ئالان بادیۆ فه‌یله‌سووفێکی هه‌قگۆ
February 12, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، شه‌ونم یه‌حیا
(با چی دی چاوه‌ڕێی ئه‌وه نه‌بین، سیسته‌می سهرمایهداریچهم ناخه‌وێ
ئینساندۆستانهتر له‌وه‌ی که هه‌یه، هه‌ڵسوکه‌ت بکات!
با چی دی گوێ بۆ فه‌یله‌سووفه تازه‌کان ڕانهدێرین ک
له‌بری ئه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریمان بڵند بکه‌نه‌وه، دهمانگهوجێنن! (*)
با ئیدی بیر له ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ڕادیکال بکه‌ینه‌وه!)
(ئالان بادیۆ)
یان خوڕه‌ی دێ،
یاخوود ده‌مرێ.
ئه‌و شیعره، پڕ به پێستی (ئالان بادیۆ)یه که له 17ی کانوونی دووه‌می 1937 دا، له (ڕه‌بات)ی پایته‌ختی مه‌غریب له دایک بووه و ئه‌وه چوار ڕۆژه ته‌مه‌نی حه‌فتاوپێنج ساڵی ته‌واوه، وه‌لێ هه‌نووکه‌یش هێنده چالاک و گه‌شبینه، ده‌ڵێیت له تافی لاویدایه. ئه‌و هه‌ر له گه‌نجییه‌تییه‌وه له بواری سیاسه‌تدا ئه‌کتیڤ بووه. یه‌کێک بووه له‌و کۆمۆنیستانه‌ی خه‌باتێکی سه‌ختی له دژی به کۆڵۆنیالیکردنی جه‌زائیر له لایه‌ن فه‌ره‌نساوه کردووه. 1964 یه‌که‌مین ڕۆمانی نووسیوه و له 1967 دا له خولێکی خوێندندا به‌شدار بووه که لویس ئاڵتوسێر سه‌رپه‌رشتیی کردووه و هه‌ر له‌و وه‌خته‌وه کاریگه‌ریه‌تیی (جاک لاکان)یشی له‌سه‌ر بووه. ڕابوونی ئایاری 1968 ی خوێندکارانی پاریس، ئالان بادیۆی هه‌ژاندووه و گه‌لێک جار شه‌ڕی گه‌رمی فیکریی له‌گه‌ڵ ژیلی دولوز و لیوتاردا کردووه. (بوون و ڕووداو) شاکاری ئه‌وه که 1988 نووسیویه‌تی و له 1999 یش به دواوه، پرۆفیسۆری بواری فه‌لسه‌فه‌یه له ( ئی ئێن ئێس که ده‌کاته کۆلێژی باڵای په‌روه‌رده،)(**) که سارته‌ر له‌وێ خوێندوویه‌تی. کاره فه‌لسه‌فییه‌کانی له ده‌وری: تیۆریی پۆله‌تیک، چه‌مکی هه‌قیقه‌ت، داهێنان و ئیستاتیک ده‌سووڕێنه‌وه.
(ئه‌وه ئه‌ندامانی ئه‌کادیمیای فه‌ره‌نسا خۆیانن، بڕیار ده‌ده‌ن کێ ده‌بێته ئه‌ندام له‌و ئه‌کادیمیایه‌دا. ڕیمۆن ئارۆن (1905 _ 1983) که ویستی ببێته ئه‌ندامی ئه‌کادیمیای فه‌ره‌نسا، نه‌یانکرد، چونکه ئه‌وانه‌یان که دژی جووله‌که بوون، ده‌یانزانی ئه‌و جووله‌که‌یه، ئه‌وانه‌یشیان که جووله‌که بوون، پێیان وابوو، جووله‌که‌یه‌کی ته‌واو نییه. ئه‌وانه‌یان که سه‌ر به دیگۆڵ بوون، نه‌یانکرد، چونکه ناوبه‌ناو ڕه‌خنه‌ی له دیگۆڵ ده‌گرت، ئه‌وانه‌یشیان که دژی دیگۆڵ بوون، ڕازی نه‌بوون، چونکه ئه‌ویان به دیگۆڵیست ده‌زانی. ئه‌ندامه‌کانی تریش هیچیان ڕه‌زامه‌ندییان نیشان نه‌دا، چونکه ده‌یانزانی له خۆیان زیره‌کتره.) که ئالان بادیۆیش دوژمنی زۆره، ڕه‌نگه به پله‌ی یه‌که‌م له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه بێت که ڕه‌خنه‌گرێکی زیره‌کی شۆڕشگێڕی ههقگۆیه، ئاخر خۆی گوته‌نی (هه‌قیقه‌ت هه‌میشه تۆقێنه‌ره،) ئه‌وه بۆیه دوژمنانی چونکه له گوته‌کانی ده‌ترسن، ڕقیان لێی ده‌بێته‌وه.
ئالان بادیۆ ده‌ڵێت: چه‌وساوه‌کان، نه پاره‌یان هه‌یه، نه تفه‌نگیان پێیه و نه ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه‌یه، تاقه چه‌کێک که شکی ببه‌ن، خۆڕێکخستنه، من داوایان لێ ناکه‌م هانا بۆ نواندنی زه‌بروزه‌نگ ببه‌ن، به‌ڵام ده‌خوازم خۆیان ڕێک بخه‌ن و یه‌ک بگرن! بادیۆ که سه‌ردانی فه‌له‌ستینی کرد، گوتی: ئه‌وه‌ی به دژه‌جوو ناو ده‌برێم، پێش ئه‌وه‌ی تۆمه‌ت بێت، جنێوه پێم ده‌درێت، به‌ڵام له ڕه‌خنه‌گرتن ساردم ناکاته‌وه. باوکم دژی کۆڵۆنیالیسته فه‌ره‌نسایییه‌کان وه‌ستایه‌وه، ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی باکووری ئهفریکایان داگیر کردبوو، که نازیستهکانیش فه‌ره‌نسایان داگیرکرد، باوکم له سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دا بوو، منیش شوێنپێی ئه‌وم هه‌ڵگرت، له گهنجییهتیمدا کۆمه‌کی شۆڕشی جهزائیرم ده‌کرد، له‌مێژه دۆستی فهلهستینییهکانیشم، بێ قه‌یدوشه‌رت پشتیان ده‌گرم و ده‌زانم قوربانیی ده‌ستی زایۆنییه‌کانن. ئه‌وه‌ی جووله‌که دووچاری هۆلۆکۆست بووه‌ته‌وه، پاساو نییه بۆ داگیرکردنی فه‌له‌ستین. من دژی کوشت‌وبڕ و داگیرکاریم، من بڕوام به ئازادی و خۆشگوزه‌رانی هه‌یه بۆ هه‌مووان، به چاوپۆشین له‌وه‌ی سه‌ر به کام کولتوورن، ئاخر کولتووره‌کان یه‌کسانن و پێویسته له‌گه‌ڵ یه‌کدا ته‌با بن. هه‌ر لایه‌نێکی کو‌لتوور بانگه‌شه بۆ مه‌رگدۆستی بکات، پێویسته به گژی‌دا بچینه‌وه و من بڕوام به جیاوازی و فره‌کولتووری هه‌یه، نه‌ک به ململانێی نێوان کولتووره‌کان.
لای ئالان بادیۆ که (بوون و ڕووداو 1988) گرنگترین و ناودارترین کتێبی وییه له بواری فه‌لسه‌فه‌دا، ئاخر ڕۆمان و شانۆنامه‌یشی نووسیوه، ئه‌رکی فه‌لسه‌فه، وێڕای ته‌ختکردنی کۆسپه‌کانی به‌رده‌می تاک، کارێکیش ده‌کات، تاک بوێرتر بێت و هه‌ر چی توانای خۆی هه‌یه وه‌گه‌ڕی بخات، چی باشی پێ ده‌کرێت، درێغی نه‌کات و له‌سه‌ر به‌خشین به‌رده‌وام بیت. ئه‌ویندار وا ڕاهاتووه له ده‌ستپێکی چیرۆکی خۆشه‌ویستیدا به دڵبه‌ره‌که‌ی بڵێت، هه‌تا هه‌تایه تۆم خۆش ده‌وێت، ئه‌رکێکی دیکه‌ی فه‌لسه‌فه ئه‌وه‌یه، وامان لێ بکات، هه‌میشه به هه‌مان گه‌رموگوڕیی
تازهعاشقانهوه، ژیانمان خۆش بوێت.
ئالان بادیۆ هه‌ر ڕه‌خنه له‌م و له‌و ناگرێت، له خۆیشی ده‌گرێت، ئه‌وه نییه له کتێبی (بوون و ڕووداو)دا، ددان به‌وه‌دا ده‌نێت که له کتێبی (تیۆریی خود)دا، مێتۆدێکی دروستی به‌کار نه‌هێناوه. یان ده‌ڵێت: (من هه‌ندێک جار ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕیم نووسیوه، هه‌رچه‌نده ئه‌وه کاری فه‌یله‌سووف نییه، خه‌ڵک بهێنێته پێکه‌نین.) ڕووداو لای بادیۆ ڕابوونێکه له چه‌شنی ئه‌وه‌ی له ئایاری 1968 دا له پاریس ڕووی دا و دنیای هه‌ژاند، یان وه‌ک ئه‌وه‌ی به به‌هاری عه‌ره‌بی ناودێر کرا. ڕووداو ده‌شێت، قه‌ومانێکی زانستی یان ته‌نانه‌ت سۆزداری بێت، که وه‌ک شۆکێک به ئاگامان بهێنێته‌وه و له پێستی ئاژه‌ڵبوون ده‌ربازمان بکات و ببین به ئینسانێکی یه‌کسانیخواز. ڕووداو لای بادیۆ ئه‌وه‌یه شوێنه‌وار جێ ده‌هێڵێت، هه‌قیقه‌ت داده‌هێنێت و له پێوه‌ندیی ئینسان به (بوون)ییه‌وه، گۆڕانکاری دێنیته گۆڕێ، گۆڕانکاری له بواره‌یلی مه‌عریفه، سیاسه‌ت، ئه‌وین و هونه‌ردا.
ئالان بادیۆ که کتێبێکیشی به ناونیشانی (سه‌رده‌م)ه‌وه نووسیوه، له‌وه‌دا له‌گه‌ڵ (هیگڵ)دا کۆکه که خۆشه‌ویستی، هونه‌ر، زانست و سیاسه‌ت، زووتر ده‌رده‌که‌ون و فه‌لسه‌فه دواتر دێت، به‌ڵام به هۆی ئه‌و دواکه‌وتنه‌وه، شتێک ده‌ڵێت که پێوه‌ندیی به (سه‌رده‌م)ێکه‌وه هه‌یه، یان دروستتر نهێنییه‌کانی سه‌رده‌مێک ئاشکرا ده‌کات و سه‌رده‌مێک له دیوی ناوه‌وه ده‌بینێت. سه‌ده‌ی بیست چییه؟ ئه‌وه پرسێکه، فه‌لسه‌فه ده‌توانێت وه‌ڵامی بداته‌وه. ئه‌وه نه‌بوو پلاتۆن، باسی له شاری گریکی ده‌کرد و له هه‌وڵی ڕۆنانی کۆمار‌دا بوو؟ ئه‌دی (سه‌رده‌م)ی ڕۆشنگه‌ری، به (کانت)ه‌وه پێوه‌ست نییه؟ له (سه‌رده‌م)دا بادیۆ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که (دووان) له (یه‌کێک)دا کورت ناکرێته‌وه، که هه‌قیقه‌ت لای که‌م هه‌میشه لای دوو که‌سه نه‌ک یه‌ک، که دیالکتیکی ئیجابی ئه‌وه‌یه باس له شتی تازه و داهێنان بکه‌ین، تازه‌یه‌ک که هیچ مه‌رج نییه سه‌رهه‌ڵدانی به مه‌رگی کۆنه‌وه گرێ درابێت.
ئالان بادیۆ کتێبێکی هه‌یه، ناوی لێ ناوه: (ناوی سارکۆزی چی حه‌شار داوه؟) تێیدا ده‌گاته ئه‌و سه‌رئه‌نجامه‌ی، داهاتووی فه‌ره‌نسا جێی دڵخۆشی نییه، چونکه نازانین به‌ره‌و کوێ مل ده‌نێت. ده‌زانین فه‌ره‌نسا ڕابردوویه‌کی مه‌زنی هه‌بووه، به‌ڵام ئایا داهاتوویه‌کی مه‌زنیشی ده‌بێت؟ ئه‌وه جێی گومانه. بادیۆ که له (1968)ه‌وه به‌شداری هیچ ده‌نگدانێکی نه‌کردووه، به گومانه‌وه سه‌یری هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان ده‌کات و ده‌ڵێت: (ئه‌وه په‌رله‌مان بوو هیتله‌ری به لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵات گه‌یاند.) ئه‌و له‌وه نیگه‌رانه که فه‌ره‌نسا له‌و شه‌ڕانه‌دا به‌شدار ده‌بێت که ئه‌مریکا ههڵیاندهگیرسێنێت. ئه‌و نیگه‌رانی ئه‌و شهڕانهیشه که له ناوخۆی فه‌ره‌نسادا، دژی هه‌ژاران و په‌نابه‌ران به ڕێ ده‌خرێن، دژی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ئیشی سه‌خت ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی له شوێنی دووره‌وه دێن و مۆڵه‌تی مانه‌وه‌یان نییه. بادیۆ ده‌ڵێت: یاسای مانه‌وه‌ی بێگانه له فه‌ره‌نسا، یاسایه‌کی نائینسانیی سه‌رکوتگه‌ره و جیاوازی له نێوان تاکه‌کاندا ده‌کات.
بادیۆ له کتێبی (نسکۆی چه‌پ 2009)دا ده‌ڵێت: (ئه‌مڕۆ هیچ ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز له دنیادا نییه، له‌سه‌ر بناغه‌ی کۆمۆنیزم یان ته‌نانه‌ت سۆشیالیزم دامه‌زرابێت. له سه‌ده‌ی پێشوودا هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی زاده‌ی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم بوون، تێکشکان و به‌ره‌و سیسته‌می زاڵمی سه‌رمایه‌داری گه‌ڕانه‌وه، به‌وه‌یش بخوازین یان نا، هه‌نووکه ئیدی بێجگه له شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری، هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی دیکه له ئارادا نه‌ماوه. بادیۆ له‌و کتێبه‌یدا باسی هه‌ندێک نسکۆی دیکه‌یش ده‌کات، وه‌ک نسکۆی شۆڕشی سپارتاکۆسییهکانی به‌رلین له دوای یه‌که‌مین جه‌نگی جیهانییه‌وه، نسکۆی ئه‌زموونه سۆشیالیسته ئینسانییه‌که‌ی چیک‌وسلۆڤاکیا که 1968 دا، سوپای سوور تێکوپێکی شکاند و نسکۆی ڕابوونه‌که‌ی 1980 ی کرێکارانی پۆڵۆنیا.
(فیکری ڕه‌ها) ناونیشانی کتێبێکی دیکه‌ی ئالان بادیۆیه، تێیدا ئه‌وه به وههم ده‌زانێت ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، هه‌قیقه‌ت لای ئێمه‌یه و به‌س، ئه‌وه به کاره‌سات ده‌زانێت ئه‌گه‌ر نائاگایانه توند توند خۆمان به فیکرێکه‌وه شه‌ته‌ک بده‌ین، ئاخر ئه‌وسا بوار بۆ دیالۆگی نێوان فیکر و کولتووره‌کان ناهێڵینه‌وه و سه‌نگه‌ر له یه‌کدی ده‌گرین. ئه‌و پێی وایه، فیکر زیاتر ئه‌و وه‌خته خه‌وشدار ده‌بێت که هه‌ڵگره‌که‌ی به هه‌قیقه‌ت و به پیرۆزی بزانێت و ده‌ڵێت: ئه‌وه خۆ به کۆمۆنیستزانهکان بوون، ئێدۆلۆگیی کۆمۆنیزمیان بۆ خزمه‌تی خۆیان به‌گه‌ڕ خست و عه‌یبداریان کرد. بادیۆ داوای ئه‌وه ده‌کات، به چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه سه‌رنجی فیکر بدرێت و له‌بری به ڕه‌هاکردنی فیکر، هه‌وڵی ئازادکردنی بده‌ین و ده‌ڵێت: دنیا هیچ کاتێک وه‌ک ئێستا، پێویستی به تێکشکاندنی دۆگما و به لایه‌نگرتنی کولتووری جیاوازی نه‌بووه.
جۆن لۆک (1632 - 1704) پێی وابوو (که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه باوه‌ڕی خۆی به‌سه‌ر ئه‌م و ئه‌ودا بسه‌پێنێت.) چونکه هه‌موو تاکێک ئازاده، باوه‌ڕ به چی ده‌کات و به چی ناکات، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ژان دورمیسۆن ده‌ڵێت: (سارته‌ر چل ساڵێک دیکتاتۆری بواری ڕۆشنبیری بوو له فه‌ره‌نسا، ئه‌و ڕۆشنبیره‌ی ملی بۆ که‌چ نه‌کردبا، هه‌وڵی ده‌دا تێکی بشکێنێت.) ئالان بادیۆ ئه‌وه ناشارێته‌وه که به سارته‌ری وجوودی سه‌رسام بووه و لاقێکیشی لای بونیادخوازهکان بووه، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: (ئێستایش له ڕێی چه‌مکی خوده‌وه، هه‌ڵگری ئه‌و ئازایه‌تییه‌م که لای وجوودییه‌کان هه‌بوو، ئێستایش پێم وایه، (ژاک لاکان)ی ستروکتورالیست هه‌ڵگری شتێک بوو که له‌ناو ناچێت، به تایبه‌تی که ده‌یگوت: (ده‌ستبه‌رداری هیوا و ئاره‌زووی خۆت مه‌به!) ئه‌مه وێڕای بایه‌خدانی به ئه‌ده‌ب، ئاخر منیش له سه‌ره‌تادا به ئه‌ده‌ب ده‌ستم پێ کرد. هه‌روه‌ها ده‌بێژێت: به‌و قسه‌یه‌ی ژیلی دولوز زۆر سه‌رسامم که ده‌ڵێت: (زه‌حمه‌ته بتوانین ئاوڕ بۆ لای ئه‌و زه‌بره بده‌ینه‌وه که له پشته‌وه پێمان ده‌که‌وێت.)
ئالان بادیۆ ده‌ڵێت: (ئه‌وه جۆرێکه له ئازاردانی خود، ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیر ده‌ست له عه‌قڵی ڕه‌خنه‌یی هه‌ڵبگرێت، ئاخر ئه‌گه‌ر وای کرد، به‌وه فه‌لسه‌فه ده‌کاته پاشکۆی لایه‌نگیریی سیاسی. من دژی ئه‌و ڕه‌وته فه‌لسه‌فییه‌م که هه‌نووکه سه‌روه‌ره، چونکه ئه‌وه به ئاشکرا دیاره که له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆ نراوه.) ئێدوارد سه‌عیدیش پێی وایه، رۆشنبیر که ده‌ستبه‌رداری ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گرانه بوو، ده‌بێته ناپاک. ڕۆشنبیری ناپاک نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه له‌و قۆناغه ناگرێت که تێیدا ده‌ژی، به‌ڵکوو ده‌که‌وێته پێداههڵدانیشی. بادیۆ ده‌بێژێت: فه‌یله‌سووفان هه‌ڕه‌مه‌کی هیچ نانووسن، که (ڕێیه‌کانی ئازادی)ی سارته‌ر ده‌خوێنمه‌وه، هه‌ست ده‌که‌م کاره‌کته‌ره‌کانی که (ڕێبوارانی ڕێی ئازادی)ین له شتێکدا هاوبه‌شن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، خۆیان به ته‌واوی ئازاد نین.
ئالان بادیۆ پێی وایه، فه‌یله‌سووفیش پێویستی به جه‌ماوه‌ر هه‌یه، ئاخر زۆر جار ئه‌ویش بۆ خه‌ڵک قسه ده‌کات، ئه‌مه وێڕای ده‌رسگوتنه‌وه له زانکۆ. له‌گه‌ڵ بایه‌خی زۆری کتێبیشدا، هێشتا فه‌یله‌سووف هه‌ر ناچاره ڕاسته‌وخۆ بۆ تاکه‌کان بدوێت، تا فێری بوێرییان بکات و ڕاستییه‌کانیان بۆ بخاته ڕوو. فه‌لسه‌فه شتێکی ئهکادیمیکه و ئه‌وه زۆر جێی بایه‌خه که له لاوانه‌وه نزیکه. بادیۆ دڵی به‌وه خۆش نییه که دوا که‌سی زیندووه له دوای (لویس ئاڵتوسیر، ژاک لاکان، میشیل فۆکۆ و ژیلی دولوز)ه‌وه، به‌وه خۆشحاڵه که دوا سه‌ربازی شه‌ڕێکی دۆڕاو نییه.
ئالان بادیۆ که ده‌ڵێت: (بواری ئێدۆلۆگی، بواری شه‌ڕێکی ڕاسته‌قینه‌یه، قسه‌وباسی خۆشی نێوان دۆستان نییه.) ئیلهامی ئه‌و گوته‌یه‌ی له قسه‌یه‌کی (ما‌و)ه‌وه بۆ هاتووه که ده‌ڵێت: (شۆڕش شه‌وه‌ئاهه‌نگێک نییه.) بادیۆ وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ خه‌بات و شۆڕش، سه‌رنجی شیعریش ده‌دات، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: (شاعیران هۆشیاریی مرۆڤدۆستانه و وجوودییانه ده‌خوڵقێنن و ویژدانی دنیا ده‌بزوێنن.) ئه‌و دژی ئه‌و تێزه‌یه که ده‌ڵێت: (بۆ شاعیر وا باشه ته‌ماشاکه‌ر بێت، ئاخر ئه‌گه‌ر به‌شداری له شه‌ڕدا بکات، یه‌کسه‌ر ده‌کوژرێت.) بادیۆ زۆر جار وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی پرۆلیتاریا ده‌په‌یڤێت: (ئه‌وانه‌ی ئێستا له هه‌موو شتێک بێبه‌ش کراون، توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه ببنه هه‌موو شتێک، ئینته‌رناسیۆنالیزم بۆ ئه‌وه پێک هێنراوه، ئێمه که ئێستا هیچ نین، ببینه هه‌موو شتێک.)
بادیۆ ده‌ڵێت: (من کۆمۆنیستم و خه‌ون به کۆمۆنیزمه‌وه ده‌بینم، ئه‌و کۆمۆنیزمه‌ی مارکس باسی ده‌کرد. خه‌ون به کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌وه ده‌بینم، تاک تێیدا ته‌نیا بیر له قازانجی خۆی نه‌کاته‌وه، به‌ڵکوو به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی مه‌به‌ست بێت که خۆی یه‌کێکه له‌وان. کۆمۆنیستبوون پێش مارکس‌یش هه‌ر هه‌بووه، یاخیبوونی کۆیله‌کان له ڕۆمانییه‌کان و شۆڕشه‌که‌ی سپارتاکۆس، چونکه داوای یه‌کسانی و دادپه‌روه‌رییان ده‌کرد، هه‌ڵگری گه‌شترین لایه‌نی کۆمۆنیزم بوون.) بادیۆ ده‌ڵێت: چونکه وڵاتانی سۆشیالیست، ترسیان خستبووه دڵی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه‌وه، کهپیتالیستان له ناچارییه‌وه ددانیان به گه‌لێک مافی کرێکاراندا نابوو، منیش ته‌نیا له‌و بواره‌دا ددان به بایه‌خی (ستالین)دا ده‌نێم که سه‌رمایه‌دارانی دنیای تۆقاندبوو. ئێستا که به شێوه‌یه‌کی کاته‌کی، که‌پیتالیزم ترسی له دڵدا نه‌ماوه، بێباکانه ڕووی ڕه‌سه‌نی دڕندانه‌ی خۆیمان نیشان ده‌دات.
ئالان بادیۆ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مافدایه، له‌گه‌ڵ مافی ئینساندایه، به‌ڵام دژی ئه‌وه‌یه به بیانووی پاراستنی مافی مرۆڤه‌وه، ده‌ست له کاروباری وڵاتان وه‌ربدرێت. ئه‌و وای بۆ ده‌چێت، ڕۆژئاوا که ناتوانێت زه‌بروزه‌نگی ناوخۆی که‌م بکاته‌وه، به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌وانه ده‌کات. بادیۆ وای ده‌بینێت، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه بڵێین: دێمۆکراسی دنیایه‌کی بێ توندوتیژی دابین کردووه، ئاخر کۆتایی پێ نه‌هێناوه، بۆ وڵاتانی دیکه‌ی هه‌ناردووه. ئه‌گه‌ر خۆشگوزه‌رانییه‌ک له خۆرئاوادا هه‌بێت، له‌سه‌ر کیسه‌ی گه‌لانی دیکه چێ کراوه، که‌چی ده‌رگای خۆرئاوا به پاساوی پاراستنی ئه‌و خۆشگوزه‌رانییه، به ڕووی په‌نابه‌راندا داخراوه. خۆرئاوا که له دژی دیواری به‌رلین گوێی دنیای که‌ڕ کرد، گوێی خۆی له‌و دیواره‌ی فه‌له‌ستین له ئیسرائیل جیا ده‌کاته‌وه، خه‌واندووه. دیواره‌که‌ی به‌رلین بۆ ئه‌وه ڕۆنرابوو، که‌س وڵات جێ نه‌هێڵێت، ئه‌وه‌ی ئیسرائیل بڵندی کردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌یه، که‌س خۆی نه‌کات به وڵات‌دا! بادیۆ ڕاست ده‌کات که ده‌ڵێت: خۆرئاوا ئه‌گه‌ر جه‌للادی گه‌لانی خۆی نه‌بێت، ئه‌وا جه‌للادی گه‌لانی دیکه‌یه.
ئالان بادیۆ فه‌یله‌سووفێکی چه‌پڕۆیه، له‌سه‌ر شانۆی ڕۆشنبیریی فه‌ره‌نسا و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌یش ناسراوه. خه‌باتی ئه‌و ته‌نیا له بواری ڕۆشنبیریدا نییه، کۆششی هه‌ر له بازنه‌ی شه‌ڕی فیکریدا گیر ناخوات، به‌ڵکوو دامه‌زرێنه‌ری ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانهیشه. بادیۆ وه‌ک زۆر ڕۆشنبیری دیکه کردیان، نه‌هات دوای هه‌ره‌سی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات، واز له بیروڕای چهپڕۆیانهی خۆی بهێنێت، به‌ڵکوو له‌سه‌ر فیکری خۆی شێلگیرتر بوو. بادیۆ وه‌ک مارکسیستێکی ماویست هه‌نووکه‌یش، دوای بادانه‌وه‌ی (چین)یش به‌ره‌و ئابووریی بازاڕی ئازاد، هه‌ر خه‌ون به به‌هه‌شتی سۆشیالیزمه‌وه ده‌بینێت و هه‌ر هه‌لێکی ده‌ستگیر ببێت، لیبرالیزم به هه‌ردوو ڕووکهیهوه، ئابووری و سیاسی که ده‌کاته سه‌رمایه‌داری و دێمۆکراسی، ده‌داته به‌ر ڕێژنه‌ی ڕه‌خنه. ئه‌و ده‌ستی ڕه‌خنه له چه‌پی نه‌ریتخوازیش ناپارێزێت، ئیدی خۆیان به سۆشیالیست بزانن، یان کۆمۆنیست.
وه‌ک ئێڤیلان بوژایه له (لۆمۆند دیپلۆماتیک)ی کانوونی دووه‌می 2011 دا کورتی کردووه‌ته‌وه، ئالان بادیۆ وای بۆ ده‌چێت، بۆ گه‌ییشتن به یه‌کسانیی ڕاسته‌قینه، که هه‌موو تاکه‌کان به ته‌واوی یه‌کسان بن و که‌س مافی ئه‌وی دیکه نه‌خوات، پێویسته ئینسان ده‌ستبه‌رداری سروشتی ئاژه‌ڵانه‌ی خۆی ببێت و واز له چاوچنۆکی که هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدانی جیاوازییه، بهێنێت. ئیڤێلین بیاییه، ئه‌وه‌یش ده‌ڵێت که پێناسه‌ی بادیۆ بۆ ئینسان که له سروشتی ئاژهڵانهیدا چڕ ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی ڕاستڕهواندا کۆکه، ئاخر ئه‌وانیش به هه‌مان پاساو سه‌رمایه‌داری به ڕه‌وا ده‌زانن.
ئێڤیلان بوژایه ده‌ڵێت: بادیۆ هه‌رچه‌نده نه‌سره‌وتانه سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه، جێ به فیکری زاڵ لێژ بکات، به‌ڵام فیکرێکی دیاریکراوی وه‌های پێ نییه که بتوانین وه‌ک به‌رنامه‌ی کار سه‌رنجی بده‌ین و ئه‌و (ئاوێزانبوونی هه‌قیقه‌ت)هی باسی ده‌کات، درێژه‌پێدانی ئایدیالیزمی پلاتۆنه. ئیڤێلین بیاییه زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت: (بادیۆ له پلاتۆن ئایدیالیستتره، ئاخر شاره باڵا دادخوازهکهی پلاتۆن، فه‌یله‌سووفان دایده‌هێنن و ده‌بنه پێشڕه‌ی چینه‌کانی دیکه، به‌ڵام ئه‌و شاره‌ی بادیۆ ده‌یخوازێت، کاتێک دێته کایه‌وه، خه‌ڵکه‌که هه‌موویان ببنه فه‌یله‌سووف و واز له سروشتی ئاژه‌ڵانه‌یان بهێنن، که گه‌لێک ئه‌سته‌متره.) هه‌ر ئه‌مه‌یشه وای له سلاڤۆی زیزه‌ک که ئه‌ویش فه‌یله‌سووفێکی مارکسیسته بڵێت: (نموونه‌که‌ی بادیۆ له داهێنانێکی ئایینی ده‌چێت، ئه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی لیبرالیزم ڕه‌ت بکاته‌وه، دێت ڕزگاری ده‌کات.)
عه‌لی حه‌رب که بیرمه‌ندێکی لوبنانییه، ده‌ڵێت: بادیۆ مارکسیستێکی به‌ئه‌مه‌که، به‌ڵام کێشه‌که ئه‌وه‌یه، مارکسیسته‌کان هه‌رچه‌نده ده‌بێت خاوه‌نی فیکرێکی ماددی، دیالێکتیکی و مێژوویی بن، که‌چی چاره‌سه‌ریان له پرۆژه‌ی ئایینی (یوتۆپیان)تره و جیاوازییه‌که ئه‌وه‌یه، په‌یامبه‌ران مژده‌ی به‌هه‌شتی ئهودنیامان پێ ده‌ده‌ن و مارکسیسته‌کان باسی به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌وینمان بۆ ده‌که‌ن. عه‌لی حه‌رب ده‌نووسێت: (فه‌یله‌سووفان له خه‌ڵکی ئاسایی زیاتر، به دوای ئارهزووهکانیانهوهن، زیاتر شه‌یدای خود، ناو، به‌رهه‌م و شوێنپێی خۆیانن. ئه‌مه‌یش ناکۆکییه‌کی دیکه‌ی نێوان من و بادیۆیه که بایه‌خێکی ئه‌وتۆ به‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی سروشتی ئینسان که له کۆتاییدا (من)ێکه، نادات.) عه‌لی حه‌رب، سلاڤۆی زیزهکیش ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: (ئه‌و هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی توند له لیبرالیزم ده‌گرێت، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر لێی سوودمه‌ند بووه، به‌ڵکوو له‌نێو خێر و خۆشییه‌کاندا نوقوم بووه.)(***)
ڕه‌خنه‌ی بادیۆ له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئه‌وه‌یه، تاک فێری ئه‌وه ده‌کات، ته‌نیا بیر له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ژیانی خۆی بکاته‌وه، به چاوپۆشین له‌وه‌ی که‌سه هه‌ره نزیکه‌کانی چۆن ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. بادیۆ ده‌ڵێت: (بزوێنه‌ری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، قازانجه، پرۆژه‌ی کۆمۆنیسته‌کان ده‌یه‌وێت مرۆڤایه‌تی له ده‌سه‌ڵاتی قازانج ڕزگار بکات.) ئه‌و پێی وایه، سه‌رکرده ناوچه‌یییه‌کان که له کۆمه‌ڵێک دزی گچکه پێک دێن و میلله‌تانی خۆیان لێیان بێزارن، به کۆمه‌کی دزه مه‌زنه پرۆفیشیۆناڵه نێوده‌وڵه‌تییه ئه‌مریکایی و ئه‌ورووپایییه‌کان، ده‌ستیان له کورسیی ده‌سه‌ڵات گیر کردووه. بادیۆ ده‌ڵیت: ئه‌لیۆت ماری که وه‌زیرێکی حوکوومه‌ته‌که‌ی سارکۆزییه، زۆر نیگه‌ران بوو به‌وه‌ی، هێزه ئه‌منییه لێهاتووه‌کانی فه‌ره‌نسا، زوو له قازانجی بن عه‌لی وه‌گه‌ڕ نه‌خران! ماڵی ئاوه‌دان بێت، ئه‌و به ده‌نگی به‌رز قسه‌ی دڵی خۆی کرد، ئاخر هه‌ڤاڵه وه‌زیره‌کانی به چرپه هه‌مان هه‌ستیان ده‌رده‌بڕی. ئه‌وانه‌ی بڕوایان به کۆتایی مێژوو هه‌بوو، قه‌ت عه‌قڵیان نه‌یده‌بڕی، بن عه‌لی، قوتابییه گوێرایهڵهکهی خۆرئاوا، قه‌ڵا سه‌خته ئه‌نتی ئیسلامییه‌که! به زه‌بری ڕابوونی لاوان، وا زوو چنگ له‌سه‌ر شان هه‌ڵێت. بادیۆ ده‌ڵێت: (ئه‌و بۆشایییه‌ی له نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه، ڕوو له گه‌وره‌بوونه، چونکه ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ده‌یخوازێت، ده‌سه‌ڵات پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌کات، ئه‌وه نییه سیسته‌مه سه‌رمایه‌دارییه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی ئابووری و بۆ ڕزگارکردنی بانکه‌کان له مایه‌پووچی، بوودجه‌ی گشتی تاڵان ده‌که‌ن!)
له باره‌ی هه‌ردوو شۆڕشی تونس و میسره‌وه ئالان بادیۆ ده‌ڵێت: ئایا ئه‌وه جێی پێکه‌نین نییه، هه‌ندێک ڕۆشنبیری گوێڕایه‌ڵ، (سه‌ربازانی شکست‌خواردووی سه‌رمایه‌داری، ئه‌و به‌هه‌شته‌ی له ددانێکی کلۆر ده‌چێت،) وه‌ک گه‌لانی سه‌ربڵندی تونس و میسر به دڕنده بزانن، ده‌ڵێن ئاماده‌ین فێری پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی دێمۆکراسییان بکه‌ین! ئایا ئه‌وه له لووتبڵندییهکی کۆڵۆنیالیستانه به‌ولاوه، هیچی دیکه‌یه؟ ئاخر ئه‌وه خۆرئاوایه پێویسته له‌وانه‌وه فێری ڕابوونی میللی ببێت و ئه‌وه ئێمه‌ین که پێویسته شاگردی ئه‌و مامۆستایانه بین.
که مه‌حه‌ممه‌د بوعزیزی ئاگر له جه‌سته‌ی خۆی به‌رده‌دات و ڕاپه‌ڕینی لێ ده‌که‌وێته‌وه، ئالان بادیۆ گوته‌یه‌کی (ما‌و)ی بیر ده‌که‌وێته‌وه: (ڕه‌نگه بروسکه‌یه‌ک ده‌شتێک بسووتێنێت.) له‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌دا، ئه‌وه به‌رژه‌وندی بوو ڕۆڵی کاربڕی وازی کرد، نه‌ک بیروباوه‌ڕ. ئه‌و لاوانه‌ی دژی ڕژێمی بن عه‌لی ڕژانه سه‌ر شه‌قام، هانده‌ریان فیکرێکی دیاریکراو نه‌بوو، ئه‌وه‌ی بۆ ڕابوون هانی دان، هه‌ژاری بوو. بادیۆ ده‌ڵێت: (بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه وه‌ک په‌تا بڵاو نابێته‌وه، به هۆی ده‌نگدانه‌وه‌وه ته‌شه‌نه ده‌کات، ئه‌و (زایه‌ڵه)یه، ڕووداوه، داهێنانێکی کوتوپڕه، وه‌ک شۆک وایه و کۆمه‌ڵێک ئه‌گه‌ری نوێی به دوادا دێت. ڕابوون له تونس و میسر، داهێنان بوو، داهێنانێک که سه‌لماندی گه‌ل له‌و دوو وڵاته زیندووه، گه‌ل هه‌بوونی خۆی سه‌لماند و وه‌ک ڕاپه‌ڕیوێکی میسری گوتی: (جاران گه‌ل سه‌یری تیڤیی ده‌کرد، ئێستا تیڤی سه‌یری گه‌ل ده‌کات.)
بادیۆ ده‌ڵێت: (له پشت ڕاپه‌ڕینه میللییه‌که‌ی تونسه‌وه، نه حیزبێکی دیاریکراو هه‌بوو، نه سه‌رکرده‌یه‌کی ناسراو، بۆیه له دوای کۆمۆنه‌ی پاریسه‌وه، خاوێنترین ڕاپه‌ڕین بوو. چونکه هه‌موو چین و توێژه‌کانی گه‌ل به‌شدارییان تێدا کرد، چونکه چاره‌نووسی گه‌لی به گشتی گۆڕی، بۆیه ده‌توانین وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمۆنیستانه ناودێری بکه‌ین، بزووتنه‌وه‌یه‌ک هه‌رچه‌نده له شوێنێک ڕووی دا، به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو دنیای کرد.)
ئالان بادیۆ و شەونم یەحیا/پاریس
ژێده‌ر و په‌راوێز
1) أقول ما أعتقد أنه حقیقة، لقا‌ء بین ألان بادیو و فردریک تادي 14 ینایر 2008
2) الفیلسوف الفرنسي ألان بادیو، حاوره: إیریک أیشیمان و لوران جوفران، ترجمة: کمال بوعجیلة، صحیفة لیبیراسیون 27 جانفي 2009
3) ألان بادیو فیلسوف العصر، حوار مع مجلة ماغازین لیتریر 17 مایو 2008
4) ألان بادیو، عندما تعصف ریاح الشرق بغطرسة الغرب، جریدة النهار 31 مارس 2011
5) ألان بادیو، حکام العالم عصابات و لصوص، ترجمة: أسیل الحاج، لیبیراسیون الفرنسیة.
6) إفلین بیاییه، في مغارة ألان بادیو 16 کانون الثاني 2011
7) د. علي حرب، ألان بادیو فیلسوف یفکر بعقل تنبئي 7 فبرایر 2011
8) الخطاب الذي ألقاه الفیلسوف الإشتراکي سلافو جیجیک في وول ستریت في 11 أوکتوبر2011
9) أبوزید حموضة، الفیلسوف البروفیسور ألان بادیو یزور فلسطین 18 کانون ألثاني 2009 نابلس.
10) فشل الیسار لألان بادیو، سعیدة شریف، المغربیة 10 نیسان 2011
(*) گه‌وجاندن: ده‌ربڕینی ئالان بادیۆیه نه‌ک هی نه‌وشیروان مسته‌فا.
(**) École normale supérieure
(***) سلاڤۆ زیزه‌ک له واڵ ستریت، له 11\10\2011 دا، له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا گوتی: (پێمان ده‌ڵێن: خهیاڵپڵاوان، ئێمه خه‌یاڵپڵاو نین، خهیاڵپڵاوان ئه‌وانه‌ن، وای بۆ ده‌چن، دنیا تا هه‌نووکه چۆن به‌ڕێوه ڕۆییشتووه، هه‌تایه هه‌تایه هه‌ر وا ده‌ڕوات و سه‌رمایه‌داری کۆتاییی مێژووه. کێشه‌که ئه‌وه نییه که له خۆرئاوا گه‌نده‌ڵکاری هه‌یه، کێشه‌که له‌ناو سیسته‌مه‌که‌دایه که تاکه‌کان به‌ره‌و گه‌نده‌ڵی به‌کێش ده‌کات. ئه‌گه‌ر کۆمۆنیزم ئه‌و سیسته‌مه بێت که هه‌ره‌سی هێنا، ئه‌وا ئێمه کۆمۆنیست نین، ئاخر ئه‌و به‌ناو کۆمۆنیستانه‌ی ئه‌وسا، هه‌نووکه لێزانترین و دڕترین سه‌رمایه‌دارن. هه‌نووکه له چین سه‌رمایه‌دارییه‌ک سه‌روه‌ره، له‌وه‌ی ئه‌مریکا چالاک‌تر، بێ ئه‌وه‌ی پشتی به دێمۆکراسی قایم بێت. چونکه هاوسه‌رگیریی سه‌رمایه‌داری و دێمۆکراسی کۆتایی هاتووه، ئه‌گه‌ری گۆڕانکاری نه‌ک هه‌ر هه‌یه، به‌ڵکوو به‌هێزیشه. که هه‌ژاران داوای ئه‌وه ده‌که‌ن، باج له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندان زیاد بکرێت، پێیان ده‌گوترێت، ئه‌وه مه‌حاڵه، چونکه توانای کێبڕکێمان لاواز ده‌بێت، بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم له‌وه بکه‌ن، مه‌حاڵ یه‌کسانه به ده‌وڵه‌تێکی تۆتالیتاریست.)