دوو خانمی دووگیان به شیعر
April 11, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن
شاعیر وه‌کوو منداڵ وایه، له‌سه‌ر مێزی نووسین قاچی له زه‌وین ده‌بڕێت.ژن و پیاو له ڕووی بایۆلۆجیاوه له یه‌کدی ناچن، ئه‌وه کولتووری دواکه‌وتووه ، به خراپ سوودوه‌رگرتن له‌و جیاوازییه سروشتییه، شوێنپێی کۆمه‌ڵایه‌تیی نێر و مێ، له قازانجی نێر دیاری ده‌کات. ئه‌وه شتێکی سروشتی نییه، که مێ ملکه‌چی هه‌ژموونی نێر ده‌بێت، زاده‌ی بونیاده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ئایین و دابونه‌ریته. ئه‌وه‌یش هه‌ر سروشتی نییه که کچ حه‌ز له بووکه‌شووشه و کوڕ حه‌ز له تفه‌نگ ده‌کات، زاده‌ی په‌روه‌رده‌یه و ئه‌وه کۆمه‌ڵه، ئه‌م ڕۆڵ بۆ نێر و ئه‌و ڕۆڵ بۆ مێ ده‌ستنیشان ده‌کات، جێنده‌ر چه‌مکێکه ئه‌و کێشه‌یه ده‌داته به‌ر باس. ئه‌وه کۆمه‌ڵگه‌یه، ئه‌و ڕۆڵه به ژن ڕه‌وا ده‌بینێت که ئه‌گه‌ر بڵندترین پۆستیشی هه‌بێت، هه‌ر خزمه‌تکاری مێرد و ماڵ و منداڵ بێت. ئه‌و خه‌مۆکییه‌ی که ژن به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت، زۆر جار زاده‌ی ئه‌وه‌یه، ژن هه‌ست ده‌کات وه‌ک ده‌خوازێت هه‌بوونی خۆی نه‌سه‌لماندووه و خودی خۆی له کیس چووه، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌یه له سایه‌ی نێرسالاریدا، ڕێژه‌ی خۆکوشتن له نێو ژناندا بڵندتره.
ستانسلاڤ جیرۆزیلیک
ڕه‌نگه زمان له سه‌ره‌تادا بێلایه‌ن بووبێت، به‌ڵام له سایه‌ی بابسالاریدا هه‌میشه له سه‌نگه‌ری پیاودا بووه. لای بابسالار، ژن که ده‌ست ده‌کات به نووسین، به چاوپۆشین له‌وه‌ی چی ده‌ڵێت، وه‌ک ئه‌وه وایه، بێ خواستنی مۆڵه‌ت، پێی نابێته نێو پاوانی پیاوه‌وه، ئاخر نووسین شتێکه تایبه‌ت به پیاو، ئه‌وه هه‌ر پیاوه ده‌نووسێت، ده‌خوێنێته‌وه، لێکدانه‌وه بۆ ده‌ق ده‌کات و له پرۆسه‌ی نووسیندا، پیاو خۆی به‌رهه‌مهێن و به‌کاربه‌ریشه، ژن له په‌راوێزی کرده‌ی نووسینیشدا هه‌بوونی نییه، له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌که‌یه. له کن بابسالار، ژن جه‌سته‌یه‌کی گه‌رم ونه‌رمی بۆنخۆشه و هیچی تر، بابسالار که‌یفی به‌و ژنانه نایه‌ت، وه‌ک ئینسانێکی بوێر به گژ زوڵمدا ده‌چنه‌وه، حه‌زی له‌و ژنانه نییه به ئومێدی گۆڕینی واقیعی سته‌مکار، ده‌ست ده‌ده‌نه خامه، شه‌یدای ئه‌و ژنانه‌یه که ته‌نیا دوو قه‌ڵه‌م ده‌ناسن، قه‌ڵه‌می لێو و قه‌ڵه‌می چاو.(1)
ده‌مانچه‌یه‌ک له تاریکیدا
گه‌رووى پاک ده‌کاته‌وه!
ئه‌م منداڵه
ترساوه،
ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه
مردنێکى دى
ئه‌زموون ده‌کا!
هێرۆ کورده سوارکردنی ده‌مانچه‌یه‌ک و ته‌قاندنی فیشه‌کێکی شوبهاندووه به ئینسانێک، وه‌ختێک به‌ڵخی نێو گه‌رووی کۆ ده‌کاته‌وه و تا هێزی تێدایه، خێرا فڕێی ده‌داته ده‌ره‌وه. جوانیی وێنه‌که له‌وه‌دایه، نه ناوی ئینسانی هێناوه، نه باسی به‌ڵخی کردووه. هه‌رچه‌نده نه باسی ته‌قاندنی گولله کراوه، نه کوشتنی که‌سێک، به‌ڵام چونکه منداڵێک ده‌ترسێت و به به‌ر چاوی کراوه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌که‌وه، مردنێک ڕوو ده‌دات، ئیدی ده‌زانین که‌سێک له پێش چاوی منداڵێک، له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌یه‌کدا تیرۆر ده‌کرێت. سیحری شیعره‌که له‌وه‌دایه، ناڕاسته‌وخۆ تراژیدیایه‌ک ده‌گێڕێته‌وه و هونه‌رمه‌ندانه نه‌فره‌ت له چه‌ک و له کوشت‌وبڕ ده‌کات.
کراسێکم له به‌ردایه
کورت وه‌ک ته‌مه‌نی په‌پووله.
هێرۆ کورده به‌و سهرپرایزهی، کورتیی کراسه‌که‌ی به ته‌مه‌نی په‌پووله که ته‌نیا به‌هارێک ده‌ژی، ده‌چوێنێت، خوێنه‌ر تووشی سه‌رسوڕمان ده‌کات. یه‌کێک له جیاوازییه‌کانی شیعر و قسه‌یش ئه‌وه‌یه، شیعر له توانایدا هه‌یه، تووشی شۆکمان بکات. لایه‌نێکی جوانی دیکه‌ی ئه‌و وێنه‌یه ئه‌وه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌ک بۆ بگۆ هه‌بێت، ده‌زانین ئه‌وه ئافره‌تێکه ده‌په‌یڤێت.
جله‌کانم به ته‌نافه‌که‌وه
لووتی تۆش به جله‌کانی منه‌وه،
سه‌رخۆشانه ده‌ڵێی: به قووڵی بۆنت ده‌که‌م،
که تۆ جله‌کانم بۆن ده‌که‌ی
ژیان فێی ڕووتبوونه‌وه ده‌یگرێ.
فێتیشیزم که به مانای (په‌رستنی نابینایانه)یش دێت، نه نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونییه، نه دیارده‌یه‌کی ناسروشتی، له بواری سێکسدا، فێتیشیست ده‌شێت شه‌یدای پۆشاکی ژن ببێت، به تایبه‌تی جلی ژێره‌وه، که بۆنی بکات، چێژی لێ ببینێت، یان ڕه‌نگه پێڵاوی پاژنهبڵندی ژن، وه‌های بورووژێنێت، گڕی تێ به‌ر بدات. له شیعره‌که‌ی (هێرۆ کورده)دا، پیاوه‌ی شه‌یدا که جلی ژنه بۆن ده‌کات، هه‌ست به ئارامی و ئاسوودهیییهک ده‌کات، ته‌واو وه‌ک دڵخوازه‌که‌ی بۆن کردبێت.
که له‌وێى، لێره‌ى!
هه‌ناسه‌ت: گه‌رم گه‌رم به‌ر سینگم ده‌که‌وێ،
ده‌ستێکم له ژێر سه‌رتدا سڕ بووه!
له باوه‌شمدا نیت
باسکه‌کانم ده‌تگوشن.
چک چک من له‌گه‌ڵ ئه‌م کاتژمێره بێدارهدا
چرکه‌کانی ته‌نیاییی شه‌وم ده‌ژمێرم،
نم نم له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌رمه‌بارانه،
نامه ته‌ڕه‌کانی هه‌ور ده‌خوێنمه‌وه.
گوته‌یه‌ک هه‌یه ده‌ڵێت: (که ژنێک به ته‌نیا ده‌خه‌وێت، هه‌موو پیاوانی دنیا تاوانبارن.) هێرۆ کورده له‌و شیعره‌یدا، باس له‌و تهنیایییه ده‌کات که له سێبه‌ری سیسته‌می بابسالاریدا، ژن به ده‌ستییه‌وه گیری خواردووه. ئه‌و ژنه‌ی ته‌نیا له دووره‌وه، هه‌ست به گه‌رمیی هه‌ناسه‌ی خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌کات و خه‌و به‌وه‌وه ده‌بینێت له ئامێزی بگرێت و ده‌ستی له‌ژێر سه‌ریدا سڕ ببێت، ژنێکی جه‌سته لێ زه‌وتکراوه، ژنێک له‌ش شک ده‌بات، به‌ڵام خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆی نییه. یان وه‌ک هێرۆ کورده گوته‌نی: (ژنێکه جه‌سته‌ی بووه به زیندان بۆ ڕۆحی و له‌شی ته‌رمی جه‌سته‌ی داوه به شانی‌دا،) وه‌لێ هێشتا نا‌ئومێد نه‌بووه و نیازی وایه: (کراسی گزنگ له‌به‌ر خۆشه‌ویسته‌که‌ی بکات و ئه‌سپی ئه‌ستێره‌ی بۆ زین بکات.) به کراسکردنی گزنگ و زینکردنی ئه‌ستێره، دوو وێنه‌ی شیعریی ناسکن که هه‌ر له به‌رهه‌می خه‌یاڵی به پیتی شاعیرێکی زاڵ ده‌چن.
ئه‌م جه‌سته‌یه
ڕۆحی من زیندانی ده‌کات،
ته‌رمی خۆم داوه به شاندا و
به‌ره‌و ڕووت دێم،
تا گزنگت له به‌ر بکه‌م،
ئه‌ستێره‌یه‌کت بۆ زین که‌م.
له‌ش، به ته‌نیا ئه‌و به‌شانه‌یه، ته‌نی ئینسان پێک ده‌هێنن، به‌ڵام له‌شولار مانایه‌کی ئێرۆتیکیشی هه‌یه، له‌شولاری ژنێک که له‌ژێر باراندا ته‌ڕ ده‌بێت، کراسه‌که‌ی به له‌شییه‌وه ده‌لکێت و جوانیی جوگرافیای جه‌سته‌ی ده‌که‌وێته ڕوو، ئیدی له‌شی له‌وه ده‌رده‌چێت کۆمه‌ڵێک ئه‌ندام بێت و هیچی دیکه. ژن ئه‌گه‌ر پۆشاکێکی گونجاوی وایش بپۆشێت که جوانییه‌کانی جه‌سته‌ی زێتر به دیار بخات، ئیدی له‌شی ده‌بێته په‌یکه‌رێک له ئێرۆتیکا. له ئینگلیزی‌دا، بۆدی هیچ مانایه‌کی ئێرۆتیکی نییه، وه‌لێ مێتابۆدی، به مانای جوانییه‌کانی ئه‌ودیو یان سه‌روو جه‌سته‌وه دێت. له کن بابسالاران، ژن ئازادیی ئه‌وه‌یشی نییه کام جلوبه‌رگ بپۆشێت، ئاخر ئه‌وان نه‌ک هه‌ر تۆمه‌تی ورووژاندن ده‌ده‌نه پاڵ جه‌سته‌ی ژن، به‌ڵکوو ته‌نیا ژن‌بوون بۆ خۆی، له کنیان تۆمه‌ته، هه‌رچه‌نده ژن سیمبۆڵه بۆ ئینسانێکی ئازادیی لێ زه‌وتکراو.
به‌ر له ئه‌وه‌ی بزه‌یه‌کم پێ ببه‌خشی
قاقاکانت زه‌وت کردم،
پێش ئه‌وه‌ی له پاکیزه‌ییم دڵنیا بی
له سێداره‌ی گومانت دام!
ژن که ده‌نووسێت به‌وه به گژ جیهانی نێردا ده‌چێته‌وه و ده‌خوازێت به هۆی نووسینه‌کانییه‌وه داکۆکی له خودی خۆی بکات، خودێک هه‌میشه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی نێردایه. له سایه‌ی بابسالاریدا ئه‌و ژنه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه و شانازیی به خودی خۆیه‌وه بکات، وه‌تاق ده‌که‌وێته‌وه. بابسالاران، ژنێک په‌سه‌ند ناکه‌ن، جیاواز له خۆیان بیر بکاته‌وه، ئاخر ئه‌وان بڕوایان به جیاوازی نییه و ده‌خوازن که‌سانی دیکه، هه‌مان ڕه‌نگی ئه‌وان بگرێت.
له پشتی ئه‌م دوو دێڕه‌وه
به ڕووتی ده‌چمه ده‌ره‌وه،
ده‌ره‌وه‌ی خۆم.
ژنی ئازاد وه‌ک خودی خۆی ده‌خوازێت، زاراوه‌کان هه‌ڵده‌بژێرێت و به گوێره‌ی پاشخانی ڕۆشنبیری و چێژی هونه‌ریی خۆی ده‌قیان لێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، وه‌ک نموونه‌ی باڵا سه‌یری ده‌قی پیاوانه ناکات و لاسایی ئه‌و تێکستانه ناکاته‌وه له ڕوانگه‌ی نێره‌وه نووسراون و گومان ده‌ورووژێنێت، ناچێت له‌ناو نوێنی یه‌قیندا قووڵ لێی بخه‌وێت و بت ناپه‌رستێت، بت تێکده‌شکێنێت. ژنی ئازاد بۆیه ڕاستگۆیی له شیعری ده‌چۆڕێت، چونکه هاوزه‌مان خۆی بنووس و قاره‌مانی شیعری خۆیه‌تی. شیعری هێرۆ کورده، خودی هێرۆ کورده‌یه، خۆی بنووس و قاره‌مانی شیعری خۆیه‌تی، ئه‌وه بۆیه که شیعرێکی ده‌خوێنینه‌وه، وه‌ک ئه‌وه وایه، خودی خوێمان به ڕووتی دیتبێت، خودی نه‌ک جه‌سته‌ی.
*
ئه‌کته‌ری چاک سه‌روه‌ختی نمایشکردن، به چه‌شنێک له ڕۆڵه‌که‌یدا ده‌توێته‌وه، وه‌ک سه‌رقاڵی گوزه‌راندنی ژیانی ئاساییی خۆی بێت، نه‌ک نواندن. شیعرنووسینیش پێویسته هێنده خۆڕسکانه بێت، تا له نووسینی نه‌بینه‌وه، هه‌ست نه‌که‌ین خه‌ریکی نووسینی بووین، ئه‌وسا ده‌توانین خوێنه‌ر وه‌ها سه‌رسام بکه‌ین، وه‌ک جادوومان لێ کردبێت. ئه‌وه شیعره، شاعیر و خوێنه‌ر پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، بۆیه زمانی شیعر پێویسته له ئاستی تێگه‌ییشتنی خوێنه‌ردا بێت. ته‌مومژ ئه‌گه‌ر له نێوان شاعیر و خوێنه‌ردا، دیوارێکی هه‌ڵچنی، ئه‌وه هه‌ڵه‌ی شاعیره. ئه‌و شاعیره‌ی بایه‌خ به ڕۆڵی هه‌ر یه‌کێک له وشه‌کانی بدات، ته‌مومژێکی ته‌نک وه‌ک ته‌کنیکێک وه‌گه‌ڕ ده‌خات، ته‌کنیکێک که جوانی به شیعره‌که‌ی ده‌به‌خشێت، نه‌ک ئاڵۆزی، جوانییه‌ک زمانی شیعریی به‌رهه‌م ده‌هێنێت. شاعیر ناچاره ئه‌و هاوسه‌نگییه ڕابگرێت، نه ته‌مومژ بکاته دیوارێک له نێوان شیعر و خوێنه‌ردا، نه له پێناوی ڕازیکردنی خوێنه‌ری دواکه‌وتوودا، هانا بۆ ڕاسته‌وخۆیی ببات.
چۆله‌که بووم
ئاسۆم ده‌کرد به هێلانه،
به جریوه‌م
شیعر وه‌ئاگا ده‌هات و
به فڕینم باڵی ده‌گرت.
ئاویزان نووری به پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ واقیع و ژیانی ڕۆژانه‌دا، خودی خۆی ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵام واقیعنووسینهوهیهک نا، بکه‌وێته خانه‌ی داڕشتنی هه‌واڵه‌وه، به‌ڵکوو چونکه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه به ناخی ژیانی ڕۆژانه‌دا ڕۆ بچێت، نه‌ک هه‌ر دیوی ده‌ره‌وه‌ی بداته به‌ر تیشک، چونکه پێی ده‌کرێت جادووگه‌رانه هه‌ڵسوکه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا بکات، بۆیه ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنێت، شیعره، شیعرێک تووشی په‌تای ڕاسته‌وخۆیی نه‌هاتووه. ئاویزان نووری که بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، ناچێت ته‌نیا بایه‌خ به‌و ڕووداوانه بدات که ڕۆژانه ڕوو ده‌ده‌ن و هیچی تر، دێت به پشت به‌ستن به وێنه‌ی شیعری و به ڕه‌چاوکردنی چڕی و کورت‌بڕی له نووسیندا، ددان به‌وه‌دا ده‌نێت که سه‌رقاڵ و سه‌راسیمه‌ی کردووه، ددانپێدانانێک وه‌ک له حاڵه‌تی وه‌جددا ڕازی ناخی خۆی درکاندبێت. ئه‌و هاوار ناکات، به ده‌نگێکی نزم ده‌نووسێت، ده‌نگێک تێیدا شیعر ئاوێزانی فه‌لسه‌فه بووه و پێ ده‌چێت، شتێک که نازانم چییه، وه‌ک زهوینلهرزهیهک، ڕۆح و جه‌سته‌ی هه‌ژاندبێت، ئینجا ده‌ستی به نووسین کردبێت. ئه‌وه بۆیه وه‌ک دڵسۆزێک بۆ ئه‌زموونی خۆی ده‌نووسێت، گوێ به‌وه نادات ڕه‌خنه‌گران یان بازاڕی شیعر، چی ده‌خوازن.
فۆکۆ ده‌ڵێت: (به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌وه نه‌مریی مسۆگه‌ر ناکات، لای که‌سانی جیاواز هه‌مان مانای هه‌بێت، به‌وه نه‌مر ده‌بێت لای تاکه که‌سێک مانای جیاواز ببه‌خشێت.) له ڕوانگه‌ی (جۆرج گادامه‌ر)یشه‌وه، ده‌ق مانایه‌کی نییه که بتوانین به مانای کۆتایی دابنێین، ئه‌وه سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه، ماناکه‌ی دیاری ده‌کات، که له‌م خوێنه‌ره‌وه بۆ ئه‌وی دیکه ده‌گۆڕێت، له‌م نه‌وه‌وه بۆ ئه‌و نه‌وه وه‌ک یه‌ک نییه و له‌م سه‌ده‌وه بۆ ئه‌و سه‌ده جیاوازه.
ئیدی نه‌فره‌ت له ساڵ ده‌که‌م،
که شه‌ریعه‌ت ڕێگه‌ی پێ دا
وه‌کوو تۆ چوار ژن بهێنێ،
به‌هار چی بوو هاوینی به سه‌ردا هێنا؟
که چووه داوای پاییزیش،
هاوین ڕه‌نگی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕا،
پاییز زانی هه‌وێ به‌سه‌ر ئه‌ویشدا دێ،
هه‌موو پرچی خۆی ڕنییه‌وه،
کاتێ زستانیشی خواست و
گه‌ڕایه‌وه بۆ لای به‌هار
زستان سه‌ری سپی بووبوو.
مه‌حه‌ممه‌د شه‌حروور (دیمه‌شق 1938) که بیرمه‌ندێکی ئیسلامیی ڕیفۆرمیسته و به خوێندنه‌وه‌ی هاوچه‌رخانه بۆ قورئان به‌ناوبانگه، ده‌بێژێت: ده‌قی قورئان گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت، به‌ڵام ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی به گوێره‌ی زه‌مان و خوێنه‌ر ده‌گۆڕێت. داهێنه‌ری قورئان که خودایه، ئه‌دیب نییه تا بڵێین ده‌مرێت و ده‌قێکی زیندوو له دووی خۆی جێ ده‌هێڵێت. هه‌م ده‌ق و هه‌م خاوه‌نی ده‌ق، هه‌میشه زیندوون، ئه‌وه‌یشه وای کردووه، قورئان ده‌قێکی پیرۆز بێت. ئه‌وانه‌ی هه‌مان ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه بۆ قورئان ده‌که‌ن که له سه‌ده‌ی حه‌وته‌مدا بۆی کراوه، خاوه‌نی عه‌قڵێکی وشکههڵاتوون. (ئه‌گه‌ر ترسی ئه‌وه‌تان هه‌بوو، دادپه‌روه‌ریتان پێ دابین نه‌کرێت، ته‌نیا یه‌ک ژن بهێنن.) به گوێره‌ی لێکدانه‌وه‌ی مه‌حه‌ممه‌د شه‌حروور، مه‌به‌ستی ئه‌و ده‌قه ئه‌وه‌یه: (دادپه‌روه‌ری ده‌بێت له نێوان منداڵانی ژنه جیاوازه‌کاندا ڕه‌چاو بکرێت، نه‌ك له نێوان ژنه‌کاندا.)(2) ئه‌گه‌ر ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه دروست بێت، که‌واته ئه‌وه مه‌حاڵه پیاو بتوانێت دادپه‌روه‌رانه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ژنه‌کانیدا بکات و به چاوێکی یه‌کسان سه‌رنجیان بدات.
ئاوێزان نووری شاعیرانه له ساڵ و پیاو نزیک ده‌بێته‌وه که ئه‌میان چوار وه‌رزی هه‌یه و ئه‌ویشیان مافی هێنانی چوار ژنی هه‌یه. هاوین که ده‌زانێت پاییزی به دوادا دێت، له حه‌سره‌تدا زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و پاییزیش که هه‌ست ده‌کات، زستانی به‌سه‌ردا دێت، شیوه‌ن ده‌کات و قژی ده‌ڕنێته‌وه، زستانیش بۆیه سه‌ری سپی ده‌بێت، چونکه ده‌زانێت به‌هار جێی پێ لێژ ده‌کات. با ژن و پیاو به هه‌مان زمانیش بنووسن، وه‌لێ زمانی ئه‌میان له هی ئه‌ویان جیاوازه و مه‌گه‌ر ته‌نیا له شتگه‌لێکدا که هاوبه‌شن و له‌سه‌رووی مێبوون یان نێربوونهوهن، زمانیان له یه‌ک بچێت. زمانی مێ وزه‌یه‌کی جیاواز له زمانی پیاوی تێدایه، ئه‌گه‌ر زمانی پیاو، زمانی دانیشتووانی تهختایییهکان بێت، ئه‌وا هی مێ، زمانی ده‌ڤه‌ره دژواره‌کانه و بارگاوییه به ته‌مومژ و به گشتی هه‌ڵگری واتای جیاوازه، زمانی مێ وه‌ک هی پیاو ماڵی نییه، کێوییه و دره‌نگ خۆی به ده‌سته‌وه ده‌دات. ئه‌و زمانه‌ی ئاوێزان نووری خه‌می ده‌ردی فره‌ژنیی پێ نووسیوه‌ته‌وه، وڵاتی زمانێکه، پێشتر پیاو ڕێی تێی نه‌که‌وتووه.
ئیجازه‌م له ته‌مه‌نم خواست
تا بۆ که‌مێ په‌لی منداڵیم بگرم و
گه‌مه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ بکه‌م،
به خێرایی (با) ڕابکه‌ین،
به نه‌رمیی ئاو
بڕژێینه گه‌رووی ژینه‌وه.
ئه‌ی منداڵی!
لێم ببووره، زوو جێم هێشتی،
دڵڕه‌قانه ده‌زووی کۆلارهتم پساند،
بووکهشووشهکهتم گریاند.
که شیعر ده‌نووسین، نابێت له‌سه‌ر حیسابی هونه‌ر، زانیاری پێشکه‌ش بکه‌ین. له هه‌ر شیعرێکدا بیرۆکه‌یه‌ک هه‌یه که کرۆکی تێکسته‌که پێک ده‌هێنێت. پێویسته هه‌ر یه‌کێک له وشه‌کان، ته‌نانه‌ت له ڕووی ده‌نگیشه‌وه، له ڕاژه‌ی ئه‌و کرۆکهدا بن، ده‌بێت بیرۆکه‌که‌یش خزمه‌ت به وشه‌کان بکات، واتا کاره‌که له ڕووی هونه‌ری و فیکرییه‌وه ته‌با بێت، به ده‌ربڕینێکی تر، ناشێت شاعیر له پێناوی گه‌یاندنی بیرۆکه‌که‌یدا، قوربانی به لایه‌نی هونه‌ریی شیعره‌که‌ی بدات. تامه‌زرۆیی بۆ منداڵی، جۆرێکه له نۆستالژیا، هه‌رچه‌نده ئه‌و تێمایه، هێنده‌ی کۆنیی ئه‌ده‌ب دێرینه، به‌ڵام ئاوێزان نووری، به شێوازێکی تایبه‌ت به خۆی به‌ره‌و لای منداڵی گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ئه‌زموونی خۆی نووسیوه‌ته‌وه.
ئه‌رکی شاعیر ئه‌وه‌یه شیعر بنووسێت و به‌س، پێویسته بڕوای به‌وه هه‌بێت، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی تێکسته‌که‌یدا، ئه‌م هیچ هه‌قی به سه‌رییه‌وه نامێنێت، ئیدی ده‌بێته مۆڵکی خوێنه‌ر و خوێنه‌رانیش خۆیان بڕیار له‌سه‌ر گرنگیی یان بێبایه‌خیی به‌رهه‌مه‌که ده‌ده‌ن. شیعر ئه‌گه‌ر ده‌قێکی زه‌نگین بێت، با بکه‌وێته به‌ر زه‌بری ڕه‌خنه‌ی توندیش، خۆی داکۆکی له خۆی ده‌کات، ئه‌گه‌ر ڕووتوڕهجاڵیش بێت، ئه‌وا به‌رگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن ناگرێت و هه زوو ده‌مرێت. ئیشی شاعیر ئه‌وه نییه ببێته پارێزه‌ری داکۆکیکار له ده‌قه‌که‌ی و پاساو بۆ که‌لێنه‌کانی بهێنێته‌وه. فهقیرۆکهترین شاعیر، ئه‌وی توانای ده‌ربڕینی نییه و سواری سه‌ری شیعر ده‌بێت، که‌سێکه، له وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌گردا ده‌ڵێت: به‌د له مه‌به‌ستی شیعره‌که‌م حاڵی بوویت. ئاوێزان نووری، یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ی ده‌توانێت ده‌رگای ناخی له مه‌لی شیعری بکاته‌وه و بێ خه‌م لێی بنوێت، ئاخر شیعره‌کانی، توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه، داکۆکی له خۆیان بکه‌ن.
21.03. 2012
(1) د. عالي القرشي، نص المرأة، ص37 دار المدی 2000 دمشق.
(2) عباس بیضون، محمد شحرور: فصل السلطات في الإسلام لیس واضحا حتی الأن للحرکات الإسلامیة السیاسیة، السفیر 17/2/2010 بیروت.
(3) هێرۆ کورده، سووتانهکانم له وه‌رزی فڕین‌دا، (ناوی چاپخانه‌ی له‌سه‌ر نییه) 2007 که‌رکووک.
(4) ئاوێزان نووری، پیاسه‌یه‌ک به کووچه‌کانی قه‌ده‌ردا، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری 2005 هه‌ولێر.
(5) هێرۆ کورده، سه‌ما، ڕامان، ژماره 162 هه‌ولێر.
(*) دووگیانم به شیعرێک، ده‌ربڕینی هێرۆ کورده‌یه.
(**) سوپاس بۆ هێژا (عه‌بدولسه‌تتار جه‌باری) که شیعری ئاوێزان نووری و هێرۆ کورده‌ی گه‌یانده ده‌ستم.