیاوی کۆیله‌دا، تۆڵه له مێردی ناپاک ده‌کاته‌وه، ئاماژه نییه بۆ ئه‌وه‌ی، ژن هه‌ر به‌رکار نییه، بکه‌ریشه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یش هه‌ر سووک سه‌رنجدانی ژنه.
تێزێک هه‌یه، ده‌ڵێت: (شیعر مێیه، جا چ ژن بینووسێت، چ پیاو،) به‌ڵام چونکه له سایه‌ی بابسالاریدا، واقیع کۆمه‌ک به‌وه ناکات، ژن ئازادانه بنووسێت، چونکه مێ بۆی نالوێت تابووی سانسۆری کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری زاڵ بشکێنێت، بۆیه زۆر جار ناچار ده‌بێت، نێرئاسا بدوێت. نووسینی شیعر که جۆرێکه له نووسینه‌وه‌ی بیۆگرافیا، تێیدا مێ بواری ئه‌وه‌ی بۆ ناڕه‌خسێت، چی له ناخیدا هه‌یه، ده‌ری ببڕێت و ددان به هه‌موو شتێکدا بنێت، بیۆگرافیایش ئه‌گه‌ر درکاندنی نهێنییه‌کانی تێدا نه‌بێت، ئه‌گه‌ر لایه‌نه شاراوه‌کانی تێدا نه‌خرێته ڕوو، له سه‌ره‌کیترین ڕه‌گه‌زی خۆی که ڕاستگۆییه، بێبه‌ش ده‌بێت.
بریا وه‌کوو )
کێشکه له دایک بوومایه،
ئاخر کێشکه
هه‌ر که فێری فڕین ده‌بێ،
ژین به کۆچ و به جریوه
به‌سه‌ر ده‌با.
دڵێک له‌نێو سینگمدایه
له دڵی چۆله‌که ده‌چێ،
به‌ڵام حه‌یفێ،
توانای هه‌ڵفڕینم نییه،
لای ئێمه کێشکه نافڕێ،
له قه‌فه‌زدا به‌خێو ده‌کرێ،
هه‌ر پیاوێ بچێته داوای
ده‌سبه‌جێ پێشکه‌شی ده‌کرێ.
کێشکه‌یه‌کم،
پیاو باڵه‌کانی شکاندووم،
خوڕ خوڕ ده‌گریم
بۆ ته‌مه‌نی به‌فیڕۆ چووم،
تازه، فێری یاخیبوون بووم،
تازه‌کی بڕیارم داوه،
ئیدی نابێ،
ئه‌م زیندانه ماڵی من بێ،
ئیدی نابێ،
ئه‌م سه‌ججانه
هاوسه‌ری ژیانی من بێ،
ئیدی ده‌بێ،
ژین به کۆچ و به جریوه
به‌سه‌ر ببه‌م،
به‌ڵام ده‌ترسم دره‌نگ بێ،
پێ ڕانه‌گه‌م!)(1)
ڕه‌نگه نه‌توانم پێناسه‌ی شیعری ژنانه بکه‌م، به‌ڵام ده‌زانم شیعری ژنانه کامه‌یه، ئه‌وه‌ی خوێندتانه‌وه، شیعرێکه پڕ به مانای وشه‌که، ژنانه. شیعری ژنانه، نه شیوه‌ن و لاواندنه‌وه‌یه بۆ مه‌رگی ئازیز، نه ده‌ربڕینی داخ و حه‌سره‌ته بۆ دووریی دڵدار، نه ئه‌وه‌یشه باسی فریوخواردنی مێ و ناپاکیکردنی نێر ده‌کات، ده‌قێکه مێ ده‌ینووسێت و له گوته‌ی جوانی ناخی ژن ده‌چێت، ژنێک عه‌وداڵی گه‌ڕانه به دوای خودی خۆیدا، ژنێک ڕاشکاوانه، له دابونه‌ریتی باوی نێرسالار یاخی ده‌بێت، ژنێک ڕاستگۆیانه ئه‌زموونی خۆی ده‌گێڕێته‌وه و تێکستێک ده‌نووسێت ده‌که‌وێته خانه‌ی (ئه‌ده‌بی ددانپێدانان)ه‌وه.
له ئه‌ده‌بی ئه‌ورووپاییدا ژانرێکی ئه‌ده‌بی هه‌یه، ئه‌ده‌بی ددانپێدانانی پێ ده‌ڵێن، له‌وه‌ی قه‌شه ئۆگستین، جان جاک ڕوسۆ، ئۆسکار وایه‌ڵد و جان جینێ، پێی به‌ناوبانگن. ڕه‌نگه ئه‌و جۆره ئه‌ده‌به، پێوه‌ندیی به کولتووری ددانپێدانانی کریستیانه‌کانه‌وه هه‌بێت، که له که‌نیسه له‌سه‌ر کورسییه‌ک داده‌نیشن، به مه‌به‌ستی پاکژکردنه‌وه‌ی ناخیان و ئاسووده‌کردنی ویژدانیان، نهێنییه‌کانیان بۆ قه‌شه ده‌درکێنن. ئه‌ده‌بی ددانپێدانان جیاوازه له نووسینه‌وه‌ی بیۆگرافیا، بیره‌وه‌ری، نامه‌ی تایبه‌تی و سه‌فه‌رنامه. به‌شێک له نووسینه‌کانی ئه‌لته‌ییب ساڵح و مه‌حه‌ممه‌د زه‌فزاف، سه‌ر به ئه‌ده‌بی ددانپێدانانن. له خۆرهه‌ڵات چونکه سانسۆرێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌خت هه‌یه، ئه‌ده‌بی ددانپێدانان، بۆ پیاویش، چ جای ژن، ده‌بێته مایه‌ی ڕیسوایی. ئه‌حلام موسته‌غانمی و جومانه حه‌دداد، دوو خاتوونه‌نووسه‌ری عه‌ره‌بن، بوێرانه له‌ڕێی ده‌قی هونه‌رییه‌وه، ددانیان به ئه‌زموونی ژیانی خۆیاندا ناوه.
ئێستا ژنێکی هه‌ڵاتووم له پرچی خۆم،
ڕه‌دووی سیگارێک ده‌که‌وم
بۆنی تۆم بیر ده‌خاته‌وه. (چنوور نامیق)
*
ده‌مێ له ئامێزم ده‌گریت
هێنده‌ی دیکه
ڕۆحی گرینۆکم ساوا ده‌بێته‌وه. (چنار نامیق)
*
ده وه‌ره با
گه‌ڵا ته‌ڕه‌کانی لێوت ڕابمووسم! (شنۆ ئه‌حمه‌د غه‌فوور)
سانسۆرێک هه‌یه، سانسۆری خودی پێ ده‌ڵێن، سانسۆری نێو خودی خۆمان، له سانسۆری کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی و سیاسییش سته‌مکارتره. ژن تا سانسۆری نێو خودی خۆی نه‌کوژێت، نایشتوانێت سانسۆره‌کانی دیکه پشتگوێ بخات، نایشتوانێت ده‌رگه‌ی ده‌روونی بخاته سه‌ر پشت. به چی ده‌چێت بنووسین، وه‌لێ پێشه‌کی به مه‌قه‌ستی ده‌ستی دێوی سانسۆره‌که‌ی نێو خودی خۆمان، باڵی مه‌لی وشه‌کانمان قرتاندبێت؟ با نه‌نووسین، یان که نووسیمان، با لێ گه‌ڕێین، خۆڕسکانه وشه‌کانمان له شه‌ققه‌ی باڵ بده‌ن و هه‌موو ئاسمانی به‌رین له‌به‌رده‌م فڕینیاندا ئاوه‌ڵا بێت. ژن به زه‌بری ئه‌وه‌ی له پیاو هه‌ستناکتره، ئه‌گه‌ر ترسی سانسۆری له دڵدا نه‌بێت، له پیاو خۆڕسکانه‌تر و ڕاستگۆیانه‌تر، ده‌په‌یڤێت و ده‌نووسێت.
ژن ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی شتی نه‌گوتراو بڵێت، ئه‌گه‌ر نه‌یوێرا ڕاستگۆیانه ژیاننامه‌ی خۆی بنووسێته‌وه، ئه‌گه‌ر شیعری هیچ پێوه‌ندیی به ژیانییه‌وه نه‌بوو، ئه‌گه‌ر هه‌ر کۆیله‌ی کۆته ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بوو، ئه‌گه‌ر شیعری وه‌ک به‌رهه‌می فه‌رووغی فه‌رووغزاد، غاده سه‌ممان و جومانه حه‌دداد، له ه‌ی ژن نه‌ده‌چوو، وا باشتره بێده‌نگ بێت، ئاخر شیعر ده‌بێت هه‌ڵگری پێناسه‌ی شاعیره‌که‌ی بێت، ئاخر خاتوونه شاعیر، نابێت خۆی پێ په‌پووله بێت و وای بۆ بچێت هه‌ر له ئاگر نزیک بووه‌وه، ده‌ستبه‌جێ ده‌سووتێت، ده‌بێت چاونه‌ترسانه گه‌مه به ئاگر بکات.
*
مه‌حه‌ممه‌د شوکری، نووسه‌ری ڕۆمانی (ته‌نیا به نانی ڕووت،) وه‌ک نووسین بابسالاریی ڕه‌ت ده‌کرده‌وه، وه‌لێ له ژیانی ڕۆژانه‌یدا وه‌ک خێڵه‌کییه‌کی توندڕۆ ڕه‌وتاری ده‌کرد. تاهیر بن جه‌للون ده‌ڵێت: (شوکری پێوه‌ندیی به کچێکی گه‌نجه‌وه هه‌بوو، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵیدا زۆر خراپ بوو، که له‌به‌ر چاوی من، سووکایه‌تیی پێ ده‌کرد، پێی ده‌گوتم: پێویسته له‌گه‌ڵ ژن‌دا هه‌ڵسوکه‌وتمان وا توند بێت، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیاندا دلۆڤان بین، سواری سه‌رمان ده‌بن، من چاکیان ده‌ناسم.) له سایه‌ی بابسالاریدا، به گشتی له ناخی هه‌ر پیاوێکدا سته‌مکارێک ده‌ژی، ئه‌گه‌ر نا ڕۆماننووسێکی سته‌مدیده، نه‌ده‌بوو سته‌م له ژن بکات. چنوور نامیق ده‌ڵێت:
پیاوێ له نه‌سلی جانه‌وه‌ر،
پیاوێ به عورفی دارستان
پشکی شێری به‌ر که‌وتووه،
ده‌یه‌وێ به ناو گوڵزاری شیعری مندا
پیاسه بکات.
ئه‌وی ساڵانێکی دوورودرێژ فه‌رمانڕه‌وا ده‌بێت، ئیدی ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات ببێت، ئاخر وه‌ک که‌سێکی به‌سه‌ر دێت، ئالووده‌ی مادده‌یه‌کی هۆشبه‌ر بووبێت. ده‌سه‌ڵاتیش وه‌ک مادده‌یه‌کی هۆشبه‌ر، عه‌قڵ ده‌بات و وا له سته‌مکار که ئینسانه ده‌کات، خۆی لێ ببێت به خواده‌وه‌ند، به درێژایی مێژوویش، ئه‌و (ئینسان)ه‌ی خۆی لێ بووبێت به (خواده‌وه‌ند،) وه‌ک (ئاژه‌ڵ) هه‌ڵسوکه‌وتی کردووه و ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ویژدان له ده‌ستی داوه، بۆیه ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ترین تاوانیشی کردبێت، ویژدانی شک نه‌بردووه، تا ئازاری بدات. له‌و شیعره‌یشدا پیاوێک که ڕاهاتووه سته‌م له ژن بکات و ژن به کۆیله‌ی خۆی بزانێت، ئه‌وه‌تا ده‌بێته جانه‌وه‌ر و دڕنده‌ی دارستان. له سایه‌ی بابسالاریدا، وه‌ک چنوور نامیق شاعیرانه ده‌ری بڕیوه، پیاو کۆڵۆنیالیسته و ژن کۆلۆنی، پیاو سپیپێستێکی داگیرکاره و ژنیش هیندییه‌کی سوور. کاره‌سات ئه‌وه‌یه، ئه‌و زوڵمه‌ی له ژن ده‌کرێت، ببێته به‌شێک له دابونه‌ریت و وه‌ک شتێکی نه‌گۆڕ و جێگیر، سه‌رنجی بدرێت.
شوێن ئاسمانه ده‌یمه‌کانی عیشقت که‌وتم
تۆش خه‌ونێکی ئاده‌می بوویت،
سێوی حه‌رامی سینگمت لێ کرده‌وه.
لای نیتشه ژن زینده‌وه‌رێکی نزم و لاوازی کزعه‌قڵه، لایه‌نی باشی ئه‌وه‌یه، چێژ به پیاو ده‌به‌خشێت. شیعری ژنانه، شیعرێکه ژن ده‌ینووسێت و باس له خود و له کێشه‌ی ژن ده‌کات و له ڕوانگه‌یه‌کی نوێ و به هۆشیارییه‌کی جیاواز له تێڕوانینی نێرانه‌وه، هه‌وڵی له‌قاندنی شته جێگیره‌کان ده‌دات. چنوور نامیق به شیعر به گژ ئه‌و بۆچوونانه‌دا ده‌چێته‌وه که ژن نزم ده‌بینن و ته‌نیا وه‌ک جه‌سته سه‌رنجی ده‌ده‌ن، جه‌سته‌یه‌کی بێ ئاوه‌ز که ئه‌رکی دامرکاندنه‌وه‌ی ئاڵۆشی پیاوه. ئه‌و به گژ ئه‌و تێزه‌دا ده‌چێته‌وه که وه‌ک ئینسان نا، وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی لاوازی هه‌ستناک سه‌یری مێ ده‌کات. چنوور نامیق لێزانانه وشه‌ی (ده‌یم)ی که تایبه‌ته به‌و زه‌وییانه‌ی پشت به باران ده‌به‌ستن، له جێی خۆی هه‌ڵکه‌ندووه، وه‌پاڵ (ئاسمان)ی داوه و چونکه له ڕێی به‌گه‌ڕخستنی فانتازیاوه، مامه‌ڵه‌یه‌کی تازه‌یشی له‌گه‌ڵ به‌سه‌رهاتی (ئاده‌م و حه‌وا)دا کردووه، وزه‌ی نوێی له‌و ئه‌فسانه‌یه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه.
سه‌فه‌ر له منه‌وه فێربوو
خه‌ونی هه‌ور بکاته ماڵ،
عیشق له منه‌وه فێر بوو
گوێ بدا به وانه‌ی خه‌یاڵ.
یان شیعر مه‌نووسه، یان ده‌بێت ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت، شیعرێک بێت جیاواز له‌وه‌ی هه‌یه، شیعرێک بۆ خوێنه‌ر وه‌کوو کوتوپڕی وابێت، شیعرێک بێت فرێش، له خواردنی نێو شووشه و قوتوو نه‌چێت، شیعرێک که دووه‌م جاریش ده‌یخوێنینه‌وه، شتی نوێی تێدا ببینینه‌وه، شیعرێک هێنده خۆڕسکانه نووسرابێت، هێنده پاکژ بێت، هه‌ر له ڕه‌وتاری منداڵ بچێت. شیعرێک دوور له گێڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و درێژدادڕی، شیعرێکی چڕی به تاقه وشه‌یه‌کی زیاد بار نه‌کراو. شیعرێک بنووسه گیرۆده‌ی ده‌ستی ئێرۆتیکا نه‌بێت و په‌یامه‌که‌ی له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌کانی جه‌سته‌دا خه‌ست نه‌بووبێته‌وه، شیعرێک باس له ڕۆحێکی تینوو بکات، نه‌ک جه‌سته‌یه‌کی برسی، شیعرێک بێت گه‌رموگوڕ و ئینسانی.(2) ئه‌گه‌ر بڵێم، له‌و کورته‌شیعره‌ی چنوور نامیقدا، هه‌ست به هه‌بوونی هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه ده‌که‌م، پێم وایه له ڕاستی لام نه‌داوه.
*
ده‌ڵێن شاعیران شێتن، ئاخر ئه‌سته‌مه به ئه‌زموونی شێتی‌دا تێنه‌په‌ڕین و ببین به شاعیرێکی ڕاسته‌قینه. شاعیران هه‌ر شێت نین، پیرۆزیشن، یان له‌و جۆره شێتانه‌ن پێوه‌ندییان به پیرۆزییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه نییه له ڕێگه‌ی ئیلهامه‌وه داهێنان تۆمار ده‌که‌ن؟ ئه‌دی ئیلهام شتێک نییه وه‌ک سرووش؟ هه‌ندێک ده‌ڵێن: بڕوابوون به‌وه‌ی ئیلهام سه‌رچاوه‌ی شیعره، وه‌همه و هیچی تر. ئه‌وه‌ی که هۆڵده‌رلین شێت بوو یان نا؟ جێگه‌ی مشتومڕه، به‌ڵام جیرار دی نیرڤاڵ زۆری هه‌وڵ دا و نه‌یتوانی بیسه‌لمێنێت شێت نییه. یاکۆب رۆگۆزینسکی ده‌ڵێت: (له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا به شاعیری شێتیان ده‌گوت: پاسه‌وانی مه‌عریفه‌ی نهێنی، ئاخر له ڕێی ده‌ستێکی نهێنییه‌وه که پێی ده‌گوترا ئیلهام، حه‌قیقه‌تی بۆ ڕه‌وانه ده‌کرا.)
من و نیشتمان غوبارین
به شه‌قامه دڕکاوییه‌کانی گوماندا
گوزه‌ر ده‌که‌ین.
ئه‌وه‌ی که زوو زوو ده‌ڵێن، شاعیر منداڵه، ناتۆره نییه، پێداهه‌ڵگوتنه، ئاخر منداڵ ئینسانێکه له لوتکه‌ی پاکژیدا. شاعیر ئینسانێکه خۆی و نیشتمانه‌که‌ی ده‌بنه غوبار و به شه‌قامی دڕکاویی گوماندا پیاسه ده‌که‌ن. ئه‌و وێنه سوریالییه‌ی چنار نامیق، بۆیه سه‌رنجڕاکێشه، بۆیه شیعره، چونکه له‌وه ده‌چێت له هێلانه‌ی دڵی منداڵێکه‌وه له شه‌ققه‌ی باڵی دابێت، یان هه‌ر ده‌ڵێیت له غه‌یبه‌وه ئه‌و وشه جوانانه‌یان به گوێیدا چرپاندووه. چنار نامیق ته‌نیا دیالۆگ له‌گه‌ڵ واقیعدا ناکات، له‌گه‌ڵ زمانیشدا که‌وتووه‌ته گوتوبێژه‌وه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، به زمانێکی جیاواز، له ڕێی خوێندنه‌وه‌ی کرۆکی شاراوه‌ی واقیعه‌وه، پێشبینیی داهاتوو بکات.
سوسێر ده‌ڵێت: (مانا شتێک نییه، به هۆی زمانه‌وه ده‌ری ببڕین، مانا شتێکه زمان به‌رهه‌می ده‌هێنێت.) که‌واته هه‌ندێک مانا له کن مه نییه، تا بچین به‌رگی زمانیان له‌به‌ر بکه‌ین، به‌ڵکوو مانا، زاده‌ی زمانه و هه‌ر به هۆی زمانه‌وه له دنیا تێده‌گه‌ین. ئه‌وه‌ی کولتوورێک، یان شێوازی ژیانی گرووپێک نیشان ده‌دات، زمانه. ته‌نانه‌ت ئینسان به هۆی زمانه‌وه ده‌توانێت له واقیعێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریکراودا بژی. ئه‌وه وه‌همه، ئه‌گه‌ر پێمان وا بێت، زمان هۆکارێکه بۆ له یه‌کدی گه‌ییشتن و هیچی دیکه. ئه‌وه‌ی وا ده‌کات، فڵانه نووسینیش شیعر بێت، زمانه. شاعیری گه‌وره، نه‌ک هه‌ر به‌سه‌ر زماندا زاڵ ده‌بێت، به‌ڵکوو داهێنانیشی تێدا ده‌کات، جۆنسان هۆپ ده‌ڵێت: شه‌کسپیر له (هاملێت)دا، گه‌مه به ڕێزمانی ئینگلیزی ده‌کات، ڕیزبه‌ندیی بکه‌ر، کار و به‌رکار تێک ده‌دات. که له (هه‌نریی پێنجه‌م)دا، ئاوه‌ڵناوی شکۆمه‌ند ده‌داته پاڵ ئه‌سپ، پێشتر له زمانی ئینگلیزی‌دا که‌س شتی وه‌های نه‌گوتبوو.
لێره تا گوڵێ ده‌پشکوێ
ده‌یان دارچناری سه‌وز
پرچه‌کانیان با ده‌یڕنێ.
سه‌رنج بده‌ن چنار نامیق ڕێزبه‌ندیی بکه‌ر و به‌رکاری ڕه‌چاو نه‌کردووه، به‌رکاری بۆ شوێنی بکه‌ر هێناوه، (با) که بکه‌ره، ده‌بوو بکه‌وێته پێش (پرچه‌کانی ده‌یان دارچناری سه‌وز)ه‌وه، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌م جێگۆڕکێیه که جۆرێکه له ئه‌زموونگه‌ری، خزمه‌تی به جوانترکردنی زمانی شیعره‌که کردووه. ئه‌زموونگه‌ری که ده‌رچوونه له بازنه داخراوه‌کان، ڕێسا نه‌گۆڕه‌کان و تێزه دێرینه‌کان، بۆ شاعیر یان داهێنه‌ر له هه‌ر بوارێکی دیکه‌دا، پێویستی به هۆشیارییه‌کی قووڵ هه‌یه. ڕه‌نگه ئه‌زموونگه‌ری له شیعردا، سه‌ره‌تا بواری زمان بگرێته‌وه، دواتر بگاته شێوازی نووسین و دنیابینی. ئه‌وی شتێکی نوێ پێشنیار بکات، جێپه‌نجه‌یه‌ک جێ بهێڵێت، شتێکی جیاواز بخاته سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌بووه و ده‌نگێکی تایبه‌تی بێت نه‌ک ده‌نگدانه‌وه، به‌رهه‌می ده‌که‌وێته خانه‌ی ئه‌زموونگه‌رییه‌وه. شاعیری ئه‌زموونگه‌ر له‌بری ئه‌وه‌ی شیعری شۆڕشگێرانه بڵێت، شۆڕشێک له شیعردا به‌رپا ده‌کات، وه‌ک گۆران کردی، له‌بری ئه‌وه‌ی شیعر بۆ ئازادی بڵێت، شیعر له کۆت و پێوه‌نده دێرینه‌کان ئازاد ده‌کات. دیاره شاعیری ئه‌زموونگه‌ر ده‌توانێت به شیعری نوێ و ئازاد، باسی شۆڕش و ئازادی و هه‌ر چی بخوازێت، بکات.(3)
هل تحممت بعطر وتنشفت بنور؟
وشربت الفجر خمرا في كوؤس من أثير؟
که جوبران خه‌لیل جوبران ده‌ڵێت: (هل تحممت بعطر؟) ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێ ده‌گیرێت که إستحمام دروسته، تحمم هه‌ڵه‌یه، میخائیل نه‌عیمه، له وه‌ڵامی ئه‌و تێبینییه‌دا ده‌نووسێت: (إستحمام ڕاسته، به‌ڵام تحمم جوانتره.)
له ئاسمانی چاوته‌وه ئه‌وین ده‌بارێ
لێم گه‌ڕێ با
له‌دوای هه‌ڵوه‌رین بپشکوێم.
وه‌ک لۆگیک، گوڵ که هه‌ڵوه‌ری، ئیدی ناپشکوێت، به‌ڵام له‌و کۆپله‌شیعره‌ی چنار نامیقدا، هیچ هه‌ڵه‌یه‌ک ڕووی نه‌داوه، ئاخر له ئاسمانی چاوی خۆشه‌ویسته‌که‌یه‌وه ئه‌وین ده‌بارێت و ئه‌وینیش له توانایدا هه‌یه، مه‌حاڵ که‌وی بکات. لایه‌نی تایبه‌تیی شیعری ژن، چونکه زاده‌ی واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تییه، نه‌ک ته‌کنیکی نووسین، بۆیه له‌گه‌ڵ گۆڕانی واقیعدا، ده‌گۆڕێت. له کۆمه‌ڵگه‌ی بابسالاریدا، ژن ئینسان نییه، جه‌سته‌یه‌که یان دروستتر ئامێرێکه بۆ چێژ لێ وه‌رگرتن. ژن له ڕێی شیعره‌وه، دژ به‌و تێڕوانینه نائینسانییه، دێت هه‌بوونی خۆی وه‌ک ئینسانێک ده‌سه‌لمێنێت و وه‌ک مێیه‌ک هه‌وڵ ده‌دات، هاوسه‌نگییه‌ک له نێوان جه‌سته و خودی خۆیدا بهێنێته گۆڕێ. ژن که شیعر ده‌نووسێت، دێت به قه‌ڵه‌مێکی مێیینه، وێنه‌ی خۆی ده‌کێشێت، وێنه‌یه‌کی جیاواز له‌وه‌ی نێر بۆی کێشاوه. جیاوازیی نێوان شیعری ژن و پیاو، زاده‌ی جیاوازیی بیۆلۆژیایی نێوان مێ و نێر نییه، به‌ڵکوو کولتووری زاڵ و باری ده‌روونیی کارێک ده‌که‌ن، تێڕوانینی ژن له هیی پیاو جیاواز بێت.(4)
دره‌خت ئه‌گه‌ر عاشق نه‌بێت
چۆن به ده‌م شنه‌یه‌که‌وه
سه‌ما ده‌کا!
شه‌ونم ئاسا،
ده‌ڕژێمه سه‌ر لێوه‌کانت،
دره‌ختانه،
گه‌ڵای زه‌رده‌خه‌نه ده‌گری.
ستانسلاڤ جیرۆزیلیک ده‌ڵێت: (ئه‌ی شاعیران به مه‌ره‌که‌ب نا، به خوێن بنووسن، به‌ڵام به خوێنی که‌سانی دیکه نا.) وا هه‌ست ده‌که‌م چنار نامیق، ئه‌و شیعره‌ی به خوێنی خۆی نووسیبێت، به خوێنی خۆ نووسین، ئه‌وه نییه، سه‌روه‌ختی شیعرنووسین، خامه به خوێنی خۆمان ته‌ڕ بکه‌ین، ئه‌وه‌یه ڕاستگۆ و ڕاشکاو بین. وه‌ک چۆن (ئینسانخۆر، مافی ئه‌وه‌ی نییه، به ناوی ئه‌وانه‌وه بدوێت که خواردوونی،) به خوێنی خۆ نووسین ئه‌وه‌یشه، پیاو مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێت له‌بری ژن بپه‌یڤێت.
*
ئه‌وه سه‌رده‌می به‌سه‌ر چوو که ده‌یانگوت: به‌رهه‌می فڵان شاعیر، ئه‌گه‌ر ناوی خۆیشی پێوه نه‌بێت، به ئاسانی ده‌یناسینه‌وه، ئاخر شاعیری داهێنه‌ر، به‌رده‌وام ده‌بێت ئه‌زموونی جیاواز پێشکه‌ش بکات، هێنده جیاواز که ناسینه‌وه‌ی کارێکی دژوار بێت و سه‌ره‌تا دژایه‌تیی بکرێت و دواتر هێدی هێدی ددانی پێدا بنرێت. شاعیری داهێنه‌ر ته‌نانه‌ت ده‌بێت، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یش بکات، له ژیانیدا ددان به تواناکانیدا نه‌نرێت و وه‌ک کۆڵۆنێله پیره‌که‌ی مارکیز، هه‌رگیز نامه‌یه‌کی ڕێزلێنانی له هیچ که‌س و لایه‌نێکه‌وه به ده‌ست نه‌گات و به‌و داخه‌وه سه‌ر بنێته‌وه. مارکیز هه‌رچه‌نده هه‌وڵی بۆ دا، به‌ڵام نه‌بوو به شاعیر، وه‌لێ هه‌ر ڕۆمانێکی بگریت له شیعر ته‌ژییه، ئه‌وه نییه گوندێک که زاده‌ی خه‌یاڵی خۆیه‌تی، وه‌ک سیحرمان لێ کرابێت، وا هه‌ست ده‌که‌ین گوندێکی ڕاسته‌قینه‌یه و بڕوا به‌وه ده‌که‌ین، دانیشتووانه‌که‌ی توانای فڕینیان هه‌بێت و چی ئه‌فسانه‌مان پێ ده‌فرۆشێت، ئاماده‌ین به نرخی واقیع لێی بکڕین.
جیاوازیی له نێوان شاعیر و شاعیرۆکه‌دا چییه؟ یه‌که‌میان توانای ئه‌وه‌یه هه‌یه، له کورتی بیبڕێته‌وه و له ڕێی چه‌ندان جار دڵۆپاندنه‌وه، له چڕترین و پاکژترین فۆرمدا، ئه‌وه‌ی ده‌خوازێت، بیگه‌یه‌نێت، وه‌لێ دووه‌میان هیچ ئاشنایه‌تییه‌کی له هونه‌ری نووسینی شیعردا نییه و شتێکی نه‌ژنه‌فتووگه، ناوی به چڕی نووسین یان کورت‌بڕی بێت. شاعیر بڕوای به که‌ویکردنی شیعر نییه، شیعر له سنووری بازنه‌یه‌کدا قه‌تیس ناکات و له‌گه‌ڵ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی دیواری نێوان ژانره‌کاندایه. شاعیر که‌سێکه داهێنه‌ر، ناچاره شتی جیاواز بڵێت، شتی جیاواز بخاته سه‌ر خه‌رمانی شیعر، شتی نوێ بڵێت و له‌گه‌ڵ گوتنی هه‌ر شیعرێکی تازه‌دا، خوێنه‌ر دووچاری سه‌رسوڕمان بکات.
متمانه‌یه‌کی فریوده‌رانه
حه‌رفی ژه‌نگاوی سه‌وز ده‌کاته‌وه.
له شیعری کورت‌دا، پارادۆکس ڕۆڵێکی گرنگ وازی ده‌کات، ئاخر به‌وه‌ی شتێک ده‌ڵێت، چاوه‌ڕێی ناکه‌ین، تووشی حه‌په‌سانمان ده‌کات، ئه‌وه‌تا لای شنۆ ئه‌حمه‌د غه‌فوور متمانه که وه‌ک باوه ده‌بێت دڵنیا و ئاسووده‌مان بکات، که‌چی فریومان ده‌دات، حه‌رفی ژه‌نگاوی که ده‌بێت، به‌ره‌و مه‌رگ بڕوات، که‌چی سه‌وز ده‌بێته‌وه! وه‌گه‌ڕخستنی پارادۆکس وێڕای ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زێکی شیعرییه، ئاماژه‌یه‌کیشه بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر خه‌ریکی لاساییکردنه‌وه نییه، به‌ڵکوو سه‌رقاڵی شکاندنی ڕچه‌یه‌کی نوێیه.
ئه‌ی عیشق هێنده
من له بروسکه‌ت، نزیک که‌وتمه‌وه،
تا له‌بارم چوو، کۆرپه‌ی بێده‌نگی،
ئه‌وه‌نده حاشام، له ته‌نیایی کرد،
تا بوومه سێبه‌ر، بۆ قژی هه‌تاو.
لایه‌نێکی جوانی ئه‌و کۆپله‌یه بریتییه له‌وه‌ی، نزیکبوونه‌وه له بروسکه‌ی عیشق، کارێک ده‌کات، به‌سته‌ڵه‌کی بێده‌نگی بشکێنین و ڕازی دڵمان بدرکێنن. شنۆ ئه‌حمه‌د غه‌فوور ئه‌و ڕاستییه‌ی شاعیرانه، ناڕاسته‌وخۆ درکاندووه. (تا له‌بارم چوو کۆرپه‌ی بێده‌نگی،) ئه‌گه‌ر ناوی که‌سی له‌سه‌ر نه‌بێت، ڕه‌نگه بۆمان ساغ نه‌بێته‌وه، ئه‌و ڕسته شیعرییه هیی کام شاعیره، به‌ڵام ده‌زانین ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنینه‌وه، شیعرێکه ژنانه و ده‌زانین، بگۆ، (ژن)ێکی بوێری ڕاستگۆیه، ئه‌مه‌یش ڕه‌گه‌زێکی جوانی دیکه‌ی کۆپله‌که‌یه، وه‌لێ لوتکه‌ی جوانی له‌و شیعره‌دا ئه‌وه‌یه، (که به هۆی ته‌نیایییه‌وه ده‌بینه سێبه‌ر بۆ قژی هه‌تاو،) که دوو ته‌کنیکی تێدا وه‌گه‌ڕ خراوه، یه‌که‌میان ئه‌و (سه‌رپرایز)ه‌ی که به هۆی ته‌نیایییه‌وه ده‌بینه سێبه‌ر و دووه‌م ئه‌و (پارادۆکس)ه‌ی که نابینه سێبه‌ری به‌ردێک یان دارێک، به‌ڵکوو سێبه‌ری هه‌تاو.)
پۆلێ په‌پووله
وشه‌ی کوردی‌یان برد بۆ ماڵی خوا،
ئاسمان خه‌ڵاتی ئاشتیی پێ به‌خشین.
شنۆ ئه‌حمه‌د غه‌فوور که له ساڵی ئه‌نفالدا له گه‌رمیان، (1988 خورماتوو) له دایکێکی عه‌ره‌ب و باوکێکی کورد له دایک بووه و تا ته‌واوکردنی ئاماده‌یی، هه‌ر به عه‌ره‌بی خوێندوویه‌تی، واتا هه‌رچه‌نده هه‌م زمانی دایکی عه‌ره‌بییه و هه‌میش به عه‌ره‌بی خوێندوویه‌تی، که‌چی به کوردی ده‌نووسێت و وشه‌ی کوردی هێنده به پیرۆز ده‌زانێت، به په‌پووله‌دا بۆ ماڵی خودای ده‌نێرێت.
ده‌گه‌ڕێم به ڕووتی،
ڕۆحت داخه!
نه‌بادا شه‌رمی جه‌سته دامگرێ.
یارۆسلاڤ سیڤیریت ده‌ڵێت: (تا ژنم، به ڕووتی، نه‌دیبوو، موعجیزه، له کنم، وه‌هم بوو.) لای شنۆ ئه‌حمه‌د غه‌فوور (جه‌سته‌ی ڕووتی ژنێک، داوا له ڕۆحی پیاوێک ده‌کات، چاوی بنووقێنێت.) له‌م په‌یامه ژنانه‌یه‌دا، هه‌ست به کڵپه‌یه‌ک یان دره‌وشانه‌وه‌یه‌ک ده‌که‌ین، گه‌واهی له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییه شیعرییه ده‌دات که وشه‌کانی پێکه‌وه کۆ کردووه‌ته‌وه. شیعر بێ ئه‌و دره‌وشانه‌وه‌یه، که‌لێنی تێ ده‌که‌وێت و له گێڕانه‌وه‌یه‌کی ناشیعری نزیک ده‌بێته‌وه.
پێکه‌نین بارانێکه ڕووخسارم ده‌شواته‌وه.
وه‌ک چۆن به هۆی وه‌رزشه‌وه، له‌شمان جوان ده‌بێت، به هۆی پێکه‌نینیشه‌وه، ڕوومان جوان ده‌بێت و ده‌گه‌شێته‌وه، ئاخر پێکه‌نین وه‌رزشی ڕووخساره. شنۆ ئه‌حمه‌د غه‌فوور له‌و ڕاستییه زانستییه، وێنه‌یه‌کی شیعریی ئه‌فراندووه.
*
یوسف سائیغ هه‌ر ڕۆشنبیر نه‌بوو، دیارده‌یه‌کی ڕۆشنبیرییش بوو، ئاخر ڕۆماننووس، شاعیر، شێوه‌کار، شانۆنامه‌نووس، ڕه‌خنه‌گری شێوه‌کاری و گوتارنووسیش بوو. ئه‌و ئینسانه فره‌به‌هره‌یه، له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا به‌رده‌وام، خه‌ریکی داهێنان و به‌رهه‌مهێنانی شتی جیاواز بوو. ئایا ئه‌وی له شیعرنووسین به‌ولاوه، له هیچ بوارێکی دیکه‌ی ئه‌ده‌بیدا چالاک نه‌بووبێت، ده‌کرێت خۆی پێ شاعیرێکی مه‌زن بێت؟ هه‌قه ئه‌وانه‌ی له (شیعر)نووسین بترازێت، له هیچی دیکه نازانن، واز له نووسینی (شیعر)یش بهێنن، ئاخر ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن، ته‌نیا خۆیان به شیعری بزانن. شوکر ئه‌و سێ خانمه‌شاعیره کورده‌ی، له‌م باسه‌دا ناویان هاتووه، وێڕای شیعر، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، له بواری دیکه‌یشدا بوونی خۆیان بسه‌لمێنن.
4/4/2012
(1) (من أوراق إمرأة مختلفة) نووسه‌ره‌که‌ی بزره، به ده‌ستکارییه‌وه ته‌رجه‌مه‌م کردووه.
(2) شوقي بزیع، شعریة البراءة 2 ابریل 2012 الحیاة.
(3) شریف الشافعي، الشعر ثورة مستقلة 19 ینایر 2012 الإتحاد الثقافي.
(4) الدكتورة سهام أبو العمرين، خطاب الروائي النسوي، الهيئة العامة لقصور الثقافة 2012 القاهرة.
(5) چنوور نامیق، خه‌تام کرد دوای ئاده‌م که‌وتم، چاپخانه‌ی شڤان 2009 سلێمانی.
(6) چنار نامیق، کۆشیعر، ده‌زگای ئاراس 2006 هه‌ولێر.
(7) شنۆ ئه‌حمه‌د غه‌فوور، موسافیرێک له ئاو بێ ڕه‌نگتر، (ناوی چاپخانه‌ی له‌سه‌ر نییه) سه‌نته‌ری ڕۆنیا 2009 که‌رکووک.
(*) سوپاس بۆ هێژایان یوسف له‌تیف و عه‌بدولسه‌تتار جه‌باری که له نووسینی ئه‌م باسه‌دا، به په‌یداکردنی شیعری ئه‌و سێ خاتوونه شاعیره کورده‌ی، له‌م باسه‌دا به‌سه‌ر کراونه‌ته‌وه، کۆمه‌کیان کردم.