ژن لای جۆن لۆک
March 26, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن
بیروڕای نوێ، چونکه هێشتا نه‌بووه به باو،جاران ئه‌وه باو بوو که (له‌نێو عه‌قڵی ئینساندا، هه‌ندێک بۆچوون هه‌نه، خۆڕسکانه به میراتی بۆی ده‌مێننه‌وه و پێش ئه‌وه‌ی هه‌ستی کردبێت، پێش ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌زموونێکی له ژیاندا هه‌بێت، بڕوای پێیان هه‌بووه.) ئه‌و تێزه هێنده جێگیر بووبوو، له‌سه‌رووی گومانه‌وه بوو، یه‌کێک له‌وانه‌ی شێلگیرانه داکۆکی لێ ده‌کرد، دیکارت (1596 – 1650) بوو. ئه‌وه جۆن لۆک (1632 – 1704) ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵه‌یه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و گوتی: (ئاوه‌زی منداڵ لاپه‌ڕه‌یه‌کی سپییه، پێش ئه‌وه‌ی بێته دنیاوه، هیچی لێ نه‌نووسراوه، به هۆی ئه‌زموونه‌وه شت فێر ده‌بێت.) که نه‌یارانی به گژ ئه‌و گوته به‌ناوبانگه‌یدا ده‌چنه‌وه، له‌سه‌ر قسه‌ی خۆی سوور ده‌بێت و ده‌بێژێت: (ئه‌گه‌ر لێیان پرسیت: که‌ی ده‌ستت به بیرکردنه‌وه کرد؟ بڵێ: له‌و کاته‌وه‌ی ده‌ستم به هه‌ستکردن کرد.) هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: (منداڵ که له دایک ده‌بێت، نازانێت خودا هه‌یه یان نا؟ به هۆی ئه‌زموونه‌وه، له هه‌بوونی خودا دڵنیا ده‌بێت.)
خه‌ڵک به چاوی گومانه‌وه سه‌یری ده‌که‌ن و
به گژی‌دا ده‌چنه‌وه.
پیاو وێنه‌یه‌کی شێواوی بۆ ژن کێشاوه، کاره‌ساتی گه‌وره ئه‌وه‌یه، ژن به جۆرێک بڕوای به‌و وێنه‌یه کردووه، تا ئه‌و ئاسته‌ی خۆی گومانی له‌وه هه‌یه که پێویسته له‌گه‌ڵ پیاودا یه‌کسان بێت، به‌ڵکوو به‌وه قایل بووه، ده‌بێت پاشکۆی پیاو بێت. تا سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌میش له ئه‌ورووپا، ئه‌وسا که بابسالاری سه‌روه‌ر بوو، سووک سه‌رنجی ژن ده‌درا، ئه‌و تێڕوانینه بۆ ژن، هه‌نووکه‌یش له ئاسیا زاڵه. فه‌لسه‌فه که کرۆکی فیکری ئه‌م یان ئه‌و سه‌رده‌مه، نزیکه‌ی به درێژایی مێژوو، له سه‌نگه‌ری دژایه‌تیکردنی ژن‌دا بووه، دابونه‌ریتیش هه‌روه‌ها.
هێنده کۆسپ له پێش ژن‌دا ڕۆ نراوه، هێنده کۆت له ده‌ستی کراوه و هێنده سانسۆر له‌سه‌ر هه‌ستی دانراوه، هێنده جه‌سته‌ی زه‌وت کراوه، ناهه‌قی نه‌بووه، ئه‌گه‌ر هه‌ستی به لاوازیی خۆی کردبێت، لاوازییه‌ک که زاده‌ی هه‌لومه‌رجه دژواره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بووه، نه‌ک ئه‌وه‌ی گوایه سروشت ژنی به لاوازی خوڵقاندووه. سوفستایییهکان ده‌یانگوت: ئه‌وه دابونه‌ریته ژنی لاواز کردووه، وه‌لێ سوکرات، ئیفلاتوون و ئه‌رستۆ که فیکریان دوو هه‌زار ساڵیک دنیای داگیر کردبوو، ده‌یانگوت: ئه‌وه سروشته، ژنی نوقسان و لاواز ئه‌فراندووه.
سوکرات ده‌یگوت: سوپاس بۆ خوا، منی به یۆنانی خوڵقاند نه‌ک به به‌ربه‌ر، به ئازاد نه‌ک به کۆیله، به پیاو نه‌ک به ژن. یان به قوتابییه‌کانی ده‌گوت: (ژن بهێنن! یان به‌خته‌وه‌ر ده‌بن، یان وه‌ک من ده‌بن به فه‌یله‌سووف.) که ژنه‌که‌ی لێی تووڕه ده‌بوو، ئینجا ئاوی به خۆی و قوتابییه‌کانیدا ده‌کرد، ده‌یگوت: ژنه‌که‌ی من له ئاسمان ده‌چێت، سه‌ره‌تا بروسکه‌ی هه‌یه و دواتر باران. ئه‌ره‌ستۆیش بڕوای به (هیرارکی) هه‌بوو، خه‌ڵکی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی له یۆنانی پێ نزمتر بوو، پیاوی له ژن پێ باڵاتر بوو. ئه‌ره‌ستۆ که ده‌یگوت: (ئینسان ئاژه‌ڵێکی بگۆیه.) مه‌به‌ستی پیاوێکی ئازادی یۆنانی بوو، ئاخر ژنی به ئینسانی ته‌واو نه‌ده‌زانی.
پێش ئه‌وه‌ی جۆن ستیوارت میڵ (1806 – 1873) هه‌وڵ بدات، ڕێز بۆ ژن بگه‌ڕێنێته‌وه، فه‌لسه‌فه و که‌نیسه نزم سه‌یری مێیان ده‌کرد. ده‌یانگوت: ئه‌وه‌ی که ژن منداڵی ده‌بێت، پێوه‌ندیی به لێهاتووییی خۆیه‌وه نییه، سروشت ئه‌و توانایه‌ی پێ به‌خشیوه. قه‌شه گریگۆری (538 – 594) له گه‌رمه‌ی گوتوبێژێکدا پرسیبووی: (بۆچی ژنیش ئینسانه؟) ئاخر هه‌بوون پێیان وابوو، ژن شه‌یتانه، به پاساوی ئه‌وه‌ی پیاوی له به‌هه‌شت به ده‌رکردن داوه. ده‌یانگوت: ژن شه‌یتانه، ده‌نگی فیشکه‌ی ماره و جوانییه‌که‌ی ته‌ڵه‌یه. تۆمای ئه‌کوینی ده‌یگوت: پیاو سه‌رداری ژنه و نێر چاره‌نووسی مێ دیاری ده‌کات.
جۆن لۆک ده‌یگوت: (ژن بۆ ئه‌و خوڵقاوه پاشکۆی پیاو بێت، ئاخر ژن به‌بێ کۆمه‌کی پیاو، ناتوانێت منداڵی ببێت، بێ هاوکاریی پیاو، منداڵیشی پێ په‌روه‌رده ناکرێت، بۆیه ئه‌وه‌ی ژن له‌ژێر کۆنترؤڵی پیاودایه، شتێکه سروشتی و ئه‌وه‌ی پیاو له ژن باڵاتره، شتێکی ڕووکه‌ش نییه، ڕه‌گێکی قووڵی هه‌یه. ده‌سه‌ڵات که فۆرمێکی بابسالاریی هه‌بوو، به هێز خۆی ده‌سه‌پاند، وه‌لێ دواتر پشتی به ڕازیکردنی خه‌ڵک ده‌به‌ست، بۆیه ژنیش ده‌بێت به‌وه قایل بکرێت که ملکه‌چی ده‌سه‌ڵاتی پیاو بێت.)
جۆن لۆک ده‌یگوت: پێوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاتداری شه‌رعی و میلله‌ت چۆنه، پێویسته پێوه‌ندیی نێوان باوک و دایک و منداڵه‌کانیشیان وه‌ها بێت. ئه‌و دژی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها بوو، ده‌یخواست منداڵان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دایک و باوکیاندا بن، نه‌ک ته‌نیا هه‌ر ملکه‌چی باوکیان بن و به‌س، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێ ئاسایی بوو، ژن گوێرایه‌ڵی پیاو بێت. ئه‌وه به بیری جۆن لۆکدا نه‌هاتبوو که ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی جڤاکێک هه‌یه، تێیدا ئینسان، چ پیاو بێت، چ ژن، یه‌کسان بن. ئه‌وسا ئینسان به مانای پیاو ده‌هات، هه‌موو پیاوێک نا، ته‌نیا پیاوی ئازاد. که باس له یه‌کسانی ده‌کرا، مه‌به‌ست ئه‌وه بوو، پیاوانی ئازاد، هه‌مان مافیان هه‌بێت. ئه‌وسا له باسی یه‌کسانیدا، نه کۆیله حسابی بۆ ده‌کرا، نه ژن.
ڕۆبێرت فیلمه‌ر (1588 – 1653) که بانگه‌شه‌ی بۆ سیسته‌می بابسالاری و پاشایه‌تیی ڕه‌ها ده‌کرد، ده‌یگوت: پێوه‌ندی نێوان پاشا و خه‌ڵکانی قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌که‌ی، درێژه‌پێدانی پێوه‌ندیی نێوان باوک و خێزانه، ده‌سه‌ڵاتی په‌تریارکی شوێنپێ هه‌ڵگرتنی پێوه‌ندیی نێوان یه‌که‌مین خێزانه له مرۆڤایه‌تیدا که له ئاده‌م و حه‌وا پێک هاتبوو. ئه‌و ده‌یگوت هه‌ر که‌سێک بڕوای به کتێبی پیرۆزی له خواوه هاتوو هه‌بێت، پێویسته له سه‌ری، بڕوا به ده‌سه‌ڵاتی پاشایش بهێنێت. فیلمه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی ده‌برده‌وه سه‌ر ئاده‌م و حه‌وا و خودا و ده‌یگوت: (ده‌سه‌ڵاتی پاشا لای خودای گه‌وره‌وه هاتووه، بۆیه پیرۆز و ڕه‌هایه و یاخیبوون لێی هه‌ر تاوان نییه، گوناهیشه.)
فیلمه‌ر پێی وابوو، پاشا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، خۆی یاسا دابڕێژێت، چونکه ده‌سه‌ڵاتی خۆی له ئاده‌م (که سه‌روه‌ری هه‌موو گیانله‌به‌رێکه) و له خوداوه وه‌رده‌گرێت. ده‌یگوت: ئه‌وه ئه‌فسانه‌یه که ئینسان به ئازادی له دایک ده‌بێت، ئاخر پێی وابوو، ئینسان له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوکایه‌تیدا له دایک ده‌بێت و ئه‌وه‌ی به ڕه‌وا ده‌زانی ژن و منداڵ موڵکی پیاو بن. فیلمه‌ر ئه‌وه‌ی پاته ده‌کرده‌وه که (خودا سه‌ره‌تا ئاده‌می خوڵقاند و له په‌راسوویه‌کی ئه‌و حه‌وای دروست کرد، خودا ئاده‌می کرد به سه‌رداری ژن و هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌یش که لێی ده‌که‌ونه‌وه، که‌سیش مافی ئه‌وه‌ی نییه، داوای هیچ له ئاده‌م بکات، مه‌گه‌ر خۆی شتێکیان پێ ببه‌خشێت.)
حه‌وا چونکه له فه‌رمانی خودا یاخیبوو، به‌وه سزا درا، سه‌روه‌ختی منداڵبوون ئازاری پێ بگات و هه‌میشه تامه‌زرۆی مێرده‌که‌ی بێت که ناچاره ملکه‌چی بێت.. فیلمه‌ر لاره‌ملێی حه‌وا بۆ ئاده‌می، که ده‌کاته ژن بۆ پیاوی، به یاسایه‌کی خودایی له قه‌ڵه‌م ده‌دا و ئه‌وه‌ی به ژن ڕه‌وا ده‌بینی که کۆیله‌ی پیاو بێت. پاشا له کن ئه‌و، هه‌مان ئه‌و ئاده‌مه بوو، ئه‌وه بۆیه بێرتراند ڕاسڵ ده‌یگوت: فیلمه‌ر زمانحاڵی توندڕۆترین باڵی حیزبی (مافی خودایی) بوو.
جۆن لۆک هه‌رچه‌نده ده‌یگوت: (پاشا کاتێک درێژه‌پێده‌ری ده‌سه‌ڵاتی خودایه که خواستی خه‌ڵک ڕه‌چاو بکات، که به گوێره‌ی ویستی خه‌ڵک ده‌سه‌ڵاته‌کانی دیاری کرابێت و ملکه‌چی یاسا بێت،) که‌چی نایه‌کسانبوونی ژن و پیاوی به شتێکی سروشتی ده‌زانی، به پاساوی ئه‌وه‌ی نێر له مێ باڵاتره و ده‌یگوت: ئه‌و نایه‌کسانییه سروشت (که هه‌رگیز کارێکی پووچ ناکات،) سه‌پاندوویه‌تی. ئه‌مه‌یش هه‌ر گوتنه‌وه‌ی تێزه‌کانی ئه‌رستۆ بوو. لۆک ده‌یگوت: (خودا خۆی بناغه‌ی سروشتی نایه‌کسانبوونی ژن و پیاوی ڕۆ ناوه، به‌ڵام هیچ بناغه‌یه‌کی سروشتی یان ناسروشتی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های پاشا دانه‌ناوه و ئه‌وه‌ی نه‌کردووه به ئه‌رکی خه‌ڵک که هه‌میشه گوێڕایه‌ڵی پاشا بن.)
جۆن لۆک وه‌ک ئه‌رستۆ بڕوای به‌وه‌بوو، خودا بوونه‌وه‌ره‌کانی به شێوه‌یه‌کی هیرارکی ڕیزبه‌ندی کردووه. ئینسانی کردووه به سه‌رداری هه‌موو بوونه‌وه‌ره نزمه‌کانی وه‌ک ڕووه‌ک، ئاژه‌ڵ، ماسی و باڵنده، به گوێره‌ی په‌یماننامه‌یه‌کیش له نێوانیاندا، پاشای کردووه به سه‌روه‌ری خه‌ڵک و (ژنیشی کردووه به ژێرده‌سته‌ی مێرد.)(1) که ده‌کاته ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێوه‌ندییان به ژیانی هاوبه‌شی ژن و مێرده‌وه هه‌یه، پیاو بڕیاریان له‌سه‌ر بدات.
گرنگه و پێویستیشه، ئه‌وه بزانین که یاسای سروشت، یاسای دارستان نییه، یاسایه‌ک نییه ڕێ به خاوهنهێزان بدات، سته‌م له بێهێزان بکه‌ن، به‌ڵکوو یاسایه‌که ماف و ئه‌رکی هه‌ر تاکێک به پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا، دیاری ده‌کات، ئاخر ئینسان به ئازادی له دایک بووه و پێویسته به ئازادی بژی، ئاخر ئه‌و ئازادییه وه‌ک ژان ژاک ڕۆسو له په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا باسی کردووه: (سروشت پێی به‌خشیوه، دیاری یان کۆمه‌کێک نییه له که‌سێکی دیاریکراوه‌وه.) ئه‌وه سروشتییه مرۆڤایه‌تی به یه‌کسانی بژی، ژیانێک نه سه‌رده‌ستی تێدا بێت، نه بنده‌ست، یه‌کسانییه‌کی ته‌واو باڵ به‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵکدا بکێشێت.
جۆن لۆک هه‌رچه‌نده ددان به‌وه‌دا ده‌نێت، ئه‌و نایه‌کسانی و جیاوازییه سروشتییه‌ی له نێوان ژن و پیاودا هه‌یه، زاده‌ی ڕێکه‌وته، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییه فیزیکییه‌ی به پاساو ده‌زانی بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت: پیاو له ژن باڵاتر و لێهاتووتره. جۆن لۆک تێزه‌که‌ی فیله‌ری به دروست نه‌ده‌زانی و ده‌یگوت: ئه‌وه‌ی که ژن ملکه‌چی پیاوه و مێرد له ژن باڵاتره، نابێته پاساو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ملکه‌چی پاشا بن، ئاخر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی مێرد، هیچ پێکه‌وه‌یان گرێ نادات. جۆن لۆکیش وه‌ک ئه‌رستۆ که باسی یه‌کسانی ده‌کرد، مه‌به‌ستی یه‌کسانیی نێوان پیاوانی ئازاد بوو، هه‌مان مافی به ژن و کۆیله‌ی ره‌وا نه‌ده‌بینی و ته‌نانه‌ت له کۆمپانیایه‌کدا که بازرگانی به کۆیله‌وه ده‌کرد، پشکی هه‌بوو!
جۆن لۆک چونکه داوای یه‌کسانیی بۆ هه‌موو خه‌ڵک کردووه، بۆیه به دامه‌زرێنی لیبرالیزمی سیاسی دێته هه‌ژمار کردن. هه‌ندێک توێژه‌ره‌وه ده‌ڵێن: خه‌ڵک لای جۆن لۆک چینی بۆرژووایه و داوای یه‌کسانیی له نێوان هه‌ردوو چینی ئه‌رستۆکرات و بۆرژووادا کردووه، ئاخر زۆر جار عه‌وامی به گه‌جه‌ر و گوجه‌ر له قه‌ڵه‌م داوه و ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی له کۆڵۆنیی کارۆلینا کارمه‌ندێکی ده‌ستڕۆییشتوو بووه، گوتوویه‌تی: (مافی ڕه‌های هه‌موو پیاوێکی ئازادی ئه‌م کۆڵۆنییهیه، سه‌رداری کۆیله ڕه‌شپێسته‌کان بێت و ته‌نانه‌ت ده‌ست وه‌ربداته نێو بیروڕا و ئایینیشیانهوه.)
که جۆن لۆک گوتوویه‌تی ئینسان به ئازادی له دایک بووه، مه‌به‌ستی له ئینسان هه‌ر پیاو بووه، نه‌ک ژنیش. ئاخر تا سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌میش کولتووری ئینگلیز هه‌ر له‌ژێر کاریگه‌رییه‌تی فه‌یله‌سووفه‌کانی یۆنان‌دا بوو، که ئینسان له کنیان، ته‌نیا پیاو بوو. وشه‌ی (مان) که له ئینگلیزی‌دا به مانای ئینسان دێت، به مانای پیاویش دێت، له فه‌ره‌نساییشدا هه‌ر تاقه وشه‌یه‌ک، هه‌ردوو ماناکه ده‌دات و له لاتینی و له کوردیش‌دا (پیاوه‌تی) به مانای (چاکه‌خوازی)یش دێت، وه‌ک کاری چاک، له ژن چاوه‌ڕێ نه‌کرێت.
بیرتراند ڕاسڵ (1872 _ 1970) له باره‌ی جۆن لۆکه‌وه ده‌ڵێت: (کاریگه‌رییه‌تییه‌کی هێنده گه‌وره و به‌رده‌وامی له نێو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا هه‌یه، پێویسته وه‌ک دامه‌زرێنی لیبرالیزمی فه‌لسه‌فی سه‌رنجی بده‌ین، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی که خاوه‌نی ڕێبازی ئه‌زموونگه‌رییه له بواری تیۆریی مه‌عریفه‌دا.) به‌ڵام ئه‌و لیبرالیزمه ته‌نیا له خزمه‌تی مافی پیاودا بوو، ئاخر یه‌کسانی له کن لۆک، یه‌کسانی بوو له نێوان پیاوێک و پیاوێکی دیکه‌دا. ته‌نانه‌ت پیاو لای ئه‌و هه‌موو پیاوێک نه‌بوو، ته‌نیا پیاوانی سه‌ر به چینه‌که‌ی خۆی بوو، پیاوانی سه‌ر به چینی بۆرژووا، ئه‌گه‌ر نا، کۆیله و عه‌وام له کنی به پیاو نه‌ده‌هاتنه هه‌ژمارکرن. لۆک ئه‌وه‌ی به سروشتی ده‌زانی، ژن له‌بن ده‌ستی پیاودا بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێ ده‌ستکرد بوو، خه‌ڵک بێ ڕه‌زامه‌ندیی خۆیان له‌بن ده‌ستی فه‌رمانڕه‌وایه‌کدا بن. ده‌یگوت: پیاوان چونکه وه‌ک سروشت له ژنان به‌هێزترن، کار ده‌که‌ن و ژنانی لاواز ده‌پارێزن، بۆیه ئاسایییه سه‌رداری ژنان بن.
جۆن لۆک ده‌یگوت: (فاکته‌ری کاربڕ که ئینسان له حاڵه‌تی سروشتییه‌وه بۆ سڤیلسالاری ده‌گوێزێته‌وه، هۆکاری خاوه‌ندارییه‌تییه که ڕه‌گه‌زێکی چالاکه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییش، ده‌سه‌ڵاتێک که ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی بریتین له پاراستنی موڵکایه‌تی، پارێزگاریکردن له خاوه‌نموڵکان و هاندانی ئینسان بۆ به‌رهه‌مهێنانی زیاتر. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه لۆک ده‌گاته ئه‌و سه‌رئه‌نجامه‌ی، (ژن چونکه توانای تێگه‌ییشتنی له پیاو که‌متره و وه‌ک بونیادی جه‌سته‌یش له پیاو لاوازتره، بۆیه پیاو له ژن باڵاتر و به‌تواناتره، بۆیه ژن چونکه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خاوه‌نی هیچ نه‌بووه، زێتر له‌وه ده‌چێت هه‌ر وا بمێنێته‌وه.)
جۆن لۆک ده‌ڵێت: پیاو که وه‌ک جه‌سته له ژن به‌هێزتره، له توانایدا هه‌یه، ڕووبه‌ڕووی کێشه و کۆسپه‌کان ببێته‌وه، چاره‌سه‌ریان بکات، به سه‌ریاندا زاڵ ببێت و هه‌ر پیاویشه پێی ده‌کرێت زه‌وی بکێڵێت و به ئه‌رکه قورسه‌کانی دیکه‌ی کشتوکاڵه‌وه خه‌ریک ببێت. که‌واته ئه‌وه کاری پیاوه که هه‌وێنی نه‌بوونی یه‌کسانییه له موڵکایه‌تی له نێوان مێرد و ژن‌دا، که ده‌کاته: هه‌بوونی جیاوازیی له نێوان توانای جه‌سته‌ییدا، هه‌وێنی نه‌بوونی یه‌کسانییه له موڵکایه‌تیدا. به‌ڵام ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ی لۆک که هه‌ر گوتنه‌وه‌ی تێزه‌کانی ئه‌رستۆیه، بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی سڤیلسالاری ده‌ست نادات.
لای جۆن لۆک ته‌نیا ئه‌وه پیاوه مافی خاوه‌ندارییه‌تی هه‌یه، ئه‌وه پیاوه نابێت ملکه‌چی پیاوێکی دیکه بێت و ئه‌وه‌یش هه‌ر پیاوه، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی قایل ده‌بێت یان نا. ئه‌و وه‌ک فه‌یله‌سووفێکی لیبراڵ، به گژ دابونه‌ریتی خراپ‌دا ده‌چووه‌وه، به‌ڵام ته‌نیا له پێناوی ئه‌وه‌دا که داکۆکی له پیاو بکات، ته‌نیا پیاوی ئازاد. ئه‌و ده‌یگوت: که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه، موڵکی پیاوێکی ئازاد زه‌وت بکات، به‌ڵام له باره‌ی مافی ژنی ئازاده‌وه ده‌می ده‌چووه کلیله.
جۆن لۆک بڕوای به هاوسه‌رگیریی تاکژنی هه‌بوو، هاوسه‌رگیریی تاکژنی به سروشتی و گونجاو ده‌زانی، بۆ وه‌چه‌خستنه‌وه و به‌رده‌وامبوونی مرۆڤایه‌تی. به‌ڵام ده‌یگوت: پێویسته منداڵه‌کان موڵکی باوکیان بن، بۆ ئه‌وه‌ی میراتی ته‌نیا به نسیبی منداڵه‌کانی یان دروستتر کوڕه‌کانی خۆی ببێت. ئه‌وه‌یش شتێکی نوێ نه‌بوو، لۆک دایهێنابێت، به‌ڵکوو هه‌ر درێژه‌پێدانی هه‌مان سیسته‌می دێرینی بابسالاری بوو که له له کۆمه‌ڵگه‌ی یۆنانی دێریندا (سه‌روه‌ختی پلاتۆن و ئه‌رستۆ،) سه‌روه‌ر بوو، ئاخر ئه‌وسایش زه‌ویوزار و ژن و منداڵ موڵکی پیاو بوون، ئه‌وسایش پیاو خاوه‌نموڵک بوو، ئه‌وسایش دوای خۆی میراتی ته‌نیا به‌ر کوڕه شه‌رعییه‌کانی ده‌که‌وت.(2)
جۆن لۆک بانگه‌شه‌ی بۆ پێکه‌وه هه‌ڵکردن ده‌کرد، دژی ئه‌وه‌بوو، به زه‌بری توندوتیژی، خه‌ڵک ناچار بکرێن، بێنه نێو ئایینی مه‌سیحه‌وه و ده‌یگوت: (ئینسان له سکی دایکییه‌وه، وه‌ک کریستیان له دایک نابێت، به‌ڵكوو دواتر، ئازادانه ئایینی مه‌سیح هه‌ڵده‌بژیرێت، بۆیه ئه‌وه مافی بێ چه‌ندوچوونی خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر هه‌ستی به ناته‌واوی له‌و ئایینه‌دا کرد، لێی بکشێته‌وه.)(3) ئه‌و هه‌رچه‌نده پێی وابوو: ئینسان وه‌ک یه‌ک له دایک ده‌بن و داوای ئازادی و یه‌کسانیی بۆ مرۆڤ ده‌کرد، هه‌رچه‌نده بیروڕاکانی ڕۆڵیان له چه‌سپاندنی دێمۆکراسی له ئه‌ورووپادا و له سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئه‌مریکاییدا هه‌بوو، به تایبه‌تی کتێبی (دوو نامه له‌باره‌ی فه‌رمانڕه‌وایییه‌وه) که تێیدا پاراستنی ئازادی و سامانی خه‌ڵکی به ئه‌رکی سه‌ره‌کیی ده‌وڵه‌ت له قه‌ڵه‌م ده‌دات و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات: (ئه‌گه‌ر فه‌رمانڕه‌وایان مافی خه‌ڵکیان نه‌پاراست، پێویسته میلله‌ت بیانگۆڕێت،) به‌ڵام پێی ئاسایی بوو، ژن سه‌روه‌ختی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی هاوسه‌رگیری، بێجگه له‌وه‌ی پێش شووکردن هه‌یبووه، هیچی دیکه‌ی نه‌که‌وێت و هێنده سووک سه‌رنجی ژنانی ده‌دا، داوای ئازادی و یه‌کسانی بۆ نه‌ده‌کردن، وه‌ک هه‌ر به ئینسانیشیان نه‌زانێت.
27/ 2/ 2012
أ. (1) سفر التکوین، الإصحاح الثالث: 16
ب. (2) د. إمام عبدالفتاح إمام، جون لوک والمرأة 2009 دار التنویر، بیروت.
(3) بۆ زانیاریی له‌و بواره‌دا، بڕوانه: جۆن لۆک، نامه‌یه‌ک له‌باره‌ی لێبوردهیییهوه، و. عه‌بدوڕه‌زاق عه‌لی 2011 ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر.