به‌فری پاموک
October 8, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
ئه‌وه هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر پیَمان وابیَت، هه‌ر كه پیر بووین، ئیدی ناتوانین ئاشق(كامیَرا چاوی میَژووه)(1) ده‌شیَت هه‌مان ویَنه، بۆ نموونه ویَنه‌ی شاریَكی خاپووركراو، ئه‌م بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه هان بدات و ئه‌وی تر بۆ خه‌بات له پیَناوی ئاشتیدا. ئۆرهان پاموك له رِۆمانی به‌فردا فیَرمان ده‌كات به شیَوازی نه‌رمونیان به گژ توندوتیژیدا بچینه‌وه و به چه‌كی پشتكردنه زه‌بروزه‌نگ، سه‌نگه‌ر له شه‌رِ بگرین، ئاخر سیگموند فرۆید گوته‌نی: شه‌رِ ته‌نیا شار و گوند خاپوور ناكات، ده‌روونی ئینسان و به‌ها ئینسانییه‌كانیش ویَران ده‌كات.
بین، رِاستییه‌كه‌ی ئه‌و كاته پیر ده‌بین كه ده‌ست له ئه‌وین هه‌ڵده‌گرین.
گابریل گارسیا ماركیز
ئه‌گه‌ر ئاوی هه‌موو رِووباره‌كان شیرینه،
ئه‌دی زه‌ریا ئه‌و هه‌موو سویَریییه‌ی له كویَوه هیَناوه؟
پابلۆ نیَرودا
كاره‌كته‌ره‌یلی رِۆمانی به‌فر، نه هیچ كامیان كاریزمان، نه هیچ كامیان كه‌سیَكن له كارتۆن، كه‌سانیَكی رِاسته‌قینه‌ی له هه‌ست، بیر، گۆشت و خویَن خوڵقیَندراون. كه‌سانیَكن هاوزه‌مان سه‌رقاڵی كیَشه‌ن له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌شیاندا. زۆربه‌یان كه‌سانیَكن نائومیَد و په‌راویَزخراو كه به تاقی ته‌نیا به‌ره‌و رِووی چاره‌نووسی دژواری خۆیان ده‌بنه‌وه. كه‌سانیَكن له واقیعیَكدا ده‌ژین، تاڵ و دژوار، هه‌ر چی ده‌كه‌ن، ناتوانن هیچی لیَ بگۆرِن. كه‌سانیَكن، چ وه‌ك بیركردنه‌وه و و چ وه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت، كه‌سیان له‌وی دیكه‌یان ناچیَت، ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، پاموك توانای خوڵقاندنی كه‌سانی نه‌مری هه‌یه.
په‌رویَز موششه‌رِه‌ف ده‌ستی له پۆشاكه سه‌ربازییه‌كانی هه‌ڵگرت، وه‌لیَ ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌لاَت نه‌بوو! به‌عس به شۆرِشیَكی (سپی) ده‌سه‌لاَتی گرته ده‌ست، وه‌لیَ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاَتی له كیس نه‌چیَت، عیَراقی نوقمی (خویَن) كرد. هیَشتا بۆم ساغ نه‌بووه‌ته‌وه، به‌عس و ئیسلامی سیاسی، كامیان له‌وی تریان دلۆڤانتره؟ ئاخۆ هیچ جیاوازییه‌كی بنه‌رِه‌تی له نیَوان (عه‌وده) و (ده‌عوه)دا هه‌یه؟ ئاخۆ ئه‌وه رِیَكه‌وته كه ته‌نانه‌ت له هه‌مان كۆمه‌ڵه حه‌رفیش پیَك هاتوون؟ (من هه‌میشه ویستوومه ولاَته‌كه‌م گه‌شه بكات و مرۆڤه‌كانی ئازاد و هاوچه‌رخ بن، به‌لاَم هه‌میشه ئایینه‌كه‌مانم وا هاتووه‌ته به‌ر چاو كه دژی ئه‌م خواستانه‌یه.)(2) كه له خویَندنه‌وه‌ی رِۆمانی به‌فر بوومه‌وه، به‌و سه‌رئه‌نجامه گه‌ییشتم كه ئیسلامییه‌كانیش، ئیدی توندرِۆ بن یان نا، ته‌واو وه‌ك به‌عس كیَیان بویَت تیرۆری ده‌كه‌ن و تاوانه‌كه‌یش وه‌پاڵ بكه‌ریَكی نه‌ناسراو ده‌دریَت.
پاموك له رِۆمانی به‌فردا هه‌وڵ ده‌دات پیَمان بڵیَت: دادپه‌روه‌ری، یه‌كسانی، ئه‌وین، ئازادی و شكۆمه‌ندیی ئینسان، بابه‌تگه‌لیَكن نه‌مر، نه له شویَنیَكدا گیر ده‌خۆن و نه تایبه‌تن به سه‌رده‌میَكی دیاریكراو، به‌ڵكوو بۆ هه‌موو كاتشویَنیَك ده‌ست ده‌ده‌ن. نیشتمان نه (كۆمه‌ڵه‌شاخیَكی سه‌خت و گه‌ردنكه‌شه،)(3) نه ده‌شتیَكی به‌رینی به‌پیت، نیشتمان نه دۆڵ و رِووباره، نه دارستان و نیَرگزه‌جارِ، ولاَتیَك شیاوی ئه‌وه‌یه، پیَی بڵیَین نیشتمان، یه‌كسانی باڵی به‌سه‌ردا كیَشابیَت، تیَیدا ئینسان هه‌ست به ئازادی بكات و شكۆمه‌ندیی پاریَزراو بیَت. ئینسان كه نیشتمانی خۆی جیَ ده‌هیَڵیَت و له تاراوگه ده‌گیرسیَته‌وه، نیشتمانی خۆی له كیس ده‌چیَت، وه‌لیَ تاراوگه نابیَت به نیشتمانی، كه پاش سالاَنیَكی دوورودریَژ بۆ زیَدی خۆیشی ده‌گه‌رِیَته‌وه، هه‌ست ده‌كات، ئه‌وی بۆی گه‌رِاوه‌ته‌وه، نیشتمانه‌كه‌ی جاران نییه. وه‌ك چۆن ئینسان ناتوانیَت دوو جار له هه‌مان رِووباردا مه‌له بكات، هه‌ر وایش ئه‌وی نیشتمانی خۆی جیَ هیَشت، ئیدی جاریَكی دیكه به هه‌مان نیشتمان شاد نابیَته‌وه، با بۆیشی بگه‌رِیَته‌وه.
ئه‌گه‌رچی له رِۆمانی به‌فردا، به‌رده‌وام به‌فر ده‌باریَت، وه‌لیَ (قارس) ئه‌و شاره‌ی سه‌كۆی به‌سه‌رهاته‌كانی رِۆمانه‌كه‌یه، ده‌ڵیَیت گرِكانیَكی تازه‌هه‌ڵچووه. ئه‌ده‌بی دوای دووه‌مین جه‌نگی جیهانگره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیایی، ئه‌ده‌بی داروپه‌ردووی پیَ ده‌گوتریَت، هه‌قه ناوی ئه‌ده‌بی به‌فر و گرِكان، له‌و ئه‌ده‌به‌ی ئۆرهان پاموك ده‌ینووسیَت، بنیَین. رِۆمانی به‌فر، فیلمیَكه نه‌مر و شیعریَكه بازنه‌یی، نه سه‌ره‌تایه‌كی دیاریكراوی هه‌یه، نه كۆتایی پیَ دیَت، رِۆمانیَكه ده‌ستپیَكی له كۆتایی و كۆتایییه‌كه‌ی له ده‌ستپیَك ده‌چیَت، رِۆمانیَكه كاره‌ساتگه‌لیَك ده‌گیَرِیَته‌وه كه هیچ له‌وه ناچیَت، كۆتایی‌یان هه‌بیَت.
رِۆمانی به‌فر ئه‌گه‌ر چی به شیَوازیَكی رِاسته‌خۆ بانگاشه بۆ ئیدۆلۆگییه‌ك ناكات، وه‌لیَ ده‌ستبه‌رداری خه‌ون و خه‌یاڵی ئینسانه په‌راویَزخراوه‌كانیش نه‌بووه، رِۆمانی به‌فر ئه‌گه‌ر چی ته‌مومژاوی نییه، وه‌لیَ رِووكه‌ش و ساكاریش نییه. ئۆرهان پاموك بیَ ئه‌وه‌ی هانای بۆ رِه‌مز یان ئه‌فسانه و داستان بردبیَت، ئه‌گه‌رچی باسی ململانیَی سیاسی و فیكریشی كردووه، وه‌لیَ خۆی له رِاسته‌خۆیی پاراستووه.
رِۆمان هه‌رچه‌نده ده‌قیَكی رِیالیست نییه، به‌رهه‌میَكه له‌سه‌ر بناغه‌ی خه‌یاڵ رِۆ نراوه، وه‌لیَ ویَرِای زاڵبوونی خه‌یاڵ به سه‌ریشیدا، هه‌ر جیَی متمانه‌ی خویَنه‌ره و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌و هه‌سته‌مان له كن دروست بكات كه ئه‌وی ده‌یخویَنینه‌وه، به‌سه‌رهاتیَكی رِاسته‌قینه‌یه، نه‌ك زاده‌ی خه‌یاڵ. رِۆماننوس رِووداومان بۆ ناگیَرِیَته‌وه، رِووداومان بۆ ده‌خوڵقیَنیَت، ئاخر ئه‌ركی ئه‌وه نییه، رِووداوی رِاسته‌قینه‌مان بۆ بگیَرِیَته‌وه، ئه‌ركی ئه‌وه‌یه ئه‌و وه‌همه‌مان له كن دروست بكات، ئه‌وی بۆمان ده‌گیَرِیَته‌وه، رِووداویَكی رِاسته‌قینه‌یه.
نووسه‌ری گه‌وره، نه ده‌بیَته كۆیله‌ی ئه‌م یان ئه‌و فیكر، نه مل بۆ ئه‌م یان ئه‌و پیرۆز كه‌چ ده‌كات و نه به هیچ پاساویَكه‌وه، ئازادیی ئه‌وانی دیكه پیَشیَل یان زه‌وت ده‌كات. نووسه‌ری گه‌وره دیلی زیندانی بیریَك نییه، به‌رده‌وام بیر ده‌كاته‌وه، هه‌میشه له گوماندا ده‌ژی و هه‌رگیز به یه‌قین ناگات. ئه‌نیشتاین پیَی وابوو، خه‌یاڵ له مه‌عریفه گرنگتره. رِۆمان زاده‌ی تیَگه‌ییشتنیَكی مۆدیَرن یان رِه‌سه‌ن نییه، زاده‌ی خه‌یاڵیَكی به‌رین و به‌پیته. هه‌قه نووسه‌ر هه‌میشه ئه‌و رِاستییه‌ی له خه‌یاڵ بیَت.
جیَی خۆیه‌تی ئه‌و نووسه‌ر و شاعیره ناسراوانه‌ی كورد كه سالاَنیَكی دوورودریَژه سه‌رقاڵی وه‌رگیَرِانن و خۆیان به پسپۆرِی ئه‌و بواره و شاسواری ئه‌و مه‌یدانه ده‌زانن، به وردی وه‌رگیَرِانه كوردییه‌كه‌ی رِۆمانی به‌فری ئۆرهان پاموك بخویَننه‌وه، تا له (به‌كر شوانی)ی گومناو و ئاره‌زوومه‌ند و تازه‌سواره‌وه، فیَری زمانی پاراوی كوردی و هونه‌ری وه‌رگیَرِان ببن.
هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی وه‌رگیَرِ ئه‌وه‌یه، لیَ گه‌رِاوه به‌ختیار عه‌لی پیَشه‌كییه‌كی دریَژی بیَزاركه‌ر بۆ رِۆمانه‌كه بنووسیَت، پیَشه‌كییه‌كی لاواز كه زیَتر خۆی له كورتكردنه‌وه‌ی رِۆمانه‌كانی (پاموك)دا نمایش ده‌كات. ته‌نیا ئه‌وانه‌ی هیچیان پیَ نییه بۆ گوتن بشیَت، به‌و میتۆده رِۆمان و چیرۆك به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌مه ویَرِای ئه‌وه‌ی پیَشه‌كییه دریَژه وه‌رِسكه‌ره‌كه، هیَنده به خیَرایی به لای رِۆمانی به‌فردا رِه‌ت بووه، خویَنه‌ر وای بۆ ده‌چیَت، پیَشه‌كینووس كرۆكی باسه‌كه‌ی فه‌رامۆش كردووه.
كه به كورته‌باسیَك رِۆمانی (ئاوریشم)ی (ئه‌لیساندرۆ باریكۆ)م به‌سه‌ر كردبووه‌وه، ئه‌وه‌ی كه (ئازاد به‌رزنجی) له فارسییه‌وه كردبووی به كوردی و (به‌ختیار عه‌لی) پیَشه‌كی بۆ نووسیبوو، به پیَشه‌كینووسم گوتبوو: (ده‌بوو سه‌رچاوه‌كانی زانیارییه‌كانت ده‌ستنیشان كردبا، ئاخر هیچ نووسه‌ریَك مافی ئه‌وه‌ی نییه، به‌رهه‌می ماندووبوونی نوووسه‌رانی دیكه زه‌وت بكات و وه‌ك به‌ری رِه‌نجی خۆی بلاَوی بكاته‌وه) لایه‌نی گه‌شی ئه‌و پیَشه‌كییه‌ی به‌ختیار عه‌لی بۆ (به‌فر)ی نووسیوه، بریتییه له‌وه‌ی، ئه‌و تیَبینییه‌ی ساڵ و نیویَك له‌مه‌وبه‌ری بنووسی ئه‌م دیَرِانه‌ی رِه‌چاو كردووه و ئه‌مجاره ئاماژه‌ی بۆ ژیَده‌ره‌كانی زانیارییه‌كانی كردووه.
چونكه رِۆمان به‌رهه‌می زمانه، بۆیه ئه‌و رِۆماننووسه‌ی زمانی پته‌و نه‌بیَت، نه بونیادی رِۆمانی پته‌و ده‌بیَت و نه ده‌سه‌لاَتی به‌سه‌ر هونه‌ری گیَرِانه‌وه‌دا ده‌شكیَت. ئه‌م تیَزه بۆ شیعریش هه‌ر دروسته، ئه‌وی زمانیَكی جوان نه‌زانیَت، به چی ویَنه‌ی شیعریی بنووسیَت؟ ئه‌گه‌ر قه‌راره، هاوكاریی نیَوان پیَشه‌كینووس و وه‌رگیَرِ دریَژه‌ی هه‌بیَت، هه‌قه ئیدی به‌ختیار عه‌لی پیَش ئه‌وه‌ی نووسینی بۆ چاپ بنیَریَت، پیشانی به‌كر شوانیی بدات، تا هه‌ڵه زۆروزه‌به‌نده زمانه‌وانییه‌كانی بۆ رِاست بكاته‌وه.
به هۆی (به‌فر)ه‌وه، ده‌گه‌ینه ئه‌و سه‌رئه‌نجامه‌ی، رِۆمان گرنگترین ژیَده‌ره بۆ ئاشنابوون له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا. بۆ ناسینی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا، رِۆمانی به‌فر، كۆمه‌كیَكمان ده‌كات، به ده‌یان كتیَبی بواری كۆمه‌ڵناسی كه ده‌رباره‌ی ژیانی كۆمه‌لاَیه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا نووسرابن، نیو هیَنده به هانامانه‌وه نایه‌ن. رِۆمانی به‌فر، به شیَوه‌یه‌كی هیَنده هونه‌ری و بویَرانه به گژ تیرۆر، عه‌سكه‌رتاریا، چه‌وساندنه‌وه‌ی فیكری، سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌چیَته‌وه، به هه‌ق شیاوی ئه‌وه‌یه، وه‌ك لوتكه‌ی ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاربوونه‌وه، ناوزه‌د بكریَت.
سه‌ردار به‌گ كه سه‌رنووسه‌ری رِۆژنامه‌كه‌ی شاری قارسه، (به‌رده‌وام له پاریَزگاوه، فه‌رمانی بۆ دیَت، قولی كیَ ببات به ده‌مدا.)(4) پاموك هه‌ر ده‌ڵیَیت باسی ئیَستای كوردستانی باشوور ده‌كات، ئاخر لای ئیَمه‌یش، ده‌سترِۆییشتووی بواری رِاگه‌یاندن هه‌یه، پیَی وایه، رِۆژنامه‌وانانی به‌رده‌ستی میلیشیان، بۆیه هه‌ر جاره و شه‌رِی لایه‌نیَك، بلاَوكراوه‌یه‌ك یان كه‌سیَكیان پیَ ده‌كات.
*
(1) سۆزان سونتاگ.
(2) ئۆرهان پاموك، به‌فر، وه‌رگیَرِانی: به‌كر شوانی ل149ده‌زگای ئاراس 2007 هه‌ولیَر.
(3) گۆران.
(4) ئۆرهان پاموك، به‌فر، وه‌رگیَرِانی: به‌كر شوانی، ل422 ده‌زگای ئاراس 2007 هه‌ولیَر.