خوێندنه‌وه‌ی شیعری (سه‌رده‌مێ له بێده‌نگی)ی ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی
January 9, 2012
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
من نامه‌وێ بێده‌نگیتان تێك بده‌م،چاره‌سه‌ر به شیعر
كه ئێوه چوون له‌گه‌ڵ خۆتاندا
سهردهمێكتان ناشت،
سه‌رده‌مێ زه‌رده‌په‌ڕ
سه‌رى ده‌شكا و
گه‌ڵا له‌په‌نجه‌كانى چڵه‌وه،
له په‌یژه‌ى دره‌خت داده‌به‌زی،
فڕین له باڵ ده‌تۆرا و
گزنگ به‌شى ئه‌وه‌ى نه‌ده‌كرد
ده‌ست بكاته ملى ئینجانه.
جریوه تامى یاده‌وه‌رییه‌كى نه‌بوو،
بچێته‌وه سه‌ر مه‌نتیقى باڵنده،(*)
كه ئێوه چوون له‌گه‌ڵ خۆتاندا،
سهردهمێكتان ناشت،
سه‌رده‌مێ گوڵ بیرى ده‌چوو
چاوه‌كانى به شكۆفه بڕێژێ،
شه‌و بیرى ده‌چوو،
تریفه بخاته ناو ستیانهكانییهوه،
ڕووبار بیرى ده‌چوو
به‌ده‌م شه‌پۆلێكى شه‌له‌وه، پیاسه بكا،
با، بیرى ده‌چوو
ببێته میوانێكى مه‌ستى باخچه،
گیا له بیریدا نه‌بوو،
سێبه‌ر بخاته سه‌رشانى،
كانى به ئهوكى پڕ لهخۆڵهوه له بیری ده‌چوو
له فرمێسكهكانیدا مانگ خۆى ده‌شوا،
ئه‌و هه‌موو بارانه ده‌بارى،
چه‌م بیرى ده‌چوو،
ته‌رمى باران له پرچهكانیا ناونووس كا
هه‌موو ڕۆژێ
سپێده به نه‌رمه سهمایهكهوه
گه‌سكى له تاریكى ئه‌دا،
كه‌چى له بیریدا نه‌بوو
فوو له چرایه‌كدا پێكرا.
نامه‌وێ بێده‌نگیتان تێك بده‌م
كه ئێوه چوون
له‌گه‌ڵ خۆتاندا سهردهمێكتان ناشت،
سه‌رده‌مێ ئه‌ستێره به‌سه‌ر
شانى ئاسمانه‌وه ده‌تریقایه‌وه،
كه‌چى ته‌ریقه‌تى تاریكیی ده‌خوێند،
هه‌ور سكێچى بارانى ده‌كرد،
كه‌چى ته‌ریقه‌تى قاتوقڕىی ده‌خوێند،
ماسى بۆ دڵى ئاو هه‌ڵوه‌دا،
كه‌چى ته‌ریقه‌تى فڕینى ده‌خوێند،
ئاو ته‌ریقه‌تى تراویلكهى ده‌خوێند،
كه ئێوه چوون
له‌گه‌ل خۆتاندا سهردهمێكتان ناشت
سه‌رده‌مێ په‌نجه‌ره دوور له بینین،
وهجاخكوێربوو به ته‌ماشا،
كۆڵان دوور له ڕێگا،
نه‌زۆك بوو به هاتوچۆ،
ژوور دوور له چرپه‌ى چریا،
شپرزه‌بوو به ژن،
جۆگه تابووتێكى درێژبوو بۆ كێڵگه
چاوه‌ڕوانى دوور له تامه‌زرۆیی،
په‌تاى تاعوونێ بوو بۆعیشق
مردن دوور له په‌یامى خۆى
پاسه‌وانێكى ساخته بوو بۆ ژیان،
كه ئێوه چوون
له‌گه‌ڵ خۆتاندا سهردهمێكتان ناشت
سه‌رده‌مێ ژیان سێوێكى سووربوو،
به‌ده‌م ههناسهبڕكێى چه‌قۆوه، نه‌زیف...
سه‌رده‌مێ ژیان پرته‌قاڵێكى كرچوکاڵ بوو
له باخى سنگى كچێكى شه‌رمندا،
هه‌میشه گوشراو،
سه‌رده‌مێ ژیان كڕێوهیهكى ئهزهلى بوو،
به چه‌ترو كاسكێت و پاڵتۆ داپۆشراو
سه‌رده‌مێ پێكه‌نینى تفه‌نگه‌كان،
جوانیی ڕاو ده‌كرد و
هه‌ژانى ژیان پڕ له نه‌گوتن،
سه‌رده‌مێ خه‌ونى توولانیی
قهیرهكچان پڕ له قامچى و
فریادڕه‌سى فهرهادهكان ئاوه‌ژوو،
سه‌رده‌مێ له تونێله‌كانى
غه‌ریزه‌دا ژیان نوقم و
(مه‌هدی)یه‌ك مه‌راقێكى نه‌ڕواند،(**)
تا له بیلبیلهكانییهوه خه‌و ببینێ،
سه‌رده‌مێ چاوى ده‌هشه‌ت و ڕامان بزربوو،
ژن خۆى ده‌بووه ڕۆمانێكى گوناه و
پیاو خۆى ده‌بووه نۆڤلێتێكى حه‌رام و
منداڵ كتێبێكى نیگه‌ران،
نامه‌وێ بێده‌نگیتان تێك بده‌م،
به‌ڵام به جووتێك پێڵاو ده‌ڵێم بێده‌نگ بن!
ئیتر قاچه‌كان له‌ودیو سه‌فه‌ره‌وه، ناگه‌ڕێنه‌وه،
به بازنگهكان ده‌ڵێم به‌سیه خرینگه خرینگ،
ئیتر مهچهكێكى بڕاو له‌ودیو مهحشهرهوه،
قیامه‌تێك هه‌ڵناكا،
به چۆڵه‌وانیی بێشكه ده‌ڵێم: بنوو!
ئیتر گروگاڵێكى كاڵ
له‌ودیو (شازده‌ی سێ)وه،
ئاسمان ناكاته چراخان،
به كانییه‌ک ده‌ڵێم:
ڕیزى گۆزه‌كان دڵگران مه‌كه!
ئیتر سه‌رشانى لهنجهولارێ،
له‌ودیو (كانیهشقان)ه‌وه دڵۆپێ ئاو نادوێنێ.
من نامه‌وێ بێده‌نگیتان تێك بده‌م
به‌ڵام به بۆنى فهریكهسێوێكتانا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
كه چاوه‌كانى (چاوگ) چاوه‌ڕێم ده‌كا،
به بۆنى قریوه‌ى ههنارێكتانا ده‌گه‌ڕێمه‌وه،
كه شنه‌ى (باخى میر) قژم شانه ده‌كا،
به بۆنى ههڵووژهیهكى چاوڕهشتانا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
كه لێوه‌كانى (باوه‌كۆچه‌ك) ماچم ده‌كا،
به بۆنى هه‌ناسه‌ى شاتوویهكتانا ده‌گه‌ڕێمه‌وه،
كه (گوڵان) سه‌رگوزشته‌ى عیشقێكه نابڕێته‌وه،
به بۆنى ههنجیرێكى عهیارتانا ده‌گه‌ڕێمه‌وه،
كه گژوگیاى سنگى (عه‌نه‌ب) باهۆزێكه(***)
مه‌راقم كاڵ ده‌كاته‌وه،
ئێوه بنوون من نامه‌وێ بێده‌نگیتان تێك بده‌م،
من نامه‌وێ.
*
ئه‌مه‌ل ده‌نقه‌ل له هۆنراوه‌ی (سازش مه‌که)دا ده‌ڵێت:
(چۆن ته‌ماشای
چاوی نازه‌نینێ ده‌که‌ی
که سوور ده‌زانی ناتوانی
بیپارێزی
له مه‌ترسی؟)
شازده‌ی ئاداری هه‌شتاوهه‌شت، ئه‌و ڕۆژه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی تێدا کیمیاباران ده‌کرێت، ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی له‌وێ ده‌بێت، له‌و ڕۆژه‌دا، سێ خوشک و دوو برا و دایکی، ده‌بنه خۆراکی نه‌هه‌نگی بای مه‌رگ و ئێمه‌یش که‌سمان نه‌مانتوانی هیچی بۆ بکه‌ین، نه‌مانتوانی نه دایکی، نه خوشکێکی نه برایه‌کی بپارێزین و پێمان نه‌کرا برینێکی ساڕ‌ێژ بکه‌ین، ئه‌وه بۆیه ئه‌مه‌ل ده‌نقه‌ل گوته‌نی، ناهه‌قی نییه، (تا عه‌ده‌م دێته وه‌ڵام، هه‌ر شمشێری شیعری له نێوچاوانی بیابان بچه‌قێنێت.)
که به زه‌بری خه‌مێکی قووڵ و ئازارێکی دژوار، ئه‌وه‌نده سڕ ده‌بین تا ئاستی له گۆ که‌وتن، که خه‌م له‌سه‌ر خه‌م که‌ڵه‌که ده‌بێت و له خه‌مۆکی نزیک ده‌بینه‌وه، ئه‌وه شیعره به هانامانه‌وه دێت. ئاخۆ ئه‌گه‌ر ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی خه‌م و ئازاری خۆی به شیعر دهرنهبڕیبا، ده‌یتوانی دوای کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه درێژه به ژیان بدات؟ ئه‌و ڕێگه‌یه‌کی دروستی هه‌ڵبژارد که هانای بۆ خواوه‌ندی شیعر برد، ئاخر به تێکستکردنی هه‌ست، هه‌نگاوی یه‌که‌مه بۆ ده‌ربازبوون له بازنه‌ی نائومێدی و ڕه‌نگه بێجگه له شیعر، هیچ چاره‌سه‌رێکی دیکه جارێکی تر تروسکه‌ی هیوای نیشانی ئه‌و نه‌دابا.
به جووتێك پێڵاو ده‌ڵێم بێده‌نگ بن!
ئیتر قاچه‌كان له‌ودیو سه‌فه‌ره‌وه، ناگه‌ڕێنه‌وه،
به بازنگهكان ده‌ڵێم به‌سیه خرینگه خرینگ،
ئیتر مه‌چه‌كێكی بڕاو له‌ودیو مهحشهرهوه،
قیامه‌تێك هه‌ڵناكا،
به چۆڵه‌وانیی بێشكه ده‌ڵێم: بنوو!
ئیتر گروگاڵێكی كاڵ
له‌ودیو (شازده‌ی سێ)وه،
ئاسمان ناكاته چراخان،
به كانییه‌ک ده‌ڵێم:
ڕیزی گۆزه‌كان دڵگران مه‌كه!
ئیتر سه‌رشانی لهنجهولارێ،
له‌ودیو (كانیهشقان)ه‌وه دڵۆپێ ئاو نادوێنێ.
جه‌یمس پێننهباکهر که پرۆفیسۆره له سایکۆلۆگیدا، ده‌ڵێت: (که ئینسان تووشی کێشه‌یه‌کی سه‌خت ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئازادانه هه‌ستی خۆی بنووسێته‌وه، وه‌ک ده‌روون و وه‌ک جه‌سته‌یش ڕه‌وشی به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات.)(1) ئه‌و چاکی کرد که له ڕێی شیعره‌وه خه‌مه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا به‌ش کرد، وای نه‌کردبا، چۆن ده‌یتوانی باری زێده گرانی شانی سووک بکات؟ شیعر ته‌نانه‌ت له (سترێس)یش قوتارمان ده‌کات و پشوو به جه‌سته‌مان ده‌به‌خشێت، ئاخر وه‌ک چۆن پێنیسلین ئه‌نتی بایۆتیکه، شیعریش ئه‌نتی سترێسه. زه‌وینێکی به شه‌خته بوو، به زه‌بری خۆر له‌ناکاو نه‌رم نابێته‌وه، وه‌لێ دڵێکی ڕه‌ق به سیحری شیعر نه‌رم ده‌بێت و ڕه‌نگه شیعر وا بکات له‌پر زنه‌ی فرمێسکی خاوه‌نی ئه‌و دڵه ڕه‌قه، بته‌قێته‌وه.
ژیان هیچی دیکه نییه، وشه نه‌بێت، ئه‌وه ته‌نیا وشه‌یه، بڕیار ده‌دات، ژیانی ئێمه به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات. ئه‌وه ته‌نیا وشه‌یه ده‌رگای ژیان به ڕووی ئێمه‌دا ده‌کاته‌وه یان داده‌خات. ئێمه ته‌نیا به هۆی وشه‌ی جوانه‌وه هه‌ست به دڵنیایی، شادی و هێوری ده‌که‌ین. شیعر هیچ نییه، غه‌یری هه‌ویری وشه‌ی به ئاوی موزیک شێلراو نه‌بێت. شیعر که له وشه چێ ده‌کرێت، پانتایییه‌ک له ده‌وری ئێمه داگیر ده‌کات، که به ده‌نگی به‌رز شیعر ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ر وشه‌یه‌کی له دنیای بێده‌نگیدا، جێیه‌ک بۆ خۆی ده‌بینێته‌وه، شیعر هه‌ر جێ نا، کاتیش داگیر ده‌کات و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه تا لوتکه‌ی ئه‌به‌د هه‌ڵبکشێت، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر وه‌ک ئه‌م شیعره‌ی ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی به زمانێکی نه‌رمونیانی وه‌ک زمانی لیریک نووسرابێت.
سه‌رده‌مێ ژیان پرته‌قاڵێكی كرچوکاڵ بوو
له باخی سنگی كچێكی شه‌رمندا،
هه‌میشه گوشراو،
سه‌رده‌مێ ژیان كڕێوهیهكی ئه‌زه‌لی بوو،
به چه‌تر و كاسكێت و پاڵتۆ داپۆشراو
ڕسته‌کانی ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی ڕاستگۆیی و پاکژییهکیان پێوه دیاره، هه‌ر ده‌ڵێیت ڕاسته‌وخۆ له دڵییه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی به هیچ فیلته‌رێکدا تێپه‌ڕ بووبن، هاتوونه سه‌ر کاغه‌ز. منداڵێک چۆن ده‌رگای قه‌فه‌زێک له باڵنده‌یه‌ک ده‌کاته‌وه و ئازادی ده‌کات، ئه‌ویش به هه‌مان شێوه، ده‌رگای قه‌فه‌زی دڵی له ڕسته‌کانی که هه‌ست و خه‌ون و خولیاکانی ده‌گێڕنه‌وه، کردووه‌ته‌وه. ئه‌م خۆده‌ربڕینه به‌و ئازادی و بوێرییه‌وه، هاوزه‌مان شاعیر و خوێنه‌ریش ئاسووده ده‌کات.
زمانی وێنه و مێتافۆر
ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی به زمانێکی پاکژ که هه‌ر له زمانی داستان ده‌چێت، زمانی سه‌روه‌ختی منداڵیه‌تی مرۆڤایه‌تی، به زمانێک که له نێوان واقیع و خه‌وندا هاتوچۆیه‌تی، به زمانێک هه‌رچه‌نده واقیعی پێ ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵام له‌وه ده‌چێت ئه‌فسانه‌ی پێ بگێڕێته‌وه، به زمانێکی گه‌ییوی به وێنه‌ی شیعریی ده‌وڵه‌مه‌ند، به زمانێک که زوو زوو تووشی سه‌رسوڕمانمان ده‌کات، خه‌می دابڕان، ته‌نیایی و غه‌ریبی ده‌گێڕێته‌وه. تامه‌زرۆییی ئه‌و بۆ ئه‌وه‌یه، به وشه مانایه‌ک به ژیانی بدات، ده‌زانێت ئه‌و کاره پێویستی به موزیکیش ده‌بێت، ئه‌وه بۆیه ڕسته‌کانی شه‌ڵاڵن به موزیک و منداڵێک چۆن له باوکی ده‌پاڕێته‌وه، ئه‌و له‌م شیعره‌یدا وه‌ها ده‌په‌یڤێت.
سه‌رده‌مێ زه‌رده‌په‌ڕ
سه‌ری ده‌شكا و
گه‌ڵا له‌په‌نجه‌كانی چڵه‌وه،
له په‌یژه‌ی دره‌خت داده‌به‌زی،
فڕین له باڵ ده‌تۆرا و
گزنگ به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد
ده‌ست بكاته ملی ئینجانه.
(زه‌رده‌په‌ڕێکی سه‌رشکاو که ده‌بێته خۆرنشینێکی سوورباو، گه‌ڵا به په‌نجه‌ی چڵدا له په‌یژه‌ی دره‌خت داده‌به‌زێت، فڕین باڵ جێ ده‌هێڵێت و گزنگ ده‌ست له ملی ئینجانه ده‌کات.) ئه‌وانه چوار وێنه‌ی شیعریی تازه‌ن که ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی دایهێناون، ئه‌و هه‌ر وێنه به وشه ناکێشێت، وزه‌ی نوێیش له وشه‌کاندا ده‌دۆزێته‌وه. نیزار قه‌بانی ناوی (وێنه‌کێشان به وشه)ی له کۆشیعرێکی ناوه، نه‌ک هه‌ر ئه‌و شاعیره مه‌زنه، زۆری دیکه‌یش وای بۆ ده‌چن، هونه‌ری شیعرنووسین بریتییه له وێنه‌کێشان به وشه، ئه‌وه بۆیه شاعیر دێت هه‌ست و بیری خۆی له وێنه‌دا چڕ ده‌کاته‌وه. شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی خولیاکانی به وێنه ده‌رببڕێت، پێویستی به مێتافۆر هه‌یه. مێتا به مانای سه‌روو دێت، مێتافۆریش ده‌بێته ئه‌وه‌ی وشه له سه‌روو مانای خۆیه‌وه، هه‌ڵگری مانای دیکه‌یش بێت. مێتافۆر که گرنگترین ڕه‌گه‌زی ڕه‌وانبێژییه، گه‌له‌ک شتی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لێکچوواندندا هه‌یه. (ژیان وه‌ک سه‌فه‌رێکی سه‌خت وایه،) ئه‌وه لێکچوواندنه، (سه‌فه‌ری ژیان،) ئه‌وه مێتافۆره. بۆ تێگه‌ییشتن له مێتافۆر که وێنه‌ی شیعری به‌رهه‌م ده‌هێنێت، که توانای نوێ به زمان ده‌به‌خشێت، که بۆ ڕامان هانمان ده‌دات و ئاسۆی بیرکردنه‌وه‌مان فراوانتر ده‌کات، وه‌رگر پێویستی به پاشخانێکی ڕۆشنبیریی ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌یه.
له‌گه‌ڵ بایه‌خی زۆری وشهیشدا، به‌ڵام شیعر له وشه پێک نایه‌ت، له زمان پێک دێت، زمانێکی نوێ که ناسنامه‌ی شاعیره‌که‌یه‌تی. وشه بۆ ئه‌وه‌ی که‌ڕوو هه‌ڵنه‌هێنێت، ده‌بێت خۆی به خه‌رمانه‌ی مێتافۆر دابپۆشێت و داهێنانی مێتافۆری نوێیش، شتێکه ته‌نیا شاعیرانی گه‌وره ده‌رۆستی دێن، ئه‌وه بۆیه به شاعیرێکی مه‌زنی وه‌ک تۆماس ترانسترێوممهر که پارساڵ نۆبێڵی وه‌رگرت، ده‌ڵێن: پاشای مێتافۆر. ئه‌وه شیعر نییه که وه‌فایی ده‌ڵێت: (شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ،) ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌نا، ئه‌وه‌ی ده‌یڕێسین خورییه نه‌ک ته‌شی، له‌به‌ر ئه‌وه‌شی، ئه‌وه ڕسته‌یه‌کی خه‌به‌رییه نه‌ک شیعری. شیعر ئه‌وه‌یه بڵێین: (شیرین قژی هه‌ور داده‌هێنێ.) ئه‌وه (قژی هه‌ور)ه که مێتافۆره، وێنه‌یه‌کی شیعریشی پێک هێناوه.
پارادۆکس
شاعیری نوێکه‌ره‌وه وشه له قه‌فه‌زی قامووس ده‌رباز ده‌کات، مانای نوێی پێ ده‌به‌خشێت و ڕۆڵی تازه‌ی پێ ده‌گێڕێت. له ماڵی شیعردا پارادۆکس کوانوویه‌کی هه‌میشه گه‌شه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی گیانی شیعر به زیندوویی بمێنێته‌وه، ئه‌وه‌یش له ڕێی به‌رهه‌مهێنانی پێوه‌ندییه‌کی نوێی چاوهڕێنهکراوهوه له نێوان وشه‌کاندا که مانای نوێ و سه‌یر به ئاماژه دێرینه‌کان ده‌به‌خشێت. ئه‌وه پارادۆکسه وا ده‌کات، مانای ته‌مومژاوی و شاراوه‌ی وشه، ناکۆک بێت له‌گه‌ڵ مانا ده‌ره‌کی و ڕووکهشهکهیدا. پارادۆکس چونکه بۆ ئاوه‌ز ده‌دوێت نه‌ک بۆ هه‌ست، بۆیه بۆ تێگه‌ییشتن له مه‌به‌ستی شاراوه‌ی شاعیر، وه‌رگر پێویستی به ڕامان هه‌یه. پارادۆکس ناکۆکییه‌کی هێنده شیرین دێنیته ئاراوه، هاوزه‌مان وه‌رگر تووشی سه‌رسوڕمان ده‌کات و چێژیشی پێ ده‌به‌خشێت. (پارادۆکس چونکه ڕووناکی ده‌خاته سه‌ر ململانێی نێوان خود و بابه‌ت، ژیان و مردن، واقیع و خه‌یاڵ و فانی و ئه‌زه‌لی، بۆیه ده‌شێت ڕۆڵیکی هێنده سه‌ره‌کی وازی بکات، تا ئه‌و ئاسته‌ی که به کرۆکی ئه‌ده‌ب له قه‌ڵه‌می بده‌ین.)(2)
هه‌ور سكێچی بارانی ده‌كرد،
كه‌چی ته‌ریقه‌تی قاتوقڕیی ده‌خوێند،
ئاو ته‌ریقه‌تی تراویلكه‌ی ده‌خوێند،
په‌نجه‌ره دوور له بینین،
وهجاخكوێربوو به ته‌ماشا،
كۆڵان دوور له ڕێگا،
نه‌زۆك بوو به هاتوچۆ،
جۆگه تابووتێكی درێژبوو بۆ كێڵگه.
(باران و قاتوقڕی، ئاو و تراویلکه، په‌نجه‌ره و نه‌بوونی توانای ته‌ماشاکردن، کۆڵان و نه‌بوونی ئیمکانی هاتوچۆ، جۆگه که ڕه‌مزی ژیانه و تابووت که به مانای مه‌رگ دێت.) ئه‌و دووانانه پارادۆکس پێک ده‌هێنن. پارادۆکس که نزیکه‌ی هه‌میشه جێی بایه‌خی شاعیران بووه، ته‌کنیکێکه بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستێکی گه‌رموگوڕ له ڕێی کۆکردنه‌وه‌ی دوو چه‌مکی ناکۆک به یه‌ک، وه‌ک ئه‌وپه‌ڕی دڵخۆشی و دوندی خه‌مۆکی. ته‌نیا ئه‌و شاعیره هونه‌رمه‌ندانه ده‌ره‌قه‌تی به شیعرکردنی پارادۆکس دێن، که له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا به قووڵیی هه‌ستیان به (موفاره‌قه) کردووه و توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه، ئه‌و هه‌سته له ڕێی زمانێکی شیعریی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه ده‌رببڕن. پارادۆکس ئه‌گه‌ر هه‌ر گوته ناکۆکه‌کان بگرێته‌وه، ده‌ستنیشانکردنی مانای ده‌ره‌کی و ناوه‌کییان کارێکی دژوار نابێت، وه‌لێ ئه‌گه‌ر ڕووداوێک به‌سه‌ر بکاته‌وه، دۆزینه‌وه‌ی دوو جه‌مسه‌ره ناکۆکه‌که‌ی و تێگه‌ییشتن له مانای ئاشکرا و شاراوه‌ی دوو جه‌مسه‌ره‌که، پێویستیان به لێکدانه‌وه‌ی قووڵ هه‌یه.
شێوازی نووسین
ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی به هێوری و به ساکارییه‌کی قووڵه‌وه، باسی کاره‌ساتێکی مه‌زن ده‌کات، له‌ناو گه‌رده‌لووله‌که‌دا ژیاوه، به‌ڵام هاتوهاوار نانووسێته‌وه، ئاخر ده‌زانێت ده‌ستگرتن به داوێنی هه‌را و هوریاوه، هونه‌ری پێ به‌رهه‌م نایه‌ت. هه‌رچه‌نده به ناوی خۆیه‌وه، به جێناوی که‌سی یه‌که‌می تاکه‌وه ده‌په‌یڤێت، هه‌رچه‌نده بیره‌وه‌ری ده‌گێڕێته‌وه و بیۆگرافیا ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵام ڕاسته‌وخۆیی به تێکسته‌که‌یه‌وه دیار نییه، تێکستێک ته‌ژی له موزیک که ده‌توانین به چاو، گوێی لێ بگرین، تێکستێک که به هۆی خۆڕسکی و ڕه‌وانیی ده‌ربڕینه‌کانییه‌وه، بێ مۆڵه‌ت خۆی به ژووری دڵماندا ده‌کات، تێکستێک به هێمنی، به ڕیتمێکی خه‌مناک و بارگاوی به هه‌ستێکی پاکژی گه‌رمی منداڵانه، په‌نجه‌ره‌ی سۆز به ڕووی نیشتماندا ده‌کاته‌وه.
كه ئێوه چوون له‌گه‌ڵ خۆتاندا،
سهردهمێكتان ناشت،
سه‌رده‌مێ گوڵ بیری ده‌چوو
چاوه‌كانی به شكۆفه بڕێژێ،
شه‌و بیری ده‌چوو،
تریفه بخاته ناو ستیانهكانییهوه،
كانی به ئه‌وكی پڕ لهخۆڵهوه له بیری ده‌چوو
له فرمێسكهكانیدا مانگ خۆی ده‌شوا.
چونکه ده‌رکی به‌وه کردووه، ملکه‌چکردن بۆ شته باوه‌کان، مه‌رگی هونه‌ری به دواوه‌یه، چونکه زانیویه‌تی شیعر ناپاکیکردنه له لۆگیک و یاخیبوونه له ڕێسا دێرینه‌کان، بۆیه به هۆشیارییه‌وه و به پلانی پێشوه‌خته‌وه، هه‌وڵی شکاندنی بته‌کانی داوه، ئه‌وه بۆیه شیعرێکی ڕاسته‌قینه‌ی نووسیوه که هه‌ڵگری په‌یامێکی جوانیشه. ئه‌و له‌م شیعره‌یدا به لێزانینێکی ئوستادانهوه، که‌ره‌سه و ته‌کنیک و زاراوه‌کانی هه‌ڵبژاردووه و هونه‌رمه‌ندانه لێیان سوودمه‌ند بووه و وه‌ک ئه‌ندازیارێکی به‌هره‌مه‌ند به‌سه‌ر پانتایی ده‌قه‌که‌دا دابه‌شی کردوون.
له کاتێکدا په‌خشان هه‌وڵ ده‌دات به هۆی ناوه‌ڕۆکه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌یه‌وه سه‌رنجمان ڕابکێشیت، شیعر ده‌خوازێت به هۆی فۆرمه‌که‌یه‌وه تووشی شۆکمان بکات. هۆنراوه‌ی (سه‌رده‌مێ له بێده‌نگی) هه‌م ناوه‌ڕۆکێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه و هه‌م فۆرمێکی چێژبه‌خش. له کاتێکدا هه‌ندێک شاعیر وه‌ک قاره‌مان خۆیان ده‌ناسێنن، ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی چیرۆکی قوربانییه‌کان ده‌گێڕێته‌وه، له کاتێکدا شاعیران له داستان سوودمه‌ند ده‌بن، ئه‌و ڕووداوێک ده‌نووسێته‌وه، له داستانه‌وه نزیکتره وه‌ک له واقیع.
من نامه‌وێ بێده‌نگیتان تێك بده‌م
به‌ڵام به بۆنی فهریكهسێوێكتانا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
كه چاوه‌كانی (چاوگ) چاوه‌ڕێم ده‌كا،
به بۆنی قریوه‌ی ههنارێكتانا ده‌گه‌ڕێمه‌وه،
كه شنه‌ی (باخی میر) قژم شانه ده‌كا.
له ڕوانگه‌ی (عه‌زرا پاوه‌ند)ه‌وه، (جیاوازی له نێوان ڕیتم و پاشبهنددا ئه‌وه‌یه، پاشبه‌ند سیسته‌مێکی موزیکیی له ده‌ره‌وه سه‌پێندراوه، ته‌واو وه‌ک کێش، به‌ڵام ڕیتم شتێکه ئۆرگانێک له کرۆکی زماندایه.)(3) ڕیتم له‌م شیعره‌ی ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌ییدا زاده‌ی موزیکی ناوه‌کییه، نه‌ک کێشێکی پێشوه‌خت دیاریکراوی ده‌ره‌کی. ئه‌و له ڕێی زمانی وێنه‌وه، هه‌ست و بیری خۆی، به ڕه‌چاوکردنی کورت‌بڕی، ده‌ربڕیوه، ده‌وێرم بڵێم شیعریش وه‌ها له دایک ده‌بێت. (من نامه‌وێ بێدهگیتان تێک بده‌م.) شیعره‌که به‌و ڕسته‌یه ده‌ست پێ ده‌کات و هه‌ر به هه‌مان ڕسته‌یش کۆتایی دێت، ئه‌و دووباره‌کردنه‌وه‌یه له‌م شیعره‌دا، خه‌وش نییه، ته‌کنیکێکی زێده جوانه و پێ داگرتنه له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی ئه‌و چیرۆکه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه و جێ هێشتنی تێکسته‌که‌یه به کراوه‌یی.
تامه‌زرۆیی بۆ زێد
ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی له نیشتمان ده‌پاڕێته‌وه، به‌زه‌یی به عاشقهکانیدا بێته‌وه و ئیدی ده‌ستبه‌رداری تفه‌نگ ببێت و ده‌ست له شه‌ڕ هه‌ڵبگرێت. ئه‌وه زاده‌ی وابه‌سته‌بوونی ئه‌وه به وه‌ته‌نه‌وه که هه‌ڵه‌بجه ده‌لاوێنێته‌وه و ئه‌وه لوتکه‌ی نوستالژیایه که یادی (کانیهشقان، باخی میر، گوڵان، چاوگ، باوه‌کۆچه‌ک و عه‌نه‌ب) ده‌کاته‌وه، نوستالژیایه‌ک له ڕێی فلاشباکه‌وه که مه‌گه‌ر گهورهشاعیرێک له مه‌نفاوه، وه‌ها شیوه‌نێکی بۆ نیشتمان گێڕابێت. منێک که چه‌ند ساڵێکی ته‌مه‌نی منداڵیم له هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌سه‌ر بردووه و ئاشنام به‌و جێیانه‌ی ناویان هاتووه، ئه‌م شیعره ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ژاندم، فرمێسک به‌ری چاوه‌کانی لێڵ کردم.
به بۆنی هه‌ناسه‌ی شاتوویهكتانا ده‌گه‌ڕێمه‌وه،
كه (گوڵان) سه‌رگوزشته‌ی عیشقێكه نابڕێته‌وه،
به بۆنی هه‌نجیرێكی عهیارتانا ده‌گه‌ڕێمه‌وه،
كه گژوگیای سنگی (عه‌نه‌ب) باهۆزێكه
مه‌راقم كاڵ ده‌كاته‌وه.
ئاماده‌بوونی ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی وه‌ک خود، کڵپه‌ی ڕاستگۆیییه‌کی به شیعره‌که به‌خشیوه، بۆ ئه‌وه بانگمان ده‌کات، هاوسۆزی بین، هاوسۆزی به‌و مانایه نا، له‌گه‌ڵیدا شیوه‌ن بگێڕین، به‌و مانایه‌ی ئه‌و ئاسا، ئه‌و ژیانه خۆڵه‌مێشییه ڕه‌ت بکه‌ینه‌وه که له شازده‌ی سێی هه‌شتا و هه‌شت به دواوه، ده‌ستی پێ کردووه و هێشتا که‌م تا زۆر درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌و ڕاستگۆیییه هونه‌رییه‌ی به شیعره‌که‌وه دیاره، ته‌نیا زاده‌ی ئه‌وه نییه، شاعیر له نێو کاره‌ساته‌که‌دا ژیاوه، ئاخر ڕاستگۆیی هونه‌ری جیاوازه له ڕاستگۆییی له ژیانی ڕۆژانه‌دا، ڕاستگۆیی هونه‌ری، وێڕای زاڵبوون به‌سه‌ر که‌ره‌سه‌کانی ده‌ربڕیندا، زاده‌ی بهرچاوڕوونیشه.
سه‌رده‌مێ پێكه‌نینی تفه‌نگه‌كان،
جوانیی ڕاو ده‌كرد و
هه‌ژانی ژیان پڕ له نه‌گوتن،
سه‌رده‌مێ خه‌ونی توولانیی
قهیرهكچان پڕ له قامچی.
له‌م شیعره‌دا ناراسته‌خۆ ڕه‌خنه له کولتووری بابسالاری گیراوه، بایه‌خ به جه‌سته‌ی ژن دراوه و به گشتی له ڕوانگه‌ی مێیینه‌وه سه‌یری دنیا کراوه، بۆیه ده‌یناسینه‌وه که ئه‌ده‌بێکه سه‌ر به خانه‌ی ئه‌ده‌بی ژنانه، ئه‌مه‌یش لایه‌نێکی گه‌شی دیکه‌ی شیعره‌که‌یه.
گرنگ ئه‌وه نییه، چه‌ند ده‌نووسین، ئه‌وه گرنگه چی ده‌نووسین، هه‌یه چه‌ندان (ڕۆمان)ی ئه‌ستووری نووسیوه و ده‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بووه، هه‌یشه وه‌ک ئێکزۆپێری به نۆڤلێتێک، مه‌به‌ست له (شازاده‌ی بچکۆله)یه، ناوبانگی به دنیادا بڵاو بووه‌ته‌وه. ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی پێنج کۆمه‌ڵه‌شیعری به چاپ گه‌یاندووه،(****) به‌ڵام (سه‌رده‌مێ له بێده‌نگی) که تازه‌کی نووسیویه‌تی، باڵاترین شیعری ئه‌وه و ئه‌و تاقه شیعره‌ی به‌سه، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک شاعیر بناسرێت. (سه‌رده‌مێ له بێده‌نگی) شیعرێکه به هه‌ق زمانحاڵی ویژدانی میلله‌تێکه، شیعرێکه هه‌ڵگری ناسنامه‌ی نیشتمانێکه، شیعرێکه خه‌ون به شارێکه‌وه ده‌بینێت، نه جه‌للادی تێدابێت، نه قوربانی، شارێک هه‌موو هاووڵاتییانی که‌سانی ئاسایی بن.
02. 01. 2012
سه‌رچاوه و په‌راوێز
(1) Petra Carlsson، Konsten att skriva sig ur sin sorg.
(2) أسامه عبدالعزیز جاب الله، جمالیات المفارقة النصیة.
(3) عبدالواحد لؤلؤة، مدائن الوهم، ص63 دار الریاض للنشر 2002 بیروت.
(*) منطق الطیر، لۆگیکی باڵنده، کتێبێکی سۆفیی گه‌وره (فریدالین العطار)ه که له چوارهه‌زار و شه‌شسه‌د و په‌نجا به‌یت پێک هاتووه و سه‌فه‌رێکه به‌ره‌و لای حه‌قیقه‌ت که مه‌به‌ست لێی زاتی خودایه. ناوی کتێبه‌که له ئایه‌تی شازده‌ی سووره‌تی مێرووله‌وه هاتووه: (وقال أیها الناس علمنا منطق الطیر.)
(**) مه‌به‌ست له ئیمامی مه‌هدییه که شیعه چاوه‌ڕێی ده‌که‌ن.
(***) کانیی عاشقان، کانییه و گهڕهکێکیشه.
باخی میر: باخێکی هه‌ناره.
چاوگ و گوڵان: دوو سه‌یرانگان.
باوه‌کۆچه‌ک و عه‌نه‌ب: دوو گوندی نزیکی هه‌ڵه‌بجه‌ن.
(****) 1) تارمایی پێی مه‌راقێک 2000
2) نه خوڕه‌ی ده‌رگایه‌ک نه قومێ که‌س 2002
3) تا خه‌و داده‌گیرسێ بنوو 2004
4) ئه‌و موناجاتێکه له چاوه‌کان 2007
5) پاییزێک به پاڵتۆی کانوونێکهوه 2008
سه‌رنج: (په‌راوێزه‌کان نووسه‌ری ئه‌م باسه دایناون.)