پێوه‌ندیی ڕۆشنبیر به ده‌سه‌ڵاته‌وه
April 24, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
کاریگه‌رترین چه‌ک، بۆ به‌گژدا چوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕییه. (داریۆ فۆ)که ده‌نووسم وه‌ک ئه‌وه وایه بکه‌ومه داوی دڵدارییه‌وه، دڵدارێک له ده‌ستپێکدا دڵبه‌ره‌که‌ی چه‌ند خۆش ده‌وێت، هه‌موو جارێک به هه‌مان هه‌ستی گه‌رمه‌وه ده‌ست به نووسین ده‌که‌م. هه‌رگیز له شوێنێکی نادیاره‌وه ئیلهامی نووسینم بۆ نه‌هاتووه، وه‌ک چۆن کۆرپه له هه‌ناوی دایکییه‌وه په‌یدا ده‌بێت، منیش نووسین له ناخمه‌وه له دایک ده‌بێت و پێشوازیییه‌کی گه‌رموگوڕی عاشقانه‌ی لێ ده‌که‌م.
نووسین به زمانێکی بارگاوی به کینه و زه‌بروزه‌نگ، کاتێک خۆی ده‌نوێنێت، بێین له‌بری ئه‌وه‌ی خاڵه لاوازه‌کانی نووسینێک دیاری بکه‌ین، هه‌موو نووسینه‌که به زبڵ بچوێنین. زمانی زبر، زمانێکه بڕوای به ئێمه و ئه‌وان هه‌یه، ئه‌وی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا نه‌بێت، وه‌ک خۆمان بیر نه‌کاته‌وه، هه‌ر چی بڵێت به هه‌ڵه‌ی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین، وه‌ک دوژمن سه‌رنجی ده‌ده‌ین و بێ یه‌کودوو ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه. ئه‌وه هه‌ر درێژه‌پیدانی ئه‌و تێزه‌یه که ده‌یگوت: (ئه‌گه‌ر نازانێت قسه‌ی چاک بکه‌یت، بێده‌نگ بیت، باشتره.) قسه‌ی چاک له‌وێدا، ئه‌و قسانه‌یه که له قازانجی ئێمه‌ن، ئه‌وی وه‌ک ئێمه بیر نه‌کاته‌وه، قسه‌کانی خراپن.(1)
سه‌روه‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م، تازه‌کی ده‌رسی کیمیا ده‌گاته لوبنان، مامۆستایه‌ک چونکه له‌سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌شه‌که‌ی پۆل ده‌نووسێت: (ئێچ توو ئۆ،) به تاوانی هه‌وڵدان بۆ کوشتنی سوڵتان ده‌ستگیر ده‌کرێت، ئاخر (ئێچ)که‌یان به حه‌مید، (توو)که‌یان به دووه‌م و (ئۆ)یه‌که‌یان به سفر، لێک دابووه‌وه، که ده‌کاته به سفرکردنی سوڵتان حه‌میدی دووه‌م، واتا کوشتنی. ئاستی ڕۆشنبیریی ده‌سه‌ڵات له خۆرهه‌ڵات به گشتی، هه‌نووکه‌یش له هه‌مان ڕه‌وشی کاره‌ساتباردایه.
که جه‌نه‌ڕاڵ بیرۆن ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرت، چونکه زه‌نده‌قی له ڕۆشنبیران چووبوو، هات (بۆرخێس)ی که گه‌وره‌ترین ڕۆشنبیری لاتین ئه‌مریکا بوو، له ئیشه‌که‌ی خۆی که کارمه‌ندی کتێبخانه بوو له بۆینس ئایرس، ده‌رکرد و ناردییه بازار، بۆ ئه‌وه‌ی چاودێریی دووکانداره مریشکفرۆشه‌کان بکات، نه‌ک مریشکی ناساغ به هاووڵاتییان بفرۆشن. ئه‌وه وه‌ک کولتووری سته‌مکارانی لێ هاتووه، گوشاری ئابووری ده‌خه‌نه سه‌ر ڕۆشنبیران، تا ئاستی برسیکردنیان، به‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌ریان پێ نه‌وی بکه‌ن.
ئێدوارد سه‌عید پێی وایه، رۆشنبیر که ده‌ستبه‌رداری ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی خۆی بوو، ده‌بێته ناپاک. ڕۆشنبیری ناپاک نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه له‌و قۆناغه ناگرێت که تێیدا ده‌ژی، به‌ڵکوو ده‌که‌وێته پێداههڵدانیشی. ڕۆشنبیر بایه‌خ به سیاسه‌ت ده‌دات، به‌ڵام ناچێته ڕیزی ئه‌م یان ئه‌و حیزبه‌وه، وه‌لێ تۆمه‌ت بۆ ئه‌وانه‌یش ناهۆنێته‌وه که سه‌ر به‌م یان ئه‌و حیزبن. ڕۆشنبیر بیروباوه‌ڕێکی نوێ ناهێنێته ئاراوه، ئاماژه بۆ ڕێگه‌یه‌ک ده‌کات. ئه‌وی خاوه‌نی ده دوازده ستوون، نامیلکه‌یه‌کی شیعری یان دوو سێ کورته‌چیرۆک بێت و به‌رده‌وام له ڕادیۆ و تیڤییه‌کانه‌وه سه‌رقاڵی لێکدانه‌وه‌ی بواره‌یلی کولتووری و ئابووری و سیاسیی بێت، ڕه‌نگه له خۆی وابێت ڕۆشنبیره، وه‌لێ ڕاستییه‌که‌ی کلاونێکه، پێش گوێگر و بینه‌ر، غه‌در له خۆی ده‌کات.
شته ماددییه‌کان له کن ڕۆشنبیر بایه‌خیان نییه، هه‌ڵپه‌یان بۆ ناکات، ئه‌وه‌ی به لای ڕۆشنبیره‌وه گرنگه، داهێنانه له بواری کاری خۆیدا، ئاخر ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه، داهێنانه، نه‌ک سامان. ڕۆشنبیر کار له‌سه‌ر شتگه‌لی ڕۆژانه و تیژتێپه‌ڕ ناکات، کاری ئه‌و پێوه‌ندیی به داهاتووه‌وه هه‌یه، نه‌ک حاڵی حازر. به پێچه‌وانه‌وه‌ی ڕۆشنبیره‌وه که داهاتوو مسۆگه‌ر ده‌کات، سیاسه‌تکار ئه‌گه‌ر مه‌عریفه‌ی پێ نه‌بوو، هه‌ر له پۆسته‌که‌ی دوور که‌وته‌وه، ڕۆڵی کۆتایی دێت و هیچ کاریگهرییهتییهک له دوای خۆی جێ ناهێڵیت. ڕۆشنبیر کێیه؟ که‌سێکه شتی تازه‌ی پێیه، که‌سێک نییه، شتی دێرین دووباره بکاته‌وه. ئه‌گه‌ر خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه نیت، ئه‌گه‌ر توانای پێشبینی کردنت نییه، ئه‌گه‌ر بوێریی گوتنی شتگه‌لی جیاواز شک نابه‌یت، با خۆت پێ ڕۆشنبیر نه‌بێت. وه‌ک چۆن دیکتاتۆر هه‌موو ده‌سه‌ڵات له کن خۆی کۆ ده‌کاته‌وه، ڕۆشنبیری خودپهسهندیش پێی وایه، هه‌موو حه‌قیقه‌ت له لای خۆیه‌تی.
وه‌ک چۆن دۆریس لێسینگ گوته‌نی: (نووسه‌ر له ماڵێکدا په‌یدا نابێت، کتێبی تێدا نه‌بووبێت،) ڕۆشنبیریش له بازنه‌یه‌کی فیکریی داخراودا سه‌رهه‌ڵنادات، ئه‌وه بۆیه په‌نجه‌ره‌ی ماڵی ڕۆشنبیر به ڕووی بای له نزیک و دووره‌وه هاتووی فیکره جیاوازه‌کاندا کراوه‌یه. ئیبسن ده‌ڵێت: (کاره‌سات ئه‌وه‌یه، پێویستمان به‌وه‌بێت، حه‌قیقه‌تێک بسه‌لمێنین، وه‌ک خۆر بدره‌وشێته‌وه.) له‌و وڵاتانه‌ی ستانسلاڤ جیرۆزیلیک گوته‌نی: (ده‌سه‌ڵات ده‌ستاوده‌ست ده‌کات، به‌ڵام سه‌راوسه‌ر یان عهقڵاوعهقڵ ناکات،) ڕۆشنبیر ناچار ده‌بێت، به سه‌لماندنی حه‌قیقه‌ته‌وه سه‌رقاڵ بێت. له شوێنێک ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی ئه‌م باڵی هه‌مان بزاوته‌وه، بچێته ده‌ستی ئه‌و باڵی، به‌ڵام عه‌قڵه‌کان هه‌ر هه‌مان عه‌قڵ بن، ئه‌وه خاڵیکردنه‌وه‌ی دێمۆکراسییه له مانای خۆی و ئه‌رکی ڕۆشنبیره، له وه‌ها کاتێکدا، قسه‌ی هه‌بێت.
عه‌لمانیبوون ئه‌وه‌یه، گه‌ل فه‌رمانڕه‌وا بێت، میلله‌ت ده‌ستوور بنووسێته‌وه، ده‌سه‌ڵات نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراوی گه‌ل بێت، نه‌ک نوێنه‌ری ئاسمان. عه‌لمانیبوون و دیمۆکراسی بێ یه‌کدی هه‌ڵناکه‌ن، ئه‌گه‌ر دێمۆکراسیخواز بین، ناچارین عه‌لمانییش بین. ئه‌وه دووڕووه‌کانن، بانگه‌شه بۆ عه‌لمانیبوون ده‌که‌ن و دێمۆکراسیخواز نین. چونکه به گوێره‌ی ئایین، ئینسان عه‌بدی خوداوه‌نده، بۆیه دژایه‌تیکردنی عه‌لمانیبوون، لایه‌نگرتنی کۆیلایه‌تییه. له به‌رانبه‌ر جیاکردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت، که عه‌لمانییه‌کان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ئیسلامی سیاسی، دروشمی (ئیسلام دین و ده‌وڵه‌ته)ی بڵند کردووه‌ته‌وه. جاران ئیسلام گاڵته‌ی به ژیانی حیزبایه‌تی و دێمۆکراسی ده‌هات، بڕوای به شوورا هه‌بوو، هه‌نووکه به هۆی حیزبایه‌تی و دێمۆکراسییهوه ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ده‌گرن.
چونکه (له ئاییندا زۆره‌ملێ و سه‌پاندن نییه) و ده‌سه‌ڵاتداریش چی بخوازێت ئه‌وه ده‌سه‌پێنێت، ئاخر ده‌سه‌ڵات نزیکه‌ی هه‌میشه ده‌زگایه‌کی سه‌رکوتگه‌ره، که‌واته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ڕه‌وابوونی خۆی له ئایینیشه‌وه وه‌رده‌گرێت، هه‌ر داپڵۆسێنه‌ره و ئه‌وه له ناوه‌ڕۆکی خۆی خاڵی ده‌بێته‌وه که بڵێین: له ئاییندا زۆره‌ملێ نییه. که ئایینێک ده‌بێته ئایینی فه‌رمیی ده‌وڵه‌ت، که ده‌ستوورێک له‌به‌ر ڕۆشنایی ئایینێکدا داده‌ڕێژرێت، ئیدی له‌وێوه زۆره‌ملێ ده‌ست پێ ده‌کات. چونکه ده‌سه‌ڵات پێوه‌ندیی به ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه نه‌ک به ئایینه‌وه، بۆیه ده‌سه‌ڵات ده‌بێت ڕه‌وابوونی خۆی له ئایینه‌وه نا، له خه‌ڵکه‌وه وه‌ربگرێت. ئیشی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه نییه خه‌ڵک به زۆره‌ملێ بۆ به‌هه‌شت بنێرێت و بوار نه‌دات له‌و دنیا به ئاگری دۆزه‌خ بسووتێن، ئیشی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه له‌م دنیا کاروباری خه‌ڵک به‌ڕێوه ببات، ئه‌وه کرۆکی سیکولاریزمه.
ئه‌وه گیرخواردنه له بازنه‌ی مێژوودا، ئه‌گه‌ر بڕوامان به گوێزانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له باوکه‌وه بۆ کوڕ هه‌بێت. له ئیسلامدا ئه‌و ئاوه مه‌عاویه ڕشتی، کاتێک یه‌زیدی کوڕی کرده جێنشینی خۆی. حافیز ئه‌سه‌دیش ئیلهامی له مه‌عاویه وه‌رگرت که به‌ششاری کوڕی کرده میراتگری خۆی. که به شا حوسه‌ینی ئوردنیان گوت، چونکه دایکی ئینگلیزه، شیاو نییه عه‌بدوڵڵای کوڕت، جێی خۆت بگرێته‌وه، ده‌ستبه‌جێ گوتی: خۆ دایکی (مه‌ئموون)یش فارس بوو، که‌چی جێی (هاروون ئه‌لڕه‌شید)یشی گرته‌وه؟(2)
به سه‌رۆکایه‌تیی چه‌رچڵ به‌ریتانیا له دووه‌مین جه‌نگی دنیاگرهوهدا به‌سه‌ر ئه‌ڵمانیادا سه‌رکه‌وت، که‌چی له یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنی دوای جه‌نگدا دۆڕاندی. دانیال ئۆرتیگا هه‌رچه‌نده سه‌رکردایه‌تیی شۆڕشێکی سه‌رکه‌وتووی کردبوو، وه‌لێ که له هه‌ڵبژاردندا نه‌یبرده‌وه، ڕێزی له خواستی گه‌ل گرت و هانای بۆ هیچ پاساوێک نه‌برد. ئه‌وه‌ی که گاردی دێرین زوو زوو خه‌باتی کۆن وه‌بیر خه‌ڵک ده‌هێننه‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌یه که ناسر زوو زوو ده‌یگوت: (هیچ ده‌نگێک له ده‌نگی جه‌نگ بڵندتر نییه.)(*) مه‌به‌ست لێی کپکردنه‌وه‌ی ده‌نگه ناڕازییه‌کانه و زاده‌ی بڕوابوونه به قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات. نێکرۆفیلی نه‌خۆشییه‌که، ئه‌وی هه‌یبێت، حه‌زی له‌وه‌یه لاقه‌ی مردووان بکات، ئه‌وی دووچاری (سادیزم)یش هاتبێت، پێی خۆشه ئازاری ئه‌م و ئه‌و بدات. ئه‌و حیزبه‌ی سته‌م له خه‌ڵکی بێ ده‌سه‌ڵات بکات، وه‌ک ئه‌وه وایه هاوزه‌مان هه‌ردوو نه‌خۆشییه‌که‌ی هه‌بێت.
18. 03. 2012
(1) 1) د. بهاءالدین محمد، خطاب الکراهیة 26 ینایر 2012 الإتحاد الثقافي.)
(2) مجدي ممدوح، تأریخ بدون میثولوجیا 15. 11. 2011 القدس العربي، لندن.
(*) لا صوت یعلو فوق صوت المعرکة.