ره‌خنه گرتن له مه‌یلی ئهزموونكارانه
October 5, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :ل. ئه‌لتۆسیر
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
چه‌مكی ئهزموونكارانه له‌باره‌ی زانینه‌وه، پرۆسه‌یه‌كمان ده‌خاته به‌رده‌م، كه له نێوان بابه‌تی به‌خشراو (دراو) و خودێكی به‌خشراو (دروا)دایه. ئه‌و بایه‌خێكی ئه‌وتۆش به ره‌وشی ئه‌و خوده (جا چ سایكۆلۆژی یان دیرۆكی ببێت یان نه‌بێت) نادات، هه‌روه‌ها بایه‌خ به‌و بابه‌ته‌ش (جا چ جودا بێت یان گرێ‌دراو، جوولاو بێت یان وه‌ستاو) نادات. (.....). ئه‌و خود و ئه‌و بابه‌ته به‌خشراو (دراو)انه، كه دوا جار به‌ر له پرۆسه‌ی زانینیشن، هه‌ر له پێش را بوارێكی بنهرِهتی تیۆری دیاری ده‌كه‌ن، به‌ڵام ناكرێ له‌م حاڵه‌ته‌دا به ئهزموونكارانه دابندرێت. ئه‌وه‌ی وا ده‌كات كه وا بێت، ئه‌وا ته‌بیعه‌تی رێرِهوی خودی پرۆسه‌ی زانینه. به زمانێكی دی، ئه‌وه‌ی مۆركی ئهزموونكارانهی پێ ده‌دات، ئه‌وا جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه كه زانین دیاری ده‌كات، به‌و جۆره‌ی كه وایه، به نیشانه‌ی بابه‌تی واقیعی، كه ئه‌ویش زانین ده‌بێت له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه، دیاریی ده‌كات.سه‌راپای پرۆسه‌ی زانین، له روانگه‌ی مه‌یلی ئهزموونكارانهوه، بریتییه له‌و پرۆسه‌ی رووتكاری (ئهبستراكتكاری)یه‌ی خودی دانا (عاریف) ده‌یكات. ئه‌و كاتیش زانین بریتی ده‌بێت له رووت كردنه‌وه‌ی ماهیه‌ت له بابه‌تی واقیعی، ئه‌و ماهیه‌ته‌ی كه "خود" پێی ئاشنایه (...).
ده‌با ئێستا له روانگه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌وه بایه‌خ به زانینی ئهزموونكارانه بده‌ین. ده‌توانین ئه‌و بنیاده وا دیاری بكه‌ین، كه ئه‌و چه‌مكێكه وای داده‌نێت، زانینی بابه‌تی واقیعی، به‌شێكی واقیعییه له‌و بابه‌ته‌ی ده‌بێ بیزانین. ته‌نانه‌ت گوترا كه ئه‌و به‌شه جه‌وهه‌ری و ناخكار و شاراوه‌یه، دوا جار له یه‌كه‌مین نیگادا نابیندرێت، ئیدی ئه‌و به‌شه وا ده‌مێنێته‌وه، كه ته‌نانه‌ت له خهسڵهتیشیدا، به‌شێكی واقیعییه به لێكدانی له‌گه‌ڵ به‌شی ناجهوههریی ئه‌ودا، هه‌قیقه‌تی بابه‌تی واقیعی پێك ده‌هێنێت. (...) ئا لێره‌دا زانین ئاماده‌بوونی واقیعیانه‌ی ده‌بێت له بابه‌تی واقیعیدا، كه ده‌خوازرێت له شێوه‌ی رێكخستنی ئه‌و دوو به‌شه واقیعییه‌دا بزاندرێت. كاتێك ده‌ڵێم زانین به ته‌واوی به شێوه‌یه‌كی واقیعی ئاماده‌یه، مه‌به‌ستم ته‌نیا بابه‌تێك نییه، واته ئه‌و به‌شه واقیعییه‌ی پێی ده‌گوترێت ماهیه‌ت، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها مه‌به‌ستم پرۆسه‌ی زانینیشه كه بریتییه له جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌شی بابه‌تی واقیعی و ره‌وشی هه‌ردووكیانه، كه بوونێكی واقیعیی هه‌یه. ئه‌و دوو به‌شه‌ش یه‌كێكیان (كه به‌شی ناجهوههرییه) بریتییه له به‌شی ده‌ره‌كی كه ئه‌و دیكه‌یان داده‌پۆشێت (ئه‌وی دیكه‌ش ماهیه‌ت یان به‌شی ناخه) و ده‌ی شارێته‌وه.
ئه‌م به‌كار بردنه‌ی زانین، به‌وه‌ی به‌شێكی واقیعییه له بابه‌تێكی واقیعی، له بنیادی واقیعیانه‌ی بابه‌تی واقیعیدا، ئه‌وه كه گرفتی تایبه‌ت پێك ده‌هێنێت، خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی چه‌مكی ئهزموونكارانهی زانینه. (...).
"ماركس"، ئه‌و تێكه‌ڵ كردنه‌ی "هیگل" كه بابه‌تی واقیعی و بابه‌تی زانین ده‌كاته یه‌ك، ره‌ت ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها به یه‌ك كردنی پرۆسه‌ی ره‌وتی واقیع و پرۆسه‌ی ره‌وتی زانینش ره‌ت ده‌كاته‌وه، ئه‌و (ماركس) ده‌ڵێ "هیگل بووه قوربانیی وههم، واقیعی به به‌رهه‌می هزر دانا، ئه‌و خودی (خودی: داتاشراوی خود-ت.ك) ده‌گرێته خۆ و تێیدا رۆ ده‌چێت، ئیدی له خۆرِا ده‌جوولێت. ئه‌وه له كاتێكدا ئه‌و میتۆده‌ی رێ به باڵاكردی (ئیرتیقا) له رووت (ئه‌بستراكت)ـه‌وه بۆ عه‌ینی ده‌دات، هه‌ر ته‌نیا چۆنایه‌تیی هزر، واقیعی عه‌ینی ده‌كاته ماڵ (موڵك)ی خۆی و دووباره له شێوه‌ی واقیعێكی هزری ده‌ی هێنێته‌وه به‌رهه‌م".
ئه‌م تێكه‌ڵ كردنه‌ی "هیگل" شێوه‌ی وێنا كردنێكی ئایدیالیستانه‌ی ده‌داتێ له‌باره‌ی دیرۆكهوه، ته‌نیا جۆرێكه له جۆره‌كانی تێكه‌ڵ كردن كه سیمای تایبه‌تی گرفتی ئهزموونكارانهیه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م چه‌مكه، "ماركس" بۆ له یه‌ك جیا كردنه‌وه‌ی بابه‌تی واقیعی (واقیعی عه‌ینی، هه‌مه‌كی واقیعی كه "چ به‌ر له زانین یان دوای ئه‌و، له ده‌ره‌وه‌ی هزردا سه‌ربه‌خۆ ده‌مێنێته‌وه") و به‌رهه‌م هێنانی زانین و، بابه‌تی زانین، (كه تێكرِا به‌رهه‌می هزرن و هزر ئه‌وانی هێناوه‌ته به‌رهه‌م). مه‌به‌ستم بابه‌تێكه بۆ هزر كه به ره‌هایی له بابه‌تی واقیعی "واقیعی عه‌ینی" جودایه، كه واقیعی- هزری زانینمان له‌باره‌یه‌وه ده‌داتێ.
"ماركس" له‌وه‌ش دوورتر دهرِوات، روونی ده‌كاته‌وه، كه ئه‌م جیاكارییه ته‌نیا تایبه‌ت نییه به‌م دوو بابه‌ته، به‌ڵكوو خودی پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانیشیان ده‌گرێته‌وه. له كاتێكدا پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانی بابه‌تی واقیعی یان تێكرِای واقیعیی (بۆ نموونه هی نه‌ته‌وه‌یه‌كی مێژوویی) به ته‌واوی له واقیعییه‌وه دێته دی، ئه‌وا پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانی بابه‌تی زانین به ته‌واوی به گوێره‌ی سیسته‌مێكی دی روو ده‌دات و دێته دی، به‌وه‌ی گوته‌ی هزری كه "دووباره" گوته‌ی "واقیعی دێنێته به‌رهه‌م" هه‌مان شوێن داگیر ناكات كه له سیسته‌می په‌یدا بوونی كرده‌ییانه‌ی مێژوویی‌دا داگیری ده‌كات. به‌ڵكوو ئه‌و شوێنانی جیاواز داگیر ده‌كات، شوێنانێك كه به گوێره‌ی ئه‌و رۆڵه‌ی له پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانی بابه‌تی زانیندا دهیگێرِێت، دیاری ده‌كرێن.
ده‌با كه‌مێك سه‌رنج له‌م پرسانه بده‌ین:
كاتێك "ماركس" ده‌ڵێ، پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانی زانین، دوا جار پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانی بابه‌ته‌كه‌ی، له بابه‌تی واقیعی كه ده‌خوازێت له "شێوه‌ی" زانینێكدا بیكاته موڵكی خۆی، جیاوازه، كاتێك پێمان ده‌ڵێت ئه‌م پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانه سه‌راپا له زانیندا دێته دی، له "مێشك" یان له هزردا، ئه‌وا هه‌رگیز "ئه‌و" نابێته قوربانیی تیۆرییه‌كی ئایدیالیستانه له‌باره‌ی هۆش یان هزره‌وه. چونكه ئه‌و "هزره‌ی" لێره‌دا مه‌به‌سته به‌هره‌یه‌كی خودی "ترنسند نتالێ" یان هۆشی ره‌ها نییه، خودێكه جیهانی واقیعی، وه‌ك ئه‌وه‌ی بابه‌تی زانین بێت، رووبهرِووی ده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و هزره‌ش بریتی نییه له به‌هره‌یه‌كی خودێكی سایكۆلۆژی، وێرِای ئه‌وه‌ی دروستكه‌رانی (به‌هره‌كه) مرۆڤن.
ئه‌و هزره‌ی "ماركس" مه‌به‌ستیه‌تی ریزبه‌ندی ده‌زگای هزره كه به درێژایی مێژوو دروست بووه، بنه‌ما و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له واقیعی سروشتی و جڤاكییه‌وه وه‌رده‌گرێت. ئه‌و هزره به سیسته‌می مه‌رجی واقیعی دیاری ده‌كرێت، خۆ ئه‌گه‌ر بشێ بڵێین، (ئه‌و سیسته‌مه‌ی) ده‌یكاته ته‌رزێكی دیاری كرا‌و بۆ به‌رهه‌م هێنانی زانینهیل. ئه‌م هزره، به‌و جۆره‌ی كه وایه، به گوێره‌ی بنیادی پێكهاتنی جۆری بابه‌ت (كه‌ره‌سته‌ی خاو) گه‌ڵاڵه ده‌بێت، هاوشانی هۆیه‌كانی تیۆریی به‌رهه‌م هێنان كه له‌به‌ر ده‌ستیدان (تیۆرییه‌كه‌ی و میتۆده‌كه‌ی و ته‌كنیكی ئهزموونكارانهی یان شتی دیكه‌یه‌وه) كار ده‌كات. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی مێژوویی (تیۆری و ئایدیۆلۆژی و جڤاكی) كه پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنان له ئامێزی ئه‌ودا به‌دی دێت. ئه‌م سیسته‌مه كه مه‌رجه‌كانی كاری تیۆری دیاری ده‌كات، هه‌ر خۆی پێگه و رۆڵی ئه‌م خودی هزركهر یان ئه‌وی دی له به‌رهه‌م هێنانی زانینهیلدا، دیاری ده‌كات (....).
هه‌رچه‌ندی له رابردووی لقێك له لقه‌كانی زانیندا پاشه‌كشه‌ش بكه‌ین، ئه‌وا هه‌رگیز خۆمان له به‌رده‌م حه‌ده‌سی هه‌سته‌كی یان "ساغه" نواندندا نابینینه‌وه، به‌ڵكوو له به‌رده‌م بابه‌تێكی به‌رایی فره ئاڵۆزدا ده‌بین، له به‌رده‌م بنیادێك له حه‌ده‌س و "نواندن"دا، كه په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌ت له نێوان "ره‌گه‌زی" هه‌سته‌كی و ره‌گه‌زی ته‌كنیكی و هی دیكه‌ی ئایدیۆلۆژیدا گرێ ده‌دات.
به‌م جۆره هه‌رگیز زانین، وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌یلی ئهزموونكارانه ده‌یه‌وێ، له به‌رده‌م ساغه بابه‌تدا نابێت، كه له‌گه‌ڵ بابه‌تی واقیعیدا جووت ده‌بێت، ئه‌و بابه‌ته‌ی زانین ئامانجیه‌تی، (ئه‌وه‌یه) زانینه‌كه‌ی بهێنێته به‌رهه‌م. جا ئه‌وسا كاتێك زانین كار له "بابه‌ته‌كه‌ی"دا ده‌كات، ئه‌و له بابه‌تێكی واقیعیدا كار ناكات، به‌ڵكوو له بابه‌تی خاوی ئه‌ودا، ئه‌و بابه‌ته‌ی كه بابه‌تی (زانینانه‌ی) پێك ده‌هێنێت، له هه‌موو شێوه‌كانی زانین ساده‌تره، وه‌ك جیا كردنه‌وه‌ی له بابه‌تی واقیعی، مادام كه‌ره‌سته‌ی خاو هه‌میشه كه‌ره‌سته‌ی به‌راییه، به‌و واتایه‌ی "ماركس" له كتێبی "سه‌رمایه"دا به‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی ده‌دات، مه‌به‌ستم كه‌ره‌سته (مادده)یه‌كه گۆرِدراوه و دروست كراوه، ئه‌ویش به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی بنیادی ئاڵۆزی (هه‌سته‌كیی ته‌كنیكیی ئایدیۆلۆژی) ده‌ی سهپێنێت، كه وه‌ك بابه‌تی زانین پێكی ده‌هێنێت، واته وه‌ك بابه‌تێك له كاتی پرۆسه‌ی گه‌شه كردنیدا ده‌یخاته به‌ر حوكمی پرۆسه‌ی گۆرِینهوه و كێشه‌یه‌كیش دهگۆرِێت، تا بێ پسانه‌وه زانین بهێنێته به‌رهه‌م، به‌ڵام هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری نابێت، كه برِژێته سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ی، واته بابه‌تی زانینه‌كه‌ی.